پێشه‌كی:
كارل پۆپه‌ر وه‌ك یه‌كێك له گه‌وره بیرمه‌نده‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، هێشتا بیروباوه‌ڕه فه‌لسه‌فیه‌كانی لای زۆرێك له رۆشنبیرانی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاواش جیگای تێڕامانن، ئه‌م فه‌یله‌سوفه هه‌رچه‌نده له‌باره‌ی ژیانه‌وه گه‌شبین بوو، پێی وابوو ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی تێیدا ده‌ژین باشترین كۆمه‌ڵگایه، به‌ڵام ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه هێشتا له كامڵبوونه‌وه دووره.
له‌رووی تێگهیشتنیشیهوه بۆ چه‌مكی مێژوو و مێژووگه‌رایی دیسان بیروڕایه‌كی جیاوازی لهبیروڕای فه‌یله‌سوفان ومێژووناسان هه‌بووه، ئه‌و پێیوابوو مێژوو واتای نییه و مرۆڤه‌كان بۆخۆیان ده‌توانن واتای پێببه‌خشن.
ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه گرنگ بوو له هه‌ڵبژاردنی پۆپه‌ر وه‌ك بابه‌ت و ناونیشانێك بۆ ئه‌م توێژینه‌وه‌یه ئه‌وه‌یه، كه ئه‌م فه‌یله‌سوفه وه‌ك ئه‌و كاریگه‌ریه‌ی، كه له‌سه‌ر ناوه‌ندی رۆشنبیری ئه‌وروپا هه‌یه‌تی، به پێچه‌وانه‌وه لای زۆرێك له قوتابیان و توێژی رۆشنبیر و خوێنه‌ری كورد نه‌ناسراوه.
هه‌ر ئه‌م هۆكاره‌ش بوو وای لێكردم كه (پۆپه‌ر) وه‌ك ناونیشانی توێژنهوهكهم هه‌ڵبژێرم، له‌كۆتایدا نایشارمه‌وه له‌م هه‌وڵه‌مدا هه‌ست به بوونی كه‌موكوڕی ده‌كه‌م، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خوشحاڵم بابه‌ته‌كه وه‌ك یه‌كه‌م نموونه‌ی قسه‌كردن له‌سه‌ر (پۆپه‌ر) بچێته كتێبخانه‌ی كوردییه‌وه.
میتۆدی نوسینی توێژینه‌وه:
ئهومیتۆدهی ئێمه له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا به‌كارمان هێناوه میتۆدێكی شیكاری ڕه‌خنه‌ییه،واته تێڕوانینه‌كانی ئه‌ومان شیكردۆته‌وه‌و دواتر ڕه‌خنه‌مان لێگرتووه.
پێكهاته‌ی توێژینه‌وه‌كه:
ئه‌م توێژینه‌وه‌یه له‌پێشه‌كییه‌ك و دووبه‌ش و ئه‌نجام ولیستی سه‌رچاوه‌كان پێكهاتووه به‌شی یه‌كه‌م تایبه‌ته به ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی و تیۆری گشتی سیاسی كارل پۆپه‌ر.
به‌شی دووه‌میش چه‌مكی مێژوو و مێژووگه‌رایی و هه‌ڵسه‌نگاندنی تێڕوانینه‌كانی پۆپه‌ر له‌خۆده‌گرێت.
گرفتی توێژینه‌وه‌كه:
بێگومان ئه‌نجامدانی هه‌ر توێژینه‌وه‌یه‌ك كۆمه‌ڵێك گرفت ده‌هێنێته به‌رده‌م توێژه‌ر، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی گرفتی ئێمه و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له كوردستان توێژینه‌وه ئه‌نجام ده‌ده‌ن، بریتییه له كه‌می سه‌رچاوه به زمانی كوردی، به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ژاری وڵاته‌كه‌مان له رووی وه‌رگێڕان و هه‌ژاری كتێبخانه‌كان له گه‌لێك له نوسینهگرنگهكان.
بۆ منیش ئه‌م گرفته گه‌ر زیاد نه‌بووبێت كه‌متر نه‌بووه، هه‌ر بۆیه له‌م توێژینهوهیهمدا كاتێكی زۆرم به‌خه‌رجداوه له وه‌رگێرانی سه‌رچاوه‌كاندا، كه ده‌بوو به‌جێگه‌ی ئه‌وه زیاتر خۆی به كنه‌كردنی ئه‌و بابه‌تانه‌وه خه‌ریك بكه‌م كه پۆپه‌ر له‌باره‌یانه‌وه بیروڕای هه‌بووه، ئه‌مه جگه له كه‌می ئه‌و سه‌رچاوانه‌ش كه له‌سه‌ر بابه‌تی توێژینه‌وه‌كه هه‌بوون.
سه‌رچاوه‌كانی توێژینه‌وه‌كه:
بۆبه ئه‌نجام گه‌یاندی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه پشتمان به‌ژماره‌یه‌كی جیاواز له سه‌رچاوه، به‌ستووه بۆیهلیرهدا باس له‌هه‌ندێكیان ده‌كه‌ین وه‌ك(كارل پۆپه‌ر:كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه‌و دوژمنه‌كانی) (كارل پۆپه‌ر: ئستورهوچوارچێوهی)(ماركۆزوپۆپهر: لێكۆلینه‌وه و گفتوگۆ) چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی تر له‌زمانی عه‌ره‌بی و فارسی .
ژیانی كارل ریمۆندپۆپهر
پۆپه‌ر له (28 ته‌موزی ساڵی (1902)له‌شاری (ڤیه‌ننا)ی پایته‌ختی نه‌مسا له‌دایكبووه، به‌ڕای هه‌ندیك كه‌س له‌و سه‌رده‌مه‌دا (ڤیه‌ننا) سه‌نته‌ری رۆشنبیری بووه له ئه‌وروپای رۆژئاوادا، باوكی پۆپه‌ر به‌ڕه‌گه‌ز جولهكهبووه و كاری پارێزه‌ری كردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بایه‌خیكی زۆری به‌فه‌لسه‌فه‌ی كلاسیكی داوه. (1)
پۆپه‌ر له‌ته‌مه‌نی لاوێتیدا سودی له‌توانای خویندن و پێشكه‌وتن وه‌رگرتووه دواتر له‌ته‌مه‌نی لاوی و قۆناغی خویندن‌دا وازی له‌قوتابخانه‌ی ئاماده‌ی هینا و بڕیاریدا به‌بی مامۆستا و به‌پشت به‌ستن به‌خۆی زانست بخوێنێت، چونكه خوێندن مایه‌ی بیزاری بووه، ئه‌و له ژیانیدا بیزار نه‌بووه، ته‌نها له قوتابخانه‌دا هه‌ستی به‌بێزاری كردووه ئازاربه‌خش بووه ئه‌مه ته‌نها هۆكار نه‌بووه كه واز له قوتابخانه بهَینێت، به‌ڵكو ناكۆكی فره له‌نیوان پۆپه‌ر و مامۆستا و قوتابیه‌كاندا هه‌بووه,كه‌په‌یوه‌ندیان به‌مه‌سه‌له‌ی ئاشتیخوازیویی لای ئه‌و هه‌بووه به‌تایبه‌ت له‌ساڵی (1918) دا. (2)
به‌ڵام ئه‌وه‌ی وایكرد كه پۆپه‌ر ببێته هه‌واداری مه‌سه‌له سیاسیه‌كان ، جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی بوو، به‌هێزیی ئه‌م بارودۆخه بوه‌ته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی نائارامی له نه‌مسا، به‌ڵام پاش جه‌نگ وه‌ك گه‌لیك له‌خه‌لكی نه‌مسا توشی هه‌ژاری بووه و له قۆناغی خویندكاریدا روی كرده هزری چه‌پ و سه‌رده‌میك خۆی به ماركسی له‌قه‌ڵه‌مداوه وماوهیهكیش هاوكاری حیزبی كۆمۆنیستی نه‌مسای كردووه. (3)
پۆپه‌ر ساڵی ( 1920) له‌ماركسیزم هه‌ڵگه‌رایه‌وه و ته‌نانه‌ت له‌یه‌كه‌مین نوسینه‌كانی خۆیدا ره‌خنه‌شی ئاراسته‌كردووه و له‌ته‌مه‌نی لاوێتیدا و له‌سالی (1918) هاتووه‌ته زانكۆی ڤیه‌ننا وه‌ك گوێگر له‌گه‌لێك وانه‌دا ئاماده‌بوه به‌شیوه‌یه‌كی فه‌رمی ناوی تۆمارنه‌كراوه، به‌ڵام پاش تاقیكردنه‌وه بۆ ماوه‌ی چوارساڵ وه‌رده‌گیرێت، ئه‌م ماوه‌یه‌ش گرنگترێن كاتی ژیانی بوه‌وه و كه‌سایه‌تی پۆپه‌ری دروستكردووه، له‌هه‌ندێك به‌شی وه‌ك (فیزیا و بیركاری و ده‌رون ناسی) خه‌ریكی خویندن بووه، تَیۆرهكانی شیكاری ده‌رونی (فرۆید و (ئه‌دله‌ر)، كاریانكردۆته سه‌ر پۆپه‌ر، ئه‌مه‌ش وایلێكرد هه‌ستێت به‌ئه‌نجامدانی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی بۆماوه‌یه‌كی كه‌م له‌گه‌ل ژماره‌یه‌ك منداڵی بێسه‌رپه‌رشتدا. (4)
پۆپهرلهو ته‌مه‌نه‌دا گوێی بۆ وانه‌كانی (ئه‌نشتاین)، كه ده‌رباره‌ی تێۆری ڕێژه‌یی بوون، چونكه ئه‌و هه‌یبه‌ته ِرۆحیهی لای (ئه‌نشتاین) هه‌بوو به‌پێچه‌وانه‌وه لای هه‌ریه‌ك له (كارل ماركس و فرۆید و ئه‌دله‌ر) بونیان نه‌بوو، ئه‌مه‌ش وایكرد لهپۆپهر بۆ گرنگیه‌كی زۆر به ئه‌نشتاین بدات.
له‌سالی (1925) پۆپه‌ر بڕوانامه‌ی دبلۆمی له‌خوێندنگه سه‌ره‌تایه‌كان وه‌رگرت، دواتر تا ساڵی (1928) له‌بواری فه‌لسه‌فه‌ی گشتیدا بوو به پرۆفیسۆر و پاشانیش ده‌ستی به‌خوێندنی بیركاری و فیزیا كرد. (5)
له‌ساڵی 1922 له (ڤێننا) گرۆپێكی فه‌لسه‌فی درووست بوو به‌ناوی (بازنه‌ی ڤیه‌ننا)كه پۆپه‌ر بانگ نه‌كرابوو بۆ بوون به‌ئه‌ندام له‌م گروپه‌دا، بۆیه ده‌ستیكرد به‌ڕه‌خنه‌گرتن لهپۆزیتیڤیسیزمی مه‌نتیقی( له‌بازنه‌ی ڤیه‌ننا)، به‌م ره‌خنانه‌شی توانی ڕێبازێكی زانستی بهێنێته ئاراوه و تێڕوانینه‌كانی خۆی بو َزانست روونكرده‌وه، ڕه‌خنه‌كانیشی له‌ژێر ناونیشانی (لۆجیكی لێكۆلینه‌وه‌ی زانستی) له‌ساڵی (1934) دا و له‌كتێبێكدا بڵاوكرده‌وه و بازنه‌ی ڤێننا بۆیان له چاپدا.(6)
پۆپه‌ر به‌م كتێبه‌ی توانی سه‌رنجی هه‌مووان به‌لای خۆیدا رابكێشێت، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد له‌ساڵی(1935)بانگ بكرێت بۆ وتنه‌وه‌ی وانه‌یه‌ك له‌زانكۆی(له‌نده‌ن) له‌به‌ریتانیا، دوای ئه‌مه‌ش ماوه‌یه‌كی كه‌م به‌رده‌وام ده‌بێت لهسهركاركردن له‌بواری زانست وفه‌لسه‌فه‌دا، به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ی كه‌ئه‌وروپا پێیداتێپهردهبێت و گه‌شه‌كردنی نازیه‌ت و زیادبوونی ده‌سه‌ڵاتیان وا له پۆپه‌ر ده‌كات نه‌مسا جێبهێلێت و به‌ره‌و (نیوزله‌ندا) بڕوات.(7)
پۆپه‌ر له‌ساڵی 1937 دا ده‌ستیكرد به‌وتنه‌وه‌ی وانه‌ی فه‌لسه‌فه له زانكۆی (كانتر بری) له نیوزله‌ندا، تا كۆتایی جه‌نگی دووه‌می جیهانی تێیدا مایه‌وه، ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه له‌و زانكۆیه مامۆستا بوو كاته‌كه‌ی قۆستوه‌ته‌وه و خۆی فێری زمانی گریكی كردووه، خوێندنه‌وه‌كانی پۆپه‌ر له بابه‌تی فه‌لسه‌فه‌ی گریكیدا به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ بووه و گرنگی زۆری به فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌فلاتون داوه.
نوسینه‌كانی پۆپه‌ر له نه‌مسا له بواری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی‌دا كۆكرانه‌وه و گرنگییان پێدرا، له ساڵی 1946 دا پۆپه‌ر رووی كرده به‌ریتانیاو له‌زانكۆی له‌نده‌ن له بواری ئابوری‌دا ده‌ستیكرد به وانه‌وتنه‌وه و هه‌ر له‌وێش بوو به مامۆستای فه‌لسه‌فه‌ی زانست و لۆجیكی زانكۆی له‌نده‌ن، تا ساڵی 1969 له‌و زانكۆ مایه‌وه و هه‌ر له‌وێش له هه‌مان ساڵ خانه‌نشین كرا.
