نالی، لە نیشتمانی مەعریفەوە تا غوربەتی زمان هەڤپەیڤینێک لەگەڵ رەخنەکار و مامۆستای زانکۆ، عەبدولخالق یەعقووبی سازدانی: هەرێم عوسمان
ئاماژەیەک:
تکایه وا هه‌ست مه‌که بڵاڤۆکێک یان ئامێرێک له لاته، ئەوە ئێمەی مرۆڤین که ئه‌توانین پێکه‌وه بێ پۆشینی ده‌مامک دیالۆگ بکه‌ین و له‌سنووره‌کانی راستیی بوون نزیک ببینه‌وه. وتوێژی زیندوو به‌های خۆی هه‌یه، چونکه بوونی خۆمان بۆ یه‌کدی ئاوه‌ڵا ده‌که‌ین، گه‌ر بێت و بواریش بکه‌ینه‌وه، راستی خۆی ده‌رده‌خات. واته خۆدهرخستنمان بۆ یه‌کدی ده‌رکه‌وتنی راستی بوونمانه. له‌به‌رئه‌مه بۆ سازکردنی وتوێژێک له‌مه‌ر شیعره‌کانی نالی له‌گه‌ڵ عه‌بدولخالق یه‌عقووبی، رەخنەکار و مامۆستای زانکۆ، و خەڵکی دەڤەری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی هەولێر، که‌وتمه گفتوگۆیه‌کی چڕوپڕەوە. وه‌ک سازکه‌ری ئه‌و وتوێژه، خۆشحاڵم، که ئه‌و رێگا دوورە بۆ هەولێر گرتمە بەر و ئه‌و کاته زۆره‌ی بۆ ئەم دیدارەم تەخان کرد لێی په‌شیمان نیم، چونکه به‌راستی خوێنه‌ر بۆی ده‌رده‌که‌وێت، له‌م دیداره‌دا عەبدولخالق یەعقووبی هه‌وڵی داوە هه‌ندێ لایه‌نی شیعری نالی روون بکاته‌وه، که هه‌رده‌بوو بکرایه. منیش خۆشحاڵم که پشکێکی ئه‌م کاره‌م به‌رکه‌وێت.
پێش دیداره‌که، به‌هۆی خوێندنه‌وه‌ی هه‌ندێک بابه‌تی نووسه‌ر چه‌ندین پرسیارم ئاماده‌کردبوو، وه‌لێ دیداره زیندووه‌که زۆرێک له‌و پرسیارانه‌ی په‌راوێز خست، ئه‌مه‌ش هه‌ست ده‌که‌م سرووشتی هەموو وتوێژێکی زیندوو و ئازاد بێت. شتێکی تر که ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ی بۆ بکه‌م، نیگه‌رانی و ئاخکێشانه بۆ خوێنه‌ری ئه‌م دیداره، که ره‌نگه نه‌توانم لایه‌نێکی دیدارهکهمیان بۆ بگوێزمه‌وه، ئه‌ویش به‌هۆی شاره‌زایی زۆری نووسه‌ر له سەر شیعری نالی و بواری نالی ناسی، وای کردووه نووسه‌ر به شێوازێکی زۆر عالی و جوان ئه‌دای شیعره‌کانی ئه‌م شاعیره بکات. بە داخەوە خوێنەر ناتوانێت ئه‌و ئه‌دایه ببیستێت، که ره‌نگه ئه‌مه له هه‌ندێ باردا کاریگه‌ری له‌سه‌ر باسکردنی ئاوازی شیعری نالی هه‌بێت. ئاوازی ئه‌دای عەبدولخالق یەعقووبی لە خوێندنەوەی شیعرەکانی نالی‌دا بێگومان خوێنه‌ری سه‌وداسه‌ر ده‌کرد، کارێکی ده‌کرد جارێکی دی نالی بخوێنینه‌وه و بزانین به راستی نالی به‌مجۆره ئاوازه شیعری نووسیوه؟ من هیچ له‌سه‌ر گرنگی نالی ناڵێم له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وه له دیداره‌که‌دا باس کراوه، به‌ڵام ده‌ڵێم ئه‌وه‌ی ئه‌م گفتوگۆیە لە چاو گفتوگۆی دیکە جیا ده‌کاته‌وه بوونی به‌ڵگه‌یه، واته له ههربۆچونێکی نووسه‌ردا بۆ شیعره‌کانی نالی به‌ڵگه هێنراوه‌ته‌وه بە مەبەستی پشتڕاستکردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌که، که ئه‌مه‌ش چێژی تایبەت به خوێنه‌ر ده‌به‌خشێ، که دیداره‌که دیدارێکی تیۆری وشک نه‌بێت. با ئیدی خوێنه‌ر له‌م دیداره به رووخسار دوور و درێژ و به ناوه‌رۆک چڕ‌وپڕ و چێژبه‌خشه دوور نه‌خه‌مه‌وه. فه‌رمون ئێوه و ئەم هەڤپەیڤینە نالی ناسانەیە.
هەرێم عوسمان
کۆچ: یه‌كه‌م هەنگاو، وه‌ك ده‌روازه‌یه‌ك بۆ چوونە ناو باسەکەمان ده‌پرسین شیعری نالی بۆ جوانه؟
عەبدولخالق یەعقووبی: به‌بڕوای من ئەمە پرسیارێكی زۆر زۆر گرنگه. له‌وانه‌یه هۆكارێك كه پاڵی به به‌ڕێزته‌وه و پاڵی به زۆر خوێنه‌ره‌وه‌ی تری شیعری نالی دابێت كه له‌وه بكۆڵینه‌وه شیعری نالی بۆچی جوانه، ره‌نگه ئه‌و توانایی و هێز و بڕستە له‌شیعری شاعیرێكی سه‌ده‌ی نۆزده‌ی کۆمەڵگەی کوردی‌دا بووه کە وای لێكردووه تا ئێستاش ئێمه کە له سه‌ده‌ی بیستویهكهمداین، شیعری نالی بخوێنینه‌وه و به‌ڕاستی نه‌ك هه‌ر چێژ له‌و شیعره وەبگرین و چێژ له‌و جیهانه ببینین كه نالی بۆ ئێمه‌ی خولقاندووه، به‌ڵكو ده‌یان رهخنهكار و توێژه‌ریش هان بدات بۆ ئه‌وه‌ی له لایه‌نه‌كانی ئه‌و شیعره بكۆڵنه‌وه.
له‌راستیدا وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری بۆچی شیعری نالی جوانه، راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ده‌مانباته سه‌ر دو بابه‌تی تر کە پێموایه وه‌كو دوو كۆڵه‌كه وان كه بانی شیعری نالی له‌سه‌ریان داده‌مه‌زرێت. ئه‌و دوو كۆڵه‌كه سه‌ره‌كییه یه‌كیان زمانه و ئه‌وی تریشیان مانایه. با له ماناوه ده‌ستپێبكه‌ین، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستپێكردنه نیشانه‌ی گرنگیدان به مانا و په‌راوێزخستنی لایه‌نی زمان بێت. من پێموایه نالی له جیهانی شیعری خۆیدا جۆرێك له رچه‌شكێنی سه‌باره‌ت به گوتاری ئه‌ده‌بی كوردی دروستكردووه، به‌و مانایه‌ی كه نالی یه‌كه‌م جار له جیهانی شیعری كوردیدا گوتارێكی دروستكرد، كه ئه‌و گوتاره پشتی به مه‌عریفه و تێگه‌یشتنی مرۆڤی كورد به‌ست، به‌ڵام ئه‌مه، كه دواتر دەگەڕەینەوە سه‌ری و ده‌بێت زۆرتر لێی بكۆڵینه‌وه، نابێت وای دانێین و هه‌ست بكه‌ین نالی له بۆشاییه‌كدا ئه‌و كاره‌ی كردووه. نالی هیچ كات و هیچ شاعیرێكی تریش له بۆشایی و بێ زهمینهییدا ناتونێت له‌سه‌ر جیهانی شیعری خۆی کار بکات و جیهانێکی شیعریی بێ مێژینە و پێشینە رووبه‌ڕوی خوێنه‌ری خۆی بكاته‌وه.
جیهانی شیعری نالی سەرڕێژە لەو زەمینە و زمان و مەعریفە و مانایانەی كه نالی پێشتر خوێندبوونییه‌وه و له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وان شیعری خۆی به‌رهه‌م هێنابوو. بۆ نمونه، یه‌كێك له‌گوتاره دیاره‌كان كه زه‌مینه‌ی شیعری نالییان پێکهێناوه، گوتاری تێفكرینی ئایین په‌روه‌رانه‌یه، ئەویش به حوكمی ئه‌وه‌ی نالی بۆ خۆی مرۆڤێکی ئایین په‌روه‌ر بووه، مرۆڤێکی مه‌لا و دین ناس بووه. بۆیه تۆ ده‌بینی ره‌گه‌زی ئایین و ئاماژه‌كردن به‌و چه‌مك و ئیماژانه‌ی که دواجار ئاخێزگهکهیان ئایینه له شیعری نالی‌دا گه‌لێ بەرچاو و دیاره. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نالی ده‌یه‌وێت باسی هه‌ستی نیشتیمانپه‌روه‌ریی خۆی بکات، بۆ وێنە، چامه به‌ناوبانگه‌که‌ی (قوربانی تۆزی رێگه‌تم...) که ده‌یخوێنیته‌وه، راسته‌وخۆ بۆ پرسی غوربه‌ت و دوورکه‌وتنه‌وه له نیشتیمانیش پشت ئه‌ستوره به کۆمه‌ڵێ چه‌مکی ئایینی. ئه‌وه ئه‌و پانتایی و زه‌مینه هزری و کولتووری و کۆمەڵایەتییەیە كه نالی تێیدا گه‌وره بووه و گۆش کراوە، تێیدا پەروەردە بووە.نالی ناتوانێت لە بازنەی ئەم زەمینە مەعریفییە بێتە دەرەوە. لایه‌نێكی تر له‌و لایه‌نه مه‌عریفیانه‌ی کە گرێچن و زه‌مینه‌ی شیعری نالییان پێكهێناوه و جوانیناسی شیعری نالی بێگومان بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و زه‌مینه‌یه نه‌شیاوه، گوتاری شیعری کلاسیکی فارسی و عه‌ره‌بییه. به‌تایبه‌ت گوتاری شیعری کلاسیکی فارسی و لە نێو ئەو گوتارەش شیعری حافیز وەک شاعیر و شێوازی هیندی وەک رەوتی شیعری. ئه‌وه‌مان له بیر نه‌چێت و پێم وایە کەمتر خوێنەرەوەیەکی کورد ئاگاداری ئەم خاڵەیە كه نالی حافیزناسێكی زۆر گه‌وره بووه؛ ته‌نانه‌ت دەستنووسێکی بڵاونەکراوە و چاپنەکراوەی تا ئەم ساتەوەختە هه‌یه له‌سه‌ر شیكاریی شیعره‌كانی حافیز. ئه‌مه تا ئیستا بڵاونه‌بۆته‌وه و من به شێوەی سافتکۆپی هه‌مه. نالی بێگومان له شیعره‌كانی خۆیدا، كه من دواتر به نمونه نیشانتی دەدەم، به‌رده‌وام گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ر ئه‌و چه‌مك و ده‌سته‌واژه و ئیماژ و بیرۆكانه‌ی كه له‌شیعری فارسییه‌وه وه‌ریگرتوون. به‌ڵام دواجار توانیویه‌تی له پرۆسه‌یه‌كی به زمانی كوردیکردن و به فیکری کوردیکردندا ئه‌و چه‌مكانه تارادەیەکی زۆر له سروشتی فارسی و عه‌ره‌بی بوونیان دابماڵێت و بیکاته شێوە گوتاری کوردی.
نالی زانیویه‌تی ناچاره بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و تێفکرینه‌ی کە تێیدا په‌روه‌رده بووه و ئه‌ویش له زۆر بار و بواردا تێفکرینی ئایینی بووه. ناچاره پشت به‌و سه‌رچاوانه ببه‌ستێت كه سه‌رچاوه‌ی گه‌وره‌ی خوێندنه‌وه‌ی بوون. به‌ڵام له هه‌مان كاتدا زانیویه‌تی كه شاعیرێكی كورده و به زمانی كوردی ئه‌نووسێت و رووی له مرۆڤی کورده. بۆیه زانیویه‌تی ئه‌گه‌ر دواجار نه‌توانێت ته‌واوی ئه‌و چه‌مك و گوتار و بیرۆكانەی کە له‌و دوو ئاخێزگه گه‌وره‌یه‌ی زانایی و شاعیریی خۆی وه‌ریده‌گرێت نهکوردێنێت و مۆركی كوردی‌یان پێوە نهلكێنێت، ئەوە ناتوانێت له شیعره‌کانیدا شتێکی شاز و جوانییه‌کی تایبەت بخوڵقێنێت، یان بەو جۆرەی خۆی لە دێڕە شیعرێکیدا بە ئاشکرایی دەڵێت، بە قووەتی حیکمەت و بە لەفزی کەم و بچووک مەعنایی زۆر و گەورە ئەدا بکات. بۆیه من پێموایه باسكردن له جوانیی شیعری نالی به بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و دوو سه‌رچاوه گرنگه مه‌عریفی و جوانی ناسانەیە، واتە پەروەردەی ئایینپەروەرانە و شیعری کلاسیکی فارسی و عەرەبی، که لە راستیدا زمانی نالییان لێوه پاراو بووه و بیچمیان بە جیهانبینیی شیعریی نالی بەخشیوە ، کارێکی ئەستەم و هەوڵێکی نەزۆک دەبێت.
بۆ نمونه هەندێک چه‌مك له شیعری نالی‌دا هه‌ن کە نالی بە تێڕوانینێکی ره‌خنه‌گرانه و پێكهاتهههڵوهشێنانه بۆ ئه‌و چه‌مکانه دەڕوانێت، واتە كۆمه‌ڵێك چه‌مكی باو باس ده‌كات كه ئه‌و چه‌مكه باوانه له شیعری نالی‌دا به پێچه‌وانه‌ی باوبوونی خۆیانه‌وه خۆیان ده‌رده‌خه‌ن و نالی له‌و رێگایه‌وه جۆرێ له‌پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی مانای نوێ ده‌خاته گه‌ڕه‌وه كه له‌گه‌ڵ ئه‌و فه‌زا ئاسایی و باوەڕە باوه‌ی سه‌رده‌می خۆی و تێفکرینی نۆرماڵی ئەو کاتی کۆمەڵگەی خوێندەوارانی خۆی یه‌كناگرێته‌وه. هه‌ربۆیه به‌جۆرێك زه‌قکردنه‌وه‌یه‌کی مانایی، یان وردتر بڵێم لادانێکی مانایی دێته ئاراوه که ئه‌و زه‌قکردنه‌وه و لادانە ده‌بێته هۆی ئەوەی مانای شیعری نالی لای خوێنه‌ره‌وه‌ی شیعری کوردی تازه و ناباو بێت. هاوکات له تێكه‌ڵاویی تازه‌بوون و چێژبه‌خش بوون شیعرێکی جوان دێته به‌رهه‌م که هه‌م لە بواری هزریدا وردبینانە و سهرنجڕاکێشە، هه‌میش لە پڕۆسەی خوێندنەوەدا چێژبەخش و خۆشی هێنە.
ئه‌گه‌ر زۆر له بازنەی تیۆریدا نه‌خولێینه‌وه و بێینه نێو پانتایی پراکتیکه‌وه، نالی كۆمه‌ڵێك دێڕه شیعری هه‌یه كه تۆ كاتێك ده‌یانخوێنیته‌وه، ده‌بینی یه‌كه‌مجار باس له‌چه‌مكێكی باو ده‌كات و ئه‌نجا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م چه‌مكه باوه‌دا جۆرێك هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرێت؛ وەک بڵێی چەشنێک پەرچەکرداری رەخنەگرانە و لەم رێگەیەوە پێكهاته‌ی ئه‌و چه‌مكه باوه ئاماژەپێکراوەی خۆی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه. بڕوانە ئەم نموونەیە:
له سایه‌ی زوڵفی تۆوه شه‌و درێژه
له سوبح و نووری خورشیدی نه‌ماوه
ئه‌گه‌ر تۆ ورد سه‌رنج بده‌یت، ده‌بینی له‌م شیعره‌دا ئه‌و شته‌ی كه چه‌مكی باوی رۆژگاری خۆی بووه و هەر وەتر چه‌مكی باوی جیهانی ئایین په‌روه‌رانه بووه ئه‌وه‌یه كه خورشید و نووری خورشیدی شتێكه كه ده‌بێت بایه‌خی پێ بدرێت؛ شتێكه سه‌رچاوه‌ی مه‌عریفه‌یه و سه‌رچاوه‌ی ئیلاهییات وخواناسییه. به‌ڵام نالی لهگهمهیهكی زۆر زیره‌كانه‌دا دێت زوڵفی یاری خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و نووری خورشیده ده‌كاته دوانه و به شێوه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی دوانه لێكدژ (opposition bianary) له‌به‌رامبه‌ر یه‌كدا دایانده‌نێ. نالی دێت ئه‌و په‌یوه‌ندییه دو لایه‌نه‌یه به شێوه باوه‌كه‌ی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه و سه‌ره‌تی دان به نووری خورشیدی وه‌رده‌گرێته‌وه و له دید و تێڕوانینی خۆیه‌وه گرنگی به زوڵفی یار ده‌دات. نالی ئەم هەڵوەشانەوەیە لە رێگەی ئاماژه دان به‌شه‌وی درێژ، کە دەستکەوتێکە لە سایەسەری زوڵفی رەشی یارەوە دەستەبەر بووە، دەخاتە بەرچاوان کە بێگومان تێیدا دەرفەت و دەرەتانی دڵداری پتر و دڵنیایی بەخشترە.
کۆچ: پێتوا نییه دیدێكی ئایینی هه‌ڵگرتبێت، واته یار بۆ خۆی به‌شێك بێت له پێكهاته ئایینیه‌كه، به جۆرێ ئاماژه بێت، به خوا، ئه‌وه‌ی لای سۆفی و عارفه‌کان باس ده‌کرێت؟
عەبدولخالق یەعقووبی: هه‌تا ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش بێت، دیسان وه‌كو ئه‌وه وایه تۆ له نێو گوتارێكی باودا گوتارێكی نوێ بهێنیته ئاراوە. ئه‌و قسه‌یه‌ی به‌رێزت ره‌نگه به پێی ئه‌و سه‌رنجه‌ی یه‌كه‌می من بێت کە تێیدا باسی ئاخێزگەی ئایینیی شیعری نالیم کرد. چونكه نالی ده‌بێ بە جۆرێک خۆ قوتار بکات له‌و سه‌رچاوه‌ی پشتی پێ به‌ستووه بۆ ئەوەی دواجار شتێکی نوێی کردبێت. واتە ئه‌گه‌ر لێره خودی نووری خورشیدیش به جۆرێك وه‌ك جه‌نابت ده‌ته‌وێت خوێندنه‌وه‌یه‌کی ئیلاهی و عارفانه‌ی بۆ بكه‌یت، که ئاماژه‌یه به‌خودا؛ یا با بڵێین زوڵفی یاره‌كه، یاره‌كه خودایی بێت، ئیلاهی و عارفانه بێت، دیسان له خودی ئه‌و گه‌مه زمانییه‌دا به جۆرێك پێكهاتهههڵوهشێنی (deconstruction) ده‌بینرێت. واتە له نێو خودی گوتاری ئایینی‌دا نالی ده‌یه‌وێت جۆرێك له پێكهاتهههڵوهشێنی بێنێته ئاراوه. به‌ڵام گرنگی نالی له‌وه دایه ویستویه‌تی ده‌قی شاعیرانه‌ی خۆی له گه‌ڵ ئه‌و ده‌قه ئایینیانه‌ی كه پشتی پێ ده‌به‌ستێت جیاواز بکات. نالی ویستویه‌تی لێره‌وه ئه‌و بابه‌ت و باوەڕەی خۆی له به‌رچاوی خوێنهرەوەكهی زه‌ق بكاته‌وه و له هه‌مان كاتیش‌دا، به‌بڕوای من، جۆرێك له ده‌سه‌ڵاتی شاعیرانه‌ی خۆی بخاته به‌رچاوی خوێنهرهوهکەی. پێموایه ئه‌گه‌ر سایه‌ی زوڵف زوڵفی ئه‌ڤین بێت، ئه‌وا درێژی شه‌و دهرهتانێكه بۆ عیشقبازی و هه‌لێكه بۆ دڵداری كردنی عاشقان. كه واته، سوبح و نووری خورشیدی، وه‌ك گوتم، له چه‌مكی ئه‌رێنی بوونیان و زاڵ بوونیان لە نێو پێکهاتەی دوانە لێکدژی نوور/تاریکی داده‌ماڵدرێن، و بەم شیوەیە نالی سەرەتیی شه‌وی تاریك له‌شیعری كلاسیكیدا بە سەر سوبح دادەسەپێنێت. ئەمە هەڵبەت لە مێژووی شیعری کلاسیکی فارسی‌دا شتێکی کەم وێنە و بێ پێشینە نییە، بەڵام گرینگ ئەوەیە نالی ئەم هەوڵەی لە نێو گوتاری شیعری کوردی‌دا و لە نێو پانتایی زمان و کو‌لتوور و کۆمەڵگەی کوردی‌دا هێناوەتە ئاراوە کە بەم پێیە شتێکی ئەگەر دەستپێشخەرانەی شازیش نەبێت، لانیکەم چاونەترسی و ئازایەتییەکی شیعریی دەگمەن و کەم هاوتایە.
لە شوێنێکی تری دیوانی نالی‌دا هه‌مان ئه‌و شته‌ی باسی ده‌که‌م به‌شێوه‌یه‌كی تر هاتووه.
له‌سایه‌ی كوفری زوڵفت دڵ (فنا فی النوری) ئیمانه
مەڵێن زوڵمه‌ت خراپه وه‌سفی په‌روانه له شه‌و دایه
ئه‌گه‌ر تۆ سه‌رنجی ئه‌و شیعری بده‌ی، له لایه‌كه‌وه سه‌رنجه‌كه‌ی به‌رێزت وه‌دی دێ کاتێک نالی ده‌ڵێ، دڵ فنا فی نوری ئیمانه، واته له گوزاره‌یه‌کی وه‌ک "فنا فی نور" كه‌ڵك وه‌رده‌گرێ بۆئه‌وه‌ی سایه‌ی كوفری زوڵف به‌شێوه‌یه‌كی باش لە قەڵەم بدات. دواتر دەڵێ زوڵمه‌ت ئه‌گه‌ر تا ئێستا چه‌مكێكی باو بووه و وتوتانه خراپه، چیتر وا مه‌ڵێن، چونكه په‌روانه له شه‌و دایه به وەسڵی روناكایی ده‌گات. واتە لێره‌دا ئه‌گه‌ر سه‌رنجی خۆمان له خوێندنه‌وه‌یه‌كی ئاستی ده‌قی (text) بێنینه سه‌ره‌وه‌تر و بیکه‌ینه خوێندنه‌وه‌یه‌ك له‌ئاستی گوتار (discourse)دا، نالی لێره‌وه خه‌ریكه به‌رامبه‌ر گوتارێكی باو ڕاده‌وه‌ستێ و گوتارێكی نوێ دێنێته ئاراوه.
