هەلومەرجی ئانۆمیك: هۆكار و ئاسەوارەكانی نووسینی: خالید عەلیزادە
پێشه‌کی
چه‌مکی ئانۆمی(1) یان سه‌رلێشێواوی کۆمه‌ڵایه‌تی (بێسه‌روبه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی) سه‌ره‌تا له لایه‌ن کۆمه‌ڵناسانی رۆژئاوایی بۆ لێکدانه‌وه و شرۆڤه‌کردنی هه‌لومه‌رجی کۆمه‌ڵگای ئه‌ورووپا له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و به تایبه‌ت سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م له سه‌رده‌می قه‌یرانه گه‌وره ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا به‌کار هاتووه. ئه‌مڕۆ هه‌ندێ له شاره‌زایان له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن، ده‌کرێ هه‌لومه‌رجی کۆمه‌ڵایه‌تی وڵاتانی جیهانی سێهه‌م و له ره‌وتی گه‌شه‌دا (به هۆی ده‌ربازبوون له کۆمه‌ڵگایه‌کی نه‌ریتی به‌ره‌و کۆمه‌ڵگایه‌کی مۆدێرن و سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی گه‌وره‌ی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی له ئاکامی ئه‌م گۆڕانکارییانه) به پشتبه‌ستن و یارمه‌تی ئه‌م چه‌مکه تاوتوێ و شرۆڤه بکرێت.
ئانۆمی کێشه‌یه‌کی کۆمه‌ڵگای مۆدێرنه که له ئه‌نجامی ره‌وتی مۆدێرنبوونهوهدا، پێکهاته‌ی ئه‌رزشی و نه‌ریتی رابردووی ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی رووبه‌ڕووی خه‌سار کردووه‌ته‌وه و مرۆڤی مۆدێرنی له هه‌لومه‌رجێکی لێڵ و نادیاردا هێشتووه‌ته‌وه. ئه‌گه‌رچی ئه‌م دیارده‌یه وه‌کوو کێشه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رده‌می مۆدێرن پێناسه ده‌کرێت، به‌ڵام تا به ئه‌مڕۆیش (وه‌کوو سه‌رده‌می پۆست‌مۆدێرن) به بێچاره‌سه‌ر ماوه‌ته‌وه. تا ئه‌و راده‌یه که ئه‌مڕۆ هه‌ندێ له کۆمه‌ڵناسان له هه‌ستی «ئانۆمی شۆڕبووه‌وه به ناخی» که‌سایه‌تی و تاکی سه‌رده‌می مۆدێرندا قسه ده‌که‌ن. هه‌ستێکی ناوخۆیی و ده‌روونی که بۆ خۆی ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی ناله‌بار و ئانۆمیکی کۆمه‌ڵگایه. هه‌لومه‌رجێک که به هۆی لاوازی ده‌سه‌ڵات و توانای نۆرمه‌کان، ناکۆکی نێوانیان و ته‌نانه‌ت سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ندێ پانتای بێوه‌ری له نۆرمی روون و ئاشکرا، نه‌بوونی پابه‌ندی به رێسا و نه‌ریتی ئه‌خلاقی و کۆمه‌ڵایه‌تی لێده‌که‌وێته‌وه و نوێنه‌ک و سه‌رمه‌شقه‌کان ناتوانن به جوانی هه‌ڵسوکه‌وته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان رێنوێنی بکه‌ن؛ به واتایه‌کی دیکه له‌م هه‌لومه‌رجی شڵه‌ژان، ناکۆکی، ناسه‌قامگیری نۆرمه‌کان و له هه‌ندێ بواردا نه‌بوونی نۆرم، راشکاوانه به‌رچاو ده‌که‌وێت (شیانی و موحه‌ممه‌دی، 1386: 12). هه‌ر به هه‌مان شێوه هه‌ندێ لایه‌نی دیکه ره‌وتی کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی له سه‌ره‌تاوه تا به ئه‌مڕۆ، واته ره‌وتی پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ره‌و پچڕپچڕبوون و ره‌وتی کو‌لتوور به‌ره‌و ئانۆمیک بوون وێنا ده‌که‌ن (گاڵتۆنگ، گێڕانه‌وه له ره‌جه‌بزاده و که‌وسه‌ری، 1382: 320).
هه‌روه‌ها که ئاماژه‌مان پێدا ئه‌گه‌رچی ئانۆمی سه‌ره‌تا له وڵاتانی رۆژئاوا سه‌ری هه‌ڵدا، به‌ڵام به هۆی گه‌شه‌ی ره‌وتی به‌جیهانیبوون و تێکه‌ڵبوونی سنووری جوگرافی، ئابووری و کولتووری له ده‌رئه‌نجامی گه‌شه‌ی تێکنۆلۆژی نوێی پێوه‌ندی و راگه‌یاندن و هاوکات خێرایی ره‌وتی گۆڕانکارییه ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ئانۆمی ده‌بێته دیارده‌یه‌کی گشتگیر و یۆنیوێرساڵ. له ئاکامدا له لایه‌که‌وه شه‌پۆله‌کانی ئه‌م دیارده‌یه هه‌ندێ گۆڕانکاری کۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی و پێکهاته‌یی له ئاستی ناوخۆیی کۆمه‌ڵگا رۆژهه‌ڵاتییه‌کاندا ده‌خوڵقێنێت و له لایه‌کی تره‌وه به‌ستێنێکی شیاو و له‌بار بۆ هه‌لومه‌رجی ئانۆمیک ده‌ڕه‌خسێت. ئاوڕدانه‌وه‌ی ئه‌م وتاره له‌م بابه‌ته بۆ ئه‌و پێداویستییه مێژووییه ده‌گه‌ڕێته‌وه که له سه‌ره‌وه خستمانه به‌ر باس. به‌و هیوایه که بکرێ به یارمه‌تی ئه‌م چه‌مکه هه‌ندێ کێشه و گرفتی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی شرۆڤه و له ئه‌نجامدا چاره‌سه‌ر بکرێت. به‌ڵام پێویسته ئاماژه‌ی پێ بکرێت به هۆی نوێ بوونی ئه‌م بابه‌ته، هه‌م وه‌کوو چه‌مکێکی لێکدانه‌وه و هه‌م وه‌کوو کێشه‌یه‌ک به هه‌ندێ ره‌هه‌ندی ئابووری، کولتووری، کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی، له‌م وتاره‌دا هه‌وڵ دراوه به گوێره‌ی پێویست چه‌مکی ئانۆمی پێناسه بکرێت و له هه‌مانکاتدا پاشخانی مێژوویی ئه‌م بابه‌ته، بناغه‌دانه‌ران و تیۆریداڕێژهرانی سه‌ره‌کی و ناسراوی ئه‌م چه‌مکه و هۆکاره‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی له رووی تیۆرییه‌وه و هه‌روه‌ها ئاسه‌واره‌کانی بخرێته به‌ر باس و لێکدانه‌وه.
پێناسه‌ی ئانۆمی
چه‌مکی ئانۆمی یه‌کێک له‌و چه‌مکانه‌یه به‌کارهێنانی له زانستی کۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌رده‌وام گێچه‌ڵ و پشێوی دروست کردووه. بۆ تێگه‌یشتن له مانای وشه‌ی ئانۆمی له رووی چه‌مکییه‌وه، پێویسته توخمه سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌م چه‌مکه لێکبدرێته‌وه، له زمانی یۆنانیدا «نۆمۆس»(2) به مانای یاسایه و له‌گه‌ڵ پێشگری «a»دا مانای بێیاسایی ده‌گه‌یه‌نێت. که‌وابوو له رووی بنه‌مای وشه‌ییه‌وه، ئانۆمی مانای بێیاسایی یان نه‌بوونی نۆرم ده‌گه‌یه‌نێت. له به‌رانبه‌ر ئانۆمیدا، وشه‌ی «سینۆمی»(3) هه‌ڵکه‌وتووه که نیشانه‌ی کۆمه‌ڵگا یان هه‌لومه‌رجێکی کۆمه‌ڵایه‌تی خاوه‌ن ئاگایی به‌کۆمه‌ڵ، راده‌یه‌کی زۆر یه‌کانگیری و یه‌کگرتوویی کۆمه‌ڵایه‌تی، تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌هێز و راده‌یه‌کی زۆر سامانی کۆمه‌ڵایه‌تییه که به هۆی هه‌ندێ هۆکاری وه‌کوو سیستمی بنه‌ماڵه‌ی به‌ربڵاو و به‌هێز، نۆرمی کولتووری، هه‌ڵسوکه‌وتی ئایینی، پڕه‌نسیپی یاسایی به‌هێز و تۆکمه و ... له هه‌لومه‌رجێکی سینۆمی یان دژهئانۆمیک به‌هره‌مه‌ندن (ستۆکارد، گێڕانه‌وه له شیانی و موحه‌ممه‌دی، 1386: 14ـ13).
