راسیزم له وشه‌ی (Race) به مانای ره‌گه‌ز وه‌رگیراوه، ره‌گه‌زپه‌رستی راسیزم تێورێكی دژه‌زانستی و كۆنه‌په‌رستانه‌یه كه بڕوای به نایه‌كسانی نێوان ره‌گه‌زه‌كان له بواری توانایی و هێزی بیركردنه‌وه‌دا هه‌یه، (1) راسیزم ره‌گه‌زی گروپێك دیاریده‌كات كه ده‌یه‌وێت به‌هۆی ره‌گه‌زه‌كه‌یه‌وه خۆی له گروپه‌كانیتر جیابكاته‌وه، راسیزم ئایدۆلۆجییه‌كی سیاسی توندره‌وانه‌یه كه له‌ریگه‌یه‌وه مرۆڤه‌كانیتر به پیسترین و دڕندانه‌ترین شێوه ده‌چه‌وسێنێته‌وه، راسیزم ئایدۆلۆجیایه‌كی ده‌به‌نگانه و دڕندانه‌یه كه مرۆڤه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی بایلۆجی به‌سه‌ر چه‌ند گروپێك دابه‌شده‌كات، وه‌كو گروپی (ره‌شپێسته‌كان، سپیپێسته‌كان، قاوه‌ییپێسته‌كان) مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی له‌م دابه‌شكردنه‌ش، قازانجكردنی گروپێك یان ده‌وڵه‌تێكی به‌هێزه كه ده‌یه‌وێت گروپێك یان ده‌وڵه‌تێكی بێهێز بچه‌وسێنێته‌وه، (2) چه‌مكی راسیزم له‌ماوه‌ی نێوان دوو جه‌نگی جیهانی و له ساڵی 1933 هاته‌ناو فه‌رهه‌نگی فه‌ره‌نسییه‌وه، به‌ڵام ده‌توانین له‌ناو ته‌واوی شارستانییه‌ته دێرینه‌كاندا ئه‌م دیارده‌یه ببینینه‌وه، (3) بۆ نمونه كۆمه‌ڵگه‌ی رۆمانی به‌هه‌موو ئه‌و كه‌س و میلله‌تانه‌یتریان ده‌وت (به‌ربه‌ری) كه له‌وان نه‌بووایه به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی دژایه‌تی رۆمیان بكردایه، (هیرۆدۆتس)یش شه‌ڕی ئه‌وروپی و ئاسیایی به شه‌ڕی به‌ربه‌ر و مه‌ده‌نییه‌ت له‌قه‌ڵه‌مداوه كه‌واته روونه ئیستا كه وه‌ك زاراوه‌ی سیاسی ئه‌و ناوه به‌هه‌ر كه‌س و كۆمه‌ڵیك بوترێ، به مانای ئه‌وه‌نده كۆنه‌په‌رست و دژ به مه‌ده‌نییه‌ت و به‌دره‌وشت و تێنه‌گه‌یشتووه، (4) سه‌ره‌تای پیاده‌كردنی ئه‌م تیۆریایه‌ش بۆ سه‌رده‌می دۆزینه‌وه‌ی جووگرافییه‌كان ده‌گه‌ریته‌وه، ئیتر لێره‌وه له‌سه‌ر زه‌مینی ئه‌و كیشوه‌ره تازانه به پاكتاوكردن و قركردنی نه‌ته‌وه‌كانی ده‌ستیپێكرد كه دانیشتوانی ره‌سه‌نی ناوچه‌كه بوون كه نه‌ته‌وه‌كانیتری وه‌ك مرۆڤ سه‌یرنه‌ده‌كرد، به‌ڵكو وه‌ك ئاژه‌ڵێك لێیده‌ڕوانین، (5) به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌ته دژه‌مرۆڤه‌كانی ئه‌مریكا له دژی سوورپێست و ره‌شپێسته‌كانی ئه‌م وڵاته كه سه‌ره‌ڕای جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤ هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه كه ئه‌مه نموونه‌یه‌كی زه‌قی راسیزمه (6)
به‌ڵام دواتر تیۆری ره‌گه‌زپه‌رستی به‌رگی زانستی وه‌رگرت كه زانایانی سه‌ده‌ی 19 له بواره‌كانی ره‌گه‌زناسی و عه‌قڵی و مرۆڤایه‌تی پێیهه‌ستان، به‌وپێیه‌ی سه‌ده‌ی 19 سه‌ده‌ی ناسێۆنالیزم بوو له ئه‌وروپا ئیتر تیۆری ره‌گه‌زپه‌رستی ده‌ستبه‌رداری ئه‌وه‌بوو كه ته‌نها له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌نگی پێست جیاوازیبكات، به‌ڵكو جیاوازیكردن خه‌سڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی وه‌رگرت، هه‌ر له به‌ڵگه‌ی تیۆكاری زانای سكوتله‌ندی (رۆبه‌رت كنوكس)ه‌وه كه له‌سه‌ر بیرۆكه‌ی (گۆشه‌ی سه‌ر) دامه‌زراوه كه جیاوازی ده‌كات له‌نێوان كه‌لله‌سه‌ری پیاوی سپی كه خڕه و ئاستی به‌رزتره، له‌گه‌ڵ كه‌لله‌سه‌ری پیاوی ره‌ش كه درێژه و له دۆخی ئاژه‌ڵییه‌وه نزیكتره تا ده‌گات به‌و به‌ڵگه زمانه‌وانییانه‌ی (ئه‌رنست رینان)* كه پێیوایه عه‌قڵی ئاری نه‌ژاده‌كان** له‌سه‌روو عه‌قڵی ئه‌وانه‌وه‌یه كه سامی نه‌ژادن،(7) تا نه‌ته‌وه‌ی سۆسیالیستی نه‌ژادپه‌رست له ئه‌ڵمانیا سه‌ریهه‌ڵدا،(8) ئه‌دۆڵف هیتله‌ر*** ریبه‌ری ئه‌ڵمانیش له‌ژێر ده‌مامكی ره‌گه‌زی باشتر چه‌ند ملێۆن جووله‌كه‌ی كوشت،(9) به بۆچوونی هیتله‌ر گشت پێشكه‌وتن و داهێنانه‌كانی مرۆڤ له سه‌ره‌تاوه تا كۆتایی به‌درێژایی مێژوو، ته‌نیا له‌لایه‌ن نه‌ژادی ئاریاییه‌وه دروستبووه و دروستده‌بێت (10)
ئاریایه‌تی وه‌ك ره‌گه‌زێك به پاك و باڵاترین نه‌ژاد ئه‌ژماركرا، هه‌ر خودی مانای ئاری به واتای ماقوڵی دێت، وه‌ك هیگڵ ده‌ڵێت: (مێژوو وا هاتووه له‌هه‌ر سه‌رده‌مێك له‌سه‌ر ده‌ستی نه‌ته‌وه‌یه‌ك پێشره‌وایه‌تی جیهان كراوه، ئه‌مجاره ئه‌و رابوون و ته‌كنیك و زانست و دادگه‌رییه په‌یامه له‌لایه‌ن ئوممه‌تی ئه‌ڵمانیا و نه‌ژادی ئاری بۆ جیهان،(11) بینیتۆ مۆسۆلینی فاشیزمی ئیتاڵیاش ده‌ڵێت ئیتالیا پێویستی به دیكتاتۆرییه‌تێك هه‌یه، دیكتاتۆرییه‌تێك بۆ نه‌ته‌وه،(12) هه‌روه‌ها ده‌ڵێت (ئه‌فسانه‌ی ئێمه نه‌ته‌وه‌یه)، میراتگری ئیمپراتۆرییه‌تی رۆم،(13) له رۆژهه‌ڵاتیش، میشێل عه‌فله‌ق* كه دامه‌زرێنه‌ری حیزبی به‌عسی عه‌ره‌بییه، ناسنامه‌ی عه‌ره‌ب له‌سه‌ر بنه‌مای (جیاوازبوون) داده‌ریژێت كه ده‌ڵێ: (ئێمه جیاوازین، ئێمه له رۆژئاوا جیاوازین، ئێمه له هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كی دنیا ناچین، ئه‌و جیاوازییه‌ش تایبه‌تمه‌ندێتیمان ده‌داتێ كه تایبه‌تمه‌ندێتی عه‌ره‌بییه یاخود ئیسلامییه،(14) به‌ڵام به‌ڕای (ئه‌نتۆنی سیمس) ناسیۆنالیستان ناتوانن به‌ویست و ئاره‌زووی خۆیان ئه‌فسانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی داڕیژن یان مانا به‌هه‌ر دابونه‌ریتێك بده‌ن،(15) چونكه، به‌هۆی هه‌موو ئه‌و تاوانه دزێوانه‌ی هه‌ر یه‌ك له نازیزم و فاشیزم و به‌عسیزم كه له‌ژێر په‌رده‌ی ناسیۆنالزمی و نه‌ژادپه‌رستیدا ئه‌نجامدرا ده‌ستبه‌جێ ئه‌و تیۆرانه پێودانگی زانستییانه‌ی خۆیان له‌ده‌ستدا،(16) كه‌سێك كه بڕوای به جیاوازی ریشه‌یی له‌نێوان مرۆڤه‌كاندا هه‌بێت چۆن ده‌توانێت به ژ راسیزمدا بچێته‌وه له اتێكدا ته‌نها كاری راسیزم ئه‌وه‌یه كه ئه‌م قه‌ناعه‌ته له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی واقیع، (داكه‌وت) پراكتیزه كات (17)
چه‌مك و مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی فاشیزم (fascism)
وشه‌ی (fascism) له (fasces) (ده‌سكه‌داری) لاتینییه‌وه هاتووه و له رۆمای دێریندا هێمای پاراستنی ده‌ستوور و هێمنی بووه،(18) فاشیزم بیست ساڵ مێژووی ئه‌وروپایه له‌گه‌ڵ داته‌پینی دیموكراسی لیبڕاڵ و به‌رپابوونی شۆڕشی به‌ڵشه‌فیدا، سێیه‌م مه‌زنه رووداوی نێوان هه‌ردوو جه‌نگی جیهانییه،(19) فاشیزم له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی دیاریكراو بنیاتنه‌نراوه و ریبازێكی نوێی ژیان یا قۆناغێك له قۆناغه‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵكو دیارده‌یه‌كه له دیارده‌كانی یاخیبوونی سه‌رمایه‌داری كۆنه‌په‌رستی،(20) تووندره‌وترین مه‌زهه‌به كه دژی سۆسیالیستی و یه‌كسانی و دیموكراتییه، له‌پێناوی ده‌وڵه‌تدا كارده‌كات له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی نه‌ته‌وه‌په‌رستانه كه له‌ناو گێژاوی گشتی سه‌رمایه‌داریدا هاتووه‌ته‌كایه‌وه،(21) گه‌رای ئه‌م بیرۆكه‌یه له ساڵی 1917دا هاوكات له‌گه‌ڵ ره‌وتی كامڵبوون و سه‌ركه‌وتی كۆمۆنیزم له روسیا، له زه‌ینی (مۆسۆلینی)دا فۆرمه‌له‌بوو، له ساڵی 1922دا گه‌یشت به ئامانج،(22) بینیتۆ مۆسۆلینی وشه‌ی فاشیزمی بۆ كۆمه‌ڵه‌ی په‌رله‌مانی چه‌كدار به‌كارده‌هێنا كه له جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا دروستیكردبوو،(23) كه رایگه‌یاند فاشیزم فه‌لسه‌فه‌یه،(24) به‌ڵام رایه‌ك هه‌یه كه ده‌ڵێت (سه‌رله‌به‌ری فاشیزم باوه‌ریكی دژه‌هۆشگه‌راییه) (anti rationalism)، واته ریبازێكه شكۆمه‌ندی له‌وه‌دا ده‌بینێ بنه‌مای گۆشه‌نیگای خۆی به‌راوێژی هۆشه‌كی و تیۆرێك بنیاتنه‌نێت، به‌ڵكو په‌ناده‌باته‌به‌ر تاوی شاڵاوی هه‌ست و ئه‌فسانه (25) به‌شێوه‌یه‌كی گشتی فاشیزم به‌رهه‌می فشاره ده‌روونی و روحییه‌كانه كه له سه‌رده‌می مۆدێرنیزم بۆ تاك په‌یداده‌بن یان به‌رهه‌می لێكدابڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی و فراوانبوونی كه‌لێنه‌كانی نێوان هه‌ژاران و ده‌وڵه‌مه‌ندانه، لۆجیكی سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تی فاشیزم ئه‌وه‌یه: (مادام بۆ خۆمان نییه، ناهێلین بۆ كه‌سیدیكه بێت) (26)
فاشییه‌ت له هه‌ر شوێن و كاتێكدا بێت هاوڕێی سێ ده‌ركه‌وته‌ی سه‌ره‌كییه كه بریتینله:
1. دیارده‌ی مێگه‌ل دروستكردن
2. دروستكردنی كه‌مایه‌تییه‌كی گوناهبار
3. مۆنۆپۆڵكردنی راگه‌یاندن (27)