ماوه‌ته‌وه بڵێین پۆپه‌ر به جوله‌كه له‌دایك بووه، به‌ڵام به مه‌سیحی مرد، له دیرۆكی 17-9-1994 له ماڵه‌كه‌ی خۆی له باشوری له‌نده‌ن كۆچی دوای كرد و بوو به‌یه‌كێك له فه‌یله‌سوفه مه‌زنه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م(8).
به‌رهه‌مه‌كانی:
كارل پۆپه‌ر به‌یه‌كێك گه‌وره‌ترین فه‌یله‌سوفانی سه‌ده‌ی بیسته‌م داده‌نرێت له بواری مه‌عریفه‌ناسی و هزری سیاسی‌دا، ئێستاش كاریگه‌ریه‌كی به‌رچاوی له‌سه‌ر ره‌وتی فكری له خۆرئاوا هه‌یه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و به‌رهه‌مه زۆر و زه‌وه‌ندانه‌ی كه بۆ بهجێهشتوین.(9)
پۆپه‌ر ئه‌ستێره‌یه‌كی دره‌وشاوه بوو له‌گه‌لێك زانكۆی باوه‌ڕپێكراو و ناسراودا وانه‌ی وتۆته‌وه، وه‌ك (ئوسترَلیا ، هیند ، ئه‌مریكا ، به‌ریتانیا ،نیوزله‌ندا)، گه‌لێك كتێب وتار‌و نامیلكه‌ی له‌چاپداوه كه‌زۆربه‌یان بۆزیاتر له بیست‌ونۆ زمانی زیندووی جیهان وه‌رگێڕاون وخوێنراونهتهوه(10)
یه‌كه‌م نووسینی كتێبێك بووه به‌ناوی (لۆژیكی توێژینه‌وه‌ی زانستی )، له‌ساڵی 1934چاپی كردووه و دواتر به‌شێوه‌یه‌كی فراوانتر به‌ناوی (گرفته سه‌ره‌كیه‌كانی تیۆری مه‌عریفه) له‌ساڵی1979دا چاپی كردۆته‌وه.
له‌ساڵی1945 دا( كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه‌و دوژمنه‌كانی) نووسیوه كه تێر‌و تهسهلترین نووسینی پۆپه‌ره كه فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی ئه‌و له‌خۆ ده‌گرێت و له‌به‌رهه‌مه‌كانی تری وه‌ك (گومانه‌كان وبهتاڵهكان) (ناسینی ڕاستیه‌كان و جیهانی كراوه: به‌ڵگه‌یه‌ك بۆپهسهنكردنی نادیارگهرایی)،(ئه‌فسانه‌ی چوارچێوه) (سه‌رچاوه‌كانی زانایی ونه‌زانی) (واقعیهتگهرایی و ئامانجی زانست) (11)، (كتێبی هه‌ژاری مێژوویی كه له‌ساڵی1957 دا نوسیویه‌تی (12)، به‌هاوكاری بیرمه‌ندانی تریش چه‌ند كارێكی تری به‌ئه‌نجام گه‌یاندووه، وه‌ك(واتای مێژوو) له‌ساڵی1961 دا، (فهلسهقهیهك بۆسه‌رده‌می قه‌یران ) له ساڵی1962دا (13) ، (فه‌لسه‌فه ڕۆدۆڵف كارناب ) له‌ساڵی1963دا، (لۆجیكی زانسته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان )له‌ساڵی1965 دا، (گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی –شارستانی و پێشكه‌وتن وه‌ك گوته‌زای تیۆری سۆسۆلۆژییانه) له‌سالی 1967دا،(یۆتۆپیا) له‌ساڵی1968.
(ململانێی قوتابخانه‌ی پۆزه تیڤیزم له سۆسۆلۆژییای ئه‌ڵمانیدا له‌ساڵی(1969)دا.
ئه‌م به‌رهه‌مانه گرینگیه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بووه له سه‌رناوه‌ندی رۆشنبیری ئه‌وروپا(14)
پۆپه‌ر بوبهیهكێك له‌و فه‌یله‌سوفانه‌ی كه‌به ئه‌ندامێتی ئه‌نجومه‌نی ده‌سه‌ڵاتدارێتی (زانسته‌كان له‌به‌ریتانیا )ی ئه‌كادیمی (ئه‌نیستیتۆی فه‌ره‌نسا )هه‌ڵبژێراون، له‌ماوه‌ی ژیانیدا گه‌لێك خه‌ڵات و پله‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ست هێناوه، وه‌ك (میدالی زێڕی زانستی پله‌ی یه‌كه‌می ئوستورالیاو خه‌ڵاتی لیبتۆن )له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی زانسته سیاسیه‌كانی ئهمریكاو خه‌ڵاتی (سۆنینگ) بۆگه‌وره‌ترین بیرمه‌ندی ئه‌وروپا، به‌ده‌ست هێناوه و لهنهمساش خه‌ڵاتی ئاڵتونی پێبه‌خشراوه . (15)
ناوبانگی پۆپه‌ر هێنده به‌رزبووه‌وه تائهوڕادهی شاژنی به‌ریتانیا له‌ساڵی (1965) دا نازناوی (سێر)ی پێبه‌خشی.(16)
لهدانیماركیش خه‌ڵاتی(سۆنگ)ی وه‌رگرت كه‌ئه‌م خه‌لاته بۆتوێژێكی دیاریكراو بوو، ئه‌وه‌ی شایه‌نی ئاماژه پێكردنه پۆپه‌ر خاوه‌نی(17) دكتۆرای فه‌خریه له‌چه‌ند بوارێكدا له‌رێگه‌ی كاره‌كانیه‌وه توانی فه‌لسه‌فه بگه‌رێنێته‌وه بۆ ڕێڕه‌وی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی به‌جۆرێك ببێته ڕێنوێنی كه‌رێك بۆ ئه‌وكه‌سانه‌ی له‌بواری زانست‌دا كارده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك بووبهیهكێك لهبهرگریكاره سه‌رسه‌خته‌كانی دیموكراسی له‌سه‌رده‌می نوێ‌دا، هه‌روه‌ها توانی بابه‌تیبوونی مه‌عریفه به‌شێوه‌یه‌كی وا جێگیربكات، كه‌له‌رێگه‌یه‌وه گرفته‌كانی میژووی پێ چاره‌سه‌ر بكات و بوو به‌ئه‌ستێره‌یه‌كی دره‌وشاوه‌ی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی و سودێكی باشی بۆنه‌وه‌كانی دوای خۆی به‌جێهێشت.(18)
تیۆری گشتی كارل پۆپه‌ر:
سه‌رهه‌ڵدانی ده‌سه‌ڵاتی شومی (نازیزم وفاشیزم) له ئیتالیا و ئه‌ڵمانیا دواتریش ده‌ستیان به‌سه‌ر به‌شێكی فراوانی ئه‌وروپادا گرت ، هۆكاریكی بنه‌ڕه‌ت بوون بوسهرههڵدانی كاره‌ساتی جه‌نگی دووه‌می جیهانی و جینوسایدكردنی به‌كۆمه‌ڵی جوله‌كه‌كان ودیلكردنی وكوشتنی ئۆپۆزسیۆنه‌كان، ئه‌مه‌ش په‌ڵه‌یه‌كی ره‌شی به‌رووی (میژووی مرۆڤایه‌تی) یه‌وه نابوو، به‌جۆرێ كاریگه‌ریه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه له‌سه‌ر بیروباوه‌ره‌كانی پۆپه‌ر ره‌نگیداوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها بینینی ده‌رئه‌نجامی سیاسه‌ته سهراسیمیهكان، كه به‌ناوی ئایدَولۆژیای (ماركسیزم) و لهژیرئاڵای (سوشیالیزمی زانستی)دا كه له به‌شیكی ئه‌وروپا پیاده‌كراو كوشتاری مرۆڤگه‌لێكی بێشوماری به‌دواوه‌بوو، ئه‌مانه زه‌مینه‌سازی تیۆرییه‌كانی پۆپهربووه و له‌به‌ناوبانگترین به‌رهه‌مه‌كانی له‌وسه‌رده‌مه‌دا بریتی بوو له(كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه و دوژمنه‌كانی)، ئه‌مه‌ش بیرۆكه‌ی گشتی تیۆرییه‌كانی پۆپه‌ری پیكدههینا.(19)
بهرلهتێڕوانینی هزری سیاسی پۆپه‌ر سه‌ره‌تا به‌گرنگی ده‌زانین وێنه‌یه‌كی گشتی تیۆری سیاسی ئه‌و بخه‌ینه‌روو، هزری سیاسی پۆپه‌ر ویرای ئه‌وه‌ی، كه‌ره‌نگدانه‌وه‌ی پرسه‌كان، نیگه‌رانیه‌كان، بۆچوونه‌كان ومشتومڕه سیاسییه‌كانی سه‌رده‌می خۆیه‌تی (به‌واتایه‌كی تر سه‌رانسه‌ری سه‌ده‌ی بیسته‌م)، هه‌ڵقوڵاوی تیۆرییه‌كانی ئه‌وه له مه‌عریفه ناسیدا، كه ناسینهری قوتابخانه‌یه‌كی نوییه، دیارترین دیكترینهكانی پۆپه‌ر لهمهعریفهناسیدا بریتین له‌پره‌نسیپی(هه‌ڵه په‌سه‌ندی و عهقلگهرایی ره‌خنه‌گرانه)، ده‌بینین جه‌وهه‌ری تیۆری سیاسی پۆپه‌ر له‌م تیروانینهوه بۆ مه‌عریفه‌ناسی هه‌ڵێنجراوه.( 20)
تۆماركردنی تێڕوانینه فیكرییه‌كانی خۆی لهپهراوێكدا بۆ یه‌كه‌مجار له ته‌مه‌نیكی كه‌مدا و هه‌ر ئه‌م پهراوهش بوو دواجار پۆپه‌ر كرد به‌پایه وكۆڵهكهی قه‌ڵا فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی خۆی، جونكه هه‌میشه پوپه‌ر ده‌یوت: (پێویسته یهكهمجارلۆژیكی لێكۆلینه‌وه‌ی میتۆدی بریتی بێت له‌هه‌ڵه‌كردن و دواجار راستكردنه‌وه‌یان، چونكه نابیت یاساكان بخه‌ینه ئهستَوی سروشت، به‌وپێیه‌ی، كه یاساكان چه‌ند ئهفراندنێكن له توانستی زانینه‌وه دێنه‌ده‌ر، به‌ڵكو پێویسته وا له‌یاساكان بكه‌ین كه جۆره (هه‌ستێك)ن بۆ په‌یوه‌ندییه‌كی ئازاد له‌به‌رده‌میدا توانای به‌رهه‌ڵستیكردن و راستكردنه‌وه هه‌میشه فه‌راهه‌مه.(21 )
پره‌نسیپی ههڵهپهسهندی بهپیگهی ئه‌زموون وهه‌ڵه وسووچ په‌سه‌ندی مرۆڤ له‌مه‌عریفه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و تیۆری ئه‌ندازیاری كۆمه‌ڵایه‌تی بهنكوڵی لێ‌كردن لهتێۆرییهكانی په‌یوه‌ست به‌بونیادی گشتی كۆمه‌ڵگا وه‌ك تێۆری (ئه‌فلاتون) و(هیگڵ) و (ماركس) كۆتایی پێدێت، پۆپه‌ر ئه‌م جۆره تیۆرییه گشتگهرایانه ده‌داته به‌ر ره‌خنه كه بانگه‌شه‌ی دۆزینه‌وه‌ی بنه‌مایه‌كی گشتی ده‌كه‌ن بۆ پێكهاته‌گه‌رایی سه‌رانسه‌ری كۆمه‌ڵگه، له‌كتێبی(هه‌ژاری مێژووگهرای) شدا به‌تێروته‌سه‌لی ڕه‌خنه له‌م تیۆرانه ده‌گرێت، له‌وانه‌ش تیۆره‌كانی (هیگڵ وماركس)، كه له‌فه‌لسه‌فه‌ی مێژووه‌وه هه‌ڵقوڵاون دواتر ئه‌م ڕه‌خنانه‌ی فراوان كرد له‌باتی تیۆری سه‌رله‌نوێ سازكردنه‌وه‌ی گشتی و سه‌رانسه‌ری كۆمه‌ڵگا تیۆری ئه‌ندازیاری به‌ش به‌ش و پله‌پله ده‌خاته‌ڕوو، به‌پێی ئه‌م تیۆره هه‌وڵی ئێمه له‌بری سه‌رله‌نوێ سازكردنه‌وه‌ی سه‌رانسه‌ری كۆمه‌ڵگه، كه (له‌ڕاستیدا به‌پێی ناوه‌ڕۆكی مه‌عریفه‌ی مرۆیی و دینامیكیه‌تی كۆمه‌ڵگای مرۆیی مهیسهرنییه) سه‌رنج بداته سهرنههێشتنی پله‌به‌پله و به‌ش به‌شی كه‌موكورتیه‌كانی كۆمه‌ڵگا.(22 )