له زۆربه‌ی ده‌قه ئینگلیزییه‌کاندا و به تایبه‌ت ئه‌و زمانانه‌ی له‌ژێر کاریگه‌ری کۆمه‌ڵناسی ئه‌مریکاییدان، ئانۆمی زۆرجار وه‌کوو هه‌لومه‌رجی (دۆخ یان حاڵه‌ت) «نه‌بوونی نۆرم»، (بێیاسایی)(نه‌بوونی رێک‌وپێکی و جهموجۆری) یان «شڵه‌ژاوی و سه‌رلێشێواوی» و «ناکۆکی» نۆرمه‌کان پێناسه کراوه. ئه‌م پێناسه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و وشه و مانایانه‌ی که دورکهایم و هاوڕێکانی بۆ یه‌که‌مین جار، بۆ ته‌وسیف و وێناکردنی هه‌لومه‌رج و بارودۆخه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌کاریان هێناوه، جیاواز و له دژایه‌تیدایه.
به‌گشتی کۆمه‌ڵناسانی ئینگلیزیزمان له‌ژێر کاریگه‌ری پارسۆنز(4) و مێرتۆندا(5) ئانۆمییان به‌و مانایه به‌کار هنێاوه که له سه‌ره‌وه خستمانه به‌ر باس (ره‌جه‌بزاده و که‌وسه‌ری، 1382: 321). به‌ڵام بۆ تێگه‌یشتن و فامکردنی باشتری مانای ئانۆمی، پێویسته ئه‌و ده‌قه سه‌ره‌کییانه لێکبدرێنه‌وه که له زمانی فه‌ڕه‌نسیدا بۆ یه‌که‌مین جار دورکهایم به‌کار هێناوه. دورکهایم له کتێبی خۆکوژی‌دا، وشه‌ی dereglementی وه‌کوو ته‌نیا وشه و هاوواتای روون و ئاشکرا بۆ وشه‌ی ئانۆمی به‌کار هێناوه. لالاند هاوڕێ و هاوکاری دورکهایم له ئه‌نجومه‌نی فه‌لسه‌فه‌دا، له قامووسه به‌ناوبانگ و ناسراوه فه‌لسه‌فییه‌که‌یدا به پشت به‌ستن به ده‌سته‌واژه‌کانی دورکهایم له کتێبی خۆکوژی‌دا، به‌م شێوه‌یه ئانۆمی پێناسه ده‌کات: «... دۆخ، هه‌لومه‌رج یان حاڵه‌ت dereglement یان ئانۆمی ...». به باوه‌ڕی مسترۆویچ مانای مێژوویی و به‌کارهێنانی وشه‌ی dereglement له به‌رهه‌مه‌کانی دورکهایمدا حیکایه‌ت له‌وه ده‌که‌ن که ئانۆمی هیچ کات به مانای «نه‌بوونی نۆرم» نه‌بووه، به‌ڵکوو به مانای «پابه‌ندنه‌بوون به یاسا و رێسای ئه‌خلاقی»یه. که‌وابوو ئانۆمی به بۆچوونی دورکهایم زیاتر له‌وه‌ی که به مانای «نه‌بوونی نۆرم» بێت به مانای جۆرێک لادان و گه‌نده‌ڵی ئه‌خلاقییه. هه‌روه‌ها دورکهایم له کتێبی دابه‌شکردنی کۆمه‌ڵایه‌تی کاردا له ئانۆمی وه‌کوو «ئانارشی» و «شه‌ڕ و ئاژاوه» ناوده‌بات و پێی وایه ئه‌گه‌ر ئانۆمی وه‌کوو شه‌ڕ و ئاژاوه له به‌رچاو بگرین زیاتر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که کۆمه‌ڵگا تووشی ئێش و ئازار ده‌بێت و ناتوانێت بۆ مانه‌وه و یه‌کگرتوویی و یه‌کانگیری و رێک‌وپێکی خۆی له به‌رچاو نه‌گرێت. به بۆچوونی دورکهایم ئانۆمی شه‌ڕ و ئاژاوه‌یه، چونکه ده‌بێته هۆی ئێش و ئازاری کۆمه‌ڵگا. که‌وابوو دووهه‌مین هاومانای ئانۆمی «شه‌ڕ و ئاژاوه»یه. دورکهایم به تایبه‌ت له دووهه‌مین پێشه‌کی کتێبی دابه‌شکردنی کۆمه‌ڵایه‌تی کاردا له «حاڵه‌ت و دۆخی ته‌ندروستی ئه‌خلاقی» کۆمه‌ڵگا قسه ده‌کات، که به ته‌نیا زانستی ئه‌خلاقی یان کۆمه‌ڵناسی شیاوی دیاریکردنی ئه‌م بارودۆخه‌ی هه‌یه. له راستیدا له روانگه‌ی دورکهایم ئانۆمی به پێچه‌وانه‌ی دۆخ یان حاڵه‌تی ته‌ندروستییه (هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو: 322).
به باوه‌ڕی دورکهایم له نه‌بوونی پابه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌باره‌ت به یاسا، نۆرم و رێساکاندا، تاکه‌کان هه‌ست به‌وه ده‌که‌ن سه‌رمه‌شق و رێنماییەکیان بۆ هه‌ڵبژاردن نییه، هه‌ربۆیه حاڵه‌تێک له پچڕان و لێکترازان له سیستمی کۆمه‌ڵایه‌تیدا دێته ئاراوه. له راستیدا له ئاکامی لاوازبوونی نۆرمه‌کان سه‌باره‌ت به هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی ئێمه، هه‌لومه‌رجی ئانۆمیک سه‌رهه‌ڵئه‌دات. به‌گشتی ده‌توانین بڵێین ئانۆمی بارودۆخێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه و تایبه‌تمه‌ندی سه‌ره‌کی ئه‌م بارودۆخه ئه‌وه‌یه که پێوه‌ره ده‌سه‌ڵاتداره‌کان له پێوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تیدا تووشی لێکترازان و پچڕان ده‌بن.
له کۆی ئه‌و پێناسانه‌ی سه‌باره‌ت به ئانۆمی خرانه به‌ر باس، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت وشه‌ی نۆرم کاکڵه‌ی سه‌ره‌کی پێناسه‌ی ئانۆمی پێکده‌هێنێت. به‌ڵام پرسیارێک که لێره‌دا دێته ئاراوه ئه‌وه‌یه، نۆرم چییه و به چ شێوه‌یه‌ک له دروستکردنی هه‌لومه‌رجی ئانۆمیکدا رۆڵ ده‌گێڕێت؟ ئاوڕدانه‌وه له پێناسه‌ی نۆرم، کارکرده‌کانی و هه‌روه‌ها میکانیزمی چۆنیه‌تی دروستکردنی بارودۆخی ئانۆمی، ده‌توانێ تا راده‌یه‌کی زۆر باسه‌که‌ی ئێمه ده‌وڵه‌مه‌ند و فه‌زای گشتی ئه‌م باسه به‌رفراوانتر بکات. هه‌ر له‌م سۆنگه‌وه به کورتی ئه‌م بابه‌ته ده‌خه‌ینه به‌ر باس.
نۆرم(6) له زمانی لاتین و یۆنانیدا به مانای «پێوه‌ر» هاتووه، واته هه‌ر به‌شێک بیهه‌وێت له تۆڕێکی گشتی تردا جێ بگرێت ده‌بێ پێوه‌ره‌که‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و تۆڕه گونجاو بێت. بۆ وێنه ته‌گه‌ری سه‌یاره‌ی جیپ بۆ هه‌ر سه‌یاره‌یه‌کی دیکه گونجاو نییه، چونکه هه‌ر ته‌گه‌رێک بۆ خۆی سایز و پێوه‌ری خۆی هه‌یه. له کۆمه‌ڵگادا به هه‌مان شێوه، هه‌ندێ پێوه‌ر بوونی هه‌یه. نۆرم له زمانه رۆژئاواییه‌کاندا به مانای «ئاسایی» و «رێگه‌پێدراو» هاتووه، واته کارێک که زۆربه‌ی خه‌ڵک ئه‌نجامی ئه‌ده‌ن و که‌سێک له ئه‌نجامی ئه‌م کاره تووشی سه‌رسووڕمان، تووڕه‌یی یان خۆشحاڵی نابێت. به‌ڵام نورم و پێوه‌ر له کۆمه‌ڵناسیدا ئاماژه‌یه به رێسایه‌کی هه‌ڵسوکه‌وت، که نه‌ته‌نیا تاکه‌کان بۆ جێبه‌جێکردنی ئیش و کاره‌کانیان ره‌چاوی ده‌که‌ن، به‌ڵکوو له هه‌مانکاتدا پێوه‌رێکه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌لسوکه‌وتی ئێمه. به‌پێی ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه، یه‌کێک له کارکرده سه‌ره‌کییه‌کانی نۆرم رێکخستنی پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و دروستکردنی رێک‌وپێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه. هه‌ر بۆیه دارندۆرف و هه‌ندێ له بیرمه‌ندان بۆ ئه‌م بابه‌ته له ده‌سته‌واژه‌ی رێزمانی کۆمه‌ڵایه‌تی(7) که‌ڵک وه‌رده‌گرن. واته ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌کان له هه‌ڵسوکه‌وته به‌کۆمه‌ڵه‌کاندا ئه‌م ریسا و ده‌ستوور و نۆرمانه له به‌رچاو نه‌گرن و په‌یڕه‌وی نه‌که‌ن، پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان تووشی شڵه‌ژان و بێسه‌روبه‌ری و ناڕێکوپێکی ده‌بێته‌وه. خاڵێکی دیکه سه‌باره‌ت به نۆرم ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌کان ئه‌م یاسا و رێسایه له به‌رچاو نه‌گرن و جێبه‌جێی نه‌که‌ن، له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵکانی دیکه رووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه، که‌وابوو نۆرمی کۆمه‌ڵایه‌تی خاوه‌ن چه‌ند تایبه‌تمه‌ندی سه‌ره‌کییه که بریتییه له:
یه‌که‌م: یاسا و ستانداردی هه‌ڵسوکه‌وتی کۆمه‌ڵایه‌تی (رێکخه‌ری پێوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی، کرده‌وه‌ی هاوبه‌ش و کرده‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی).
