هه‌ژموونی رۆشنبیری ئیسلامی عه‌ره‌بی ده‌مێكه له‌نێو كوردستاندا دێت و ده‌چێت و كه‌سێكیش نییه ئه‌و گۆمه مه‌نگه بوروژێنێت و به‌ره‌به‌ستێك له‌به‌رده‌م ئه‌و روباره سه‌رشێته‌دا دابنێت و بیكاته به‌ربه‌ستێك بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ك ده‌شت و ده‌ری كوردستان و بۆچوونه كوردیه‌كان نه‌شێوێنێت و له‌لایه‌كی تریشه‌وه وه‌ك كۆگایه‌ك به‌كاربهێنرێته‌وه و وه‌ك پێویست سوودی لێوه‌ربگرین و بیكه‌ینه پاڵپشتێك نه‌ك هه‌مووشتێك بۆ كاروباری ئاینی و خوێندنه‌وه‌ی ئاینی، چونكه ئه‌و ئیسلامه‌ی كه عه‌ره‌به‌كان له ئێسته‌دا نیشانی ده‌ده‌ن و پێشكه‌شی ده‌كه‌ن جۆرێكه له ده‌رهاویشته‌ی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی مێژوویی و له پێناوی سه‌روه‌رییه له ده‌ستچووه‌كاندا رێگه‌یان به‌خۆیانداوه له سه‌ربڕینه‌وه بگه‌نه ته‌قاندنه‌وه‌ی تاوه‌ری بازرگانی و له كوشتنی بێتاونیشه‌وه مانگه‌كانی حه‌رام و بۆنه ئاینییه‌كانیشیان به‌كار هێنا بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه.
به بڕوای شاره‌زایانیش ئه‌و جۆره ئیسلامه‌تییه هیچێك به خه‌ڵك نابه‌خشێت جگه له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی تۆوی رق و قین و وه‌شاندنی گیانی تۆڵه‌ئه‌ستێنی و رۆژێك له رۆژانیش نه "فه‌لووجه" ده‌بێته‌وه به "به‌در" و نه ته‌قاندنه‌وه‌ی "تاوه‌ره بازرگانیه‌كان"یش شه‌قبردنی"تاقی كیسرا" و نه عه‌ره‌ب ئه‌فغانه‌كانیش ده‌بنه نوێنه‌رو سه‌فیری ئیسلام.
له لایه‌كی تریشه‌وه خوێندنه‌وه‌ی كوردانه، به‌مانایه‌كی تر "ئیسلامی كوردی" له ئێسته‌دا ئاماده‌گی نییه‌و ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه ناچارببین به‌باڵای خه‌ڵكدا هه‌ڵبده‌ین و سه‌روه‌رییه‌كانی خۆمان له یاد بچێت و سه‌ردارو شاره‌زا و به‌تواناكانی خۆمان بكه‌ین به قووربانی ئه‌م و ئه‌و و كه‌سیش منه‌تمان لێنه‌زانێت...
ئه‌مانه‌وه چه‌ندین پرسیاری تر بوونه ته‌وه‌ری ئه‌م گفت و گۆیه له‌گه‌ڵ مامۆستا عه‌بدولره‌حمان صدیق لێپرسراوی "سه‌نته‌ری پرد بۆ توێژینه‌وه".
ئه‌رسه‌لان تۆفیق : ئاینی ئیسلام (وه‌ك هه‌مووان ده‌زانین) كۆتایی هاتنی ئاینه ئاسمانیه‌كانه، ده‌بێت له‌و په‌یامه‌دا كۆتا بڕیاره‌كانی تێدا یه‌كلایی كرابێته‌وه به ده‌قی پڕاوپڕ؟ به‌و مانایه‌ی كه شتێك بۆ ئیجتیهادو عه‌قڵكاریی و پێداویستیه‌كانی سه‌رده‌م نه‌هێڵرابێته‌وه؟ یاخود ئیجتیهادی سه‌رزه‌مینی له كوێی ده‌قه‌كانی شه‌ریعه‌تی ئاسمانی‌دا جێگه‌ی ده‌بێته‌وه؟
عه‌بدولره‌حمان صدیق: زۆر گرنگه‌لێره‌دا ئاماژه به‌و راستییه بكه‌ین كه‌شه‌ریعه‌ت له‌ئیسلامدا بریتییه له‌قورئان وسوننه‌تی سه‌حیح، ئه‌قڵی مرۆڤیش ئه‌وفاكته‌ره سه‌ره‌كیه‌یه كه‌له‌به‌ر رۆشنایی كات وشوێنه جیاجیاكاندا فیقهی واقیع بۆزه‌مانی خۆی و بۆ شوێنی دیاریكراوی خۆی به‌رهه‌م ده‌هێنێت، ئه‌مه‌جگه‌له‌وه‌ی كه‌قورئان روبه‌رێكی یه‌كجارگه‌وره‌ی بۆئه‌قڵ وئیجتیهاد به‌جێهێشتووه، چونكه‌له‌كۆی هه‌مووئایه‌ته‌كانی قورئانداو به‌پێی ئاماری زانستیی ته‌نها(8%) له‌سه‌دا هه‌شتی قورئان باسیی ئه‌حكامه‌كانه‌و، له(92%)سه‌دا نه‌وه‌دودوویشی بریتییه له باسه‌كانی یه‌كتاپه‌رستیی وعیبادات وپایه‌كانی ئیمان وئیسلام وپه‌یوه‌ندیی نێوان خودا‌و مرۆڤه‌كان.
لێره‌شه‌وه پێویسته جیاوازیی نێوان شه‌ریعه‌ت و فیقه بزانین، چونكه ئێمه له سه‌رده‌مێكدا ده‌ژین كه زۆرێك له خه‌ڵك و هه‌ندێكیش له كه‌سانی بواری نوسین و فیكر و رۆشنبیریی، هه‌تا ئێستاش فیقه به شه‌ریعه‌ت تێده‌گه‌ن. شه‌ریعه‌ت قورئان و سوننه‌تی راسته، به‌ڵام فیقه، تێروانینی عه‌قڵه له‌سه‌ر بۆچوون بینا ده‌كرێت بۆ ده‌رهێنانی حوكمێك له قورئان و سوننه‌ت.
