ئه‌و گرێكوێرانه‌ی له ژیانی نالی‌دا ناكرێنه‌وه م. عه‌لی
هیچ شاعیرێك به‌قه‌د نالی مشتومڕی زۆری له‌دوای خۆی به‌جێنه‌هێشتووه له‌سه‌ر زۆر بابه‌ت كه وه‌كو گرێكوێره ماونه‌ته‌وه و چه‌نده قسه‌ی له‌سه‌ربكرێ به‌ئاسانی یهكلاییناكرێنهوه.
نالی ئه‌و شاعیره پایهبهرزهبوو كه توانی كوده‌تایه‌ك بهرپابكا و قوتابخانه‌ی شیعری كلاسیكی كوردی له باشووری كوردستاندا دابمه‌زرێنێ.. ئه‌و هێشتا خۆی له‌ژیاندا بوو شاعیرێكی وه‌كو سالمی هاوڕێی به (حه‌زره‌ت) ناویببات وه‌كو له‌م شیعره‌یدا ده‌ڵێ:
توخوا بڵێ به حه‌زره‌تی نالی دهخیلیبم
بهمنهوعه قه‌ت نه‌كا به سوله‌یمانییا گوزه‌ر
حاجی قادری هاوسهردهمیشی له‌باره‌یه‌وه ده‌ڵێ:
نالی ئوستادهكی گه‌لێ چابوو
خزری ئابی حه‌یاتی مهعنابوو..
سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو پێشڤه‌چوونه‌ی هه‌نگاوه‌كانی كاروانی شیعری كوردی تائێستا نه‌توانراوه تخووبی ئه‌و ببه‌زێنرێ و هه‌تادێت ئیستاتیكای ناوه‌وه‌ی شیعره‌كانی ده‌دره‌وشێته‌وه.
له‌وانه‌یه، وه‌كو ده‌وترێ نالی له‌هه‌موو شاعیرانیتری كورد له‌ڕووی بایه‌خپێدان و لێكۆڵینه‌وه و له‌سه‌رنووسین بهختهوهرتربێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا نه‌توانراوه په‌ی به‌زۆر له نهێنییه‌كانی ژیانی ئه‌و ببرێ و لهوهشناچێ له‌ئایینده‌ی نزیكیشدا شتێكی ئه‌وتۆ ده‌ربكه‌وێ ئاراسته‌ی قسه‌كردن له‌سه‌ر گرێكوێره‌كانی ژیانی نالی بگۆڕێ.
گه‌وره‌ترین كێشه له میژووی ئه‌ده‌بی كوردیدا مه‌سه‌له‌ی مێژوو یان نووسینی رووداوه‌كانه كه گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه بۆ تیشكخستنهسهر رۆژگار و سه‌رده‌می شاعیره‌كان و تێگه‌یشتن له ناوه‌ڕۆكی شیعره‌كانیان و جێنه‌هێشتنی گرێوگۆڵ و ئاڵۆزی و دروستنه‌كردنی سه‌ریه‌شه بۆ دوای خۆیان.
نالی یه‌كێكه له‌و شاعیرانه‌ی كه رۆژ و كات و بگره شوێنی شیعرنووسینهكانی نه‌نووسیوه یان باسنه‌كردووه، به كه‌میش له شیعره‌كانیدا به حیسابی ئه‌بجه‌دی ئاماژه‌ی به رووداوێك له‌سه‌ر كه‌سێك داوه، مه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی له‌نزیكه‌وه ئاگایان له شیعره‌كانی بووبێ و ئاماژهیانپێكردبێ.