ئه‌ڵمانیا و بوون به بنكه‌ی سه‌ره‌كی نازیزم
نازییه‌ت بزووتنه‌وه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی سۆشیالیستی نه‌ژادیه‌رست بوو له ئه‌ڵمانیا سه‌ریهه‌ڵدا، وه‌ك نازی كورتكراوه‌ی دوو بڕگه‌ی یه‌كه‌می پارتی كرێكاری سۆشیالیستی نه‌ته‌وه‌ی ئه‌ڵمانییه"National so Zialis Tishe Deutsche توخم و پێكهێنه‌ره‌كانی نازیش وه‌ك فاشیی بریتیبووه‌له "سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌یی و شانازی به باپیران و پیرۆزی باڵای نیشتمان و به‌سه‌رداوتنی پاڵه‌وانێتی كه‌سی یه‌كه‌م و سه‌ركرده
ئه‌وانه‌ی وایكرد كه له ساڵی 1933 به هه‌ڵبژاردنێكی دییموكراسییانه هیتله‌ر و حیزبی نازی 288 كورسی به‌ده‌ستبهێنێ و به ده‌نگی یه‌كه‌م ده‌رچێت له په‌رله‌مان –راینشتاخ، هیتله‌ر بووه (راوێژكاری سه‌رۆكوه‌زیرانی) ئه‌ڵمانیا، هه‌موو حیزبه‌كانیتری هه‌ڵوه‌شانده‌وه و بووه خاوه‌نی 8 ملیۆن ئه‌ندام، ئه‌و دوانزه ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی له دژی دیموكراسی و ئازادی و نموونه‌ی دڕنده‌یی ده‌سه‌ڵاتی نازی وا پێناسكراوه ریبازێكی تاكیانه‌ی لیبڕاڵی ده‌وڵه‌تییه، ده‌وڵه‌تیش له‌ژێر فه‌رمانی حیزبێك بووه، حیزبیش له‌ژێر فه‌رمانی تاكه كه‌سێك بووه به‌ناوی (ڤۆهه‌ر/ رابه‌ر) یاخود ئه‌دۆڵف هیتله‌ر، به‌وشێوه‌یه ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه ته‌شه‌نه‌یكرد و ئه‌ڵمانیاش له زانست و ته‌كنیك و بواره‌كانیتر زیاتر په‌ره‌یسه‌ند كه جه‌نگی جیهانی دووه‌می له‌سه‌ر دروستبوو، دروشمه كۆنه‌كه‌ی ئیمپراتۆرییه‌كان (به‌تایبه‌تی ته‌یمور له‌نگ) كه شه‌ڕیان به بیانووی ئه‌وه‌ی "یه‌ك خوا هه‌یه له ئاسمان ده‌بێت یه‌ك حكومه‌تیش هه‌بێت له‌سه‌ر زه‌وی" هه‌ڵده‌گیرساند (28)
كورته‌یه‌ك له مێژووی سه‌ر هه‌ڵدانی به‌عسیزم
حیزبی به‌عس وه‌ك حیزبێكی پانعه‌ربیزمی ناسیۆنالیستی توندڕه‌و، ئه‌گه‌رچی تاراده‌یه‌ك مێژووی دروستبوونی به رۆژ و به مانگ رووننییه، به‌ڵام مێژوونووسان و توێژه‌رانی بواری سیاسی له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن كه بۆ ساڵانی چله‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو ده‌گه‌ریته‌وه،(29) وشه‌ی حیزبی به‌عس بۆ یه‌كه‌مجار له نامه‌یه‌كی ناڕه‌زاییدا هاتووه كه (سه‌ڵاحه‌ددین به‌یتار)* له به‌رواری 15ی نیسانی 1945دا ئاراسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی كردووه،(30) له ناوه‌ڕاستی چله‌كانی ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا، له سوریا و له بارودۆخێكی (ئابووری، سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگ)ی دواكه‌وتوودا جووڵانه‌وه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌په‌رست به‌ناوی (حركه البعپ العربیه) واته: جووڵانه‌وه‌ی ژیانه‌وه‌ی عه‌ره‌ب، به قۆستنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه سیاسی و ئایدۆلۆجییه‌ی ئه‌وسا سه‌ریهه‌ڵدا و له ده‌روازه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌په‌رستانه‌ی قاڵبوو له‌ناو بۆته‌ی نازیزمدا هاته‌كۆڕی ژیانی سیاسی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌به‌وه،(31) به‌عس ئه‌و هزر و ئایدیۆلۆجییه نه‌ته‌وه‌یی و ره‌گه‌زپه‌رستییه‌یه كه ده‌یه‌وێت ده‌وڵه‌تێك به زه‌بری هێز و سته‌م و بیرۆكه‌ی ناسیۆنالیزمیانه‌ی شۆفێنیزمیانه له‌ڕیگه‌ی سڕینه‌وه‌ی پێناسی نه‌وه‌كانیتر به‌تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ی كورد دروستبكات، له‌ژێر دروشمی (له كه‌نداوه‌وه بۆ ئۆقیانوس) هه‌موو خاكی نه‌ته‌وه‌كانیتر بخاته ژێرده‌ستی خۆیه‌وه،(32) حیزبی به‌عسی عه‌ره‌بی، یه‌كه‌مین حیزبی فاشیستی عه‌ره‌بییه، ئه‌م حیزبه له‌لایه‌ن میشێل عه‌فله‌ق و سه‌ڵاح به‌یتار* له 7/4/1947 له دیمه‌شق/ سوریا دروستبوو، به‌ناو ئامانجی سه‌ره‌كییان (یه‌كیه‌تی، ئازادی، سۆسیالیزم)، وه‌لێ له‌ڕاستیدا ئامانجی سه‌ره‌كییان، یه‌كیه‌تی وڵاتانی عه‌ره‌بی و دامه‌زراندنی ده‌وڵتێكی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو، دیاره وه‌ك خۆیان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن (33)
راسیستان له هه‌ر شوێنێك بن له یه‌ك ئه‌چن (هۆلۆكۆست و ئه‌نفال وه‌ك نموونه)
خه‌سڵه‌تی سه‌ره‌كی سه‌ده‌ی بیسته‌م، نه هێزی چینایه‌تی و ململانێی چینایه‌تی بوو نه ململانێی بۆچوون و ئایدۆلۆژیایه‌كان، به‌ڵكو ململانێی نه‌ته‌وه‌كان بوو، به‌ڵام پێویسته بزانین كه خودی هیتله‌ریش، زۆرتر ناسیۆنالیزمێكی توندڕه‌وبوو تا نه‌ژادپه‌رستیك، هه‌رچه‌نده به‌رده‌وام قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌ژاد ده‌كرد، هه‌روه‌ك خۆی له كتێبی ((خه‌باتی من))دا ده‌ڵێت: (من ناسیۆنالیستێكم نه‌ك نیشتمانپه‌روه‌ر)،(34) هه‌روه‌ها مۆسۆلینیش وه‌ك له به‌شی یه‌كه‌مدا باسمانكرد جه‌ختده‌كاته‌وه له‌سه‌ر نه‌ته‌وه كه ده‌ڵێت: (ئیتاڵیا پێویستی به دیكتاتۆرییه‌تێك هه‌یه، دیكتاتۆرییه‌تێك بۆ نه‌ته‌وه، یاخود ده‌ڵێت: (ئه‌فسانه‌ی ئێمه نه‌ته‌وه‌یه)، میراتگری ئیمپراتۆرییه‌تی رۆم،* نابێت جێگیربوونی ناسیۆنالیزمی له‌ئه‌وروپادا به‌لاوه كتوپڕبێت، به‌ڵكو ئه‌مه ده‌رئه‌نجامی كاریگه‌ری ئاڵوگۆڕه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بوو،(35) هه‌روه‌ها به‌عس كه "ئایدۆلۆژیایه‌كی ناسیۆنالیستی تێكڕا و گشتگیره" ئیسلام له‌سه‌ر ئاستی ئه‌نتۆلۆژی و ئایدۆلۆژی ده‌بینی وه‌ك "بزووتنه‌وه‌یه‌كی" سیاسی و ناسیۆنالیست كه ئامانجه‌كه‌ی یه‌كیه‌تی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌به و له‌هه‌مانكاتدا زیاتر وه‌ك دیارده‌یه‌كی داگیركردن و شارستانییه‌ت ته‌ماشایده‌كات نه‌ك وه‌ك وه‌حیه‌كی خودایی و چه‌ند پراكتیكێكی پیرۆز، ئه‌م هه‌ڵوێسته خۆی له‌خۆیدا له‌وه‌وه دێت كه له‌ڕاستیدا به‌عس هه‌وڵده‌دات خواست و ئاواتی پان – عه‌ره‌بی پارته‌كه‌ی كه ده‌یه‌وێت هه‌موو عه‌ره‌ب له ته‌نها ده‌وڵه‌تێك كۆبكاته‌وه،(36) به‌عس رژێمێكی دیكتاتۆریی فاشیی وای دامه‌زراندووه كه نه‌ك ریگه‌ی دیموكراسی بۆ گه‌له‌كه‌ی و ئۆپۆزسیۆن نادا، بگره ئه‌وانه‌ش كه له‌گه‌ڵ حیزبه‌كه‌یدان نا‌وێرن نه به‌ئاشكراو نه به‌دزی، هه‌ڵوێستی خۆیان له‌مه‌ڕ رووداوه‌كانی ژیان و ده‌وڵه‌ته‌كه ده‌ربڕن، به‌عس به‌شێوه‌یه‌ك چرای دیموكراسیی خه‌فه‌كردووه و نووزه‌ی له‌به‌ر بزووتنه‌وه‌ی دیموكراسی بڕیووه،(37) به‌كارهێنانی هه‌موو جۆره‌كانی توندوتیژی (سیاسی، ده‌روونی، عه‌سكه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، مه‌زهه‌بی) دیارترین ئه‌و میكانیزمانه بوون كه به‌عس به‌درێژایی حوكمی خۆی كاری له‌سه‌ر ده‌كر، به‌عس له‌مڕووه‌وه به سوودوه‌رگرتن له ئه‌زموونه‌كانی نازی ئه‌ڵمانی و فاشی ئیتاڵی و كۆمۆنیزمی ستالینی، توانی ته‌واوی كۆمه‌ڵگه داگیربكات (38)
به‌عسیزم ده‌بێت وه‌كو چه‌مكێكی تایبه‌تی تۆتالیتارانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی له جیهانی خۆماندا بیبینین و راڤه‌یبكه‌ین و تێیبگه‌ین، تۆتالیتاریزم هه‌روه‌ك چۆن له خۆرئاوای سه‌رمایه‌داری، (فاشیزم و نازیزم)ی به‌رهه‌مهێنا، له خۆرهه‌ڵاتیش كۆمۆنیزمی سۆڤیه‌ت و چینی و هتد، به‌رهه‌مهێنا، ئاواش له جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی‌دا فۆرمێكی تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارێتی به‌رهه‌مهێنا كه ناوی (به‌عسیزم)ه،(39) عه‌فله‌ق و به‌یتار له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سوریا ده‌ستیانكرد به پڕوپاگه‌نده، بۆ بیری نه‌ته‌وه‌په‌رستی عه‌ره‌بی و دژایه‌تیكردنی فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا، میشێل عه‌فله‌ق زۆر هه‌واداری بیری فاشیزمی ئیتاڵیایی و نازییه‌تی ئه‌ڵمانیایی بوو، له‌هه‌مانكاتیشدا زۆر هه‌واداری سیاسه‌تی ستالینیش بوو، هه‌ربۆیه له‌ڕووی ریكخراوه‌ییه‌وه، پشتیان به سیاسه‌تی ستالینییانه به‌ست و له‌ڕووی فیكریشه‌وه پشتیان به فاشیزم و نازییه‌ت به‌ست،(40) بۆ سه‌لماندنی ئه‌م قسه‌یه‌شمان دروشمی: (من المحیگ الی الخلیج) "له ئۆقیانووسه‌وه بۆ ئۆراڵ"ی به‌عسییه‌كان نزیكه له وته‌ی دكتۆر (ستێیناشه‌ری)ی حیزبی نازی كه ده‌ڵێت: (ئێمه میلله‌تێكی سه‌د ملیۆنین، ئه‌ڵمانیا ته‌نها ده‌وڵه‌تێك نییه كه پێیده‌ڵێن ئیمپراتۆرییه‌تی ئه‌ڵمان و هه‌موو ئه‌و زه‌وییانه ده‌گرێته‌وه كه ئه‌ڵمان تیایداده‌ژی، ئه‌ڵمانیا سه‌رجه‌م ئه‌و زه‌وییانه ده‌گرێته‌وه كه دانیشتوانی به ئه‌ڵمانی ئاخافتنده‌كه‌ن و به ئه‌ڵمانی بیرده‌كه‌نه‌وه) (41)