ره‌نگه ئه‌و گوتاره نوێیه به‌حوكمی ئه‌وه‌ی، وه‌ك وتم، خۆی دواجار له ناو زه‌مینه‌ی گوتارێكی به‌ربڵاو و به‌رفراوانی ئایینیدایه نه‌توانێت راسته‌وخۆ دژی ئه‌و گوتاره باڵایە راوه‌ستێ و دژ بە ئەو وە کار بکەوێت، به‌ڵام لانیکەم له نێو پانتایی گوتاری ئایینی‌دا تازه‌خوازی و نوێگه‌رایی و چاکسازی ده‌كات، به‌جۆرێك کە دەتوانین بڵێین دواجار خۆی چه‌مكێكی نوێ دێنێته ئاراوه. له ڕاستیدا نمونه زۆره له‌و باره‌وه و من پێم وایه ئه‌وه ده‌توانێت شاهیدی ئه‌وه‌بێت بۆچی له‌دیدی خوڵقاندنی گوتار و پێكهاته‌ی نوێوه ئه‌توانین بڵێین شیعری نالی جوانه و شیعری نالی شیعرێكه قابیلی له‌نگه‌رگرتنی جوانیناسانه‌یه.
کۆچ: ئیمه ئه‌توانین بڵێین نالی شاعیرێكی ئایینییه، یان ئه‌م حوكم به‌سه‌ردانه غه‌درێکه؟
عەبدولخالق یەعقووبی: با كه‌مێك به‌وردبینی و سه‌رنجه‌وه له ده‌سته‌واژه‌که بڕوانین. كه تۆ ده‌فه‌رمووی شاعیرێكی ئایینی، مه‌به‌ستمان له‌مه چییه؟ ئایا مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه كه، بۆ نمونه، نالی شاعیرێكه ته‌واوی شیعره‌کانی له خزمه‌ت ئاییندایه، یان شاعیرێکه سەرلەبەری ئاخێزگه و سه‌رچاوه‌ی مه‌عریفه‌ی شاعیرانەی ئایینه، یا نالی شاعیرێكه كه له بنه‌ماوه ویستویه‌تی ئایین ببێت به‌ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی هه‌موو هه‌ڵوێست و تێڕوانین و بیرۆكه شیعرییه‌كانی.
کۆچ: ئایا نالی له‌ناو ئه‌م سه‌رچاوه مه‌عریفییه‌دا توانیویه‌تی بڕواته ده‌ره‌وه؟
عەبدولخالق یەعقووبی: ئه‌مه زۆر پرسیارێكی ورد و کورد گوتەنی مشتومڕهەڵگرە. گه‌ر بمه‌وێت زۆر به راشکاوی قسه بكه‌م، ده‌ڵێم نا؛ نالی به هیچ شێوه‌یه‌ک ناتوانی له نێو گوتاری به‌ربڵاوی ئایینی بهێنیته ده‌رێ؛ به مه‌عنای ئه‌وه‌ی بڵێی نالی شاعیرێك بووه، بۆ نمونه، سیكۆلار بووه، یان لانیکەم بۆچوون و تێڕوانین و جیهانبینییه‌کی سیكۆلاری بووه. نا، نالی هه‌م به‌پێی که‌سایه‌تییی خۆی وه‌كو شاعیر، وه‌كو تاكه كه‌س، هه‌م به‌پێی ئه‌و مه‌عریفانه‌ی، كه بۆم باس كردی، پشتی پێیان به‌ستوه، هه‌میش به‌پێی ئه‌و گوتاره باوه‌ی سه‌رده‌می خۆی كه له شیعری كوردی و ته‌نانه‌ت له شیعری كلاسیكی فارسی و عه‌ره‌بیدا بوونی هه‌بووبێت، نه‌یتوانیوه شاعیرێكی سیكۆلار بێت. هه‌ر ئه‌م قسه‌یه‌ش بۆ نالی ڕاست ده‌بێت كه بڵێین نالی نه‌یتوانیوه شاعیرێكی ناسیۆنالیست بێت، چونكه له ڕاستیدا ناسیۆنالیزم بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی نالی له وڵات و له پانتایی جوگرافیای كوردستاندا هێشتا سەری هه‌ڵنه‌دا بوو؛ هێشتا ئیراده‌یه‌ك نه‌بوو له ناو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك تا بیانه‌وێت حكومه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی كوردی دابمەزرێت. ئه‌وه هەر هیچ که به‌بڕوای من ئه‌م بۆچوونه بۆ خانی هه‌ر لە بنەڕەتەوە هەڵەیە کە گۆیا خانی یەکەم ناسیۆنالیستی کورد بووە. پێموایه ئه‌مه تێزێکی له رەگوریشەوە هه‌ڵه‌یه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه به‌ڕێزت ده‌پرسیت ئایا نالی شاعیرێكی ئایینی بووه، من ده‌ڵێم به‌ڵێ، نالی شاعیرێك بووه له ناو ئه‌و پانتاییه به‌ربڵاوه‌ی گوتاری ئاییندا كاری كردووه. بۆ؟ چونكه ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ی جیهانی شیعری نالی پڕاوپڕە لەو ئیماژ و ئاماژانه‌ی كه لە ئایینەوە وەرگیراون و لە هزری ئایینییەوە هەڵدەقوڵێن. تۆ بڕوانە ئەم نموونەیە:
ئه‌ی جیلوه‌ده‌ری حوسن و جڵه‌وكێشی ته‌ماشا
سه‌رڕشته‌یی دین بێ مه‌ده‌دی تۆ نییه حاشا
ئه‌م شیعرە، کە دەزانی ده‌سپێكی دیوانە شیعره‌كه‌ی نالییە، نیشانده‌دات كه نالی شاعیرێكه له چوارچێوه‌ی گوتاری ئاییندا كارده‌كات. به‌ڵام با بێینەوە سەر خەت و بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر پرسیاره‌كه‌ی یه‌كه‌مت و بڵێین، ئه‌ی باشه نالی شاعیرێك بووه كه له چوارچێوه‌ی گوتاری ئایینی‌دا كاری كردووه، و ئاگادار بە هه‌ر ئه‌مه‌ش بۆ حافیز و زۆر شاعیری کلاسیکی گەورەی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست به‌شێوه‌یه‌ك زۆر راسته. بەڵام پرسیارە جیدییەکە لێرەدا لێمان قوت دەبێتەوە کە چی لە شیعری نالی‌دا هەیە یان کراوە کە دواجار وای لێ دەکەن شیعرەکەی جوان و چێژبەخش و بەرهەمهێنی مەعریفە و روانینی نوێی شاعیرانە بن؟ باشە نوێ و ناوازە بوونی جیهانی شیعریی نالی بۆ من كه له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌مدا ده‌ژیم و تا سه‌ر ئێسک لە سەر باوه‌ڕی ناسیۆنالیستی و سیکۆلاریستیی خۆم سوورم لە چی دایە؟ بە باوەڕی من، وەڵامی ئەم پرسیارانە بە جۆرێک لە جۆرەکان ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و تازەگەری و نوێگەراییانەی كه نالی له چوارچێوه‌ی ئه‌و گوتاره باو و به‌ربڵاوه‌دا کە ناوی ئایین پەروەرییە كردوویه‌تی.
بۆ نموونه، با ئاوڕێک بدەینەوە لەو شێوە تازەخوازییەی کە نالی بە نیسبەتی مانا و چەمکە باوەکانی سەردەمی خۆی لە جیهانی شیعریی خۆیدا بەدی هێناوە. ئه‌و مه‌عریفه باوه‌ی كه به سه‌ر سه‌رده‌مه‌كه‌ی نالی‌دا زاڵ بووە و زۆربه‌ی شاعیره‌كانی ده‌وروبه‌ری نالی و هاوسه‌رده‌می نالی ره‌چاویان كردوه ئه‌وه‌یه كه توانایی خۆیان له بواری شیعری فارسی و عه‌ره‌بیدا بنوێنن. واتە وه‌ك چۆن ئێستا كه‌سێكی ئه‌كادیمی ده‌سه‌ڵاتی له‌وه دایە كه پشت بهسهرچاوهگەلی ئینگلیزیی نوێ ببەستێت بۆ ئه‌وه‌ی كاری ئه‌كادیمیی جیدی و جێی متمانە و لە هەمان کاتدا شایانی رێز بكات. لە راستیدا ئه‌مه مه‌عریفه‌یه‌كی باوه و سەردەمەکە ئەوە دەخوازێت، تا ئه‌وه‌ی کەسی ئەکادیمی بێت و پشتی به سه‌رچاوه‌ی عه‌ره‌بی یا فارسی یا توركی ئەستوور بیت. سەردەمی نالیش شتێکی لەو بابەتە بووە؛ واتە شاعیران ده‌سه‌ڵاتی خۆیان له تاقیكردنه‌وه‌ی شیعری عه‌ره‌بی و فارسی و توركیدا به‌ڕاستی به باو و به باش زانیوه. به‌ڵام نالی هاتووه له‌زۆر جێگادا خه‌ریكه به پێچه‌وانه‌وه‌ی ئەم رەوتە قسه ده‌كات. به‌بڕوای من، هه‌تا ئه‌گه‌ر ئه‌مه به‌شێوه‌یه‌كی ناخودئاگاش له هه‌ناو و نەستی نالی‌دا بێت، خه‌ریكه بناغه‌ی مهعریفهیەکی نوێ سه‌باره‌ت به زمانی كوردی و گوتاری شیعری كوردی ساز ده‌كا. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه شیعری كوردی نووسین و شاعیری كورد بوون به زمانی كوردی نه‌ك هه‌ر عه‌یب نییە، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه ده‌بێته مایه‌ی شانازی. نالی له شیعرێكیدا ده‌ڵێ:
تەبعی شهكکهرباری من كوردی ئه‌گه‌ر ئینشا ده‌كا
ئیمتیحانی خۆیه مه‌قسوودی له عه‌مدا وا ده‌كا
تۆ له‌م دێڕه شیعره‌دا سه‌رنج ده‌ده‌ی، یه‌كه‌م باسی شهكکهربار بوونی ته‌بعی خۆی ده‌كا، كه دیاره مه‌به‌ستی ئه‌و شهكکهرباربوونهیه به زمانی كوردی، و به تایبه‌تی پێداگری له‌سه‌ر كوردی بوونی ئه‌و جۆره ئینشا و داڕشتنه‌ی خۆی ده‌كا، و خه‌ریكه باس له‌وه ده‌كا کە خۆی تاقی ده‌كاته‌وه له‌و مه‌یدانه‌دا. واتە جۆرێك له به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌یه له نێو مه‌یدانه‌كه. دواجار خه‌ریكه ئه‌م كاره به پێی پلان و به‌رنامه دەبات بەڕێوە؛ پڕۆژه‌یه‌ك له مێشكی دایه؛ ئه‌مه، به بڕوای من، به‌س ئه‌وه نییه كه نالی خه‌ریكه نییه‌تی خۆی و پەیامی خۆی بۆ خوێنه‌ره‌وه‌ی خۆی روون دەکاتەوە، به‌ڵكو به شێوه‌یه‌كی ناخودئاگا خه‌ریكه به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌یه‌ک داده‌نێ بۆ ئه‌وه‌ی كه كورد شانازی بە هزر و زمان و زێد و نیشتمانی خۆی بکات . دواتر ده‌ڵێ:
یا له‌مه‌یدانی فه‌ساحه‌تدا به میسلی شه‌هسوار
بێ ته‌ئه‌موول به‌و هه‌موو نه‌وعه زوبانی را ده‌كا
كاتێ نالی باس له شههسهواربوون ده‌كا، به جۆرێك له فه‌خر و شانازی كردن دایه؛ كاتێك كه باس له مه‌یدانی فه‌ساحه‌ت ده‌كا، واتە له‌و مه‌یدانه‌دا ركابه‌ر هه‌یه، كه‌سانێك هه‌ن باس له‌وه ده‌كه‌ن كه شیعری كوردی نووسین له‌وانه‌یه زۆر هونه‌ر نه‌بێ، وه‌لێ نالی باس له‌وه ده‌كا له‌و مه‌یدانه‌دا شههسواره، كه‌سێكی باڵا به‌رزه، و دواتر باس له را كردنی زمانی ده‌كا، واتە ئه‌وه‌ی كه زمانی ئه‌و له حاڵه‌تێكی راوه‌ستاوی و مەندی و مردوویی زۆر به دووره. له هه‌مان كاتدا که زیندووه و جووڵه ده‌كا، له ركابه‌ره‌كانی خۆشی پێش ده‌كه‌وێ. جا بۆیه به بڕوای من نالی لێره‌دا دیسان ئه‌و مه‌عریفه باوه‌ی سه‌رده‌می خۆی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه کە پێی وابوو زانایی لەوە دایە کە بە زمانی نەتەوەی باڵادەست یان دینی باڵادەست بنووسرێت. تکایە با ئاگاداری ئەوە بیت کە من باس لە بارودۆخی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و کولتووری سەردەمی نالی دەکەم، واتە جەرگەی سەدەی نۆزدە لە کوردستان. ئەوەت بۆیە وە بیر دەهێنمەوە، بۆ ئەوەی خوێنەرەوە لە زەمینەی کۆمەڵایەتیی ئەو دابڕانەی لە مەڕ نالی باسی دەکەم دانەبڕێت و بزانێت لادان لە مەعریفەی باوی ئەو سەردەم بە راستی کارێکی هەر وا سانا و سەرەپێیی نەبووە و بوێری و زانایییەکی فراوان و بێ سنووری پێویست بووە.
نالی دواتر به‌رده‌وام ده‌بێ و ده‌ڵێ:
كه‌س به ئه‌لفازم نه‌ڵێ خۆ كوردییه خۆکردییه
هه‌ركه‌سێ نادان نه‌بێ خۆی تاڵبی مه‌عنا ده‌كا
لێره‌دا نالی، به بڕوای من، جارێكی دیكه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و ناوه‌نده‌ی، كه پێداگرتنهكهی له‌سه‌ر کوردی بوونه، واتە راسته كه ده‌ڵێن من به‌رامبه‌ر ئێوه راوه‌ستاوم و شیعر به‌زمانی كوردی ده‌نووسم، به‌ڵام پێتان وانه‌بێ كه ته‌نها شانازیی من ئه‌وه‌یه كه به زمانی كوردی ده‌مه‌وێ بنووسم و بۆ نموونه گرنگی نه‌ده‌م به زمانی عه‌ره‌بی یان فارسی یان توركی، به‌ڵكو ئه‌م كوردی بوونه هاوشانه به خۆكردی بوون، واتا شیعره‌كه‌م خۆماڵی و جوانه؛ ده‌ستكرد نییه و له سه‌رچاوه‌ی کوردییەوە پاراوە.
کۆچ: یان هه‌ر ئه‌وه‌ش نییه، كه خۆكردییه به‌مانای زۆركردنی تیا نییه له‌زماندا، زمانی كوردی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی هه‌یه شیعری به‌مجۆره‌ی پێ بنووسرێت؟
عەبدولخالق یەعقووبی: به‌دڵنیایه‌وه، و به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی كه دواجار تانه‌یه‌کیش له ركابه‌ره‌كانی ده‌دا و ده‌ڵێ، ئه‌گه‌ر ئێوه زانا بن، دێن له هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی من ده‌یڵێم مانا وه‌رده‌گرن، نه‌ك هه‌ر له شیعری من وه‌كو ده‌قی شیعری مه‌عنا وه‌رده‌گرن، به‌ڵكو له هه‌ڵوێستی منیش سه‌باره‌ت به مانا ده‌بێ تێبگه‌ن كه من، واتە نالی، مه‌به‌ستم چییه. دیاره ئه‌م شیعره به‌رده‌وام ده‌بێ تا ده‌گاته ئه‌و شوێنه‌ی كه ده‌ڵێ:
شیعری خه‌ڵقی كه‌ی ده‌گاته شیعری من بۆ نازکی
که‌ی له دیققه‌تدا په‌تک ده‌عوا له گه‌ڵ هه‌ودا ده‌کا؟
واتە باس له‌وه ده‌كات کە نووسین به زمانی كوردی و خوڵقاندنی شیعری كوردی بە زەریفی و ناسكی و له‌تافه‌تی هه‌ودایه؛ نالی نه‌ك هه‌ر گرنگییه‌كه‌ی سه‌باره‌ت بە هه‌ڵوێستی بۆ نووسینی شیعری كوردی، به‌ڵكو سه‌باره‌ت به ئه‌و ىۆچوونەشێتی له ئاست سەنگینی و زەنگینیی زمانی كوردی. كه واته، له ئەوهشدا دیسان ده‌توانی زۆر سه‌رچاوه‌ی جوانی ناسی له شیعری نالی‌دا بدۆزینەوە.
کۆچ: دوو پرسیارم لا دروست بووه، ئه‌گه‌ر بگونجێ تێكه‌ڵ بكرێ، ئه‌گه‌رنا به جیا. ئایا ئه‌م بۆچوونه‌ی ئێوه، كه به‌رامبه‌ر وه‌ستانه‌وه‌ی نالی به‌رامبه‌ر به شیعری عه‌ره‌بی و فارسی و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته باوه‌ی كه ئه‌م دوو كایه رۆشنبیرییه له‌و ده‌مه‌دا زاڵ و باوبوون، لێره‌دا تێبینی ئه‌وه‌م كرد ئایا ئه‌مه پێچه‌وانه ناوه‌ستێته‌وه، که نالی بۆ خۆی له ناو شیعره‌كانیدا باسی ئه‌وه‌ت كرد، یه‌كێك له كانگا مه‌عریفییه‌كانی ئه‌م دوو سه‌رچاوه‌یه‌یه، به‌تایبه‌ت ئایا ئه‌مه دژ ناوه‌ستێته‌وه؟ دواتریش من ویستم پرسیاری ئه‌وه بكه‌م، كه ئه‌م خۆ باڵاكردنه، ئه‌م پیاهه‌ڵدانه زۆره ئایا ته‌نها بۆ نالی خۆی ئه‌گه‌ڕێته‌وه یان به‌جۆرێك باڵاكردنی كورد و زمانی كوردییه كه لێره‌دا ده‌ڵێت: فارس‌و كورد‌و عه‌ره‌ب هه‌رسێم بهدهفتهر گرتووه... ئه‌مه مه‌به‌ستی چییه؟
عەبدولخالق یەعقووبی: هه‌ردوو پرسیاره‌كه زۆر جوان و جیدین. لە بابەت پرسیاری یه‌كه‌مت، من وه‌ك باسم كرد هه‌موو شاعیرێك و هه‌موو داهێنه‌رێك ناتوانێ له‌و گوتاره مه‌عریفه زاڵ و باوانه‌ی كه له سه‌رده‌می خۆیدا هه‌ن یا له سه‌رده‌می پێش خۆیدا هه‌بوون رزگار بکات، چونكه هه‌موو داهێنه‌رێك بۆ پڕوپاراوتر كردنی جیهانی بەرهەمەکانی خۆی پێویسته پشت به كۆمه‌ڵێك سه‌رچاوه ببه‌ستێت. نالیش وه‌ك هه‌موو شاعیرێكی زیره‌ك و زانا له‌سه‌رده‌می خۆیدا ئه‌وه‌ی كردووه، واتە به ڕاستی شیعری كلاسیكی فارسی ناسیوه، و له‌و ده‌ستنووسه‌ی كه بۆم باسكردیت، هه‌ندێ سه‌رنج له سه‌ر شیعری خافز ده‌رده‌بڕێت که پێموایە زۆربەی فارسه‌كانیش ئاوا حافزیان نه‌ناسیوه. به‌ڵام ئه‌وه‌مان له بیر نه‌چێت تۆ كاتێك كه خه‌ریكی پشت به مه‌عریفه‌یه‌ک ده‌به‌ستی، ئه‌گه‌ر مرۆڤێک بیت كه خاوه‌نی تێڕوانینێكی ره‌خنه‌گرانه نه‌بیت، له‌و مه‌عریفه‌یه‌دا ده‌توێیته‌وه و ده‌بیته به‌شێك له‌و مه‌عریفه‌یه و خاوەنی ئەو ناسنامەیەی کە ئەو مەعریفەیە دواجار بەرهەمی دەهێنێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر خاوه‌نی هه‌ڵوێست بیت، خاوه‌نی سه‌رنج و تێبینیی ره‌خنه‌گرانه بیت، ئه‌وکات تۆ هه‌م پشت به‌و مه‌عریفه‌یه ده‌به‌ستیت، هەمیش بۆ رزگار بوون لەهەیمەنە و دەسەڵاتی ئەو مەعریفەیە رێگایەکان دەپشکنی و دەدۆزیتەوە. ئه‌وده‌م فێر دەبیت چۆن خۆت بیت و چۆن ناسنامەی نوێی خۆت، بە مەعریفەی نوێوە، لە سەر بنەمایەکی تازە و بە ئاوڕدانەوەیەک لە ئەو ناسنامە و مەعریفە پشت پێ بەستووەت چێ بکەیت.
نالی بۆ دروستكردنی كیانێك له نێو جیهانی شیعری كوردیدا له مه‌عریفه‌ی باوی سه‌رده‌می خۆی تێپەڕاندووە، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا ئاوڕیشی له‌و مه‌عریفه داوه‌ته‌وه کە مەعریفەی باوی زەمانی خۆی بووە، ئاگاشی له‌و مه‌عریفه‌یه بووه کە تێیدا بار هاتووە و راهاتووە. نالی به به‌رده‌وامی له شیعریدا موفره‌داتی واژه‌یی، ئیماژی شیعری، بیرۆكه، ته‌نانه‌ت زۆرجار بابه‌ت له شیعری كلاسیكی فارسی وه‌رده‌گرێ؛ هه‌تا هه‌ندێ دێڕی وه‌ک خۆی له عه‌ره‌بی و فارسیه‌وه وه‌رده‌گرێ، به‌ڵام ده‌بینی له سه‌رتاپای دیوانه شیعرییەکەیدا یه‌ك رسته نابینی كه له ڕێزمانی زمانی كوردی وسروشتی رستەی کوردی و چێشکەی مرۆڤی کورد ده‌ربچێت. واتە به پێچه‌وانه‌ی زۆر شاعیر و نووسه‌ری سه‌رده‌می ئێستامان، كه ئه‌و خه‌زێنه گه‌وره‌یه‌مان له ئه‌ده‌بیاتی كوردی و دنیا له به‌ر ده‌سته، كه‌چی ده‌بینی زۆرجار لە دروست كردنی ڕسته‌یه‌كی كوردیدا دۆش داده‌مێنین. ده‌ی باشه نالی لێره‌دا به من ده‌سه‌لمێنێ كه ئه‌و له مه‌عریفه‌یه‌كی زمانی عه‌ره‌بی، مه‌عریفه‌ی تێفكرینی ئایینی، كه‌ڵكی وه‌رگرتووه، به‌ڵام له کۆتاییدا به‌رهه‌مێکی كوردی خستۆته به‌رده‌ستی خوێنه‌ری خۆی. پێموایه ئه‌و دژوازییه‌ی كه به‌رێزت باسی ده‌كه‌یت بوونی نییه، واتا نالی نه‌تواوه‌ته‌وه له نێو ئه‌و مهعریفانهدا، بەڵکو بە پێچەوانە، هه‌ڵوێستی له به‌رامبه‌ریاندا بووە. هەر چەند قسه‌ی به‌رێزت ره‌نگه له‌و رووه‌وه تا ڕاده‌یه‌ك وه‌ڕاست بگه‌ڕێت کە له هه‌ندێك جێگادا، وه‌كو دنیای شیعریی هەموو شاعیرێک که هه‌وراز و نشێوی تێدایه، نالییش توشی كۆمه‌ڵێك کەمایەسی هاتووه، کە هیوادارم پاشان وەک رەخنەیەک لە سەر شیعری نالی ئاوڕێکیان لێ بدەمەوە و ئاماژەیەکیان پێ بکەم.