دووهه‌م: پارێزگاریکردن و جێبه‌جێکردن له لایه‌ن زۆرینه‌ی خه‌ڵکه‌وه.
سێهه‌م: ئه‌گه‌ر به هه‌ر هۆیه‌که‌وه جێبه‌جێ نه‌کرێت، له‌گه‌ڵ سزا رووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه (رهفیعپوور، 1378: 16ـ13).
له ده‌رئه‌نجامی ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه بۆمان ده‌رده‌که‌وێت، بوونی نۆرم بۆ ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و رێکخستنی کۆمه‌ڵگا زۆر پێویست و ژیارییه و ئه‌گه‌ر له تۆڕی به‌ربڵاوی پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا نۆرمه‌کان له به‌رچاو نه‌گرین، ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی تووشی شڵه‌ژان و بشێوی ده‌بێته‌وه و به‌کرده‌وه کۆمه‌ڵگا ئیفلیج ده‌بێت. که‌وابوو له وه‌ها هه‌لومه‌رجێکدا پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان تووشی به‌ربه‌ست و ئاسته‌نگ ده‌بێته‌وه و پێداویستییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به شێوه‌ی گونجاو دابین نابێت.
پاشخانی چه‌مکی ئانۆمی
ئه‌گه‌ر بمانهه‌وێت له ره‌وتێکی مێژوویی‌دا چه‌مکی ئانۆمی تاوتوێ بکه‌ین، ده‌توانین بڵێین ئانۆمی چه‌مکێکی زۆر کۆن و له‌مێژینه‌یه و له رووی مێژوویی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه بۆ سه‌رده‌می یۆنانی کۆن ده‌گه‌ڕێته‌وه. له‌و سه‌رده‌مه‌دا له ئانۆمی وه‌کوو جۆرێک له بێیاسایی و زۆرتر وه‌کوو نادادپه‌روه‌ری و نه‌بوونی رێک‌وپێکی باس ده‌کرێت و به‌گشتی هه‌ڵگری باری مانای نه‌رێنییه (پیران: 1385). دواتر له کتێبی ئینجیل‌دا، له‌م وشه‌یه وه‌کوو جۆرێک له گوناح باس کراوه که هه‌ڵگری گه‌نده‌ڵی ئه‌خلاقی، به‌ره‌ڵڵایی، سووک و چرووکی و سووکایه‌تیکردن به پیرۆزایهتییهکانه. ئه‌م پێناسه‌یه، هیچ جۆره پێوه‌ندییه‌کی به یاساوه نییه، به‌ڵکوو ئاماژه به‌و قه‌وم و نه‌ته‌وانه ده‌کات که له شه‌ریعه‌ت و یاسای خوداوه‌ندی لایانداوه: که‌وابوو ده‌کرێ وه‌کوو جۆرێک له دوژمنایه‌تی و سه‌رپێچی له‌گه‌ڵ خوداوه‌ند باسی لێ بکه‌ین (ره‌جه‌بزاده و که‌وسه‌ری، 1381: 33).
له فه‌رهه‌نگی رۆبردا سه‌باره‌ت به‌م وشه‌یه هاتووه، ئه‌م وشه‌یه له سه‌ده‌ی پانزدهههمدا هاتووه‌ته ناو زمانی فه‌ڕه‌نسییه‌وه و یه‌کێک له مانا سه‌ره‌کییه‌کانی لادان و گه‌نده‌ڵی ئه‌خلاقییه (هه‌مان سه‌رچاوه: 33). به‌ڵام له زمانی ئینگلیزی‌دا، له سه‌ده‌ی شانزده‌هه‌م و حه‌ڤده‌هه‌مدا سه‌رله‌نوێ ئه‌م وشه‌یه بره‌و په‌یدا ده‌کات و ده‌که‌وێته به‌ر باس. له‌م ماوه‌یه‌دا له وشه‌ی ئانۆمی به مانایه‌کی ئه‌رێنی باس ده‌کرێت، واته ئاوڕنه‌دانه‌وه له یاسای ئه‌زه‌لی و خودایی (پیران: 1385). سه‌ره‌ڕای ئه‌و شتانه‌ی که باسمان کرد، ده‌توانین بڵێین مێژوویی چه‌مکی ئانۆمی له مانایه‌کی گشتگیر و به‌ربڵاودا، بۆ سه‌د و په‌نجا ساڵ لهمهوپێش ده‌گه‌ڕێته‌وه، واته ئه‌و کاته‌ی که بۆ یه‌که‌مین جار ژان ماری گویی ی‌و فه‌یله‌سوفی فه‌ڕه‌نسی له بواری ئایین و ئه‌خلاقدا ئه‌م وشه‌یه‌ی خسته به‌ر باس و ده‌سته‌واژه‌ی ئه‌خلاقی ئانۆمی یان ئانۆمی ئه‌خلاقی هێنایه ئاراوه. ئه‌گه‌رچی دواتر دورکهایم پێی وابوو ده‌سته‌واژه‌ی ئانۆمی ئه‌خلاقی باسێکی بێمانایه، چونکه ئه‌خلاق هه‌ڵگری دوو توخمی سه‌ره‌کی پابه‌ندبوون و ئه‌رکه و له‌گه‌ڵ ئانۆمی یه‌ک ناگرێته‌وه. (ره‌وشه‌نی، 1388).
به دڵنیاییه‌وه ده‌توانین بڵێین، په‌ره‌سه‌ندن و ته‌شه‌نه‌ی ئه‌م چه‌مکه له کۆمه‌ڵناسیدا بۆ هه‌وڵ و تێکۆشانی کۆمه‌ڵناسی فه‌ڕه‌نسی ئێمیل دورکهایم ده‌گه‌ڕێته‌وه. دورکهایم بۆ یه‌که‌مین جار له ساڵی 1893ی زایینی له چه‌مکی ئانۆمی که‌ڵکی وه‌رگرتووه، به‌ڵام له ساڵی 1897دا له ئانۆمی وه‌کوو فاکته‌رێکی به‌هێز بۆ سنووردارکردنی ئه‌خلاقی کۆمه‌ڵایه‌تی سوودی بینیوه (شیانی و موحه‌ممه‌دی، 1386: 14). چیرۆکی به‌کارهێنانی ئانۆمی له لای دورکهایم، سه‌ره‌تا له کتێبی «دابه‌شکردنی کۆمه‌ڵایه‌تی کار»دا و دواتر له کتێبی «خۆکوژی‌دا» که‌وتووه‌ته به‌رباس. هه‌روه‌ها که پێشتر باسمان کرد، ته‌نیا وشه‌یه‌ک که دورکهایم وه‌کوو هاوشان و بارته‌قای ئانۆمی به‌کارهێناوه وشه‌ی tnemelgeredه. به باوه‌ڕی مسترۆویچ (1985)، ئانۆمی له روانگه‌ی دورکهایمهوه له کۆمه‌ڵگای مۆدێرندا، هاوشان و بارته‌قای گوناحه له مانا ئایینییه‌که‌یدا. چونکه گوناح ئه‌نجامدانی کرده‌وه‌ی دژ به خوداوه‌نده. له راستیدا دورکهایم چه‌مکی ئانۆمی به مانا سکیۆلارهکهی گوناح به‌کار بردووه که جۆرێک شڵه‌ژان و سه‌رلێشێواوی و لێکترازانی تێڕوانینی به کۆمه‌ڵه. ده‌توانین بڵێین ئانۆمی جۆرێک سووکایه‌تیکردن به پیرۆزایه‌تییه‌کان له مانا نائایینییهکهیدایه (ره‌جه‌بزاده و که‌وسه‌ری، 1381: 33).