پۆپه‌ر بۆ سه‌رله‌نوێ سازكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا دوو بنه‌مای تێڕوانینی سودخوازانهی نێگه‌تیڤ(سودگه‌رایی نێگه‌تیڤ وپشتیوانگهرایی) ده‌خاته‌ڕوو، تیۆری سودگه‌رایی نێگه‌تیڤیش له‌به‌رامبه‌ر تیۆری سودگه‌رایی (بینتهام)دا راده‌وه‌ستێت، به‌پێی پرانسیپی (بینتهام) كاری ده‌وڵه‌ت دابینكردنی زیاترین چاكه‌یه بۆ زۆرترین ژماره‌ی هاوڵاتیان، به‌ڵام پۆپه‌ر به‌پێی بنه‌مای پشتیوانگهرایی خۆی ده‌ڵێت: ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ریه‌تی پاسه‌وانی له ئازادییه‌كانی تاك بكات و ئه‌مه‌ش پێویستی به‌وه‌یه كه پشتیوانی له‌و توێژه هه‌ژارانه بكرێت، كه ئازادیان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی جۆراوجۆردایه".(23)
له‌م روانگه‌یه‌وه پۆپه‌ر به یه‌كێك له به‌رگریكاره سه‌رسه‌خته‌كانی مێژوو دژی تۆتالیتاریزم و گه‌شبین ترین فه‌یله‌سوفی هاوچه‌رخ له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت، پۆپه‌ر هه‌میشه ئه‌و وته‌یه‌ی (سوكرات)ی دووپات ده‌كرده‌وه كه‌ده‌ڵێت: مرۆڤایه‌تی ده‌بێت لهستهمكردن زیاتر بترسێت، تا تهحامولكردنی سته‌م، هه‌موو كۆششی مرۆڤ ده‌بێت بۆ ئه‌وه ته‌رخان بكرێت كه چ له ژیانی تایبه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌راستی چاكه‌خواز بێت، نه‌ك له‌به‌ر چاوی خه‌ڵكدا وه‌ك چاكه‌خواز خۆی بنوێنێت، له‌به‌رامبه‌ر خۆی و ئه‌وانی تردا خۆی بپارێزێت، هه‌ر هونه‌رێكی تریش ته‌نها بۆ خزمه‌تی دادپه‌روه‌ری بخرێته‌كار"(24)
هه‌روه‌ك زۆرترین سهركێشیهكانی له كاره كۆمه‌ڵایه‌تیه جوانه‌كانی و له ئه‌نجامی ئه‌م هێزه بۆ به‌رگری كردن له دیموكراتیه‌تی لیبڕاڵیه‌ت به‌و وه‌سفه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی سیاسییه، روخێنه‌ری ره‌خنه‌ی فه‌لسه‌فی له‌سه‌ركاره سه‌ره‌كیه‌كانی كه هه‌موو شێوازه‌كانی دیكتاتۆریه‌تی له‌سه‌ر دروست ده‌كرێت.(25)
پۆپه‌ر زۆر باوه‌ڕی به‌توانا و رۆڵ و كاریگه‌ری عه‌قڵ هه‌بووه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش شێوازی ره‌خنه‌گرتنی وه‌ك میتۆدێكی عه‌قڵ بۆ پێشخستنی مه‌عریفه به‌كارهێناوه، چونكه له‌م رێگه‌یه‌وه توێژینه‌وه‌ی عه‌قڵانی و ره‌خنه‌گرانه بوارمان بۆ ساز ده‌كات، تا ره‌خنه له گریمانه‌كانی خۆمان بگرین و ئه‌گه‌ر خراپ بوون، پێیاندا بچینه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی داهێنه‌ری گریمانه‌كه له‌ناو به‌رین، ئه‌مه ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ی میتۆدی رهخنگرانهیه، كه بوار ده‌ڕه‌خسێنێت تا تێزه نه‌گونجاوه‌كان بناسینه‌وه ومهحكومیان بكه‌ین، به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ڵگرانی ئه‌و گریمانانه مه‌حكوم بكه‌ین.(26)
پۆپه‌ر پێچه‌وانه‌ی ره‌خنه‌گرانی رابردوو خۆی له‌قه‌ره‌ی خاڵی لاوازیی هزری فه‌یله‌سوفان نه‌ئه‌دا، به‌ڵكو رووبه‌ڕوی خاڵی به‌هێزیشیان ده‌بووه‌وه، ئه‌مه‌ش وایكرد زیاتر ناوبانگ ده‌ربكات، به‌جۆرێك كه گه‌وره پیاوانی رۆشنبیری بواری زانست كۆببنه‌وه‌و پێشبڕكێیان له‌سه‌ر گرنگیدان به‌كاره‌كانی پۆپه‌ر و سود وه‌رگرتن له تێڕوانین وچالاكییه‌كانی ده‌كرد، بۆیه هه‌مووان له‌و باوه‌ڕدان كه نوسینه‌كانی گرنگییه‌كی زۆریان هه‌یه.(27)
بۆیه ده‌بینین فه‌لسه‌فه لای پۆپه‌ر ته‌نها وێنه‌یه‌كی زهنی وگهمهیهكی عه‌قڵی نه‌بووه، به‌ڵكو فه‌لسه‌فه لای ئه‌و چالاكییه‌كی پێویست بووه وحه‌زی زانستیش لای ئه‌و هه‌ڵكه‌وته‌ی نێوان ئه‌زموون و میتافیزیكه و له فه‌لسه‌فه‌ی خۆیدا میتۆدی (هه‌ڵێنجان)ی بهكارههێناوه له جێی (لێگه‌ڕان).(28)
به‌كارهێنانی میتۆدی هه‌ڵێنجان میتۆدێكه بۆ دۆزینه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ته نوێیه‌كان وگواستنه‌وه‌ی له پێشه‌كیه‌وه بۆ ئه‌نجام، ئه‌م میتۆدهشی ناونا میتۆدێكی به‌ڵگه‌ئامێز بۆ توێژینه‌وه وه‌ك میتۆده بیركارییه‌كان و له‌م رێگه‌شه‌وه توانیویه‌تی كاربكاته سه‌ر ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی شاره‌زای زۆربوون له‌بواری زانست‌دا، ئه‌مه‌ش له رێگه‌ی ئه‌و میتۆده زانستیانه‌ی به‌كاریهێناوه وگرنگترین گرفتی پێ چاره‌سه‌ر بكات، كه ئه‌ویش (لێگه‌ڕان) بووه.(29)
هه‌روه‌ك توانی فه‌لسه‌فه بگێڕێته‌وه بۆ رێڕه‌وی راسته‌قینه‌ی خۆی و ببێت به یه‌كێك له به‌رگریكاره سه‌رسه‌خته‌كانی دیموكراسی له‌سه‌رده‌می نوێ‌دا، هه‌ندێك له وڵاتانی (چین و ژاپۆن و ئه‌وروپای ناوه‌ڕاست) بكه‌ونه ژێر كاریگه‌ری ئه‌م فه‌یله‌سوفه‌و له بواری خوێندندا سودی لێوه‌ربگرن.(30)
چه‌مكی مێژوو
مێژووگه‌رایی:
له سه‌رده‌می پۆپه‌ردا تێڕوانینی مێژووگهرایانه چ له بۆچوونه چه‌په‌كان و چ له بۆچوونه راستگهراكاندا نفوزێكی زۆری هه‌بووه، مێژووگه‌رایی ئه‌و جۆره‌ی، كه پۆپه‌ر لێی تێده‌گه‌یشت تیۆریه‌ك بوو له‌سه‌ر ئه‌م هزره بونیادنرابوو كه مێژوو خاوه‌ن ره‌وتێكی یاسامهندهو ئاڕاسته‌یه‌كی دیاریكراوی سه‌ربه‌خۆیه له ویستی ئێمه‌دا.(31)
ناوبانگی پۆپه‌ریش زیاتر خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه، كه دژی هه‌رجۆره مێژووگهراییهك وه‌ستاوه‌ته‌وه، واته ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌ر بیروڕایه‌ك كه به‌نده له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی ره‌وتی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی ده‌توانین چه‌نده‌ها پێشبینی گهورهوماوه درێژ بكه‌ین.(32)
به ڕای پۆپه‌ر نه له‌باره‌ی كاروانی رۆشتن وگۆڕانكاری كۆمه‌ڵگاوه نه له‌باره‌ی جوڵه‌ی مێژووه‌وه به هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانین ده‌ست وه‌ربده‌ین له پێشبینیه ئاینده‌ییه‌كان، بۆیه توانای پێشبینی كردنی رووداوه مێژووییه‌كان نییه، له‌وانه‌یه بتوانین له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌تی هه‌ندێك به‌راورد و ئه‌و شتانه‌ی، كه له‌رابردوودا رویداوه پێشبینی هه‌ندێك شتی هاوشێوه‌ی تر بكه‌ین، به‌ڵام هه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ی كه وتمان پێشبینیكردنی ته‌واوی رووداوه مێژوویه‌كان و ئه‌نجامه‌كانی ناتوانرێت پێشبینی بكرێت.(33)
به‌ڵام پۆپه‌ر نكوڵی له‌وه ناكات كه هه‌ندێكجار مێژوو له‌وانه‌یه خۆی دووباره بكاته‌وه له لایه‌نێك له لایه‌نه‌كان، به‌ڵام ئه‌م بارودۆخانه‌ی دووباره ده‌بنه‌وه ناتوانرێت له‌گه‌ڵ یه‌كتریا به‌راورد بكرێن وه‌ك چۆن له‌گه‌ڵ یاسا سروشتیه‌كان ده‌كرێت، بۆیه ناتوانین رووداوه مێژوویه‌كان ملكه‌چی هیچ یاسایه‌ك بن كه پۆپه‌ر زۆر جه‌ختی لێده‌كاته‌وه.(34)
لێره‌وه مێژووگه‌رایی ملكه‌چی ئه‌زموون نییه‌و ناتوانرێت دووباره بكرێته‌وه، یاخود یاسای مێژوو دابڕێژێته‌وه، به‌مانای یاساكان له زانستی سروشتی‌دا بڕاوهبن ودووباره بوونه‌وه‌ی رووداوه مێژوویه‌كان هیچ نیین جگه له نمونه‌یه‌ك له نمونه‌كانی وه‌ك بیردۆزی میتافیزیكی، كه له روكه‌شدا وه‌ك ئه‌زموون ده‌رده‌كه‌وێت.(35)
له‌مباره‌یه‌وه پۆپه‌ر پێی وایه ره‌وتی مێژوو له‌سه‌ر بنه‌مای پلانێكه، به‌ڵام ئه‌م پلانه ته‌نها به‌شێوه‌یه‌كی ناڕوون دیاریده‌كرێت، چونكه به‌رهه‌می ئیراده‌ی خوای تاك و ته‌نها یان خواكانه، هه‌رچه‌نده ناكرێت له‌م پلانه تێنه‌گه‌ین، تێگه‌شتنی ئه‌وه‌ش كارێكی ساكار نییه، به‌ڵام له‌وپه‌ڕی روپه‌ڕی رووداوه‌كان شتێكی شاراوه‌و ره‌مز ئامێز شاردراوه‌ته‌وه‌و ئه‌م شته شاراوه‌یه‌ش په‌یوه‌ندی به پاداشت وتاوانه‌وه هه‌یه، شاره‌زاترین كه‌سه‌كان ده‌توانن ئه‌م خاڵه دیاری بكه‌ن، بۆیه ئێمه ناتوانین پێشبینی رووداوه‌كان بكه‌ین*.(36)
به‌كارهێنانی وشه‌ی مێژووگهراییهی پۆپه‌ر تاڕاده‌یه‌ك په‌یوه‌سته به‌خۆیه‌وه، زۆربه‌ی خه‌ڵك ئه‌م وشه‌یه به‌شێوه‌ی مانای ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌و به‌كاردێنن، دووباره ناسینه‌وه‌ی ئه‌مه كه هه‌موو رووداوێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتوری له‌لایه‌نی مێژوییه‌وه دیاری ده‌كرێت، هه‌ر رووداوێك شوێن وكاتی تایبه‌تی خۆی هه‌یه له‌به‌ر ئه‌مه ناتوانین بیخه‌ینه ژێر یاسا‌و رێسایی زیاتر له سنوری سه‌رده‌م (كات)، یان كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تره‌وه، بۆیه كه‌سێك ئه‌مجۆره باوه‌ڕه مێژوویانه قه‌بوڵ ده‌كات، ناتوانێت به‌و مۆدێل و رێسا ویاسایانه‌ی مێژوو، كه پۆپه‌ر هێرش ده‌كاته سه‌ری باوه‌ڕ بكات.(37)
له‌م روانگه‌شه‌وه پۆپه‌ر هێرشێكی توند ده‌كاته سه‌ر( ئه‌فلاتون وهیگڵ وماركس)، چونكه پێیوایه ئه‌وان له‌و بیرمه‌نده دیارانه‌ن ئه‌م هزره‌یان په‌روه‌رده كردووه، ئه‌م جۆره تێگه‌شتنه له مێژوو بووه‌ته هۆی خستنه‌ڕووی تیۆره‌كانی په‌یوه‌ندیدار به ئه‌ندازیاری كۆمه‌ڵایه‌تی گشتگه‌را ویۆتۆپیاگهرا، چونكه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه سیسته‌مگه‌لێكی پاوانخواز دروست ببێت، به‌مجۆره مێژووگه‌رایی په‌یوه‌ندییه‌كی نزیكی له‌گه‌ڵ پاوانخوازیدا هه‌یه.(38)
