سیاسەتی خاوەن مەرجەعییەتی دینیی بەبێ دەوڵەتی ئیسلامی ئایا پارتی دادوگەشەپێدانی توركی دەبێت بە مۆدێلێك بۆ ئیسلامیستەكانی عەرەب؟ نووسینی: ئەحمەد ت. كۆرۆ وەرگێڕانی: بەرزانی مەلا تەها
پێشەكی
پارتی دادو گەشەپێدان، لە سێپتێمبەری 2012، كۆنگرەیەكی گەورەی رێكخست بە بۆنەی دەساڵان بەسەر تێپەڕبوونی دەسەڵاتی پارتەكەیان. سەرۆك وەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆگان لە گوتارەكەیدا ئاماژەی داوە بەوەی پارتەكەی "بۆ هەمووانی دەرخستووە كە دەگونجێت دیموكراسیەت بە شێوەیەكی زۆرباش جێبەجێ بكرێت لە وڵاتێكدا كە زۆینەی دانیشتوانەكەی مسوڵمانن" بۆیەش بۆتە "مۆدێل بۆ سەرجەم وڵاتانی ئیسلامیی"(3). هەریەك لە سەرۆكی میسر موحەممەد مورسییو سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە كۆنگرەكەدا گوتاریان پێشەكەشكرد لەگەڵ چەندین سەركردەی تری ئیسلامیی كە ئامادەی كۆنگرەیەكە بوون. لە واقیعدا، لەنێوخۆی وڵاتانی ئیسلامییو دەرەوەدا گرنگییەكی زۆر دەدرێت بە رێبەرایەتیی پارتی دادو گەشەپێدان وەك مۆدێلێك بۆ دەسەڵاتداریی، كەسایەتییە كاریگەرەكان لە سەروبەندی بەهاری عەرەبیدا هەر لە هیلاری كلینتۆنەوە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بگرە تا دەگاتە فەیلەسوفی ئیسلامیی تارق رەمەزان رەواجیان داوە بە بیرۆكەی "مۆدێلی توركیی" سەبارەت بە سیستەمە عەرەبییە هاوچەرخەكان(4). لەسەر ئاستی جیهانی عەرەبیشدا دەنگی داوەتەوە، لە راپرسییەكدا كە بەمدواییە ئەنجامدراوە، رێژەی 44% میسرییەكان پێیان باشبووە سیستەمی سیاسیی وڵاتەكەیان هاوشێوەی سیستەمی سیاسیی توركیا بێت، لە وەختێكدا، رێژەی 10% داوایانكردووە هاوشێوەی سیستەمی سیاسیی فەڕەنسیی بێتو 8% داوایانكردووە هاوشێوەی شانشینی عەرەبیی سعودیە بێتو تەنها 1% داوایانكردووە هاوشێوەی سیستەمی سیاسیی بێت لە ئێراندا(5).
هەرچی "مۆدێلی پارتی دادو گەشەپێدانە" كە لە لایەن هێندێك لە دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستو رۆژئاواوە پێشنیاركراوە كە تۆقیون لەوەی ئیسلامیستە عەرەبەكانیش دەوڵەتەكانیان بكەنە كۆپییەكی سوننیی هاوشێوەی سیستەمی ئێرانی – دەمارگیر، دەسەڵاتسەپێنو دژە رۆژئاوا. لەگەڵ هەڵكشانی ئیسلامییەكان بۆ دەسەڵات لە نێوچە عەرەبییەكاندا، ئەمجۆرە مشتومڕانە لە هەموو كاتێك پتر شایەنی گرنگی پێدانە(6).
هێندێك لە رەخنەگران بەدووریان زانیوە ئیسلامییەكان لە جیهانی عەرەبیدا ئەم نمونەیە بگرنەبەر، بە بەڵگەی ئەوەی پارتی دادو گەشەپێدان بەرگریی لە سێكیۆلاریزم دەكاتو كردوویە بە ئیلهام بەخشی خۆی، ئەم كۆڵینەوەیە ئاماژە بە پێچەوانەی ئەم فیكرە دەدات. بەشێوەیەك سەركەوتنی پارتی دادو گەشەپێدان لە پیادەكردنی "سیاسەتی خاوەن مەرجەعیەتی دینیی"(7) بەبێ هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامیی – دەوڵەتێك دەستوورەكەی شەریعەتی ئیسلامیی مەرجەعیەتی یاسادانان بێت – تاكو بیكاتە نمونەیەكی گونجاوو باش بۆ ئیسلامیستە عەرەبییەكان.
ئەو مۆدێلەی كە چاوی لێدەكرێت: لە پشت چەمكی "مۆدێل"و ماناكەی
ئەو گفتوگۆ تایبەتانەی كە سەبارەت بە "مۆدێلی توركیی" یاخود "مۆدێلی" دەوڵەتێكی تر دەكرێت بمانباتە نێو تاریكاییەكانی زانستی سیمانتیكسەوە، بۆیە لەپێناو خۆبەدوورگرتن لە تێكەڵكردنی چەمكەكان باشتروایە هێندێك خاڵ بەهەند وەربگرین: یەكەم، چەمكی "مۆدێل" ناكاتە كۆپیكردن، دەكرێت سیستەمی سیاسیی توركیی ئیلهامبەخشی هاوسێ عەرەبییەكان بێت بەبێ پشتبەستن بە مۆدێلە گشتییەكەی. دووەم، بیرۆكەكە ئەوەیە نابێت ئەزموونی مێژوویی مۆدێلێك دووبارە بكرێتەوە، بەڵكو ئەو دەرهێنەری كۆتاییە كە بە بەرژەوەندیی بەرایی دادەنرێتو، ناجێگیرییە مێژوویییەكان یاخود جیاوازییە كۆمەڵایەتییو ئابوورییەكان لەنێوان توركیاو جیهانی عەرەبیدا نابێت بكرێتە بەربەستو قۆرت، دواجار وڵاتان لەسەریان پێویست نییە مۆدێلەكانیان بگوازنەوە تاكو كاریگەرییان هەبێت، بەڵكو دەكرێت فیكرەكان بگوازێتەوە لەرێگەی كۆمەڵێك كەناڵەوە، لەنێویشیاندا پارتە سیاسییەكانو رێكخراوە ناحكومییەكانو زانكۆكانو هۆكانی راگەیاندنو ئاڵوگۆڕی فەرهەنگیی بەرفراوان، پاشتر ئەم پێكڕا تێكەڵبوونە لە فیكرەكان هاریكار دەبێت لە درێژبوونەوەی فیكرەكان بۆ پشت زانستی سیاسەتی دەرەكیی توركیا.
ئەوانەی گومان دەكەن لەم مۆدێلە دەڵێن لایەنە ناوازەكانی دۆخی توركیا ناكاتە ئەوەی بەو ئاسانییە وەك مۆدێل باسی بكەین، شایانی باسە دۆخەكانی تری ویلایەتە یەكگرتووەكانو فەڕەنسا بۆ نمونە جیاوازن، زۆرجاران بوونەتە مۆدێل بۆ ئەوانی تر، سەرباری ئەمانەش، جیاوازبوونی توركیی – لەرووی شێوەی پەیوەندییە مەدەنییەكان – سەربازییەكان لەوڵاتداو بەهێزیی نەریتە سێكیۆلارەكانی – ئەفسانەیە لە بری ئەوەی واقیع بێت، لە چەندین دەوڵەتی تردا سوپا هەمان رۆڵی هەیە زۆرترین متمانەی هەیە لەنێو دامەزراوەكانی دەوڵەتدا(8). لەهەمان كاتدا 19 دەوڵەتی تر كە دەوڵەتی سێكیۆلارو كۆمەڵگەی زۆرینەی مسوڵمانە هەیەو(9). لە قورسایی مۆدێلە سێكیۆلارەكەی توركیای كەمكردۆتەوە كە بەمدواییە دەركەوتووە وێرای رۆڵی هەڵكشاوی ئیسلام لە ژیانی گشتیداو ئەو جیاوازیانەی كە لە نێوان توركیاو جیهانی عەرەبیدا هەیە(10).
توركیا چەندین مۆدێلی لە بوارە جیاجیاكاندا پێشكەشكردووە، بە پشت بەستن بە ماوەیەكی زەمەنیی دیاریكراو(11)، مۆدێلە ئابوورییو كۆمەڵایەتییو دینییەكانی توركیا وەك پڵنگەكانی ئەنادۆڵو جووڵانەوەكەی گولەن(12) زۆرجاران سەرنجەكانی بردووە، لە جێبەندی بەهاری عەرەبیشدا پارتی دادو گەشەپێدان – پارتی دەسەڵاتدار لە توركیا كە ئاڕاستەیەكی ئیسلامیی هەیەو لە پێنج هەڵبژاردنی رابردوودا سەركەوتنی بەدەستهێناوە – مۆدێلێكی سیاسیی زۆر پەیوەستی بە هەلومەرجی ئێستاوە هەیە. ئەم كۆڵینەوەیە پتر تیشك دەخاتەسەر پارتی دادو گەشەپێدان وەك مۆدێلێك بۆ ئیسلامییەكان لە جیهانی عەرەبیدا، هەمدیسان تیشك دەخاتە سەر میتۆدی پارتی دادو گەشەپێدان لە تێگەیشتنی پڕاكتیكی بەرامبەر سیاسەتگەلە ئیسلامییەكان كە لەگەڵ "سێكیۆلاریزمی نێگەتیڤدا/ العلمانیە السلبیە" دێتەوەو دەكرێت وانەی گرنگ پێشكەش بكات بە پارتە ئیسلامییە هەڵكشاوەكانی ئێستای جیهانی عەرەبیی(13).