به‌گشتی له روانگه‌ی دورکهایمهوه ئانۆمی بریتییه له «دۆخ یان حاڵه‌تێک که بکه‌ره‌کان هیچ جۆره پابه‌ندییه‌کیان سه‌باره‌ت به یاسا و نۆرمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان نییه و ره‌چاوکردنی نۆرم و یاساکان به شیاو و خوازراو نازانن» (ره‌جه‌بزاده و که‌وسه‌ری، 1382: 324).
له دوای دورکهایم، رابرت کینگ مێرتۆن (1938) له وتاری «پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئانۆمی»دا، بۆن و به‌رامه‌یه‌کی ئه‌مریکایی ده‌به‌خشێ به تیۆری دورکهایم و تا راده‌یه‌کی زور له په‌ره‌سه‌ندن و به‌جیهانیبوونی ئه‌م چه‌مکه‌دا رۆڵی کاریگه‌ری هه‌بووه. کاکڵه‌ی قسه‌کانی مێرتۆن له‌م وتاره‌دا ئه‌وه‌یه، ده‌کرێ راده‌ی تاوان له هه‌ر وڵاتێک‌دا له رێگه‌ی لێکدانه‌وه‌ی پێکهاته‌ی کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌وه مه‌زنده بکرێت. مێرتۆن له‌م تیۆرییه بۆ شرۆڤه‌ی راده‌ی زۆری تاوان، لاڕێگهیی، چه‌وتی و لادانی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌گشتی خه‌ساره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان که‌ڵکی وه‌رگرتووه (بژرگارد و کۆکران، وه‌رگیراو له عه‌باسزاده، عه‌لیزاده ئه‌قده‌م و ئیسلامی بنا‌و، 1390: 172ـ145). به باوه‌ڕی مێرتۆن، ئانۆمی له ئاکامی ناکۆکی و دژایه‌تی نێوان ئامانج و مه‌به‌ستی رێگه‌پێدراو له رووی کولتوورییه‌وه و ئامێر و که‌ره‌سه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی جێکه‌وتوو و دامه‌زراو بۆ گه‌یشتن به م ئامانجانه دێته ئاراوه.
یه‌کێکی دیکه له‌و که‌سانه‌ی له دوای مێرتۆن له‌م بواره‌دا جێی په‌نجه‌ی به زه‌قی دیار و به‌رچاوه، پارسۆنز کۆمه‌ڵناسی به‌ناوبانگی ئه‌مریکاییه. به بۆچوونی ناوبراو ئانۆمی دۆخ یان حاڵه‌تێکی بێڕێکخراوهییه که له‌وێدا چاوه‌دێری نۆرمه‌کان سه‌باره‌ت به هه‌ڵسوکه‌وتی تاک کاڵ ده‌بێته‌وه. هه‌ر بۆیه پێیوایه ئانۆمی جۆرێک له هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی نۆرمه‌کانه (ره‌وشه‌نی، 1388).
بنه‌مای تیۆری ئانۆمی
له رووی تیۆرییه‌وه چه‌مکی ئانۆمی زۆرتر که‌ڵکه‌ڵه و دڵه‌ڕاوکێی ئه‌و کۆمه‌ڵناسانه‌یه که په‌رۆشی یه‌کیه‌تی، رێک‌وپێکی و یه‌کانگیری کۆمه‌ڵایه‌تین. ئه‌گه‌رچی به باوه‌ڕی ئه‌م کۆمه‌ڵناسانه راده‌یه‌ک له ئانۆمی له هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کدا زۆر ئاسایی و سروشتییه و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ کارکرد و فۆنکسیۆنی ئه‌رێنی هه‌یه، به‌ڵام چوونه سه‌ر له راده‌یه‌کی دیاریکراو و پێویست و رۆیشتن به‌ره‌و ئاقاری نه‌بوون و لاوازی نۆرم و یاساکان، ده‌بێته هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و له‌ناوچوونی یه‌کگرتوویی و یه‌کیه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی تا ئه‌و راده‌یه که پارسۆنز له ئانۆمی وه‌کوو سه‌ره‌کیترین هۆکاری گه‌شه‌نه‌کردنی کۆمه‌ڵگا ناوده‌بات (ره‌وشه‌نی، 1385). پێویسته ئاماژه‌ی پێ بکرێت، ئه‌م چه‌مکه یه‌کێک له سه‌ره‌کیترین چه‌مکه‌کانی قوتابخانه‌ی کارکردباوهڕی به ئه‌ژمار دێت. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بۆچوونه، له قوتابخانه‌ی ناکۆکی و گه‌شه‌ی مارکسیستیدا بایه‌خێکی ئه‌وتۆ به‌م چه‌مکه نه‌دراوه و وه‌کوو کۆنه‌پارێزی باسی ده‌که‌ن. سه‌ره‌ڕای ئه‌و شتانه‌ی که باسمان کرد، ژماره‌یه‌کی زۆر له بیرمه‌ندان پێیانوایه چه‌مکی ئانۆمی بۆ لێکدانه‌وه‌ی کێشه و گرفته‌کانی کۆمه‌ڵگا زۆر پێویست و کاریگه‌ره و ده‌کرێ به یارمه‌تی ئه‌م چه‌مکه ژماره‌یه‌کی زۆر له کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان چاره‌سه‌ر بکرێت. ناسین و زانیاری سه‌باره‌ت به‌م چه‌مکه ده‌توانێ یارمه‌تیده‌ری پلانداڕێژه‌رانی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری وکولتووری بێت به مه‌به‌ستی که‌مکردنه‌وه‌ی به‌ستێنی خه‌سار و قه‌یرانه‌کان له ئاستی بایه‌خ و ئه‌رزش و کێشه ئابوورییه‌کاندا.
ئه‌گه‌رچی سه‌باره‌ت به ئانۆمی توێژینه‌وه و لێکدانه‌وه‌ی زۆر کراوه. به‌ڵام به‌گشتی زۆربه‌ی توێژینه‌وه‌کان سه‌باره‌ت به ئانۆمی به‌سه‌ر دوو نه‌ریتی دورکهایمی و مێرتۆنیدا دابه‌ش ده‌کرێن. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌ندێ جیاوازی بنه‌ڕه‌تی ئه‌م دوو رێبازه هزرییه، خاڵی هاوبه‌شی ئه‌م دوو نه‌ریته فیکرییه ئه‌وه‌یه هه‌ر دوو له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان، هۆکاره‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی ئانۆمی له ئاستی پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگادا (که‌ڵان) تاوتوی بکه‌ن. به پێچه‌وانه‌ی لێکدانه‌وه‌ی ئاستی تاک (چکووله) که زۆرتر له هه‌وڵی خۆدزینه‌وه له هۆکاره سه‌ره‌کییه‌کانن و به‌دوای هۆکاری لاوه‌کیدا ده‌گه‌ڕێن (ره‌فیع پوور، 1378: 11). لێره‌دا هه‌وڵ دراوه به گوێره‌ی پێویست ئه‌م دوو نه‌ریته فیکرییه تاوتوێ بکه‌ین.