لێره‌دا پۆپه‌ر گوته‌كه‌ی ( شۆپنهاوه‌ر) وا لێده‌كات، ئه‌گه‌ر رۆژێك له رۆژان ویستت لاوێك گه‌مژه بكه‌یت و به‌ته‌واوه‌تی توانای بیركردنه‌وه‌ی لێبسه‌نیته‌وه باشترین شت ئه‌وه‌یه‌كه كتێبه‌كانی هیگڵی بده‌یتێ تا بیخوێنێته‌وه.(39)
بڕواهێنان به مێژووگهرایش وه‌كو قومار كه بریتییه له: له دایك بوونی نائومێدی له عه‌قڵ وبێ هیوابوونه له هه‌ستی به‌رپرسیارێتی ئومێدێكی بێ‌نرخ و ئیمانێكی بێ به‌هایه.(40)
رێبازی مێژووگه‌رایی نه‌ك هه‌ر له‌رووی عه‌قڵه‌وه بۆ به‌رگری لێ‌كردن ناشێت، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ هه‌موو ئاینێكدا، كه بڕوای به گرنگی ویژدانی ئه‌خلاقی هه‌بێت ناكۆكه، ئه‌و دینه‌ی كهنرخ بۆ ویژدانی ئه‌خلاقی مرۆڤ دابنێت حه‌تمه‌ن له‌گه‌ڵ عه‌قڵدا گونجاوه، چونكه عه‌قڵ مرۆڤ به به‌رپرس ده‌زانێت له‌به‌رامبه‌ر كرده‌وه‌كانی خۆیی و ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م كردههوانه له‌سه‌ر ره‌وتی مێژوو، راسته پێویستمان به هیوا هه‌یه و كار‌و ژیان به‌بێ ئومێد گونجاو نییه، به‌ڵام جگه له‌مه نه پێویستمان به‌هیچ شتێكی تره‌و نه‌پێویست ده‌كات هیچی ترمان پێبده‌ن، ئێمه دڵنیایی پێویستمان نییه، بۆیه نابێت ئاین جێگای خه‌ون و هێوركردنه‌وه‌ی ئاره‌زووه‌كانمان بگرێته‌وه، چونكه توخمی مێژووگه‌رایی له باوه‌ڕی ئایندا توخمێكی شیرك وخورافه په‌رستییه.(41)
به بۆچوونی پۆپه‌ر خاڵی هاوبه‌ش له نێوان دیدی هیگڵ بۆ مێژووگه‌رایی وتێگهشتنی ماركس بۆ مێژوو له‌و بۆچوونه ناڕاستهدایه، كه گوایه مێژوو كۆمه‌ڵێك یاسای تایبه‌تی خۆی هه‌یه و به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، له هه‌ردوو به‌شی كتێبه‌كه‌یدا (كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه‌و دوژمنه‌كانی) به‌دوای ئه‌و هۆكارانه‌دا ده‌گه‌ڕێت كه ڕێگرن له‌به‌رده‌م دروستكردنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مۆدێرن وكراوه وتهندروستدا، كاتێكیش به‌دوای ریشه‌یی مێژوویی ئه‌م ره‌وته‌دا ده‌چێت ره‌گی فیكری مێژووگه‌رایی له لای سێ بیرمه‌ندی فه‌یله‌سوفی گه‌وره ده‌بینێت كه بنه‌ما فیكرییه‌كانی تۆتالیتاریزمیان داڕشتووه.(42)
به‌ڕای پۆپه‌ر ماركسیزم به‌ته‌نها نمونه‌یه‌كه لهتیۆرهكانی مێژووگه‌رایی وباوه‌ڕبوونی ماركس به‌وه‌ی كه مێژوو یاسای حه‌تمی ناوه‌كی هه‌یه و به‌ڕێوه‌ی ده‌بات و ئاڕاسته‌یه‌ك به گۆڕانكاریه‌كانی دهبهخێشێت، چونكه گرنگترین لافی ماركسیزم ئه‌وه‌یه، كه مێژوو كۆمه‌ڵگه ملكه‌چی كۆمه‌لێك یاسایی زانستی حه‌تمییه و ده‌كرێت له‌سه‌ر بناغه‌ی ئه‌و یاسایانه پێشبینی ئایندهی مێژووی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی بكه‌ین.(43)
به بۆچوونی پۆپه‌ر بیرۆكه‌ی حه‌تمیه‌تی مێژوویی هه‌موو توانایه‌ك له مرۆڤ ده‌سه‌نێته‌وه‌و ده‌یداته ده‌ست جوڵه‌یی مێژوویی خۆی له‌م دیده‌دا ئه‌وه‌ی ده‌ستنیشانی ئه‌وه ده‌كات ئایندهی مرۆڤ چی بێت و چۆن بێت، خودی مرۆڤه‌كان خۆیان نین، به‌ڵكو ئه‌و یاسا بابه‌تیانه‌ن، كه گوایا له ناوه‌وه مێژوو به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.(44)
پۆپه‌ر پێیوایه مرۆڤ ناتوانێت دڵنیای ره‌های لابێت، به‌ڵكو ده‌توانێت كۆمه‌ڵێك گریمانه‌ی هه‌بێت، كه قابیلی گۆڕان وپێداچوونه‌وه وسه‌رله‌نوێ نرخاندنه‌وه‌ی به‌رده‌وامبێت، له‌م روانگه‌یه‌وه پۆپه‌ر پێیوایه ماركسیزم پوخترین و پێشكه‌وتوترین ومه‌ترسیدارترین شێوه رێبازی مێژووگه‌رایی بووه، پاش ئه‌ویش هیگڵ كه به باوكی مێژووگه‌رایی و تۆتالیتاریزمی ئه‌مڕۆ له قه‌ڵه‌م ده‌درێت، چونكه هێشتا له سه‌رده‌می ئێمه‌دا رێبازی مێژووگه‌رایی شێتانه‌ی هیگڵ وه‌ك ئه‌و په‌ینه وایه، كه ده‌بێته مایه‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی خێرایی تۆتالیتاریزم.(45)
چه‌مكی مێژوو چییه؟
مێژوو جێگه‌یه‌كی گرنگی له نێوان سه‌رجه‌م لقه‌كانی مه‌عریفه‌ی مرۆڤایه‌تیدا داگیر كردووه، مرۆڤ له‌سه‌ره‌تای چاخه مێژوویهكانهوه بایه‌خی پێداوه بۆیه مێژوو جێگه‌یه‌كی جیاوازی له نێو زانسته مرۆییه‌كاندا داگیركردووه، چونكه ئه‌و ژیانی نه‌ته‌وه‌كان و ئه‌زموون وشارهزایهكانیانی له رابردوودا تۆماركردووه.
به‌گوێره‌ی پێناسه كلاسیكیه‌كان تاڕاده‌یه‌كی زۆر مێژوو نوسینه‌وه و تۆماری رابردووی مرۆڤه یاخود مێژوو وێنه‌ی ئه‌و رووداوانه‌یه كه له رابردوودا رویانداوه، دیاره ئه‌م شێوه پێناسهكردنهی مێژوو، هاوشێوه‌كانیان جگه له‌وه‌ی ده‌لاله‌تی ره‌ها نییه له‌سه‌ر جه‌وهه‌ری مێژوو، له لایه‌كی تریشه‌وه به ته‌نها ئه‌و پێناسانه به‌س نین جۆره تێگه‌شتن له مێژوو جێگیر بكه‌ین، چونكه ئه‌گه‌ر بچینه‌وه لای ئه‌و كه‌سانه‌ی تر له مێژووناسان و فه‌یله‌سوفانی بواری مێژوو كهبهقوڵی وبیركردنه‌وه له‌دیارده‌و رووداوه مێژوویه‌كانیان روانیوه ده‌گه‌ینه چه‌ندین پێناسه‌ی جیاوازتر وگونجاوتر له‌مه‌ڕ چه‌مكی مێژوو له‌وانه‌ش:
( هیرۆدۆت) ده‌ڵێت: " مێژوو گه‌ڕان وپشكنینه به‌دوای راستی رووداوه‌كاندا"
( ئیبن خه‌لدون) یش ده‌ڵێت: مێژوو له رواڵه‌تدا هه‌واڵه ده‌رباره‌ی رۆژگار ورووداوه پێشووه‌كان، له‌ناوه‌ڕۆكدا روانین و وردبوونه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه بۆ بونه‌وه‌ره‌كان و پهرهنسیپهكانیان و راسته ده‌رباره‌ی رووداوه‌كان وهۆكاره قوڵه‌كانیان، به واتایه‌كی تر (كولینگود) ده‌ڵێت: " مانای مێژوو له‌وه‌دایه، كه ئه‌و رابردوه‌ی باسی لێوه‌ده‌كات رابردویهكه مردوو نییه، به‌ڵكو رابردوویهكه به واتایه‌ك له واتاكان له ئێستادا ده‌ژی".(46)
هیگڵ پێیوایه ئه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندی به مرۆڤ داوه له‌ناو گیانداراندا بیر یان عه‌قڵه، بۆیه لای ئه‌و، مێژووی راسته‌قینه‌ی مرۆڤ ئه‌و كاته ده‌ست پێده‌كات كه‌وا وشیاری سه‌ری هه‌ڵداوه ومێژوو ئه‌و كرداره‌یه كه له سایه‌یه‌وه مرۆڤ به‌ره‌و پێش ده‌چێت و له‌ناو خۆیدا هه‌موو ئه‌زموونه‌كانی مرۆڤ هه‌ڵده‌گرێت و هه‌ر له‌سایه‌ی ئه‌وه‌شه‌وه گه‌شه به توانا‌و وزه‌ی خۆی ده‌دات.(47)
بۆیه مێژوو له جه‌وهه‌ردا بریتیه له زانستی گۆڕانكاری و رابردوو، هیچ شتێك فێری كه‌س ناكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندی پێده‌به‌خشێت عه‌قڵ یان هۆشمه‌ندی مێژوونوسهكانه، بۆیه مێژوو زانستێكه خه‌یاڵی پێوهلێنادرێت، به‌ڵكو ده‌بینرێت و هاوشانی هه‌موو زانسته‌كانه، له رووداوه‌كان ورد ده‌بێته‌وه وشیاریان ده‌كاته‌وه.(48)
كارل پۆپه‌ر به هه‌موو جۆرێك ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت: " ئێمه هه‌موومان كه وشه‌ی مێژوو بهكاردهههێنین به‌شێوه‌یه‌كی وه‌ها هیچ پێویست به شیكردنه‌وه نه‌كات، به‌ڵام له راستیدا مێژوو به‌و واتایه‌ی كه زۆربه‌ی خه‌ڵك له‌باره‌یه‌وه ده‌دوێن بونێكی نییه، ئه‌مه‌ش به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه یه‌كێك بوو له‌و هۆكارانه‌ی كه وای له پۆپه‌ر كرد بڵێت مێژوو واتایه‌كی نییه".
گه‌ر مێژوو ماناشی نییه كه‌چی ده‌توانین مانای پێ ببه‌خشین، بۆیه مێژوو مانابه‌خشینه به‌و شته‌ی كه واتای نییه‌و ئێمه ددهتوانین واتای پێ ببه‌خشین، پۆپه‌ر باوه‌ڕی وابوو كه مێژوو له‌به‌رده‌م مرۆڤدا كراوه‌یه وهه‌ر مرۆڤ خۆشی ئازاده له‌وه‌دا چۆن ئایندهی خۆی دروست ده‌كات.(49)
مێژووی سیاسیی:
لێره‌دا نامه‌وێت بچینه‌وه سه‌ر پرسی مانای مێژوو، چونكه مێژوو به‌و واتایه‌ی كه زۆربه‌ی خه‌ڵك له‌سه‌ری ئه‌دوێن له بنه‌ڕه‌تدا بوونی نییه، ئه‌مه لانیكه‌م یه‌كێكه له‌و هۆیانه‌ی ده‌ڵێت مێژوو مانایه‌كی تیادا نییه، لێره‌دا مه‌به‌ستی له مێژوو به‌و مانایه، كه ده‌ڵێت ئه‌مه مێژووی ئه‌وروپایه، ئه‌م مانایه له قوتابخانه‌و زانكۆكاندا فێری بوون، وهكتێبی له باره‌یه‌وه ده‌خوێندرێته‌وه، ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كان ده‌بینن كه ناونیشانی (مێژووی جیهان) یان(مێژووی مرۆڤایه‌تی) پێوه‌یه‌و به‌بینینی زنجیره‌كی دیاریكراو له رووداو له‌سه‌ر مێژوو رادێن وپێیان وایه به‌دوای یه‌كداهاتنی ئه‌و رووداوانه مێژووی مرۆڤایه‌تی پێكده‌هێنن.(50)
ئه‌وه‌ی پێویست وگرنگه ئه‌وه‌یه، كه ئایا مێژوویه‌ك هه‌یه به‌ناوی مێژووی مرۆڤایه‌تی یاخود مێژووی سیاسی؟ به واتایه‌كی تر قسه له‌سه‌ر مێژووی مرۆڤایه‌تی بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له قوتابخانه‌دا فێری ده‌بین مێژووی مرۆڤایه‌تی نییه، به‌ڵكو مێژووی هێزی سیاسییه.