مۆدێلی پارتی دادو گەشەپێدان: سێكیۆلاریزمی نێگەتیڤ
لە رێگەی سەردانەكانیەوە بۆ سێ دەوڵەت لە سێپتێمبەری 2011 بانگەوازەكەی سەرۆك وەزیرانی توركیی ئەردۆگان بەئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتی سێكیۆلار لە دەوڵەتانی عەرەبیدا پەیامێك بوو زۆرترین گەنگەشەی لەخۆگرت، ئەردۆگان سەرەتای سەردانەكەی بۆ میسر بە بەرنامەیەكی تەلەفیزیۆنی بەنێوبانگ دەستپێكرد باسی لەوە كرد كە "سێكیۆلاریزم چەندین راڤە لەخۆدەگرێت"و، پارتەكەی گوزارشت دەكات لە دەوڵەتێكی سێكیۆلار، هەروەها پارتەكەی بێلایەنە بەرامبەر بە سەرجەم گرووپە دینییەكان، گوتوویە پارتەكەی لەسەروەختی پرۆسەی وەرچەرخانی دیموكراتیدایە، "میسر ئەوە دەزانێت كە دەوڵەتی سێكیۆلار ناكاتە دژایەتیكردنی دین بەڵكو زامنی ئازادیی دینیی دەكات"، دیسانەوە ئاماژەیداوە بەوەی "دەبێت دەوڵەت رێزی بێباوەڕان بگرێتو بیانپارێزێت"(14). گوتەبێژی كۆمەڵەی ئیخوان ئەلموسلمین رەخنەی لەو لێدوانانە گرت بەو پێیەی دەسوەردانە لە كاروباری نێوخۆیی میسر(15). ئەردۆگان بەخۆی ئەم پەیامەی لە تونسو لیبیاش دووپات كردەوە، گوتوویە "مسوڵمان دەتوانێت دەوڵەتێكی سێكیۆلار بەسەركەوتووی دابمەزرێنێت".(16) جەختكردنەوەكەی ئەردۆگان گومانی ئەوانەی پتر كرد كە گومانیان دەكرد لە مۆدێلەكەی پارتی دادو گەشەپێدان لە جێبەجێكردنی مۆدێلی پارتەكە لە جیهانی عەرەبیدا.(17) لە واقیعدا بۆشایی نێوان پارتی دادو گەشەپێدانو ئیخوان ئەلموسلمینو پارتەكانی تر هێندێكجار بە فراوانی دەردەكەوێتو ئەو پارتانە بەتوندیی بەرهەڵستیی بەرامبەر بە سێكیۆلاریزم رادەگەیەنن. لێرەدا پێویستە ئاماژە بدەین بە تێگەیشتنەكان لە سێكیۆلاریزمو پێناسەكانی فرە جیاوازن، بۆ نمونە زۆرینەی ئەندامانی دادگەی دەستووریی توركیی لە ساڵی 2008 بڕیاریاندا لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پارتی دادو گەشەپێدان بەو پێیەی دژی سێكیۆلاریزمە، پارتی نێوبراو رزگاری بوو لەو بڕیارەی دادگەی دەستووریی بە هەڵوەشاندنەوەی لەسەر ئەو بنەمایە.
لەپێناو روونكردنەوەی وێنەكە باشتروایە دوو جۆر لە سێكیۆلاریزم دیاریی بكەین، "سێكیۆلاریزمی تۆتالیتێریی" ئەوە لە دەوڵەت دەخوازێت كە رۆڵێكی كارا بگێرێت لە دوورخستنەوەی دین لە بواری گشتییو بیكاتە شتێكی تایبەت، ئەمەش ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە كە پێڕەویی لەم مۆدێلەی سێكیۆلاریزم دەكەن وەك فەڕەنساو مەكسیكو تەنانەت تونسی پێش شۆڕش. لەوەختێكدا "سێكیۆلاریزمی نێگەتیڤ" لەلایەكی ترەوە ئەوە لە دەوڵەت دەخوازێت كە رۆڵێكی نێگەتیڤ بگێڕێت لە زەمینەخۆش كردن بۆ پیادەكردنی گشتیی دین، ئەم فیكرە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانو هۆڵەنداو سەنیگال پایەدارە...(18) ئەمە ئەو سێكیۆلاریزمە دەسەڵاتدارەیە لە توركیا بەدرێژایی سەدەی رابردوو كە سێكیۆلاریزمی تۆتالیتێرییە. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ئەو هێزانەی كە خاوەن مەرجەعییەتی ئیسلامیی بوون "پارتی دادو گەشەپێدانو جووڵانەوەكەی گولەن" سەركەوتنیان بەدەستهێنا لە جووڵاندنی توركیا بەرەو سێكیۆلاریزمی نێگەتیڤ بەهۆی سەركەوتنیان لە هەڵبژاردنەكاندا بەسەر هێزە سێكیۆلارە تۆتالیتێرەكانو بەرەنگاربوونەوەیان لە كۆمەڵگەی مەدەنییو هۆكانی راگەیاندنو بیرۆكراسیەتدا(19).ئەردۆگانیش بەخۆی لە درێژەی سەردانەكانیدا بۆ میسرو لیبیاو تونس بەرگریی لە بیرۆكەی سێكیۆلاریزمی نێگەتیڤ كرد نەوەك سێكیۆلاریزمی تۆتالیتێریی، سێكیۆلاریزمی یەكەم بێلایەنە لەبەرامبەر شوناسە دینییە جیاوازەكانی هاوڵاتیان.
دەوڵەتی سێكیۆلار لە توركیاو (نێگەتیڤ بێت یاخود تۆتالیتێر) وڵاتانی تر دوو بنەما لەخۆدەگرێت: هەر دامەزراوەیەكی دینیی دەبێت جێگەی دەوڵەتی تەنفیزییو یاسادانانو دامەزراوە دادوەرییەكان نەگرێتەوەو نەبێتە دینی فەرمیی دەوڵەت، رێوشوێنی یەكەم یەكلاكەرەوەیە بەنیسبەت پرەنسیپەكانی سەروەریی جەماوەریی دیموكراسیەتو نوێنەرایەتییو لێپرسینەوە. تەنانەت لانیكەمی پێناسەی رێوشوێنكاریی دیموكراسیەت سوورە لەسەر "غیابی دەسەڵاتەكانی بریكاری ناهەڵبژێردراو" (بۆ نمونە هێزە چەكدارەكان یاخود شانشینەكانو دامەزراوە دینییەكان)، كە دەسەڵاتی هەڵبژێردراوی بەرپرسەكان دیاریی دەكات لە دەسەڵاتدا(20). ئەگەر ئیسلامیستە عەرەبەكان دامەزراوە دینییە هەڵنەبژێردراوەكانیان لەگەڵ دەسەڵاتدا دانا بەئامانجی رەتكردنەوەی یاساكان بەپێی تێگەیشتنیان لە شەریعەتی ئیسلامیی، ئەوا ئەو دامەزراوەیە لە واقیعدا جێگەی دامەزراوە هەڵبژێردراوەكان دەگرێتەوە، ئەمەش ناكاتە ئەوەی بەربگرێت لە توانای گەل لەسەر یاسادانان بەئازادیی، ئەمەش بابەتێكی بنەڕەتییە لە هەر سیستەمێكی دیموكراسیدا. دەكرێت پارێزگاریی بكرێت لە رێژەیەك لە میانڕۆیی لەرێگەی رێگەدان بە راڤەی جۆراو جۆر لە شەریعەت. بەڵام بەخشینی رۆڵی دەستووریی بە دامەزراوەكە لەپێناو دیاریكردنی شەریعەتی ئیسلامیی ئەوە لێدانێكی گەورەیە لە بنەما سەرەكییەكانی دیموكراسیەت.
بنەمای دووەمی دەوڵەتی سێكیۆلار ئەوەیە دینێكی فەرمیی لە گۆڕێدا نەبێت دەتوانرێت بەشێوەیەكی كارا دیموكراسیەت ئەدا بكرێت، چەندین سیستەمی دیموكراسیی هەنە دینێكی فەرمییان هەیە لەوانە ئینگلتەراو دانیماركو یۆنانو ئیسڕائیلو بەنگلادیش،(21) تەنانەت دەوڵەتە سێكیۆلارەكانیش زۆرجاران مەیلیان بەلای ئایینە دیاریكراوەكاندا هەیە بەبێ ئەوەی بەشێوەیەكی فەرمیی بڕیاریان لێدابێت بەوەی "دینی دەوڵەتە"، بۆ نمونە فەڕەنسا تایبەتمەندیی زۆرینەی دینیی دەستەبەرە كە بۆ ئەوانی تر دەستەبەر نەكراوە،(22) لەهەمان كاتدا توركیا ئاژانسی حكومیی هەیە "دیانت" كە نوێنەرایەتیی ئیسلامی سوننیی دەكاتو پێشنوێژی مزگەوتەكان كاری تێدا دەكەن. مادامێكی جیاكاریی دژ بە كەمەنەتەوە نامسوڵمانەكان ناكرێت، ئەوا دەقی دەستوور رێگر نییە ئیسلام دینێكی فەرمیی بێت لە پشكوتنی سێكیۆلاریزمی نێگەتیڤ لە دەوڵەتە عەرەبییەكاندا.(23)
شایانی باسكردنە مشتومڕكردن سەبارەت بە سێكیۆلاریزم لە وڵاتە عەرەبییەكاندا دەبێتە خاڵێكی ئاڵۆز، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی ستەمكاریی عەرەبیی سێكیۆلار، هەردوو چەمكی "دەوڵەتی سێكیۆلار"و "سێكیۆلاریزم" چەندین دەلالەتی نێگەتیڤی هەیە لە دەوڵەتە عەرەبییەكاندا بەتایبەت لەنێو ئیسلامیستەكاندا. بۆیەشە دەكرێت چەمكی تر بەكاربهێنرێت وەك "دەوڵەتی بێلایەن" تاكو جێگەی "سێكیۆلاریزم" بگرێتەوە لە دەقە یاساییەكاندا یاخود گوتاری گشتیدا. لە واقیعدا لانیكەم 13 دەوڵەت لەنێوان 46 دەوڵەتدا هەیە كە زۆرینەكەی مسوڵمانەو چەمكی "سێكیۆلاریزم بەكاردەهێنن بۆ ناساندنی دەوڵەت لە دەستوورەكانیاندا،(24) بەپێی شیكاریی دەستووری 166 وڵات لە سەرتاسەری جیهاندا تەنها 27 دەوڵەت چەمكی سێكیۆلاریزم بەكاردەهێنن لەكاتی پێناسەكردنی دەوڵەتدا.(25)
كاتێك لە پەیوەندیی ئیسلامو دەوڵەت ورد دەبینەوە لە وڵاتە جۆراو جۆرەكاندا تێبینی چەندین مۆدێلی جیاواز دەكەین سەبارەت بەوجۆرە پەیوەندییە. لە بەرەی ئەو دەوڵەتانەی كە سێكیۆلاربوونی خۆیان راگەیاندووە وەك توركیا یاخود بەوەی ئیسلام دینیی فەرمییە بەبێ نێوبردنی شەریعەتی ئیسلامیی وەك تونس. هەمدیسان ئەو دەوڵەتانەش كە شەریعەتی ئیسلامییان كردۆتە سەرچاوەی یاسادانان وەك میسری پێش 2012 كە هێندێك زەمینەی خۆش دەكرد بۆ دامەزراوە دینییەكان رۆڵی راڤەكاری شەریعەتی ئیسلامیی بگێڕن بۆ نمونە میسری پاش 2012. لە هێندێك دەوڵەتی تردا بۆ نمونە ئێران دامەزراوە دینییەكان دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی یاساكانیان هەیە تەنانەت رەتكردنەوەی كاندیدەكانیش لە هەڵبژاردنەكاندا.
