دیدار له‌گه‌ڵ دكتۆر حه‌مه نوری عومه‌ر كاكی مامۆستا له زانكۆی سلێمانی سازدانی هه‌رێم عوسمان
كۆچ: دكتۆر گیان وه‌ك ئه‌وه‌ی مامۆستای خۆم بوون، ئاگادارم هه‌ندێك بۆچونتان له‌سه‌ر نالی و شیعره‌كانی هه‌یه، له‌به‌رئه‌وه به گرنگی ده‌زانم ئه‌و بۆچوونانه‌ت خوێنه‌ریشی لێ ئاگاداربێت، سه‌ره‌تا له بۆچوونتان له‌سه‌ر ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه ده‌پرسم، كه به (قوتابخانه‌ی بابانییه‌كان) ناسراوه؟ هه‌روه‌ها پێتان وایه نالی له‌ناو ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه چۆن ناسراوه‌و ڕۆڵی چۆن هه‌ڵده‌سنگێنن؟
د. حه‌مه نوری عومه‌ر كاكی: سه‌ره‌تا با له‌ناوی ئه‌و بزوتنه‌وه شیعرییه‌وه ده‌ست پێبكه‌ین، كه نالی و هاوڕێكانی پێكیان هێنا و له ساڵانی چله‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه به‌هه‌ڵه ناوی (بابانیان ) به‌سه‌ردا دابڕیوه.
لێره‌دا نامه‌وێ ڕاستیی ده‌سته‌واژه‌ی (قوتابخانه‌ی نالی )و هه‌ڵه‌و نادروستیی (قوتابخانه‌ی بابان و سێ كوچكه‌ی بابان ) دوباره بكه‌مه‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێویسته لێره‌دا بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مافی نالی بگوترێت ئه‌وه‌یه: له واتا و چه‌مكی ئه‌و وشه و ڕسته و ده‌سته‌واژه هه‌ڵانه‌دا، نالی تێدا نابینرێت، بهڵًكو نالی ورده ورده ون ده‌بێت و په‌راوێز ده‌خرێت، كه ئه‌مه‌ش ناههقییهكه به‌رامبه‌ر هه‌وڵا و داهێنانه‌كه‌ی نالی ده‌كرێت.
له سه‌رچاوه باوه‌ڕپێكراوه‌كاندا، به ته‌نیا ئه‌مین فه‌یزی به‌گ ( شیعری كوردی بابان و موڵكی بابان )ی به‌كار هێناوه، كه ئه‌ویش زۆر به ڕاست و دروستی واتای مه‌به‌ستی ئه‌و شاعیرانه بووه، كه له ناوچه‌ی سلێمانی و ده‌وروبه‌ری هاتوونه‌ته دونیاوه، هه‌رگیز مه‌به‌ستی (قوتابخانه‌ی بابان) و سێ كوچكه‌ی بابان نه‌بووه، به‌به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی شیعری ئه‌و شاعیرانه‌ی له ئه‌نجومه‌نی ئهدیبانهكهیدا كۆكردۆته‌وه، كه له ناوچه‌ی هه‌ورامانه‌وه تا ڕۆژئاوا و سه‌روی كه‌ركوك ژیاون، نه‌ك به‌ته‌نیا نالی و سالم و كوردی.
هیچ به‌ڵگه‌و دۆكۆمێنتێك تائێستا له به‌رده‌ستدا نییه، كه ئه‌وه بسه‌لمێنێت، یه‌كێك له میره بابانییه‌كان بڕیار و فه‌رمانێكی میرانه‌ی ده‌ركردبێت، كه داوا له خوێنده‌وارانی ناوچه‌كه‌ی بكات، به زمانی كوردی شیعر و به‌رهه‌مه‌كانیان بنووسن.
میره بابانییه‌كان، له‌نێوان یه‌كتریدا به‌زمانه‌كانی توركی و فارسی و عه‌ره‌بی نامه‌یان گۆڕیوه‌ته‌وه، زۆربه‌ی ئه‌و نامانه له كتێبخانه‌ی ئه‌وقافی سولێمانی پارێزراون. ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت، كه میرانی بابان هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تییان نه‌بووه، یان دۆستی ئه‌ده‌ب و زانست نه‌بوون، به‌ڵكو هه‌وڵی دڵسۆزانه‌ی ئه‌وان به‌ڵگه‌نه‌ویسته، كه چه‌ند كۆمه‌ك و یاریده‌ده‌ری مامۆستایان و فه‌قێ و خوێنكاران بوون و هه‌رده‌م له‌هه‌وڵی په‌یداكردنی كتێب و سه‌رچاوه‌ی زانستی ده‌گمه‌ن و به‌نرخدا بوون، به‌ڵام داهێنان و دهستپێكردنهكه، وه‌ك باسكرا له‌لایه‌ن نالی و هاوڕێكانییه‌وه بووه، ئه‌وه دیارده‌یه‌كی به‌ڵگه نه‌ویسته، كه هه‌میشه له‌نێو كۆمه‌ڵدا گۆڕانكاری وداهێنانهكان له‌سه‌ر ده‌ستی هه‌ڵبژارده و نوخبه‌ی وه‌ك نالی‌دا بووه .