یه‌که‌م، نه‌ریتی فیکری دورکهایم
ئانتۆنی گیدێنـز له کتێبی کۆمه‌ڵناسیدا ده‌ڵێ: چه‌مکی ئانۆمی بۆ یه‌که‌مین جار به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو له کۆمه‌ڵناسیدا له لایه‌ن دورکهایمهوه به‌کار هاتووه (گیدێنـز، 1373: 79). دورکهایم سه‌ره‌تا له کتێبی دابه‌شکردنی کۆمه‌ڵایه‌تی کاردا (1897) و دواتر له کتێبی خۆکوژی‌دا (1897) وشه‌ی ئانۆمی به‌کار بردووه. به بۆچوونی دورکهایم، ئانۆمی به هه‌لومه‌رجێک ده‌گوترێت که کاریگه‌ری نۆرمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان سه‌باره‌ت به هه‌ڵسوکه‌وتی تاک کاڵ ده‌بێته‌وه، واته له ئاکامی نه‌بوونی پابه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌باره‌ت به یاسا، نۆرم و رێساکان، تاکه‌کان هه‌ست به‌وه ده‌که‌ن سه‌رمه‌شق و رێنماییکیان بۆ هه‌ڵبژاردن له ژیاندا نییه. له راستیدا له ئاکامی لاوازبوونی نۆرمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، هه‌لومه‌رجی ئانۆمیک دێته ئاراوه. به باوه‌ڕی ناوبراو دوو هۆکاری سه‌ره‌کی له سه‌رهه‌ڵدانی ئانۆمیدا رۆڵی کاریگه‌ریان هه‌یه: یه‌که‌م، په‌ره‌سه‌ندن و ته‌شه‌نه‌ی بێسنووری پیشه‌سازی و خێرایی گۆڕانکارییه ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له رۆژئاوا، دووهه‌م، هێژمۆنی و زاڵبوونی ده‌سه‌ڵاتی ئابووری به‌سه‌ر دامه‌زراوه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی دیکه‌دا؛ واته پێشکه‌وتنی ئابووری به‌ربه‌ست و ئاسته‌نگه‌کانی له‌نێو بردووه و نۆرمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی لاواز کردووه و به سێ شێوه هه‌لومه‌رجی کۆمه‌ڵایه‌تی تووشی گۆڕان کردووه که بریتییه له:
یه‌که‌م: دامه‌زراوه‌ی ئابووری بووه‌ته هۆی پاراوێزخستنی ده‌سه‌ڵاتی ئایین و له ئاکامدا له‌ناوبردنی میکانیزمی نه‌ریتی بۆ پاساوهێنانه‌وه سه‌باره‌ت به پێگه‌ی تاک له سیستمی کۆمه‌ڵایه‌تیدا و له ئه‌نجامدا ناڕه‌زایه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی لێده‌که‌وێته‌وه.
دووهه‌م: سه‌رمایه‌داری ئابووری هه‌رجۆره پڕه‌نسیپ و رێسایه‌کی له بواری بابه‌ته ئابوورییه‌کاندا له‌نێو بردووه و ژیانی ئابووری وه‌کوو گوتاری زاڵ به‌سه‌ر هه‌لومه‌رج و کارکرده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا سه‌پاندووه.
سێهه‌م: هه‌روه‌ها که پێداویستی و داخوازه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان تووشی سه‌رلێشێواوی و ناڕێکوپێکی بووه‌ته‌وه و به‌ربه‌ست و له‌مپه‌ره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له‌نێو ده‌چێت، هه‌لومه‌رجی ژیانی هه‌نووکه‌یی تاک به به‌راورد له‌گه‌ڵ حه‌ز و خولیا و ئامانجه‌کانی بێبایه‌خ ده‌نوێنێت و کۆمه‌ڵگا پێمان ده‌ڵێت ته‌نیا تاقمێکی که‌م ده‌توانن سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن. که‌وابوو له هه‌لومه‌رجێکی ئه‌وتۆدا له ئاکامی له‌ناوچوون و لاوازبوونی ئه‌و هێزانه‌ی که سه‌رده‌مانێک کۆمه‌ڵگایان رێک ده‌خست ئانۆمی سه‌رهه‌ڵئه‌دات (مۆریسۆن، وه‌رگیراو له شیانی و موحه‌ممه‌دی، 1386: 15ـ14).
له درێژه‌ی ئه‌م باسه‌دا، دورکهایم له کتێبی خۆکوژی‌دا، یه‌کێک له هۆکاره سه‌ره‌کییه‌کانی خۆکوژی بۆ بارودۆخی ئانۆمی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه. واته به هۆی لاوازی و تێکچوونی یاسا و نۆرمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، راده‌ی خۆکوژی ده‌چێته سه‌رێ. دورکهایم باوه‌ڕی به‌و یاسا و نۆرمانه هه‌یه که ده‌بنه هۆی رێکخستنی کۆمه‌ڵگا، به‌ڵام به هۆی هه‌ندێ هۆکاری، وه‌کوو خێرایی گۆڕانکارییه‌کان تووشی گرفت و کێشه ده‌بنه‌وه و ناتوانن وه‌کوو رابردوو ئه‌رکه‌کانی خۆیان جێبه‌جێ بکه‌ن (پیران، 1385).
دورکهایم له کتێبی ئه‌خلاقی پیشه‌یی و مه‌ده‌نیدا، له نه‌بوونی هه‌رجۆره پڕه‌نسیپێکی ئه‌خلاقی له پیشه‌ی توجارهتدا قسه ده‌کات و پێیوایه ته‌نیا پڕه‌نسیپی زاڵ به‌دواداچوونی به‌رژه‌وه‌ندی تاکه‌که‌سی (شه‌خسی)یه که بێجگه له ئێش و ئازار، قه‌یران، ئاژاوه و لێکترازان و بێڕێکخراوهیی و شڵه‌ژان و بێسه‌روبه‌ری شتێکی تایبه‌تی به‌دواوه نییه (مسترۆویچ، وه‌رگیراو له ره‌جه‌بزاده و که‌وسه‌ری، 1382: 323). هه‌روه‌ها له کتێبی سووسیالیزمدا پێیوایه ته‌نیا شتێک که ده‌توانێ له هه‌لومه‌رجی ئانۆمیدا سنووریک بۆ ئاژاوه و قه‌یران ده‌سته‌به‌ر بکات پڕه‌نسیپی ئه‌خلاقییه نه‌ک پڕه‌نسیپی ئابووری، چونکه پڕه‌نسیپی ئابووری له‌سه‌ر ئه‌ساسی به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی دامه‌زراوه و ناتوانێت جێگه‌ی پڕه‌نسیپی ئه‌خلاقی بگرێته‌وه. ته‌نیا پڕه‌نسیپی ئه‌خلاقی ده‌توانێت ئاره‌زوو و خواسته بێکۆتاییه‌کانی مرۆڤ هه‌وسار و سنووردار بکات (ره‌جه‌بزاده و که‌وسه‌ری، 1382: 232). دورکهایم له کتێبی په‌روه‌رده‌ی ئه‌خلاقیدا، ئانۆمی وه‌کوو هاومانای dereglement به‌کار بردووه. لێره‌دا ئانۆمی به مانای «بێده‌سه‌ڵاتی له خۆبواردن» له هه‌مبه‌ر ئاره‌زوو و خواسته بێکۆتاییه‌کانی مرۆڤدایه. به مانایه‌کی دیکه ئه‌خلاق به مانای «توانایی نه خێرگوتن» له هه‌مبه‌ر ئاره‌زوو و خواستی فره‌خوازی مرۆڤدایه (هه‌مان سه‌رچاوه: 323).