شه‌ریعه‌ت كۆمه‌ڵێك بنه‌ماو حوكمی گشتین، به‌ڵام فیقه كۆمه‌ڵێك حوكمی تایبه‌تن و به گۆڕانی كات و شوێن و كه‌سه‌كان ده‌گۆڕێن.
شه‌ریعه‌ت بۆ هه‌موو زه‌مان و شوێنێك ده‌ست ده‌دات، به‌ڵام فیقه بۆ هه‌موو زه‌مان و شوێنێك و هه‌موو كه‌سێك ده‌ست نادات شه‌ریعه‌ت ده‌قه، به‌ڵام فیقه ده‌ربڕینێكه له ده‌رئه‌نجامی كارلێكردنی نێوان هه‌رسێ ره‌هه‌ندی (موجته‌هید) و (شوێن و كات) و (ده‌ق).
شه‌ریعه‌ت – بۆ ئاسانكاریی و وه‌ك نموونه – وه‌ك تۆپه قوماشی لای كوتاڵ فرۆشه‌كانه، به‌هه‌موو ره‌نگ و درێژیی و پانیی و گونجاو بۆ هه‌موو وه‌رز و زه‌وق و قه‌باره‌یه‌كه، خه‌ڵك، هه‌موو خه‌ڵك، دێن و به‌شی خۆیانی لێ ده‌كه‌نه‌وه‌و لێ ده‌بڕن، به‌پێی باڵا و قه‌باره و ته‌مه‌ن و پیشه و پێگه و وه‌رزیی ساڵ و ..هتد، به‌ڵام فیقه وه‌ك جلوبه‌رگی حارز و دووراوه به‌پێی ژماره‌ی دیاریكراو كه ته‌نها بۆ ئه‌و كه‌سانه ده‌بێت قه‌باره‌یان وه‌ك ئه‌و ژماره‌یه‌ی سه‌ر ئه‌و جلوبه‌رگه ئاماده و دوراوه‌یه.
شه‌ریعه‌ت وه‌ك مادده بنچینیه‌كانی خواردنه كه ده‌توانێت ده‌یان خواردنی جۆراوجۆری لێ‌دروست بكه‌یت، به‌ڵام فیقه، جۆرێك خواردنی دروستكراوه له‌و ماده سه‌ره‌كیانه.
شه‌ریعه‌ت سه‌رچاوه‌یه، فیقه لقێكه لێی، شه‌ریعه‌ت یه‌كه، به‌ڵام فیقه زۆرن، شه‌ریعه‌ت شاڕێگه‌یه، فیقه رێچكه‌یه، شه‌ریعه‌ت به‌رنامه‌یه، فیقه پێڕه‌وه. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ گومانی له شه‌ریعه‌ته له راستیدا گومانی له فیقهه، به‌ڵام جیاوازیی نێوانیان نازانێت.
ئه‌وه‌ش ئه‌ركی بیرمه‌ندانی زانسته ئاینییه‌كانه به‌گشتیی كه ئاماژه به‌و راستیه بكه‌ن، كه چۆن له ماوه‌ی نزیكه‌ی دووسه‌د ساڵدا چوار مه‌زهه‌بی سوننی به‌لای كه‌مه‌وه له‌یه‌ك شه‌ریعه‌ته‌وه په‌یدابوون، كه پێشه‌وایانی ئه‌و مه‌زهه‌بانه‌ش هه‌ندێكیان له زه‌مانی یه‌كتردا بوون، بگره پێشه‌وایه‌كی وه‌ك (شافیعی) دوو فیقهی هه‌بوو یه‌ك بۆ عێراق یه‌ك بۆ میسر!!
ئیتر ئه‌وه موسڵمانانی پاش ئه‌وانن كه ناتوانن نوێبوونه‌وه ئه‌نجام بده‌ن و، له هه‌مان شه‌ریعه‌ته‌وه، فیقهی نوێ دابهێنن و كاره‌كه‌ی ئه‌وانیش نوێ بكه‌نه‌وه، نوێكردنه‌وه‌ش ئه‌ركێكی هاوبه‌شی هه‌مووانه نه‌ك ئه‌ركی ته‌نها زانایه‌ك یان فه‌قیهێكی تاك، هه‌روه‌ك (ابن الاپیر) له (جامع الاصول)دا ده‌ڵێت: (والتجدید لاینحصر فی عالم أو فقیه فرد).
ئه‌رسه‌لان تۆفیق: دوای ئه‌وه‌ی كه ئیسلام له نێو عه‌ره‌به‌كاندا شكڵی ته‌واوه‌تی گرت و بۆ ماوه‌ی چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك خه‌لافه‌ت و رابه‌رایه‌تی ئه‌و ئاینه‌یان به‌ده‌سته‌وه بوو، پێت وانییه عه‌ره‌به‌كانی ئێستاش به هه‌مان نه‌فه‌سه‌وه ئاخاوتن ده‌كه‌ن و خۆیان به میراتگری ئه‌و كلتوره ده‌زانن، به‌و مانایه‌ی كه به‌جۆرێك له جۆره‌كان عه‌ره‌بچێتی به گوتاری ئیسلامییه‌وه دیار‌و زاڵه؟ ئه‌مه‌بۆچی له كاتێكدا كه ئیسلام په‌یامێكی جیهانییه؟
عه‌بدولره‌حمان صدیق: ئیسلام له‌راستیدا هه‌بوویه‌كی واتاییه‌وله‌لایه‌ن مرۆڤه‌كانه‌وه‌له واقیعێكی دیاریكراودا به‌رجه‌سته ده‌كرێت وره‌نگی ئه‌و كات وشوێنه به‌خۆیه‌وه ده‌گرێت كه‌تیایدا به‌رجه‌سته ده‌كرێت.