كاربه‌ده‌ستێكی فاشی به‌ناوی (لی) ده‌ڵێ: (له‌تواناماندا نییه هیچ ده‌ستكه‌وتێكی ماددی پێشكه‌ش به كرێكاران بكه‌ین، ئه‌ڵمانیا هه‌ژاره، تووشی شكستی و ته‌نگوچه‌ڵه‌مه بووه، هیچ بوارێك نه‌ماوه تا چاوێك به به‌رزكردنه‌وه‌ی كرێدا بخشێنین، له‌به‌رئه‌وه پێویسته ئاره‌زووی ماددی لای چینی كرێكار كپوخامۆشبكرێت و چاوببڕنه به‌رزیی نه‌ته‌وایه‌تی) (42)
فاشیزم هه‌میشه په‌ناده‌باته‌به‌ر پیاده‌كردنی سیاسه‌تی عه‌سكه‌رتارییه‌ت و سه‌رئه‌نجام جه‌نگ به‌ڕیگه چاره‌سه‌ری كۆتایی ده‌خاته‌ڕوو بۆ كێشه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان (43)
پێش گه‌یشتنی نازییه‌ت و وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات جووله‌كه له هه‌موو وڵاتانی ئه‌وروپایی ژیانیان ئاسایی ده‌برده‌سه‌ر، له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا پاش سه‌دان ساڵ نه‌ژادپه‌رستی و چه‌وسانه‌وه‌ی و تا جیاكردنه‌وه‌یان له گه‌ڕه‌كی ((گیتۆ))*، وڵاتانی خۆرئاوا‌و ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا به‌ڵێنیاندابوو ریز له هاوڵاتییانی جووله‌كه بگرن و مافی هاوڵاتییان بپارێزێن به‌پێی ئه‌وه‌ی ناونرا رزگاری،(44) هه‌رچه‌ند ئه‌ڵمانیا پێشینه‌یه‌كی درێژیان له دژایه‌تی جووله‌كه‌دا هه‌بوو، به‌ڵام به‌گه‌یشتنی هیتله‌ر به ده‌سه‌ڵات، هیتله‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ی به جیدی‌تر وه‌رگرت و به لۆژكێكی ترسناك رێگه‌چاره‌ی كۆتایی خۆی، گره‌وی له ركابه‌ره‌كانی خۆی برده‌وه، ئامانجی ئه‌و بریتیبووله پاكسازی ئه‌ڵمانیا و ئه‌وروپا له هه‌موو گروپه نه‌خۆشه‌كان و ئه‌و پرسه گرنگه‌ی كه نابێت فه‌رامۆشبكرێت ئه‌وه‌یه كه ته‌نیا جووه‌كانی نه‌خسته ئه‌م وته‌زایه‌وه، ئه‌و به‌و پشتگیرییه گه‌وره‌یه‌ی كه له‌ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌ڵمانی لێیده‌كرا كه‌وته كوشتوبڕی ئه‌ندامانی گروپه ئاینییه‌كان و رووناكبیرانی نه‌یار و سلاف و سۆسیالیسته‌كان و كۆمۆنیسته‌كان،(45) هیتله‌ر له نووسینی كتێبه‌كه‌ی "خه‌باتی من"دا له باسی جوودا ده‌ڵێت: (هیچكات جیهان شتێكی نه ناسیوه ناوی "هونه‌ری جوو" بێت، جوو هیچ چاكه‌یه‌كی نییه به‌سه‌ر هه‌ردوو هونه‌ره مه‌زنه‌كه‌ی ((ئه‌ندازیاری و مۆزیكا))و "شوبنهر" ده‌ڵێت: (گه‌لی هه‌ڵبژێردراو مامۆستای مه‌زنی هونه‌ری درۆن)،(46) هه‌روه‌ها كه‌سایه‌تیه‌كی وه‌كو (گۆبلز) له تێڕوانینی بۆ یه‌هوودییه‌كان و له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا كه ئایا یه‌هودی مرۆڤه؟ به‌مشێوه‌یه ده‌نووسێت: (ئه‌گه‌ر كه‌سێك زلله‌یه‌ك له دایكی ئێوه بدات ئایا سوپاسیده‌كه‌ن؟ ئایا ئه‌وه مرۆڤه؟ ئه‌گه‌ر كه‌سێك ئه‌م كاره بكات مرۆڤ نییه، به‌ڵكو ئاژه‌ڵیكه، ئه‌م یه‌هودییانه گه‌لێك شتی ناشیرینیان له‌هه‌مبه‌ر دایكی ئێمه كه ئه‌ڵمانیایه ئه‌نجامداوه، یه‌هودییه‌كان ره‌گه‌زی ئێمه‌یان گه‌نده‌ڵكردووه، وزه‌ی ئێمه‌یان دادۆشیووه، دابونه‌ریته‌كانی ئێمه‌یان گه‌نده‌ڵكردووه، یه‌هودییه‌كان ئه‌هریمه‌نی به‌رجه‌سته‌كردنی وێرانگه‌راین) (47)
ئا به‌مشێوه‌ی نازییه‌كان ئه‌فسانه‌ی ((په‌یوه‌ندی خوێن))یان كرده ئامرازێك بۆ قه‌ڵاچۆكردنی هه‌موو ئه‌و لایه‌ن و به‌رهه‌ڵستكارانه‌ی ناو رۆڵه‌كانی ره‌گه‌زی ئه‌ڵمانی، فاشیزم نه‌ته‌وایه‌تی سه‌لبییان تا دوورترین راده قۆزتووه‌ته‌وه، به‌ناوی نه‌ته‌وایه‌تی و پاككردنه‌وه‌ی ره‌گه‌زی جێرمانی((ئاری)) له ره‌گه‌زی تامۆكان*(48) وێڕای جووله‌كه و ماركسیزمه‌كان، هیتله‌ر سلاڤه‌كان و قه‌ره‌جه‌كانی خستووه‌ته ریزی جووله‌كه‌وه بۆ پاكسازیكردن، به‌ڕای ئه‌و جووله‌كه و سلاڤه‌كان مرۆڤ نین و مافی ژیانیان نییه،(49) هه‌ر بۆیه تاوانه‌كانی نازییه‌ت خۆی ده‌بینێته‌وه له:
1- كوشتنی 10 ملیۆن هاوڵاتی یه‌كیه‌تیی سۆڤیه‌ت و ئاواره‌كردن و ده‌ربه‌ده‌ركردن و په‌كخستنی ملیۆنان كه‌سیتر
2- كوشتن و سووتاندنی زیارتر له 10 ملیۆن جووله‌كه له ته‌واوی ئه‌وروپادا
3- به‌كارهێنانی جووله‌كه و دیله‌كان له‌تاقیگه‌كاندا بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌رمان و چه‌كی نوێ كه له‌سه‌ر گیانی ئه‌مان تاقیكردنه‌وه‌یان ده‌كرد
4- له‌داردانی سه‌دان كۆمۆنیست و پێشكه‌وتنخواز و ره‌وانه‌كردنیان بۆ به‌ره‌كانی جه‌نگ و سه‌ربازگه زۆره‌ملێكان
5- ده‌ركردن و ئاواره‌بوونی هه‌زاران كه‌سی رۆشننبیر و نووسه‌ر و دانا بۆ وڵاتانی‌تر بۆ نموونه كه‌سانێكی وه‌كو ئه‌نیشتاین كه گه‌وره‌ترین زانای كیمیایی بوو، به‌یه‌كێك له دوژمنه گه‌وره‌كانی نازییه‌تیش ده‌ژمێردرا، هه‌روه‌ها برێخت كه گه‌وره‌ترین نووسه‌ری شانۆییه و دانه‌ری شانۆی ته‌جریبییه هتد (50)
هه‌روه‌ها مۆسۆلینی له‌كاتی داگیركردنی حه‌به‌شه((ئیسیوبیا)) هه‌وڵیدا له‌حه‌به‌شه‌دا سیسته‌مێكی فاشیستی نوێ بهێنێته‌كایه‌وه، بۆیه ده‌ستیكرد به بۆمباران و كه‌ڵكوه‌رگرتن له گازی ژه‌هراوی بۆ كوشتنی سه‌ربازان و خه‌ڵكی مه‌ده‌نی ره‌سه‌ن و ته‌نانه‌ت كوشتاری هه‌زاران كه‌س له خه‌ڵكی ناوچه‌یی پاش راگرتنی فه‌رمی جه‌نگ، له هه‌وڵێ بۆ داگیركردنی كیشوه‌ری ئه‌فریقا له دروشمه به‌ناوبانگه‌كه‌یدا كه ده‌ڵێت: (ئه‌فریقا زه‌وییه‌كی بێخه‌ڵك - ئیتاڵیا خه‌ڵكێكی بێزه‌وی) (51)
له‌مه‌وه بۆمانڕوونده‌بێته‌وه كه نه‌ته‌وایه‌تی سه‌لبی نه‌ته‌وایه‌تییه‌كی ئیمپریالیستی كۆنه‌په‌رستی ده‌ستسوور به خوێنه و فاشیزم به‌رزترین پله‌یه‌تی (52)
هه‌روه‌ها به‌عس له هه‌موو روویه‌كه‌وه، هه‌ڵگری په‌یام و به‌رنامه‌ی فاشیسته‌كان بووه، له‌ڕووی سیاسی و ریكخراوه‌ییه‌وه، هیچ حیزبێكیتری عه‌ره‌بی، هێنده‌ی به‌عس، له فاشیزمی ئه‌وروپاییه‌وه نزیكنه‌بووه، هه‌رچه‌نده به‌عسییه‌كان دژی ئه‌وه‌ن به فاشی ناویانبه‌ریت، ئه‌وان خۆیان به‌هه‌ڵگری په‌یامی مرۆڤایه‌تی و برایه‌تی داده‌نێن كه ئه‌مه‌ش زۆر دووره له كار و كرده‌وه‌كانیانه‌وه،(53) یه‌كه‌م تایبه‌تمه‌ندی گشتی كه به‌عس له ناسیۆنالیز نزیكده‌كاته‌وه، بریتییه‌له ویستنی به‌عس بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی ناسیۆنال له‌سه‌ر بنچینه‌ی رابردوو، (54) عه‌فله‌ق و سه‌ددام حسێن نازناوی "وێنه‌یه‌كی بچوككه‌ره‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب"و "رۆحی یه‌كه‌می عه‌ره‌ب" ده‌ده‌ن به پارتی به‌عس و وامانتێده‌گه‌یه‌نن كه به‌عس به‌بێ هیچ مه‌رجێك هه‌ڵبژێردراوه بۆ ئه‌وه‌ی عه‌ره‌ب له تێكچوون و هه‌ڵوه‌شاندن رزگاربكات، ناسیۆنال سۆسیالیزمیش حیزبی نازی ده‌كرد به جه‌وهه‌ری ره‌گه‌زی ئه‌ڵمان و "بزووتنه‌وه‌كه‌ی" ده‌سه‌پاند به‌سه‌ر میلله‌تی ئه‌ڵماندا وه‌ك رزگاركه‌رێكی ئه‌م ره‌گه‌زه كه ببوو به قوربانیی ئه‌م تێكشكاندنه (55)
له زۆر حاڵه‌تدا ده‌كرێ گرنگترین كاره‌كته‌ر و سیفاته سایكۆلۆژییه‌كانی ده‌سه‌ڵات له یه‌ك كه‌سدا به‌رجه‌سته‌ببێت كه ئه‌مه‌ش به‌ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێـت له ره‌فتار و ره‌وه‌شت و هه‌ڵسوكه‌وتی زۆر له كه‌سایه‌تییه‌كان له‌مێژوودا كه گه‌یشتوونه‌ته ده‌سه‌ڵات و مۆركی سایكۆلۆژیایی عه‌قڵی خۆیانیان پێبه‌خشیووه، دیارترینییان له چه‌رخی نوێ‌دا "مۆسۆلینی له ئیتاڵیا و هیتله‌ر له ئه‌ڵمانیا و ستالین له یه‌كیه‌تی سۆڤیه‌تی پێشوو فرانكۆ له ئیسپانیا و سالازار له پرتوگال، و سه‌ددام حسێن له عێراق دا هتد" (56)
رژێمی عێراقی، "به‌عس"، هه‌روه‌كو ئه‌ڵمانیای نازی كرده‌وه‌كانی له‌ناو رسته‌ی شیریندا ده‌شارده‌وه، له‌كاتێكدا كه لێپرسراوه نازییه‌كان باسی "كاری جێبه‌جێكردن"و "كاری تایبه‌ت"و هه‌روه‌ها "نیشته‌جێكردن له رۆژهه‌ڵات"دا ده‌كرد، به‌عسییه‌كان بیرۆكراته‌كان باسی "ئیجرائاتی به‌كۆمه‌ڵ"و "گه‌ڕانه‌وه بۆ ریزی نیشتمانی"و "نیشته‌جێكردن له‌باشووردا" ده‌كرد، به‌ڵام له‌ژێر ئه‌م رسته شیرینانه‌دا، تاوانه‌كانی عێراق له دژی كورده‌كان ده‌گاته ئاستی جینۆساید*، ویستی له‌ناوبردنی گروپێكی نیشتمانی، ئیتنی، ره‌گه‌زیی یان ئایینی، جا هه‌مووی بێت یان به‌شێكی (57)
ئه‌نفال و تراژیدیاترین رووداو!