هه‌ڵبه‌ت دورکهایم بۆ ده‌ربازبوون له هه‌لومه‌رجی ئانۆمیک، گه‌ڕانه‌وه بۆ کۆمه‌ڵگای نه‌ریتی پێشوو پێشنیار ناکات و پێیوایه ئه‌گه‌ری وه‌ها گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ک گونجاو و له هه‌مانکاتدا ئیمکانی نییه. به باوه‌ڕی ناوبراو رێگه‌چاره‌ی سه‌ره‌کی ده‌ربازبوون له‌م بارودۆخه، گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌خلاقی مه‌ده‌نی دامه‌زراو له‌سه‌ر ئه‌ساسی یه‌کسانی و به‌رابه‌ری هه‌موو مرۆڤه‌کان به دوور له جیاوازی ره‌گه‌زی، نه‌ته‌وه‌یی، چینایه‌تی، جنسیه‌تی و بیروباوه‌ڕی ئایینی و سیاسی و ... یان هه‌مان ئه‌و بەها و پڕه‌نسیپ و بایه‌خانه‌یه که یاسای بنه‌ڕه‌تی فه‌ڕه‌نسا و مافی مرۆڤی له‌سه‌ر دامه‌زراوه که ده‌بێ ده‌وڵه‌ت له رێگه‌ی سیستمی په‌روه‌رده و فێرکارییه‌وه هه‌وڵی بۆ بدات (جهلاییپوور، 1385: 69ـ68). به واتایه‌کی دیکه دورکهایم پێیوایه سه‌ره‌کیترین ریگهچاره له چوارچێوه‌ی کۆمه‌ڵگای ئه‌مڕۆدا، گه‌ڕانه‌وه بۆ چه‌مکی ئه‌خلاقه. به بۆچوونی دورکهایم، ده‌بێ چالاکییه ئابوورییه‌کان له رێگه‌ی دامه‌زراوه پیشه‌ییه‌کانه‌وه بکه‌ونه چوارچێوه‌ی پڕه‌نسیپی ئه‌خلاقییه‌وه و له ئه‌نجامدا پێویسته پڕه‌نسیپه ئه‌خلاقییه‌کان ره‌چاو بکرێن. هەر وەها ده‌بێ سه‌رچاوه جیاوازه‌کان له رێگه‌ی شاندێکی ئیداری هه‌ڵبژێردراو له فه‌زایه‌کی ئازاد‌دا سه‌رپه‌رشتی بکرێت که ئه‌ندامان و نوێنه‌رانی هه‌موو پیشه جیاوازه‌کان بتوانن به‌شداری ئازادانه‌یان هه‌بێت. ئه‌م شانده ده‌توانێ پێداویستییه‌کانی کار و بازاڕ، وه‌کوو پێوه‌ندی کرێکار و خاوه‌نکار، هه‌لومه‌رجی کار، مووچه و پشکه‌کان و ... ریک بخات. ئه‌م دامه‌زراوه پیشه‌ییانه ده‌توانن به دوو شێوه کێشه‌ی ئانۆمی چاره‌سه‌ر بکه‌ن: یه‌که‌م، دروستکردنی ئاسته‌نگ و به‌ربه‌ست له هه‌مبه‌ر په‌ره‌سه‌ندنی له راده‌به‌ده‌ری تاکباوه‌ڕی و گرێدانه‌وه‌ی تاک به کۆمه‌ڵ و سه‌رله‌نوێ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی کۆنتڕۆڵی کۆمه‌ڵایه‌تی. له لایه‌کی دیکه‌وه دروستکردنی کۆده‌نگییه‌ک سه‌باره‌ت به پاداشته‌کان (خه‌ڵات) و باوکردن و بره‌وپێدانی ئه‌م نه‌ریته (Haralambos، وه‌رگیراو له شیانی وموحه‌ممه‌دی: 21). له درێژه‌ی ئه‌م باسه‌دا پارسۆنز پێیوایه، کێشه‌ی سه‌ره‌کی دورکهایم پێداگری له‌سه‌ر رێکخستنی کۆمه‌ڵایه‌تییه. بابه‌تێک که له هه‌لومه‌رجی ئانۆمیکدا رووبه‌ڕووی لاوازی و شڵه‌ژان ده‌بێته‌وه و بۆ ده‌ربازبوون له‌م بارودۆخه، گه‌ڕانه‌وه بۆ پڕه‌نسیپه ئه‌خلاقییه‌کان پێشنیار ده‌کات. له هه‌مانکاتدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کاته‌وه ئه‌گه‌رچی «بوونی» پڕه‌نسیپی ئه‌خلاقی و یاسا زۆر پێویسته، به‌ڵام به ته‌نیا ناتوانێت کێشه‌که چاره‌سه‌ر بکات، به‌ڵکوو ده‌بێت پڕه‌نسیپی ئه‌خلاقی و یاسا بۆ خۆی دادپه‌روه‌رانه بێت، چونکه زۆرجار یاساکان بۆ خۆیان سه‌رچاوه‌ی شه‌ڕ و ئاژاوه و ناکۆکین. که‌وابوو دورکهایم به جێگه‌ی پێداگری سه‌باره‌ت یه‌کڕیزی نۆرم و یاسا و رێساکان له‌سه‌ر ته‌وه‌ری دادپه‌روه‌ری جه‌خت ده‌کاته‌وه و پێیوایه دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵگای مۆدێرن راده‌گرێت نه‌ک یه‌کڕیزی نۆرم و یاسا و رێساکان. به‌گشتی پێیوایه مه‌رهه‌م و ده‌رمانی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی ئانۆمی له کۆمه‌ڵگای ئه‌مڕۆدا دادپه‌روه‌ری و یه‌کسانییه (ره‌جه‌بزاده، که‌وسه‌ری، 1382: 328).
به باوه‌ڕی دورکهایم مه‌سه‌له‌ی ئانۆمی له جیهانی مۆدێرندا بووه‌ته کێشه‌یه‌کی درێژخایه‌ن و له ره‌وتی پێشکه‌وتنی ئابووریدا، پێوه‌ندی مرۆڤه‌کان له‌ژێر چاوه‌دێری ئه‌خلاقی کۆمه‌ڵگای نه‌ریتی ده‌رباز ده‌بێت و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌خلاقی پێویست بۆ چاوه‌دێری بواری بازرگانی و پیشه‌سازیدا بوونی نابێت. ئایین به به‌راورد له‌گه‌ڵ رابردوو هه‌یمه‌نه و کاریگه‌ری خۆی له ده‌ست ئه‌دات و ده‌وڵه‌ت به‌جێی ئه‌وه‌ی که ژیانی ئابووری رێک بخات ده‌بێته گورزی ده‌ستی سه‌رمایه‌داری و هه‌وڵدان بۆ پێشکه‌وتنی ئابووری (ئابراهام، وه‌رگیراو له شیانی و موحه‌ممه‌دی، 1386: 16).
دووهه‌م: نه‌ریتی فیکری مێرتۆن
له‌پاش دورکهایم، رابرت کینگ مێرتۆن دووهه‌مین کۆمه‌ڵناسه که چه‌مکی ئانۆمی له ئاستێکی به‌رفراواندا به‌کار هێناوه. به باوه‌ڕی ناوبراو، ئانۆمی به هه‌لومه‌رجێکی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌گوترێت که له‌وێدا نۆرمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به گوێره‌ی پێویست ناتوانن ئه‌رکه‌کانیان راپه‌ڕێنن و کاریگه‌رییان له‌سه‌ر به‌شێکی زۆر له هه‌ڵسوکه‌وتی تاکه‌کان له‌ده‌ست ئه‌ده‌ن. به واتایه‌کی دیکه چه‌مکی ئانۆمی به زه‌خت و گوشارێک ده‌گوترێت سه‌باره‌ت به هه‌ڵسوکه‌وتی تاک له کاتێکدا نۆرمه رێگه‌پێدراو و په‌سه‌ندکراوه‌کان له‌گه‌ڵ واقیعییه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی له دژایهتیدان (گیدێنـز، 1373: 140). له کاتێکدا دورکهایم پێیوابوو ئانۆمی به‌رهه‌می گۆڕانکاری خێرای کۆمه‌ڵگایه، مێرتۆن له هه‌وڵی لێکدانه‌وه و تاوتوێکردنی ئه‌م چه‌مکه له هه‌لومه‌رجێکی سه‌قامگیردایه و به جێگه‌ی پێداگری سه‌باره‌ت به گۆڕانکارییه‌کان، له‌سه‌ر کێشه‌ی ئامانج و مه‌به‌سته پێناسه‌کراو و رێگه‌پێدراوه‌کان و که‌ره‌سه و رێگای ده‌ستپێڕاگه‌یشتن به‌و ئامانجانه و به‌گشتی نه‌بوونی باڵانس و هاوسه‌نگی نێوان ئه‌م دوو لایه‌نه جه‌خت ده‌کاته‌وه.
له روانگه‌ی مێرتۆنهوه، ئانۆمی به‌رهه‌می که‌لێنی نێوان ئامانجی کولتووری و که‌ره‌سه‌ی گه‌یشتن به‌و ئامانجانه‌یه. مێرتۆن تیۆری ئانۆمی دورکهایم له فۆرمی «تیۆری گشتی گوشار»(8) دا په‌ره پێ ئه‌دات. ناوبراو سه‌باره‌ت به شرۆڤه‌ی هۆکاره‌کانی جیاوازی راده‌ی تاوان له نێوان چینی ده‌سه‌ڵاتدار و بنده‌ستدا، پێیوایه دوو پێکهاته‌ی سه‌ره‌کی له سه‌رهه‌ڵدانی تاوان و لادان و لارێگهریدا رۆڵی کاریگه‌ریان هه‌یه. پێکهاته‌ی یه‌که‌م، ئه‌و ئامانج و داخوازانه له‌خۆ ده‌گرێت که له رووی کولتوورییه‌وه پێناسه کراون و هه‌موو تاکێکی کۆمه‌ڵگا به درێژایی ژیان له هه‌وڵی به‌ده‌ست هێنانیدایه. پێکهاته‌ی دووهه‌م، ئه‌و که‌ره‌سه و ئامێرانه له‌خۆ ده‌گرێت که بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانج و داخوازانه پێناسه کراون و به‌گشتی جێکه‌وتوون. له ئاستی تاکدا (چکووله یان ورد) کاتێک تاک شێوازێکی رێگه‌پێدراو و مه‌شرووع بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه‌کانی له به‌رده‌ستدا نه‌بێت تووشی گوشار، لێقه‌وماوی و سه‌رگه‌ردانی ده‌بێته‌وه و رووده‌کاته رێگه‌چاره یان که‌ره‌سه‌ی رێگه‌پێنه‌دراو و نایاسایی. له ئاستی پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگادا (که‌ڵان)، کاتێک کۆمه‌ڵگا توانا و ده‌سه‌ڵاتی دابینکردنی که‌ره‌سه و ئامێری یاسایی و رێگه‌پێدراوی بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه دیار و پێناسه‌کراوه‌کان له ئاستی تاکدا (چکووله) نه‌بێت، ده‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی هه‌لومه‌رجی ئانۆمیک. هه‌ڵبه‌ت ده‌بێ بگوترێت کۆمه‌ڵگاکان سه‌باره‌ت به راده‌ی بایه‌خدان به ئامانج و که‌ره‌سه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌ک جیاوازییان هه‌یه (مێرتۆن، وه‌رگیراو له شیانی و موحه‌ممه‌دی، 1386: 16). مێرتۆن سه‌باره‌ت به سه‌رچاوه و هۆکاره‌کانی تاوان له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه، هاندانی تاک سه‌باره‌ت به سه‌رکه‌وتن له بواری داراییدا (ئابووری) و گرنگیدان به‌م بابه‌ته له لایه‌ن کۆمه‌ڵگاوه، له هه‌مانکاتدا نه‌بوونی ده‌رفه‌ت و که‌ره‌سه‌ی پێویست بۆ به‌ده‌ستهێنانی سه‌رکه‌وتن، ده‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی تاوان، واته جیاوازی نێوان هێڵه‌کانی رێنمایی کولتووری بۆ گه‌یشتن به داخوازی سه‌رکه‌وتنی ئابووری و دابه‌ش بوونی نایه‌کسانی هه‌ل و ده‌رفه‌تی پێکهاته‌یی، هه‌لومه‌رجی ئانۆمیک ده‌خوڵقێنێت که بۆ خۆی هۆکاری سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ڵسوکه‌وتی تاوانکارانه‌یه (هه‌مان سه‌رچاوه: 16).