لێره‌دا ئێمه باس له‌و شتانه ده‌كه‌ین وه‌كو گرێوگۆڵ ماونه‌ته‌وه و مشتومڕی زۆریان له‌سه‌ره:
ره‌چه‌ڵه‌كی نالی:
له‌لای میللهتانیتر گرنگی باش به ره‌چه‌ڵه‌كناسی دراوه، ده‌یان كتێب له‌مباره‌یه‌وه نووسراوه، به‌ڵام له‌لای كورد زۆر بایه‌خ به‌م مه‌سه‌له‌یه نه‌دراوه، ئه‌گه‌ر كتێبیش له‌سه‌ر ژیانی كه‌سایه‌تییه‌كان نووسرابێته‌وه، ئه‌وا به‌سه‌رپێیی به‌لای ره‌چه‌ڵه‌كدا تێپه‌ڕیون، بۆیه كاتێك كه ته‌ماشای بیۆگرافیای ژیانی نالی ده‌كه‌ین له‌هه‌موو سه‌رچاوه‌كاندا هه‌ر به یه‌ك شێوه هاتووه و یه‌ك له‌ویتر وه‌ریگرتووه و ئه‌ویش به كرچوكاڵی و نامانگه‌یه‌نێته ئاستی تینوێتیشكاندن:
- مامۆستا عه‌لائه‌دین سه‌جادی له كتێبی (مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی)دا ده‌نووسێ: "نالی ناوی خدر – خچره و كوڕی ئه‌حمه‌دی شاوه‌یسی ئالیبهگی میكایه‌ڵییه..".
- بنه‌ماڵه‌ی موده‌ڕیسیش له كتێبی (دیوانی نالی)دا هه‌مان ئه‌و قسه‌یه‌ی مامۆستا عه‌لادین ده‌نووسن: "نالی ناوی خدر- خچره و كوڕی ئه‌حمه‌دی شاوه‌یسی ئالیبهگی میكایهلییه..).
- د. مارف خه‌زنه‌دار له كتێبی (دیوانی نالی)دا ده‌نووسێ: "خدر كوڕی ئه‌حمه‌د شاوه‌یس ئالیبهگی میكایه‌ڵی شاره‌زوورییه، نازناوی شیعری نالییه.."و له كتێبی (مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی)یشدا ده‌نووسێ: "نالی ناوی خدر كوڕی ئه‌حمه‌د شاوه‌یسه، له تیره‌ی ئالیبهگی میكایه‌ڵی عه‌شره‌تی جافه..".
- د. عه‌بدوڵڵا حه‌داد له كتێبی (نالی له ده‌ره‌وه‌ی كوردستاندا) ئاماژه به كتێبی (نزهه الفكر)ی ئه‌حمه‌د ئهلحهزراوی ده‌كات كه له خانه‌ی پیتی (خ)دا ئاوا باسی نالی ده‌كات: "الشیخ خچر افندی نالی الكردی..".
- ئیتر ههركهسێكیتر باسی ره‌چه‌ڵه‌كی نالی كردبێت هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی وتووه و له‌وه زۆرتر نوبووه نه‌توانراوه ناوی باوباپیرانی بهێنرێت، ئه‌گه‌ر ئێستاش كه‌سانێك هه‌بن خۆیان به خزمی نالی بزانن ناتوانن چۆنیه‌تی په‌یوه‌ندی ئه‌و خزمایه‌تییه بسه‌لمێنن تا ئێمه‌ش له هه‌ندێ گرێوگۆڵی ره‌چه‌ڵه‌كی نالی رزگارمان ببێ!
- نووسه‌ران له‌سه‌رچاوه‌كاندا به‌هیچ جۆرێ باسی دایكی نالی ناكه‌ن كه كچی كێیه و خه‌ڵكی كوێیه؟ به‌ڵام مامۆستا محه‌ممه‌د عه‌لی قه‌ره‌داغی له كتێبی (بهركوتێك له خه‌رمانی شیعری سالم)دا بۆ یه‌كه‌مجار باسی ئه‌وه ده‌كات كه (نالی و سالم خاڵۆ و خوارزا بوون، نالی سه‌رێكی بابانه و له‌ته‌ك كوردی و سالمدا پێكه‌وه سێ پایه‌ی شیعری كلاسیكی كوردی ئه‌و سه‌رده‌مه پێكدێنن..)و ئاماژه به ده‌ستخه‌تێك ده‌كات كه ده‌ڵێت سالم خاڵۆی نالی بووه.