ئه‌نفال وشه‌یه‌كی عه‌ره‌بییه كۆی (نفل)ه كه به واتای (غنیمه) دێت، له‌ڕووی زاراوه‌ییه‌وه، ئه‌نفال واتای زیاده ده‌گه‌یه‌نێت كه‌واته پێناسه‌ی ده‌ستكه‌وت ئه‌و ماڵ و سامانه‌یه كه به‌شه‌ڕ له موشریكان ده‌سه‌ندرێت، زانایانی ئیسلام بۆ واتای ئه‌نفال بۆچوونیان وایه كه بریتییه‌له‌و ماڵه‌ی كه ده‌ست موسڵمانان ده‌كه‌وێت له خه‌ڵكی شه‌ڕكه‌ر كه جه‌نگاوه‌رانی موسڵمان، له‌شه‌ڕدا به‌ده‌ستیدێنن، له بێبڕواو موشریكان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له پێش ئیسلام ئافره‌تیشی ده‌گرته‌وه كه ده‌كرانه جاریه،(58) به‌ڵام ئه‌نفال لای گه‌لی كورد و له فه‌رهه‌نگی ئیستای كورده‌واریدا، مانایه‌ك و تێگه‌یشتنێكی ته‌واو جیاوازی هه‌یه، ئه‌و مانایه‌ش له‌و شاڵاوه سه‌ربازییه پڕتراژیدیایه‌ی رژێمی به‌غداوه سه‌رچاوه‌یگرتووه كه ساڵی 1988 دژ به خه‌ڵكی بێتاوانی ناوچه‌كه له هه‌شت قۆناغی جیاوازدا به فه‌رمان و سه‌ركردایه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌عس ئه‌نجامدرا،(59) چونكه، سه‌ددام حسێن ئه‌م ناوه‌ی هه‌ڵبژارد بۆ ئه‌و زنجیره هێرش و په‌لامارانه‌ی كه له‌ماوه‌ی شوبات و ئه‌یلوولی 1988 كردیه‌سه‌ر ناوچه‌كانی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی بێسه‌روشوێنكرد و سه‌روه‌ت و سامانیشی به‌تاڵانبردن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی به‌وه چه‌واشه‌كرد كه ئه‌وان هه‌ڵگری په‌یامی ئیسلامن و دژی بێباوه‌ڕ و ئاگرپه‌رستی ده‌وه‌ستن،(60) به‌ڵام ئه‌نفال چه‌ند ده‌ستدرێژیبووبێت بۆسه‌ر گه‌لی كورد هێنده‌ش ده‌ستدرێژیبووه بۆسه‌ر قورئان، هه‌روه‌كو نووسه‌ری كورد (به‌ختیار عه‌لی) ده‌ڵێت: ((گێڕانه‌وه‌ی ئۆتۆماتیكی ئه‌نفال بۆ ئایین و فیكری دینی نه‌وه‌كو خۆدزینه‌وه‌یه له خوێندنه‌وه‌ی به‌عس، به‌ڵكو گواستنه‌وه‌ی گوناهه‌كانی به‌عسه بۆ ملی ئایین كه له‌جه‌وهه‌ردا ئایین خۆی یه‌كێك له قوربانییه‌كانی به‌عسه))،(61) ئه‌وه‌ی به‌عس كردی هه‌ر به‌ته‌نها بۆ له‌ناوبردنی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد نه‌بوو كه خۆی له‌حیزبه‌كاندا ده‌بینییه‌وه، له‌ڕاستیدا كه‌مترین پێشمه‌رگه‌ی و چه‌كدار به‌ر شاڵاوه‌كه كه‌وتن مه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی خۆیان دایه‌ده‌سته‌وه یان ئه‌وانه‌ی ریگای ده‌رچوونیان نه‌ما، پێشمه‌رگه توانیان خۆیان به‌ئاسانی خۆیان له شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال ده‌ربازبكه‌ن ئه‌وه‌ی به‌ركه‌وت خه‌ڵكه سڤیل و بێچه‌كه‌كه بوو بۆیه ناكرێ بڵێین كرده‌ی ئه‌نفال به‌ته‌نیا كرده‌یه‌ك بووه له دژی پێشمه‌رگه، به‌ڵام له‌بنه‌ڕه‌تا رژێمی به‌عس بۆ به‌ته‌واوه‌تی هه‌ڵته‌كاندنی ره‌گوڕیشه‌ی كورد، هه‌وڵی ته‌واوی سڕینه‌وه‌ی ناوچه ئازادكراوه‌كانیدا (62)
به بڕوای حیزبی به‌عس كورد ده‌بێ له‌ناوببرێ، بۆئه‌وه‌ش پرۆژه‌ی تۆكمه و فراوانی هه‌بوو، ره‌نگه له ساتی هاتنه‌سه‌ر حوكمی كاری بۆ جینۆسایدی كورد و قڕكردنی كردبێ، به‌ڵام به‌هۆی ملهوڕی خۆی و گیرخواردنی به‌ده‌ست جه‌نگه یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كانییه‌وه هه‌لی بۆ نه‌ڕه‌خسابێ (63)
به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه بزانین، ئه‌گه‌رچی مێژوو گه‌لێ نموونه‌مان ده‌رباره‌ی هه‌وڵی تواندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه و گه‌لانی دنیا و ته‌فروتوناكردنیان بۆ ده‌گێڕیته‌وه، به‌ڵام به‌ده‌گمه‌ن نموونه‌یه‌ك ده‌بینینه‌وه كه نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌نه‌ته‌وه‌یه‌كیتردا توابێته‌وه و خاسیه‌ته تایبه‌تییه‌كانی خۆی له (زمان و كه‌له‌پور و فه‌رهه‌نگ) له‌ده‌ستدابێ،(64) سه‌ره‌تای قه‌سابخانه‌ی ئه‌نفال له 29ی ئاداری ساڵی 1987 ده‌ستیپێكرد كاتێك (عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید) به‌رپرسیارێتی (ئه‌مین سڕ)ی نووسینگه‌ی ریكخستنی باكووری حیزبی به‌عسی وه‌رگرت و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش به‌پێی بڕیاری ژماره 160 له 29ی ئازاری 1987 ده‌سه‌ڵاتێكی ره‌های له كوردستان پێبه‌خشی،(65) ئه‌نفالی سه‌ددامییانه‌ی به‌عسیانه‌ی نازییانه، به‌ته‌نها یه‌ك شاڵاو نه‌بوو، به‌ڵكو هه‌شت شاڵاو بوو، ئه‌م شاڵاوانه له مانگی شوباته‌وه ده‌ستیانپێكرد و له مانگی ئه‌یلوولی هه‌مان ساڵ، واته به‌درێژایی شه‌ش مانگ به‌رده‌وامبوو، تیایدا ده‌سه‌ڵاتدارانی زۆردار هه‌موو جۆره چه‌كێكی ته‌قلیدی و كیمیاییان به‌كارهێنا كه له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی قه‌ده‌غه‌كرابوون،(66) ئه‌وه‌بوو له سه‌ره‌تای مانگی سێ‌دا (یه‌كیه‌تی نیشتمانی كوردستان) به گه‌وره‌ترین هێرش، له دۆڵی جافایه‌تیدا كه له ده‌ریاچه‌ی دووكانه‌وه درێژده‌بێته‌وه، به‌ره‌و رۆژهه‌ڵاتی باشوور، ده‌ستپێكرد، له‌ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێكدا ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر ده‌یان ره‌بیه‌ی بچووك و سه‌دان دیلیشیان گرت، دژه‌كرداری حكومه‌ت، زۆری نه‌خایاند، له‌سه‌ره‌تادا حكومه‌ت گولله‌تۆپی كیمیایی به‌كارهێنا، هه‌تاوه‌كو ئه‌مكاته‌ش، هه‌رگیز هیچ حكومه‌تێك چه‌كی كیمیای دژ دانیشتوانه سیڤیله‌كه‌ی خۆی به‌كارنه‌هێنابوو،(67) ته‌واوی ئه‌و مه‌رامانه‌ی له قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تای شه‌ڕی عێراق له‌گه‌ڵ كورددا لێیانبه‌نیازبوون، له ساڵانی 1987-1988دا و له كۆتاییه‌كانی جه‌نگی نێوان ئێران- عێراقدا گه‌یشته ترۆپك و ئه‌وپه‌ڕی كه ئه‌ویش (ئه‌نفال) بوو (68)
رژێم له نه‌خشه و پلانێكی نوێیدیكه‌دا كه هه‌موو كوردستانی گرته‌وه و پێیوابوو كه كورد به‌ره‌و كۆتاده‌بات، چه‌كی كیمایی به‌كارهێنا، به‌وه‌ش سه‌ددام حسێن سنووری ئه‌ڵمانه‌كان و به‌ریتانییه‌كانی له شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی و هه‌روه‌ها ئه‌مریكییه‌كانی له شه‌ڕی دووه‌می جیهانی به‌زاند، چونكه ئه‌وان چه‌كی ئیباده‌ی جه‌ماعییان بۆ گه‌لانیتر به‌كارهێنا كه‌چی سه‌ددام بۆ گه‌لێكی به‌كارهێنا كه ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقییان هه‌ڵگرتبوو،(69) له‌نێوان ساڵانی 1987-1988دا هێزه‌كانی سه‌ددام حسێن چه‌ند هه‌زار گوند و قۆخی كوردی‌یان وێران‌كرد و نزیكه‌ی سه‌د هه‌زار كوردیان كوشت، زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان بێچه‌ك بوون و زۆربه‌شیان منداڵ و ژن بوون (70)
له 15ی مانگی سێ‌دا یه‌كیه‌تی نیشتمانی كوردستان و هێزه‌كانی ئێران شاری هه‌ڵه‌بجه‌یان داگیركرد و هێزه عێراقییه‌كانیان وه‌ده‌رنا، هه‌ڵه‌بجه شوێنێكی گرنگ بوو، چونكه نزیك ده‌ربه‌ندیخان هه‌ڵكه‌وتبوو كه كۆنترۆڵی ئاوی بۆ پایته‌خت ده‌كرد، له 16ی مانگدا عێراق شاره‌كه‌ی به كۆكتێلی كیمیایی بۆردومانكرد،(71) بۆردومانكردنی هه‌ڵه‌بجه گه‌وره‌ترین كاره‌ساتی جه‌نگی پاش لێدانی هێرۆشیما و ناكازاكی بوو كه له‌كاتێكی كه‌مدا به هه‌زاران مرۆڤ بوونه قوربانی و به ده‌یان هه‌زاریش برینداربوون،(72) ئه‌و گازانه‌ی له‌م هێرشه‌دا به‌كارهاتن بریتینله:
1- گازی خنكێنه‌ر (فوزوجین): گازێكی بێڕه‌نگ و بۆنی گیا و شه‌وزه‌ی تازه لێدێت و ماوه‌ی كارتێكردنی زۆربه‌زوویی ده‌بێت
2-گازی خوێن (سیاند- ئیدرۆژین- كلوراید- سیانۆژین): بۆنی باده‌ی تاڵی لێدێت 3-پۆرگ هێنه‌ر (خه‌رده‌ل- ئه‌رسیگه‌كان - گازه‌كانی پێوه‌ده‌ر): گازێكی وشكه و بۆنی سیری لێدێت
4- ئه‌عساب (سارین- سومان): گازێكی ئاوه‌گییه، بۆنی شێوه‌ی میوه‌یه ئه‌گه‌ر خاڵس بێت بۆنی نییه،(73) به‌گوێره‌ی شایه‌دحاڵێكی ئه‌فسه‌ری هێزی ئه‌سمانی، سه‌ددام له‌كاتی هێرش بۆ سه‌ر هه‌ڵه‌بجه، هاته باره‌گایه‌ك له به‌ره‌ی دواوه‌ی جه‌نگ، دوایی چووه سلێمانی ته‌له‌فۆنی بۆ سوپای عێراق كرد و وتی: (ئێمه سه‌رده‌كه‌وین)، سه‌ددام له‌به‌رامبه‌ر كورده‌كان وتی: (ده‌بێت به چه‌كی كیمیایی لێیانبده‌ین) (74)