گریمانه‌ی سه‌ره‌کی تیۆری مێرتۆن له‌سه‌ر ئه‌م بیرۆکه‌یه دامه‌زراوه، واته میکانیزمی بازاڕ و ئابووری به‌گشتی گوشار و زه‌ختی ئانۆمیک دروست ده‌کات. میکانیزمی بازاڕ (ئابووری) به‌رده‌وام بانگه‌شه بۆ بره‌وپێدانی ئامانجه ماددییه‌کان ده‌کات و له ئاکامدا هه‌ڵسه‌نگاندنی قازانج و زیان و روانینی که‌ره‌سه‌یی سه‌باره‌ت به پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی لێده‌که‌وێته‌وه. مێرتۆن پێیوایه ئه‌گه‌ر ئه‌م ره‌وته درێژه‌ی هه‌بێت، ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی هه‌لومه‌رجی ئانۆمیک زۆر ده‌چێته سه‌رێ. به مانایه‌کی دیکه کاتێ ئامانجه‌کان له رووی کولتوورییه‌وه پاڵپشتێکی به‌هێزیان هه‌بێت، به‌ڵام له به‌رانبه‌ردا نۆرم و که‌ره‌سه‌کان به‌رده‌وام هێز و کاریگه‌ری خۆیان له‌ده‌ست بده‌ن، بارودۆخه‌که بۆ چالاکی ئانۆمیک واڵا و کراوه ده‌بێت. له بارودۆخی ئانۆمیکدا بکه‌ره‌کان زۆرتر بیر له ئاکام و قازانجی کرده‌وه‌کانیان ده‌که‌نه‌وه تاکوو مه‌شرووعییه‌ت و ره‌وایی ئه‌و که‌ره‌سانه‌ی که هه‌ڵسوکه‌وتی بکه‌ره‌کان رێک ده‌خات. لاوازی نۆرمه‌کان و له ئاکامدا لاوازی کۆنتڕۆڵی کۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌گه‌ری چوونه‌سه‌ری هه‌ڵسوکه‌وتی نایاسایی زۆرتر ده‌کات و تاوان و لادان و لاڕێگهری ده‌چێته خانه‌ی ئه‌م پێناسه‌یه‌وه (مسنێر و روزێنفێڵد، وه‌رگیراو له عه‌باسزاده، عه‌لیزاده ئه‌قده‌م و ئیسلامی بنا‌و: 1390).
سه‌ره‌ڕای ئه‌و هۆکارانه‌ی که له سه‌ره‌وه خستمانه به‌ر باس، مێرتۆن پێیوایه چه‌ند هۆکار و سه‌رچاوه‌ی پێشوه‌ختی (بالفعل) دیکه له دروستکردنی هه‌لومه‌رجی ئانۆمیکدا رۆڵی کاریگه‌ریان هه‌یه که هیچ کات له تیۆرییه سه‌ره‌کییه‌که‌یدا ئاماژه‌ی پێ نه‌کردووه، ئه‌و هۆکارانه بریتین له:
یه‌که‌م، دژایه‌تی و ناکۆکی نۆرمه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌کتر: هه‌لومه‌رجێک که کۆیه‌ک له نۆرمی ناکۆک و دژ به یه‌کی له‌خۆ گرتووه.
دووهه‌م، فره‌یی و جۆراوجۆری نۆرمه‌کان و له هه‌مانکاتدا لاوازی و بێکاریگه‌ری نۆرمه‌کان: بارودۆخێک که ژماره‌یه‌کی زۆری له نۆرم و به‌هاکانی له‌خۆ گرتووه، به‌ڵام هیچ رێگه‌یه‌کی ئه‌وتۆ له به‌رده‌ستدا نییه بۆ ئه‌وه‌ی که بزانین کام یه‌ک له‌م نۆرم و رێسایانه بۆ لێکدانه‌وه و شرۆڤه‌کردنی هه‌لومه‌رجه‌که گونجاو و شیاوه.
سێهه‌م، لێڵی و ناڕوونی نۆرمه‌کان: بریتییه له هه‌لومه‌رجێکی کۆمه‌ڵایه‌تی که له‌وێدا نۆرمه‌کان له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ نۆرمه‌کانی دیکه‌دا به راده‌ی پێویست پێناسه نه‌کراون. که‌وابوو له وه‌ها هه‌لومه‌رجێکدا به دژواری ده‌کرێت وه‌ڵام و هه‌ڵسوکه‌وته‌کان پێشبینی بکرێت (ره‌وشه‌نی: 1385).
به‌پێی تیۆری گوشاری مێرتۆن، چین و توێژی بنده‌ستی کۆمه‌ڵگا بۆ گه‌یشتن به ئامانجه ئابوورییه‌کان هه‌ل و ده‌رفه‌تی که‌متریان هه‌یه و زۆرتر ده‌که‌ونه ژێر زه‌خت و گوشاره‌وه و به هۆی سه‌رگه‌ردانی و لێقه‌وماوی له راده‌به‌ده‌ر، زۆرتر تووشی کرده‌وه‌ی تاوانکارانه ده‌بن. ئه‌م ره‌وته زۆرتر له سه‌رده‌می گه‌نجیدا و له نێوان گه‌نجاندا باوه. هه‌ڵبه‌ت سیستمی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌توانێ له رێگه‌ی خه‌ڵات و پاداشته‌وه قه‌ره‌بووی ئه‌و که‌سانه بکاته‌وه که له رووی ئابوورییه‌وه سه‌رکه‌وتنیان به‌ده‌ست نه‌هێناوه تا له‌م رێگه‌وه سه‌قامگیری کۆمه‌ڵگا بپارێزێت، به‌ڵام به پێچه‌وانه، کۆمه‌ڵگا خه‌ڵات و به‌رات به‌و که‌سانه ده‌به‌خشێ که سه‌رکه‌وتنیان به‌ده‌ست هێناوه. ره‌چاوکردنی ئه‌م شێوه هه‌ڵسوکه‌وته بۆ خۆی یه‌کێک له هۆکاره‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی هه‌لومه‌رجی ئانۆمیکه. (شیانی و موحه‌ممه‌دی، 1386: 17ـ16). به بۆچوونی مێرتۆن وه‌ڵام و هه‌ڵوێستی تاکه‌کان سه‌باره‌ت به زه‌خت و گوشاری کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌لومه‌رجی ئانۆمیک له‌گه‌ڵ یه‌ک جیاوازییان هه‌یه. ئه‌م جیاوازییانه له‌گه‌ڵ جۆره‌کانی بارودۆخی خوڕێکخستن تاک شرۆڤه و لێکده‌درێته‌وه. مێرتۆن جۆره‌کانی هه‌ڵسوکه‌وتی تاکی له هه‌مبه‌ر هه‌لومه‌رجی ئانۆمیکدا له پێنج به‌شدا پۆلێنبه‌ندی کردووه که بریتییه له:
یه‌که‌م: هاوشێوه‌کردن(9)
گشتی ترین وه‌ڵام سه‌باره‌ت به گوشار و زه‌خته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، خۆڕێکخستن له‌گه‌ڵ ئامانج و که‌ره‌سه جێکهوتووهکانه. ئه‌م جوره هه‌ڵسوکه‌وته کاتێک سه‌رهه‌ڵئه‌دات که له نێوان ئامانج و که‌ره‌سه‌کانی گه‌یشتن به ئامانجه‌کان هاوسه‌نگی له ئارادا بێت.