له‌دایكبوون و مردنی نالی:
بۆچوونی جیاواز له‌نێوان نووسه‌ران و لێكۆڵه‌راندا له‌سه‌ر ساڵی له‌دایكبوون و مردنی نالییه‌وه هه‌یه:
له‌باره‌ی له‌دایكبوونیه‌وه:
- مامۆستا عه‌لادین سه‌جادی له كتێبی (مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی)دا ساڵی 1797 بۆ له‌دایكبوونی ده‌ستنیشانده‌كات.
- بنه‌ماڵه‌ی موده‌ڕیس راوبۆچوونه‌كانی محه‌ممه‌دئه‌مین زه‌كی به‌گ و د. مارف خه‌زنه‌دار و د. كه‌مال فوئاد وه‌رده‌گرن كه ساڵی 1800و مامۆستا عه‌لادین سه‌جادی ساڵی 1797 بۆ له‌دایكبوونی نالی داده‌نێن، هۆی جیاوازییه‌كه‌ش بۆ دیاریكردنی ساڵی 1215ی كۆچییه له‌لایه‌ن كوردی و مه‌ریوانی و عه‌لی موقبیل له‌گۆڕینی ساڵی كۆچی بۆ زایینی و خۆیان هیچ ساڵێ ساڵێك دهستنیشانناكهن بۆ له‌دایكبوونه‌كه‌ی.
- د. مارف خه‌زنه‌دار له كتێبی (مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی)دا ساڵی 1800 بۆ له‌دایكبوونی نالی داده‌نێ.
- هه‌روه‌ها مامۆستا محه‌ممه‌د حه‌مه باقیش ساڵی 1800 بۆ له‌دایكبوونی داده‌نێ.
له‌باره‌ی مردنییه‌وه:
- مامۆستا عه‌لادین سه‌جادی ساڵی 1855 بۆ مردنه‌كه‌ی دیاریده‌كات.
- د. مارف خه‌زنه‌دا له كتێبی (دیوانی نالی)دا ساڵی 1856 داده‌نێ.
- مامۆستا محه‌ممه‌د حه‌مه باقی ساڵی 1873 بۆ مردنی داده‌نێ.
- بنه‌ماڵه‌ی موده‌ڕیس قسه له‌وه ده‌كه‌ن كه نالی له 56 ساڵی یان 58 ساڵی زیاتر ژیاوه و قسه‌كه‌ی حاجی مه‌لا عه‌بدوڵڵای جه‌لیزاده به به‌ڵگه ده‌هێننه‌وه كه ئه‌و نالی له ساڵی 1871-1872 له مه‌ككه‌دا دیوه و زۆر پیربووه.
-بۆیه مامۆستا مه‌سعود محه‌ممه‌د مردنی نالی له ساڵی 1855دا ره‌تده‌كاته‌وه و ئه‌ویش ئاماژه به قسه‌كه‌ی حاجی مه‌لا عه‌بدوڵڵای باپیری دهكاتكه له ساڵی 1288دا له مه‌ككه نالی دیتووه و زۆر پیربووه.
- د. عه‌بدوڵڵا حه‌داد له كتێبی (نالی له‌ده‌ره‌وه‌ی كوردستاندا) ده‌ڵێ: "نالی له ساڵی 1290ه/1873ز گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ئه‌سته‌مبوول و پاش به‌ینێك كۆچیدواییكرد"، ئه‌مه‌ش به‌پشتبه‌ستن به كتێبی (عوسمانلی موئهلیفلهری) بورسه‌لی محه‌ممه‌د تاهیره‌وه وه‌ریگرتووه.. قسه‌كه‌ی حاجی مه‌لا عه‌بدوڵڵا و ئه‌وه‌ی بورسه‌لی له‌باره‌ی ساڵی مردنی نالییه‌وه له‌یه‌كه‌وه نزیكن.