بابان میرایهتییهك بوو، میره‌كانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و سوپا‌و له‌شكر و سه‌رمایه‌ی دارایی بوون، به‌ڵام زمانیان نه‌بوو، كه یه‌كێكه له گرنگترین پایه و ڕه‌گه‌زه‌كانی نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، نالی ئه‌و كه‌لێنه‌ی بۆ میرایه‌تی بابان پڕكرده‌وه، ئه‌ویش زمانی باڵا بوو، نالی له‌سه‌ر بنه‌مای زمانی ناوچه‌ی سلێمانی زمانی فه‌رمی بۆ میرایه‌تی بابان دروستكرد.
كۆچ: ده‌مه‌وێت له‌سه‌ر شێوازی نالی بدوێن، به‌و پێیه‌ی ماستهرهكهتان له‌سه‌ر شێوازی شیعری كلاسیكه؟
د. حه‌مه نوری عومه‌ر كاكی: نالی خۆبه‌خۆ ده‌ستی دایه ئه‌و شێوازه نوێیه، تائێستا توێژه‌ران و ڕه‌خنه‌گران، به ته‌نیا باسیان له‌وه كردووه، كه نالی له زمانه‌كانی عه‌ره‌بی و فارسی و توركیدا شاره‌زا و بلیمه‌ت بووه، ئه‌وه ڕاسته به‌ڵام هێشتا مه‌به‌ستی به‌كوردی نووسینه‌كه‌ی نالییان دیاری نه‌كردووه .
زمان لای شاعیرێكی داهێنه‌ر و خاوه‌ن ڕێباز و شێوازێكی نوێ، پێوه‌ندی به بیرهكانییهوه هه‌یه، لای نالی شیعر گوتن به زمانه دراوسێكان كارێكی ئاسانه، بۆیه شاعیرانی ئه‌و سه‌رده‌مه هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یان له‌توانادا بووه، نالیش پێشتر به‌و ئه‌زمونه‌دا ڕۆشتووه وبۆخۆی له‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌دا سه‌ركه‌وتووبووه، بۆیه خۆی بۆ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گرانتر و پڕ به‌های دیكه ئاماده‌ده‌كات، ئه‌ویش به‌زمانی كوردی نووسینه، له‌و دێره شیعرانه‌دا كه باس له هه‌ڵبژاردنی زمانێكی تایبه‌ت ده‌كات، بیره‌كانی تێدا ڕوون ده‌كاته‌وه، ده‌ڵێت زۆرن ئه‌وانه‌ی به‌زمانی بێگانه شیعر ده‌نووسن و بیری وردیان وه‌ك په‌تك وایه، به به‌راورد له‌گه‌ڵا داوه هه‌ودا و تاڵه ئاوریشمییهكانی مندا، بۆیه شیعر نووسین به‌و سێ زمانه كارێكی ئاسانه و هیچ هونه‌رێكی تێدا نابینم و من پێش هه‌مووان كه‌وتووم و بهزاندوومن، له‌تاقیكردنه‌وه‌ی پێشوودا سه‌ركه‌وتوو بووم و به‌ڵگه نامه و پسپۆڕیم تێدا هێناوه، ئێستا به‌ده‌ستی ئه‌نقه‌ست من له‌و ڕێباز و شێواز‌و نۆرمه لاده‌ده‌م، خۆم بۆ تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك ئاماده ده‌كه‌م ، كه‌زۆر له‌م شێوازه گرانگتر و قورستره و كه‌س خۆی لێنه‌داوه ! .
لای نالی كاركردن له‌سه‌ر زمانی كوردی وه‌ك مه‌له‌كردنه له ده‌ریای عوماندا و غهواصی باشی گه‌ره‌كه ، گه‌وهه‌ری زمانی كوردی لێ ده‌ربهێنێت .