لەپێناو رۆشنكردنەوەی رێگەكان كە لێوانڕێژە لە ئازادیی یاسادانان لە پرسە جۆراوجۆەكاندا لە هەموو ئەو حاڵەتانەی لەسەرێدا باسمانكرد، رەنگبێ هاریكار بێت لە تەماشاكردنی لەو سیناریۆیەدا كە یاسایەكی نوێی مەدەنیی تێدا پێشنیار دەكرێتو یەكسانیی لەنێوان هەردوو رەگەزەكەدا دەچەسپێنێتو (لەگەڵ راڤەكانی شەریعەتی سوننەتیدا دژیەكە). لە مۆدێلەكانی یەكەمو دووەمدا هیچ كێشەیەك نییە، لە مۆدێلی سێیەمدا – كە ئاماژە دراوە بەشەریعەت وەك سەرچاوەی یاسادانان كە تا ئێستا پێناسەكردنی تەمومژاوییە – ئەمجۆرە لە یاسایانە مومكینن ئەگەر دادگەی دەستووریی هەوڵبدات سنوورێكی بۆ دابنێت. لە مۆدێلی چوارەمدا لەمجۆرە تەشریعەدا قورسە دامەزراوەی دینیی دژی بوەستێتەوە، لەوەختێكدا لە مۆدێلی پێنجەمدا بە نزیكەیی مەحاڵە خودی دەسەڵاتە دینییەكان دەسەڵاتی رەتكردنەوەیان هەبێت.
لە مۆدێلی یەكەمدا – تایبەت بە پارتی دادو گەشەپێدان – بەڵگەیە لەسەر ئیمكانیەتی پێڕەوكردنی سیاسەتی خاوەن مەرجەعیییەتی دینیی بەبێ دامەزراندنی "دەوڵەتی ئیسلامیی". تەنانەت ئەگەر دەستووری سیستەمە عەرەبییە هاوچەرخەكان رایبگەینن كە ئیسلام دینی فەرمییە یاخود هەڵبژاردنی بەكارنەهێنانی سێكیۆلاریزم لەرووی یاساییەوە، ئەوا نزیك دەبێتەوە لە مۆدێلی پارتی دادو گەشەپێدان وەك لە مۆدێلە ئێرانیەكە مادامێكی داننانێت بە دامەزراوەی دینیی دا كە تاكڕەوانە راڤەی شەریعەت بكات. كێشەكە لێرەدا یەكلاكەرەوەیە ئەویش لە دوا گوتەی پرۆسەی یاساسازیی سیستەمە عەرەبییە هاوچەرخەكاندا خۆی دەبینێتەوە كە دەكەوێتە ئەستۆی دامودەزگا هەڵبژێردراوەكان یاخود هەڵنەبژێردراوەكان لە دامەزراوە دینییەكاندا.
مۆدێلی پارتی دادو گەشەپێدان: خاوەن مەرجەعییەتی دینیی نەوەك "ئیسلامیی"
یەكێك لە تایبەتمەندێتییە سەرەكییەكانی پارتی دادو گەشەپێدان تێگەیشتنێكی پراگماتیانەی هەیە بۆ سیاسەتی خاوەن مەرجەعییەتی دینیی. ئەم تێگەیشتنەش زەمینەی بۆ پارتەكە خۆشكردووە شوێنێك بگرێت لەنێوان سێكیۆلاریزمی تۆتالیتێریی لە لایەكو ئیسلامیش لە لایەكی ترەوە. بەپێی ئەم تێڕوانینە تاكو گرووپە مسوڵمانەكان دەتوانن رەواج بدەن بە تێڕوانینە ئیسلامییەكان لە سیستەمی دیموكراسیدا لەرێگەی پرۆسەكانی یاسادانانو بەشداریی لە دامەزراوە سیاسییەكان یاخود دادوەرییەكاندا یاخود بەشداریی لە كۆمەڵی مەدەنییو هۆكانی راگەیاندندا.(26) بۆ نمونە، دەكرێت ئەخلاقی ئیسلامیی لە لەرێگەی بەگژداچوونەوەی گەندەڵییو مەحسوبیەتدا رەنگبداتەوە، یاخود لە چەسپاندنی دادپەروەریدا. هەمدیسان دەكرێت پارتە ئیسلامییە جۆراوجۆرەكان رەواج بدەن بە تێگەیشتنیان لە شەریعەت لەرێگەی پرۆسەی دیموكراسیی ئازادانەوە، بەم رێگەیە هیچ پێویستییەك نابێت بۆ نێونانی فەرمیی دەوڵەت بەنێوی "ئیسلامیەت" لەپێناو چەسپاندنی پرەنسیپە ئیسلامییەكان لە سیاسەتدا. لەپاش هەموو ئەمانە، چەندین "دەوڵەتی ئیسلامیی" هەن لە واقیعدا شكستیان هێناوە لە پشتگیریی كردنی لەوەی لە لایەن زۆرێكەوە تەسەور دەكرێت سەبارەت بە "پرەنسپیە ئیسلامییەكان" لە سیاسەتی رۆژانەدا.
پارتی دادو گەشەپێدان لەگەڵ لایەنە دینییە سەرەكییەكانی تری توركیا – لەنێویاندا جووڵانەوە كاریگەرەكەی گولەن – رێككەتووە لەسەر هەڵوێستی رەخنەگرانە دەرباری ئیسلامی سیاسییو پێویستبوونی "دەوڵەتی ئیسلامیی". بەپێی راپرسییەكانی رای گشتیی، وێڕای ئەوەی 70%ی توركان پیادەی دینی ئیسلام دەكەن، كەچی تەنها 9% پشتگیرییان لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامیی كردووە لەسەر بنەمای شەریعەت. بەپێچەوانەی هەرچی دەوڵەتانی عەرەبییە بەپێی راپرسییەكانی رای گشتیی پشتگیریی لە جێبەجێكردنی شەریعەت دەكەن لە دەوڵەتەكانیاندا.(27) هەمدیسان راپرسییەكان ئەوە دەردەخەن كە لە جیهانی عەرەبیدا پتر پشتگیریی لە دیموكراسیەت دەكرێت واتە گونجاندنی بیروباوەڕە دینییەكان بە دیموكراسیەتەوە یاخود لانیكەم خواستیان لە دیموكراتیزەبووندا.
رەخنەكان لە "ئیسلامی سیاسیی" لە كن رەوتە ئیسلامییەكان لە توركیا (وەك پارتی دادو گەشەپێدانو جووڵانەوەكەی گولەن) لەسەر ئەوەیە كە بەشێوەیەكی گشتیی ئیسلامی سیاسیی پتر شكڵییە، ئەو توركانە زۆرجاران دەڵێن ئیسلامییەكان بەشێوەیەكی نەگونجاو تیشك دەخەنەسەر پرسە پەیوەستەكان بە یاسای سزادانو ئەو بەربەستانەی كە سەپێنراون بەسەر مافەكانی ژندا بە میكانیزمگەلێك كە پرەنسیپە ئیسلامییە جوانەكانو ئامانجە ئەخلاقییەكان لەبار دەبات.(28) بۆ نمونە دەڵێن وێڕای ئەوەی ئیسلام تیشك دەخاتە سەر گرنگیی پاكوخاوێنیی ئەوا زۆر نەگونجاوە گفتوگۆ بكرێت سەبارەت بە شوێنی شەریعەتی ئیسلامیی لە دەستووری وڵاتێكدا كە زۆرینەی شارەكانی تێدەكۆشن لەپێناو رزگاربوون لە خۆڵو خاشاك، دیسانەوە ئەوانە دەڵێن لەرێگەی دیاریكردنی ئیسلامیەتی دەوڵەت وادەكات دەسەڵاتداران شەرعییەتی دینیی بەكاربهێنن وەك ئامرازێك بۆ رزگاربوون لە لێپێچینەوە یاخود پاساو هێنانەوە بۆ ئەو رێوشوێنانەی دەیگرنەبەر كە زۆرینەی جەماوەرەكانیان پشتیگیرییان ناكەن. ئیدی بەهۆی هەڵەی ئەو دەسەڵاتدارانەوە دەرگای رەخنەگرتن لە ئیسلام دەكرێتەوە. هەمدیسان نێوی خوایان داوە لە ئاڵای دەوڵەتەكانیان وەك ئەوەی هێندێك لە دەسەڵاتداران پێی هەڵدەستن، تەنها ئامانجیان ئەوەیە مۆركی پیرۆزیی بلكێنن بە دەوڵەتەكانیانەوە. دواجار ئەو رەخنەگرانە ئاماژە دەدەن بە تێڕوانینی "یۆتۆپیانە" یاخود مەدینە ئەلفازیلە كە لە لایەن ئیسلامیستە بەرهەڵستكارەكانەوە رەواجی پێدەدرێت شكستی هێناوە لە دەستەبەركردنی ئازادیی تەواوەتیی، ئەویش لە حاڵەتی كەمی ئەوانەدا كە گەیشتوون بە دەسەڵات لەوانە ئێرانو سودانو ئەفعانستان.