سه‌باره‌ت به پرسیاری دووه‌مت دەربارەی به‌رده‌وام ئاماژه كردنی نالی به ناوی خۆی و هەڵکەوتە نیشان دانی خۆی، وەک لەم نموونەیەی خوارەوەدا دیسان هەستی پێ دەکرێ، چەند تێبینییەکم هەنە.
بێته حوجره‌م، پارچه پارچه‌ی موسودهم بكرێ به‌رۆح
هەر که‌سێ کوتاڵ و پارچه‌ی بێ بهدەڵ سه‌ودا ده‌كا
ئه‌گه‌ر ئه‌م پرسیاره بە جۆرێک لێكبده‌ینه‌وه کە له ئاستی هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌رونناسیی نالی بێینه ده‌رێ، چونكه ئێمه نالیمان له‌به‌رده‌ست نیه بمانه‌وێ وه‌كو که‌س شیکاریی دهروونناسیی بۆ بكه‌ین، به‌ڵام بچینه سه‌ر دهروونناسیی ده‌قی شیعری نالی، واته شرۆڤەیەکی ده‌رونناسی بۆ ده‌قی شیعری نالی بكه‌ین و بزانین به ڕاستی نالی ده‌توانێ چ و چەند مه‌به‌ستی هه‌بێ له‌وه‌ی که وا به ژماره‌یه‌كی زۆر و بەرچاو، زۆریش به شێوه‌یه‌كی جوان باس له ناوی خۆی و نیشانی خۆی ده‌كات و به‌رده‌وام دوپاتی ده‌كاته‌وه. یه‌کیان ئه‌و شته‌ی لە خوێندنهوەکەی خۆتان باستان کرد؛ نالی له‌وه‌ی كه به‌رده‌وام ئاماژه به ناوی خۆی ده‌كات، راسته له‌وانه‌یه به پێی سه‌رده‌می خۆی تۆ وای بخوێنیته‌وه خه‌ریكه باسی شه‌خسییه‌تی خۆی ده‌كات، بەڵام ئێمه له بیرمان نه‌چێت شاعیری گه‌وره باش ده‌زانێت رۆژگارێك خۆی وەک تاکەکەس نامێنێته‌وه و ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه شیعرهكهیهتی. بۆیه، كه تۆ ده‌بینی نالی له‌هه‌ر شوێنێك باسی خۆی دەکات، بێگومان له په‌نای ئه‌وە باسی زمانی خۆشی كردووه، واته خۆی وه‌كو شه‌خس له زمانی خۆی وه‌كو كورد جیا نه‌كردۆته‌وه. بۆیه من رام ئه‌وه‌یه و لێرەدا له گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ی تۆ یه‌كده‌گرمه‌وه كه نالی مه‌به‌ستی ته‌نها خۆی وه‌كو شه‌خس نه‌بووه، هه‌تا ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش ته‌نها مه‌به‌ستی بووبێ، به بڕوای من مافی خۆی بووه، چونكه كه‌سێكی داهێنه‌ر ئاسوده ده‌بێت و هه‌ست به خۆشی ده‌كات، كاتێك كه شانازی به ئه‌و شته بكات کە دەیخوڵقێننێ. به‌ڵام نالی وه‌كو له‌و نموونه شیعرییه‌ی هێنامه‌وه، خودی خۆی له زمانی كوردی و له داهاتووی زمانی كوردی و داهاتووی شیعری كوردی و گوتار دروستكردن بۆ شیعری كوردی جیا ناكاته‌وه. هاوکات نالی ئه‌وه‌ی باش زانیوه ئه‌و شتانه‌ی كه ده‌یڵێ و ده‌یكات له‌سه‌رده‌مه‌كه‌یدا، له‌و سه‌رده‌مه كورته‌ی كه ژیانی خۆی تێدا به‌سه‌ربردوه، جێی نابێـته‌وه و لەوانەیە تەنانەت ببێتە مایەی چەرمەسەی و سەئێشەش بۆی، وەک چۆن لە راستیشدا بوو. ئه‌وه داهاتووه كه نالی زیندوو راده‌گرێ و ئامێزی رێزی بۆ دەکاتەوە و بە قەدر و قیمەتی نوێخوازی و جەسارەتەکانی دەزانێ. بۆیە من پێم وایه ئه‌گه‌ر تۆ به‌شێك له شیعره‌کانی نالی بۆ غروروی شه‌خسیی خودی نالی دەگەڕێنیتەوە، له‌و ئاسته‌دا كه نالی شانازی به‌وه كردووه كه خۆی وه‌كو شاعیرێكی باڵادەست و توانا نیشان بدات، به بڕوای من ئەوە ئاساییه. به‌ڵام ده‌بێ به‌شێكی زۆری ئه‌و بابه‌ته وا لێکبده‌ینه‌وه كه نالی زیره‌كانه نه‌خشه رێگایه‌ك بۆ شیعری كوردی و گوتاری شیعری كوردی دروست ده‌كات و باسی ئەوە دەهێنێتە ئاراوە تا ئێستا، واتە تا سەردەمی نالی، ئێمه نه‌مانتوانیوه به كوردی بنووسین و نه‌مانتوانیوه نووسین به كوردی به شانازیی خۆمان بزانین، ئه‌وه من، واتە نالی، ده‌یكه‌م و له‌وانه‌یه له داهاتوشدا هه‌ر به‌وشێوه‌یه بێت.
کۆچ: دوو سه‌رنجی تر، یه‌ك له‌وانه تایبه‌ت به‌م پرسه، وه‌كو كورد له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وده‌می فارس و عه‌ره‌ب و توركه‌كاندا ده‌ركه‌وتووه، لێره ئه‌م به‌رزكردنه‌وه‌یه، له‌ڕێگه‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی زمان و شیعر‌و... نه‌بۆته خزمه‌تكردنی سیاسه‌ت. دووه‌میان، شه‌رم نه‌كردن، بۆ نموونه ئێستا ره‌نگه له لای زۆر شاعیری دی ئه‌م حه‌زه هه‌بێ، كه خۆی ده‌ربخا، به‌ڵام شه‌رم ده‌كا، وه‌ك چۆن ده‌ڵێی ئێستا باو نییه، به‌ڵام ئایا ئه‌مه جۆرێك له‌باو بوون نییه، بۆیه نالیش نه‌یتوانیوه له‌م باوبوونه بێته ده‌ره‌وه، هاوكات شه‌رمیشی نه‌كردووه له‌وه‌ی كه بە لایەوە ئاسایی بێت ناوی خۆی بە شانازییەوە بێنێت؟
عەبدولخالق یەعقووبی: لە بابەت سه‌رنجی یه‌كه‌مت به‌ڕاستی من پێموایه راستی تێدایه، واته پێموایه له مێژووی مۆدێرنی كوردیشدا ئه‌مه به ڕاستی وایه، شاعیران و داهێنه‌رانی كورد ئه‌وه‌ی كه ده‌یخوڵقێنن به‌شێكی زۆری خه‌ریكه په‌رچه‌كردارێك ده‌نوێنن، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له ژیانی رۆژانه و له‌و جیهانه‌ی كه به‌سه‌ریاندا زاڵه، له بواری سیاسه‌تدا، ئه‌وه‌ی که تۆ باست كرد، بوونی هه‌یه. واته نالی له ڕێگای شیعری
قوربانی تۆزی رێگه‌تم ئه‌ی بادی خۆش مروور
وه‌ی په‌یكی شاره‌زا به‌هه‌موو شاری شاره‌زوور
لێره‌دا ئەوەی کە نالی خەریکە نه‌خشه‌ی شارێكمان جارێكی دی بۆ ساز ده‌كاته‌وه، لە راستیدا بۆ پاراستنی ئه‌و هاوسەنگییەیە كه شاری سلێمانی له ئاستی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا نه‌یماوه. نالی خه‌ریكه له نێو شیعری خۆیدا و لە رێگای گوتارێکی شیعرییەوە ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ به كوردایه‌تی و بهنیشتمانپهروهری ده‌دات، كه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته سه‌ربه‌خۆ سیاسییه له ئاستی واقیعدا چیتر نه‌ماوه و ئیتر تێكڕووخاوه. نالی بۆچی ئه‌و هه‌ڵوێسته گه‌وره‌یه ده‌گرێت سه‌باره‌ت به نیشتمانپه‌روه‌ریی خۆی كاتێك كه ڕێگای غوربه‌ت ده‌گرێته به‌ر؟ چونكه میرنشینی بابان شیرازهكهی هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه و بڕبڕەی پشتی دەسەڵاتی خۆجێی کورد تێکشکاوە. بۆیە نالی خه‌ریكه ئه‌وه‌ی كه له جیهانی واقیعدا تێك رماوە، له جیهانی زمانی خۆیدا بنیادی دەنێـتهوه؛ ئه‌و خه‌ونه‌ی كه ده‌یویست له ئاستی سیاسی‌دا بۆ ده‌سه‌ڵاتێكی کوردیی میرنشینێكی كورد بێته دی و نەک هەر نەهاتە دی، بەڵکو بوو بە مۆتەکەی داگیرکرانی زێد و شارەکەشی، خه‌ریكه له نێو ده‌سه‌ڵاتی جیهانی شیعریی خۆیدا چێ دەکاتەوە. بۆیه من پێموایه ئه‌و سه‌رنجه‌ی تۆ جوانه و ده‌توانێ به‌شێك له شیکردنەوەی بابەتەکە بپێکێت.
به‌ڵام له مه‌سه‌له‌ی شه‌رم كردن و شه‌رم نه‌كردنه‌كه‌دا من پێموایه ئه‌و مه‌سه‌له‌یه نه‌هێنینه‌وه سه‌ر ئاستی دهروونناسیی شه‌خسیه‌تی شاعیره‌كه؛ هه‌رچه‌نده بێگومان ئه‌وه‌ش کاریگه‌ریی خۆی هه‌یه. ئێمه ئێستا وه‌كو خوێنه‌ره‌وه‌یه‌كی سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌م، ئه‌و شته‌ی له به‌رده‌ستمان دایه ده‌قی شیعری نالییه. به‌ڕاستی نه له میزاجی نالی ده‌زانین کە وه‌كو شه‌خس خاوەنی چ چێشکە و میزاجێک بووە، نه له‌و پاڵنه‌ره ده‌رونییانه‌ی ئاگادارین کە پاڵیان به‌وه‌وه ناوه بۆ هەڵسوکەوتەکانیان لە چەشنی ئاماژەی بەردەوام بە ناوی خۆ کردنی. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه له ده‌قی نالی‌دا به بڕوای من جێگه‌ی خوێندنه‌وه‌یه، ئه‌وه‌یه كه نالی ویستویه‌تی ئه‌و شته‌ی كه شاعیرانی سه‌رده‌می خۆی نه‌یانده‌توانی شانازی پێ بكه‌ن، یا زانایی، زیره‌كی، و ئازایەتیی ئه‌وه‌یان نه‌بوو كه بڵێن ئێمه به زمانی زگماکی خۆ، واتە كوردی، ده‌نوسین، پێچەوانە بکاتەوە و زمانی كوردی بە شایانی شانازی پێ كردن بهێنێتە ئەژمار. نالی ئه‌و بیرۆکەیە بڵاو ده‌کاته‌وه كه نه‌ك هه‌ر شیعر نووسین، به‌ڵکو نووسینی به زمانی كوردی جێگه‌ی ئه‌وه‌یه بكرێته مایە و هەوێنی شانازی.
کۆچ: باسی جۆرێك له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و پێكهاتهیهمان كرد، با بڵێین ئێوه ئاماژه‌تان پێكرد له‌رووی ماناییه‌وه، دیاره ئه‌م هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یه پێویستی به زمانه، لێره‌وه ئه‌مه‌وێ پرسیار له سەر زمان له شیعری نالی‌دا بکه‌م. رۆڵی نالی له چێ كردنی زمانی كوردیدا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
عەبدولخالق یەعقووبی: یه‌كه‌م ئێمه كه ده‌ڵێین زمانی نالی و چێ كردنی زمان لای نالی، دیاره مه‌به‌ستمان زمانی شیعرییه، چونكه نالی شاعیر بووه و ئه‌گه‌ر به‌رهه‌مهێنی گوتارێك بووبێت یان خه‌ریكی پێكهاتهههڵوهشێنییە له نێو ئه‌و گوتاره باو و ئه‌و چه‌مك و مه‌عریفه باوانه‌ی باسم كرد، دیاره ئه‌مه له ڕێگای زمانه‌وه بووه. له به‌ر ئه‌وه ئه‌مه پرسیارێكی گرنگه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له شێوازی ئه‌و پێكهاته ههڵوهشێنییه له نێو زمانی‌دا پرسیار بكه‌ین، پێموایه باشتر وایه له ڕێگه‌ی نموونه‌وه بچینه پێشێ. بۆ نموونه، دوو قه‌سیده‌ی نالی هه‌ن، که بە بڕوای من، زۆر دژ به‌مه‌عریفه‌ی باوی ئه‌و سهردهمەن و ته‌نانه‌ت دژ به مه‌عریفه‌ی باوی ئێسته‌یه، كه یه‌كیان ئه‌و شیعره‌یه كه له خه‌ونه‌كه‌ی خۆی لە مەڕ مه‌ستوره دەدوێت کە من خۆم ناسنامەی ئەو قەسیدەیەم لەم دێڕەدا کورت کردووەتەوە: "تەحریری خەوی مەستوورە لە خەیاڵی نالی‌دا" :
مەستوورە کە حەسناو و ئەدیبە بە حیسابێ
هاتە خەوم ئیـشەو بە چ نازێک و عیتابێ
ئه‌وی تریان ئەو قه‌سیده شازەیە كه له‌سه‌ر "كه‌ر"ەکەی نووسیویه‌تی. کاتی خۆی و لە کتێبی "لە کولتوورەوە بۆ ئەدەبیات"دا له‌سه‌ر قه‌سیده‌كه‌ی نالی لە سەر مه‌ستوره بابەتێکم به تێروته‌سه‌لی هێنایە بەرباس. بیرۆکه‌که‌م ئه‌وه‌بوو کە نووسین له‌سه‌ر شتی ناحه‌ز، یان لانیکەم ئەو شتەی کە رای گشتی پێی ناحەزە، به‌مانای ئه‌وه نییه خودی ده‌قه‌كه شتێكی ناحه‌ز بێ.لەم وتارەدا باسی ئه‌وه ده‌که‌م نالی لەم قەسیدە بوێرانەیەیدا نه‌ك هه‌ر دژی مه‌عریفه‌ی باوی سه‌رده‌م وه‌ستاوه، به‌ڵكو خه‌ریكه له‌سه‌ر ئه‌و شتانه‌ی لای كۆمه‌ڵگا ناحه‌زن و تابوون و حه‌رامن و نابێ ده‌ستیان بۆ ببردرێن، خه‌ریكه شیعر ده‌خولقێنێ و به‌رهه‌مێكی جوانیناسانه به‌رهه‌م دێنێت، با ئەو بەرهەمە لە باری مانا و ناوەڕۆکەوە بە دڵی هەندێ لایەن نەبێت و چەند ئایدیالۆژییەکیش ئەم وەسف و وێنا کردنانە بە تێپەڕینی هێڵی سوور لە قەڵەم بدەن.
له‌سه‌ر نموونه‌ی قه‌سیده‌ی كه‌ره‌كه‌ی، من پێموایه نالی ئه‌و پێكهاتهههڵوهشێنییه كه له مانای باوی سه‌رده‌می خۆی كردووه، واتە رێزێكی مه‌عریفه‌ناسانه سه‌باره‌ت به حه‌یوان له نێو كۆمه‌ڵگای كوردی دەهێنێتە گۆڕێ که به هیچ کلۆجێک باو نه‌بووه و ئەگەر کفریش نەبووبێت لانیکەم باوی دینداری نەبووە، بە تایبەتی کە کەر ئاژەڵێکە کە لە کتێبە ئاسمانییەکاندا، بە پێچەوانەی فیل و وشتر و قۆچ و چێل،نەک هەر خاوەنی کەسایەتی نییە، بەڵکو بە دەنگ ناخۆش و ناقۆڵاش ناوی زڕاوە. نالی له‌م شیعره‌دا هه‌وڵی داوه بە پێچەوانەی رەوتی باوی گوتاری باڵادەست هەنگاو بنێت و لە جیهانی شیعریی خۆیدا پێگەیەکی جیاواز و شازی بە کەر داوە. دیاره ئه‌م ئەرکەی له‌ڕێگه‌ی زمانه‌وه راپەڕاندووە. بۆ نمونه، سه‌رنج بگرە مۆسیقای ئه‌و شیعره، كه مۆسیقایه‌كی هێنده نه‌رم و ره‌وان و ئارامی بەخش و خۆشی هێنی هه‌یه كه تۆ هه‌ست ناكه‌ی له گه‌ڵ ئه‌و تێبینییهی کە مرۆڤی كورد، بە عام، سه‌باره‌ت به كه‌ر هه‌یه‌تی یه‌ك بگرێته‌وه. واته نالی زیره‌كانه له مۆسیقای زمانی خۆیدا جۆرێك به‌رزێتی و زه‌رافه‌تی به جه‌سته و به بوونی كه‌ر بەخشیوە وەک بڵێی خەریکە ناسنامەیەکی نوێ بۆ بوونی کەر چێ دەکات.
هەی کەرێم بوو، چ پەیکەر؟ تەیکەری هەوراز و لێژ
سینە پان و مووچە کورت و شانە بەرز و گوێ درێژ
هه‌ست ده‌كه‌یت لێرەدا مۆسیقایه‌كی دڵ‌نشین وه‌كو نەرمە شه‌پۆلێك هه‌ڵده‌ستێ و ده‌نیشێته‌وه؛ هه‌ست ده‌كه‌یت نالی خه‌ریكه باسی شتێكی زۆر رۆمانسییانە و عاشقانه ده‌كات، واته مۆسیقای شیعره‌كه مۆسیقایه‌كی زۆر سۆزدارانەیە و لێوڕێژە لە دڵنەوایی و لاواندنەوە ، زۆر نه‌رم و نیانە. له كاتێكدا بابه‌تی ئه‌و شیعره كه‌ره، ئەو کەرەی کە لە چاوی عەقڵی گشتیدا تەنیا بابەتی بارکردن و سوار بوونە . له هه‌مان كاتدا تۆ سه‌رنج بده ئەو له‌فز و مۆسیقایه‌ی له هه‌ڵبژاردنی سه‌روای شیعره‌كه دایه، لێژ، درێژ، گێژ... دەبینی چەند سەروایەکی رەزاسووکە. ئه‌و 'ێژ'ه له زمانی كوردیدا زۆر نه‌رم و لە سەر زمان خۆش و له‌سه‌رخۆ و ئاسوده‌یی بەخشە و لە گوێچكه‌ی بیسه‌ر گرن نایێ. شتێكی تر تۆ سه‌رنج بده...
کۆچ: مامه‌ڵه‌كردنێكی بوونهوهرانهشه...
عەبدولخالق یەعقووبی: به‌دڵنیاییه‌وه. نالی له‌م شیعرەیدا ده‌ڵێ كه‌ر، به‌ڵام وه‌كو ئه‌وه وایه له‌گه‌ڵ ئینساندا قسه بكات، به تایبه‌ت له دێڕی کۆتاییدا راسته‌وخۆ باسی ئه‌وه ده‌كات و ده‌ڵێت:
چه‌نده پێم خۆش بوو زمانی حاڵی ده‌یوت نالیا
هه‌ردوو حه‌یوانین ئه‌تۆ گوێ كورت و ئه‌منیش گوێ درێژ
نالی ناڵێت هه‌ردوو ئینسانین، نایه‌ت كه‌ره‌كه‌ی بێنێـته ئاستی ئینسان، بەڵکو خۆی ده‌باته ئاستی حه‌یوانه‌كه‌ی. واتە ئەوە ئینسانە کە دەبێ لە پێگەی ئینسان بوونی خۆی واز بێنێت و بگات بە پلەی حەیوان بوون. با شتێکی تریش بڵێم. نالی كاتێ باسی ئه‌وه ده‌كات ده‌ڵێ 'هه‌ی كه‌رێكم بوو' مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه ئێستا ئه‌و كه‌ره نه‌ماوه یان لانیکەم لای ئەو نەماوە. به‌و وه‌سفه زۆر شیرین و ناسک و مۆسیقا دڵنشینهی كه له‌شیعره‌كه‌یدا هێناویەتی، پێموایه نالی خه‌ریكه جۆرێك شین‌گێڕی بۆ كه‌ره‌كه‌ی ده‌كات،ئەو کەرەی زۆر جوان و چاک و شیاو بووە و ئێستا نەماوە. ئه‌مه سه‌رنجێکه پێموایه تا ئێستا كه‌س باسی نه‌كردووه. به‌ڵام من بۆچوونم ئه‌وه‌یه كه نالی لێرەدا خەریکە شین‌گێڕی ده‌كات، نه‌ك به‌س به‌شیوه‌ن و لاڵانه‌وه و پاڕانه‌وه. به پێچه‌وانه‌وه، به‌شێوه‌یه‌کی تر. به دروستكردنی فه‌زایه‌كی جوان و هەوایەکی دڵکەش، واته جۆرێك لهشینگێڕی بۆ ئه‌و كه‌ره‌ی له‌یادی نالی دایه، شینگێڕییهکه بۆ یادكردنه‌وه‌ی کەسایەتییەکی زۆر شیرین و شاز. ئه‌وه‌ی نالی له ڕێگای زمانی داهێنەرانەی خۆی له‌و شیعره‌دا كردوویه‌تی پێشەکییەیەکە بۆ ئه‌وەی بەرەنگاری مەعریفەی باوی سەردەمی خۆی بێتەوە. واته نالی لێره‌دا زمانی له‌تیف و زه‌ریف و ناسكی خۆی بۆ وه‌سفی كه‌رێك به كار بردووه، کە ئه‌گه‌ر دیسان له ئاستی تێكسته‌كه‌وه (دەق) بێینه ئاستی دیسکۆرس (گوتار)، ده‌توانین بڵێین خەریکە پێکهاتە و گرێچنی مانا و مه‌عریفه‌یه‌کی باوی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه.