دووهه‌م: داهێنان(10)
ئه‌مجۆره هه‌ڵسوکه‌وته کاتێک دێته ئاراوه که تاک به ته‌نیا ئامانجه‌کانی په‌سه‌ند کردووه، به‌ڵام له پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و که‌ره‌سه‌کان ناڕازییه. بۆ وێنه که‌سانی دز و جه‌رده و فێڵه‌باز ده‌که‌ونه خانه‌ی ئه‌م دابه‌شکردنه‌وه. پێوسته ئاماژه‌ی پێ بکرێت له هه‌مانکاتدا توێژی داهێنه‌رانیش ده‌که‌ونه چوارچێوه‌ی ئه‌م دابه‌شکردنه‌وه.
سێهه‌م: پاراستنی داب و نه‌ریته‌کان(11)
ئه‌مجۆره هه‌ڵسوکه‌وته کاتێک دێته ئاراوه که تاکه‌کان ئامانجه‌کانیان به‌دڵ نییه، به‌ڵام پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌پارێزن. بۆ وێنه که‌سێک ده‌چێته کۆڕێکی پرسه و سه‌ره‌خۆشی، ئه‌گه‌رچی هیچ جۆره باوه‌ڕێکی ئایینی نییه، به‌ڵام رێوڕه‌سمی ئایینی به‌جێ دێنێت.
چواره‌م: بێلایه‌نی(12) و گۆشه‌گیری(13):
ئه‌م بارودۆخه کاتێک سه‌رهه‌ڵئه‌دات که تاکه‌کان نکۆڵی له ئامانج و که‌ره‌سته‌کان ده‌که‌ن، واته ئه‌گه‌رچی ئه‌م که‌سانه له کۆمه‌ڵگادا ده‌ژین، به‌ڵام به هیچ شێوەیەک هه‌ست به پابه‌ندی به کۆمه‌ڵگا ناکه‌ن و له هه‌وڵی ئامانج و که‌ره‌سته‌ی دیکه‌دا نین. بۆ وێنه گیرۆده‌بووانی مادده‌ی هۆشبه‌ر و که‌سانی ده‌ربه‌ده‌ر و بێ خانومان ده‌که‌ونه خانه‌ی ئه‌م دابه‌شکردنه‌وه.
پێنجه‌م: شۆڕش(14) (راپه‌ڕین):
ئه‌و که‌سانه‌ی له‌م به‌شه‌دا هه‌ڵکه‌وتوون سه‌باره‌ت به نکۆڵیکردن له ئامانج و که‌رسته‌کان له‌گه‌ڵ بێلایه‌ن و گۆشه‌گیران هاوشێوه‌ن، به‌ڵام به پێچه‌وانه ئامانج و پێوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی دیکه‌یان په‌سه‌ند کردووه و هه‌وڵی بۆ ئه‌ده‌ن (رهفیعپوور، 1378: 23ـ22، شیانی و موحه‌ممه‌دی، 1386: 17، گیدێنـز: 141ـ140).
خشته‌ی جۆره‌کانی خۆڕێکخستنی تاک له هه‌مبه‌ر هه‌ل ومه‌رجی ئانۆمیکدا (سه‌رچاوه: مێرتۆن، 1968: 194)
خاڵی گرینگ و سه‌رنجڕاکێشی تیۆری مێرتۆن له‌وه‌دایه، لادان و لاڕێگهری له که‌سایه‌تی تاکه‌وه سه‌رچاوه ناگرێت، به‌ڵکوو به‌رهه‌می کو‌لتوور و پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگای ئانۆمیکه. ئه‌م هه‌لومه‌رجه له «کۆمه‌ڵگای ناڕێکخراوه»(15) دا به هۆی گرنگیدان به ئاستی که‌ڵان و پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئاوڕنه‌دانه‌وه له ئاستی ورد و چکووله، ئه‌گه‌ری گرنگیدان به سه‌رهه‌ڵدانی ئانۆمی به‌هێز ده‌کات (sztompka، وه‌رگیراو له شیانی و موحه‌ممه‌دی، 1386: 17).
سه‌باره‌ت به پێناسه‌ی ئانۆمی روانگه و به‌رجه‌وه‌ندی جیاجیا له ئارادایه. به مه‌به‌ستی چاکتر تێگه‌یشتن له‌م چه‌مکه و له هه‌مانکاتدا به‌ربڵاوی چه‌مکی ئانۆمی، به‌خێرایی کورته‌یه‌ک له روانگه جیاوازه‌کان ده‌خه‌ینه به‌ر باس که بریتییه له:
یه‌که‌م: ئانۆمی وه‌کوو جۆرێک له بێنۆرمی.
دووهه‌م: ئانۆمی به هۆی ناکۆکی و دژایه‌تی نۆرمه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌کتر.
سێهه‌م: ئانۆمی به هۆی دژایه‌تی و ناکۆکی پانتایی تاک و به‌کۆمه‌ڵ له‌گه‌ڵ یه‌کتر.
چواره‌م: ئانۆمی له ئاکامی لاوازی یه‌کیه‌تی و یه‌کانگیری کۆمه‌ڵایه‌تی.
پێنجه‌م: ئانۆمی وه‌کوو هه‌ست به بێماناییکردن (هه‌مان سه‌رچاوه: 85).
ئه‌گه‌رچی دوو نه‌ریتی هزری دورکهایمی و مێرتۆنی له بواری ئانۆمیدا، دوو نه‌ریتی سه‌ره‌کی و زاڵ به ئه‌ژمار دێت، به‌ڵام توێژینه‌وه و پشکنین له‌م بواره‌دا به‌م دوو نه‌ریته کۆتایی پێ نایه‌ت و له درێژه‌ی ئه‌م ره‌وته‌دا که‌سانێکی وه‌کوو پارسۆنز، ئاڵپۆرت، ئابراهامسۆن، رابرت ئهگنیۆ،(16) ستیڤێن مسنێر(17) و ریچارد روزێنفێڵد(18) و … سه‌باره‌ت به ئانۆمی و هۆکاره‌کان و به‌ستێنی سه‌رهه‌ڵدانی ئانۆمی توێژینه‌وه و پشکنینیان ئه‌نجام داوه، به‌ڵام لێره‌دا به هۆی درێژبوونه‌وه‌ی باسه‌که ده‌رفه‌تی تاوتوێکردنیان نییه.
ئاسه‌وار و ده‌رکه‌وته‌ی ئانۆمی
ئاکامی توێژینه‌وه‌ی مه‌یدانی و کرده‌ییه‌کان سه‌باره‌ت به ئانۆمی له ئاستی ناوخۆیی و ده‌ره‌کیدا، سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستییه‌ن هه‌لومه‌رجی ئانۆمیک به‌دوای خۆیدا کۆمه‌ڵێک ئاسه‌واری نه‌رێنی وه‌کوو لاوازی یه‌کیه‌تی و یه‌کانگیری کۆمه‌ڵایه‌تی، ناسه‌قامگیری کۆمه‌ڵایه‌تی به مانا گشتییه‌که‌ی، تاکباوه‌ڕی له راده‌به‌ده‌ر و به‌دواداچوونی به‌رژه‌وه‌ندی تاکه‌که‌سی، قه‌یرانی ناسنامه و له‌خۆ نامۆبوون، خه‌مۆکی، بێهیوایی، خۆکوژی، بێباوه‌ڕی، گیرۆده‌بوون به مادده هۆشبه‌ره‌کان، دابه‌زینی به‌رهه‌مهێنانی نه‌ته‌وه‌یی، ناچالاکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی، سه‌رلێشێواوی و بێسه‌روبه‌ری، لاوازی نۆرم و یاسا و رێساکان، سه‌رهه‌ڵدانی به‌ستێنی توندوتیژی، بۆرۆکراسی رووخێنه‌ر، ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی پیشه‌ی نایاسایی، پشتگوێ خستنی به‌ڵێنه دوو لایه‌نه‌کان، به‌رزبوونه‌وه‌ی راده‌ی تاوان، دابه‌زینی پڕه‌نسیپی ئه‌خلاقی، دابڕانی تاک له کۆمه‌ڵگا و … لێده‌که‌وێته‌وه.
•••
په‌راوێز:
1. Anomi
2 . Nomos
3 . Synnomie
4 . Parsons
5 . Merton
6 . Norm
7 . Social Grammer
8 . General Strain Theory
9 . Conformity
10 . Innovation
11 . Ritualism
12 . Aphaty
13 . Retreation
14 . Rebellion
15 . Mass Society
16 . Robert Agnew
17 . Steven Messner
18 . Richard Rosenfeld
|
31517
جار خوێندراوه‌ته‌وه |
Thursday, April 2, 2015
|
|
|
زیاتر
|
|
رات چییه له‌سه‌ر بابه‌ته بڵاوكراوه‌كانی ئه‌م سایته؟
|
ژماره بەرهەمەکانی ناوەندی کەلتووری کۆچ
|
|
|
govari koch| All rights reserved © 2010