(نالی )عه‌جه‌ب به قوه‌تی حیكمه‌ت ئه‌دا ده‌كا
مه‌عنایی زۆر و گه‌وره به له‌فزی كه‌م و بچووك
شێوازی نالی له‌هونه‌ری شیعردا، به‌تایبه‌ت له ته‌كنیكی داڕشتنی دانه‌كانی زمان له دێڕه شیعره‌كاندا، به‌شێوه‌یه‌كن به‌وردی هه‌ست به زمان‌ناسی نالی ده‌كرێت، ئه‌وه نالی نییه بۆ مه‌به‌ستی كورتودرێژی كێشی شیعره‌كانی ده‌ستكاری كه‌ره‌سته‌كانی زمانی كوردی كردبێت، به‌ڵكو وه‌ك فیلۆلۆگێكی كارامه ده‌ستكاری مۆرفۆلۆجی زمانی كردووه و له‌ئاستی سینتاكسدا، لادانێكی دروستی له سیستێمی زمانی كوردیدا كردووه .
ده‌ورانییه ، وه‌ك هێڵه‌كی سه‌ودا ، سه‌ری گێژم
بۆیه به ده‌قیقیی مه‌سه‌له هه‌رچی ده‌بێژم
××××××××××××
بێ فائیده‌یه مه‌نعی من ئێستاكه له گریان
بۆ عاشقی بێ چاره زووه‌م ئاوه ڕژاوه !
ئه‌و شێوازه‌ی نالی و لادانه‌كه‌ی بوو به‌شێوازێكی نوێ و ڕێبازێكی ئه‌ده‌بی نوێ ،چونكه شاعیرانی دوای ئه‌و ، ئه‌وانه‌ی توانای شوێن كه‌وتنی ڕێبازه‌كه‌ی نالی و هاوڕێكانی بوون ، به‌رده‌وامییان دا به بزوتنه‌وه‌كه‌ی نالی .
نالی به داوه شه‌عری ده‌قیقی خه‌یاڵی شیعر
بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی كه شاعیره صه‌د داوی نایه‌وه
یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی شیعری نالی، شێوازی یه‌كگرتووییه، له هه‌موو مه‌به‌سته شیعرییه‌كان و بۆ هه‌ر بابه‌تێك شیعری نووسیبێت، ئاستی به‌رزی زمان و وێنه‌ی شیعری و هه‌ڵبژاردنی وشه و هونه‌ری جوانكاری له‌و شیعره ناسك وتهڕانهدا دیارن، كه بۆ كچ و ژن نووسیونی.
كۆچ: سه‌باره‌ت به نووسینی ئه‌و بابه‌تانه‌ی تابوون، به نمونه سێكس بۆچوونتان چییه؟
د. حه‌مه نوری عومه‌ر كاكی: بابه‌تی سێكس لای نالی هیچی له بوار و مه‌به‌سته شیعرییه‌كانی دیكه‌ی كه‌متر نییه، نالی به قه‌ده‌ر فراوانی پانتایی بوونی سێكس له‌گه‌ڵا بوونی مرۆڤدا گرنگی به ده‌ربڕینی ئه‌و لایه‌نه گهورهیهداوه. شیعره‌كانی له‌م بابه‌ته‌دا ئه‌وه‌نده به‌وردی و ناسكی نووسیون نرخ و به‌های ئه‌و شیعرانه‌ی له‌ئاستی جگه‌رگۆشه‌كانی دیكه‌ی تێپه‌ڕاندووه. جگه لهچامه گه‌وره‌و پڕهونهرییهكهی، كه بۆ مه‌ستوره خانمی نووسیوه، له‌زۆربه‌ی زۆری غه‌زه‌ل و پارچه شیعرییه‌كانیدا، به‌شێوه‌یه‌كی جوان و ڕاسته‌قینه باس له حه‌ز و چێژ و له‌زه‌ت و خرۆشان و هه‌ژانی جه‌سته‌یی و موچوڕكی تێربوونی كاتی گه‌یشتن به ئاسووده‌یی و خۆشی وه‌رگرتن له ئه‌ندامه سێكسییه‌كانی كچ و ژن ده‌كات، زۆر جار ناوی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی به‌ڕوون و ئاشكرا هێناوه، جارجاریش به‌هونه‌ره ڕهوانبێژییهكان و به شێوازه تایبه‌ته‌كه‌ی خۆی باسی له‌و حاڵه‌تانه كردووه. له دیوانی نالی‌دا ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی زۆر و له‌به‌رچاو بۆ ئه‌ندامی ژن هه‌یه، ئه‌وه‌ی خۆشی ده‌گه‌یه‌نێته ژن و پیاو.