سێكیۆلاریستەكان لە توركیاو جیهانی عەرەبیدا هەمان ئەو رەخنانەیان پێشكەشكردووە، بەڵام توندترینیان وەختێك بوو كە پارتی دادو گەشەپێدان هاتە ئاراوە، وێڕای ئەزموونی ئەو پارتە تایبەت بە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو پرسانەدا، بەراشكاویی دامەزرێنەرانی پارتەكە وازیان هێنا لە بیروبۆچوونە ئیسلامییە سوننەتییەكان لە سەروەختی دامەزراندنی پارتی دادو گەشەپێداندا. لە رووبەروونەوەی فشارە نێوخۆییو لۆكاڵییەكاندا دانیان نا بەو گرفتانەی كە ئیسلامی سیاسیی هێناویەتە ئاراوە لە لایەنی تیۆرییو پڕاكتیكدا. ئەوانەی گومانیان لە پارتی دادو گەشەپێدان هەیە داخوا لە راستیدا سێكیۆلاریزمی لەئامێزگرتووە یاخود ئەو وەرچەرخانە دەرەنجامی بەربەستە دامەزراوەییەكانە، لێرەدا پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە ئایا سێكیۆلاریزمی نێگەتیڤ پارتی دادو گەشەپێدان لە جیهانی عەرەبیدا دووبارە دەكاتەوە، لە وەختێكدا ئەو بەربەستە دامەزراوەییە بەو رێژەیە نییە؟ وەڵامەكەی ئەمەیە: هەردووك پێكەوە.
هەمیشە پەیوەندیی هەیە لەنێوان وەرچەرخانی فیكرییو بەربەستی دامەزراوەیی. بەشێوەیەك وەرچەرخانی رێبەرانی پارتی دادو گەشەپێدانی ئیسلامیی بەرەو سێكیۆلاریزمی نێگەتیڤ پرۆسەیەكی ئاڵۆز لەخۆدەگرێت دەتوانین لێرەدا بەكورتی وەسفی بكەین،(29) سێ فاكتەری ستراكچەریی گرنگ هەیە لە كاراكردنی ئەو وەرچەرخانەدا. یەكەم، دەوڵەتانی رۆژئاواو دامەزراوەكان كە پەیوەندیی بەهێزیان هەیە بە توركیاوە نایانەوێت سیستەمێكی ئیسلامیی لەوێ دەربكەوێت. دووەم، بەكارهێنانی دەسەڵاتی راستینەی سوپای توركیی لە سیاسەتدا بەئامانجی دانانی سنوورێك بۆ هەر هەوڵێك بدرێت لەپێناو دووركەوتنەوە لە نەریتە سێكیۆلارەكان لە وڵاتدا، ئەویش بە پەنابردن بۆ بۆ كۆدەتا راستەوخۆكان لە كاتی پێویستدا. دواجار زۆرینەی كۆمەڵگەی توركیی لە واقیعدا بەشدارە لەو رەخنانەی كە بەرەو رووی ئیسلامییەكان دەبێتەوە بەهۆی نەریتی سێكیۆلاریی وڵاتو بەهێزیی راڤە میانڕۆكان بۆ ئیسلام لە توركیا. مێژووی توركیا لە رووی هەڵبژاردنە جۆراوجۆرەكانی پارتە سیاسییەكان هەر لەساڵی 1950وە دەریخستووە دەبێت هەر پارتێكی ئیسلامیی ئەوپەڕی هەوڵی خۆی بدات تاكو چارەكی دەنگەكان بەدەست دەهێنێت لەسەر ئاستی نیشتیمانیدا. بۆیەشە رێبەرانی پارتی دادو گەشەپێدان دركیان بەوە كردووە لەو هەلومەرجانەدا ناتوانێت فەرمانڕەوایەتیی توركیا بكات لەگەڵ ئایدۆلۆجیای ئیسلامیداو پاشتر پارتەكە سیاسەتی دیموكراتیی نوێو گوتاری سێكیۆلاریزمی نێگەتیڤی پێڕەوكرد. ئەم هەڵوێستە دواجار رێگەی پێدان زاڵببن بەسەر ئەو بەربەستو قۆرتانەدا كە سوپا دروستی كردبوو لەگەڵ پاراستنی پەیوەندیی نوێ لەگەڵ رۆژئاوادا بەشێوەیەكی رێژەیی. ئێستا پارتی دادو گەشەپێدان بەهێزترین پارتە لە توركیاداو، لە هەڵبژاردنە پارلەمانییەكەی ساڵی 2011دا 50%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا.
گرنگە زێدەڕۆیی نەكەین لە توندكردنەوەی رەهەندە ستراكچەرییەكانی وەرچەرخانی پارتی دادو گەشەپێدانو فەرامۆشكردنی هێزی سەرانی پارتەكە بەتایبەتیی ئەردۆگانو (سەرۆك وەزیرانی ئێستا) عەبدوڵڵا گویلو (سەرۆكی ئێستای وڵات) بولنت ئەرینك (جێگری سەرۆك وەزیران). هەمدیسان پارتەكە لە پارتێكی ئیسلامییەوە وەرچەرخا بۆ سێكیۆلاریزمی نێگەتیڤ، سەرانی پارتەكە زۆر لێوەشاوەبوون لەوەدا كە قەناعەتیان بە شوێنكەوتووەكانیان كرد سەبارەت بە مۆركی نوێی پارتەكەیان. لەپاش دە ساڵان لە فەرمانڕەوایەتیی هەست بەوە ناكەین پلانێكیان هەبێت بەرەو ئاڕاستەی دەوڵەت لەسەر بنەماكانی شەریعەت. كێشەكەی ساڵی 2008 كە لە سەرێڕادا باسمانكرد كە پارتی دادو گەشەپێدان تۆمەتباركرا بە دژایەتیكردنی سێكیۆلاریزم، بەڵگەكانیش دژ بە پارتەكە لەوەدا كورت ببۆوە كە هەوڵدەدات بەربەستاكان لەسەر باڵاپۆشیی لە زانكۆكانو باشكردنی هەلی دەرچووانی قوتابخانە دینییەكانو بەرفراوانكردنی خوێندنی قورئاندا لابەرێت. سەرباری هەموو ئەمانەش، سیاسەتوانانی پارتی دادو گەشەپێدان سەركەوتووتر بوون لەوانی پێشووتر ئەوانەی خاوەن رێبازی سێكیۆلاریزمی تۆتالیتێریی بوون لەرووی بەرفراوانكردنی مافەكانی رێكخراوە مەسیحییو جولەكەكانو گێڕانەوەی ئەو كەلوپەلانەی كە پێشتر دەستیان بەسەردا گیرابوو.
شایانی ئاماژە بۆ كردنە وێڕای ئەو بەربەستو قۆرتە ستراكچەرییانەی كە لە سەرێڕا باسمانكرد پارتە ئیسلامییەكانی تری توركیا نەچوونەتە ژێرباری پرۆسەی هەمان وەرچەرخانەوە بۆیەشە هەتا ئێستاش لە پەراوێزی سیاسیدان – ئەمەش دووبارە ئاماژەیە بۆ گرنگیی رێبەرایەتییو هێز لە روودانی گۆڕانكاریدا. بە كورتی، وەرچەرخانی پارتی دادو گەشەپێدانو دە ساڵان لە فەرمانڕەوایەتیی دەكرێت ببێتە سەرچاوەی ئیلهامی سیاسەتوانانی عەرەب.
وەك پێشتر باسمانكرد، كۆپیكردنی ئەزموونێكی مێژوویی لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر پێویست نییە تاكو وەك مۆدێلێك تەماشای بكرێت. لەپاڵ ئەمەشدا ئەگەر بە وردیی بڕوانین دەبینین دەوڵەتە عەرەبییەكان لە چەند فاكتەرێكی ستراكچەریدا هاوبەشن كە بووە مایەی وەرچەرخانی پارتی دادو گەشەپێدان. پشتگیریی ماددییو سیاسییو تەنانەت سەربازیش لە دەوڵەتانی دامەزراوە رۆژئاواییەكان شتێكی یەكلاكەرەوەیە بەئامانجی بەهێزكردنی دیموكراسیەت لە میسرو تونسو لیبیاو مەغریب.(30) لایەنە رۆژئاواییە كاراكانیش پێیان باشە لەو وڵاتانەدا سیستەمی سیاسیی پایەدار نەبێت لەسەر شەریعەتی ئیسلامیی. سوپا لە وڵاتانی عەرەبیدا دۆخەكەی لە توركیا ناكات – كە رۆڵی پاسەوانی سێكیۆلاریزم دەبینێت – پشتگیریی جەماوەر دەبینین لەپێناو جێبەجێكردنی شەریعەت لە جیهانی عەرەبیدا. بەڵام هەر یەكێك لەو وڵاتانە بگریی دۆخێكی تایبەت بەخۆی هەیە كە بەربەستو قۆرت لەبەردەم ئیسلامییە میانڕۆكاندا هەیە تاكو وەربچەرخێن. لە میسر، بۆ نمونە، كەمینەی مەسیحیی هەیە كە رێژەی 10%ی دانیشتوان پێكدەهێنن، بەڵام لە توركیا تەنها 1%ی دانیشتوانەكەی نامسوڵمانن. لە میسرو تونس سوپاو هێزە ئەمنییەكان كە پێشتر ئیسلامییەكانیان چەوساندۆتەوەو جەزرەبەیان داون تا ئێستاش دەسەڵاتێكی گەورەیان هەیە. هەرچی مەغریبە دەوڵەتێكە مۆركی پاشایەتیی هەیەو پشتگیریی جەماوەریی گەورەی هەیە كە رێگرێكی سەرەكییی دامەزراوەییە لەبەردەم ئیسلامییەكاندا. بەڵام توركیا بژاردەیەكی سێكیۆلاریستی هەیەو هێزێكی دەگمەنیان هەیە، بڕێك لە دەوڵەتانی عەرەبیی بەتایبەت میسرو تونس بژاردەیەكی سێكیۆلاریستی هەیەو هەمان هێزیان هەیە، لەنێویشیاندا پاشماوەی سیستەمە تۆتالیتێرە كۆنەكەو لیبراڵو لاوە شۆڕشگێڕەكان. لەوەختێكدا سوپای توركیا رۆڵی گێڕا لە وەرچەرخانی پارتی دادو گەشەپێداندا، ناكرێت زێدەڕۆیی بكەین لە قەبارەو گرنگییەكەیدا لەبەر یەك شت ئەو ستەمو زۆرەی كە ژەنەڕاڵەكانی توركیا پیادەی دەكەن هەمیشە میانڕۆیی لێناكەوێتەوە. لە حاڵەتەكانی وەك ئێرانی سەردەمی شاو جەزایری نەوەدەكاندا، بۆ نمونە، ئەو ستەمو زۆرە توندڕۆیی لە بەرەی ئیسلامییەكاندا پتركرد، بەڵام ئەمڕۆكە، سوپای توركیا باڵادەستیی سیاسیی بەسەر سیاسەتواناندا لەدەستداوە.(31) لە واقیعدا 400 ئەفسەری سەربازیی قۆڵبەستكراوە، لەنێویاندا 72یان پلەی ژەنەڕاڵو ئەمیڕاڵیان هەیەو لە خزمەتی فیعلیدا بوون، پلانیان دانا بۆ كۆدەتای سێكیۆلار بەسەر پارتی دادو گەشەپێداندا. وێڕای پاشەكشەی هێزی دامەزراوەی سێكیۆلار، پارتی دادو گەشەپێدان تا ئێستا جێبەجێكردنی سیستەمی ئیسلامیی رەت دەكاتەوەو بگرە داوا لە وڵاتانی عەرەبیش دەكات پێڕەویی لە مۆدێلی سێكیۆلاریزمی نێگەتیڤ بكەن.