ئیسلام له‌بنه‌مادا جیهانییه، به‌ڵام له‌پراكتیزه‌كردندا ناوخۆییه، ئیسلام وه‌ك ده‌قه‌كان گلۆباڵه، به‌ڵام وه‌ك دابه‌زاندنه سه‌ر واقیع لۆكاڵه، بۆیه پێویسته ئیسلام وه‌ك ده‌ق وبنه‌ما وه‌ربگرین وخۆمان به‌بیری خۆمان له‌زه‌مانی خۆمان وله‌شوێنی خۆماندا به‌رجه‌سته‌ی بكه‌ین و ئیسلامی به‌رجه‌سته‌كراوی كۆمه‌ڵگه‌ی دی ئیستیراد نه‌كه‌ین ونه‌هێڵین خه‌ڵكی دی له‌جیاتی ئێمه بیرمان بۆبكاته‌وه، چونكه ئیسلام شتێكه‌وفیكری ئیسلامی شتێكی دیكه‌یه، ئیسلام له‌خوداوه‌یه‌و، فیكری ئیسلامی له‌مرۆڤه‌وه‌یه. به‌ڵام له سه‌رده‌مانی لێكدابڕان و سه‌رده‌می نه‌چوونه ده‌ره‌وه‌و سه‌رده‌می داخران به‌سه‌رخۆداو، له‌سه‌رده‌مانی پێش ئێمه‌شه‌وه، هه‌ركه‌س پێیوابوو هه‌ر ئه‌زموونێكی له‌ده‌ره‌وه بۆبێت ئه‌زموونێكی چاكه، ئێستا خه‌ڵك له‌سایه‌ی جیهانگیری و كرانه‌وه به‌ڕووی ده‌ره‌وه‌داو به‌هۆی كاڵبوونه‌وه‌ی سنووره‌كانه‌وه به‌ده‌ركه‌وت كه خه‌ڵكی كوردستان و خه‌ڵكی ئه‌م وڵاتانه‌ش مادام خاوه‌نی بیری خۆیانن ده‌توانن بیروبۆچوونی خۆیان به‌رهه‌م بێنن، قسه‌كردن له‌سه‌ر پێویستی بوونی ئیسلامی كوردی له‌سه‌ره‌تادایه‌و ده‌توانین بڵێین ده‌رگاكه‌ی كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام میكانیزمی جێبه‌جێكردنی ئه‌و ئامانجه هه‌میشه شتێكی گرنگه.
ئیسلامییه‌كانی عه‌ره‌ب زۆرجار ده‌ڵێن ئیسلام چاره‌سه‌ره، لێره‌ش هه‌ندێك هه‌مان دروشم ده‌ڵێته‌وه من ده‌ڵێم ئه‌مه قسه‌یه‌كی جوانه، به‌ڵام چۆن چاره‌سه‌ره؟ ئه‌مه كرۆكی باسه‌كه‌یه، ئه‌وه چاره‌سه‌ر نییه كه دكتۆرێك به نه‌خۆشه‌كه‌ی بڵێ چاره‌سه‌ری تۆ ئه‌وه‌تا له‌و ده‌رمانخانه‌یه، له‌كاتێكدا ئه‌و ده‌رمانخانه‌یه هه‌زار جۆر ده‌رمانی تێدایه، ئازایه‌تی دكتۆر ئه‌وه‌یه كه به‌پێی پشكنین نه‌خۆشییه‌كه ده‌ستنیشان بكات و ئینجا جۆری ده‌رمانه‌كه‌ی بۆ دیاری بكات، كاتی به‌كارهێنان و جۆری خواردنی و بڕی به‌كارهێنانه‌كه‌شی بۆ دیاری بكات، ئه‌مه پێیده‌گوترێ چاره‌سه‌ر. به‌ڵام دروشمی ئیسلام چاره‌سه‌ره وه‌ك ئه‌وه‌یه دكتۆر بڵێ ده‌رمانخانه چاره‌سه‌ره، لێره‌وه ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌رئه‌وه‌ی كه ئیسلامی كوردی هه‌ر ده‌بێت ببێ، مادام خه‌ڵكانێك خوا به‌كورد دروستی كردوون و به جۆری بیركردنه‌وه‌و زمان كوردن، ئیسلامیش ئایینێكی جیهانییه ده‌بێت له‌م شوێنه‌دا شێوازی پیاده‌كردنی ئه‌و ئیسلامه پیاده‌كردنێكی كوردانه بێت، ئه‌مه یه‌كه‌م. دووه‌م ماوه‌ته‌وه سه‌ر ئه‌زموونه‌كه، واته ئه‌م كاره چۆن ده‌كرێ و جێبه‌جێ ده‌كرێ بێگومان ئه‌وه‌ش قسه له‌سه‌ركردنی زیاتری ده‌وێ و پێویستی به‌سوود وه‌رگرتنیشه له‌ئه‌زموونی رابووردووی خۆمان وهه‌ڵه‌كانمان. له‌ڕووی په‌یوه‌ندیشه‌وه له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌وروبه‌رو جیهان پێموایه هه‌ركاتێك ئه‌زموونه‌كانمان لۆكاڵ بێت جیهان زیاتر رێزمان لێده‌گرن، بۆچی؟ چونكه بیرمه‌ندانی دنیاش هه‌میشه حه‌زیان به ئه‌زموونی لۆكاڵی میلله‌تانه، حه‌زیان له ئیسلام و كۆمۆنیزمێك نییه جیهانگیربێت، ناكرێ له‌وسه‌ری دنیا بیركردنه‌وه‌یه‌ك هه‌بێ له‌وسه‌ری دیكه‌ی دنیاش هه‌مان بیركردنه‌وه به‌هه‌مان میكانیزم جێبه‌جێ بكرێ. ئه‌م قسه‌یه پێموایه هه‌ر خۆی له‌خۆیدا قسه‌یه‌كی ئیسلامیانه‌یه، كه له‌سه‌رده‌مێكی زوودا موفه‌سیره‌كان ته‌فسیره‌كانیان به‌ناوی خۆیان ناوناوه. ته‌ماشاكه ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ئه‌و هه‌موو فه‌رمووده‌یه‌ی پێغه‌مبه‌ریان كۆكردووه‌ته‌وه ناویان ناوه سه‌حیحی موسلیم ، ئه‌وی دیكه سه‌حیحی بوخارییه‌و هه‌ریه‌كه ئه‌مانه‌یان به‌ناوی خۆیان كردووه، ئه‌مه كارێكی زۆر جوان بووه كه ته‌فسیره‌كان و كۆكردنه‌وه‌ی فه‌رمووده‌كان، دانانی مه‌زهه‌به‌كان هه‌مووی به‌ناوی كه‌سه‌كان خۆیان بووه، به‌ڵام كێشه‌ی ئێمه ئه‌وه‌یه ئه‌و شتانه‌ی هی تاكه كه‌سێكن ده‌یگشتێنین‌و ده‌ڵێین ئه‌مه حیزبی ئیسلامیه، ئه‌مه ته‌فسیری ئیسلامیه‌و، به‌م كاره‌ش لۆكاڵ ده‌كه‌ین به‌گڵۆباڵ وفیكری عه‌ره‌بیمان لێده‌بێت به‌فیكری ئیسلامیی و، فیكری ئیسلامیشمان له‌لاده‌بێت به‌ئیسلام كه‌ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی مه‌نهه‌جیی زۆر گه‌وره‌یه.