پاش ئه‌م بۆردومانه ئێران به هانای قوربانییه‌كان هات و رۆڵێكی به‌رچاوی بینی له رزگاركردنی ژماره‌یه‌كی زۆر له بریندار و گه‌یاندنی وێنه‌ی ئه‌م كاره‌ساته گه‌وره‌یه به جیهانیان، بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م وێنانه هه‌موو جیهانی هه‌ژاند، به‌ڵام رژێم و ناوه‌نده عه‌ره‌بییه‌كان هه‌وڵیانده‌دا كه بۆردومانكردنی هه‌ڵه‌بجه به درۆ له‌قه‌ڵه‌مبده‌ن یان بۆردومانكردنه‌كه‌ی بخه‌نه ئه‌ستۆی ئێران،(75) هه‌روه‌ها كاتێكیش لیژنه‌یه‌كی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان نێردرا بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌به‌كارهێنانی عێراق بۆ چه‌كی كیمیایی له جه‌نگه‌كه‌یدا دژ به ئێران، ئه‌مه‌یان به لایه‌ن ئێرانییه‌كانه‌وه دووپاتكرده‌وه، به‌ڵام به‌كارهێنانی دژی میلله‌تی كورد وتیان: ((مه‌سه‌له‌یه‌كی ناوخۆییه))ئه‌م شێروڕیوییه و درۆوده‌له‌سه‌یه هه‌مووی سازكرا بۆ شاردنه‌وه‌ی كاره‌ساتی خوێناوی شاری هه‌ڵه‌بجه كه‌واته سه‌ددام چۆن ده‌وه‌ستێ كاتێك رۆژئاوا به‌رده‌وامبێ له ناردنی چه‌كی كیمیایی بۆی له‌به‌رمبه‌ر ((پیترۆ دۆلار))دا،(76) پرۆفیسۆری ئیتاڵی ((لینگوسینكو)) داوایكرد كه (پێویسته ناوی رۆژی جیهانی بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی كیمیایی به رۆژی بۆردومانكردنی هه‌ڵه‌بجه بنرێت)،(77) ئه‌نفال مانای كۆتاییهێنان بوو به ژیانی 182 هه‌زار كه‌س له منداڵ و ئافره‌ت و پیر و گه‌نج به ناشرینترین و دڕندانه‌ترین و ترسنۆكانه‌ترین شێوه، چونكه ئه‌م مرۆڤانه له گۆڕه‌پانی شه‌ڕ و پێكداداندا به‌دیلنه‌گیران و سه‌نگه‌رگر نه‌بوون، هه‌ر بۆیه ئه‌نفال خاڵێكی ره‌شه به ناوچه‌وانی رژێمی به‌غدادوه و تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی مرۆڤایه‌تیشه.(78)
فاشیزم و به‌عسیزم له ئه‌گه‌ره‌كانی سه‌ده‌ی 21دا
پاش ته‌واوبوونی شه‌ڕی دووه‌می جیهانی و كۆتاییهێنان به حكومه‌ته فاشیسته‌كانی ئه‌ڵمانیا و ئیتاڵیا، سه‌ركه‌وتنی به‌ره‌ی هاوپه‌یمانان به‌سه‌ریاندا و داگیركردنی وڵاته‌كانیان له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه، زۆر كه‌س له‌وباوه‌ڕه‌دابوو كه جارێكی‌تر فاشیسته‌كان ناگه‌ڕینه‌وه و ته‌مه‌نیان به‌سه‌ر چوو، دیاره ئه‌م قسانه راستده‌رنه‌چوون،(79) چونكه، پاش شه‌ڕ، هه‌رچه‌نده پارتی نازیستانه و فاشیستانه‌ی ئه‌ڵمانیا و ئیتاڵیا قه‌ده‌غه‌كران، به‌ڵام بزاڤی نازیستانه و فاشیستانه له‌و دوو وڵاته و له وڵاتانیدیكه‌ش سه‌ریانهه‌ڵدایه‌وه، له‌هه‌مووان سه‌ركه‌وتووتر نوێفاشیستانی ئیتاڵیا بوون، ئه‌م حیزبه خۆی ناونا "بزافی جفاكیی ئیتاڵیا MSI" له ساڵی 1994ه‌وه خۆی ناوناوه "هاوپه‌یمانی میللی" دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌م حیزبه، له كۆماره فاشیستانه‌كه‌ی باكووری ئیتاڵیادا، هاوكاری مۆسۆلینی بوون، له‌به‌رئه‌و قه‌ده‌غه‌یه‌ی له‌سه‌ریانه ناچارن خۆیان به حیزبێكی دیموكرات بناسێنن.(80)
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا، جیهان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، به‌ناوبانگترین دیكتاتۆری ئیتاڵی وه‌بیرهاته‌وه، له‌ڕێگه‌ی زنجیره‌یه‌ك رووداو و هه‌ڵوێست و جه‌نگی سیاسییه‌وه كه وایانكرد مۆسۆلینی و ماوه‌ی فه‌رمانڕه‌وایه‌تییه‌كه‌ی بخاته‌وه‌به‌ر تیشكی رۆژانی سه‌رده‌م، له ئیتاڵیا و ده‌ره‌وه‌ی ئیتاڵیاش گفتوگۆ و و دیالۆك زۆر زیادیكرد، له‌مه‌ڕ ئه‌و دیكتاتۆره‌ی كه ده‌یویست له سه‌ده‌ی بیستدا ئیمپراتۆرییه‌تی رۆمانی كۆن زیندووبكاته‌وه.(81)
فاشییه‌كان هه‌ر له جه‌نگی جیهانی دووه‌مه‌وه ئه‌مریكای لاتینیان كردووه‌ته په‌ناگه‌ی حه‌سانه‌وه‌یان و هه‌ركاتێك بارودۆخ ناچاریانبكات له سنووره‌وه ده‌په‌رینه‌وه وڵاتێكی‌تر، له‌توێژینه‌وه‌یه‌كدا كه ئاژانسی "فرانس پرێس" سازیداوه هاتووه كه ئه‌و 40 هه‌زار نازییه‌ی كه له باشووری كیشوه‌ری ئه‌مریكای لاتین به ((شیللی و پاراگوای و ئه‌رجه‌نتین و به‌رازیل و پۆلیڤیا)) بڵاوبوونه‌ته‌وه، له ناوچه‌ی "كوردیا، قرگبه" كه كۆلۆنیاڵێكی گه‌وره‌ی ئه‌ڵمانیایه و ده‌كه‌وێته سه‌رووی پایته‌ختی ئه‌رجه‌نتینه‌وه كه ناوی خۆیان ناوه "لاوانی هیتله‌ری ئه‌رجه‌نتینی" هه‌رله‌وێدا سه‌ربازگه‌ی مه‌شقكردنیان دامه‌زراندووه.(82)
نوێفاشیستی به دوو شێوه خۆیان ریكخست و گوزارشتیان له خۆیان ده‌كرد، فاشیزمی نوێی ئایینی و فاشیزمی نوێی سیاسی و به‌تایبه‌تی نه‌ژادپه‌رستی توندڕه‌و بوو، هه‌موشیان بڕوایان به‌وه‌یه كه ئه‌وكارانه له خزمه‌تی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیاندا ئه‌نجامده‌ده‌ن، به‌ڵام ته‌واوی بزاڤه نوێفاشیسته‌كانی ئه‌مریكا و ئه‌وروپا، وه‌كو فاشیزم و نازیزمی جه‌نگی جیهانی دووه‌م، خاوه‌نی بڕوانامه‌ی گشتی و هه‌نگاوی سیاسی دیار و ئاشكرانین و زۆر جاریش له‌م مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یدا ناجێگیرن.(83)
فاشیسته نوێیه‌كان ئه‌مڕۆ زیاتر هه‌موویان به دژایه‌تیكردنی بێگانه و جووله‌كه و ئیسلامه‌وه خه‌ریكن، ئه‌م باسانه بووه‌ته په‌یڕه‌وی سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تییان، له‌هه‌مانكاتدا حیزبی سیاسیشیان هه‌یه و له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌شداریده‌كه‌ن و له زۆر وڵاتیش حوكمده‌كه‌ن وه‌كو نه‌مسا حیزبی "هایده‌ر "، له ئیتاڵیاش به‌ره‌ی"فۆرسا" له ئیتاڵیا پێكهاتووه له "برلسكۆنی"و پارتی فاشیستی ئیتاڵیا "فینی"و به‌ره‌ی باكور "بۆسسی" هه‌روه‌ها زۆریان له په‌رله‌مانی ئه‌وروپادا به‌شداربوون، وه‌كو " لۆپێنی" فه‌ره‌نسی كه له ساڵی 2003 دووه‌مین پله‌ی هێنا له هه‌ڵبژاردنه‌كانی فه‌ره‌نسادا.(84)
ته‌واوی نوێفاشیسته‌كانی ئه‌وروپا دیدگای (ئه‌وروپابوون)ی باڵا و توندڕه‌ویان هه‌یه، ئه‌وان نه‌ك ته‌نها دژایه‌تی كۆچبه‌ران و بێگانه‌كانی جیهانی سێیه‌م ده‌كه‌ن، به‌ڵكو له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مریكاییه‌كانیش هه‌مان هه‌ڵوێستیان هه‌یه، هه‌روه‌ها به‌وپه‌ڕی هێزیانه‌وه دژایه‌تی ره‌گه‌زی سلاڤی ده‌كه‌ن و یاده‌وه‌ری سه‌رده‌می هیتله‌ر و نازیزم له‌م زه‌مینه‌دا ده‌ژێننه‌وه و هه‌وڵیشده‌ده‌ن نه‌مسا بخرێته‌وه‌سه‌ر ئه‌ڵمانیا.(85)
ساڵی 2006 ناوه‌ندی سویسری په‌نابه‌ران، له سویسرا 10 له‌و مه‌له‌فه به‌ناوبانگانه‌ی ئاشكراكرد له‌نێو ئه‌و 440 هه‌زار مه‌له‌فه به‌ناوبانگه‌ی كه ماوه‌یه‌كی زۆربوو كه‌وتبوونه ژێره‌وه و دیارنه‌مابوون، ئه‌م مه‌له‌فانه زۆرێك له وێستگه‌كانی ژیانی مۆسۆلینیمان بۆ ئاشكراده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌و رێوشوێن و هۆكارانه ئاشكراده‌كه‌ن كه بۆچی داوای په‌نابه‌ریكردووه، هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌سه‌ڵاتدارانی په‌نابه‌ران چۆن بووه له‌گه‌ڵیدا له سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا ئه‌وه‌ی كه زۆر گرنگه كه مه‌كته‌بی راپۆرتی پۆلیسی نهێنی هه‌رێمی "جنێف" ئاشكرایده‌كات، ئه‌وه‌یه كه "مۆسۆلینی و لینین" به دوو گوتاربێژی زۆر دره‌وشاوه و به‌هێز وه‌سفده‌كات(86)،
هه‌ر له ساڵی 2006دا دوو سه‌د هه‌زار سه‌رباز وه‌ك خۆبه‌خش خۆیان به‌خشی بۆ پارێزگاریكردن له مۆسۆلینی، له‌ناو ئه‌مانه‌دا هه‌بوو خاوه‌ن پله‌وپایه‌ی به‌رز و گه‌وره‌بوو، هه‌روه‌ها هه‌ندێك جه‌نگاوه‌ری كۆن به‌دیده‌كران له‌وانه‌ی كه له جه‌نگه‌كانی پێشتردا به‌شدارییانكردبوو، ئه‌م هه‌نگاوه بووه هۆی توڕه‌بوونی هه‌ندێك له ئیتاڵییه‌كان، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووتری ئیتاڵیا"برلسكۆنی" كه پارته‌كه‌ی هاوپه‌یمانی پارتی توندڕه‌وی راستره‌و بوو كه "ئه‌لیساندرا"ی نه‌وه‌ی مۆسۆلینی سه‌ركردایه‌تیده‌كرد، رایگه‌یاند ئه‌م هه‌نگاوه یارمه‌تیده‌رێكی باشه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئاشتبوونه‌وه‌ی نیشتمانی، (87) ئه‌مڕۆ له ته‌واوی ئه‌وروپادا، فاشیسته‌كان له گه‌شه‌سه‌ندن و پێشكه‌وتنێكی به‌رده‌وامدان، جگه‌له "یۆنان، ئیسپانیا، پورتوگال، قوبرس" له‌هه‌موو په‌رله‌مان و حكومه‌ته‌كانی ئه‌وروپادا فاشیسته‌كان ئه‌ندامیان هه‌یه، له ولایه‌ته‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌ڵمانیا، رێژه‌یه‌كی زۆریان هێنا و چوونه په‌رله‌مانی ولایه‌ته‌كانه‌وه، به‌ڵام هێشتا نه‌یانتوانیوه بێنه‌ناو په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیاوه له به‌رلین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وابڕوات ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی داهاتوودا دێنه‌ناو په‌رله‌مان و حكومه‌تی ئه‌ڵمانیاوه،(88) هه‌رچه‌ند پێشوتر نازیزم و فاشیزم نه‌یانتوانیبوو بچنه وڵاتانی ئه‌سكه‌نده‌نافیا"سوید، فنله‌ندا، نه‌رویچ" (89)، به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له سوید پارته فاشیسته‌كان توانییان ریژه‌یه‌كی باش ده‌نگی خه‌ڵكی بهێنن و بچنه‌ناو په‌رله‌مانه‌وه.(90)