مۆدێلی پارتی دادو گەشەپێدان: ریالیزم نەوەك رادیكالیزم
پارتی دادو گەشەپێدان بەشێوەیەكی پراكتیكیی كاریكردووە لە بەرامبەر بڕێك گرفتی سیاسیی جۆراوجۆردا، لەنێویشیاندا پەیوەندیی ئیسلامو سێكیۆلاریزم. پارتی دادو گەشەپێدان لەپێناو گرتنەبەری هەر هەڵوێستێكدا سەبارەت بەهەر گرفتێكی دیاریكراو تەماشای باڵانسی هێزەكان دەكات لە توركیاو هەروەها سیاسەتی جیهانیش. لە وەسیقەی فەرمیی پارتەكەدا كە ئایدۆلۆجییەتەكەی دیاریكردووە "كۆنسێرڤەتیڤی دیموكراسیی" تیشك دەخاتە سەر پراگماتیزم (ریالیزم).(32) بە هەڵبژاردنی سیفەتی "كۆنسێرڤەتیزم" پارتەكە هەوڵدەدات لەپێناو حیكمەتو جەختكردنەوە لە گۆڕانی پلە بە پلە لەوەختێكدا هەموو جۆرەكانی توندوتیژیی رەتدەكاتەوە ئەو توندوتیژییە سێكیۆلار بێت یاخود ئیسلامیی یاخود سۆشیالیزمیی یاخود لێیراڵیی. لە رەخنەكانیدا سەبارەت بە یەعقوبیەتی فەڕەنسییو رادیكاڵیزمی عەقڵانیی، ئایدۆلۆجیای كۆنسێرڤەتیزم لە كن پارتەكە ئاماژە دەدات بە بیریارانی وەك مایكڵ ئۆكشۆتو ئیدمۆند بۆرك.(33) رەنگە پارتە سیاسییە ئیسلامییە عەرەبییەكان پڕاگماتیزمی پارتی دادو گەشەپێدان پێڕەو بكەنو گرنگیی پێبدەن وێڕای سەركەوتنی پارتەكە لە چەندین ئاستدا. لەسەر ئاستی نێوخۆیی سیاسەتەكانی پارتەكە هاریكار بووە – لەوانە سیاسەتەكانی گەشەپێدانی ئابوورییو تەندروستیی گشتگیرو پرۆژەكانی نیشتەجێكردن – لەسەركەوتنی پارتەكەدا لە پێنج هەڵبژاردنی نیشتیمانیدا (دووی شارەوانییەكانو سێی هەڵبژاردنە پارلەمانییەكان).
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پارتی دادو گەشەپێدان سەركەوتنی بەدەستهێناوە لە قەناعەتپێهێنانی ویلایەتە یەكگرتووەكانو دەوڵەتە ئەوروپییەكان بەوەی پارتەكەیان كە خاوەن ریشەیەكی ئیسلامییە پشتی پێبەسترێتو بكرێتە هاوپەیمان. دەكرێت بڵێین ئەزموونی پارتی دادو گەشەپێدان لەماوەی دەیەی رابردوودا یەكێكە لەو فاكتەرانەی كە وایكردووە دەوڵەتە رۆژئاواییەكان پتر لێبوردەبن بەرامبەر بە ئیسلامیییەكان لەو دەوڵەتانەی كە كاریگەربوون بە بەهاری عەرەبیی. ئەمەش لە پێشوازیكردنی گەرموگوڕی حكومەتە رۆژئاواییەكاندا بەدیار دەكەوێت بەرامبەر بە هێزە ئیسلامییە هەڵبژێردراوەكان بەشێوەیەكی دیموكراتیی لەپاش ساڵی 2011 كە دژیەكە لەگەڵ ئەو دوژمنایەتییەی كە لە نەوەكاندا هەیانبوو بەرامبەر رێكخراوە ئیسلامییەكان.(34) ئەردۆگان بەخۆی میانڕۆییەكی بێهاوتای پێشانداوە لە سیاسەتە دەرەكییەكانیداو زۆرجارانیش سیاسەتی دژیەكو فرە خەتەرناكی گرتۆتەبەر. بۆ نمونە رەخنەگرتنی توند لە ئیسڕائیل(35) لەگەڵ پاراستنی پەیوەندییە باشەكانی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانو رەتكردنەوەی سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێراندا لە ئەنجومەتی ئاسایشی سەربە نەتەوە یەكگرتووكان وێڕای دەربڕینی رەزامەندیی لەسەر بڵاوكردنەوەی رادارەكانی پەیمانی ناتۆ لە رۆژهەڵاتی توركیا دژ بە ئێران.(36)
پارتی دادو گەشەپێدان مۆدێلێكی پێشكەشكردووە سەبارەت بە چۆنێتیی مامڵەكردنی وڵاتێك كە زۆرینەكەی مسوڵمانن لەگەڵ رۆژئاوادا بەو رێگە دۆستانەیە بەڵام یەكلاكەرەوە. هەرچەندە ئەڵمانیاو فەڕەنسا بەرهەڵستیی بە ئەندامبوونی توركیا دەكەن لە یەكێتی ئەوروپادا كەچی ئەردۆگان رەخنە لە دەوڵەتانی ئەوروپیی دەگرێتو پابەندە بە ئەندامێتی توركیا لە پەیمانی باكووری ئەتڵەسیی(ناتۆ) و دامەزراوە رۆژئاواییەكانی تر. پاراستنی ئەو پەیوەندییە گەرموگوڕانە رۆڵێكی سەرەكیی بینیوە لە سەركەوتنەكانی پارتی دادو گەشەپێدان لە چەسپاندنی گەشەی ئابوورییو گەشەپێداندا/التنمیە. سەرباری دەستەبەركردنی چارەسەری پەیوەندیی نێوان ئیسلامو سیاسەت، دەگونجێت مۆدێلی پارتی دادو گەشەپێدان ببێتە نمونەیەك بۆ ئیسلامیستە عەرەبەكان بەتایبەت ئەگەر میتۆدێكی پڕاكتیكیی پێڕەو بكەن لە سیاسەتی نێوخۆییو نێودەوڵەتیدا رەنگبێ دەسكەوتی گرنگ بەدەست بهێنن.
راسپاردەكان بۆ پارتی دادو گەشەپێدان: زاڵبوون بەسەر بەربەستو قۆرتەكاندا
وەك پێشتر باسمانكرد چەندین بەربەستو قۆرت لەبەردەم پارتی دادو گەشەپێندایە وەك مۆدێلێك بۆ پارتە ئیسلامییەكانو نا ئیسلامییەكانیش لە جیهانی عەرەبیدا كە پەیوەستە بە ئەزموونە تایبەتەكەی توركیای هاوچەرخ (لەنێویاندا ساڵانێك لە ئەزموونی دیموكراسیی، بازرگانیی بازاڕی ئازادو بە ئەندامبوونی توركیا لە رێكخراوە رۆژئاواییەكاندا). دوورتر لەمەش، لە چەندین بواری تردا پێویستە پارتی دادو گەشەپێدان گرنگی پتری پێبدات ئەگەر دەیەوێت هاریكار بێت لە دروستكردنی مۆدێلێك بۆ پارتە ئیسلامییە عەرەبییەكان.