ئه‌رسه‌لان تۆفیق: زۆرینه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی رۆژهه‌ڵات- تاراده‌یه‌كی زۆر – توانیویانه ئیسلام ته‌رجه‌مه بكه‌ن بۆ نێو كلتوور و مێژوو دابونه‌ریتی تایبه‌ت به خۆیان، به‌ڵام كورد له‌و نێوه‌نده‌دا پشكێكی ئه‌وتۆی نییه، ئه‌مه‌ش له كاتێكدا كه زانایانی كورد رۆڵی سه‌ركییان هه‌یه له بنیاتنانی رۆشنبیری و زانستی و مێژوویی په‌یڕه‌وانی ئاینی ئیسلامدا؟ كه‌چی تا ئێستاش ئه‌وه‌نده ته‌فسیره عه‌ره‌بیه‌كه له نێو رۆشنبیریی كوردیدا زاڵه ئه‌وه‌نده كوردبوونی پێوه دیار نییه؟ ئایا كه‌سێك یان بنه‌مایه‌ك نییه له‌م بواره‌دا؟ یان بابه‌ته‌كه هێشتا شكڵی خۆی وه‌رنه‌گرتووه‌و نه‌بوه‌ته جێگه‌ی باس؟ یاخود ئه‌سڵه‌ن ئه‌و بابه‌ته به پێویست نازانرێت؟
ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ئه‌و ئه‌زموونانه بكه‌ین كه له‌ده‌وروبه‌رماندا هه‌ن، ده‌توانین ئیسلامی له‌سه‌ر پۆلێن بكه‌ین. ئیسلام وه‌كو ئایین یه‌ك ئایینه، به‌ڵام له‌ڕووی كۆمه‌ڵگا جیاوازه‌كانه‌وه ئه‌و پرسیاره سه‌ر هه‌ڵده‌دات، ئایا كامیان فۆرم‌و شێوه به‌كامیان ده‌دات؟ ئایا ئیسلام شێوه به‌كۆمه‌ڵگا ده‌دات، یان به‌پێچه‌وانه‌وه؟ ئیسلام شێوه به‌كۆمه‌ڵگا ده‌دات له‌ڕووی بنه‌ما گشتییه‌كانه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی راستگۆبه، درۆمه‌كه، له‌گه‌ڵ خه‌ڵك چاكبه..خراپه مه‌كه. هه‌موو ئه‌مانه بنه‌ما گشتییه‌كانن كه ئیسلام ده‌یداته كۆمه‌ڵگاكه، به‌ڵام دواجار كۆمه‌ڵگا شێوه به‌ئیسلام ده‌دات له‌ڕووی پراكتیكه‌وه. واته ئیسلام داوای له‌هه‌موو خه‌ڵك كردووه پۆشته‌بن، به‌ڵام دواجار شێوازی ئه‌م پۆشته‌بوونه له‌كۆمه‌ڵگایه‌كه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی دیكه ده‌گۆڕێ، هه‌ر كۆمه‌ڵگه و جلوبه‌رگی میللی خۆی هه‌یه، نه‌ك ئیسلام بێت‌و یه‌ك جۆر جلوبه‌رگ به‌سه‌ر هه‌موو ژن و پیاوه‌كانی دنیادا بسه‌پێنێ. له‌مه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ له‌ڕووی بیروبۆچوونه‌كانه‌وه ئیسلام شێوه به‌كۆمه‌ڵگایه‌ك ده‌دات، به‌ڵام له‌ڕووی پراكتیكه‌وه كۆمه‌ڵگاكه شكڵ به‌ئیسلام ده‌دات، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش ده‌توانی ئه‌و پۆلێنه بكه‌ی كه ئیسلامی ئه‌وروپی جیاوازه له‌ئیسلامی ئاسیاوی، ئیسلامی عه‌ره‌بی جۆرێكه‌و هی ئه‌فغانی یان ئێرانی جۆرێكه. هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌ش من به‌ڕای تایبه‌تی خۆم حه‌زده‌كه‌م شتێك هه‌بێ به‌ناوی ئیسلامی كوردی.