له مانگی شوباتی ساڵی 2007 جارێكی‌تر جیهان سه‌رسامبووه‌وه به سه‌رهه‌ڵدانه‌وه و په‌یدابوونی مۆسۆلینییه‌كی نوێ، به‌ڵام ئه‌مجاره له‌ڕیگه‌ی جه‌نگێكی ئاگراوی دیالۆگی له‌نێوان "نه‌وه‌یه‌كی مۆسۆلینی و موعه‌مه‌ر قه‌زافی" سه‌رۆكی لیبیا كه موعه‌مه‌ر قه‌زافی رایگه‌یاند پێویسته له‌سه‌ر ئیتاڵیا كه قه‌ره‌بووی ئه‌و زیانانه بكاته‌وه كه لیبیا به‌ریكه‌وتووه له‌كاتی داگیركاری مۆسۆلینی باپیریدا، له‌به‌رامبه‌ردا "ئه‌لیساندرا" وه‌ڵامیدایه‌وه و وتی: "پێویسته ئێوه قه‌ره‌بووی ئێمه بكه‌نه‌وه، چونكه داگیركارییه‌كه‌مان پۆزه‌تیف بووه و فاشییه‌ت دیموكراسی و رێگاوبان و شوێنی نیشته‌جێبوون و قوتابخانه‌ی بۆ گه‌لی لیبیا هێنابوو.(91)
هه‌روه‌ها، له 9/4/2003، سه‌رئه‌نجام ساتی حه‌قیقه‌ت، له‌وپه‌ڕی دره‌وشانه‌وه‌یدا، له رۆژهه‌ڵات خۆی ده‌رخست كه دڕنده‌ترین ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئه‌م سه‌رده‌مه، ده‌وڵه‌تی به‌عس، به‌خۆی و هه‌موو ده‌زگاكانییه‌وه هه‌ره‌سیانهێنا، عێراقی دوای به‌عس، له‌هه‌ر شتێك ده‌چێت وڵات و ده‌وڵه‌ت نه‌بێت، رژێمی به‌عس به‌جۆرێك كۆمه‌ڵ و ده‌وڵه‌ت و هه‌موو ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تی به‌خۆیه‌وه به‌ستبوونه‌وه كه دوای رووخانی خۆی، عێراق وه‌ك بۆشاییه‌كی سیاسیی و ئیداری، وێنه‌ی وێرانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ماددی و رۆحی به‌جێهێشت،(92) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رژێمه شمولییه‌كانی ناوچه‌كه كه‌وتوونه‌ته پیلاندانان بۆ سه‌رنه‌كه‌وتنی ئه‌و ئه‌زموونه نوێیه‌ی گه‌لانی عێراق نیازیانه له عێراقی نوێ‌دا بیگرنه‌به‌ر.(93)
ئیستا ناسیۆنالیزمی پان- عه‌ره‌بی شكستیهێناوه و به‌ڵام ئه‌و به‌ها ئه‌خلاقی و سیاسیانه‌ی كه ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی له سه‌رده‌می فاشیزم ئینجا به‌عس له‌ناو گیانی نه‌وه‌ی نوێی عێراقدا چاندنی هێشتا له هه‌ندێ ژینگه‌دا به‌رده‌وامن، له‌ناو هه‌ندێ ژینگه‌دا هێشتا كاریگه‌رن و له‌وانه‌یه له‌داهاتوودا له‌ژێر ناویدیكه كاربكه‌ن و بیانه‌وێ ره‌وڕه‌وه‌ی مێژوو به‌ره‌ودواوه بگێڕنه‌وه، چونگه ئه‌و كلتوره‌ی كه بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ بڵاویانكرده‌وه له‌ناو گیانی زۆرێك چه‌قیبه‌ستووه و وا به‌زوویی دانامركێته‌وه.(94)
له ساڵی 2003و له دوای رووخانی رژێمی دیكتاتۆری پێشووه‌وه هه‌تاوه‌كو ئیستا، ئێمه له‌باره‌ی ریسواییه‌كانی ئه‌و پاره دزینانه‌وه ده‌بیستین و ده‌خوێنینه‌وه كه له‌عێراقدا و ناوه‌ناوه دێ، له‌لایه‌ن هه‌ندێ له به‌رپرسانی گه‌روه‌ی عێراقه‌وه ئه‌نجامده‌درێن كه له وه‌همی ئه‌وه‌دا ده‌ژین كه هێشتا رژێمی سه‌ركوتكه‌ر ماوه، گه‌نده‌ڵی له‌هه‌موو جیهان هه‌یه، به‌ڵام به ریژه‌ی جیاواز، له‌عێراقدا گه‌نده‌ڵی كارگێڕی گه‌یشتووه‌ته ریژه‌یه‌كی زۆر به‌رز، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌عێراقدا رووده‌دات شتێكی نوێ نییه بۆ به‌رپرسانی عه‌ره‌ب.(95)
ده‌رباره‌ی كوردیش له دوای رووخانی رژێمی به‌عس، بریاری 688ی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، بڕیارنامه‌كه گوزارشت له پاراستنی به‌شێك له دانیشتوانی باشووری كوردستان له چوارچێوه‌ی هێڵی 38 ده‌كات و به‌رامبه‌ر به 13% له داهاتی نه‌وتی عێراق.(96)
له‌دوای داڕمانی رژیمی به‌عس له 9/ نیسانی 2003 هه‌لومه‌رج و بارودۆخێكی نوێ هاته‌كایه‌وه، بۆ یه‌كه‌مینجار له مێژووی سیاسی عێراق ده‌رفه‌تێكی له‌بار درایه‌ده‌ست پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كانی عێراق، بۆئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای دیموكراسییه‌ت و ریزگرتن له مافه‌كانی یه‌كتر، چاره‌سه‌ری گرفته‌كانی ئه‌م وڵاته بكه‌ن و كۆتایی به‌هه‌موو ئه‌و ته‌نگه‌ژه و قه‌یرانانه بهێنن كه عێراق به‌درێژایی چه‌ندین ساڵه تێیكه‌وتووه، به‌ڵام به‌شێكی زۆر لایه‌نی عه‌ره‌بی عێراقی به‌هاندان و پاڵپشتی ده‌ڵه‌ته دراوسێ و عه‌ره‌بییه‌كان وه‌ك (توركیا و عه‌ره‌بستانی سعودی و سوریا) به پاساو و بیانووی جۆراوجۆره‌وه چوونه‌ته‌ناو به‌ره‌ی دژایه‌تیكردنی پرۆسه‌ی سیاسی و پیاده‌كردنی سیسته‌می فیدڕاڵی.(97)
هه‌ر له‌به‌رئه‌وه فاشیزم له رۆژهه‌ڵات به‌شێوه‌یه‌كیتر دروستبووه و ته‌شه‌نه‌یكردووه و ده‌توانین بڵێین میتۆدی فاشیزم بۆ یه‌كه‌مجار له رۆژهه‌ڵات له‌لایه‌ن ئه‌و خێڵانه‌وه به‌كارهێنرا، عه‌لی وه‌ردی ده‌ڵێت: (مرۆڤی عه‌ره‌بی نانی له كوشتن و په‌لاماردا ده‌ستده‌كه‌وێت) كشتوكاڵ و بازرگانی لای خێڵه عه‌ره‌بییه‌كان شه‌رمبوو.(98)
نموونه‌ی ئه‌و خێڵانه‌ش له عه‌ره‌بستانی سعودییه كه له ناوچه‌ی "نه‌جد" خێڵی "ئه‌لسعود" ده‌ژیان، ئه‌م خێڵه دژی شه‌ریفی كوڕی حسێن بوون و شه‌ڕیان له‌نێواندا بوو، به‌ریتانییه‌كان كه‌وتنه یارمه‌تیدانی ئه‌م خێڵه و توانیان ناوچه‌ی حیجاز داگیربكه‌ن و توانیان ده‌وڵه‌تێك دروستبكه‌ن و ببنه فه‌رمانڕه‌وای ئه‌و ناوچانه، ده‌وڵه‌ته‌كه‌شیان ناونا سعودیا، هه‌ر به‌ناوی خێڵی ئه‌لسعووده‌وه.(99)
د محه‌ممه‌د بازیانی به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی هودا بۆ توێژینه‌وه‌ی ستراتیجی ده‌رباره‌ی گرتنی به‌عسییه‌كان وتی: نوری مالیكی له شێوازی ده‌ستگیركردنی پاشماوه‌ی به‌عسییه‌كان له عێراق هه‌ڵه‌یكرد له ئاشكراكردنی له ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانه‌وه، دكتۆر بازیانی له‌قسه‌كانیدا وتیشی كه سه‌ددام حسێن زیره‌كانه‌تر بووه، له هه‌وڵی ده‌ستگیركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی له هه‌وڵی كوده‌تا بوونه له دژی.(100)
ئیتر ئایدۆلۆجیای به‌عس و پان- عه‌ره‌بیزم له زۆربه‌ی ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كاندا به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان له‌بره‌ودایه و نموونه‌ی زیندوشمان ئیستای سوریای به‌شار ئه‌سه‌ده كه تیایدا نه‌ته‌وه ناعه‌ره‌به‌كان كه‌وتوونه‌ته‌به‌ر شاڵاوی توندی رژێمی به‌عسی فاشییه‌وه كه به یارمه‌تی چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی زلهێزی جیهان له كاره‌كانی به‌رده‌وامه وه‌ك ده‌وڵه‌تانی (روسیا و چین و ئێران تاڕاده‌یه‌كیش عێراقی هاوڕێ كۆنه‌كه‌ی)، سوریا ئیستا به گرنگترین رووداوه‌كانی مێژوویی‌دا تێپه‌ڕده‌كات كه تیایدا ماوه‌ی ساڵێك زیاتره خۆپیشاندانی تێدایه به ئامانجی رووخانی رژێمی به‌عس و به‌دیهێنانی دیموكراسیه‌ت له‌ووڵاته‌دا *
سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌كان: -
1 زاهیر محه‌ممه‌دی+ یاسین حاجی زاده: فه‌رهه‌نگی سیاسی ئارش، ب، چ، هه‌ولێر، 2006، ل 325
2 ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا: فاشیزم له‌نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆدا، چ1، چاپخانه‌ی ئاراس/ هه‌ولێر، 2012، ل 17
3 جۆرج ته‌رابیشی: مۆدێرنه‌و راسیزم، و، شوان ئه‌حمه‌د، ب، چ، ب، ش، 2003، ل 13
4 مه‌سعود عه‌بدولخالق: مه‌وسوعه‌ی جوودی، چ1، هه‌ولێر، 2008، ل 649+65
5 سۆزان كه‌ریم: كورته‌ی لێكدانه‌وه‌ی راسیزم بۆ مێژووی كه‌مالیزم و به‌عسیزم، توێژینه‌وه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی مێژوویی به‌راوردكارییه، وه‌ك به‌شێك له پێداویستییه‌كانی به‌ده‌ستهێنانی پله‌ی دكتۆرا، به سه‌رپه‌رشتی پ ی د كه‌مال عه‌لی محه‌ممه‌د، پێشكه‌شكراوه به به‌شی زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كانی زانكۆی سلێمانی، 2011، ل 16
6 زاهیر محه‌ممه‌دی+ یاسین حاجی زاده: س پ، ل 325
7 جۆرج ته‌رابیشی: مۆدێرنه و راسیزم، س پ، ل17
8 مه‌سعود عه‌بدولخالق: مه‌وسوعه‌ی جوودی، س پ، ل 640
9 زاهیر محه‌ممه‌دی+ یاسین حاجی زاده: فه‌رهه‌نگی سیاسی، س پ، ل326
10 مه‌له‌ك یه‌حیا: هزره سیاسیه‌كانی رۆژئاوا له سه‌ده‌ی 20 دا، و: هیوا مه‌جید، چ1، چاپخانه‌ی خانی، دهۆك، 2008، ل 133