کۆچ: له نووسینێکتدا لە کتێبی "لە کولتوورەوە بۆ ئەدەبیات" باسی گۆڕینی واژه به واژه‌یه‌کی دی ده‌که‌ن، که ئه‌مه به نه‌کرده داده‌نێن بۆ شیعره‌کانی نالی، واته گه‌ر دوو وشه‌ی هاومانامان هه‌بێ ناتوانین له بری یه‌کدی داینێین، چونکه به قیمەتی تیاچوونی سه‌رتاپای شیعره‌كه ته‌واو ده‌بێ، ئه‌مه‌وێ زیاتر باس له‌مه بکه‌ن، به‌س ئه‌مه جۆرێك له په‌پووله‌ی شیعری نییه، واته زۆر هه‌ستیاربین و نه‌وێرین ده‌ستی بۆ به‌رین له‌به‌رئه‌وه‌ی كه هه‌ڵده‌وه‌رێ؟
عەبدولخالق یەعقووبی: من هەڵبەت ئه‌و قسهیەم سه‌باره‌ت به شاعیرێک كردووە كه پێموایه شاعیرێكی زۆر داهێنه‌ر و گه‌وره‌یه. واته ئه‌و قسه‌یه بۆت نییە سه‌باره‌ت به شاعیرێك بیكه‌یت كه كه‌م ئه‌زموون کاڵفام بێت. بڕوانە، شاعیری داهێنه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی پشت به ئه‌ندازیاری و چەشنێک لە موهەندیسی له داهێنان ده‌به‌ستێ، پشت به‌سرووش و وەحی و ناخودئاگا و ئه‌و شته‌ی كه پێی ده‌ڵێن ئیلهامی شاعیرانه نابه‌ستێ. ئه‌گه‌ر ئیلهامێك لهشاعیردا بێ یا نه‌بێ، لانیکەم په‌یوه‌ندی به‌منی خوێنەرەوەوە نییه. ئه‌و شته‌ی من له ده‌قی شیعریدا ده‌یبینم ئه‌و ئهندازیارییهیه كه له وشه و دەستەوشە و له پێكهاته‌ی شیعردا ده‌بینرێت. شاعیر دواجار ئه‌و شته‌ی ده‌یخاته به‌ر ده‌ستی تۆ، واتە دەقیشیعریی خۆی، ده‌كاته سه‌نگی مه‌حه‌ك بۆ تۆی خوێنەرەوەی وردبین و بۆ منی رهخنهكار، نه‌ك ئه‌و شته‌ی كه له زەینیدا بووه، جا نییه‌ت و ئیلهامی بووبێ، یان خه‌ون و خولیای بووبێ. له به‌ر ئه‌وه ئه‌وه‌ی باسم کردووه و جەنابت ئیشارەتت پێ دا ئاماژه‌یه‌كه بۆ خوێندنه‌وه‌ی شیعر؛ واتە شیعری سه‌ركه‌وتوو ئه‌و شیعره‌یه كه ئه‌گه‌ر تۆ ده‌ستی بۆ ببه‌ی و بتهەوێ جێگۆڕکێ بە رەگەزەکانی بکەی، ئەوە سەرلەبەری پێکهاتەکەی تێکدەڕووخێت و دەبێتە شتێکی تری غەیرەز شیعر. بۆ نموونە، هەندێ تۆژەر و ساغکەرەوەی شیعری کلاسیکی کوردی هاتوون لە پێناوی کورداندنی زمانی شاعیرانی کلاسیک دەستیان لە پێکهاتەی زمانیی شیعری ئەو شاعیرانە وەرداوە و بۆ نموونە "هذا طریق العاشقین" ی وەفاییان گۆڕیوە بۆ "ئاوایه رێگای عاشقان". ئەو دیدە پێی وایە شیعر بوونێکی میكانیكی هه‌یه، و نەک ئۆرگانیکی، و قابیلی ئه‌وه‌یه دێڕێک لابه‌یت و دێڕێکی تری هاوشێوه‌ی له بری دانێیت و هیچ شتێکیش لە شیعرەکە کەم نەبێتەوە یان نەفەوتێت. ئه‌و شاره‌زایی و لێهاتووییه‌ی كه نالی له دروست كردنی ده‌سته‌واژه و رسته‌ی شیعری و ئیماژی شیعری و وێنه‌ی شیعری نالی‌دا هه‌یەتی وای لێ كردووه كه من بڵێم به ڕاستی گۆڕانی واژه له شیعری نالی‌دا به مانای تێكڕووخاندنی بنه‌مای ئه‌و شیعره‌یه. با نموونه بکەین بە بەڵگە و پشتڕاستکەرەوەی ئەو بیرۆکەیەمان:
له شیرینی ئه‌تۆ ئەی خوسرەوی تەختی زه‌مین، رەنگە
بگاته ئاسمانی بێستوون فه‌رهادی هاوارم
له‌م به‌یته‌دا، وه‌ك پێشتر گوتمان، مهعریفهكه مه‌عریفه‌یه‌كه پێشتر له شیعری كلاسیكی فارسی‌دا هه‌بووه. ئه‌و لێكدژییه‌ی كه له نێوان شیرین و فه‌رهاد له زه‌مینه و پانتایی شیعری كلاسیكی فارسی‌دا هه‌بووه نالی لێره‌دا جارێکی تر بە کاری هێناوەتەوه. کە واتە، نالی لێره‌دا هونه‌رێكی گه‌وره‌ی نەنواندووە کە ئه‌م لێكدژییه‌ی دووپات كردووه‌تەوە. بۆچی؟ چونكه پێشتر شاعیرانی کلاسیکی فارس و لە سەرووی هەموویانەوە حافیزیش کەموزۆر به هەمان شێوه ئەم قسەیەیان کردووە:
دل بە امید صدایی کە مگر در تو رسد
نالەها کرد در این کوە کە فرهاد نکرد
لێرەدا حافیز باس له کێو و فه‌رهاد و ناڵه دەکات. پرسیاره‌ی من ئه‌وه‌یه نالی چی كردووه كه حافز نه‌یكردووه؟ نالی، بۆ نموونە، لەم دێڕە شیعرەدا چ نوێکارییەکی هێناوەتە ئاراوە بۆ ئەوەی نەبێتە لاساییکەرەوەی رووتی ئەو گوتارە شیعرییەی کە سەدان ساڵ پێشتر حافیز هێنابوویە گۆڕێ؟ یه‌كه‌م خاڵ، نالی موتیفی شیرین و فه‌رهادی، کە بەشێکن لە حیکاتێکی کۆن و هاوبەشی نێوان کورد و فارس، له نێو گوتاری شیعرێكدا کە بە زمانی کوردی نووسراوە تواندۆته‌وه. دووه‌م، نالی هه‌ندێ جوانکاری و شیرینكاری له زمانی كوردیدا كردووه، كه ئەوە له شیعرە فارسییەکەی حافیزدا نەکراوە. بۆ نموونه، كاتێ نالی ده‌ڵێ: "بگاته ئاسمانی بێستوون" كه ئه‌م ئاسمانی بێستوونه هه‌م ده‌توانێ ئاماژه بێ به‌و شوێنه‌ی كه فه‌رهاد کێوهكهی هه‌ڵكه‌ندووه، كه وەک دەڵێن بێستوونی كرماشانە، هه‌میش ئاماژه‌یه به ئاسمان، كه بێ كۆڵهكەیە. ئه‌گه‌ر ئه‌مانه بێیت و ده‌ستیان تێ وهردهیت، من ده‌ڵێم بنه‌مای شیعره‌كه تێكده‌چێ و ژێرخانی جوانی ناسیی ئەو شیعرە تێکدەڕمێ. لە دێڕە شیعرەکەی حافیزدا، زۆر به ساده‌یی و به سانایی باس له‌وه دەکرێ كه فه‌رهاد زۆر له‌و کێوانه‌دا هاوار و لاڵانه‌وه و فوغانی كرد. واته حافیز لێرەدا فه‌رهاد وه‌كو فه‌رهاد باسدهكا، وه‌كو تاکەکەس، وه‌كو خۆی باس ده‌كا. به‌ڵام نالی ده‌ڵێ، بگاته ئاسمانی بێستوون فەرهادی هاوارم، واته هاواره‌كه‌ی خۆی ده‌كا به فه‌رهاد. فەرهاد لەم شیعرەی نالی‌دا له فه‌رهادی تاکەکەس زۆر ترازاوه و لای داوە. ئه‌مه شتێكه كه له شیعرەکەی حافیزدا نه‌كراوه، هەڵبەت بێ ئەوەی بمەوێ لە رێگەی ئەم بەراوردە راگوزەرانەوە ساویلکانە بیسەلمێنم کە نالی لێرەدا پێش حافیز کەوتووە، بەڵام لەوە بێگومانم کە بە هیچ کلۆجێکیش لێی دوا نەکەوتووە. قسەی من ئەوەیە كه نالی ئه‌ندازیارێکی زانا و زیره‌ك بووه، و تۆ ئه‌گه‌ر له بینای ئه‌ندازیارێکی ئەوتۆ خشتێك ده‌ربێنی، له‌وانه‌یه سه‌رتاپای ساختومانەکەی تێكبڕووخێنی. ئه‌وه‌یه كه پێموایه ناكرێت لە شیعری شاعیرێكی گه‌وره‌ی وه‌كو نالی به ئاسانی بڵێی با بێین ئه‌م وشه‌یه لابه‌ین و وشه‌یه‌كی تر دابنێین.
نموونه‌یه‌كی ترت بۆ بێنمه‌وه:
نالی به‌ئومێدی زه‌فه‌ری ته‌وقی تهلیسمت
ماری سڕی زوڵفت له سه‌ر و گه‌ردنی ئاڵا
هەڵبەت دەکرێت ئه‌و سڕه به سه‌ریش بخوێندرێتەوە، و بگوترێ ماری سه‌ری زوڵفت له سه‌ر و گه‌ردنی ئاڵا. پرسیاری من ئه‌وه‌یه ئێستا وه‌ره له تاک دێڕی یه‌كه‌مدا "نالی به ئومێدی زه‌فه‌ری ته‌وقی تهلیسمت" بۆ نموونه ته‌وق بگۆڕه به کۆت، لەو سۆنگەیەوە کە بڵێی کۆت کوردیتره. ئەم کارە راسته‌وخۆ کاریگه‌ریی له سه‌ر مۆسیقای شیعرەکە ده‌بێت، دیاره له وه‌زن و كێشه‌كه‌یدا جیاوازی دروست ناکات، بەڵام هاوسەنگی و خۆش ئاهەنگیی ریتم و مۆسیقاکەی تەوا تێکدەدات. تۆ بەم شێوەیە بیخوێنەوە: "نالی به ئومێدی زه‌فه‌ری كۆتی تهلیسمت..." به‌م گۆڕینه تۆ بزانه چ زیانێک له مۆسیقای ئه‌و شیعره ده‌درێ. كاتێ ده‌ڵێی ته‌وقی ته‌لیسم، ئەوە لەم دوا بە دوای یەک هاتنەی ئەم دوو وشەیە جۆرێک هاودەنگیی سەرەتای وشەکان (aliteration) بەدی دێت؛ واته كۆمه‌ڵێ وشه به دوای یه‌كدا دێن کە یه‌كه‌م ده‌نگیان یه‌ك بێ، وەک دەنگی "ت"لە دوو وشەی ته‌وق و ته‌لیسم-دا. لێره‌دایه به ڕاستی ده‌ستوه‌ردان له‌و شیعره به مانای ئه‌وه‌یه كه وا رۆحی شیعره‌كه بکێشیت. من له‌م دیده‌وه پێموایه نالی له‌و شاعیرانه‌یه كه لە پێناوی خوڵقاندنی ئەوپەڕی جوانیی زمانی شاعیرانەی خۆی زۆر زیره‌كانه و ئاگادارانە هەڵسوکەوت دەکا و وه‌كو خۆی ده‌ڵێ، لە عەمدا وا دەکا.
کۆچ: لێره‌وه بۆ نالی ئه‌م ده‌ستکاریکردنه زه‌حمه‌ته، به‌ڵام به ئاستی بیرۆكه‌دا ره‌نگه به‌وجۆره نه‌بێت؟
عەبدولخالق یەعقووبی: بێگومان لە ئاستی بیرۆکەشدا هەر وایه. كه ده‌ڵێین نالی جێ په‌نجه‌ی خۆی به‌سه‌ر شیعره‌كانییه‌وه دیاره، مەبەستمان ئەوەیە کە نالی خاوەنی جیهانبینی و گوتاری شیعریی خۆیەتی. وه‌كو ئاگاداریشی له دیوانه‌كه‌یدا هه‌ندێ شیعر هه‌ن كه ده‌ڵێن شیعری نالی نین، چونكه نالی له بنه‌ڕه‌ته‌وه جیهانی شیعریی خۆی به شێوازی تایبه‌تی خۆی خوڵقاندووه. بۆ نموونه، لە ئاستی رێزمانیدا من ده‌توانم بڵێم یه‌ك رسته له شیعری نالی‌دا نادۆزمەوە كه له گه‌ڵ رێزمانی زمانی كوردی یه‌ك نه‌گرێته‌وه یان دژ بە سروشتی زمانی کوردی داڕێژرابێت. ئه‌گه‌ر له شیعرێكیشیدا دای بنێین په‌نجا وشه‌ی عه‌ره‌بی و فارسی هه‌بووبێ، له کۆتاییدا رسته‌كه‌ی رسته‌یه‌كی كوردییه.
کۆچ: ئه‌م پرسیاره ره‌نگه ده‌روازه‌یه‌کی نوێمان لێ بکاته‌وه بۆ باسکردنی نالی، پرسیاره‌که‌شم ئه‌وه‌یه خوێندنه‌وه‌ی نالی و نالی ناسی تا چه‌ند پێویست ده‌کات به میتۆدی نوێ بێت؟ ئایا نالی ناسی له ڕێگه‌ی ئه‌م میتۆده نوێیانه‌وه باشتر خۆی ده‌رده‌خات یان به پێچه‌وانه‌وه، هونه‌ره‌کان له میتۆده کۆنه‌کان دان؟
عەبدولخالق یەعقووبی: من له وتارێکمدا، که چه‌ند مانگێک لەمەوبەر له گۆڤاری رامان-دا بڵاوم کردەوە، هەوڵی خۆم ته‌رخان کردبوو بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره. لەوێدا باسی ئەوە دەکەم کە مێژووی لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردی له شیعری کلاسیک تا ئیستا دوو رێبازی سەرەکیی گرتۆته به‌ر. رێبازی یەکەم ڕێبازی باو و باڵادەست بووه بە درێژایی ئەو مێژووە. ڕێبازی دووه‌میان ئه‌و ڕێبازه‌یه که ئیستا من خۆم هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌م و کاری پێ ده‌که‌م. رێبازی یه‌که‌م، ئه‌و دیده مێژووگه‌را باوه‌یه که به‌رده‌وام هه‌وڵ ده‌دات ده‌قی شاعیرێکی کلاسیک له روانگه‌ی ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی شاعیرەکە پێیدا تێپەڕیوە یان ئه‌و ڕووداوانه‌ی به‌سه‌ر شاعیره‌که‌دا هاتووه هەڵبسەنگێنێت و لێکبداتەوە. واته ژیانی شاعیر ده‌بێته پاڵپشتی گرینگی لێکۆڵینه‌وه له شیعرهکەی. بۆ نموونه، گه‌ر سه‌رنجی ئه‌و شیکارییانه‌ی مامۆستای نەمر مه‌لا عه‌بدولکریم موده‌ریس و کوڕه‌کانی بده‌یت، راسته ئه‌وان بە لێکدانه‌وه‌ی خۆیان مانای واژه‌کانیان روون کردۆته‌وه و له هه‌ر جێگایه‌کدا رووناکاییه‌کی بچووکیان ده‌ست که‌وتبێ بۆ ئه‌وه‌ی بزانن نالی چۆن بووه و چۆن ژیاوه، چی خواردووه و چی له پۆشیوە، له‌گه‌ڵ حەبیبە ژیاوە یان نەژیاوە، که‌ی سلێمانی جێ هێشتووه و بۆ جێی هێشتووە...زۆر سه‌رنجی ئه‌م خاڵ و بابەتانەیان داوه و به پێی ئەم چەشنە هەڵسوکەوتە شیکارییە لێکدانه‌وه‌یان بۆ شیعرەکانی نالی کردووه. ئه‌م دیده یان ئه‌م رێبازه لە بۆ زۆرینه‌ی شاعیرانی کلاسیکی کورد بە کار براوە؛ مه‌حوی، وه‌فایی، کوردی...که ئه‌مه دیدێکی هەر چەند تا رادەیەک پێویستە بەڵام کەموکووڕی خۆشی لە هەمان کاتدا، لەو سەرەوە کە ئەوەندەی گرنگی بە روون کردنەوەی دەرەوەی دەق دەدات، ئەوەندە خۆی سەرقاڵی خوێندنەوەی رەهەندە جۆوراوجۆرەکانی دەق ناکات و هەر بۆیە دواجار تۆژینەوەی ئەم رێبازە تۆژینەوەیەکی داهێنەر-تەوەرە تا دەق-تەوەر.
میتۆدی دووه‌م یان دیدی دووه‌م کە من زۆر بە گرنگی ده‌زانم بێته ناو دنیای راڤه‌ی شیعری کلاسیک و لەسەر ئاستی دەقیدا جێبه‌جێی بکرێت دیدێکە کە من ناوی دەنێم دیدی جوانی ناسانه بۆ شیعر. ئەوەندەی من ئاگادار بم کەسانێکی لە چەشنی رەهبەر مەحموودزادە، موراد ئەعزەمی، نەجات حەمید، رێبوار سیوەیلی، حەمەساڵەی سووزەنی، عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا، هاشم ئەحمەدزادە، و عەبدولخالق یەعقووبی لەم بوارەدا هەندێک کاری تا رادەیەک سەرکەوتوویان بووە. ئەم رێبازە باوەڕی بە خوێندنه‌وه‌یه‌کی جوانی ناسانه‌ی ده‌قه؛ واته پێدراو و کۆدەکانی ده‌ق ده‌کاته ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌کیی شیکاریی خودی دەقەکە. بۆ وێنە، لە پێوەندی دەگەڵ شیکردنەوەی جیهانی نالی، ژیان و کەسایەتیی نالی ته‌نیا له‌و ئاسته‌دا و تا ئەو رادەیە گرنگه که چه‌ندە خزمه‌ت ده‌کات به رێبازی جوانی ناسانه و شیکاریی جوانی ناسانەی ده‌قه‌که. واته سه‌نته‌ر لێره‌دا نالی نییه، بەڵکو ئەو ده‌قه‌یه کە نالی خوڵقاندوویەتی. بۆ ئه‌م کاره‌ش پێویستیمان به‌و میتۆده نوێیانه ده‌بێت که به‌رێزتان باستان کرد. بۆ نموونه، له میتۆدی رەخنەی مارکسیستیدا (Marxist criticism) زۆر پێویستت به کۆکردنەوەی زانیاری لە سەر پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی شاعیره (هەڵبەت لە شیکردنەوەی شیعری مۆدێرندا ئەوە دەنگی شیعرییە کە جێی دەنگی شاعیر، وەک تاقە دەنگی شیعری زۆرینەی شیعری کلاسیکی، دەگرێتەوە)؛ ئەوەیکە شاعیر سه‌ر به چ چینێکی کۆمه‌ڵگه بووه و لایەنگری لە ئایدیالۆژیی کام چین کردووە و بەرژەوەندەکانی کام پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی پاراستووە. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە لە دیدی جوانی ناسانەدا بگەڕێیتەوە سەر جیهانی دەق و لە کڵاورۆژنەی دەقەوە ئەو زانیارییانە هەڵێنجیت.
بۆ نموونه، نالی شیعرێکی هه‌یه به سه‌ر خوڵامانی بارەگای میرنشینی بابان‌دا هه‌ڵده‌ڵێت:
ئەم تاقمە مومتازە کە وا خاصەیی شاهن
ئاشووبی دڵی مەملەکەت و قەلبی سوپاهن
له‌م شیعره‌دا ده‌رده‌که‌وێت که نالی شاعیرێکه نیزیک لە بارەگای میری و سه‌ر به ده‌ربار و ده‌سه‌ڵاتی میرنشینی بابانه. واته سەر بە چینی مامناوه‌ند بۆ سه‌رێیە و خه‌ریکه پشتگیریی ئه‌م میرنشینه ده‌کات، با ئەو میرنشینە بۆ نالی دەسەڵاتیکی خۆماڵییش بیت و ئەوە مافی هەموو کەسە کە شانازی بە کیان و کەرامەتی نەتەوەیی خۆی بکات. قسەی من لێرەدا پارێزگاری کردن لە ئایدیالۆژییەکی تایبەتە، جا ئەو ئایدیالۆژییە نەتەوەیی بێت یان شتی تر. تۆ لێره‌وه ده‌توانیت لێکدانه‌وه‌ت بۆ ده‌قه‌که هه‌بێت. واته ئه‌و بیرۆکە و ئایدیایه‌ی له ده‌قه‌که‌دا هه‌یه دەستنیشانی بکەیت و پاشان بتوانیت خوێندنه‌وه‌یه‌کی ماناناسانە و جوانی ناسانه بۆ ده‌قه‌که بهێنیتە ئاراوە. یان بۆ نموونه رەخنەی پۆست کۆلۆنیالی (postcolonial criticism) میتۆدێکه هه‌وڵ ده‌دات قۆناغی پاش داگیرکاری له به‌ر چاو بگرێت و بزانێت داگیرکراو پاش داگیرکردنی و لە قۆناغی داگیرکاری‌دا چۆن ده‌ژیت و جیهانبینییەکەی چۆن دەکەوێتە کارلێک لەگەڵ جیهانبینیی داگیرکەردا. لە رەخنەی پۆست کۆلۆنیالیدا بەریەککەوتنی نێوان ناسنامەی داگیرکراو و ناسنامەی داگیرکەر و ئەنجامەکانی ئەو لێکئاڵانە دەبێتە میتۆدی روانین بۆ مانا و فۆرمی دەقێکی ئەدەبی. له‌مه‌وه ده‌توانیت خوێندنه‌وه بۆ دەقی شیعریی "قوربانی تۆزی ڕێگەتم..." بکه‌یت. میرنشینی بابان رووخاوه و شێوە کڵۆنیالیزمێک هاتۆته گۆڕێ. تورکی عوسمانی سلێمانی داگیر کردووە و خه‌ریکه ده‌سه‌ڵاتی داگیرکەرانەی خۆی له‌وێ جێبه‌جێ ده‌کات. نالی ئه‌و شیعره‌ی وه‌ک په‌رچه‌کردارێک لەو دۆخەدا و بۆ ئه‌و دۆخه نووسیوه. ده‌توانیت له‌وێوه و لە رێگەی ئەم میتۆدە نوێیەوە خوێندهنهوهت بۆ ئەم ده‌قه شیعرییە کلاسیکە هه‌بێت. واته، ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم، میتۆده نوێیەکان(که لەوانەیە هەندێکیان هەر بۆ ئێمەی کورد نوێ بن، ده‌نا رێبازی رەخنەیی وا هەن کە لە باری میژووییەوە زۆریش نوێ نین)، له‌راستیدا توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه هه‌موو جۆره ده‌قێک بخوێننه‌وه، جا ده‌قه کلاسیک بێت یان نوێ. لە ئاستی خوێندنەوەی ژانری جۆراوجۆریشدا، جا چ رۆمان بێت چ شیعر، ئەم قوتابخانە رەخنەییانە شیاوی دابەزاندنن. لێرەدا خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە ئه‌و میتۆدانه پاڵپشی مەعریفی و جوانی ناسانەت بۆ دروست ده‌که‌ن؛ که تۆ ده‌توانیت له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و پاڵپشته ده‌قه‌کان بخوێنیته‌وه.