له ڕاستیدا مێژووی مرۆڤایه‌تی بوونی نییه وه‌ك ئه‌وه‌ی پۆپه‌ر لێی ئه‌دوێت، به‌ڵكو پێیوایه ژماره‌یه‌كی بێ سنورمان له مێژوو هه‌یه، سه‌رجه‌میان لایه‌نه‌كانی ژیانی مرۆڤایه‌تی پێكده‌هێنێت یه‌كێكیان مێژووی هێزی سیاسییه وه‌ك ئه‌مه مێژووی ته‌واوی جیهان بێت.(51)
ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی لێی ئه‌دوێن مێژووی سه‌ربازی جه‌نگه‌كانه وه‌ك ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت، كه مێژوونوسان نوسیویانه، مێژووی سیاسی وسه‌ربازی بووه، ناوی ئه‌وانه‌شی به‌كاریان هێناوه له پیاوه سیاسی وسهربازییهكان زیاتر نه‌بووه، ئه‌مه‌ش بوه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه توێژینه‌وه مێژوویه‌كان ته‌نها له‌مانه‌دا كۆبێته‌وه وله په‌روه‌رده‌ی ئێمه‌دا ره‌نگبداته‌وه.(52)
به‌ڵام پێویسته ئه‌وه بزانین مه‌یدانی رووداوه‌كان مه‌یدانێكی فراوان و بێكۆتاییهو پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی رووداوه‌كانیش هه‌ر وه‌هایه، بۆنموونه مێژووی (هونه‌ر یا شیعر) بێگومان هیچ كام له‌مانه به‌ته‌نها یان به‌یه‌كه‌وه مێژووی مرۆڤ نییه، كاتێك خه‌ڵك باسی مێژووی مروڤ ده‌كه‌ن، زۆتر مه‌به‌ستیان مێژووی ئیمپراتۆریه‌تی (میسر و بابل وئێران ...هیتد)ه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له هزریاندایه له قوتابخانه فێری بوون مێژووی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه.(53) ( له‌راستی دا مێژووی ده‌سه‌ڵاتدارێتی سیاسی هیچ نییه، جگه له مێژووی تاوانی نێونه‌ته‌وه‌یی و كۆكوژی)*
به‌رای پۆپه‌ر ئه‌م كاره سوكایه‌تی كردنه به هه‌موو وێنایه‌كی چاك و پاكژ بۆ مرۆڤ و هیچ باشییه‌كی به‌سه‌ر ئه‌وه‌دا نییه كه مێژووی ده‌ست پیسی یان هه‌ر تاوانێكی تر به مێژووی مرۆڤ له‌قه‌ڵه‌م بده‌ین، ئه‌مه ئه‌و مێژووه‌وه‌یه كه له قوتابخانه‌دا ده‌بینین و تێیدا وه‌ك قاره‌مان و پاڵه‌وان ده‌ڕوانینه گه‌وره سته‌مكاران.(54)
له به‌ره‌به‌یانی مێژووه‌وه زه‌وی وه‌ك شانۆی رووداوه‌كان مرۆڤ و تاكیش وه‌ك ئه‌كته‌ر بزاوت وره‌وتی مێژوویان نمایش كردووه، له نێو كۆمه‌ڵگه‌شدا كه‌سێكی به‌توانا هه‌ڵكه‌وتووه كه ده‌ربڕی خواستی زۆرینه بووه وهێمای رۆحی و مه‌عنه‌وی زۆرێك له كۆمه‌ڵگه‌كانی مرۆیی بوه و له‌و دیده‌شه‌وه سه‌یریان كردووه.(55)
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی پرسیاره ئه‌وه‌یه بۆچی مێژووی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی سیاسی هه‌ڵبژێردراوه ومێژووی ئایین وهونه‌ر هه‌ڵنه‌بژێراوه؟ ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌ند هۆكارێك له‌وانه كاریگه‌ری ده‌سته‌ڵاتی سیاسیی زۆر فراوانه وكاریگه‌ر تره وه‌ك له مێژووه‌كانی تر، هه‌روه‌ك مه‌یلی مرۆڤه‌كان بۆ ده‌سته‌ڵات په‌ره‌ستی.(56)
بێگومان په‌ره‌ستنی ده‌سه‌ڵات یه‌كێكه له خراپترین جۆره‌كانی بت په‌رستی و په‌رستن له ترسه‌وه له‌دایك بووه، ترس هه‌ستێكه كه به‌حه‌ق ده‌بێت لێی بێزار بین، ده‌سه‌ڵاتدارێتی سیاسیی به ته‌وه‌ری (مێژوو) دانراوه، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه سه‌رچاوه‌كانی ده‌سه‌ڵات ویستویانه له پله‌وپایه‌ی بت و په‌رستراودا بن، توانیویانه ئه‌م خواسته‌ی خۆیان به‌دی بهێنن، ئیمپراتۆر وسهردارو دیكتاتۆره‌كان چاودێری گه‌لێك له مێژوونوسهكانیان كردووه.(57)
بۆیه ده‌بینین پۆپه‌ر زۆر به‌توندی ره‌خنه له‌م جۆره له مێژووی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌گرێت، چونكه مێژووی هێزی سیاسی جگه له مێژووی تاوان و كوشتنی به كۆمه‌ڵ له‌سه‌ر ئاستی جیهانی ونیشتیمانی هیچی تر نییه.
زۆر به‌توندیش ره‌خنه ئاڕاسته‌ی تۆتالیتاریزم وپهیرهوكارانی رێبازی هیگڵ ده‌كات، چونكه لای ئه‌وان مێژوو بریتییه له مێژووی هێزی سیاسیی، هه‌ندێك له لێكۆڵه‌ران وای ده‌بینن ده‌رچوونی كتێبه سه‌ره‌كیه‌كه‌ی پۆپه‌ر، ( كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه‌و دووژمنه‌كانی) رێڕه‌وی بیری لیبراڵی گۆڕی بۆ یه‌كه‌مینجار هه‌مواركردنی جه‌وهه‌ریی له تیۆری لیبراڵی‌دا پیًشنیاركرد وه‌ك هه‌وڵێك بۆ به‌رگریكردن له ئازادی وهێرشكردنه سه‌ر رژێمه تۆتالیتاری وچهقبهستووهكان، چونكه روكه‌شی مه‌عریفه‌ی مرۆیی هۆكاری سه‌ره‌كییه له دیاریكردنی رێڕه‌وی مێژوودا، بۆ ئه‌وه‌ی ئاڕاسته‌ی مێژوو له‌سایه‌ی ئه‌م جۆره رژێمانه‌دا به‌ره‌و رێڕه‌وی مێژووی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی نه‌ڕوات، پۆپه‌ر بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات وده‌ڵێت: ده‌بێت ده‌وڵه‌ت هه‌بێت، به‌ڵام ناكرێت ببێته هێزێكی گه‌وره‌ی تۆتالیتاریزمی داپڵۆسێنه‌ر تاوه‌كو نه‌بێت به به‌شێك له مێژووی مرۆڤایه‌تی".(58)
پۆپه‌ر بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه مێژوو مانای نییه، به‌ڵام ئه‌م بانگه‌شه‌یه پێویستی به‌وه نییه به تاساوی له مێژووی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی سیاسیی رابمێنین و جگه له گاڵته‌ی بێبه‌زه‌ییانه هیچی تری تیادا نه‌بینی، هه‌روه‌ها ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه ئێمه ناتوانین شتێك بكه‌ین وده‌بێت مێژووی سیاسیمان قبوڵ بێت.(59)
ده‌توانین له‌رێگه‌ی تێڕامانمان بۆ كێشه‌كانی سیاسه‌تی هێز ئه‌و كێشانه‌ی له‌م رۆژگاره‌ماندا هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنیان ئه‌ده‌ین لێكی بده‌ینه‌وه، ده‌توانین له روانگه‌ی ململانێمان له پێناو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كراوه وباڵاده‌ستی عه‌قڵ و راستی و دادپه‌روه‌ری و ئازادی و یه‌كسانی ودواجاریش له پێناو به‌رگرتن له‌جه‌نگ مێژووی سیاسه‌تی هێز راڤه بكه‌ین، راسته‌كه مێژوو ئامانج ومه‌به‌ستێكی نییه، به‌ڵام ده‌توانین هه‌ر ئه‌م ئامانجانه‌ی خۆمان بكه‌ینه ئامانجی ئه‌و.
بۆیه كارل پۆپه‌ر ده‌ڵێت: مێژوو مانایه‌كی نییه، به‌ڵام ده‌توانین مانای پێ ببهخشینن".(60)
مێژووی مرۆڤایه‌تی:
زۆربه‌ی مێژوونوسان تاوه‌كو ئێستاش كۆك نین له‌سه‌ر بابه‌تی پێكهاته‌ی تیۆری گشتی ده‌رباره‌ی رێڕه‌وی مێژووی مرۆڤایه‌تی، له‌ناو ئه‌وانه‌شدا هه‌ندێك نوسه‌ری وه‌ك پۆپه‌ر پێیوایه كه مێژوویه‌ك بۆ مرۆڤایه‌تی بوونی نییه، به‌ڵكو ژماره‌كی بێ‌سنور له مێژووی جیاواز بوونی هه‌یه كه ژیانی مرۆڤایه‌تی ئاڕاسته ده‌كات، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه توێژینه‌وه له باره‌ی شێوه‌ی جێگیر یان دووباره بوونه‌وه‌وه بۆ مێژووی نوسراو سه‌رناكه‌وێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤ دابه‌ش بووه به‌سه‌ر نه‌ته‌وه وڵاتی جیاوازدا.(61)
ئایا به‌راستی مێژووی گشتی به‌واتای مێژووی راسته‌قینه‌ی مرۆڤ بوونی نییه؟ له‌م باره‌یه‌وه پۆپه‌ر ده‌ڵێت: ناكرێت مێژوویه‌كی ئه‌وتۆ بوونی هه‌بێت، مێژووی راسته‌قینه‌ی مرۆڤ، گه‌ر بوونی هه‌بوایه ده‌بوایه مێژووی هه‌موو تاكه‌كانی مرۆڤ بێت، ده‌بوو مێژوو هه‌موو هیوا وهه‌وڵ و ئازاره‌كانی مرۆڤ بێت، چونكه هیچ مرۆڤێك له‌وانی تر گرنگتر نییه، نوسینه‌وه‌ی ئه‌مجۆره مێژوو، كرده‌یه‌ی مرۆڤ ناكرێت وده‌بێت پرۆسه‌ی داماڵین بكرێت، ئه‌مه‌ش ده‌مانگه‌یه‌نێته مێژووگهرێكی زۆر كه مێژووی كۆمه‌ڵكوژیش له خۆده‌گرێت، ئه‌مه مێژووی مرۆڤایه‌تییه یان مێژووی جیهان".
ئه‌وه‌ی پۆپه‌ر لێی ده‌دوێت و پێیوایه مێژووی مرۆڤ بوونی نییه، ئه‌وه‌ی له ئارادایه مێژووگه‌ری لایه‌نه جیاجیاكانی ژیانی مرۆڤه به ژماره‌یه‌كی بێ‌سنور ودیارینهكراو، كه مێژووی ده‌سته‌ڵاتی سیاسییه بۆ ئاستی مێژووی جیهان به‌رز ده‌كرێته‌وه.(62)
له‌و باره‌یه‌وه (هیگڵ) ده‌ڵێت" مێژووی مرۆڤایه‌تی ده‌كرێت وا شرۆڤه بكرێت، كه پرۆسه‌یه‌كی دوور ودرێژه ومرۆڤایه‌تی توانیویه‌تی له‌م میانه‌یه‌دا پێشكه‌وتنێكی رۆحی و مۆراڵی به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌م پێشكه‌وتنه‌ش له رێگه‌ی عه‌قڵی مرۆییه‌وه به‌ده‌ست دێت"، هه‌روه‌ها (ئارنۆڵد توینبی) ده‌ڵێت " مێژووی مرۆڤ بریتییه له زنجیره‌یه‌ك لهمهیدانبازی و وه‌ڵامدانه‌وه".(63)
لێره‌دا ئێمه ده‌توانین هه‌ندێك شت روون بكه‌ینه‌وه له سه‌رده‌می داهێنانی ره‌خنه‌و ونوسینهوه شتێك روویدا، كه ده‌كرێت وه‌ك گه‌شه‌كردنی مه‌عریفه وێنا بكرێت، به تایبه‌تی گاریگه‌ری ته‌كنه‌لۆژیا چ له‌بواری پیشه‌سازی و چ له بواری شۆڕشی زانستی، كه ئامێری كۆپیكردنن، ئه‌مانه نموونه‌یه‌كن له‌مێژووی مرۆڤایه‌تی، كه خزمه‌تێكی باشی مرۆڤیان كردووه و له‌رێڕه‌وی مه‌عریفه‌ی مرۆڤدا به‌شداربووون.(64)
به‌مجۆره تێگه‌یشتن له مه‌عریفه‌ی مرۆڤایه‌تی درێژه‌پێده‌ری گه‌شه‌كردنی لایه‌نه‌كانی تره‌و په‌یوه‌ستن به‌یه‌كه‌وه، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و راستییه بزانین مێژووی مرۆڤایه‌تی مێژوویه‌كی پڕ داهێنان و ده‌ستكه‌وته، ده‌زگای چاپ له سه‌ده‌ی پانزهههمداو فراوانبوونی بازاڕی كتێب له ئه‌وروپا له دوای ئه‌وه‌ی روویدا بایه‌خی به‌شۆڕشی كلتوریدا، واته ئه‌و شۆڕشه‌ی به ناوی هیومانیزم ناسرا، شۆڕش دژی كۆیلایه‌تی و ره‌گه‌زپه‌ره‌ستی و ئازادكردنی مرۆڤه‌كان له زوڵم وزۆرداری به هه‌وڵی مرۆڤه‌كان خۆیان مێژوویه‌كی گه‌شیان تۆماركردووه، كه ده‌كرێت شانازییان پێوه بكرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زیاتر لای ئێمه بوونی هه‌یه مێژووی ده‌سته‌ڵاتی سیاسییه، بۆیه پۆپه‌ریش ده‌ڵێت مێژووی مرۆڤایه‌تی بوونی نییه.(65)
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی تێڕامانه ئه‌وه‌یه بۆچی له په‌روه‌رده‌ی ئێمه‌دا مێژووی ده‌سه‌ڵاتدارێتی سیاسیی به‌و شێوه‌یه رههنگیداوهتهوه و په‌ڵه‌یه‌كی ره‌شی به مێژووی مرۆڤایه‌تیه‌وه ناوه وه‌ك سه‌رهه‌ڵدانی رژێَمهكانی فاشیزم ونازیزم ورژێمه تۆتالیتتاریزمهكان.
له‌مباره‌یه‌وه پۆپه‌ر ده‌ڵێت" گومانی تێدا نییه كه په‌روه‌رده‌ی هزریی و ئه‌خلاقی ئێمه به‌راستی گه‌نده‌ڵه، چونگه سیسته‌می په‌روه‌رده‌كه‌مان دواجار له‌سه‌ر ده‌سته‌ڵات په‌رستی بونیادنراوه، كه ئه‌مانه هه‌موویان ده‌ستیان خستووه‌ته ناو ده‌ستی یه‌كتری و پرسی په‌روه‌رده‌كردنی مرۆڤی به‌ته‌واوه‌تی شێواندووه وئه‌و خوار وخێچیهی له په‌روه‌رده‌كردنی ئێمه‌دا دروست بووه سه‌رچاوه‌كه‌ی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه دره‌وشانه‌وه رواڵه‌تیه‌كان ستایش ده‌كه‌ین وبهجێگهی ئه‌وه ناوه‌ڕۆكی وته وماهیه‌تی كردار بخه‌ینه ژێر مه‌حه‌كی ره‌خنه وهه‌ڵسه‌نگاندن، چونكه ئێمه هه‌میشه وافێركراوین ئاره‌زوومان بۆ مێژووی سیاسیی هه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌سته‌ڵات بووه به‌ته‌وه‌ری مێژووی ئێمه‌و دواتر بووه به به‌شێك له مێژووی مرۆڤایه‌تی.