* ئه‌رنست ژرزێف رینان (1823-1892): فه‌یله‌سوف، سیاسه‌تمه‌دار، زمان‌ناس و مێژوو نووس و مامۆستای ئیلاهییات و دێرینه‌ناسی فه‌ره‌نسییه، ساڵی 1862 پرۆفیسۆری زانكۆ و ساڵی 1887 ئه‌ندامی ئه‌كادیمای فه‌ره‌نسا بووه، به‌ناوبنگترین نووسینی ئه‌و ده‌رباره‌ی نه‌ته‌وایه‌تی سیمیناره گرنگه‌كه‌ی بوو له زانكۆی سۆربۆن به ناونیشانی "نه‌ته‌وه چییه؟" سه‌رچاوه: ئه‌كره‌می میهرداد: ناسیۆنالیزم (گۆڕانكاری، تیۆری، ره‌خنه)، ب، چ، له بڵاوكراوه‌كانی مه‌كته‌بی بیر و هۆشیاری (ی ن ك)، سلێمانی، 2006، ل 135
** پێناسه‌ی (نه‌ژادپه‌رستی): كۆمه‌ڵه خه‌ڵكێك كه له شوناس و چاره‌نووسی پشتبه‌ستراو به بابه‌ته ریشه‌ییه‌كانی وه‌ك په‌یوه‌ندی خێزانی، نه‌ریته‌كان كه‌لتور و فۆلكلۆر و له مێژوو زماندا هاوبه‌شن، بیرۆكه‌ی نه‌ژادی بۆ لێكجیاكردنه‌وه‌ی گروپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه سه‌ریهه‌ڵدا، ئه‌م نه‌ژادگه‌راییه "كێشه‌داره" سه‌رچاوه: ئه‌لیكس تامسون: و/هیوا مه‌جید خه‌لیل، سیاسه‌ت له ئه‌فریقادا، چ1، چ، خانی، دهۆك، 2010، ل 100
*** ئه‌دۆلف هیتله‌ر: له ساڵی 1889ز له شاری (برونو) كه شارێكی سنوورییه ده‌كه‌وێته نێوان نه‌مسا و ئه‌ڵمانیا له‌دایكبووه كه هیتله‌ر بۆ خۆی له كتێبی (خه‌باتی من) ده‌ڵێت: (خۆشبه‌ختانه له برونو چاوم به‌دنیاهه‌ڵهێناوه، ئه‌و شاره بچووكه‌ی ده‌كه‌وێته سه‌ر سنووری نێوان نه‌مسا و ئه‌ڵمانیا)، باوكی فه‌رمانبه‌ری گومرگ بووه، له ته‌مه‌نی سیانزه ساڵیدا باوكی ده‌مریت و له ته‌مه‌نی پانزه ساڵیش‌دا دایكی ده‌مرێت، پاشان ناچاربوو كاربكات و رووبكاته نه‌مسا و پاش ماوه‌یه‌ك گه‌ڕایه‌وه و پارتی كرێكارانی نیشتمانی سۆسیالیستی ئه‌ڵمانی (NSDAP) دروستكرد له ساڵی 1920 كه به‌رنامه‌یه‌كی 25 خاڵی بۆ دانا پاش ئه‌وه‌ی له ساڵی 1923 ده‌گیرێت و له‌زینداندا كتێبێكی به‌ناوبانگ ده‌نووسێت به‌ناوی (خه‌باتی من) كه باسی ورده‌كارییه‌كانی حیزبه‌كه‌ی ده‌كات، پاشان ئازادده‌كرێت و له ساڵی 1933 ده‌بێت به سه‌رۆكوه‌زیران و له‌وپۆسته‌دا مایه‌وه تا جه‌نگی دووه‌می جیهانی كه ئه‌ڵمانیا دووچاری شكست هات و له (8ی ئایاری 1945) هیتله‌ر و ژنه‌كه‌ی خۆیان كوشت سه‌رچاوه: د مه‌هدی مه‌حفوز: و/ شوان ئه‌حمه‌د: فاشیزم و نازیزم، گۆڤاری سه‌رده‌م، ژماره (57) زستانی 2008، ل 206
11 مه‌سعود عه‌بدولخالق: مه‌وسوعه‌ی جوودی، س. پ، ل 641
12 جۆن وایس: نه‌ریتی فاشیزم، ب، چ، چ، لیره، سلیمانی، 2005، ل 101
13ه. س، ل 60
14 فه‌لاح عه‌بدولجه‌بار: ره‌هه‌نده‌كانی ناسیۆنالیزم، و/ ئارام جه‌مال، چ1، چاپخانه‌ی شڤان، سلێمانی، 2004، ل 166
15 د ره‌فیق سابیر: كو‌لتور و ناسیۆنالیزم، ب، چ3، چاپخانه‌ی تیشك، سلێمانی، 2008، ل 27
16جۆرج ته‌رابیشی: مۆدێرنه‌و راسیزم، س پ، ل 18
17 ه. س، ل 22
*میشێل عه‌فله‌ق: له ساڵی 1912 له‌دایكبووه، له خێزانێكی دیانیی له ئاینزا (مه‌زهه‌ب)ی ئه‌رسه‌دۆكسی یۆنانی له دیمه‌شق هاتووه‌ته‌دنیاوه و باوكی بازرگان بووه و مووچه‌كه‌ی ژیانێكی ئاسووده و زۆر به‌خته‌وه‌ری بۆ خێزانه‌كه‌ی مسۆگه‌رنه‌كردووه، له‌ڕووی سیاسییه‌وه باوكی نیشتمانپه‌روه‌رێكی به‌جۆشبووه و هه‌ر له دامه‌زراندنی كوتله‌ی نیشتمانی له ساڵی 1928 ئه‌ندام بووه تیایدا و له قۆناغی جیاوازدا چه‌ند جارێك گیراوه و له‌لایه‌ن تورك و فه‌ره‌نسییه‌كانه‌وه ئه‌شكه‌نجه‌دراوه، ده‌توانرێت بوترێت كه دایكیشی رۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بووه به سیاسه‌ت و به‌شێوه‌یه‌كی گشتی باوه‌ڕێكی زۆری هه‌بووه به ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بی، له‌وانه‌یه هه‌ر له منداڵییه‌وه میشێل عفله‌ق كاریگه‌ری بیروڕای باوك و دایكی زۆر له‌سه‌ربووبێ و واهاتبێ له‌سه‌ر بیری ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بی پێش ئه‌وه‌ی ببێ به كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی گرنگ سه‌رچاوه: د. ئه‌لبێرت عیسا: خوێندنه‌وه‌ی به‌عس بۆ فاشیزمی مێژوویی، چ1، ب چ، چاپخانه‌ی روون، ب. ش، 2004، ل 21+22
18 سڤێن ئێرك لیدمان: و/ ئاسۆس شه‌فیق: ریگوزه‌ری بیری سیاسی، چ3، سلیمانی، 2009، ل 236
19ـ هێنری میشێل: و/ سمكۆ ئاكام، فاشیزم چییه؟، ب، چ، ب، ش، 2005، ل 11
20 فه‌رهاد هه‌مزه محه‌ممه‌د: فاشیزم و خوێنی گه‌له چه‌وساوه‌كان، ب، چ، به‌غداد، 1985، ل36
21 یاسین سابیر ساڵح: ئینسكلۆپیدیای گشتی، ب، چ، له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، سلێمانی، 2005، ل740
22 مه‌له‌ك یه‌حیا سه‌ڵاحی: و/ هیوا مه‌جید، چ1، چاپخانه‌ی خانی/ دهۆك، 2008، ل 109
23 ئه‌حمه‌د ناسیف: و/ دڵسۆز عومه‌ر: مۆسۆلینی ـ ئه‌فسانه‌یه‌ك كه نه‌یده‌ویست بمرێ، چ1، چاپخانه‌ی گه‌نج، سلێمانی، 2009، ل 171
24 زاهیر محه‌ممه‌دی+ یاسین حاجی زاده: س، پ، ل 632
25 سڤێن ئێرك لیدمان: س، پ، ل 236
26 ئه‌كره‌می میهرداد: قه‌یرانی دیموكراسی كوردی و سه‌رهه‌ڵدانی فاشیزم، پاشكۆی گۆڤاری ئایدیاواڵا: ژماره (7)، چ1، چاپخانه‌ی كارۆ، سلێمانی، 2012، ل 56
27 به‌ختیار عه‌لی: خوێنه‌ری كوشنده، ب، چ، چاپخانه‌ی ره‌نج، سلێمانی، 2005، ل 5
28 مه‌سعود عه‌بدولخالق: مه‌وسوعه‌ی جوودی، س. پ، ل 640+643+644
29 سه‌مه‌د ئه‌حمه‌د: سایكۆلۆژیای ده‌سه‌ڵات و جه‌ماوه‌ر، ب، چ، چاپخانه كارۆ، سلێمانی، 2010، ل 90
30 سۆزان كه‌ریم مسته‌فا: به‌عسیزم و كورد، چ1، چاپخانه‌ی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، سلێمانی، 2007، ل 55
31 ئه‌مین قادر مینه: ئه‌منی ستراتیجیی عیراق و سێكوچكه‌ی: ته‌رحیل، ته‌عریب، ته‌بعیس، چ2، له بڵاوكراوه‌كانی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیجیی كوردستان، 1999، ل 64
32 سۆزان كه‌ریم مسته‌فا: كورته‌ی لێكدانه‌وه‌ی راسیزم بۆ مێژوو"كه‌مالیزم و به‌عسیزم وه‌ك نموونه" توێژینه‌وه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی مێژوویی به‌راوردكارییه، نامه‌یه‌كی دكتۆرایه له زانكۆی سلێمانی، به‌سه‌رپه‌رشتی پ، ی، د. كه‌مال عه‌لی محه‌ممه‌د، 2011، ل 11
33 ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا: س. پ، ل 105
* سه‌ڵاحه‌ددین به‌یتار: (1912-1980)، له خێزانێكی سووننه مه‌زهه‌ب له دیمه‌شق له‌دایكبووه، شێخ سه‌لیم به‌یتاری باپیری وه‌ك زانایه‌كی ئایینی شۆره‌تێكی به‌رفراوانی هه‌بوو، سه‌ڵاح به‌یتار له‌منداڵیدا له قوتابخانه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی ئاراسته‌ی ئیسلامی‌دا خوێندوویه‌تی و پاشان ره‌وانه‌ی دواناوه‌ندی ئه‌نبار كراوه كه زۆربه‌ی سه‌ركرده منداڵتره‌كانی سووریا له‌وێ ده‌رچوون، له ساڵی 1929دا له زانكۆی سۆربۆن ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ عه‌فله‌قدا په‌یداكردووه، له ساڵی 1934 گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ دیمه‌شق و بووه‌ته مامۆستای فیزیا، له ساڵی 1942 وازی له پیشه‌ی مامۆستایی هێناوه و خۆی ته‌خانكردووه بۆ كاری سیاسیی سه‌رچاوه: سۆزان كه‌ریم مسته‌فا: به‌عسیزم كورد، س پ، ل 51
34 مه‌له‌ك یه‌حیا سه‌لاحی: و/ هیوا مه‌جید: س. پ، ل 145+146
35 ئیریك هۆبزباوم: ره‌هه‌نده‌كانی ناسیۆنالیزم، و/ ئارام جه‌مال، چ1، چاپخانه‌ی شڤان، سلێمانی، 2004، ل 87
36 د. ئه‌لبێرت عیسا: خوێندنه‌وه‌ی به‌عس بۆ فاشیزمی مێژوویی، چ1، ب چ، چاپخانه‌ی روون، ب. ش، ل 175+176
37 ئه‌مین قادر مینه: س. پ، ل 75
38 سه‌مه‌د ئه‌حمه‌د: س پ، ل 100+101
39 ه. س، ل 99
40 ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا: فاشیزم له‌نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆدا، س. پ، ل 105
41 د. ئه‌لبێرت عیسا: خوێندنه‌وه‌ی به‌عس بۆ فاشیزمی مێژوویی، س. پ، ل 199
42 فه‌رهاد هه‌مزه محه‌ممه‌د: س. پ، ل 25
43 جۆن وایس: س. پ، ل 180
44 ستیفان بروشفیلد+ پول ئا لیڤین: ((هۆلۆكۆست)) ئاگاداری نه‌وه‌كانتانی پێبكه‌نه‌وه، و/ شێرزاد هه‌ینی، ب، چ، چاپخانه‌ی تیشك/هه‌ولێر، 2007، ل 18
45 جۆن وایس: س. پ، ل 190
46 ئه‌دۆڵف هیتله‌ر: خه‌باتی من، و/ سه‌ڵاح نه‌قشبه‌ندی، چ1، ناوه‌ندی ئارام، سلێمانی، 2008، ل 195 + 196
47 ویلهلم رایش: ده‌رونناسی جه‌ماوره‌ی فاشیزم، و/ هه‌ژار جووانڕۆیی، ده‌زگای چاپ و په‌خشی حه‌مدی، سلێمانی، 2007، ل 82
* گیتۆ: ئه‌و ناوچانه بوو كه جووله‌كه‌كانی تێداده‌ژیان
48 فه‌رهاد هه‌مزه محه‌ممه‌د: س. پ، ل 35
49 ه. س، ل 53
50 ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا: فاشیزم له‌نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆدا، س. پ، ل 57+58+59
51 جۆن وایس: س. پ، ل 196