شتێک کە لە رەخنەی کوردی‌دا پێویستە جێ بکەوێت و تا ئێستا نەکەوتووە ئەوەیە کە نابێ به پێی نییه‌ت، جا چ ئی نووسەر بێت، چ ئی رەخنەکار، ده‌ق بخوێنرێته‌وه. واتە ناشێ نییه‌تی نووسەر یان خواستی رەخنەکار ببێتە تەوەری بابەتی رەخنەیی؛ ئەو شتەی لە تێرمینۆلۆژی رەخنەییدا پێی دەڵێن intentional fallacy واته ههڵەکاریی نییه‌ت؛ رەخنەکار یان خوێنەرەوە مەبەست و خواست و نییه‌تی خۆی ده‌کاته سه‌نگی مه‌حه‌کی لێکدانەوەی دەق؛ میزاجی خۆی ده‌کاته بڕیاردان له سه‌ر ئاستی جوانی ناسیی ده‌قه‌که. بۆ نموونه، من وه‌ک رهخنهکارێک که هه‌ستی نیشتیمانپهروهریم هه‌یه، بێم لە سەر شیعری نالی بۆچوونی رەخنەیی دەرببڕم و لە سەر بنەمای خواست و نییەتی خۆم بڵێم بۆچی نالی شیعری نیشتیمانپه‌روه‌ری که‌مه؟ یان بۆچی نالی لە زۆر شیعریدا ئایینپەروەرانە بیری کردۆته‌وه و نیشتیمانپه‌روه‌رانه بیری نه‌کردۆته‌وه؟ یەک لەو کەسانەی کە وای لێکداوەتەوە و نییەتی ئایدیالۆژیکی خۆی بۆ تەحلیلی شیعری نالی بە کار هێناوە شاعیری نەمر و ناسراوی رۆژهەڵاتی کوردستان سوارەی ئیلخانیزادەیە. من لە کۆڕێکدا کە بۆ خوێندنەوەی شیعری "خەوە بەردینە"م تەرخان کردبوو ئاماژەم بۆ ئەوە کرد کە سوارە بە تێفکرینی چەپ خەریکە دەلیلەکانی شیعری کلاسیکی عەرووزدار نووسینی نالی دەخاتە بەر پلاری رەخنە و دەیکات بە پارێزەری چینی فیۆداڵی خاوەن دەسەڵات و مالیکی زێڕ و زۆر، بەڵام زەمینە و کۆنتێکستی داهێنانی نالی لە بەر چاو نەگرتووە و، و بە رای من، کەوتووەتە داوی هەڵەکاریی نییەتەوە.
به‌ڵام رێگایەکی تر ئەوەیە کە من فیکری خۆم بخه‌مه نێو چوارچێوه‌ی میتۆدێکه‌وه و ئه‌وکات له سه‌ر ئه‌ساسی ئه‌و میتۆده و لە رێگای لێکاڵا کردنەوەی کۆد و نیشانەکانی دەق ده‌قه‌که بخوێنمه‌وه. ئیتر لێرەدا نییه‌تی رووت و رەهات رەخنەکار گرینگی و ده‌ورێکی ئەوتۆی نامێنێت. له به‌ر ئه‌وه ئه‌وە رێبازی جوانی ناسانه‌یه کە ده‌توانێت ببێته بەردی بناغەی راڤهگەلی دروستی ده‌قه کلاسیکه‌کان. دیارە من لێرەدا دەڵێم راڤەگەل و مەبەستم ئەوەیە کە باوەڕم بە دروستیی تاقە یەک راڤە نییە. ئەم رێبازە بۆی هەیە له رێژه‌ی ئه‌و دیده مێژووگهرایانەیە که‌م بکاته‌وه و چیتر سەنگی مەحەکی شڕۆڤەی دەق نیزیکیی ئەو شڕۆڤەیە نەبێت لە دید و نییەتی خودی داهێنەری دەقەکە. دیارە من بۆ خۆم ته‌واو دژی ئه‌و دیده مێژووگهرایانەیە نیم، چونکه ئێمه، وه‌ک کورد، جگە لە جیهانی دەقی نالی حه‌زیشمان له‌وه‌یه بزانین لە جیهانی ئاسایی و دەرەوەی دەقیدا نالی کێ بووە و چۆن بووه، پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ژیانی تاکەکەسیی چی بووه و چۆن بووه.
کۆچ: به‌ڵام من سه‌رنجی هه‌ندێک له‌و نووسینانه‌م داوه که به میتۆدی نوێ راڤه‌ی ده‌قی کلاسیک ده‌که‌ن. بینیومه ئه‌و که‌سانه شاره‌زاییه‌کی وایان نه‌بووه له هونه‌ری شیعری کلاسیک، واته فۆرم و شێوه‌ی ده‌ق، لایه‌نی ره‌وانبێژی و کێش و عه‌رووز...دیاره خۆشبه‌ختانه ئه‌مه به‌رێزتان ناگرێته‌وه. بۆ خۆی ئه‌مه گرفتساز نییه؟
عەبدولخالق یەعقووبی: ئه‌م پرسیاره‌ی به‌ڕێزت پەنجە دەنێتە سەر ئەو خه‌ساره‌ی کە به داخه‌وه ئیستا له پانتایی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی کوردی‌دا ده‌بینرێت. گه‌ر چاوێ له ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی کوردی بکه‌ین و بڵێین بۆچی نه‌یتوانیوه میراتی ئه‌ده‌بیی خۆی بخوێنێته‌وه و هه‌ڵی سه‌نگێنێت، دەبێت بە دوای سەرچاوەکانی ئەم خەسارەدا بگەڕێین. ئه‌و نه‌شاره‌زایی و گرفته‌ی ئێوه باستان کرد به راستی خوێندنه‌وه‌یه‌کی به‌رهه‌م هێناوه که زیاتر میزاج و زه‌وقی رەخنەکارەکە یان خوێنهرەوەکهیه. هه‌ر ئه‌مه‌شه که خوێندنه‌وه‌کان قووڵ و هه‌مه‌لایه‌ن و وەک فارسەکان دەڵێن "کاشفانە" نین. بیریشت نه‌چێت ره‌خنه‌گرانی ئێمه نه‌یانتوانیوه له سایه‌ی ده‌قی کلاسیکی شتێکی نوێ بهێننه ئاراوه. ئه‌وان نه‌ک نه‌یانتوانیوه به میتۆد ئه‌و ده‌قانه شی بکەنەوە و دۆخی ئه‌مڕۆی پێ بخوێننه‌وه و هه‌ڵی سه‌نگێنن، به‌ڵکو به‌جۆرێک لە جۆرەکان دۆخەکەیان ئاڵۆزتریش کردووە. منی رەخنەکار، مەبەستم منی گشتییە، ده‌مه‌وێ له سه‌ر بنه‌مای شیعره‌کانی نالی ئیستایه‌کی دی بۆ خۆم چێ بکەم. واته، ده‌بێت دیالۆگێک له نێوان رابردوویه‌ک که نالی تێیدا ژیاوه و ئێستایه‌ک کە من تێیدا ده‌ژیم ساز بکه‌م. پێموایه به‌شێک له‌و سه‌رگه‌ردانییه‌ی کە نه‌وه‌ی نوێی ئه‌دیبانی کورد تێیدا ده‌ژین و خه‌ریکه وا ده‌نوێنن کە رابردوو بسووتێنن و ته‌نیا مۆدێرنانه بژین، ئاگایان له‌وه نییه که ناشێ مۆدێرن بیت و ئاگات له رابردووی خۆت نه‌بێت. له‌به‌رئه‌وه ئه‌و مۆدێرنیته‌یه‌ی ره‌گێکی له سونه‌تدا نه‌بێت، مۆدێرنه‌یه‌کی شه‌ل و ئیفلیج و کوێره، وه‌ک چۆن ئه‌م مۆدێرنیته‌یه‌ی کوردستانی ئێمەش، بە تایبەتی لێرە لە باشوور کە نیمچە سەربەخۆییەکی سیاسیش هاتووەتە ئاراوە، زۆرتر لە سەیارە و بینا و مۆدەدا کورت بووەتەوە، و لەو لاوە زانکۆکان و ناوەندە هزری و رۆشنیرییەکان لە میتۆد و فیکر و فەلسەفە و کاری ئەکادیمیکی نوێ زۆر بە دوور و بێبەرین. تۆ چاو لەو شه‌پۆله شیعرییه بکه ئێستا له ئارادایه. به راستی ده‌توانیت رۆژانه به‌ئاماژه‌ی قامکێک چه‌ندین نووسین له‌و به ناو شیعرانه وه‌لا نێین، بێ ئەوەی خەمی لە کیس چوونی جوانییەک یان تێداچوونی مەعریفەیەک بخۆین.
بە براوی من به‌شێکی ئه‌م گرفته ریشه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌ناسینی رابردووی خۆت. من دڵنیام ئه‌و لاوه به ناو شاعیرانه‌ی ئێستا رۆژانه شیعر بڵاو ده‌که‌نه‌وه، بەڵام نە نالی دەناسن، نە بۆشیان گرینگە کە بیناسن، چۆن ده‌توانن سه‌رکه‌وتوو بن، گه‌ر چاو له ئه‌زموونه سه‌رکه‌وتووه‌کان نەکەن و بە رازی ئەو سەرکەوتووییە نەزانن. پێویستە شاعیری ئێستای ئێمە هەوڵ بدات بزانێت نالی بۆچی سه‌رکه‌وتوو بووه. من بۆ ئه‌وه‌ی لێرەدا له قوڕی تیۆری رووتدا نەچەقین وا باشترە دیسان پشت بە چەند نموونەیەک ببەستم و باس لەوە بکەم که نالی چۆن له سەر زاوزێی مانایی یان، با بڵێین، دروست کردنی فرەمانایی لە شیعرەکانیدا کاری کردووه. واته، به‌قه‌ولی ئینگلیزه‌کان مانا لای خوێنەرەوەش (reproduce) بێت، واته به‌رهه‌م بێت و به‌رهه‌م بێته‌وه. نموونه‌یه‌کت بۆ ده‌هێنمه‌وه که له‌و نمونه‌یه‌دا تا ئیستا ئه‌و که‌سانه‌ی سەرقاڵی لێکدانه‌وه‌ی نالی بوونە یه‌ک ما‌نایان له‌و شیعره ده‌رهێناوه، به‌ڵام من به پشت به‌ستن به میتۆدی (textual analysis) لێکدانه‌وه‌ی ده‌قی و به‌پێی کۆد و نیشانه‌کانی ده‌ق مانایه‌کی تریشم لێ وه‌رگرتوه. هه‌تا ئه‌گه‌ر ئه‌م مانایه له نییه‌ت و زیهنی نالیشدا نه‌بووبێت، کە سەیریش نییە ئەگەر نەبووبێت، به‌ڵام من وه‌ک خوێنه‌ره‌وه‌یه‌ک ده‌رکم به‌مه کردووه. شاعیری گه‌وره ئه‌و شاعیره‌یه راسته له بنه‌ڕه‌ته‌وه نییه‌تی خۆی پاڵنه‌ر و هۆکاره بۆ داهێنان، به‌ڵام دواتر پێویسته قووڵاییەک به ده‌قه‌که‌ی بدات کە گه‌ر بێت و خۆی و نییه‌ته‌که‌ی نه‌مان، شیعره‌که‌ی و جیهانه شیعرییه‌کی بە زیندوویی هه‌ر بمێنن. نموونه‌که ئه‌مه‌یه:
نه‌وعه ئینسانێ هه‌یه غه‌م قوتییە
من غه‌می خۆم و غه‌می عاله‌م ده‌خۆم
غه‌م ده‌ڵێ نالی که غهمخواریم نه‌کا
ناعیلاجم من به‌نی ئاده‌م ده‌خۆم
لێکدانه‌وه‌ی موددەرەسییەکان بۆ ئه‌م شیعره ورده، به‌ڵام رێی تێ دەچێت کامڵتر و زێتریش بکرێت. ئەوان لە لێکدانەوەی ئەم دێڕانەدا ده‌ڵێن ''که‌سانی وا هه‌ن ژیانیان له‌سه‌ر خه‌م و خه‌فه‌ت به‌نده و به خه‌مخواردن ده‌ژین، من یه‌کێکم له‌وانه'' واته لێکدانه‌وه‌ی ئه‌وان ئه‌وه‌یه که جۆره مرۆڤێ هه‌یه که خه‌م قوتی ئه‌دات، منیش یەکێکم له‌و جۆره ئینسانانە. به‌ڵام من ته‌نیا به خواردنی خه‌می خۆم داناسهکنێم، به‌ڵکو خه‌می خه‌ڵکی دیش ده‌خۆم. دواتر خەم خۆی دێتە دەنگ و ئه‌ڵێت، ئه‌گه‌ر نالی خه‌مم نه‌خوات و نه‌یه‌ت به ده‌نگمه‌وه، ئه‌وا ناچارم ئه‌م خه‌ڵکه هه‌مووی بخۆم و گشتیان له ناو به‌رم. له به‌ر ئه‌وه نالی خۆی ده‌کاته قوربانی ئه‌و خه‌ڵکه تا خه‌م ئه‌و خه‌ڵکه قوت نه‌دات. ئه‌مه لێکدانه‌وه‌ی ئه‌وانه، و به‌بڕوای من تا راده‌یه‌ک ئاستی رووبەری دەقەکەیان لێکداوه‌ته‌وه. به‌ڵام من هه‌ست ده‌که‌م نالی دوورتر له‌مه‌ی روانیوه و وردتر مەبەستی خۆی، با لە پەردەشدا بێت، گەیاندووە. له نێوان سنوور بۆ خه‌م و ئه‌و دیالۆگه‌ی له‌گه‌ڵ خه‌مدا سازی ده‌دا، هه‌ست ناکه‌م به‌و ساکارییەی لەلێکدانەوەی موددەرەسییەکاندا هاتووە روانیبێتی. تێگەیشتن من بۆ ئەم شیعره بەم چەشنەیە کە باسی دەکەم: کاتێک نالی ده‌ڵێت "نه‌وعه ئینسانێ هه‌یه خه‌م قوتییە، دوایی "به‌ڵام"ێکی شاراوه‌ی نه‌گوتراو هه‌یه که نالی زیره‌کانه لە پەردەی حەریری کەلامی خۆیدا شاردوویه‌تییه‌وه. 1٢ ساڵ پێش ئێستا له کۆنگره‌یه‌کی نالی ناسیدا، که له سه‌قزی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو، وتم نالی شه‌یتانی شیعری کوردییه. هەڵبەت لە سەر ئەم قسەیە له لایه‌ن هه‌ندێ کەسەوه خه‌ریکبوو به‌ردباران بکرێم. شه‌یتان به‌و مانایه‌ی لە ئاخافتنی رۆژانەی خه‌ڵکدا به‌کار دێت، پتر ئاماژە بۆ کەسی زیره‌ک، زۆرزان، پڕجووڵه، و ههڵخهڵهتێنهردەکات. لەم شیعرەدا بە تایبەتی نالی شه‌یتانی کردووه. بەوەی به‌ڵامێکی له ئێمه شاردۆته‌وه؛ بۆ ئه‌وه‌ی بڵێت، جۆره مرۆڤێک هه‌یه کە خه‌می رۆژانه‌ی قووتی رۆژانهیەتی؛ په‌رۆشی رۆژانه‌ی قووتهکهیهتی. ئه‌مه‌ش خاڵی لاوازی خه‌ڵکه، چونکه ژیانیان سه‌رتاپا پیش خواردنەوە وخه‌مه خواردنە بۆ به‌ده‌ست هێنانی قووت و خواردنی ژیان. نالی لێرەدا خۆی لەو خەڵکە جیا دەکاتەوە و دەڵێ، به‌ڵام من خه‌می نانم نییه. خەمی من خه‌می عاله‌مه، واته هه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه‌ی خه‌می رۆژانه خواردوونی نالی خه‌می ئه‌وانیش ده‌خوات. نالی خه‌می خۆی و خه‌می مرۆڤه‌کانی ترێتی؛ خه‌مه‌که‌ی خه‌مێکی ئینسانییه. پێموایە ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه ئاستێکی قووڵتر به شیعره‌که‌ی نالی ده‌دات.
کۆچ: ئه‌گه‌ر مۆڵه‌ت بده‌ن منیش زیادکراوێکم هه‌بێت. له‌م شیعره‌دا چه‌ند شتێکی گرنگ هه‌یه، قسه‌کردنی نالی له گه‌ڵ خه‌م به‌و راستگۆیی و بێ په‌رده‌ییه، که خه‌م داواکاری هه‌یه، ده‌رخه‌ری دۆستایه‌تی و په‌یوه‌ندی نالییه له‌گه‌ڵ خه‌م. هاوکات خه‌م وه‌ک بوونه‌وه‌ر سه‌یرکراوه. ئه‌مه‌ش به بڕوای من بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه نالی لێره‌دا له مرۆڤه‌کانی دی ناچێت، خۆپه‌رست نییه، لاواز نییه، مامه‌ڵه‌یه‌کی مرۆیی ده‌کات، به‌خشنده‌یی خۆی نیشان ده‌دات، مامه‌ڵه‌کردنه‌که‌ی ئاستێکی به‌رز نیشان ده‌دات، به‌وه‌ی ئه‌و "به‌ڵام"هی که باستان کرد نیشانی ده‌دات خه‌م بۆ نالی مانایه‌کی دی هه‌یه، خه‌می قووت په‌یدا کردن نییه، بەڵکو خەمی ئەو خه‌می ئه‌و مرۆڤانه‌یه که تواونه‌ته‌وه له ژیانی رۆژانه‌یاندا و ناتوانن مرۆییانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خه‌م بکه‌ن. نالی به‌جۆرێ خه‌می رام کردووه (رام کردن ره‌نگه شیاو نه‌بێت، له جۆری مامه‌ڵه‌که) چونکه به‌جۆرێ هه‌ست به ئارامی خه‌م ده‌که‌یت، به‌وه‌ی خه‌م به خه‌می خه‌ڵکی ئاسووده نییه، بۆیه پێی خۆشه که نالی به‌وجۆره خه‌م ده‌خوات، چونکه خه‌مه‌که‌ی نالی به‌رزیی خه‌میش نیشانده‌دات. ئه‌وه‌ی نالی خه‌مه نه‌ک ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی، ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی مشورخواردنه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نالی به‌راستی خه‌مه، چونکه خه‌ڵکێک وا بژین و بیربکه‌نه‌وه شوێنی خه‌م خواردنه، که ئه‌مه‌ش دواجار هه‌ست کردنه به به‌رپرسیارێتییه‌کی قووڵ له لایه‌ن نالییه‌وه. واته له لایه‌کی دییه‌وه ده‌توانم بڵێم نالی خۆ باڵا ده‌کات، یه‌که‌م به‌وه‌ی رێگه له خه‌م ده‌گرێت مرۆڤه‌کانی دی بخوات. دووه‌م، له مرۆڤه‌کانی دی خۆی جیا ده‌کاته‌وه. سێیه‌م، ته‌نانه‌ت جۆری خهمهکهشی جیایه. ئینجا،نالی خه‌م ده‌خوات نه‌ک خه‌م بیخوات. لێرەدا به‌راوردکاری خه‌م بۆ نالی به‌رامبه‌ر هه‌موو مرۆڤه‌کان داده‌نێت، واته نالی ده‌توانێت کۆی مرۆڤه‌کان رزگار بکات...نالی مه‌رج دانانێت بۆ ئه‌مه...خه‌م خۆی پێویستی به که‌سێکه کە ئه‌و که‌سه نالییه. لاوازی ئه‌وان و ئازایی نالی. چونکه خه‌م ده‌ڵێت فریاڕەسی ئێوه نالییه. خه‌م ده‌ڵێت، نالی تۆ باش ده‌که‌یت، گه‌ر ئه‌وه نه‌که‌یت من ناچاری خواردنی ئه‌وانم، تۆی رێگه له‌من ده‌گری ئه‌و کاره نه‌که‌م، که دیاره خه‌میش پێی خۆش نییه ئه‌و کاره بکات، چونکه ده‌ڵێت ناچارم (واته گه‌ر وردبینه‌وه هه‌ست به په‌یوه‌ندییه‌کی دیالێکتیکی ده‌که‌ین). هاوکات نالی هۆکاری هه‌ڵگرتنی باری خه‌می خه‌ڵک ده‌خاته کۆتا به‌یت وه‌ک بڵێیت، وه‌ڵامێک بێت بۆ ئه‌وانه‌ی که ده‌ڵێن بۆ نالی ئه‌و ئه‌رکه گرانه ده‌خاته ئه‌ستۆی خۆی، هاوکات وه‌ڵامی ئه‌و بۆیه له زاری خه‌م خۆیه‌وه ده‌داته‌وه. له‌م ده‌قه‌دا نالی جیاوازی نێوان به‌ش و گشتی نه‌هێشتووه، نالی خۆی وه‌ک گشتێک بینیوه(خه‌می گشت مرۆڤایه‌تی)، واته ئێمه شایه‌دی ئه‌وه‌ین به‌شێک ده‌توانێت رۆڵی گشت ببینێت. بۆیه به‌راستی ده‌توانین له‌م شیعره‌وه زۆر ورد ده‌ستنیشانی راده‌ی هۆشیاری نالی بکه‌ین، ئازاری نالی و هێزی نالی بکه‌ین، باسی ئه‌وه بکه‌ین چۆن وه‌ک مرۆڤێکی ره‌سه‌ن مامه‌ڵه‌ی کردووه، له‌به‌رامبه‌ردا باسی ئه‌و خه‌ڵکه و ژیانیان بکەین و به‌ختیار عه‌لی وته‌نی ئه‌و خه‌ڵکه هێنده‌ی رۆژه‌کان به ڕێ ده‌که‌ن هێنده ناژین. واته ده‌توانین وه‌ک زه‌نگی ئاگادارکردنه‌وه له شیعره‌که‌ش بڕوانین. ببوورن ئه‌مانه کۆببوونه‌وه لام، نازانم گه‌ر به هه‌ڵه لێکدانه‌وه‌که‌م نه‌کردبێت.