لەرووی هاندانی وەرچەرخان لە توركیا لە سێكیۆلاریزمی تۆتالیتێرییەوە بۆ سێكیۆلاریزمی نێگەتیڤ، دەكرێت پارتی دادو گەشەپێدان شانازیی بكات بە دەسكەوتە زۆرو زەوەندەكانیەوە، - هێندێكی لە سەرێڕا ئاماژەمان پێداوە – لەوانە دانانی سنوورێك بۆ جیاكاریی دژ بە دەرچووانی قوتابخانە دینییەكانو، بەرفراوانكردنی مافە یاساییەكانی دامەزراوەكانی جولەكەو مەسیحییەكانو گێڕانەوەی كەلوپەلەكانیانو هەڵگرتنی سزای سەپێنراو بەسەر فێربوونی قورئاندا لەسەر قوتابیانی خوار تەمەن 12 ساڵ. لەگەڵ ئەمەشدا چەندین بواری تر هەنە كە پێویستە چاكسازیی تێدا بكرێت، قەدەغەكردنی باڵاپۆشیی تا ئێستاش بەردەوامە لە كایەكانی ژیانی گشتیی توركیادا، وێڕای ئەوەی چەندین زانكۆ ئەو سزای رەتكردۆتەوە بە حوكمی دیڤاكتۆ. دەكرێت "دیانت" قەوارەیەكی سەربەخۆ بێت لەو بودجەیەی كە دامەزراوە دینییەكان دەیدەن، لەبریی ئەوەی حكومەت دەسگیرۆییان بكات. هەمدیسان دەكرێت كۆتایی بهێنرێت بەو بەرستو قۆرتانەی كە خراوەتە سەر سرووتی عەلەوییەكانو هێندێك دامەزراوەی مەسیحییو جولەكە، وەك قوتابخانەی "هالكی" ئەرسۆزۆكسیی یۆنانیی.
دەستووری توركیای هاوچەرخ هەلێكە لەپێناو چارەسەكردنی هێندێك لەو كێشانە، لە ساڵی 2011 هەر چوار پارتەكەی پارلەمان رێككەوتن لەسەر زەرورەتی داڕشتنەوەی دەستووری نوێو پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەت بە نووسینەوەی دەستووری نوێ. دوور لەو پرسانەی كە پەیوەستن بە سێكیۆلاریزمەوە، زۆر چینو توێژی سیاسییو كۆمەڵایەتیی چاوەڕوان دەكەن رەشنووسی دەستوورەكە چاكسازیی پەیوەندییەكانی مەدەنیی – سەربازیی لەخۆبگرێت لەگەڵ زامنكردنی مافە فەرهەنگییەكان كوردان. هەرچی پەیوەندیی هەیە بە پرسی سیاسەتی خاوەن مەرجەعییەتی دینیی، هێندێك چەندین پرسیار پێشنیار دەكەن سەبارەت بەوەی داخوا پارتی دادو گەشەپێدان دەتوانێت ئەخلاقو بەها ئیسلامییەكان لە پرسە گرنگەكاندا بەدیار بخات وەك بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییو مەحسوبیەتو، چەسپاندنی فەرهەنگی بەرپرسیارێتییو لێوەشاوەییو، چارەسەركردنی ململانێی ئیتنیی، بۆ نمونە لە دۆخی پرسی كورددا(37). بوارێكی تریش ماوە كە رەخنەی زۆری لێدەگیرێت ئەویش زامنكردنی ئازادیی گوتنو دامەزراندنی كۆمەڵەو رێكخراوەكانە. پارتی دادو گەشەپێدان تا ئێستا بڕینی رێگایەكی دوورو درێژی لەبەردەمە بەئامانجی چارەسەركردنی ئەو گرفتانە.
پارتی دادو گەشەپێدان بەدەست كەمیی تیۆریزەو راڤەكردنەوە دەناڵێنێت ئەویش بەهۆی دەگمەنیی كارە تیۆرییەكان لەسەر پارتەكەو تێڕوانینەكانی سەبارەت بە سێكیۆلاریزمو دەوڵەت. لەنێو ئەو فاكتەرانەشدا میراتیی هەشتا ساڵەی سێكیۆلاریزمی تۆتالیتێرییە لە توركیادا، لەم رێگەیەوە گفتوگۆو بڵاوكارەكانی تایبەت بە فیكری سیاسیی ئیسلامیی قەدەغەكران یاخود پەراوێزخران. لایەنە بكەرە مسوڵمانەكان لە توركیا پتر تیشك دەخەنە سەر پڕاكتیك نەوەك تیۆر. هەمدیسان رێبەرایەتیی كاریزمیی ئەردۆگان رێگەی گرتووە لەوەی ئەندامانی پارتەكە بەشداریی فیكریی بكەنو بچنە نێو گفتوگۆ فیكرییەكانەوە. تا رادەیەك ئەو زێدەڕۆیی كردنە لە سەر كارێزمای رێبەری پارتەكە رێگەی گرتووە لە پارتەكەدا كەلتوری جمۆجۆڵی فیكریییو دینامیكیەت گەشەبكات.
بەئامانجی پێشكەشكردنی مۆدێلێكی فرە ئاشكراو سەرنجڕاكێش بۆ ئیسلامییەكانو نائیسلامییەكان لە جیهانی عەرەبیدا، پێویستە پارتی دادو گەشەپێدان لەسەر ئاستی فیكریی پتر ئاوێتە ببێت بە جمهوری عەرەبییەوە. ژمارەیەكی كەمی بەڵگەنامەكانی پارتەكە كە قووڵایی فیكرییانەی هەیە بە زمانی توركیی هەیە، نەخاسمە بە زمانی عەرەبیی. نێوەندی كۆڵینەوەكانی "سیتا SETA" لایەنگری پارتی دادو گەشەپێدان سەرچاوە زانیارییەكانە، بەمدواییە "سیتا" سەبارەت بە سیاسەتی عەرەبیی جمجۆڵی تێكەوتووە،"سیتا" گۆڤارە ئەكادیمییەكەی Insight Turkey بە زمانی عەرەبیی بڵاو دەكاتەوە لەژێر نێوی "رۆیە تركیە"، هەمدیسان هەڵدەستێت بە رێكخستنی گۆنگرەكان لە جیهانی عەرەبیدا.
راسپاردە كۆتاییەكان بۆ ئیسلامییەكان: قەناعەت پێكردنو ستراتیژ
لە ساڵی 1923 مستەفا كەمال ئەتاتورك بوو بە سەرۆكی توركیاو لەپاش یەك ساڵ سیاسەتی سێكیۆلاریزمی تۆتالیتێریی پێڕەوكرد. لە دەیەكانی دواتردا رێبەرانی سێكیۆلاریستی هاوشێوەی ئەوان لە وڵاتێكدا كە زۆرینەكەی مسوڵمانە گەیشتن بەدەسەڵات وەك شا موحەممەد رەزا پەهلەویی لە ئێران، محەممەد عەلی جەناح لە پاكستان، سۆكارنۆ لە ئیندۆنیسیا، جەمال عەبدولناسر لە میسرو حەبیب بۆرقیبە لە تونس. لەپاش چەند دەیەیەك شۆڕشی ئێرانیی لەساڵی 1979 هاتە پێشێو مژدەی هاتنی شەپۆلێكی نوێی لە كۆماری ئیسلامیی دا. وێڕای ئەوەی شەپۆلەكە چەند وڵاتێكی كەمی گرتەوە بەڵام ئیسلامییەكان بوون بە ئۆپۆزیسیۆنی سەرەكییو گرووپی فشار لە سەرتاسەری جیهانی عەرەبییو ئیسلامیدا. لە ئێستادا چارەسەرێكی نێوەند هاتۆتەئارا لەنێوان سێكیۆلاریزمی تۆتالیتێریی كە پایەدار بووە لە توركیاو ئاوێتەبوونی دینو دەوڵەت لە ئێرانی ئەمڕۆدا. بەمدواییە دەركەوت كە لە هێندێك لە وڵاتانی ئەفەریقیدا وەك سەنیگالو، لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا وەك ئیندۆنیسیا دەگونجێت دیموكراسیەتو سێكیۆلاریزمی تۆتالیتێرییو جموجۆڵی سیاسیی ئیسلامیی پێكڕابژین. لەرێگەی رێبەرایەتیی پارتی دادو گەشەپێدانەوە توركیا بۆتە یەكەم مۆدێلی سەركەوتوو بۆ ئەم پێكڕاژیانە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.
پارتی دادو گەشەپێدان مۆدێلێكی لە سیاسەتی خاوەن مەرجەعییەتی دینییو سێكیۆلاریزمی نێگەتیڤ پێشكەش بە پارتە عەرەبییە ئیسلامییەكانو نائیسلامییەكان كردووە، نەوەك دەوڵەتی ئیسلامیی. ئەمەش مژدەی گفتوگۆی رەخنەیی دەدات لەگەڵ دەوڵەتانی رۆژئاوادا. هەر سێ رەگەزە سەرەكییەكی مۆدێلی پارتی دادو گەشەپێدان "پڕاگماتیزمو سیاسەتی خاوەن مەرجەعییەتی دینییو سێكیۆلاریزمی نێگەتیڤ" پێكڕاپەیوەستن. ئەو پڕاگماتیزمەی كە پارتەكە پێڕەویی لێدەكات هانی دەدات سیاسەتی پڕاكتیكیی بگرێتە بەر نەوەك سیاسەتی ئایدۆلۆجیی. لەهەمان كاتدا، پابەندبوونی پارتەكە بە بەها ئیسلامییەكانەوە زەمینە خۆش دەكات بۆ بەردەوامبوون لەسەر سیاسەتی خاوەن مەرجەعییەتی دینیی لە دەوڵەتێكی سێكیۆلاردا.