هه‌روه‌ها ئه‌ویش ده‌ڵێت" ئه‌مه سوكایه‌تی كردنه به‌مێژووی مرۆڤایه‌تی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مێژووی هێزی سیاسی جگه له مێژووی تاوان وكوشتنی به‌كۆمه‌ڵ هیچی تر نییه(66) چونكه پۆپه‌ر پێیوایه مێژوو مانا یان ئامانجی نییه، لێره‌دا مه‌به‌ستی سیاسه‌تی هێزه، نه‌ك مێژووی گه‌شه‌سه‌ندنی مرۆڤایه‌تی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌توانین ئامانج و مانای پێ ببه‌خشین، ده‌كرێت بیكه‌ین بهململانێیهك، له پێناو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كراوه ودووژمنهكانی و هه‌ر به‌پێی ئه‌مه‌ش ده‌توانین لێكدانه‌وه‌ی بۆ بكه‌ین، ده‌كرێت هه‌مان شتیش له‌سه‌ر مانای ژیان بڵێین كه كێشه‌ی ده‌ستنیشانكردنی واتای ژیان وئامانجهكهی له‌ناخی خۆماندایه.(67)
هه‌ڵسه‌نگاندنی تێڕوانینه‌كانی پۆپه‌ر:
كارل پۆپه‌ر یه‌كێكه له فه‌یله‌سوفه مه‌زنه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، كه گۆڕینی كۆمه‌ڵگه‌ی كردووه به ئامانج به جۆرێ ئازادی و یه‌كسانی ومرۆڤایه‌تی زیاتر بۆكۆمهڵگهكانی سه‌ر زه‌وی به‌ڕه‌وا ده‌زانێت به‌رگرییان لێده‌كات، چونكه هێشتا ئه‌م نایه‌كسانی نادادپه‌روه‌رییه له‌سه‌ر زه‌وی ده‌بینێت. (68)
پۆپه‌ر فه‌یله‌سوفێك بووه دژ بهدۆگماتیزم ولایه‌نگری فره‌یی بووه، چ له بواری هزر وسیاسه‌تدا، هه‌روه‌ك باوه‌ڕی وابووه كه هه‌قیقه‌ت موڵكی تاكه كه‌سێك نییه و ئاده‌میزاده‌كان ده‌بێت هه‌وڵبده‌ن له رێی گفتوگۆ و وتووێژه‌وه له یه‌كتر بگه‌ن و له راستیه‌كانیش بگه‌ن، نه‌ك له رێی توندوتیژییه‌وه، ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌شی ده‌كرێت له‌م جۆره ژیانه‌ی تێدا پیاده بكرێت كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه‌یه.(69)
هه‌روه‌ها باوه‌ڕی وایه گه‌رچی كۆمه‌ڵگه‌كانی ئێمه‌و دیموكراسیه‌كه‌مان هێشتا له كامڵبونهوه دووره، به‌ڵام به‌تاكه كۆمه‌ڵگایه‌ك ده‌ژمێرێت كه تاڕاده‌یه‌كی زۆر ئازادی تیادایه و هه‌وڵێكی زۆریش له‌م كۆمه‌ڵگایانه‌دا ده‌درێت تاوه‌كو ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ره‌و باشتر ببرێت وبڕێكی زۆریش یه‌كسانی له‌به‌رده‌م یاسا وبڕێكیش له لێبوردنی تیادایه، به‌ڵام پۆپه‌ر پێیوایه كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان هێشتا زۆر دووره له‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كامڵ بێت، چونكه هێشتا زۆر له مادده بێهۆشكه‌ره‌كان وئهلكهول و...هتدی تێیدا به‌خراپی به‌كارده‌هێنرێت، زۆر زه‌حمه‌ته له‌م گرفتانه رزگارمان بێت، مادام ئه‌وه‌نده لامان خۆشه‌ویسته، ئه‌م بابه‌تانه كۆمه‌ڵێك نیشانه‌ن، ئاماژه بۆ ئه‌و به‌دبه‌ختییه ده‌كه‌ن، كه نه‌وه تازه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه ده‌یچێژن.(70)
پۆپه‌ر پێیوایه ئه‌و جیهانه‌ی ئێمه تێیدا ده‌ژین سه‌ره‌ڕای ئه‌و جه‌نگه ترسناكانهش كه تێیدا روویانداوه تاوه‌كو ئێستاش باشترین جیهانه، هه‌ڵبه‌ته هه‌مووان له‌وه گه‌یشتوین، كه ئه‌و ئه‌زموونه توندوتیژانه هه‌ڵقوڵاوی جه‌نگن وكاریگه‌رییه‌كی قوڵ وناخۆشیان جێهێشتووه.(71)
پۆپه‌ر هێرشێكی توند ده‌كاته سه‌ر ده‌زگاكانی راگه‌یاندن به‌تایبه‌ت ته‌له‌فیزیۆن، چونكه پێی وابووه وه‌چه‌ی مرۆڤایه‌تی به‌ره‌و گه‌نده‌ڵی ده‌بات ومهبهستیشی به‌شێوه‌یه‌كی سادده وئاشكرا زۆربوونی تاوانه وهه‌ستكردن به‌له‌ده‌ستدانی ژیان له جیهانێكی دامه‌زراودا.(72)
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پۆپه‌ر پێی وابووه ده‌كرێت بۆ ژیان وگوزه‌رانی مرۆڤه‌كان هه‌وڵبدرێت، به‌ڵام نه‌ك بۆ به‌خته‌وه‌ری مرۆڤایه‌تی، چونكه هه‌وڵ وكۆشش بۆ دامه‌زراندی به‌هه‌شت له‌سه‌ر زه‌وی هه‌میشه رێی بۆ دۆزه‌خ خۆشكردووه. ئه‌و كه‌سانه‌ی واده‌زانن ده‌توانن مرۆڤایه‌تی به‌خته‌وه‌ر بكه‌ن كه‌سانێكی خهتهرناكن، چونكه ئه‌مه به‌وه ده‌شكێته‌وه، كه ئه‌و كه‌سانه پاش ماوه‌یه‌ك ده‌گه‌نه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی مافی خۆیانه و ره‌وایه بۆیان كۆمه‌ڵێك بكوژن تا خه‌ڵكی تر به‌خته‌وه‌ر بكه‌ن، له‌م دیده‌وه پۆپه‌ر هێرشه‌كانی خۆی كرده سه‌ر رێبازی مێژووگه‌رایی ورژێمه دیكتاتۆرییه‌كان، چونكه له‌سایه‌ی ئه‌م رژێمانه‌دا كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی به‌ره‌و دۆخێكی ناله‌بار وناهه‌موار وكارهساتاوی ده‌بات، بۆیه پۆپه‌ر بانگه‌شه‌كانی خۆی بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كراوه ده‌ستپێكرد له كۆتاییه‌كانی جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا.(73)
پۆپه‌ر پێیوابووه خراپترین ونهگونجاوترین فۆڕمی كۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێڕن كه ناتوانرێت داكۆكی لێبكرێت ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌یه به نه‌خشه‌كێشانی له سه‌نته‌ره‌وه مرۆڤه‌كان به‌جۆره شێوازێكی ژیان ناچار ده‌كات ورێگای دوو بۆچونی جیاواز نادات، بۆیه هێرشێكی زۆر توندی كردوه‌ته سه‌ر ئه‌مجۆره ده‌سه‌ڵاتانه، چونكه بانگه‌شه‌كانی ئه‌و بۆ به‌دیهێنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كراوه بووه بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان به ئازادی وبه‌خته‌وه‌ری بژین.(74)
هه‌روه‌ك دژی كۆمه‌ڵگه‌ی داخراو بووه، چونكه پێی وابووه كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك، كه تێیدا هه‌موو هه‌قیقه‌تێك بهدۆزراوه له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت، له كاتێكدا پۆپه‌ر ده‌ڵێت" هیچ كاتێك ناكرێت حه‌قیقه‌تی كۆتایی بدۆزرێته‌وه وپرۆسه‌ی داهاتووی مێژوو بناسین" له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناتوانین مه‌عریفه‌ی زانستی داهاتوو له ئێستاوه ده‌ستنیشان بكه‌ین، بۆیه ره‌خنه‌كانی خۆی ئاڕاسته‌ی (ئه‌فلاتون وهیگڵ وماركس) كردووه، چونكه ئه‌وانه باوه‌ڕیان وابووه ئێمه ده‌توانین داهاتوو پێشبینی بكه‌ین.(75)
گریمانه‌ی سه‌ره‌كی پۆپه‌ر ئه‌وه‌یه كه وای ده‌بینێت نه‌ك هه‌ر له رووی ئابووریه‌وه له هه‌لومه‌رجێكی باشتردا ده‌ژین، ته‌نانه‌ت له رووی ئه‌خلاقیشه‌وه له پێگه‌یه‌كی باشترداین، به‌ڵام یه‌ك شت په‌سه‌ند ده‌كات " ئێمه له چاو رابردودا ئه‌حمه‌قترین ونا رهخنهگرتنین له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر شتێك‌دا كه پێی ده‌ڵێن مۆدێرن".(76)
سه‌ڕه‌ڕای ئه‌وه‌ی پۆپه‌ر شێوازێكی نوێی له توێژینه‌وه‌ی سیاسیی وتیۆریهیهكی پڕ مه‌غزای بۆ به‌رگریكردن له دیموكراسی خسته‌ڕوو، ئه‌و ره‌خنه‌یه‌كی توندیشی له ئه‌ندازیاری كۆمه‌ڵایه‌تی یۆتۆپیایی گرت، كه به‌سه‌ر به‌شێكی گه‌وره‌ی ئایدۆلۆژیا سیاسییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م هه‌ر له فاشیزمه‌وه بیگره هه‌تا پۆڵشفیزم زاڵ بوو، هه‌ندێك ره‌خنه‌ش له تیۆری پۆپه‌ر گیراوه ولێره‌دا ئاماژیان بۆ ده‌كه‌ین:
1- پۆپه‌ر سه‌ره‌ڕای ره‌خنه‌یه‌كی تیروته‌سه‌ل له ئه‌ندازیاری كۆمه‌ڵایه‌تی یۆتۆپیایی، باسێكی تێروته‌سه‌ل له‌مه‌ڕ رێگاكانی به‌دیهاتنی ئه‌ندازیاری كۆمه‌ڵایه‌تی پله به پله له ره‌هه‌نده‌كانی بوونناسی سه‌ره‌نجڕاكێش له‌مه‌ڕ ناوه‌ڕۆكی ژیانی مرۆڤ و چۆنیه‌تی سیسته‌م وپێكهاتهكهی ناخاته‌روو به واتایه‌كی تر ئه‌و بیردۆزه سیاسییه‌كانی خۆی به‌دیدگای جێگای په‌سه‌ند له‌بواری مرۆڤ ناسیدا پشت ئه‌ستور نه‌كردووه، بۆ نمونه خۆی له‌قه‌ره‌ی ئه‌م پرسیارانه نه‌داوه، ژیانی مرۆڤ چۆن رێكده‌خرێت؟ مرۆڤه‌كان چۆن سستمی ده‌سته‌ڵاتی هاوبه‌شی خۆیان پێكده‌هێنن؟ به چ شێوه‌یه‌ك كه‌سانێك ده‌توانن به‌سه‌ر كه‌سانێكدا فه‌رمانڕه‌وای بكه‌ن؟ سه‌ره‌نجام ئه‌وه‌ی تاكه‌كان چۆن ده‌توانن ببنه خاوه‌ن ئازادی له‌ناو ئه‌و سیسته‌مه‌ی كه داخوازی جۆراوجۆریان لێده‌كات؟ (77)
بۆیه ده‌بینین پۆپه‌ر زۆر دوور بۆ ده‌ره‌وه‌ی ناڕوانێت تا بگاته (یۆتۆپیا)، به‌ڵكو ئامانجی ئه‌و ته‌نها كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه‌یه وبه‌رده‌وامی پێدانی كامڵكردنی ئه‌و دیموكراسیه‌یه. (78)
پۆپه‌ر ده‌ڵێت" ده‌بێت ده‌وڵه‌ت هه‌بێت، به‌ڵام ناكرێت هێزی ده‌وڵه‌ت زیاتر له هێزی خۆی بێت وگه‌وره بكرێت، بۆیه ئه‌و به‌رگری له دیموكراسی ناكات، به‌ڵكو ته‌نها وه‌سفی ده‌كات و به‌باشتری ده‌زانێت". (79)
2- پۆپه‌ر كه هێرشی كردوه‌ته سه‌ر یۆتۆپیایی ئه‌فلاتون وهیگڵ وماركس وئه‌وانی تر، خۆی له ئه‌نجامدا عه‌قڵگه‌رایی كردوه‌ته یۆتۆپیایه‌كی نوێ، ئه‌و سیاسه‌ت به‌جۆرێك ده‌بینێ، كه شێوازێكه له چاره‌سه‌ری عه‌قڵانی پرسه‌كه له‌بواری مه‌عریفه‌دا، له روانگه‌ی ئه‌وه‌وه سیاسه‌تی عه‌قڵانی بریتییه له ناسینی پرسه‌كان وپێناسهكردنیان به وته‌یه‌كی روون وره‌خنه گرتن له رێگاچارهكانیان، به‌ڵام له واقیعی ژیاندا پرسه سیاسییه‌كان به‌مجۆره به‌ڕێوه ناچن. (80)
سه‌رسوڕمان ئه‌وه‌یه پۆپه‌ر له‌م باوه‌ڕه‌ی، كه نه ته‌نها ماركس وهیگڵ به‌ڵكو به‌هه‌مان شێوه هه‌ندێك له‌شاره‌زایانی توندی لیبڕاڵ باوه‌ڕیان وابوو به‌جۆرێك ئیمانی دژی عه‌قڵ ده‌بینی، به‌ڵام به‌رای پۆپه‌ر مێژوو نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه به هیچ یاسایه‌ك وته‌نانه‌ت بیرۆكه‌ی یاسایی مێژووی به‌ڕای ئه‌و له حوكمدا جۆرێك له تێگیرانه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و به‌ڵگانه‌ی، كه پۆپه‌ر بۆ سه‌لماندنی رای خۆی ده‌ریده‌خات به‌هیچ جۆرێك باوه‌ڕپێكراو نییه. (81)
ده‌بێت ئه‌وه‌ش باس بكرێت پۆپه‌ر به‌هه‌ڵه‌داچووه له به‌كارهێنانی ئاینزا رهخنهگرهكانی كاتێك ره‌خنه‌ی له هه‌موو پۆله‌كانی شاره‌زای بیردۆزه‌ی كردووه به‌مه‌عریفه‌ی زانستی وگومانی له راستیی ودروستی هه‌بووه، هه‌روه‌ها توانای له شیكردنه‌وه‌ی دیارده‌و رووداوه زانستییه‌كان.(82)
3- پۆپه‌ر هه‌روه‌ك چۆن فه‌لسه‌فه‌ی زانستی بۆ ته‌كنیك وشێوازی پێشكه‌وتووی زانستی گواستوه‌ته‌وه، فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیشی بۆ ئاستی ته‌كنیكی ئه‌ندازیاری دابه‌زاندووه، كۆمه‌ڵگه وه‌ك ئۆتۆمبیلێك وایه ده‌بێت به‌شێوازی ئه‌زموون وهه‌ڵه لێی بكۆڵرێته‌وه وچاك بكرێت.(83)
له كاتێكدا پرسه سیاسییه‌كان له ره‌هه‌ندێكی مه‌زن وله‌سه‌ر ئاستی هه‌موو كۆمه‌ڵگه سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن خودی پره‌نسیپی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئازارانه‌ی، كه‌شیاوی خولی دوورخستنه‌وه‌ن پێویستی به‌كردارێكی به‌ربڵاو هه‌یه له‌سه‌ر ئاستێكی گشتیی.(84)
هه‌رچه‌نده نوسینه‌كانی پۆپه‌ر ره‌خنه‌ی زۆری لێگیراوه، به‌ڵام ئه‌و رۆحه لیبراڵ ودیموكراس ومرۆڤ دۆسته‌ی له نوسینه‌كانیدا ئاماده‌یه تا ساڵانێكی درێژ له‌گه‌ڵماندا ده‌مێنێته‌وه.(85)
ده‌ره‌نجام:
له نوسینی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا گه‌یشتینه ئه‌م ده‌ره‌نجامانه‌ی خواره‌وه.