ئه‌رسه‌لان تۆفیق : ئه‌م ئیسلامه چ جۆرێكه؟
ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵكه‌كه‌ی كوردن، بیركردنه‌وه‌یان كوردییه، له‌سه‌رخاكی خۆیان كه كوردستانه بیرده‌كه‌نه‌وه‌و ده‌ڵێن ئه‌م ئیسلامه له‌م سه‌ده‌ی بیست‌و یه‌كدا له‌م شوێنه‌ی پێیده‌گوترێ كوردستان من وه‌كو كوردێك چۆن لێی تێبگه‌م‌و چۆنی شیبكه‌مه‌وه، ئیسلام به‌ڵێ یه‌ك قورئانی هه‌یه، به‌ڵام ئێستا ده‌توانم په‌نجا ته‌فسیری جیاوازی ئه‌و قورئانه‌ت بۆ بژمێرم، ئه‌م ته‌فسیره جیاوازانه بۆچی هه‌بوون؟ چونكه له‌سه‌رده‌مێكی جیاوازه‌وه‌و له‌لایه‌ن كه‌سێكی جیاوازه‌وه ئه‌م ته‌فسیره جیاوازانه‌یان دروستكردووه. جا ئێمه ناتوانین له‌وێدا بوه‌ستین، لێره‌دا ئه‌گه‌ر بپرسین بۆچی مالیزیا ده‌توانێ نموونه‌یه‌كی جوانی ئیسلام پێشكه‌ش بكات؟ چونكه ئیسلامێكی ئاسیاویه، ده‌توانێ شتێكی وا پێشكێش بكات. توركیا ئیسلامێكی ناعه‌ره‌بیه، ئیسلامیه غه‌یره عه‌ره‌بییه‌كان هه‌ستكردن به‌نوشستی‌و هه‌ستكردن به‌وه‌ی كه رۆژێك له‌رۆژان شت بووبن‌و ئێستا نوشستیان هێناوه و له‌بارێكی ده‌روونی شكستخواردوودا بژین ئه‌وه‌یان نییه، بۆیه ئاسانترو جوانتر ئیسلام پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، ئیسلامی ئه‌وروپیش ئیسلامێكی دیكه‌یه. ئیسلامی عه‌ره‌بی ئیسلامی خه‌ڵكانێكی عه‌ره‌به كه پێیانوایه رۆژگارێك ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتی هه‌موو دنیایان به‌ده‌سته‌وه بووه‌و ئێستا شكستیان هێناوه له‌به‌رده‌م هه‌موو دنیادا، بۆیه ئه‌و ئیسلامه‌ی بیرمه‌ندی عه‌ره‌بی نه‌ته‌وه‌په‌رست به‌رهه‌می دێنێ هه‌میشه ئیسلامێكی توندڕِه‌وه. ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ئه‌زموونه‌كانی پێشوو بكه‌ی ده‌بینی په‌ڕینه‌وه‌ی توندڕه‌وی بۆ ئه‌فغانستانیش عه‌ره‌بی وه‌كو ئوسامه بن لادن‌و ئه‌وانه بردوویانه، ئه‌گه‌رنا له‌خودی ئه‌فغانه‌كاندا ئه‌و توندڕه‌وییه نادۆزیته‌وه. به‌بڕوای من كاركردن له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه جورئه‌تێكی ده‌وێ‌و له‌هه‌مان كاتیش‌دا كاتی ده‌وێت، به‌ڵام كاتیش له‌به‌رده‌مماندا كراوه نییه.
ئه‌رسه‌لان تۆفیق: هۆكاره‌كانی به عه‌ره‌بی كردنی كلتووری ئیسلامی-له كوردستاندا- بۆچی ده‌گه‌ڕێننه‌وه؟ رۆڵی حیزب و گروپه ئیسلامییه عه‌ره‌بیه‌كان چییه؟
هۆكاره‌كان هه‌ندێكیان فیكرین به‌ومانایه‌ی كه‌زۆرێك له‌ئیسلامییه‌كان راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به‌ئه‌ده‌بیاتی ئیسلامییه عه‌ره‌به‌كانه‌وه بووه‌و نوسراوه‌كانی ئه‌وانیان كردۆته مه‌رجه‌ع وسه‌رچاوه، هۆكاری دیكه سیاسیی بووه، هه‌ندێك له‌ئیسلامییه‌كان خۆیان به‌به‌شێك له‌بزاڤێكی دیكه‌ی ئیسلامیی عه‌ره‌بیی زانیوه، هۆكاری دیكه‌یش ده‌روونییه‌كه كاری سیاسی كوردی به‌گشتی و، ئیسلامیی به‌تایبه‌تی، تووشی دیارده‌ی خۆ به‌كه‌مزانین بووه له به‌رامبه‌ر ده‌ره‌وه و ئه‌زموونه‌كانی خه‌ڵكانی هاوشێوه‌ی خۆیاندا.
له سیاسه‌تدا ئیسلامییه‌كانی خۆمان هێشتا له باسی زیره‌كی و مه‌دح و سه‌نای پارتی (داد و گه‌شه‌پێدانی) توركیا به‌رده‌وامن و به حیزبێكی سه‌ركه‌وتووی بواری سیاسه‌تی داده‌نێن. به‌ڵام ئاماده‌نین یان جورئه‌تی ئه‌و هه‌نگاونانه ناكه‌ن كه ئه‌و حیزبه ناویه‌تی.
هێشتا لای ئێمه‌كاری ئیسلامیی له‌ژێرهه‌ژموونی خوێندنه‌وه‌و ته‌فسیریی عه‌ره‌بیی ده‌ربازنه‌بووه‌و هێشتا زۆرێك له‌ئیسلامییه‌كانی كوردستان حه‌زده‌كه‌ن رۆڵی قوتابیی ببینن نه‌ك مامۆستا، له‌كاتێكدائێمه جاروبار شتێكی نوێی وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وانمان گوتووه پێش چه‌ندین ساڵ، به‌ڵام خه‌ڵكی خۆمان به لاده‌رت ده‌زانن، كه‌چی پاش چه‌ند ساڵێك كه خه‌ڵكی دی هه‌مان ئه‌و قسانه ده‌كه‌ن، لای خه‌ڵكی خۆمان به چاوی فه‌یله‌سوف ته‌ماشای ئه‌وان ده‌كه‌ن.
بۆنموونه له‌بواری دراما‌و شانۆ‌و هونه‌ردا هێشتا لای خۆمان باس باسی حه‌رام و حه‌ڵاڵه له‌سه‌ر رۆڵی ئافره‌ت و كچان، كه‌چی گشت كه‌ناڵه ئیسلامییه‌كانی خۆمان پێشبڕكێی یه‌كتر ده‌كه‌ن له‌سه‌ر پیشاندانی دراماكانی كه‌ناڵی (سه‌حه‌ر)ی ئێران و (ئێس تی ڤی) توركیا، بێ ئه‌وه‌ی له‌وێدا باس له حه‌رام و حه‌ڵاڵی ئافره‌ت به‌گشتی و ئافره‌تی بێ سه‌رپۆش به‌تایبه‌تی بكه‌ن، وه‌ك بڵێی ئه‌وه‌ی بۆ ئێران و توركیا حه‌ڵاڵه بۆ كورد حه‌رام بێت، یان وه‌ك بڵێی ئێمه‌ی كورد له ئێران و توركیا زیاتر حه‌ڵاڵ و حه‌رام ده‌زانین!