ئه‌مه حاڵی نالییه له‌ڕووی ساڵی له‌دایكبوون و مردنیه‌وه كه نووسه‌ران و توێژه‌ران له‌نێوان خۆیاندا كۆك و ته‌بانین له‌سه‌ر دیاریكردنی ساڵێك و هه‌ریه‌كه رایه‌كی جیاوازی هه‌یه.
ناوی نالی:
له‌ناو نووسه‌ران و لێكۆڵه‌رانی ژیان و شیعری نالی‌دا مشتومڕێكی زۆر له‌باره‌ی نازناوی نالی به‌رپابووه و له‌دوای خۆی هه‌رایه‌كی زۆری ناوه‌ته‌وه، ئه‌م هه‌رایه تائێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه و نابڕێته‌وه.. ئه‌مه‌ش دوو به‌ره‌ی لێبووه‌ته‌وه:
- به‌ره‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و رایه‌ن كه ناوه‌كه (نالی) به لامی سووك (بنه‌ماڵه‌ی موده‌ڕیس و هیتریش..)، ئه‌مه وشه‌یه‌كی فارسییه و كوردی نییه و به چه‌ند واتایه‌ك نه‌یجه‌ی ناوبه‌تاڵ/ شمشاڵ، یان تاڵه باریكه‌كانی ناو قه‌ڵه‌می نه‌یجه
- به‌ره‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و رایه‌ن كه ناوه‌كه (ناڵی) به لامی قه‌ڵه‌و (مامۆستا عه‌لادین سه‌جادی و هیتریش..)، به واتای كه‌وشی وڵاخ.
- یان ناوه‌كه به‌شێوه‌ی (ناڵێ) هاتووه
- یان به واتای ناڵه‌ناڵ هاتووه.
ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له‌و ئاڵۆزییانه‌ی كه له‌وه‌ناچێ به‌ئاسانی روونببێته‌وه ئاخۆ بۆچی نالی ئه‌م نازناوه‌ی هه‌ڵبژاردووه؟ ته‌نانه‌ت لێكۆڵه‌رانیش نازانن مه‌به‌سته‌كه‌ی له‌چییه‌وه هاتووه؟ كام یه‌ك له‌و واتایانه ته‌واوه؟ كه نازناوی شاعیرانیتری كورد هیچ جۆره ناڕوونییه‌كی تێدانییه و بگره لێكدانه‌وه و شیكردنه‌وه‌ی جیاواز هه‌ڵناگرێ.
نالی و ژنهێنان:
دیارنییه له‌وكاتانه‌ی كه نالی له‌كوردستاندا بووه ژنیهێنابێ، ئه‌وه‌ی كه ده‌وترێ گوایه حه‌بیبه‌ی هێناوه و ئه‌و ژنی بووه هه‌ر نه‌سه‌لمێنراوه، خۆ هیچ به‌ڵگه‌یه‌كیش نییه حه‌بیبه كێیه؟
ئه‌وه له‌وماوه‌یه‌ی له‌شامدا بووه هیچ له‌وباره‌یه‌وه نازانرێ ئایا ژنی هه‌بووه یان نا؟ ته‌نیا له ئه‌سته‌مبووڵ باسی ئه‌وه ده‌كرێ گوایه ژنێكی توركی هێنابێ و نه‌وه‌شی لێیبووبێ! به‌ڵام دیاره ژنێكی خراپ و دژی كورد بووبێ، وه‌كو ده‌ڵێن كاتێ دوای مردنی نالی خه‌ڵكوخوای كورد ده‌چنه‌لای و داوای به‌رهه‌مه‌كانی نالی لێده‌كه‌ن، ئه‌ویش هه‌مووی ده‌هێنێ و له‌به‌رده‌می ئه‌واندا دهیاننسووتێنێ.. هه‌رچه‌نده ئه‌مه‌ش هه‌ر قسه‌یه و به‌ڵگه‌ی بڕواپێكراوی ئه‌وتۆ نییه راستییه‌كه‌ی بسه‌لمێنێ.