شوێنكەوتووانی مۆدێڵی پارتی دادو گەشەپێدان ئەم پارتە سیاسییە سەرەكییانەیە نەهزەی تونسییو پارتی دادو گەشەپێدانی مەغریبییو تاڕادەیەكیش پارتی ئازادییو دادپەروەریی میسریی. وێڕای مەیلی فیكرییان حساباتی ستراتیژیی ئەو پارتانە هان دەدات تاكو لایەنگیریی پارتی نێوبراو بكەن. وێڕای بەرخودانی سیاسییان لەگەڵ هەریەك لە سێكیۆلارەكانو سەلەفییەكان. دەكرێت ئەو پارتانە دوای مۆدێلی پارتی دادو گەشەپێدان بكەون بە ئامانجی چوونە نێو ململانێ لەگەڵ سێكیۆلاریستەكان كە تۆقیون لە شەریعەتو سەلەفییەكان (گەمە بەو تۆقینەوە دەكەن) كە هەوڵ دەدەن راڤەی توندڕۆیی بەسەر شەریعەتی ئیسلامیدا بسەپێنن. ریالیزمی گوتاری دیموكراسیی كە لە نێو پارتی دادو گەشەپێندایە زەمینە بۆ ئەو پارتانە خۆش دەكات لێبڕاڵەكان دڵنیا بكەنەوەو رووبەرووی سەلەفییەكان ببنەوە لە رووی هێزەوە. ناكرێت گرووپە ئیسلامییەكان بكەونە ململانێوە لەگەڵ سەلەفییەكاندا لەسەر راڤەی توندڕۆیی لە شەریعەتدا. بەڵام تاكە هومێدیان لەپێناو پەراوێزخستنی ئەو گرووپانە بریتییە لە پێشكەشكردنی گوتارێك كە پشت ببەستێت بە ئازادییە دیموكراسییەكان بەڵام بەشێوەیەك زیان نەگەیەنێت بە بەها ئیسلامییەكان. ئەگەر گرووپە ئیسلامییە میانڕۆكان شكست بهێنن لە چەسپاندنی دەسەڵاتیان لەسەر ئەم بنەما نێوەندە ئەوا بێگومان پارتەكانی تری وەك پارتی میسری بەهێز كە سەركردەی پێشووی كۆمەڵەی ئیخوان ئەلموسلیمین مونعیم ئەبولفتوح رێبەرایەتیی دەكات دەكەونە ململانێو كێشمەكێش لەگەڵیان.
لەنێو پارتە سەرەكییە ئیسلامییە عەرەبییەكاندا رەنگە نەهزەی تونسییو پارتی دادو گەشەپێدانی مەغریبیی فرە نزیكتر بن لە مۆدێلی پارتی دادو گەشەپێدانی توركیی. هیچ یەكێك لەو دوو پارتە داوای دانانی شەریعەتی ئیسلامیی ناكەن لە دەستووری وڵاتاكانیاندا. هەر لە ساڵی 2007ەوە بانگەوازی پارتی دادو گەشەپێدانی مەغریبیی لەپێناو پێڕەوكردنی شەریعەتی ئیسلامیی كەمبۆتەوە.(38) لەبریی ئەوە پارتی نێوبراو جەخت دەكاتەوە لەسەر بەگژداچوونەوەی گەندەڵییو گرفتە كۆمەڵایەتییو ئابوورییەكانو پاراستنی شوناسی ئیسلامیی مەغریب لەبەرامبەر گلۆبالیزەیشندا.(39) لە تونس لە گوتارێكدا كە پێشتر رێبەری پارتی نەهزە راشید ئەلغەنوشیی پێشكەشیكرد تێیدا دووپاتی كردەوە كە هیچ دژیەكییەكی بنجداكوتاو نییە لەنێوان ئیسلامو سێكیۆلاریزمدا، ئەو بەرگریكرد لە جۆرێك لە جیاكردنەوەی كاروباری سیاسییو دینیی، گوتوویە: " لە ئێستادا ئەركی دین نییە شێوازەكانی دەسەڵاتو چۆنێتیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتمان فێربكات، عەقڵ راسپێردراوە بگات بە حەقیقەت لەرێگەی كەڵەكەبوونی ئەزموونەكانەوە". لەگەڵ ئەمەشدا دین "سیستەمی بەهاو پرەنسیپەكانمان پێدەبەخشێت كە دەگونجێت لەرووی بیركردنەوەو هەڵسوكەوتو سیستەمەكانی دەوڵەتەوە تەیارمان بكات كە هەوڵی بۆ دەدەین.(40) هەرچەندە ئەو پارتانە ئێستا لە دەسەڵاتدان بەڵام ئەو تەحەدییەی كە ئێستا رووبەڕووی پارتی دادو گەشەپێدانی مەغریبییو نەهزەی تونسیی دەبێتەوە ئەوەیە چۆن ئەو فیكرانە تەرجەمە دەكات لە سیاسەتی رۆژنەدا.
هەردوو پارتی دادو گەشەپێدانی مەغریبییو نەهزەی تونسیی ئاماژەیانداوە بە مۆدێلی پارتی دادو گەشەپێدانی توركیی لانیكەم لەبەردەم جمهوری نێودەوڵەتیدا. لەساڵی 2006 وەختێك داواكرا لە سكرتێری گشتیی پارتی دادو گەشەپێدان سەعدوددین ئەلعوسمانیی كە "پارتەكەی پێشكەش بە جمهوری ئەمەریكیی بكات بەمشێوەیە وەڵامی داوەتەوە كە پارتەكەی "هاوشێوەی ریتمی پارتی دادو گشەپێدانی توركییە".(41) بەهەمان شێوە راشید ئەلغەنوشیی چەندینجار بە ئەرێنیی ئاماژەیداوە بە پارتی دادو گەشەپێدانی توركیی. توركیای كردووە بە مۆدێلی تونسی هاوچەرخ.(42) لەوەختێكدا ئەو لە لێدوانەكانی تریدا رایگەیاندووە كە فەزڵی بەشداریی فیكریی هەیە لە وەرچەرخانی پارتی دادو گەشەپێداندا.(43)
لە بەرامبەردا، پارتی ئازادییو دادپەروەریی لە میسر بەرگریی لە شەریعەت كردووە وەك سەرچاوەیەكی بنەڕەتیی لە یاسادا كە فرە دوورە لە مۆدێلی پارتی دادو گەشەپێدان. دەستووری نوێی میسر – كە دەستەیەك نووسیویەتییو پارتی ئازادییو دادپەروەریی رۆڵی سەرەكیی تێدا بینیوە – مەزنە زانایانی ئەزهەر رۆڵی راوێژكاریی تێدا دەبینن لە راڤەكردنی شەریعەتدا (ماددەی4). لە دەستكارییەكی تردا كە بێهاوتایە بە راشكاویی جەختیكردۆتەوە لە مەزهەبەكانی ئەهلی سوننەو جەماعە لە روونكردنەوەی مانای شەریعەتدا (ماددەی 219). رەنگبێ رێبەرایەتیی پارتی ئازادییو دادپەروەریی میسریی لەبەر ئەوە بەرگریی بكەن لە سیاستەكانیان كە پڕاگماتیانە وەڵامی خواستەكانی جەماوەرە كۆنسێرڤەتیستەكانیان دەداتەوە. لەگەڵ ئەمەشدا چەندین گرفتی تر لە ئارادایە، دیموكراسیەتی نوێنەرایەتیی پێویستیی بە رێبەرایەتییەكە رای گشتیی قەناعەت پێبهێنن لە سیاسەتەكانیاندا كە لە سەرەتادا شەعبییەتی نییە، ئاستی جەمسەرگیریی نێوخۆیی لە میسردا بە ئاشكرا ئەوە دەردەخات كە پێویستە لەسەر پارتی ئازادییو دادپەروەریی مل بدات بۆ گرنگی پێدانەكانی گرووپەكانی تر، وەك لێبڕاڵو قیبتییەكان، نەوەك هەر بە تەنهاو بە ئاسانیی تیشك بخەنەسەر خواستی بازنەكانی هەڵبژاردنی پارتەكەیان. هەروەها بۆ ئەوەی ئیخوان ئەلموسلیمین پشتگیریی حكومەتە رۆژئاواییەكان بەدەست بهێنێت وەك "شەریكێكی بڕواپێكراو" دەبێت پێڕەویی لە میتۆدێكی زۆر واقیعیی بكات.
لە ئایندەدا، پارتە عەرەبییەكان سیستەمە دیموكراسییە تازە لەدایكبووەكانیان بەهێزدەكەنو نەخشەڕێژیی دەكەنو زۆر پێشكەوتنخوازانە پەیوەندیی ئیسلامو دەوڵەت دیاریی دەكەن. وەختێك دێت باسی مۆدێلی نەهزەی تونسیی دەكەین پتر لەوەكەی پارتی دادو گەشەپێدانو، مۆدێلێكی هاوبەشو گشتیی بێتەئارا، داخوا بزانین لە ئاكامدا هەردوو ئەزموونە توركییو عەرەبییەكە پێكڕا كۆدەكرێتەوەو، وەسفی بكەین بەوەی "سیاسەتی خاوەن مەرجەعییەتی دینییە بەبێ دەوڵەتی ئیسلامیی" یاخود نا.
•••
پەراوێز
1) ئەم كۆڵینەوەیە لە بنەڕەتدا بە زمانی ئینگلیزیی نووسراوەو وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی عەرەبیی.
2) كۆڵەرێكی بەدیمەنی توركییە.
3) ئەم كۆڵینەوەیە پشت دەبەستێت بە چاوپێكەوتنو گفتوگۆكانی نووسەر لە ئەستەنبوڵ لە ئۆگەستۆسی 2012 هەروەها لە دەوحە لە ئۆكتۆبەرەوە بۆ دیسێمبەری 2012و قاهیرە لە یەنایەری 2013. زۆر سوپاسی "شادی حەمید، سەلمان شێخ، سەموێل بلامبلی، نادر هاشمیی، رۆبەرت هێفنەر، ناسان براون، سنان ئۆڵجن، حەسەن كۆسیپالابان، بێرنا تورام، حەقی تاس، ستیڤانۆ تۆریلی، زەینەب شاهین، فێرحا بێركلی، بۆرهانتین دۆران، سەلیم شەفیق، مستەفا گۆككیك، رینات شایخۆتدینۆڤ، قادر یەڵدرم، ئەحمەد یۆكلین، عید موحەممەدو تۆران كایاوجلۆ دەكەم بۆ كۆمێنتە سوودبەخشەكانیان.
4) رئیس وزراو اردوغان، الحزب العدالە والتنمیە 4. النص الكامل فی مۆتمر ، الحزب العدالە والتمنیە، 30 سیبتمبر 2012.
http .www.akpart.org
5) گارق رمچان ، تركیا هی نموزج لجماعە الاخوان المسلمین فی مصر ، وجهات جدیە الربع السنویە 28 العدد 2، ( الربیع 2011) ستیفن كوفمان/ تقول كلینتۆن یمكن ان تكون تركیا نوژجا الدیمقراگیات الناشئە.
http.iipdigital.org
6) الردود علی اڵاسئلە : أژا تشبە النڤام السیاسی المصری ببلد من بلدان التالیە ، فأی بلد تفچل ان تشتبە بها ؟.شبلی تحلمی ، الاستبیان السنوی للرای العالم العربیە، جامعە میریلاند.
http.newsdcsk.umd
7) بڕوانە شادی حمید، الصعود الاسلامین السیاسات والعكس ، فورین افرز، یوینو 2011، 7ـ40.