له بواری مۆسیقا و گۆرانیدا، هه‌رچی سروود و گۆرانی ئوردونی و مالیزیی هه‌یه كه كچ ده‌یڵێت ده‌خرێنه سه‌ر شاشه و یان له رادیۆ په‌خش ده‌كرێن، به‌ڵام كه كچانی خۆمان ده‌گه‌نه ئه‌و ته‌مه‌نه، سه‌دان قسه‌و قسه‌ڵۆك بۆ باوك و خێزانی دروست ده‌كه‌ن و، كچ ناچاری وازهێنان ده‌كه‌ن! وه‌ك بڵێی گۆرانی بۆ كچی مالیزی و ئوردونی حه‌ڵاڵه و، بۆ كیژۆڵه‌ی كوردی به‌سته‌زمان حه‌رامه.
له بواری رۆژنامه و گۆڤاردا، دنیا وێران ده‌بێت ئه‌گه‌ر له رێكلامێكدا وێنه‌ی كچێكی قژ ده‌ركه‌وتووی تێدابێت، كه‌چی به شه‌وو رۆژ هه‌موومان سه‌دان وێنه‌ی له‌و جۆره ده‌بینین له گشت هۆكاره‌كانی راگه‌یاندندا.
لای خۆمان له راده‌به‌ده‌ر ده‌ست ده‌خرێته ورده‌كاریی ژیانی تاكه‌كانه‌وه، كوڕ بن یان كچ، به‌جۆرێك قسه له‌سه‌ر جلوبه‌رگی و قژبڕین و قژداهێنان و ریش و سمێڵی كوڕان و، گشت شتێكی كچان ده‌كرێت، كه‌چی ئیسلامییه‌كانی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و دنیا هه‌رچییه‌ك بكه‌ن و، هه‌رچی له‌به‌ر بكه‌ن و بیپۆشن ئه‌وه لای خۆمان ئیسلامییه‌كان وه‌ك ئه‌زموون و مۆدیلی سه‌ركه‌وتوو ته‌ماشای ده‌كه‌ن.
بۆیه‌ئێمه‌ی كوردی موسڵمان، له سۆنگه‌ی باوه‌ڕ به‌خۆبوون و، ره‌هه‌ندی نیشتمانیی و، ئه‌زموونی لۆكاڵی خۆمانه‌وه پێویسته خۆمان خاوه‌نی ئه‌زموونی كراوه و مۆدێرن و لۆكاڵی خۆمان بین و، پێشه‌نگ بین نه‌ك پاشكۆ، كراوه‌بین نه‌ك داخراو.
ئه‌رسه‌لان تۆفیق : بزووتنه‌وه‌ی –نور- له كوردستانی توركیا به رابه‌رایه‌تی –سه‌عیدی نورسی- به هه‌موو پێودانگێك ده‌بوو كاریگه‌ری له كوردستاندا دروست بكات، كه‌چی –ئیخوان موسلمین –هاتن و جێگه‌ی خۆیان له ئه‌و په‌ڕی كوردستاندا گرت؟
عه‌بدولره‌حمان دیق: ئه‌وه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی دیكه‌ی ئێمه‌یه،چونكه ئیخوان موسلیمین خۆی نه‌هات بۆكوردستان ،لێره‌وه چوون هێنایان بۆعێراق و پاشان بۆكوردستان، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه دوای زیاتر له‌چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك به‌شێك له هه‌مان ئه‌وكه‌سانه رێگه‌یان له په‌یامه‌كانی نوور كه‌وت وئێمه‌ومانانیان پێ ئاشناكرد.
لێره‌دا پێویستیمان به‌ره‌خنه له‌خۆگرتنه‌و ده‌بێت هه‌میشه به‌راورد له‌نێوان جۆره‌كانی بیركردنه‌وه‌مان بكه‌ین وبزانین كامیان له‌به‌رژه‌وه‌ندیی ئینسانه‌كانه نه‌ك حزبه‌كانه، بزانین چۆن ئایدیۆلۆژیای به‌سه‌رچوو بكه‌ین به‌قوربانی مرۆڤه‌كان نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه، بزانین كه ئه‌زمونه‌كانی پێش هه‌شتاساڵ له‌مه‌وبه‌ری خه‌ڵكانێك "دین" نین و"پیرۆز"یش نین، فێربین دانبه‌هه‌ڵه‌ی خۆماندا بنێین، نه‌ڵێین خه‌تا (خڕه) به‌سه‌ر كه‌سه‌وه ناوه‌ستێت، چونكه هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌شه له كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واریدا خه‌تابار دیارنییه و لێپرسینه‌وه‌یشی له‌گه‌ڵدا ناكرێت، به‌ڵام له فه‌رهه‌نگی ئاینماندا شتی وانییه، به‌ڵكو خه‌تا (خشته)و به‌هه‌موو بارێكدا و له‌سه‌ر هه‌موو كه‌سێك ده‌وه‌ستێت!
مرۆڤ به داهێنانی پێوه‌ر بۆ پێوانی بارستایی و قه‌باره و درێژیی و پێوانی پله‌ی گه‌رماو راده‌ی شێ و هێزی بومه‌له‌رزه و... هتد، توانی شته‌كان بپێوێ بۆ به‌راوردكردن و زانینی راستییه‌كان، هه‌ر به‌م جۆره‌ش بوونی پێوه‌رێك بۆ پێوانی هه‌ڵه زۆر پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ش له نه‌بوونی پێوه‌ردا وه‌ك كێشانی به گۆتره‌ی لێ نه‌یه‌ت له نه‌بوونی ته‌رازوودا.
داننان به هه‌ڵه، مرۆڤ ئازاد ده‌كات له خۆ دیلكردن له بازنه‌ی سایكۆلۆژیای دوا هه‌ڵه‌كردن، بۆیه ده‌ڵێن: (مرۆڤی ئازاد كه‌سێكه كه ئه‌نجامی هه‌ڵه‌كانی خۆی له ئه‌ستۆ ده‌گرێت). ئاده‌م و حه‌وا به داننان به هه‌ڵه‌ی خۆیان ئازادبوون، شه‌یتانیش به له ئه‌ستۆنه‌گرتنی هه‌ڵه‌كانی، خۆی له دیلی‌دا دۆزییه‌وه.