بۆیه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش هه‌روه‌كو گرێكوێره‌یه‌ك ده‌مێنێته‌وه!
نالی و حه‌بیبه:
نالیش وه‌كو هه‌موو شاعیرانیتر خۆشه‌ویستێكی هه‌بووه، جا ئه‌و خۆشه‌ویسته كه‌سێكی به‌رجه‌سته بووبێ یان خه‌یال و ئیلهامی شیعری بووبێ.. خۆشه‌ویسته‌كه‌ی نالی ناوی حه‌بیبه بووه.
قسه له‌سه حه‌بیبه زۆره:
- یه‌كێك ده‌ڵێ حه‌بیبه ناوی ئه‌و كچه‌یه كه نالی خۆشیویستووه و بۆینهبووه.
- یه‌كێك ده‌ڵێ حه‌بیبه ناوی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی نالی بووه و ده‌یكا به هاوسه‌ری.
- یه‌كێك ده‌ڵێ حه‌بیبه ناوی شیعریی دڵخوازه‌كه‌ی نالییه.
- یه‌كێك ده‌ڵێ دڵخوازه‌كه‌ی نالی ناوی ئایشه‌ی مه‌لا جامی بووه و خه‌ڵكی ته‌كیه‌ی قه‌ره‌داغ بووه و خێلیش بووه.
- یه‌كێك ده‌ڵێ حه‌بیبه ناوێكی وه‌همییه.
- یه‌كێك ده‌ڵێ نالی مه‌ستووره‌ی خۆشویستووه.
هه‌ڵبه‌زودابه‌ز له ژیانی نالی‌دا له‌باره‌ی حه‌بیبه‌وه ده‌رده‌كه‌وێ:
هه‌ردووكیان یه‌كترییان خۆشویستبێ و نهیاندابێتێ و شوویكردبێ یان مردبێ و نهیهێنابێ یان هێنابێتی و زوو مردبێ؟ ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تای شیعرنووسینه‌وه ناوی حه‌بیبه زۆر هاتبێ ئه‌وا لهدوادواییدا ناوی نایه‌ت به‌تایبه‌تی له چامه شارهزوورییهكهیدا پرسیاری هه‌موو شتێك ده‌كات كه‌چی هه‌واڵێك له حه‌بیبه نییه! له‌وانه‌شه له‌به‌رئه‌وه بووبێ كه حه‌بیبه شوویكردبێ! به‌ڵام به كێ؟ نازانرێ؟
مامۆستا عه‌لادین سه‌جادی له لاپه‌ڕه (215)ی كتێبی (مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی)دا ده‌ڵێ: "كه له قه‌ره‌داغ بووه حه‌بیبه ناوێك هه‌ست و شعور له نالی ده‌سێنێ و نالی ده‌خاته مه‌یدانی ئه‌ده‌بیاته‌وه و ئیلهامی شیعری پێده‌به‌خشێ، ده‌یكا به هاوسه‌ری خۆی، به‌ڵام واده‌رناكه‌وێ كه حه‌بیبه‌ی تادوایی ژیانی بۆ مابێته‌وه..".
پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه بنه‌ماڵه‌ی مودڕیس له لاپه‌ڕه (33)ی كتێبی (دیوانی نالی)دا نووسیویانه: "هه‌ندێجار (حه‌بیبه)ی به‌كارهێناوه و جاروباریش (مه‌حبوبه)، هه‌روه‌ها لاشموایه چ (حبیبه)و چ (مه‌حبوبه) هیچ كامیان ناوی راسته‌قینه‌ی یاره‌كه‌ی نالی نین..".