نالی لهغهزهلهكانیدا ئه‌م باسانه‌ی به‌وردی و قوڵییه‌وه باسكردووه، ئه‌گه‌ر زۆر به وردی نه‌خوێنرێنه‌وه ئه‌و واتایه و فره واتاییهكانیان ده‌رناكه‌ون، له پارچه شیعرێكی پێنج دێڕیدا ( ئیلتیقای پۆڵاد و ئاسن ) كۆمه‌ڵێك مانا و وێنه‌ی داهێنانی شیعری كۆكردۆته‌وه یه‌كێك له‌و مانایانه، باس له ئه‌ندامی مێینه‌ی ژن و نێرینه‌یی پیاو ده‌كات، كۆكردنه‌وه‌ی سارد‌و گه‌رم ، بزوێن و وه‌ستاو ، ئاو و ئاگر له پۆڵا و ئاسندا، كه به‌پێی لۆژیكی باسێكی دژ به یه‌كترین، به‌ڵام كه پێكه‌وه بڕیاری بزووتنه‌وه ده‌ده‌ن، هه‌ریه‌كه‌یان ئه‌وی دیكه ته‌واو ده‌كات. ئه‌و شیعره له ڕووی داهینانه‌وه یه‌كێكه له شیعره به‌رزه‌كانی نالی.
گوڵبی قه‌دت له قوبه‌ی سینه غونچه‌ی كرتووه
غونچه به‌م شیرینییه قه‌ت نه‌ی شه‌كه‌ر نه‌ی كردووه
××××××
بۆ مه‌مك ( نالی ) چ منداڵانه وه‌ی وه‌ی كردووه
×××××
خۆش به‌هه‌ردوو ده‌ست و ده‌م گرتوویه ئۆخه‌ی كردووه
كه‌واته نالی له‌و بواره‌دا ده‌كرێت ، بابه‌ته‌كانی به ئیرۆتیكی ڕاسته‌قینه دابنرێت. ئه‌م شێوازه‌ش پێشتر له ئه‌ده‌بی كوردیدا نابینرێت، هه‌ندێك له قوتابییه زیره‌كه‌كانی نالی وه‌ك ( ئه‌ده‌ب و وه‌فایی ) توانیوانه هه‌ندێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی شیعری نالی له بابه‌تی شیعری ئیرۆتیك و سێكسی‌دا بنووسن .
ته‌نانه‌ت له‌هه‌ندێك دێڕه شیعری وه‌سفی جوانی سروشدا، وشه‌گه‌لێكی هه‌ڵبژاردووه، له جێگای دیكه‌دا به‌واتای سێكسی به‌كاردێن .
كانی ده‌زێن به ئاو و، دره‌خت ئاوسن به با
شایی به‌هاره ، بولبوله داماد وغونچه بووك
ماچ له شیعری نالی‌دا له‌و وشه جوانانه‌یه، كه به ڕاسته‌وخۆ و به چه‌ند دهربڕنێكی جیاواز و به زۆری له دێڕه شیعره‌كانی نالی‌دا به پیرۆزی و به پڕاوپڕی واتای له‌زه‌ت وخۆشی سێكسی بارگاوی كراوه .
وه‌فای عه‌هده له‌من ڕۆح و له‌تۆ ماچ
چییه چاره‌ی ئامانه‌ت غیری ته‌سلیم
شه‌رابی له‌علی ڕ‌ومانی له نالی
حه‌رامه بێ مه‌زه‌ی ماچێكی لێوان
ده‌كرێت وه‌ك شێوازگه‌ریی ئاماری ئه‌ژماربكرێت و به شێوازێكی تایبه‌تی شیعره‌كانی نالی دابنرێت. له‌دیوانی نالی‌دا دوانزه جار وشه‌ی ماچ به‌ڕوونی و ئاشكرا، به‌واتای ماچی سێكسی و ده‌یان جار به‌وێنه‌ی شیعری به‌مه‌به‌ستی ماچ هاتووه، ئه‌مه جگه له وه‌ی ( لێو و گوڵم و لامل و گه‌ردن ...هتد دیسان كۆمه‌ڵێك وشه و ناوی ئه‌ندامی له‌شی مێینه‌ن له شیعره‌كانیدا ده‌بینرێن .