عەبدولخالق یەعقووبی: کاک هه‌رێم، ئیستا ئه‌وه‌ی که به‌ڕێزتان باستان کرد و ئەو هەوڵەی ئێوە بۆ زیاد کردنی مانای دیکە بەم شیعرە هه‌مان شته که من ناوم ناوه زاوزێی مانایی لە شیعری نالی‌دا. ئهمەیە که من وا لێ ده‌کات دان به گه‌وره‌یی و شاعیرییه‌تی نالی‌دا بنێم. به پێی لێکدانه‌وه‌که‌ی من، نالی خۆی ئاوارته ده‌کات له خه‌ڵکی ئاسایی، نه‌ک به مانای ئەوەی خۆی لە خەڵک پێ گه‌وره‌تر بێت، به‌ڵکو، وه‌ک ئێوه‌ش وتتان، ئه‌و له سه‌رچاوه‌یه‌کی مه‌عریفیی قووڵتره‌وه له شته‌کان ده‌ڕوانێت. پاشان خودی خه‌م که ده‌زانێت له ناو هه‌موو خه‌ڵکدا ته‌نیا نالییه که ئاوارته و نائاساییه، روو له نالی ده‌کات، روو له که‌سی دی ناکات و ده‌ڵێ، نالی مادام ئاوایت، ده‌بێت چاره‌ی منیش بکه‌یت، مادام خه‌می هه‌موو خه‌ڵک ده‌خۆیت، خەمی هەموو بوونەوەرێک دەخۆیت، من کە بۆخۆم خه‌مم، ئه‌گه‌ر بێت خەمی من نەخۆیت، کە هەر بریتییە لە خۆم، ئه‌وا من ناچارم خه‌ڵکی تر بخۆم. به خواردنی من، من له به‌ین ده‌به‌یت، که واته من ناتوانم خه‌ڵکی تر بخۆم. ئیدی ئاواته‌که‌ی نالیش به‌دی دێت، که بڕیاره پشتیوانی له خه‌ڵک بکات و خەمێکیان لێ بخوات . ئه‌م دیده‌ی ئێمە بۆ ئه‌م شیعره دیدێکی جوانی ناسانه‌یه و روانگەیەکی لەم چەشنە لە چاو دیدی مێژووگەرایانە پتر خۆی بە تەقاندنەوەی زەرفییەتە دیار و شاراوەکانی دەق لە بواری فۆرم و مانادا ماندوو و سەرقاڵ دەکات.
کۆچ: ئێستا ده‌مه‌وێ له‌باره‌ی نه‌مریی شیعره‌کانی نالییه‌وه وتوێژ بکه‌ین، نالی چۆن توانیویه‌تی له ڕێگه‌ی شیعره‌کانییه‌وه خۆی نهمرکات؟ چۆن ده‌قێکی نه‌مر له ده‌قێکی بمر جیا بکه‌ینه‌وه؟
عەبدولخالق یەعقووبی: پێموایه شاعیر وه‌ک مرۆڤێک، وەک که‌سایه‌تییه‌ک، بۆ سه‌رده‌مانێکی کورت، کورت بە قەت تەمەنی مرۆڤێکی ئاسایی، له مێژوودا بوونی دەبێت و پاشان وه‌ک جه‌سته ده‌روات. مانه‌وه‌ی شاعیر په‌یوه‌سته به مانەوەی به‌رهه‌مه‌که‌یه‌وه. نالی له مێژووی ئه‌ده‌بیاتی کوردی و پانتایی لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی کلاسیکی کوردی‌دا ماوه‌ته‌وه و به‌رده‌وام باسی کراوە و پێشموایە ئەو باسانە بڕانەوەیان بۆ نییە. نالی که‌سێکه به‌رده‌وام به سه‌ری ده‌که‌ینه‌وه و لە سەی دەکەینەوە؛ باسوخاسی شیعری نالی زیندووە، چونکی خۆی زیندووه. شیعری نالی زۆر جار کێشه بۆ لێکۆڵه‌ران سازده‌کات. هۆکاره‌که‌ی ئاشکرایه. نالی جیهانێکی ده‌قیی بۆ ئێمه جێ هێشتووه کە مشتومڕهەڵگر و قابیلی لێدوانێکی فراوان و بێ سنوورە، که ئێمه ناچار ده‌کات هه‌ڵوه‌سته له سه‌ر ئه‌و جیهانه بکه‌ین. دڵنیاین چوونه نێو ئه‌و جیهانه‌وه نائومێدمان ناکات و به ده‌ستبه‌تاڵی نایه‌ینه ده‌ره‌وه. دنیابینییهکمان ده‌داتێ بۆ جیهان و ژیانمان.
بۆ لێکۆڵینه‌وه له نه‌مریی شاعیرێک، پێویستمان به ئاوڕدانه‌وه و لەنگەر گرتنێکی درێژه له‌سه‌ر نه‌مریی ده‌قه شیعرییه‌کانی. ئێستا ده‌پرسین بۆچی ده‌قی شیعری نالی به نه‌مری ماوه‌ته‌وه؟ و به بڕوای من و مه‌زه‌نده‌ی من به نه‌مریش ده‌مێنێته‌وه. له راستیدا پرسیارەکە ئه‌وه‌یه که چۆنە شیعره‌کانی به نه‌مری ماونه‌وه؟ چی وا له ئێمه دەکات تا ئیستاش بە تامەزرۆییەوە باسی نالی بهێنینە گۆڕێ و وتوێژی له‌باره‌وه بکه‌ین؟ بۆچی خوێنه‌رەوەی ئەم سەردەمە مۆدێڕنەش به حەزەوە نالی ده‌خوێنێته‌وه و چێژی لێ ده‌بینێت؟ به‌ڵگه‌کان چین که ده‌قه‌کانی نالی نه‌مر ده‌که‌ن؟ لێره‌دا ده‌توانین ئاماژه به چه‌ند خالێ بکه‌ین، هەر چەند له پێشتریشدا باسی زۆر شتمان کرد، که ره‌نگه ئەو شتانەش به‌ڵگه‌ی ئەو نەمرییە بن. به‌ڵام ئاماژه به خاڵیکی تریش ده‌که‌ین. نالی له قۆناغێکدا زمانی کوردیی به‌سه‌رکردۆته‌وه و بووژاندۆته‌وه که ئەگەر ئه‌و و هاوقەڵەمەکانی لە چەشنی سالم و کوردی نهبوایەن، ره‌نگه زمانی کوردی بکەوتبایەتە بەر هەڕەشەی تێداچوون. بە لەبەر چاو گرتنی ئەوەی میرنشینه‌کانی کورد له ژێر سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاته ئیمپڕاتۆرییەکانی ئێران و عوسمانی‌دا بوون، له‌و سەرده‌مه‌دا مه‌ترسی توانه‌وه‌ی زمانی کوردی هه‌بووه له نێو زمانه باڵاده‌سته‌کانی وه‌کو فارسی و عه‌ره‌بی و تورکیدا. به‌ڵام نالی بەش بە حاڵی خۆی کارێکی کردووه زمانی کوردی له‌و مه‌ترسییه تا رادەیەکی زۆر دوور بکەوێتەوە. نالی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش کە شاره‌زای ئه‌و زمانانه بووه و مه‌عریفه‌ی خۆی له‌و سه‌رچاوانه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ند کردووه، توانیویه‌تی هۆشیارانه به پلان و خودئاگایی زمانی کوردیی خۆی بپارێزێت له هه‌ژمونیی ئەو زمانانە. واته نالی سوودی له‌و مه‌عریفانه وه‌رگرتووه، به‌ڵام نه‌تواوه‌ته‌وه له ناویاندا. نەبووە بە بەشێک لە ماڵی ئەو زمانانە، بەڵکو ئەو زمانانەی کردووەتە بەشێک لە ماڵێ خۆی. کورت و کرمانجی، نالی توانیویه‌تی جیهانێکی شیعری به زمانی کوردی بنیاد بنێت. نالی نه‌ک زمانی کوردی له فه‌وتان و فه‌نا بوون رزگارکردووه، به‌ڵکو شانازیشی به‌وە کردووە کە پارێزەری سەروماڵی ئەو زمانەیە، وەک پێشتر ئاماژەمان پێ کرد.
لایه‌نێکی دی که ده‌توانین وه‌ک نه‌مریی نالی باسی بکه‌ین ئەوەیە کە نالی گه‌وره‌یی داوه به مرۆڤی کورد و نیشتیمانی کورد و هەستی سەربەرزی و شانازی بە خۆ کردنی لای مرۆڤی کورد ورووژاندووە. بۆ نموونه گه‌ر ئاوڕ له‌و شیعرانه بده‌ینه‌وه که تێیاندا نالی رووی له حه‌بیبه‌یه، ده‌بینین نالی وه‌سفێکی بۆ عیشق و خۆشه‌ویستیی کچێکی کورد کردووه که وهسفێکە وەک بڵێی بۆ هەتاهەتایی کردنی جوانیی کچە کوردێک کردبێتی. یه‌کێ له‌و نموونه هه‌ره باش و بەرزانەی شیعری نالی لەم بوارەدا ئەو شیعرەیە کە بۆ چاوی حەبیبەکەی نووسیویەتی.
پێم ده‌ڵێن مه‌حبوبه خێل و قیچه مه‌یلی شه‌ڕ ده‌کا
خێل و قیچه یان ته‌رازووی نازی نه‌ختێ سه‌ر ده‌کا
با لە رێگەی ئەم نموونهیهوە هه‌ندێ له گه‌وره‌یی شیعری نالی رابمێنین. به بڕیاری پێشوه‌خته و گشتی نا، به‌ڵکو به به‌ڵگه‌ی به‌رهه‌ست و ورد. له‌م نموونه‌یه‌دا ، که نالی وه‌ک پاساوێک بۆ خێلی و قیچی چاوی حه‌بیبه‌که‌ی هێناویه‌ته‌وه، دنیایه‌ک له جوانی وجوودی هه‌یه، چ له ئاستی مه‌عریفه و چ له هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی دیدی باوی سه‌رده‌مدا، چ له ئاستی واژهکان و موفره‌داته کەلامییەکاندا، چ له ئاستی خەمڵاندنی زمان و خوڵقاندنی ئیماژ و خۆش کردنی مۆسیقادا. حەز دەکەم که‌مێ به وردی باس له‌م شیعره بکه‌ین. سەرەتا، نالی زۆر زیره‌کانه حاشا له‌وه ناکات که مه‌حبوبه‌که‌ی خێل و قیچه؛ راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ ئه‌مه ده‌سه‌لمێنێت، به‌ڵام زیره‌کییه‌کی تری ئه‌وه‌یه ئه‌مه له زمانی خۆیه‌وه نادرکێنێت، بەڵکو لە زمانی خەڵکانیترەوە دێتە نێو نانەتەکەوە. بۆیە شیعرەکە بە "پێمده‌ڵێن" دەست پێدەکات. نالی لێرەدا به تیرێک چه‌ند نیشانێک ده‌پێکێت. یه‌کیان گومانکردنه له قسه‌ی خه‌ڵکی، چونکە دەڵێ "پێمدەڵێن"، وەک ئەوەی بڵێی گۆیا مەحبووبە خێلە، وەک چۆن خەڵک وا دەڵێن. به‌ڵام دواتر ده‌شڵێت قسه‌که‌تان راستە لەوەی ئێوە چاوی محبووبە بە خێل و قیچ دەبینن، چونکی ئەو خێل و قیچییە لە راستیدا سه‌رکردنی ته‌رازووی نازی چاوی ئەوە، له به‌ر ئه‌وه‌ی مەحبووبە خۆشه‌یستی منه و ناز دەکات و چاوێکی به‌رز و ئه‌ویدی نزم دەکاته‌وه و ئەم حاڵەتە بۆ ئێوه وه‌ک خێلی چاوی ئەو دهردەکهوێت. واته ئەمە وه‌ڵامدانه‌وه و به‌رهه‌ڵستکارییه‌کی جوانی ناسانه‌یه بۆ قسه‌ی ئەو کەسانەی پێی دەڵێن مەحبووبەکەی خێلە. له‌م شیعره‌دا ده‌بینی نالی به ئه‌نقسه‌ت پاساوێکی جوانی ناسانه ده‌داته‌وه گه‌ر سه‌رنج به به‌رده‌وامی پاساوه‌کانی بده‌ین به زمانی شیعری خۆی ده‌ڵێت:
خێل و قیچه، یان به غه‌مزه بۆ نیشانه‌ی دڵ به چاو
مه‌یلی راست هاوێتنی موژگانی دڵ په‌یکه‌ر ده‌کات
دڵ په‌یکه‌ر واتە دڵ لەت لەتکەر. دەتوانین بە دڵ پێکەر-یش بیخوێنینەوە، کە ئەوکات بە مانای ئەو موژگانێکە کە وەک تیر نیشانەی دڵ دەپێکێت. واتە، هەر دوو ماناکه گونجاون. بڕوانە نالی چۆن ئەو شتەی کە بە تەعبیری عام ناشیرینە یان ناحەزە جوان ده‌کات، بگره به‌رزیشی ده‌کاته‌وه. ئه‌م شیعره عاشقانهیهی نالی لێوانلێوه لە جوانی؛ زمانێکی گه‌لێ نه‌رمی هه‌یه، ته‌نانه‌ت نالی له هه‌ڵبژاردنی ئاهه‌نگی واژهکانیشدا لە لێهاتووییی ئهندازیارانەی خۆی درێغی نەکردووه. جوانی له‌م شیعره‌دا له‌و ئاسته‌دایه که نه‌مری بداته شیعره‌که و ئەبەدی مانەوەی بۆ دەستەبەر بکات.
کۆچ: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نالی باسی عه‌شق ده‌کات، تا مرۆڤ هه‌بێ عه‌شق هه‌ر ده‌بێت، واته باسی شیعره‌که باسێکی رۆژانه‌یی و تێپه‌ڕ نییه.
عەبدولخالق یەعقووبی: بێگومان ئەمە سەرنجێکی بە جێیە. بە راستی وه‌ک رهخنهکارێک نامه‌وێ نییه‌تی خۆم زۆر تێکه‌ڵی خوێندنه‌وه‌که‌م بکه‌م، به‌ڵام سه‌ریشم له‌وه سووڕ ماوه نالی لە پێناوی پاراستن و نرخاندنی عیشقی خۆی بۆ مه‌حبووبه‌که‌ی، بۆچی دێت له پاژێکی بچووکی جەستەی مرۆڤ، واتە چاوی مهحبووبهکهیهوه، ده‌ستپێده‌کات. نالی دێت ئه‌و به‌شه له وجوودی مه‌حبووبه‌که‌ی زه‌ق ده‌کاته‌وه که سه‌رچاوه‌ی دیتنه، مەکۆی نازه، ئاخێزگەی ئاماژه‌یه، هاوکات ئەگەر کێشەیەک هه‌بێ له خۆشه‌ویسته‌که‌یدا، به‌وه‌ی خه‌ڵک باسی ده‌که‌ن، هه‌ر له‌و چاوه دایه کە گۆیا خێلە. نالی له دنیایه‌کدا ژیاوه که گوتاره زاڵه باوه گه‌وره‌کان هەیبەت و هه‌یمه‌نه‌یان هه‌بووه، گوتاری لە چەشنی پیاوسالاری، عەشیرەتخوازی، شەرع-تەوەری هێژمۆنیی کۆمەڵایەتییان بووە. نالی دێت لە جیهانی شیعری خۆیدا لەم گوتارانە یاخی دەبێت. نالی له چاوی چاوه‌وه باسی عیشق ده‌کات، له عه‌یبی خۆشه‌ویسته‌که‌یه‌وه دێتە نێو جوانییەکانی عیشقەوە.
کۆچ: شتێکی تر گه‌ر بکرێت به زمانی سارته‌ر بیڵێم، چاو یان ته‌ماشاکردن هه‌میشه ئاماژه کردنه، ئاراسته کردنه، دۆخ پێدانه. ده‌شێ چاوی مه‌حبووبه نالی سه‌رمه‌ست کردبێ، وه‌لێ دیتنی یان ئاماژه‌ی چاوی مه‌حبووبه بۆ خه‌ڵکانی دی جودایه، چونکه خه‌ڵکانی دی نالی نین، عاشقی نین، له به‌ر ئه‌وه ئه‌وان به عه‌یب ده‌یبینن، به‌ڵام نالی به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌م عه‌یبه جوان ده‌بینێت، ده‌بێ وابێت. به واتا چاو حوکم ده‌کات. هه‌تا هێمنی شاعیر له یه‌کێ له شیعره‌کانیدا به ده‌قیقی باسی حوکمی چاو ده‌کات.. واته به کورتی ده‌مه‌وێ بڵێم خۆده‌رخستنی مه‌حبووبه له رێگه‌ی چاوه‌وه بۆ نالی و خه‌ڵکانی دی دوو شتی جیاوازه..
عەبدولخالق یەعقووبی: زۆر راسته. نالی هه‌ر له‌م شیعره‌دا ده‌ڵێت، ئه‌وانه‌ی که جیاوازی خێر و شه‌ڕ ناکه‌ن که‌چ نه‌زه‌رن. ئه‌وه‌ی به‌رێزتان له‌دیدی سارتره‌وه باستان کرد، خێل و قیچی بۆ نالی سه‌رچاوه‌ی خێره، چونکی ئەوەی له چاوی مه‌حبووبه‌که‌ی دایه، تەنانەت بە خێلی و قیچییەکەشیەوە، ده‌بێته مایه‌ی ناز، کە هەمان خێری مەحبووبەیە بۆ نالی؛ ده‌بێته مایه‌ی هاویشتنی موژگانی دڵ پێکه‌ر و دڵ پەیکەر بۆ نالی؛ ده‌بێته ئه‌وه‌ی چاوێکی مەحبووبە بهنفشه و چاوێکی نیلۆفه‌ر بێت. نالی روخساری مەحبووکەی دەکات بە گوڵزاری هەمەرەنگ. نه‌مری نالی لەم شیعرەدا له‌وه دایه نایه‌ت له گوتاری گه‌وره‌وه ده‌ستپێبکات، به‌ڵکو له چاوه‌وه ده‌ستپێده‌کات. ئەم غەزەلە غەزەلی چاوە، نەک تەنیا بەو مانایەی کە تێیدا باسی جوانیی چاوی مەحبووکەی دەکات، بەڵکو هەر وەتر لەو روانگەیەشەوە کە چاو، ئەویش چاوێکی خێل و قیچ، دەبێتە پاساوێکی جوانی ناسانە بۆ عیشقی نالی بە نیسبەت مەحبووبە. ئه‌مه‌یه سەرچاوەی چێژ لە ده‌قی نالی‌دا؛ چێژ بە واتای له‌زه‌ت، که‌یف، خۆشی، یان ئەوەی لە زمانی ئینگلیزی‌دا بە taste باسی دەکەن. ئەگەر بگەڕێینەوە سەر باسی گوڵزارەکەی روخساری مەحبووبە و باسی بەنەفشە (هەمان وەنەوشەی خۆمان) و پێشینەی بە کار هێنانی ئەو گوڵە بکەین له شیعری کلاسیکی فارسی‌دا، دەبینین به‌نه‌فشه پتر مشبە بە (پێشوبهێنراوی) زوڵفی یار بووه. بۆ نموونه، له‌م دوو شیعره‌ی حافیزدا به‌نه‌فشه به‌و مه‌به‌سته به کار هێنراوه:
چنین که در دل من دا‌غ زلف سرکش توست
بنفشەزار شود تربتم چو درگذرم
واته داغی زوڵفی سه‌رکێشی تۆ وه‌ها له نێو دڵی من دایه، که ئه‌گه‌ر رۆژێ بمرم، خاکی گۆڕه‌که‌م ده‌بێتە گوڵزارێک لە بەنەفشە. یان له‌م شیعره‌دا ده‌ڵێت:
بی زولف سرکشش سر سودایی از ملال
همچون بنفشە بر سر زان‌و نهادەایم
واته، به بێ زوڵفی یاخیبووی یار سه‌ری سه‌ودایه‌ک له غه‌م و نیگه‌رانی و په‌رۆشیم وه‌ک به‌نه‌فشه له‌سه‌ر ئه‌ژنۆ داناوە. لێره‌شدا دیسان، به‌نه‌فشه پێوەندی بە زوڵفەوە هەیە. بەڵام نالی بە نیسبەت دیدی بۆ وەنەوشە و شێوەی بە کار هێنانی لە شیعری خۆیدا جۆرێک له لادان دەهێنێتە ئاراوە، واته راسته ئه‌و ده‌سته‌واژه باوه کلاسیکیانه‌ی شیعری فارسیی به‌کار هێناوه، به‌ڵام توانیویه‌تی مۆرکی تایبەتی خۆی به‌سه‌ردا فەرز بکات. واته، گه‌ر تۆ ده‌بینی چاوێکی مه‌حبووبه له چاو چاوه‌که‌ی تری بە هۆی خێل و قیچ بوون تۆزێک ناهاوسەنگن، ئەوە وەک ئه‌وه وایه کە تۆ سه‌یری دوو گوڵ بکه‌یت، بە دوو رەنگ و بۆنی جیاوازەوە. ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە هەر دووک گوڵن و لە جوانیی گولێش کەس ناتوانێت بە هۆی ئەوەی ئەم گوڵە نییە و ئەو گوڵەیە رەخنە بگرێت و بە عەیبەی بزانێت. نالی لێرەدا پێوەندییەکی نوێی لە نێوان دوو چاوی مرۆڤدا خوڵقاندووە و هەر ئەمەش بە بڕوای من ده‌توانێت سه‌رچاوه‌یه‌ک بێت بۆ خوڵقاندنی جوانی و نه‌مری.
کۆچ: ده‌مه‌وێ له په‌یوه‌ندیی نێوان ئاسته‌کانی بنیادی شیعری نالی بدوێین. نالی چ جۆره په‌یوه‌ندییه‌کی له ئاستی وشه و ده‌سته‌واژه و تا ئاستی به‌یته‌کان هێناوه‌ته ئاراوه، بۆ ئەوەی بتوانین باشتر له نالی تێبگه‌ین؟
عەبدولخالق یەعققوبی: به‌راستی من خوێنه‌ره‌وه‌یه‌کی به‌رده‌وامی شیعری نالیم و هه‌وڵم داوه خوێنهرەوەیەکی وردبینی شیعره‌کانی بم. چون وردەکارییەکانی نالی پێویستی به خوێندنەوەی ورده. سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندیی که‌لامی و جۆری ئاوێته‌کردنی واژهکان و رێژه‌ی داهێنانی شیعری، هێنده‌ی من لێم کۆڵی بێته‌وه هه‌ست به سێ جۆر په‌یوه‌ندی ده‌که‌م له نێوان دوو میسراعی هەر تاک به‌یتی نالی‌دا. واته، نالی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و سێ جۆر په‌یوه‌ندییه‌ی بۆ من ده‌رکه‌وتووه جیهانی شیعری خۆی لە سەر ئاستی بەیت، کە دەزانین یەکەی پێکهاتەییی (structural unit) شیعری کلاسیکی عەرووزدارە، رۆ ناوە. ئەگه‌ر که‌سێک بیه‌وێت شیعره‌کانی نالی لە باری مانایی و فۆرمییەوە شی بکاتەوە، ئه‌وا پێویسته ئاگاداری ئه‌م سێ جۆر په‌یوه‌ندییه بێت، چونکه ئه‌وده‌م باشتر ده‌توانێت رەهەندەکانی جیهانی شیعریی نالی شەنوکەو بکات و ئەوکات راڤه‌کاریی خۆی لەوێوە دەست پێ بکات.