مامۆستا محه‌ممه‌دی مه‌لا كه‌ریم له لاپه‌ڕه (25)ی كتێبی (نالی له كڵاوڕۆژنهی شیعره‌كانیه‌وه) وایبۆده‌چێ كه "بۆ ئه‌وه‌ش ده‌ستده‌دا بڵێین حه‌بیبه‌ش و مه‌حبوبه‌ش هه‌ردووكیان كینایهبن له یار و ناوی راسته‌قینه‌ی یاره‌كه‌ی شتێكی‌تر بووبێ، به‌ڵام شتێكی ئه‌وتۆ له شیعری نالییه‌وه ده‌رناكه‌وێ وابگهیهنێ ئه‌م حه‌بیبه‌یه یان ئه‌و مهحبووبهیهی هێنابێ..".
د. مارف خه‌زنه‌دار له لاپه‌ڕه (45)ی كتێبی (مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی)دا ده‌ڵێ: "واده‌گێڕنه‌وه گۆیا شاعیر له قه‌ره‌داغ حه‌زی له كهنیشكێك كردووه ناوی حه‌بیبه بووه، ئه‌م كیژه ناوی له شیعری نالی‌دا هاتووه، به‌ڵام به‌جۆرێك ناویهێناوهدهكرێ كیژێك بێ ناوی حه‌بیبه بێ، وه‌ها ده‌كرێ وشه‌كه وه‌ك وشه‌یه‌كی عه‌ره‌بی حه‌بیبه وه‌رگێڕانه كوردییه‌كه‌ی خۆشه‌ویست یا دلبه‌ر بێ‌و شاعیر به خه‌یاڵ وه‌ك بووكی شیعر دروستیكردبێ..".
كه‌چی د. مارف خه‌زنه‌دار له كتێبی (دیوانی نالی)دا له به‌سه‌رهاتی نالی‌دا باسی حه‌بیبه ناكات و باسی ئه‌وه‌ده‌كات كه مه‌ستووره‌ی نازه‌نین و جوانی خۆشویستووه.. كه‌چی نالی خۆی ناوی مه‌ستووره‌ی وه‌كو خۆشه‌ویست نه‌هێناوه.
دڵشاد عه‌بدوڵڵای شاعیر گومانده‌كات كه ته‌نیا یه‌ك حه‌بیبه له ژیان نالی‌دا هه‌بێ؟ به‌ڵام حه‌بیبه تا دواساته‌كانی ته‌مه‌نیش له خولیا و خه‌ونی شاعیردا نهچووهتهدهرهوه..!
ئه‌م قسه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌وقسه‌یه‌ی مامۆستا عه‌لادیندا یه‌كده‌گرێته‌وه كه له په‌راوێزی لاپه‌ڕه (217)ی مێژووی ئه‌ده‌به‌كه‌یدا ده‌ڵێ: "نالی له ته‌كیه‌ی قه‌ره‌داغیش دۆستێكیتری بووه ئایشه‌ی ناوبووه..".. كه‌چی له‌وه‌ناچێ وه‌كو پێشتر ئاماژه‌مان بۆكرد كه حه‌بیبه تا دواساته‌كانی ته‌مه‌نی نالی مابێته‌وه!
حه‌بیبه كوێندهرییه:
یه‌كێ ده‌ڵێ خه‌ڵكی قه‌ره‌داغ بووه، یهكێكیتر ده‌ڵێ خه‌ڵكی ته‌كیه بووه، یه‌كێكیش ده‌ڵێ خه‌ڵكی ماڵیئاوا بووه.. قه‌ره‌داغ و ته‌كیه دیارن، به‌ڵام له هه‌موو قه‌ره‌داغدا شوێنێ به‌ناوی ماڵیئاوا نییه؟ كه‌چی عه‌لی كهڵوهشی خاوه‌نی كتێبی (پریاسكه) بیری بۆئه‌وه چوو كه مه‌به‌ست له ماڵیئاوا گوندی (ئاڵییاوا)ی سه‌ر رێگای قه‌ره‌داغ – سلێمانی بێت!