1- پۆپه‌ر بڕوای وایه، كه گۆڕان له مێژوودا ملكه‌چی یاسای حه‌تمی نییه، به‌ڵكو ئه‌نجامی هه‌وڵی ئێمه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفت و كێشه‌كان.
2- پۆپه‌ر پێیوایه ئه‌و مێژووه‌ی كه هه‌یه مێژووی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه، چونكه ئه‌مجۆره له مێژوو له په‌روه‌رده‌كردنی ئێمه‌دا بوونی هه‌بووه، سه‌رهه‌ڵدانی دوو جه‌نگی جیهانی خوێناوی نموونه‌ی ئه‌مجۆره په‌روه‌رده‌یه.
3- پۆپه‌ر پێیوابووه ده‌كرێت بۆ ژیان و گوزه‌رانی مرۆڤه‌كان هه‌وڵ بدرێت، نه‌ك بۆ به‌ده‌ستهێنانی به‌خته‌وه‌ری، چونكه ئه‌م هه‌نگاوه ئازادی مرۆڤه‌كان ده‌شێوێنێ و به‌ره‌و له‌ناوبردن ده‌یانبات.
4- سه‌باره‌ت به ده‌وڵه‌تیش پێیوایه، ده‌بێت ده‌وڵه‌ت هه‌بێت، به‌ڵام ناكرێت له هێزی خۆی پێویست و گه‌وره‌تر بێت.
په‌راوێزه‌كان
1- بێ ناوی نوسه‌ر: كارل پۆپه‌ر، وه‌رگیراوه له سایتی www.plato.stanford.edu
2- كارل پۆپه‌ر: له‌گه‌ڵ عه‌قڵی خۆرئاوادا، وه‌گێڕانی ، ئازادبه‌رزنجی، چ 1 ، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م ، هه‌وڵیر ، 2001، ل134ـ136
3- د.كه‌ماڵ پۆلادی: میژوی هزری سیاسی له‌رۆژئاوا، وه‌گێڕانی، ئازاد وه‌له‌دبه‌گی، سیروان زه‌ندی ، ب3، چ1، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ، كوردستان ، هه‌ولیر، 2005 ، ل150ـ151.
* ئه‌دله‌ر: له‌ساڵی (1870-1937) زایینی پزیشكی ده‌روونی ڤیه‌ننا بوو، یه‌كێك له رێڕه‌وانی سه‌ره‌تایی فرۆیده، ئه‌دله‌ر دوای ئه‌وه‌ی له فرۆید جیابووه‌وه ده‌سته‌واژه‌ی ده‌رونناسی تاك و گرێی خۆبه‌كه‌مزانین و سه‌روی قه‌ره‌بوكردنی ده‌هێنا.( ئه‌دله‌ر : ده‌رون ناسی و له بیر چونه‌وه ، و ، علی ئه‌كبه‌ر مه‌جیدی ، چ 1 ، ساڵی 2008
4- د.كه‌مال بولادی: مێژووی هزری سیاسیی له رۆژئاوا، ل151
5- بێ ناوی نوسه‌ر: كارل پۆپه‌ر، وه‌رگیراوه له سایتی www.plato.stanford.edu
* بازنه‌ی ڤیه‌ننا گروپێكی فه‌لسه‌فی بوون ژماره‌یه‌ك له خه‌ڵكی رۆشنبیرانی ڤێننا دروستیانكرد، وه‌ك ( رۆدۆڵف ئۆتۆ- ڤیكتۆر كرافت-هانس هان-هربرت) ئامانجی ئه‌م گروپه به‌دواداچون بوو بۆ بابه‌ته زانستییه‌كان، ئه‌م گروپه له‌ناو خه‌ڵكدا له‌رووی زانسته‌وه شكۆمه‌ندی و رێزیان په‌یداكرد، به‌ڵام پۆپه‌ر بانگ نه‌كرابوو بۆ ناو ئه‌م گروپه، بۆیه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له ئه‌ندامه‌كانی دروستكرد وه‌ك (هربت فایجل) كه دواتر هانی پۆپهریدا بۆ نوسینی یه‌كه‌م كتێبی.
6- بێ ناوی نوسه‌ر، كارل پوپه‌ر، وه‌ریگیراوه له‌سایتی .comwww.wikipedia
7- نه‌وزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د: كارل پۆپه‌ر فه‌یله‌سوفی كرانه‌وه‌و دوژمنی توتالیتاریزم،گۆڤاری هه‌نار،ژماره (28) ساڵی 2008، لــ7ــ8).
8-كارل پۆپه‌ر: ئوستوره‌ی چوارچێوه، ئیسماعیل زراعی، چاپی یه‌كه‌م،دهۆك،2008،لــ(8).
9- ماركۆز و پۆپه‌ر: شۆڕش یان ریفۆرم، وه‌رگێڕانی: ئازاد به‌رزنجی، چ1، سلێمانی، 1999، ل3
10-كارل پۆپه‌ر :ئوستوره‌ی چوارچێوه ، 2008
* له‌كتێبی هزری سیاسی لهرَۆژئاوادا ده‌لێت :(كتێبی هه‌ژاری مێژوو گه‌رایی یه‌كه‌م نووسینی پۆپه‌ر بووهئهمهش وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بووه بۆكتێبی هه‌ژاری ماركس .)
11- حسێن به‌شیریه : كارل پوپه‌ر ، و ، ئازاد به‌رزنجی ، گۆڤاری سه‌رده‌م ، ژ 7 ، سلێمانی ، 2000 ، ل ( 152 – 153 )
12- د . احسان محمد الحسن : موسوعه علم الاجتماع ، گ 1 ، دار العربیه للموسوعات ، بیروت ، 1999 ، ص 519
13- ماركۆس و پوپه‌ر : لێكۆڵینه‌وه و گفتوگۆ ، وه‌رگێڕانی ئازادبه‌رزنجی ، چ 1 ، سلێمانی2003 ل 28
14 – كارل پوپه‌ر : ئوستوره‌ی چوار چێوه ، ل 7.
* ئه‌م ووشه‌یه له سه‌ده‌كانی وناوهڕاستهوه له ڕێگه‌ی فه‌ڕه‌نسای كۆنه‌وه هاتووه كه له ووشه‌ی ( Alt ) وه‌رگیراوه ئه‌م نازناوه شێوازێكی ڕێزلیِ نان و ئا ماژه پێكراوه بۆ پیاوه به‌ناو بانگه‌كان و خانه‌دانه‌كان ، بۆیه له ساڵی 1965 دا مه‌لیكه‌ی به‌ریتانیا ئه‌م نازناوه‌ی به‌خشی به كارل پوپه‌ر ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و كاره گرنگانه‌ی.
15- كارل پوپه‌ر : بۆس التأریخیه ، ترجمه ، سامر عبد الجبار ، گ 1 ، بغداد ، 1988 ، ص 8.
16- حنان علی عواچه : النزعه العلمیه فی فلسفه كارل بوبر ، گ 1 ، دار الهادی ، 2002.
17- كارل پوپه‌ر : ئوستوره‌ی چوارچێوه ، ل 8
18-پۆپه‌ر: دیالۆگ، وه‌رگێڕانی، كارزان محه‌مه‌د، چ1، خانه‌ی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی قانع ، سلێمانی، 2005، ل29
19- د.كمال پوڵادی: مێژووی هزری سیاسیی له رۆژئاوا، ل151.
20- د.كمال پولادی: مێژووی هزری سیاسیی له رۆژئاوا، ل151
21- حسێن موازنی: كارل پۆپه‌ر له یه‌كه‌مین سه‌د ساڵه‌ی یادكردنه‌وه‌یدا، وه‌رگێڕانی، هۆشیاری شێخ ئه‌نوه‌ر ، گۆڤاری هه‌نار، ژ23ی 2007، ل145-146
22- د.كمال پولادی: مێژووی هزری سیاسیی له رۆژئاوا، ل52
23- د.كمال پولادی: مێژووی هزری سیاسیی له رۆژئاوا، ل152.
24- كارل پۆپه‌ر: دیالۆگ، ل30
25- عبدالله المگیری: كارل بوبر فیلسوف الانفتاح و عدوا الشمولیه، وه‌رگیراوه له سایتی
26 - ماركۆز وپۆپهر: لێكۆڵینه‌وه وگفتوگۆ، ل119
27- د. عادل مصگفی: كارل بوبر، بیروت، ل9
28- میتۆدی لێگه‌ڕان (استقراو) ی له‌به‌ر ئه‌وه ره‌تكردوه‌ته‌وه، چونكه پێی وابووه میتۆدێكی میتافیزیكی نازانستییه. ( كارل پوپه‌ر ، لێكۆڵینه‌وه و گفتوگۆ ).
29 - حنان علی عواچه: النزعه العلمیه فی فلسفه كارل بوبر، 2008، ل8 .
30- د. عادل مصگفی: كارل بوبر، بیرووت، ص10 .
31- ماركۆز وپۆپهر: لێكۆڵینه‌وه و گفتوگۆ ، 2003
32- فلسفه تاریخ: ترجمه، حسینعلی نوزری، چاپ اول، تهران، ل63-64
33- ه ، س ، ل65 .
34 - حنان علی عواچه: النزعه العیلمیه فی فلسفه كارل بوبه‌ر، گ1، 2002، ل166 .
35- كارل بوبر: عقیم المزهب التاریخی، ترجمه، عبدالحمید صبره، دار الساقی، بیروت، 1992، ص141 .
36- پۆپه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و بیرمهندانهدا نییه كه‌به‌ناوی مێژووه‌وه ئه‌و به‌رپرسیاریه له مرۆڤه‌كان ده‌سه‌ننه‌وه وده‌ڵێت: مێژوو ده‌یسه‌لمێنێت كه ئه‌مه واده‌بێت یان نابێت، رۆڵی ئاده‌میزاد له گۆرانكاری وپێشكهوتنه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا ئه‌ده‌نه ده‌ست مێوو، وه باوه‌ڕیان وایه كۆمه‌ڵێك یاسای به‌ده‌ر له ئیراده‌ی مرۆڤ ركێفكهری ئه‌و پێشكه‌وتن وگۆڕانكاریانهن. ( كارل پوپه‌ر : له نوسینه‌وه و مانای مێژوو دا ).
37 - كارل پوپه‌ر: ئوستوره‌ی چوارچێوه، ل249.
38- مایكل استنفورد: در امدی بر فلسفه تاریخ، ترجمه احمد گول محمد، چاپ اول، چاپخانه‌ی غزال ، تهران، ل255.
39- كه‌مال پوڵادی: مێژووی سیاسیی له رۆژئاوا، ل156.
40- نه‌وزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د، كارل پۆپه‌ر فه‌یله‌سوفی كرانه‌وه ودوژمنی تۆتالیتاریزم، گۆڤاری هه‌نار، ژ28، ساڵی 2008، ل10-15
41- مه‌ریوان وریا قانع : كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه، رۆژنامه‌ی ئاوێنه، ژ 109 ی 19-2- 2008 ، ل 12.
42- هه‌مان سه‌رچاوه.
43- حوسێن به‌شیریه: كارل پوپه‌ر، وه‌رگێڕانی، ئازاد به‌رزنجی، گۆڤاری سه‌رده‌م، ژ7، 2000، ل12.
44- مه‌ریوان وریا قانع : كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه، هه‌مان سه‌رچاوه.