8) فی الحیاە الیومیە للمسلمین. دایل ایكلمان و بیسكاتوری و جیمس ، مسلم بولتكس (برینستون : مگبعە جامعە برینستون)، 1996.
9) أحمدت. كورو، صعود وسقوگ الوصایا العسكریە فی تركیا مخاوف من التیار الاسلامی ، الكردستانیە و الشیوعیە، انسایت تركیا 14، العدد 2(2012)3-41.
10) أحمدت، كورو، العلمانیە وسیاسات الدولە، تجاه الدین، الولایات المتحدە وفرنسا وتركیا (نیویورك ، مگبعە جامعە كامبریدج، 2009) 259. بەزمانی عەرەبیش چاپكراوە (بیروت :الشبكە العربیە اڵابحاپ والنشر 2012.
11) عمر تاسبینار، الالتفات الغیر متكافی، بین النموژج التركی والعالم العربی، ورقە تحلیلیە، العدد5، بروكنجز مشروع السیاسیە الامریكیە تجاه العالم الاسلامی /أغسگس،7.
12) سنان اولجن، من الالهام الی الامال : تركیا فی الشرق اوسگ الجدید، كارنیجی بیبرز، كارنیجی أوروبا، دیسمبر 2011، هەروەها بڕوانە عمر تاسبینا ، تركیا : نموژج جدید ، فی الاسلامیون قادمون، من هم، گبع روبن رایت، ( واشنگن : العاصمە: معهد الاسلام الامریكی ،2012.
13) "پڵنگەكانی ئەنادۆڵ" ئاماژە بۆ شارە پیشەسازییەكان لە نێوەڕاستی توركیا كە هەر لە ساڵی 1980وە گەشەی ئابووریی لە وڵاتدا دروستكردووە، بۆ زانیاری زیاتر سەبارەت بە جووڵانەوەكەی گولەن بڕوانە: هاكان یافور، وجون اسبوزیتو، محرران، الاسلام التركی والدولە العلمانیە ،حركە جولن (مگبعە جامعە سیراكیوز ،2003) أحمدت كورو، العولمە وتنویع الحركات الاسلامیە: پلاپ حالات تركیە ، مجلە العلوم السیاسیە 120، العدد 2(2005)74-253.
14) لەم كۆڵینەوەدا پتر تیشك دەخەینە سەر مۆدێلی پارتی دادو گەشەپێدانی توركیی بەتایبەت پەیوەندییەكانیی بە پرسەكانی سێكیۆلاریزمو ئیسلامو هەروەها بەشێوەیەكی لاوەكیش پرسی دیموكراسییو مافەكانی مرۆڤ.
15) رئیس الوزراو أردوغان، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ (منی الشاژلی)، برنامج العاشرە مساو تلفزیون دریم، 15 سیبتمبر 2011.
16) ئیخوان ئەلموسلیمن لە میسر رەخنە لە ئەردۆگان دەگرێت كە بانگەوازی بۆ دەوڵەتی سێكیۆلار كردبوو، قناە العربیە، 14سبیتمبر 2011.
17) مسوڵمانان دەتوانن دەوڵەتێكی سێكیۆلاری مسوڵمان بەڕێوەبەرن،صباح 2011، "أردوغان فی لیبیا تصریحات الهامە" (الحریە).
18)ستیفانو ماریا توریلی ، أن نموژج الحزب النهچە فی تونس ، من التقارب الی المنافسە ؟ انسایت تركیا 14 ، العدد 3(2012)8-77. بۆ رەخنەی وردتر بڕوانە فریحە بیریكلی ، تگبیق نموژج التركی فی المغرب : حالە الحزب العدالە والتنمیە ، انسایت تركیا 14، العدد 3(2012)85-108.
19) كورو ، العلمانیە وسیاسات الدولیە ، 6ـ 39.
20) كورو، صعود وسقوگ الوصایا العسكریە، 2011.
21) ستیفن لیفی تسكی لوكان وای، السلگویە التنافسیە: الانڤمە الهجینیە بعد الحرب الباردە (نیورك، مگبعە جامعە كامبریدج2010) 5-6.
22) بڕوانە افرید ستیبیان، العلمانیە المتعددە من الدیمقراگیات الحدیپە والانڤمە الاستبدایە ، فی اعادە النڤر فی العلمانیە، المحرران، كریج كالهون، جوجینسمییر مارك وجوناپان فأن أنتویرب (نیورك :مگبعە جامعە اكسفورد،2011).
23) كورو العلمانیە وسیاسات الدولە،110.
24) بڕوانە أرغون اوربودن، أقتراحات العلمانیە الپورات العربیە، ستار لایت الۆیە،23، اكتوبر 2011.
25) كورو العلمانیە وسیاسات الدولە،6-259.
26) جوناپان فوكس، بعیدا عن التناغم الانفصال بین الاحكام الدستوریە وتشریع الدولە علی أساس الدین، المجلە الكندیە العلوم السیاسە 44، العدد1، 69.
27) البیر دیدی، الانتفاچات العربیە: مناقشە النموژج التركی، أنسایت تركیا، 13،العدد 2 (2011)، 27.
28) استبیان: ag G and Milliyet31 مایو 2003 ، علی كاركوجلو وبیناز گوبراق.
29) رۆژنامەی زەمان سەر بە جووڵانەوەكەی فەتحوڵڵا گولەنەو بەربڵاوترین رۆژنامەیە لە توركیادا. بڕوانە أوجور كومیكوجول، "الایدولوجیە الاسلامیە المۆقتە: پلاپ فرچیات للجیل"، زمان، 17 أغسگس، 2012.
30) كورو ، العولمە وتنویع الحركات الاسلامیە أحمدت كورو تغیر وجهات النڤر حول الاسلام والعلمانیە فی تركیا: حركە جولن وحزب العدالە والتنمیە، فی العالم الاسلامی فی المرحلە الانتقالیە، اسهامات حركە غولن، تحریر احسان یلماز (لندن: مگبعە جامعە لیدز میتروبولیتان، 2007)، 51-140. احسان یلماز، تأپیر التعددیە والمشاركە الانتخابیە علی التحول فی تركیا مجلە البحوپ الاقتصادیە والاجتماعیە 10، العدد 2 (2008)، 43-65.
31) سلمان شیخ وشادی حمید، بین التدخل والمساعدە: سیاسە الدعم الدولی فی مصر وتونس ولیبیا، ورقە بحپیە منتدی أمریكاو العالم الإسلامی 2012، مركز بروكنجز الدوحە ومشروع علاقات الولایات المتحدە مع العالم الإسلامی، نوفمبر 2012.
32) كورو، " صعود وسقوگ الوصایا العسكریە ".
33) یالجین اكدوجان، الدیمقراگیە المحافڤە ( انقرە: حزب العدالە والتنمیە، 2003 ). ئەكدۆجان پتر پشتی بەستووە بە تێزی دكتۆراكەی بكیر بیراتئۆزبیك لەسەر تەوژمی كۆنسێرڤەتیزم.
34) هەمان سەرچاوە.
35) هیلین كوبر "و فی تركیا كمپال، یری البعچ خریگە لمصر"، نیورك تایمز، 6 فبرایر 2011 نیكولا بورجیر براجماتیە أردوغان"، لوموند 7 مایو 2003.
36) رەخنەكانی ئەردۆگان دژ بە ئیسڕائیل فاكتەرێك بوو بۆ زیادبوونی جەماوەری نێوبراو أحمد م .أبو حسین " تگور البلاغە لڵاخوان المسلمین فیما یتعلق بحزب العدالە والتنمیە التركی"، جریدە زمان الیوم 9أكتوبر 2012.
37) هەر لە دەستێوەردانە سەربازییەكەی ساڵی 1997ەوە تا ئەمدواییەش دەرچووانی قوتابخانە دینییەكان ژمارەی وانەكانیان كەمترین رێژە بوو لەكاتی حسێبكردنی ژمارەكانیان لە تاقیكردنەوەی پێش چوونە زانكۆدا لەسەر ئاستی نیشتیمانیی.
38) رەخنەگران لە پارتی دادو گەشەپێدان وەك رۆژنامەی تەرەفی لێبرالیی پێیوایە پارتی نێوبراو پتر لە پێویست نەتەوەییە سەبارەت بە كێشەی كورد، مامۆستای زانستە سیاسییەكان سینەر ئەكتورك پێیوایە چاكسازییەكانی پارتی دادو گەشەپێدان لەسەر "برایەتیی ئیسلامیی" پاریەداربووە لەنێوان توركو كورددا، وێڕای ئایدۆلۆجیای پارتەكە سەبارەت بە "بیركردنەوەی نوێ بەرامبەر بە رۆشنبیریی فرە ئیتنیی"، سینر اكتورك" أنڤمە العرق : تحلیل مقارن ڵالمانیا واڵاتحاد السوفیتی / روسیا مابعد اڵاتحاد السوفیتی وتوركیا " ورلدبولتكس 63، العدد 1 (2011 ) ،151.
39) بیرلیكی، إمكانیە تگبیق النموژج التركی علی المغرب ، 100.
40) هەمان سەرچاوە .
41) مركز دراسە الإسلام والدیمقراگیە (مداد )، محاچرە اڵاستاژ راشد الغلوشی حول العلمانیە " 2 مارس 2012.
|
37658
جار خوێندراوهتهوه |
Wednesday, March 9, 2016
|
|
|
زیاتر
|
|
رات چییه لهسهر بابهته بڵاوكراوهكانی ئهم سایته؟
|
ژماره بەرهەمەکانی ناوەندی کەلتووری کۆچ
|
|
|
govari koch| All rights reserved © 2010