كه‌سیش نازانێ ئه‌م حه‌بیبه‌یه - گه‌ر راسته‌قینه بێت – له چ تیره و بنه‌ماڵه‌یه‌كه، ئایا حه‌بیبه كه‌سێكی ده‌ركه‌وتوو بووه له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه؟ ئایا خوێنهواربووه؟ ئایا كچی كه‌سایه‌تی و بنه‌ماڵه‌یه‌كی دیاربووه؟ یان هه‌ر كه‌سێكی ئاسایی بووه و جوانییه‌كه‌ی كه خێل و قێچیش بووه سه‌رنجی نالی راكێشاوه و خۆشیویستووه؟
هه‌رچییه‌ك بێت ئه‌و شتانه هه‌ر له چوارچێوه‌ی لێكدانه‌وه‌دا ده‌مێننه‌وه و بۆمان رووننابێتهوه!
نالی و مه‌ستووره:
چه‌نده نالی وه‌كو پیاوێك كه‌سێكی مه‌زن و دیاره له شیعری كوردیدا و له بنه‌ماڵه و ئێلێكی گه‌وره‌یه، مه‌ستووره‌ش وه‌كو ژنێك چ له بواری مێژوو و چ له بواری شیعردا ناوێكی ده‌ركه‌وتووه و له بنه‌ماڵه‌ی ناوداری ئهردهڵانیشه، به‌ڵام هه‌رگیز له‌ڕووی داهێنان و هێزی شیعرییه‌وه له‌گه‌ڵ نالی‌دا بهراوردناكرێ.
له قۆناغێكی ژیانی هه‌ردووكیاندا، نالی قه‌سیده‌یه‌كی پڕ له داهێنانی به‌سه‌ر مه‌ستووره‌دا وتووه كه به گه‌وره‌ترین شیعری ئیرۆتیكی له ئه‌ده‌بی كوردیدا داده‌نرێ و مه‌ستووره‌ش وه‌ڵامێكی نالی ده‌داته‌وه، به‌ڵام له‌ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه ناگاته ئاستی شیعره‌كه‌ی نالی..
ئه‌م قه‌سیده‌یه هه‌رای زۆری ناوه‌ته‌وه، بۆچوونی جۆراوجۆر له‌سه‌ر وتنه‌كه‌ی وتراوه، هه‌یه دژی نالی وه‌ستاوه‌ته‌وه و هه‌شه پشتیوانی له نالی ده‌كات و به‌داهێنانی لهقهڵهدهدهن:
د. مارف خه‌زنه‌دار له كتێبی (مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی)دا ده‌ڵێ: "بۆ وه‌سفكردنی دیوی ده‌ره‌وه و دیمه‌نی دیاری ئه‌و ئه‌ندامه، شاعیر ئیلهامی له مه‌ستووره وه‌رگرتووه، جا له‌به‌رئه‌وه‌ی: جوان بووه، یا كچی ئاغایه‌كی گه‌وره و ژنی والیی كوردستان بووه یا له‌به‌رئه‌وه‌ی خوێنده‌وارێكی به‌رز و شاعیرێكی چاكبووه؟.."