مرۆڤی سه‌رده‌می ئێمه هیچ ده‌ستكه‌وتَك و ده‌سه‌ڵاتێك به ئاشتیانه ئاڵوگۆڕ ناكات، ته‌نها هه‌ڵه نه‌بێت، ئێمه له ئاڵوگۆڕكردنی ئاشتیانه‌ی هه‌ڵه‌دا زۆر شاره‌زاین و، رۆژانه هه‌ڵه‌كان ده‌خه‌ینه گه‌ردنی یه‌كتر.
ماوه‌ته‌وه بڵێین هه‌ڵه وه‌ك زریانه به‌بێ زیان تێپه‌ڕ نابێت، رێك وه‌ك ئه‌و بزمارانه وایه كه به هه‌ڵه داده‌كوترێن و، به هه‌ڵكێشانیشیان هه‌موو هه‌ڵه‌كه چاره‌سه‌ر نابێت، چونكه هه‌ڵكێشانی بزماره به‌هه‌ڵه داكوتراوه‌كان، ژماره‌یه‌ك كونی زۆر له‌دوای خۆیان به‌جێ ده‌هێڵن،كه‌پڕكردنه‌وه‌یان كار‌و كاتی زۆری ده‌وێت!!
ئه‌رسه‌لان تۆفیق: پیاوانی كوردی وه‌ك شێخ عوبه‌یدوڵای نه‌هری و صه‌لاحه‌دین و مه‌ولاناخالید و نورسی و موفتی زاده‌و سوبحانی و موده‌ریس و كێ وكێ نه‌بوونه‌ته سه‌فیری كورد و ته‌نانه‌ت له نێو رۆشنبیری عه‌ره‌بی ئیسلامی‌دا جێگه‌یه‌كی ئه‌وتۆیان بۆ نه‌كراوه‌ته‌وه؟ بۆچی؟ یان هه‌ندێك جار به عه‌ره‌ب ناوزه‌دكراون؟
عه‌بدولره‌حمان صدیق: ئێمه كه‌مته‌رخه‌م بووین له‌مه‌داو، ئێمه قه‌دری ئه‌و زاته به‌رزانه‌مان نه‌زانیوه‌وخه‌ڵكی خۆمان به‌كه‌م زانیوه‌و به‌كه‌م ده‌زانین، چونكه‌گه‌لان و نه‌ته‌وه‌ی زیندوو ئه‌وانه‌ن كه كار‌و كرده‌وه چاكه‌كانی ره‌مزو سیمبوله‌كانی ده‌بێته گیانێكی واتایی‌و، ده‌چێته جه‌سته‌یانه‌وه بۆیه ئه‌و گه‌لانه‌ش كه له‌به‌ر زۆر هۆی سیاسیی‌و ئایدیۆلۆژی، رۆژێك له رۆژان ده‌ست به‌رداری هه‌ندێك له (ره‌مز)ه‌كانیان بوون، ئێستا له پاش ده‌یان ساڵ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌و، په‌یكه‌ریان بۆ ده‌تاشن‌و، ناوی شوێنه گشتییه‌كان و شه‌قام و ده‌زگای گه‌وره‌یان به نێوه‌وه ناو ده‌نێن.
ته‌نانه‌ت ووڵاتی وا هه‌یه كه ره‌نگه له رێگه‌ی یه‌ك كه‌سایه‌تی ناوداره‌وه بناسرێت، بۆیه ئه‌و وڵاتانه ساڵانه له‌هه‌وڵی به‌ستن و سازدانی كۆڕ‌و كۆبونه‌وه‌و كۆنگره‌ن‌و، سه‌دان كه‌سایه‌تی‌و پسپۆڕی جیا جیاش بانگهێشت ده‌كه‌ن بۆ ئاماده‌كردنی باس و لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و ره‌مزو كه‌سایه‌تییانه...
له توركیادا ڤیستیڤاڵی له‌م جۆره بۆ یادی (محمد الفاتح) و (سه‌عید نوورسی) كراوه‌و ده‌كرێت‌و چه‌ندین باس و نووسینیان له باره‌وه پێشكه‌ش كراوه له (پاكستان)دا بۆ (محه‌مه‌د ئیقبال) كراوه‌و، له (تونس)یشدا بۆ (ئیبن خه‌لدون) ده‌كرێت. بۆ ئێمه‌ی كوردیش، له‌سه‌رتا سه‌ری جیهان به گشتی‌و، جیهانی ئیسلامیی به تایبه‌تی، ئه‌وناوانه‌ی ئاماژه‌ت بۆكردن و، زۆرێكی دیكه‌ش بوونه‌ته ئه‌و ره‌مزای كه گه‌له‌كه‌مانی پێ ده‌ناسرێته‌وه، بۆیه جێگه‌ی خۆیه‌تی كه له بیری ئه‌وه‌دابین كه‌ئیعتیباریان بۆبگێرینه‌وه‌و، چیدی له‌ئاست ناو‌و كار‌و به‌رهه‌مه‌گه‌وره‌كانیاندا كه‌مته‌رخه‌م نه‌بین، بۆئه‌مه‌ش جێی خۆیه‌تی ساڵانه ڤیستیڤاڵێكی یان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانی چه‌ند رۆژیی له شوێنی له‌دایكبوون وژیانیاندا له كوردستان بۆ ساز بكه‌ین‌و، كه‌سایه‌تی ئیسلامیی‌و مێژوویی‌و سیاسیی یه‌كانی جیهان‌و ناوخۆی بۆ بانگهێشت بكه‌ین به‌مه‌به‌ستی پێشكه‌ش كردنی باس و لێكۆڵینه‌وه له سه‌ر لایه‌نه دیار‌و نا دیاره‌كانی ژیانیان ، له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانی ئاوا‌شدا سوودو قازانجی باش بۆ كوردستان‌و ئه‌زموونه‌كه‌ی به‌رجه‌سته ده‌بێت وه‌ك گێڕانه‌وه‌ی رۆڵ وپێگه‌ی ئه‌و زاتانه بۆ شوێنی راسته‌قینه‌ی خۆیان كه كوردستانه‌و، تیشك خستنه سه‌ر بواری زانستی و ئه‌ده‌بی‌و فیكرییان.