په‌یوه‌ندی یه‌که‌م: په‌یوه‌ندی هاوته‌ریب(موازی)، واته له نێوان تاک دێڕی (میسراع) یه‌که‌م و تاک دێڕی دووه‌م له یه‌ک به‌یتدا په‌یوه‌ندییەکی هاوته‌ریب و هاوشان هه‌یه. بۆ نموونه:
رۆژ سه‌ری کوڵمتە رووناکیی نووری به‌سه‌رم
شه‌و خه‌می زوڵفته تاریکیی توولی ئه‌مه‌لم
ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین، له‌م به‌یته‌دا، تاک دێڕی یه‌که‌م تاک به تاکی واژهکان و پێکهاته‌که‌ی وا داڕێژراوه که هه‌مان پێکهاته له تاک دێڕی دووه‌مدا به‌شێوه‌یه‌کی هاوشان دووپات ببێته‌وه و بەیتەکە به کۆتا بگات: رۆژ/شه‌و، سه‌ری/خه‌می، کوڵمته/زوڵفته، رووناکی/ تاریکی، نووری/توولی)، به‌سه‌رم/ئه‌مه‌لم. لێره‌دا نالی به‌شێوه‌یه‌کی ئهندازیارانە، پێداگری ده‌کاته سه‌ر ئه‌و شته‌ی کە ده‌یه‌وێت په‌سنی بکات و زه‌قی بکاته‌وه، کە لە تاک دێڕی یەکەمدا "سەری کوڵم" و لە تاک دێڕی دووهەمدا "خەمی زوڵف"ە. هاوکات زنجیرەیەک دوانه لێکدژیشی سازکردووه کە بریتین لە رۆژ/شه‌و، روناکی/تاریکی و هتد. با نموونه‌یه‌کی تریش بۆ ئه‌م جۆرە په‌یوه‌ندییه بهێنینەوە:
بۆچی نه‌گریم سه‌د که‌ڕه‌تم دڵ ده‌شکێنی
بۆ مه‌ی نه‌ڕژێ شیشه له سه‌د لاوه شکاوه
له‌م بەیتەدا نالی به دوو شێوه‌ی هاوته‌ریب، جارێک گریانی خۆی لە سۆنگەی دڵ شکانی و جارێک رژانی مەی لە بەر شکانی شووشە، له یه‌ک بابه‌ت، با بڵێین بۆ وێنە بێوەفایی، ده‌دوێت. نالی لە تاک دێڕی یەکەمدا دەڵێ، گه‌ر من ده‌گریم تۆی دڵم ده‌شکێنی، پاشان بۆ ئه‌وه‌ی گریانی خۆی لە قاڵبی شوبهاندنێکیشدا زه‌ق بکاته‌وه لە تاک دێڕی دووهەمدا باسی ناچارەکی بوونی رژانی مه‌ی ده‌کات ئەو کاتەی کە شووشە لە سەد جێوە شکابێت.
په‌یوه‌ندی دووه‌م: په‌یوه‌ندیی ناوه‌ند-په‌راوێز. مه‌به‌ستم لەم پێوەندییە ئه‌وه‌یه هەندێک جار له بهیتێکدا یه‌ک وشه ده‌بێته ناوه‌ند و چەقی کۆی به‌یته‌که. واته وشه‌کانی دیکه دەکەونە په‌راوێزی وشه ناوهندییەکهوە، یان وشه سه‌ره‌کییه‌که، یان شا وشه‌که، ئیدی هه‌ر ناوێکی لێ ده‌نێین. ئه‌و ناوه‌نده ده‌بێته کانگای مانا، ده‌بێته شوێنی سه‌رنج راکێشانی خوێنه‌ره‌وه. پێکهاتەی ئەو بەیتانەی کە خاوەنی پەیوەندیی ناوەند-پەڕاویزن خوێنه‌ره‌وه ناچار ده‌کات سەرنجی تایبەت بگرێتە وشه‌ی ناوەندی. وشه‌کانی دی به ده‌وری ئه‌م وشه‌یه‌دا ده‌خولێنه‌وه و ده‌بنه یاریده‌ده‌ر و روونکەرەوهی ئه‌و تاکه وشه‌یه. بڕوانە ئەم نموونەیە:
توڕڕه‌ت وه‌کو تۆماری شکسته و سه‌ری کوڵمت
بۆ نووری سه‌وادم بووه‌ته شه‌معی موتاڵا
له‌م بهیتەدا "سه‌ری کوڵمت" ئه‌و دەستەواژەیەیە که ده‌بێته ناوه‌ندی پێکهاتەی مانایی و فۆرمیی به‌یته‌که. نالی مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه سه‌رنجی خوێنه‌ره‌وه‌ی خۆی بۆ "سه‌ری کوڵم" راکێشێت و بیکاته ناوه‌ند بۆ وشه‌کانی تر. واته وشه‌کانی دی له خزمه‌ت گرنگی و پێگە و واتای "سه‌ری کوڵم" دان. گه‌ر "سه‌ری کوڵم" له‌و شیعره ده‌ربهێنیت، ئیدیسەرتاپای پێکهاتەی شیعره‌که تێکدەڕمێت، چونکه "سه‌ری کوڵم" له‌م شیعره‌دا بۆ نووری سه‌واد ده‌بێته شه‌معی موتاڵا؛ هاوکات توڕڕه و زوڵفی یاریش تۆمارێکی شکسته‌یه به ده‌وری "سه‌ری کوڵم"دا و لە سایەی رووناکایی "سەری کوڵم"وە قابیلی موتاڵا و خوێندنەوەیە. واته ئه‌م وشه‌یه، ئەگەر بە زمانی خوازە بدوێین، ده‌بێته چرا بۆ روون کردنه‌وه‌ی کۆی پێکهاتەی شیعره‌که. با ئاوڕ لە نموونەیەکی تریش بدەینەوە:
زوڵفت بە قه‌دتدا که په‌رێشان و بڵاوه
ئه‌مڕۆ له منی شیفته ئاڵۆز و بەداوە
گه‌ر سه‌رنج بده‌ن "زوڵف" ده‌بێته ناوه‌ندی به‌یته‌که. منی شیفته ده‌بێته په‌راوێزی زوڵف، هەم لە بەر ئەوەی یەک لە دەلیلەکانی شیفتە بوونی "من" پەرێشان و بڵاو بوونی ئەو زوڵفەیە، هەمیش لەو سۆنگەیەوە کە ئەو زوڵفەداوی بۆ "من" ناوەتەوە و دەخوازێت منی شیفتە بخاتە نێو کەمەندی خۆیەوە. "زوڵف" ناوەندە و وشەکانی تر، یەک لەوان "من" بە دەوری ئەو ناوەندەدا دەخولینەوە و دەوری خۆ دەگێڕن.
په‌یوه‌ندی سێیه‌م: په‌یوه‌ندی ته‌واوکه‌رانه. من ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌م به‌م جۆره ناو ناوه، چونکه تاک دێڕی دووهەم ته‌واوکه‌ری تاک دێڕی یەکەمە. واته نه پەیوەندییەکە هاوته‌ریبه، نه وشه‌یه‌ک تێیدا ده‌بێته سه‌نته‌ر، به‌ڵکو دوو تاک دێڕه‌که په‌یوه‌ندییه‌کی تهواوکهرانهیان بە نیسبەت یەکدی هه‌یه. با لەم نموونەیە خورد بینەوە:
بنوێنه برۆ، یه‌عنی هیلالی سەری ماهت
چون وهعدیی ماچی سه‌ری کوڵمت سەری ماهە
گه‌ر سه‌رنج بده‌ین، دەبینین تاک دێڕی یه‌که‌م ناته‌واو ده‌مێنێتەوه گه‌ر تاک دێڕی دووه‌م نه‌بێت، واته تاک دێڕه‌کان له چاوه‌ڕوانیی یه‌کدی دان بۆ ئەوەی دواجار مانای بەیتەکە کامڵ و تەواو بێت. له حاڵه‌تی دوو جۆر په‌یوه‌ندییه‌کانی پێشوودا تاک دێڕه‌کان بۆیان هەیە سهربهخۆیانە و بە تەنیاش بخوێندرێنەوه، بەڵام لەم حاڵەتی تەواوکەرانەیەدا مانای گشتیی بەیتەکە وابەستەی مانای هەر دوو تاک دێڕەکەیە لە یەک کاتدا. نموونەیەکی تر لەم حاڵەتە:
به‌حری غه‌زه‌لم پڕ لە دوڕ و گه‌وهه‌ره ئەمما
غه‌واسی ده‌وێ یه‌عنی به ته‌عمیقی بزانه
خودی ئه‌و "ئه‌مما"یه نیشانی ده‌دات که ده‌بێت تاک دێڕی دووه‌م بێتە ئاراوە بۆ ئه‌وه‌ی مانای شیعره‌که لە تاک دێری دووهەمدا کامڵ ببێت.
من پێموایه نالی چ خودئاگایانه، چ ناخودئاگایانه، ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی له شیعری خۆیدا دروست کردووە، هەر چەند ئەم پێوەندییە کەلامییانە رەگوڕیشەیان لە شیعری کلاسیکی فارسی دایە و ناتوانین بڵێین نالی داهێنەریانە. ئەوەی نالی دەیکات کەڵک وەرگرتنێکی شاعیرانە و شارەزایانەیە لەم پەیوەندییانە بۆ خوڵقاندنی شیعرێکی سەرکەوتووی کلاسیکی کوردی.
کۆچ: دنیابینی شیعره‌کانی نالی له کوێدا زۆر به زه‌قی خۆی ده‌رده‌خات؟
عەبدولخالق یەعقووبی: راسته نالی شاعیرێکی کلاسیکی بووه، به‌ڵام کلاسیکییه‌تی نالی کلاسیکییهتێکی ناداهێنەرانە و لاساییکهرەوانه نه‌بووه، ئەو شتەی کە تووشی زۆر شاعیری کلاسیکی هاتووە و ئیمڕۆکە لە مێژووی شیعر و ئەدەبیاتدا چ ناو و باویان نەماوە. شیعره‌کانی نالی دەروەست و چاولەدەستی گوتاره باو و شێوه ئاساییەکانی شیعری کلاسیک نه‌بووه، بەو مانایەی کە نەیتوانیبێت جیهانی هزری و جوانی ناسیی تایبەت بە خۆی بەرهەم بهێنێت. هه‌ر وه‌ها راسته له هه‌ندێ شوێندا وه‌ک ده‌مڕاست و قسه‌بێژی چینێک ده‌رده‌که‌وێت که ده‌سته‌بژێر و نوخبه‌ی کۆمه‌ڵگا بوون، چونکه ئه‌و کاته مه‌لا و پیاوی ئایینی ده‌سته‌بژێری کۆمه‌ڵگابوون، چونکه ئه‌وان هەلی خوێندنیان بۆ دەرەخسا و دواجار بۆیان هەبوو لە ناوەندەکانی دەسەڵاتی ئاغا و شێخ و میراندا ژیانێکی کەموزۆر جیاواز لە خەڵکی ئاسایی بژین. نالی خۆی یه‌کێ له شاعیرانی میرنشینی بابان بووه و بێگومان پێگه‌یه‌کی به‌رزی لای بابانه‌کان هه‌بووه. ره‌نگه ئه‌مه وای کردبێت پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی نالی زیاتر له چینه باڵاده‌سته‌کان نیزیک بووبێت. ئه‌مه به روخساری هه‌ندێ شیعرییه‌وه دیاره. به‌ڵام من دژ به‌و بۆچوونه‌ی سواره‌ی ئیلخانیزادهم که پێی وایه شیعری کلاسیکی کوردی به گشتی نوێنه‌ری چینی بۆرژوا و ئه‌ریستۆکرات بووه، و هه‌ر بۆیە شاعیرانی کلاسیک نه‌یانتوانیوه له ئه‌ده‌بیاتی فۆلکلۆری کوردی، کە ئەدەبیاتی چینەکانی خواروو و ژێرەدەستی کۆمەڵگەی ئەو کاتی کوردستان بووە، نیزیک ببنه‌وه و جارێکی دی له نێو به‌یت و حه‌یراندا کار بکه‌ن. بە رای سوارە، شاعیرانی کلاسیک پێویستیان به زمانێکی دەستەبژێرانە بووه، چونکه ئه‌وان خۆیان خه‌ریک و تەرخان کردبوو به چینێکی تایبه‌تی کۆمه‌ڵگا و شیعریان بۆ بەرژەوەندیی ئه‌و چینه ده‌نووسی.
من له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه‌دا نیم، به خاتری ئه‌وه‌ی ده‌زانم ئه‌م بیرۆکەیە شتێکی له به‌رچاو نه‌گرتووه، ئه‌ویش ئه‌و زه‌مینه په‌روه‌رده‌ییه‌یه کە شاعیرانی کلاسیکی تێیدا ژیاون. نالی له حوجره گه‌وره بووه، و لە دەلاقەی کتێب و مەلزەمە و باس‌وخواس و تاعەت و ئاینەوە لە دنیای روانیوە. ئەو که‌سەی له گوندێک شوان بێت، رانه مه‌ڕی هه‌بێت، به‌ده‌م دروێنە و مەڵەغان گێڕانەوە گۆرانی بڵێت یان شمشاڵ بژه‌نێت، ئاساییە دواجار ئه‌ده‌بیاتێکی فۆلکۆلۆری به‌رهه‌م بهێنێت. به‌ڵام نالی له زه‌مینه‌یه‌کی جودادا په‌روه‌رده بووه. راسته نالی شاعیری نوخبه‌کان بووه، و پێم وایە ئێستاش هەر وایە، به‌ڵام شیعریشی هەیە خوێنهرەرەی ئاساییش چێژی لێ وه‌رده‌گرن. لەوانەیە پرسیار بکەین بۆچی نالی که شیعره‌کانی دەستەبژێرانەن، بەڵام دیسان خوێنەرەوی مام ناوەندیش پێوەندی لە گەڵ دروست دەکات و هەست دەکات نیزیکایەتی لە گەڵ ئەو جیهانە هەیە، با تەواویش تێی نەگات و پڕ بە پێست فامی نەکات. یەکێک لە سەرچاوەکانی جوانی ناسیی شیعری نالی پاژبینی و ورد ڕوانینێتی بۆ شتەکان و دیاردەکان. بۆ نموونه:
چییه گواره گوناهی، وا به نەستەق
بە گوێ ههڵتاوەسیوه سه‌ر موعهللەق
ئه‌م شیعره گه‌ر سه‌رنج بده‌ین رووی له یارە، بەڵام چاوی له گواره‌که‌ی بڕیوه. لێرەدا نالی لە رێگای باس کردن لە دۆخی نالەبار و نەگونجاوی گوارە لە راستیدا وەسفی زاڵمی و زۆرداری یارەکە دەکات، و بەم شێوە پاژبینانە و ناڕاستەوخۆیە مانا و مەبەستی خۆی لە پەردەدا دگەیەنێت. نالی له زۆر جێ‌دا لە شته زۆر ورد و پاژەکییەکان ده‌روانێت و ئه‌و ئۆبژانە ده‌کاته که‌ره‌سه‌ی شیعریی خۆی که بۆ شیعر وێنا کردنیان کارێکی ئاسان و ئاسایی نییە. له شوێنێکی تردا دیسان گواره وهسفدهکاتهوه و ده‌ڵێت:
سه‌راپای گواره زه‌ردی ترس و لەرزە
ده‌ڵێی عاسی بووه له‌و جێگه به‌رزه!
لێرەدا ئیتر مەسەلەکە تەنیا ئەوە نییە کە نالی پاژێکی لە چەشنی گوارە لە گوێی یارەکەیدا دەبینێت، بەڵکو مەسەلەی گرینگ ئەوەیە کە پەی بە زەرد بوونی ئەو گوارەیە دەبات کە هەر لە ئەساسەوە رەنگی خۆیشی زەردە، کە ئەمەش گەمەیەکە نالی بەو رەنگەی کردووە لەو دۆخە مەترسیدار و پێگە بەرزەدا! له نموونه‌یه‌کی دی‌دا ده‌ڵێت:
سه‌ری هه‌ر مووی به‌ده‌نم ته‌رزه ته‌مه‌نایه‌که
گه‌ردشی تووکی سه‌رم دووکه‌ڵی سەودایەکە
نالی هێنده مایکرۆسکۆپی شیعری خۆی لە سەر بابەتەکەی ناوەندگیر دەکات که مووی به‌ده‌ن به‌رجه‌سته ده‌کاتەوە، و ده‌یکاته ته‌مه‌ننایه‌ک له بوونی خۆی بۆ یاره‌که‌ی. هاوکات گه‌ردشی تووکی سه‌ری، که دیسان هه‌ر مووی به‌ده‌نه، ده‌کاته دووکه‌ڵێک بۆ سه‌ودای خۆشه‌ویسته‌که‌ی. ئه‌مه زۆر پاژبینانه و ورد و ناسکه له شیعردا که نالی شوێنی بۆ کردۆته‌وه و کردوویه‌ته که‌ره‌سه‌ی جوانیی شیعرەکەی. دیسان نموونەیەک بۆ دیار کردنی خەسڵەتی پاژبینی لە شیعری نالی‌دا:
وا ظەن مەبە روخسارەیی تۆ غائیبه قوربان
بنواڕه چلۆن نه‌خشه له نێو دیده‌یی تەڕما
نالی بۆ ئەوەی حزووری روخساری یار بسەلمێنێت، نەخشی ئەو روخسارە دەکاتە خاڵێک لە دیده‌یدا؛ دیدهکهش دیده‌یه‌کی ته‌ڕه. واته له یه‌ک به‌یتدا چه‌ندین وه‌سف ده‌کات. روخساری یار نه‌ک هه‌ر نائاماده نییه، به‌ڵکو ئاماده‌یه، ئاماده‌ییه‌که‌ی له چه‌شنی نهقشێکه له نێو چاویدا، ئەو چاوەی نالی باس لە گریانی ناکت، بەڵکو بە ئاماژە کردن بۆ تەڕ بوونی رادەی تامەزرۆیی و غەریبیی خۆی بۆ یارەکەی وێنا دەکات. نالی شاعیری ئیماژ و ئاماژەیە، نەک دەربڕینی راستەخۆ و ریزکردنی دەستەواژە. ئیماژی ئۆبژە وردەکان و ئاماژە بۆ هەستە شاراوەکانی رۆح و گیانی مرۆڤانە.
کۆچ: رۆحی شیعری نالی یان شیعریه‌تی شیعری نالی چین؟ هه‌ر ئه‌مانه‌ی که باست کردن به‌شێک نین له‌و رۆحیه‌ته؟
عەبدولخالق یەعقووبی: شیعرییه‌تی شیعر یه‌ک شت نییه به ته‌نیا، به‌ڵکو کۆیەکە یان گشتێکه کە له ده‌ربڕینی شیعریدا خوویا دەبێت. ئەوەی راستی بێت، ئه‌وه شتانەی له‌م دانوستانەدا باسمانکرد به‌شێکی زۆری شیعرییه‌تی شیعر بوون لای نالی. ئەو سێ جۆر په‌یوه‌ندییه‌ی کە پێکهاتەی شیعری نالی-دا هەن شیعرییه‌تی شیعری نالین. نالی زیره‌کانه توانیویه‌تی سیستمێکی شیعریی جوان بسازێنێت. ده‌ی شیعرییه‌ت جۆرێکه له‌مه؛ که تییدا جوانسازی بکرێت؛ له ده‌قێکدا، وشه‌کان خاوه‌ن ئاهه‌نگی خۆیان بن، که ده‌بنه به‌یت ئاهه‌نگێکی نوێ ساز که‌ن، یه‌کێتییه‌کی جوان چێ بکەن. وه‌ک چۆن ده‌ڵێیت ئینسانییه‌ت واته جۆرێکه له جه‌وهه‌ر و رۆحی ئینسانی، شیعرییه‌تیش رۆحی شیعره، گەوهەر و گەورەیی شیعرە. شیعرییه‌ت خه‌سڵه‌تێکه ده‌بێته تایبه‌تمه‌ندی. بۆ نموونه باسی تێکشکاندنی گوتاره باوه‌کانمان کرد، ئه‌وه خهسڵەتێکه، جوانی و کارکردن له ئاست وشه و گه‌مه‌ی زمانی‌دا به‌شێکه له شیعرییه‌تی شیعری نالی، به شیعر کردنی که‌ره‌سه په‌راوێزخراوه‌کان به‌شێکه له شیعرییه‌ت...که واته شیعرییه‌ت له بۆشاییدا نییه و نابێت، چونکه ئێمه ده‌توانین ئاماژه بۆ دەرکەوتەکانی شیعرییەت بکه‌ین. شیعرییەت شتێکی نادیار نییه، لەو سەرەوە کە نامەوجوود نییە، به‌ڵام دەشێ لە رێگای جیلوە و دەرکەوتەکانییەوە هەستی پێ بکرێت.
کۆچ: بۆچی نالی شیعری نووسیوه؟ به‌وه‌ی که هه‌وڵی داوه زمانی کوردی له فه‌وتان ڕزگار بکات، یان هۆکاری ئایینی رۆڵی هه‌بووه... هه‌ست ناکه‌ن پێویستی نالی بووه بۆ شیعر که هه‌رده‌بوو شیعری بنووسیایه، چونکه پێویستی پێ بووه؟
عەبدولخالق یەعقووبی: ئه‌م پرسیاره‌تان به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو پرسیاره‌کانی دیکه‌تان، له‌و پرسیارانه‌یه ده‌بێ رووبه‌ڕووی خودی شاعیری بکه‌یه‌وه. گه‌ر ناچار بم وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بده‌مه‌وه، ئه‌وا من دەبێ باوه‌ڕم به نییه‌ت و مه‌به‌ستی شاعیر هه‌بێت، واته ده‌بێ که‌شفی نییه‌تی شاعیر بکه‌م؛ ده‌بێ لایه‌نی ده‌روونیی شاعیر ده‌ر بخه‌م؛ ده‌بێ بزانم هه‌ڵوێستی شەخسیی شاعیر به‌رامبه‌ر به شیعر چی بووه. ئه‌سته‌مه بڵێم بۆچی نالی، وەک تاکەکەس، شیعر ده‌نووسێت، به‌ڵام هه‌ستده‌که‌م شاعیرێک به‌راستی شاعیر بێت، ناچاره لە شیعر نووسین. چونکه شیعر ده‌بێته ناسنامه بۆی. شیعر دەبێتە ناسنامەیەکی ناشەخسی بۆی. کە واتە دەتوانم پێت بڵێم، وەک لە بەشێکی قسەکانمدا باسم کرد، نالیی شاعیر، کە ئیتر تازە ئەو نالییەیە کە کەوتووەتە بەردەستی ئێمە، بۆچی شیعری نووسیوە، بەڵان ناتوانم بە تێڕادیوی پێت بڵێم نالیی تاک، نالی وەک مەلا خدری شاوەیسیی سەدەی نۆزدە، بۆچی شیعری نووسیوە.