45- عبدالله العرویی: مفهوم التاریخ، ل378.
46- كارك پۆپه‌ر: كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه ودووژمنهكانی، ل517.
47- كۆمه‌ڵه ووتار : فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو- زانستی مێژوو،ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانی، سه‌لام عه‌بدول كه‌ریم، چ 1 ، سلێمانی، 2009، ل12 .
48- ریبین ره‌سوڵ ئیسماعیل- دیار عه‌زیز شه‌ریف: ئه‌نترۆپۆلۆژیا، چ1، چاپخانه‌ی ڕه‌نج ، هه‌ولێر، 2004، ل140 .
49- جوزیف هۆرس: به‌های مێژوو، وه‌رگێرانی، عوسمان عه‌زیز عه‌لاف، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاپ و بڵاو كردنه‌وه‌ی سلێمانی، 2006، ل34.
50- كارل پۆپه‌ر: له نوسینه‌وه ومانای مێژوودا، وه‌رگێڕانی، سامان حسێن ئه‌حمه‌د، گۆڤاری ئاینده، ژ77 ی ئازاری، 2008، ل76.
51- كارل پۆپه‌ر: له نوسینه‌وه ومانای مێژوودا ، ل71.
52- كارل پۆپه‌ر: كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه و دوژمنه‌كانی، ل504.
53- احمد محمود صبحی: فی فلسفه التاریخ، گ2، 1989، ص107.
54- كارل پۆپه‌ر: لهنوسینهوهو مانای مێژودا، ل 71.
55- ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین كه مێژووی ته‌قه‌لای مرۆڤه‌كانیشه بۆ كۆتای هێنان به‌و كرده‌وه‌یه. (كارل پوپه‌ر : كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه و دوژمنه‌كانی ، ل 505 ).
56- هه‌مان سه‌رچاوه، ل72.
57- شوان محه‌مه‌د ئه‌مین ته‌ها: پاڵه‌وان له مێژوودا، گۆڤاری میژَوو، ژ4 ی پایزی 2007، ل141.
58- كارل پۆپه‌ر: كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه ودووژمنهكانی، ل105.
59- كارل پۆپه‌ر: كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه ودووژمنهكانی، ل506.
60- كارل پۆپه‌ر: تۆتالیتاریزم وكۆمه‌ڵگه‌ی كراوه، وه‌رگێڕانی ئومێد ره‌فیق، گۆڤاری نوێ بوون، ژ3 ی به‌هاری 2008، ل129-131.
61- كارل پۆپه‌ر: كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه ودووژمنهكانی، ل515.
؛ نابێت ئه‌م واتابه‌خشینه به مێژوو به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا بێت كه‌مێژوویه‌كی ره‌شی نامۆ بخولقێنین وه‌ك تیرۆر وجینۆسایدكردنی مرۆڤه‌كان، به‌ڵكو ده‌بێت ئه‌م واتابه‌خشینه به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا بێت كه مێژوویه‌كی گه‌ش بۆ مرۆڤه‌كان تۆمار بكه‌ین وه‌ك ئه‌وانه‌ی، كه له‌رابردوودا سه‌ری هه‌ڵداوه وله نمونه‌ی ئه‌وانه‌ش ده‌زگای چاپ وبازاڕی كتێب وسه‌رهه‌ڵدانی ریفۆرمی ئاینی ورزگار كردنی مرۆڤه‌كان له كۆیلایه‌تی. ( كارل پوپه‌ر : كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه و دوژمنه‌كانی ). ( كارل پوپه‌ر : كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه و دوژمنه‌كانی )
62- كارل پوپه‌ر : هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل516.
63- د. هاشم یحیی ملاح: المفصل فی فلسفه التاریخ، گ1، بیروت، 2007، ل479.
64- كارل پۆپه‌ر: كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه ودوژمنه‌كانی، ل505.
65- كۆمه‌ڵه ووتار : فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو- زانستی مێژوو ، ل110.
66- كۆمه‌ڵه وتار: رۆشنبیر كێیه، وه‌رگێرانی، سۆران عه‌لی پور،چ1، هه‌ولێر، 2007، ل162.
67- كارل پوپر: زندگی سراسر حلی مسئله است، ترجمه، شهریار خواجیان،چ2، تهران، ص170-175.
68- فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو- زانستی مێژوو، وه‌رگێڕانی، سه‌لام عه‌بدولكه‌ریم، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، ل110.
69- كارل پۆپه‌ر: كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه‌و دوژمنه‌كانی، ل512.
70- كارل پۆپه‌ر: لهنوسینهوهو مانای مێژودا، ل76.
71- ماركۆز پۆپه‌ر: شۆڕش یان ریفۆرم، ل69.
72- ماركۆز پۆپه‌ر: لێكۆڵینه‌وه وگفتوگۆ، ل.
73- كارل پۆپه‌ر: چه‌ند تێكستێكی وه‌رگێڕاو، وه‌رگێڕانی ریبین هه‌ردی، چ1، كوردستان، 2008، ل15.
74- كارل پۆپه‌ر: له‌گه‌ڵ عه‌قڵی خۆرئاوادا، ل135.
75- كارل پۆپه‌ر: گفتوگۆ، وه‌رگێڕانی، ئازاد به‌رزنجی، گۆڤاری سه‌رده‌م، ژ2ی ساڵی یه‌كه‌م، 1999، ل127.
76- هه‌ڤپه‌یڤینی جیانكار لۆپۆزتی له‌گه‌ڵ كارل پۆپه‌ردا، وه‌رگێڕانی، شۆڕش جوانڕۆیی، گۆڤاری سه‌رده‌م، چ7 ، 2000، ل208.
77- بریان ماگی: پۆپه‌ر له زانسته‌وه بۆ پۆله‌تیك، وه‌رگێڕانی، عوسمان حه‌مه ره‌شید، گۆڤاری سه‌رده‌م، ژ44ی نیسان، 2006، ل98.
78- د.حوسێن به‌شیری: دیموكراسی بۆ هه‌مووان، وه‌رگێڕانی، حسین مه‌حمود محه‌مه‌د زاده، هه‌ولێر، 2005، 182.
79- كارل ریمۆند پۆپه‌ر: ژیان هه‌مووی گرێ كردنه‌وه‌یه، وه‌رگێڕانی، ئازاد وه‌ڵه‌دبه‌گی، گۆڤاری رامان، ژ76ی تشرینی یه‌كه‌م، 2002، ل167.
80- د.كه‌مال پۆلادی: مێژووی هزری سیاسیی له رۆژئاوا، ل163.
81- ماركۆز پۆپه‌ر: لێكۆڵینه‌وه وگفتوگۆ، ل132.
82- كارل پۆپه‌ر: تۆتالیتاری كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه، هه‌مان سه‌رچاوه، ل165.
83- د.كه‌مال پۆلادی: مێژووی هزری سیاسیی له رۆژئاوا، ل164.
84- كریستیان دولاكامپیانی: تاریخ فلسفه در قرن بیسته‌م، ترجمه، باقر پرهام، چ2، تهران، 190.
85- د.احسن محمد الحسن: موسوعه العلم الاجتماع، ص519.
لیستی سه‌رچاوه‌كان
سه‌رچاوه كوردییه‌كان:
1- كارل پۆپه‌ر: كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه ودووژمنهكانی، وه‌رگێڕانی: ئیدریس شێخ شه‌ره‌فی، به‌رگی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2006.
2- كارل پۆپه‌ر: ئوستوره‌ی چوارچێوه، وه‌رگێڕانی: ئیسماعیل زارعی، چاپی یه‌كه‌م، دهۆك، 2008.
3- كارل پۆپه‌ر: له‌گه‌ڵ عه‌قڵی خۆرئاوادا، وه‌رگێڕانی: ئازاد به‌رزنجی، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2001.
4- كارل پۆپه‌ر: دیالۆگ، وه‌رگێڕانی: كارزان محه‌مه‌د، چاپی یه‌كه‌م، 2005.
5- كارل پۆپه‌ر: چه‌ند تێكستێكی وهگێڕاو، وه‌رگێڕانی: رێبین هه‌ردی، چاپی یه‌كه‌م، 2008.
6- جۆزیف هۆرس: به‌های مێژوو، وه‌رگێڕانی: عوسمان عه‌زیز عه‌لاف، سلێمانی، 2006.
7- حوسێن به‌شیری: دیموكراسی بۆ هه‌مووان، وه‌رگێڕانی، حسه‌ین محه‌مه‌د زاده، هه‌ولێر، 2005.
8- رێبین ره‌سوڵ ئیسماعیل، دیار عه‌زیز شه‌ریف: ئه‌نترۆپۆلۆژیا، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2004.
9- كۆمه‌ڵه وتار: رۆشنبیر كێیه، وه‌رگێڕانی: سۆران عه‌لی پور، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2007.
10- د. كه‌مال پولادی: مێژووی هزری سیاسیی له رۆژئاوا، وه‌گێڕانی: ئازاد وه‌ڵه‌دبه‌گی، سیروان جه‌بار زه‌ندی، به‌رگی سێیه‌م، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2005.
11- ماركۆز و پۆپه‌ر: شۆڕش یان ریفۆرم، وه‌رگێڕانی: ئازاد به‌رزنجی، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 1999.
12- ماركۆز و پۆپه‌ر: لێكۆڵینه‌وه وگفتوگۆ، وه‌رگێڕانی: ئازاد به‌رزنجی، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2003.
13- بێ ناوی نوسه‌ر: فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو- زانستی مێژوو، وه‌رگێڕانی: سه‌لام عه‌بدولكه‌ریم، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2009.
سه‌رچاوه عه‌ره‌بییه‌كان
1- د. احسان محمد الحسن: موسوعه العلم الاجتماع، گ 1، بیروت، 1999.
2- احمد محمود صبحی: فی فلسفه التاریخ، گ 2، 1989.
3- كارل بوبر: عقم المزهب التاریخی، ترجمه: د. عبدالحمید صبرت، دار الساقی، بیروت، 1992.
4- كارل بوبر: بۆس التاریخیه، ترجمه: سامر عبدالجبار، گ 1، بغداد، 1988.
5- حنان علی عواچه: النزعه العلمیه فی فلسفه كارل بوبر، گ 1، 2002.
6- د. عادل مصگفی: كارل بوبر، بیروت.
7- عبدالله العرویی، مفهوم التاریخ، ج 1 ، بیروت.
8- د. هاشم یحیی الملاح: المفصل فی فلسفه التاریخ، گ 1 ، بیروت، 2007.
سه‌رچاوه فارسییه‌كان:
1- كارل پوپر: زندگی سراسر حلی مشكلت است، ترجمه: شهریار خواجیان، چاپ دوه‌م، تهران.
2- كرستیان دولاكامپانی: تاریخ فلسفه در قرن بیستم، ترجمه: باقر پرهام، چاپ دوه‌م، تهران.
3- فلسفه تاریخ: ترجمه: حسین علی نوزری، چاپ اول، تهران.
4- مایكل استینفورد: در امدی بر فلسه تاریخ، ترجمه: احمد گول محمد، چاپ اول، تهران.
رۆژنامه و گۆڤاره‌كان:
1- كارل پۆپه‌ر: تۆتالیتاریزمی كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه، وه‌رگێڕانی: ئومێد ره‌فیق، گۆڤاری نوێ بوون، ژماره 3 ی به‌هاری 2008.
2- كارل پۆپه‌ر: گفتوگۆ، وه‌رگێڕانی: ئازاد به‌رزنجی، گۆڤاری سه‌رده‌م، ژماره 2 ی ساڵی یه‌كه‌م، 1999.
3- كارل پۆپه‌ر: ژیان هه‌مووی گرێ كردنه‌وه‌یه، وه‌رگێڕانی: ئازاد وه‌ڵه‌د به‌گی، گۆڤاری رامان، ژماره 76 ی تشرینی یه‌كه‌می 2002.
4- كارل پۆپه‌ر: له نوسینه‌وه و مانای مێژوودا، وه‌رگێڕنی: سامان حسێن ئه‌حمه‌د، گۆڤاری ئاینده، ژماره 77 ی ئازاری 2008.
5- پریان ماگی: پۆپه‌ر له زانسته‌وه بۆ پۆله‌تیك، گۆڤاری سه‌رده‌م، ژماره 44 ی نیسانی 2006.
6- حوسێن به‌شیری: كارل پۆپه‌ر: وه‌رگێڕانی: ئازاد به‌رزنجی، گۆڤاری سه‌رده‌م، ژماره 7 ی 2000.
7- حسێن موازنی: وه‌رگێڕانی: هۆشیار شێخ ئه‌نوه‌ر، كارل پۆپه‌ر له یه‌كه‌مین سه‌د ساڵه‌ی یادكردنه‌وه‌یدا، گۆڤاری هه‌نار، ژماره 23 ی 2007.
8- شوان ئه‌حمه‌د ئه‌مین: پاڵه‌وان له مێژوودا، گۆڤاری مێژوو، ژماره 4 ی پایزی 2007.
9- نه‌وزاد مححه‌مه‌د ئه‌سوه‌د: كارل پۆپه‌ر فه‌یله‌سوفی كرانه‌وه و دوژمنی تۆتالیتاریزم، گۆڤاری هه‌نار، ژماره 28 ی 2008.
10- مه‌ریوان وریا قانیع: كارل پۆپه‌ر و كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه، رۆژنامه‌ی ئاوێنه، ژماره 109 ی سێ شه‌ممه 19-2-2008.
سه‌رچاوه‌ی ئه‌لیكترۆنی:
1- بێ ناوی نوسه‌ر: كارل پۆپه‌ر، وه‌رگیراوه له سایتی www.wikippdia
2-- بێ ناوی نوسه‌ر: كارل پۆپه‌ر، وه‌رگیراوه له سایتی www.platostanfort
3- عبدالله مگیری، كارل بوبر فیلسوف الانفتاح و عدوا الشمولیه www.domar.net