لێو و سینه‌ت هه‌ردوویان بۆ من به‌ده‌رخه دا بڵێم
له‌علی ڕوممانی هه‌یه، یا له‌عل و ڕوممانی هه‌یه
ئه‌و ورده‌كارییه‌ی نالی له‌و دێڕه شیعره‌دا كردوویه‌تی، به ته‌نیا له ڕووی ده‌رخستنی ئیستاتیكی ئهندهمه جوانه‌كانی له‌شی ژنه‌وه نییه، به‌ڵكو له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌شدا جوانییه‌كی به زمانی ده‌ربڕینه‌كه‌شی به‌خشیوه، ئه‌ویش به‌وه‌ی، له ڕووی پێكهاته‌ی زمان و داڕشتنی سینتاكسیی زمانی كوردییه‌وه لادانی كردووه، یان به هێنانه‌ناوه‌وه و به‌كار هێنانی ئارتیكهڵا و ئامرازی شێوه‌زاره‌كانی دیكه‌ی زمانی كوردی.
هه‌ردوویان ــــــــــ له‌جیاتی هه‌ردووكیان، جگه له كێشی شیعره‌كه واتاكه‌شی فراوانتر ده‌كات، چونكه له هه‌ردووكیاندا به‌ته‌نیا واتای لێو و مه‌مك ده‌به‌خشێت، به‌ڵام له هه‌ردوویان دا، واتای هه‌ردوو لێو و هه‌ردوو مه‌مك ده‌به‌خشێت، كه پێكه‌وه دووجووت ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی ( به‌ده‌رخه ) و (دا بڵیم ) له‌برێتی (وه‌ده‌رخه ) و (تابڵێم) ئه‌م جوانییانه سه‌رباری جوانی واتاكان جوانییه‌ك به ڕێكخستنی وشه‌كان و ڕسته شیعرییهكهش ده‌دات. كه‌واته ده‌توانرێت ئه‌و ڕاستییه بگوترێت، كه نالی به‌ڵانسی جوانییه‌كانی به شێوه‌یه‌كی ورد‌و و ئه‌ندازیاریانه ڕاگرتووه و هیچ كامیانی فه‌رامۆش نه‌كردووه.
كۆچ: وه‌ك كۆتا پرسیار ده‌مه‌وێت له‌باره‌ی گرنگی نالی بۆ ئیستا بدوێن؟
د. حه‌مه نوری عومه‌ر كاكی: له فه‌رهه‌نگی ئه‌ده‌بیدا و له مێژووی ئه‌ده‌بی جیهانیدا زۆر جار وشه‌ی (نه‌مری ) یان (زیندوویی ده‌ق) و ناوی نووسه‌رێكی داهێنه‌ر ده‌بینرێت، نالی له نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا ڕێنیسانسێكی له زمان و ئه‌ده‌بی دیالێكتی كرمانجی ناوه‌ڕاستدا به‌رپاكرد، به‌رهه‌می ئه‌و ڕێنیسانسه بۆ ئه‌مڕۆ و به‌دڵنیاییه‌وه له‌داهاتووشدا به‌سود وبه كه‌ڵك ده‌بن، ئه‌و تێكستانه هاوشانی په‌ندی پێشینان و وته‌ی كاریگه‌ر، له‌گه‌ڵا ناوی نووسهرهكانیاندا به به‌رده‌وامی ده‌ژین و له‌كاردا ده‌بن، هه‌ندێك تێكست هه‌یه خۆی خۆی ئه‌بده‌یت ده‌كات، تێكسته‌كانی نالی ئه‌و زیندوویی و ته‌ڕی و توانایه‌یان هه‌یه، هه‌ندێ له‌شیعره‌كانی نالی ده‌كرێت له‌ئێستادا ببنه كه‌ره‌سته‌ی فیكری و ئه‌ده‌بی بۆ شاعیر و هونه‌رمه‌ندانی ئه‌مڕۆ. ته‌نانه‌ت كه‌ره‌سته‌یه‌كی خاوی به پێزن بۆ توێژینه‌وه‌ی زانستی زمان.
زۆر هه‌ن له‌و هونه‌رمه‌نده جیهانیانه‌ی ئه‌مڕۆ ، له داهێنانه‌كانیاندا تابلۆكانی ڤانكوخ و میكایل ئه‌نگیلۆ و دافنشی وسلفادۆر دالی ده‌كه‌ن به ڕوانگه و ڕه‌هه‌ندی كاره نوێكانی ئه‌مڕۆیان.
له ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخی كوردیشدا، زۆرن ئه‌و شاعیر و نووسه‌ره سه‌ركه‌وتووانه‌ی، كاریگه‌ری تێكسته‌كانی نالی و هاوڕێكانی، له قوڵایی بیر و له‌دووتوێی میمۆرییهكانیاندا سه‌قامگیر بووه و سه‌ر له‌نوێ بیره‌كانی نالی به‌شێوازێكی هونه‌ری نوێ داده‌ڕێژنه‌وه .
|
33041
جار خوێندراوه‌ته‌وه |
|
|
|