کۆچ: مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بڵێم نالی نه‌هاتووه شیعر وه‌ک ئامێرێ ببینێت. نالی خۆی شاعیر بووه بۆیه شیعری نووسیوه؟
عەبدولخالق یەعقووبی: من ده‌ڵێم که‌سێ که شاعیر بێت، که داهێنه‌ر بێت، یه‌که‌م شت کە هانی ده‌دات شیعر بنووسێت خودی شیعره‌که‌یه؛ ئه‌و چێژه‌ی له زمان و مۆسیقا و داهێنان و مانای شیعره‌که‌ی دایە پاڵی پیووە دەنێت شیعر بنووسێت. شیعر نووسین بۆ شاعیری رەسەن و داهێنەر بڕیارێک نییە خۆی دەری بکات، بەڵکو تەنیا کردەیەکە کە دەیکات. هەڵبەت هاوکات خواستێکی ده‌روونیی خۆیشی به‌دی دێنێت. بارێک که ده‌روونی قورس کردووه، به نووسینی شیعر لە کۆڵی دەبێتەوە. به‌ڵام خۆ ناکرێت بڵێین مادام شاعیر ناتوانێت لە جەبری نەنووسینی شیعر بخەلەسێنێت، کە واتە بەو مانایەیە کە وا شاعیر بۆ شیعرییه‌تی ڕووت شیعری نووسیوه. لە بیرمان نەچێت شاعیر دواجار مرۆڤێکه پێش خۆبه‌تاڵکردنه‌وه‌ی لە قورساییی شیعره‌که‌ی، وه‌ک مرۆڤێک له ناو کۆمه‌ڵدا ژیاوه، په‌روه‌رده‌ی ژینگه‌یه‌کی مرۆییه، ئه‌زموونگه‌لێکی ئینسانیی بینیوه، ئاشق بووە، تێکشکاوه، غوربه‌تی ئه‌زموون کردووه، له ژیانی کۆمەڵایەتیی خۆیدا هەندێک جار سەرکەوتووە و جاری وا بووە دۆڕاوه...که واته له کۆتاییدا ده‌قه شیعرییه‌که‌ی هه‌ڵگری ته‌واوی ئه‌و ئەگەر و ئه‌زموونانه‌یه، که دواجار سەرلەبەری هزر و هەست و جیهانبینیی ئەو پێکدێنن. کە واته به‌رهه‌می شاعیر به‌رهه‌مێکی ئینسانییه. ئەوە دواتر و لە پاش بە دەق کردنی هزر و هەستی شاعیرە کە خوێندنه‌وه‌ی مه‌عریفی یان جوانی ناسانەی دەق دێتە ئاراوە. به‌بڕوای من، شیعره‌که ده‌بێت وه‌ک شیعر بخوڵقێت و له دایک ببێت، به‌ڵام دواجار که خۆی خسته به‌ردیده‌ی خوێنه‌ره‌وه، مانای تێدایه، هه‌ڵوێستی تێدایه سه‌باره‌ت به مه‌عریفه‌ی سه‌رده‌م و مه‌عریفه باوه‌کان، جوانی تێدایه، دەبێتە ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، پاراستنی زمانێکی له خۆدا هه‌ڵگرتووه...ئه‌م شتانه شاعیر بۆی دانه‌نیشتووه و بڵێت با من ئه‌وه بکه‌م و ئەوە نەکەم. بێگومان ئێوه وته‌نی شیعر ئامێر نییه. شاعیر دانانیشێت بڵێت من ئه‌مڕۆ له‌م شیعره‌مدا کار بۆ پاراستنی زمانی کوردی ده‌که‌م، بۆ شیعره‌که‌ی ترم ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌م ده‌پارێزم. شیعر ئه‌وه نییه، به‌ڵکو جوانییه‌که ده‌خوڵقێت، به‌ڵام ئه‌و جوانییه هه‌موو ئه‌و شتانه‌شی تێدایه که شاعیر ناتوانێت پێشوەخت بڕیاریان لە سەر بدات. له به‌ر ئه‌وه‌ی شیعر هه‌ڵقوڵاوی هه‌ست و سۆز و خودئاگایی و نائاگایی و خەون و خولیای شاعیره، چونکه شاعیر مرۆڤێکه بارگاوییه به هه‌موو ئه‌و شتانه. شیعر، وه‌ک گوتم، له بۆشاییدا ناخوڵقێت، بوونی مرۆڤیش له بۆشاییدا نییه، له به‌ر ئه‌وه له گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم بڵێم من هونه‌ر ده‌نووسم بۆ هونه‌ر. چونکه خودی ئه‌م دروشمە خه‌ریکه بڕیارێک ده‌دات بۆ نووسین. هه‌ر چه‌ند من ده‌ڵێم نالی ئه‌ندازیاره، به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه بڵێم نالی بە پیی پلانێکی پێشوەخت بینای شیعری خۆی چێ کردووە. نالی شیعری پێ ئامێر نەبووە، بەڵام شیعر دوای خوڵقانی، ترشیمان بێت و خۆشیمان بێت، دەبێتە بابەتی هزرڤانی، بابەتی جوانی ناسی، بابەتی کۆمەڵناسی، تەنانەت بابەتی سیاسی. سەرباری ئەوە، شیعری داهێنەرانە بۆ ئەم مەبەستانە نانووسرێت، کە ئەگەر بنووسرێت لە شیعرییەتی خۆی دادەماڵدرێت و تا ئاستی ئامێرێتی دادەبەزێت.
کۆچ: نالی تاچه‌ند گهمهبازێکی به توانابووه، واتا تاچه‌ند گهمەی زمانی ئه‌نجام داوه؟ دیاره ئه‌م گه‌مه‌یه‌ش لادان دروست ده‌کات، که پێویستییه‌کی شیعره، چونکه لادانه له باو، ئه‌مه‌ش وه‌ک له نووسینێکتاندا له‌سه‌ر نالی باسی ئه‌وه‌تان کردووه، که ئه‌مە فریودانی خوێنه‌ره و پێویستی به خوێنه‌رێکی چالاکه تا فریو نه‌خوات. ده‌کرێت زیاتر له‌مباره‌یه‌وه بدوێن و باسی گه‌مه زمانییه‌کانی نالی بکه‌ن؟
عەبدولخالق یەعقووبی: ئەوەی راستی بێت، له‌و نووسینەمدا به ناوی ''زه‌قکردنه‌وه‌ی زمانیی له زمانی شیعری نالی‌دا''، چه‌ندین نموونه‌م هێناوه‌ته‌وه و شیم کردوونەتەوه. له‌و نووسینه‌دا زیاتر له‌سه‌ر ئاستی دێڕه شیعرییه‌کان باسی لادانی زمانی ده‌کەم. نامه‌وێت بابەتەکانی ئەو وتارە دووباره بکه‌مه‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت لێرەدا وه‌ک زیادکراوێک باسی بکه‌م جۆرێکی تری لادان یان زه‌قکردنه‌وه‌یه‌کی دیکەیە کە نالی له شیعری خۆیدا رەچاوی کردووە بۆ ئه‌وه‌ی جۆرێک له پێکه‌وه گونجان و لێک وەشانەوە له نێوان بابه‌تی شیعری و زمانی ده‌ربڕینی ئه‌و بابه‌ته ساز بکات. واته، گه‌ر چاو لێ بکه‌یت، دەبینی له ئه‌زموونی شیعری کلاسیک‌دا، زمان زۆربەی جارحاڵهتێکی یه‌کده‌ست و یه‌ک ریتم و یەک ئاهه‌نگی هه‌بووه بۆ ئه‌وه‌ی زۆر زوو و زۆر سادە مه‌به‌ستی شاعیری پێ بگه‌یه‌نێت، بێ ئه‌وه‌ی شاعیر ئه‌و ده‌ره‌تانه بۆ خوێنهرهوهکهی بڕەخسێنیت که زیاتر له دنیای شیعرییه‌که‌ی ورد بێته‌وه و بێ ئەوەی شێوەی دەربڕین بە لە بەر چاو گرتنی جۆری بابەتی شیعرەکە بێت. به‌ڵام نالی زیره‌کانه توانیویه‌تی له زۆرینه‌ی شیعره‌کانیدا چەشنێک هارمۆنی و هاوئاهه‌نگی، کە پێویستی بە هەوراز و نشێوی مۆسیقاییە، له نێوان زمان و بابه‌تی شیعره‌که‌یدا ساز بکات. بۆ نموونه، شیعرێکی به‌ناوبانگی نالی هه‌یه کە جۆرێک له ته‌وس لێدان و پلار گرتنه له چینێکی کۆمه‌ڵگه، واتە چینی سۆفی ئایین و شێخ مەزهەب. زمانی نالی لەم شیعرەدا تێکه‌ڵه‌یه‌که له زمانی زبر و له تەعبیری ته‌نزاوی و دەربڕینێکی توانج ئامێز و تەشەر ئاسا. با بڕوانینە بەشێک لەم شیعرە و پاشان بە کورتی لێی بدوێین:
بنواره وشکهسۆفی و ره‌قسی به هه‌لهه‌له
دیسان له به‌حری وشکی هه‌وا که‌وته پێ مه‌له
ئه‌م ئەرضە مەزرەعەی عه‌مه‌له و کوڵخەنی ئه‌مه‌ل
هه‌ندی بووه به مەسجید و هەندی بە مەزبەلە
شێخم، چ گه‌رمه حه‌لقه‌یی زیکرت به ره‌شبه‌ڵه‌ک
حاڵی ئه‌مانه خۆ بە جەنابت مووحەوەلە!
دایم له دووته مێگه‌لی ژن، نێرگه‌لی پیاو
به‌م رێشهوه له پێشه‌وه بووگی به سه‌رگه‌له!
گه‌ر سه‌رنجی ئه‌م شیعره بده‌ین، دەبینین نالی له‌و فه‌زا یهکدهستهی کە له شیعری کلاسیکیی ئه‌و ده‌مه‌دا باو بووه، ئه‌و زمانه پاوانخواز و تۆتالیتاره‌ی که شاعیران ویستوویانه نییه‌تی خۆیانی تێدا زاڵ بکه‌ن به سه‌ر شیعردا لای داوه. ئه‌م لادانه له ئاستی وشە و ده‌سته‌واژه ترازاوه و گه‌یشتۆته ئاستی پێکهاته‌ییی شیعره‌که. نالی له‌م شیعره‌دا بۆ ئه‌وه‌ی سەری رمی ره‌خنەی خۆی له شێخ و وشهکهسۆفی...تیژ بکات، زمانێکی هه‌ڵبژاردووه کە زمانێکی زۆر تهوساوییە و کاریگەرە لە سەر لە هەرادانی کەشف و کەراماتی شیخ و سۆفی. سه‌رنج بگرنە دهستهواژەی لە چەشنی "وشکهسۆفی"، که ده‌شێ له‌به‌رامبه‌ر مرۆڤی دڵته‌ڕ داینێین. بڕوانە "ره‌قسی به‌هه‌لهه‌له"، کە مه‌به‌ستی ره‌قسێکی نه‌زانانه و نه‌شاره‌زایانه و عه‌وامانه‌یه؛ "به‌حری وشکی هه‌وا" له‌بری ئه‌وه‌ی به‌حره‌که پڕی ئاو بێت، پڕی هه‌وایه، کهئاماژەیە بۆ بۆشایی و هەوەس ئامێز بوونی ژیانی چینی باس‌کراو. یان شوبهاندنی موریده‌کان به مێگه‌ل و نێرگه‌ل، که ئاماژهیەکە هەم بە موریدانی ژن و پیاو، هەمیش به مه‌ڕ و بزن.
کۆچ: زۆر باسی گرنگی و جوانی ناسیی نالیمان کرد، زۆر لایه‌نی به‌رزی شیعره‌کانیمان باس کرد، ئێستا ده‌مه‌وێت کۆتا پرسیارم له سه‌ر لاوازیی شیعره‌کانی نالی بدوێین، لاوازی ده‌قی نالی له کوێدا ده‌رده‌که‌وێت؟ ئایا چۆن ده‌کرێت یان ده‌کرێت لاوازییه‌که پاساو بدرێت؟
عەبدولخالق یەعقووبی: نالی وه‌ک هه‌موو شاعیرێک چ له ئاستی مه‌عریفه و گوتاریدا، چ له ئاستی جوانیناسی و زمانی‌دا قابیلی ره‌خنه لێ گرتنه. به‌ڵام گرنگه بتوانین ره‌خنه‌که ببه‌ستینه‌وه بەو زه‌مینه و کۆنتێکسته‌وه که شاعیر شیعری تێدا بەرهەم هێناوە، نه‌ک خواست و نییه‌تی خۆمان بکه‌ینه رۆچنەی ره‌خنه‌کان؛ نالی ده‌بوا وای بنووسیایه، وای بگوتبایە، وای بکردایه!...ئه‌مانه ره‌خنه‌ی زانستی نین، چونکه شاعیر دنیای خۆی هه‌یه؛ شاعیر لە لانکەی بارودۆخی خۆیدا گۆش دەکرێت و باڵا دەکات. ره‌خنه‌کار ئه‌و کەسەیە که ره‌خنه‌که‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای خودی ده‌قه‌که‌یه، نه‌ک له‌سه‌ر ئه‌و ئامانج و ئایدیالەی له زەینی خۆی دایە. به‌داخه‌وه تائیستا زۆر ره‌خنه‌کاری کورد ره‌خنه به‌مجۆره تێده‌گه‌ن. سەیری ئەم گوزارانە بکەن کە بە لیشاو وەک رەخنە ئاراستەی کەسی وەک نالی دەکرێن: نالی ده‌بوایه زیاتر ئاوڕی له لایه‌نی ناسیونالیستی کورد بدایه‌ته‌وه، نالی ده‌بوایه وه‌ک حاجی قادری نەخشەڕێی کوردایەتیی بکێشابایەتەوە، نالی ده‌بوا که‌متر رووی له شیعری ئایینی کردبا و هتد. ئه‌م ره‌خنانه سه‌پاندنی خواستی ره‌خنه‌گره بە سەر واقیعی دەقدا و بە سەر ئەو دۆخەی ئەو واقیعەی تێدا لە دایک بووە.
به بڕوای من نالی له دوو لایه‌نه‌وه شایه‌نی ره‌خنه لێ گرتنه. یه‌کەم، ئه‌وه‌ی کاتێ نالی ده‌یه‌وێت شیعرێکی ئایینپهروهرانه، ئەویش لە قاڵبی قەسیدەدا نەک غەزەل، بنووسێت، دەڵێی هەندێک جار فه‌رامۆشی کردووه که به زمانی کوردی ده‌نووسێت. هەندێک لە شیعرە ئایینپەروەرانە درێژەکانی نالی شیعری ده‌سته‌بژێرانه‌ی رووتن و زۆر وشه‌ی عه‌ره‌بییان تێدایه. لەم نموونە شیعرانەدا گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی فراوان و لە رادەبەدەر دەبینرێت بۆ کەلەپوور و سهرچاوهگەلی مه‌عریفه دینی و فیقهی و شەرعی. بڕوانە ئەم نموونەیەی خوارەوە:
ئەی ساکینی ریاضی مەدینەی مونەووەرە
لوطفێ بکە، بفەرموو: مەدینەی منە، و وەرە
عەرشی بەرین کە دائیرەیە، رەوضە مەرکەزە
فەرشی زەمین بە عەرسەیی طەیبە موجەوهەرە
طەیبە کە یەعنی عەکسی بەقیعی هەموو عەبیر
طەیبە کە یەعنی مایەیی ئەو میشکی ئەذفەرە
ئەم شیعرە لە راستیدا لانیکەم بۆ منی خوێنەرەوەی کورد رەزاسووک و لەبەردڵان نییە. لە ئاستی وشه‌دا، زۆرینەی وشەکان عارەبیی رووتن و هەوڵیش نەدراوە لە دوو توێی تەعبیرێکی کوردانەدا خەستوخۆڵیی عارەبی بوونیان تراو بکرێتەوە. لەو سۆنگەیەوە کە ئەم قەسیدەیە شەست و هەشت بەیتە، نالی ناچار بووە بۆ زۆربەی سەرواکانی پشت بە وشەی رەق و تەقی عارەبی ببەستێت کە دیسان فەزای گشتیی شیعرەکەی موعەڕڕەباوی کردووە. نالی له‌م شیعرەدا زیاتر خه‌ریکی زمانبازیی رووت و کایهیەکی رەهای به‌لاغییه؛ ئه‌م زمانبازی و کایه بهلاغییهش پتر لە خزمەتی گەیاندنی پەیامێکی دیاریکراون تا خوڵقاندنی جوانییەکی شاعیرانە. هەڵبەت ئەم بۆچوونەم بە مانای ئەوە نییە کە نالی لە هەموو شیعرە ئایینپەروەرانەکانیدا تا ئەو رێژە و رادەیە لە ناسنامەی رەسەنی شیعریی خۆی دوور کەوتووەتەوە. بۆ نموونە، لە شیعری دەستپێکی دیوانەکەیدا، کە شیعرێکە لە سەر بابەتی خواپەرەستی، ئەوپەڕی جوانکاریی شاعیرانەی خۆی بە کار هێناوە:
ئه‌ی جیلوه‌ده‌ری حوسن و جڵه‌وکێشی ته‌ماشا
سه‌رڕشته‌یی دین بێ مه‌ده‌دی تۆ نییه حاشا
زه‌ڕڕاتی عوکوسی کهششی میهری جه‌لالن
وا دێن و ده‌چن سهرزەده سوڵتان و شەهەنشا
لایەنی دووه‌می ره‌خنه‌ی من سه‌باره‌ت به شیعره‌کانی نالی رووی لەو دەستەواژانهیە کە پێشتر له شیعری کلاسیکیدا، به تایبه‌ت شیعری کلاسیکی فارسی، به کار هاتوون،و نالی هاتووه وه‌ک خۆی و بە بێ ئەوەی لە بێژینگی زمان و چێشکەی مرۆڤی کوردی بدات به‌کاری هێناونەتهوه. بۆیە خوێنه‌ری ورد له‌و شیعرانه‌دا بۆی ده‌رده‌که‌وێت که شوێنی ئه‌و وشانه له پێکهاتەی شیعره‌کاندا سروشتی نییه. به‌ڵام شارەزایی و زیره‌کییه‌که‌ی نالی له‌وە دایه کە زۆرکات ده‌ستبه‌جێ له گه‌ڵ ئه‌و جۆرە گوزارە ناکوردییانە تەعبیری کوردی به‌کاردێنێت، یان ئەم دەستەواژە بە قەرز وەرگیراوانە دەخاتە نێو زەمینەی گوزارەیەکی رەسەنی کوردییەوە و هاوسەنگیی زمانی و گوتاریی شیعرەکەی دەپارێزێت. بۆ نموونه:
بڵێ نالی به ئه‌ربابی وه‌فا بێن
هه‌موو موحتاجی خاک و بێڵ وپاچین
لەم شیعرەدا، دەستەوشهی "ئەربابی وه‌فا" به‌راستی گه‌لێ جار له شیعری کلاسیکی فارسی‌دا به کار هاتووە؛ لە لایەکی ترەوە، نالی به هه‌مان واتا به‌کاری هێناوه و چ ناسنامەیەکی خۆماڵی پێ نەبەخشیوە. به‌ڵام دواتر و لە دێڕی دووه‌مدا(هه‌موو موحتاجی...) که‌مێک فەزا شیعرییه‌که‌ی کوردانه ده‌کات و هاوسه‌نگیی زمانی و گوتاری شیعرەکە راده‌گرێت. نموونەیەکی دیکە:
له‌سه‌ر به‌ردی گوڵێکی باغی حوسنت
هه‌زار گوڵچینی بێ به‌رگ و نه‌وا چین
"باغی حوسن" یه‌کێکه له‌و ده‌سته‌واژانه‌ی نالی بێ گۆڕانکاری له شیعری کلاسیکی فارسیی وه‌رگرتووه.
نالی وه‌ره لاده له خه‌ده‌نگی موژهیی یار
ئەو کافره مه‌ستانه که غاره‌تگه‌ری دینن
له‌م شیعره‌دا تەنانەت هاوسهنگییهکهش نه‌ماوه، چونکه چ "خه‌ده‌نگی موژه"، چ "کافره مه‌ستانه"، چ "غارهرتگهری دین"، ده‌سته‌واژه‌گه‌لێکن له ئه‌ده‌بیاتی کلاسیکی فارسی‌دا بە فراوانی به‌کارهاتوون و نالیش وه‌ک خۆی به‌کاری هێناونه‌ته‌وه.
ده‌مه‌وێ له کۆتایی ئه‌م دیداره درێژه‌دا بڵێم، وتووێژ له‌سه‌ر نالی ماندووم ناکات، بگره گوڕ و تینم ده‌داتێ. به‌ڵام به‌راستی ده‌ره‌تان بۆ باسکردن و قسه‌کردن له سه‌ر شاعیرێکی وه‌ک نالی، ده‌بێ ده‌ره‌تان بێت بۆ باس کردن له‌سه‌ر ئیستای خۆمان، له سه‌ر دۆخی ئیستامان. هاوکات چێ کردنه‌وه‌ی ئه‌و ناسنامه کولتووری و ئه‌ده‌بییه بێت که تائیستا ئێمه ویستوومانه بۆ مرۆڤی کوردی بسازێنین. پێموایه نا‌توانیت ئه‌ده‌بیاتێکی نوێ و مۆدێرنی کوردی به‌رهه‌م بهێنی ئه‌گه‌ر بێت و سوننه‌تی خۆت به باشی نه‌ناسیت. من هه‌رگیز نالیم ناخوێنمەوە بۆ ئەوەی تەنیا بزانم دوو سەدە بەر لە ئێستا چی گوتووه. بۆ ئه‌وه دەیخوێنمەوە بزانم له نالی ده‌توانم چی وه‌ربگرم بۆ دروست کردنی ناسنامه‌ی ئیستای خۆم، خۆم وه‌کو تاکی کورد و خۆم وەکو نه‌ته‌وه‌ی کورد. جوانی نالی له‌وه دایه کە راسته چێژبه‌خشه له رووی جوانی ناسییهکهیەوه، به‌ڵام دنیایه‌ک مه‌عریفه‌شی تێدایه، مەعریفەیەک کە دەتوانین بیکەین بە نیشتمانی خۆمان. دەتوانین لە نێو غوربەتی زمانی نالی‌دا جیهانێکی ئاشنا و ئاسوودە بینا بکەین و پتر لە خۆمان بگەین و زێتر بە خۆمان بگەین. کورت و کورمانجی، ئه‌گه‌ر ئه‌م وتوێژه‌ی ئه‌مڕۆمان تەنانەت تاقە بستێکی بە پانتایی جوگرافیای خۆشه‌ویستیی نالی و مەعریفە و زمانی نالی و شیعری کوردی زیاد کردبێت، ئه‌وا من خۆشحاڵ و خەنی دەبم.
هەولێر، زانکۆی جیهان
شەممە، رێکەوتی ٢٧/٠٤/٢٠١٣
|
34111
جار خوێندراوه‌ته‌وه |
|
|
|
زیاتر
|
|
رات چییه له‌سه‌ر بابه‌ته بڵاوكراوه‌كانی ئه‌م سایته؟
|
ژماره بەرهەمەکانی ناوەندی کەلتووری کۆچ
|
|
|
govari koch| All rights reserved © 2010