ئه‌رسه‌لان تۆفیق: ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئه‌و كاره بكه‌ین ده‌بێت له كوێوه ده‌ست پێبكه‌ین؟
عه‌بدولره‌حمان صدیق: له‌ئازادكردنی ئه‌قڵه‌وه ده‌ست پێبكه‌ین، له‌ئازادكردنی ناخ وویژدانه‌وه ده‌ست پێبكه‌ین، چونكه هه‌میشه بیرێكی باشتر‌و ژیانێكی باشتر له‌ئازادییه‌وه ده‌ست پێده‌كات، بۆیه پێشتریش گوتوومه:كامیان له‌پێش ئه‌وی تردایه: ئایین یان ئازادی؟ دیاره له رووانگه‌ی (لا اكراه فی ا‌لدین)ـه‌وه ئه‌وه ده‌رده‌كه‌وێ كه ئازادی له‌پێش ئایندایه، چونكه مرۆڤه‌كان به ئازادی ئایین هه‌ڵده‌بژێرن و به ئازادیش سروته‌كانی ئاین و پێداویستییه‌كانی ئایین جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.
ئازادیی گه‌وره‌مان ده‌كات و، وامان لێده‌كات به‌گه‌وره‌یی بیربكه‌ینه‌وه‌و بیر له‌شته گه‌وره‌كان بكه‌ینه‌وه، چونكه ئه‌وه هه‌میشه مرۆڤه كۆیله‌كانن كه‌بیر له‌شتی بچووك ده‌كه‌نه‌وه‌و بچووكانه بیرده‌كه‌نه‌وه، جا ئه‌وانه كۆیله‌ی نه‌فسی خۆیان بن یان كۆیله‌ی بۆچوونه كۆن و باوه‌كانی جاران بن
نا‌بینیت نموونه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌هه‌ندێك وڵات‌دا به‌خۆیان ده‌ڵێن عه‌لمانی و، به هێزی سوپا عه‌لمانیه‌ت ده‌پارێزن و، هه‌موو عه‌لمانیه‌تیش له لادانی سه‌رپۆشی سه‌ری ئافره‌تێكدا چڕ ده‌كه‌نه‌وه و ده‌رگاكانی ده‌وڵه‌ت له رووی سه‌رپۆش به‌سه‌رێكدا داده‌خه‌ن، له كاتێكدا وڵاتانی لانكه‌ی عه‌لمانیه‌ت كاری له‌و جۆره ناكه‌ن.
عه‌لمانیه‌تێك به سوپا فه‌رز بكرێت، به دڵنیاییه‌وه له‌لایه‌ن گه‌له‌وه ره‌فز ده‌كرێت و، ئیدی هێز و (سوپه‌ر پاوه‌ر)ی پۆڵایین ناتوانێت قه‌ناعه‌تی مرۆڤه‌كان بگۆڕێت، به‌ڵكو ئه‌وه (سۆفت پاوه‌ر)ی فیكر‌و بیره، كه ده‌توانێت قه‌ناعه‌ت دروست بكات له‌سایه‌ی ئازادی و رێزگرتنی مرۆڤدا.
له به‌رامبه‌ریشدا هه‌ندێك له‌وانه‌ی خۆیان به ئیسلامیی راست و موسڵمانی ته‌واو ده‌زانن و دێن هه‌موو ئیسلام له ئه‌ركه رووكه‌شه‌كاندا چڕ ده‌كه‌نه‌وه و، به زۆربوونی ژماره‌ی سه‌رپۆشی ئافره‌تان و ریشی پیاوان ئیسلامیبوونی كۆمه‌ڵگه ده‌پێون، له‌نێو بازاڕه‌كاندا پۆلیسی (ئیسلامی) و پیاوانی ئه‌مر و نه‌هی بڵاوه پێده‌كه‌ن بۆ به‌زۆر سه‌رپۆشكردنه سه‌ر ئافره‌تان"وه‌ك بڵێی كێشه‌ی یه‌كه‌می ئافره‌ت و كۆمه‌ڵگه سه‌رپۆش بێت" ئه‌مانه‌ش وا ده‌زانن سروته ئایینی و ئه‌ركه ئاینییه‌كان به زۆر فه‌رز ده‌كرێت، بێ‌ئاگا له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌مانی ئه‌م فشارانه‌دا هه‌وڵه‌كانی ئه‌وانیش دێنه‌وه سه‌ر سفر.
پۆلیسه‌كانی تاڵیبان و میلیشیاكانی عێراق"و زۆر شوێنی دی" به زۆر نوێژیان به خه‌ڵك كرد و به زۆر قژی كوڕیان كورت كرده‌وه و عه‌با و په‌چه‌یان خسته سه‌ر ئافره‌تان، به‌ڵام دواجار هه‌ر ئه‌وه مایه‌وه كه مرۆڤه‌كان به قه‌ناعه‌ت و به ئازادیی خۆیان بڕوایان پێ هێنابوو.
ئه‌وه‌ی به‌خۆی ده‌ڵێت ئیسلامی یان عه‌لمانی، ده‌بێت په‌یامه‌كه‌ی به باشترین شێوازبخاته روو، ئیدی دواتر مرۆڤه‌كان ئازادن له‌وه‌ی وه‌ریده‌گرن یان ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه.
ئازادی مافێكی سه‌ره‌كی و خواپێدراوی گشت مرۆڤه‌كانه، له‌گه‌ڵ مرۆڤدا له‌دایك ده‌بێت و له‌گه‌ڵیدا ده‌ژی، به ئازادی و له ئازادی‌دا مرۆڤ جوانتر تێده‌گات و بڕیار ده‌دات، به‌ڵام له‌ژێر چه‌پۆكی قورسی هێز و زه‌بر و زه‌نگ و سوپا و پۆلیسدا مرۆڤه‌كان ده‌مرن و ده‌سه‌ڵاتیش ده‌ڕووخێ و، وڵاتیش وێران ده‌بێت.