52 فه‌رهاد هه‌مزه محه‌ممه‌د: س. پ، ل 35
* تامۆكان: ئه‌و كه‌سانه ده‌گرێته‌وه كه ده‌كه‌ونه به‌شی باكوور و رۆژهه‌ڵاتی كیشوه‌ری ئه‌وروپا كه سپیپێسته‌كان ده‌گرێته‌وه، (سلاڤه‌كان، سامی نه‌ژاد)
53 ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا: فاشیزم له‌نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆدا، س. پ، ل 109
54 د. ئه‌لبێرت عیسا: خوێندنه‌وه‌ی به‌عس بۆ فاشیزمی مێژوویی، س. پ، ل 198
55 ه. س، ل 207
56 سالم ئه‌لقه‌مودی: سایكۆلۆژیای ده‌سه‌ڵات، و/ به‌شاره‌ت ره‌زا، ب، چ، چاپخانه‌ی دیلان، سلێمانی، ب، س، ل 21
57 ریكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ/ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست: وه‌رگێڕانی له ئینگلیزییه‌وه: جه‌مال میرزا عه‌زیز: عێراق و تاوانی جینۆساید، س. پ، ل 32
* جینۆساید: ئه‌م زاره‌وه‌یه له دوای شه‌ڕی دووه‌می جیهانییه‌وه، له‌سه‌ر ده‌ستی دادوه‌ری پۆلۆنی "لیمكین رافایل" هاته‌كایه‌وه كه راوێژكاری وه‌زاره‌تی به‌رگری وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بوو كه ته‌واوی ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی به ده‌ستی نازییه‌كان قڕكران، جینۆساید وشه‌یه‌كی لێكدراوی گریكییه له دوو به‌ش پێكهاتووه: (Genos) كه به واتای ره‌گه‌ز یان بنه‌چه دێت و به‌شه‌كه‌یتریش (Cide)یان (Caedere)ی لاتینییه كه واتای كوشتن و له‌ناوبردن ده‌گه‌یه‌نێ، به لێكدانی هه‌ردوو بڕگه‌كه واتای كوشتنی ره‌گه‌زی مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت، ریكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له 11/12/1946 بڕیاری ژماره (96)ی ده‌ركرد، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه جینۆساید تاوانێكه بنه‌ماكانی یاسای نێوده‌وڵه‌تی ده‌به‌زێنێ و دژی ئامانجه‌كانی ریكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه. سه‌رچاوه: یوسف دزه‌یی: س. پ، ل 39
59 یوسف دزه‌ییی: ئه‌نفال كاره‌سات، ئه‌نجام و ره‌هه‌نده‌كانی، چ1، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده/ هه‌ولێر، 2001، ل 25
60 ناهیده جه‌مال تاڵه‌بانی+ جاسم محه‌ممه‌د عه‌لی: ئه‌نفال و گه‌رمیان، چ1، چاپخانه‌ی وشه، سلێمانی، 2002، ل 11+12
61 ه. پ، ل 14
62 دانا محه‌ممه‌د ئه‌مین كه‌لاری: ئه‌نفال پرۆسه‌یه‌ك به‌ناوی دینه‌وه ده‌قاوده‌ق دژی دین، گۆڤاری په‌یامی زانایان، گۆڤارێكی رۆشننبیری ئایینییه یه‌كیه‌تی زانایانی ئایینی كوردستان مانگی جارێك ده‌ریده‌كات، ژماره 81، نیسانی 2012، ل 25
62 له‌تیف فاتح فه‌ره‌ج: هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌نفال، گۆڤاری ئه‌نفال: گۆڤارێكی لێكۆڵینه‌وه و دۆكیۆمێنتییه وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤ و ئاواره و ئه‌نفال ده‌ریده‌كات، ژماره(3)، ساڵی سێیه‌م- 2002، ل 31+32
63 دلێر كه‌ریم: خوێندنه‌وه‌یه‌كیتر بۆ ئه‌نفال، ب، چ، چاپخانه‌ی هێڵ/ سلێمانی، 2010، ل 34
64 ئه‌مین قادر مینه: ئه‌منی ستراتیجیی عیراق، سێكوچكه‌ی: ته‌رحیل، ته‌عریب، ته‌بعیس، چ2، له بڵاوكراوه‌كانی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیجیی كوردستان، 1999، ل230
65 له‌تیف فاتح فه‌ره‌ج: هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌نفال، گۆڤاری ئه‌نفال: س. پ، ل 54
66 د شاكر نابولسی: له‌باره‌ی كورد و عێراق و چه‌ند پرسێكی فیكری و سیاسییه‌وه، : و/ عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا، ب، چ، سلێمانی، 2009، ل 33
67 ریكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ/ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست: وه‌رگێڕانی له ئینگلیزییه‌وه: جه‌مال میرزا عه‌زیز: عێراق و تاوانی جینۆساید، س پ، ل 66+67
68 میدڵا ئیست وۆچ: جینۆساید له عێراق په‌لاماری ئه‌نفال بۆ سه‌ر كورد، و/ محه‌ممه‌د حه‌مه ساڵح تۆفیق: ب، چ، چاپخانه‌ی تیشك، سلێمانی، 2004، ل 110
69 هه‌ژار عه‌زیز سورمێ: كورد و جینۆساید و ئیباده‌كردن! هه‌ڵوێستی یاسای نێوده‌وڵه‌تی، چ2، چاپخانه‌ی هێمن نه‌جاد كوردستان، 2006، ل 57+58
70 سامانسا پاوه‌ر: ب، چ، ئه‌مریكا و ئه‌نفال، و/ به‌ختیار كه‌ریم، ئۆكسفۆرد/ به‌ریتانیا، 2006، ل 9
71 فیبی مار: مێژووی نوێی عێراقی، و/ حه‌مه شه‌ریف حه‌مه غه‌ریب + شێركۆ ئه‌حمه‌د حه‌وێز: چ1، چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر، 2010، ل 326
72 د. عه‌لی ته‌ته‌ر نێروه‌یی: بزافی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ی كورد له كوردستانی عێراق له ساڵه‌كانی جه‌نگی عێراق ئێران‌دا 1980 - 1988، چ1، چاپخانه‌ی حاجی هاشم، هه‌ولێر، 2008، ل 512
73 هه‌ورامان عه‌لی تۆفیق: هه‌ڵه‌بجه كاره‌ساتی كیمیابارانی ساڵی 1988، چ1، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده/ هه‌ولێر، 2000، ل 15
74 عه‌لی مه‌حمود محه‌ممه‌د: بازرگانی مه‌رگ، ب، چ، به‌ڕێوه‌به‌رێتی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی، 2005، ل 83
75 عه‌لی ته‌ته‌ر نێروه‌یی: س. پ، ل 514
76 دوڕییه عه‌ونی: عه‌ره‌ب و كورد ناكۆكی یان ته‌بایی، و/ سواره قه‌ڵادزێیی: چ1، چاپخانه‌ی شڤان، سلێمانی، 2001، ل 178
77 عه‌لی ته‌ته‌ر نێروه‌یی: س. پ، ل 514
78 سالار حه‌مه سور باسیره: هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال، چ1، له بڵاوكراوه‌كانی وه‌زاره‌تی رۆشننبیری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتییه، سلێمانی، 2003، ل 49+50
79 ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا: فاشیزم له‌نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆدا، س. پ، ل 73
80 ره‌یدار لاشۆن: و/ ئاسۆس شه‌فیق: س پ، ل 130
81 ئه‌حمه‌د ناسیف: مۆسۆلینی ئه‌فسانه‌یه‌ك كه نه‌یده‌ویست بمرێت، و/دڵسۆز عومه‌ر، س. پ، ل 13
82 فه‌رهاد هه‌مزه محه‌ممه‌د: س. پ، ل 110
83 ئه‌كره‌می میهرداد: ناسیۆنالیزم (گۆڕانكاری، تیۆری، ره‌خنه)، س. پ، ل 195+196
84 ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا: فاشیزم له‌نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆدا، س. پ، ل 79 +80
85 ئه‌كره‌می میهرداد: ناسیۆنالیزم (گۆڕانكاری، تیۆری، ره‌خنه)، س. پ، ل 196 +197
86 ئه‌حمه‌د ناسیف: مۆسۆلینی ئه‌فسانه‌یه‌ك كه نه‌یده‌ویست بمرێت، و/ دڵسۆز عومه‌ر، س. پ، ل 15+16
87 ئه‌حمه‌د ناسیف: مۆسۆلینی ئه‌فسانه‌یه‌ك كه نه‌یده‌ویست بمرێت، و/دڵسۆز عومه‌ر، س. پ، ل 17
• ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا: فاشیزم له‌نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆدا، س. پ، ل 83+84
89 ره‌یدار لاشۆن: ئایدیۆلۆژیی سیاسیی هاوچه‌رخ، و/ له سویدییه‌وه، ئاسۆس شه‌فیق: چ2، سلێمانی، 2010، ل 131
90 ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا: فاشیزم له‌نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆدا، س. پ، ل 84
91 ئه‌حمه‌د ناسیف: مۆسۆلینی ـ ئه‌فسانه‌یه‌ك كه نه‌یده‌ویست بمرێ، و/دڵسۆز عومه‌ر: چ1، چاپخانه‌یگه‌نج/سلێمانی، 2009،، ل 19+20
92 ره‌فیق سابیر: عێراق دیموكراتیزه‌كردن یان هه‌ڵوه‌شانه‌وه، چ1، سوید، 2005، ل15
93 شه‌ماڵ عه‌بدوڵڵا: عێراقی نوێ، ب، چ، سلێمانی، 2005، ل 13
94 د. ئه‌لبێرت عیسا: ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی له ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانییه‌وه بۆ عێراقی سه‌رده‌می فاشیزم، ل 405
95 د. شاكر نابولسی: له‌باره‌ی كورد و عێراق و چه‌ند پرسێكی فیكری و سیاسییه‌وه، : و/ عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا، ب، چ، سلێمانی، 2009، ل 91 +91
96 سیسیل جۆن ئیدمۆنس: و/ حامید گه‌وهه‌ری، س. پ، ل 11
97 نه‌وزاد عه‌بدوڵڵا هێتۆتی: دۆزی كورد له‌عێرا قدا و میكانیزمه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی دوای 2003، چ1، چاپخانه‌ی خانی، دهۆك، 2009، ل 195
98 ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا: فاشیزم له‌نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆدا، س. پ، ل 98
99 ه. س، ل 94 +95
100 ته‌له‌فزیۆنی سه‌حه‌ر 2: به‌رنامه‌یه‌ك له‌باره‌ی ده‌ستگیركردنی به‌عسییه‌كان له عێراق، د. محه‌ممه‌د بازیانی: 5/11/2011
* ئاماده‌كار