گیو موكریانیش ده‌ڵێ: "یان بۆ خۆهه‌ڵكێشان و خۆپه‌سه‌ندی په‌رده‌ی ئابڕووی مه‌ستووره‌ی دڕیوه؟"
سدیق بۆرهكهیش له (دیوانی مه‌ستووره‌ی كوردستانی)دا ده‌نووسێ: "له‌به‌رئه‌وه‌ی بابانه‌كان و ئه‌رده‌ڵانییه‌كان به‌یه‌كه‌وه له قڕه و كێشه و شه‌ڕ و هه‌رادا بوون و جافهكانیش هه‌موو ساڵێك له‌ده‌وروبه‌ری سنه‌دا قشڵاخ و ئێڵاخیان ده‌كرد و ده‌بوونه هۆی ره‌نج و ئازاری خه‌ڵك، ئه‌وه‌بوو ئه‌رده‌ڵانییه‌كان له‌هێرشێكدا چه‌ند كه‌سێكیان لێیانكوشت و ئه‌مانه هه‌مووی بوونه هۆی ئه‌وه كه نالی بۆ به‌دناوكردنی ئه‌رده‌ڵانییه‌كان و ئابڕووبردنی مه‌ستووره به پارچه هه‌ڵبه‌ستێك په‌لامارێكی زۆر ناشیرین و ناڕه‌وایانه بباته‌سه‌ر مه‌ستووره تا تۆڵه‌ی هۆزه‌كه‌ی لێبكاته‌وه و بهمچهشنهخۆیشی بنوێنێ و مافی خۆی له ئه‌و بستێنێ..".
سدیق بۆره‌كه‌یی له كتێبی (مێژووی وێژه‌ی كوردی)دا قسهیهكیتریش ده‌كات: "مه‌ستووره كه به یه‌كێ له هۆنه‌رانی هه‌ره‌به‌رزی ده‌وری خۆی دێته‌ئه‌ژمار، وه‌كو ده‌گێڕنه‌وه له‌گه‌ڵ هۆنه‌رانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا وه‌كو: نالی و یه‌غمای جوندهقیدا راز و نیازی هه‌ڵبه‌ستی بووه و نالی له ئاخروئۆخری ته‌مه‌نیا پارچه هه‌ڵبه‌ستێكی توانجاوی سه‌باره‌ت به مه‌ستووره هۆنیوه‌ته‌وه..".
بنه‌ماڵه‌ی موده‌ڕیسیش ده‌ڵێن: "بۆ ده‌بێ وایدانهنێین كه نالی له خۆڕایی ئه‌م په‌لاماره‌ی مهسنوورهی نه‌داوه؟ بۆ ده‌بێ مه‌ستووره له‌پێشا گورزی خۆی نهوهشاندهبێ و نالیی بهرپلارنهدابێ یا هه‌رهیچ نه‌بێ لای ئهموئهو به ناشاعیری ناوبردبێ و ئه‌میش به‌م قه‌سیده‌یه‌ی به‌رگری له خۆی نه‌كردبێ؟!).
به‌ڵام هێشتا ناتوانرێ به‌دڵنیایی ته‌واوه‌وه ئه‌و بۆچوونانه وه‌ربگیرێ، چونكه نه نالی ئاماژه به‌وه ده‌كات بۆچی ئه‌و شیعره‌ی به مه‌ستووره‌دا وتووه و نه مه‌ستووره‌ش لهوهڵامدانهوهكهیدا ئه‌وه‌ی ده‌رخستووه نه كه‌سیش له‌نزیكه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌واندا ئه‌و بابه‌ته‌یان ورووژاندووه تاوه‌كو ئێمه له‌وه بگه‌یشتینایه و ئه‌مه به‌په‌نهانی نه‌مایه‌ته‌وه بۆ هه‌تاهه‌تایه!
تائێستاش رایه‌كی یه‌كگرتوو و چه‌سپاو نییه له‌سه‌ر سه‌رده‌می وتنی ئه‌و شیعره‌ی نالی: ئایا له‌تافی لاوێتیدا وتوویه‌تی؟ ئایا مه‌ستووره ئه‌وكاته شوویكردبوو؟ ئایا له‌كاتی پیریدا وتوویه‌تی یان له‌وده‌مه‌دا كه مه‌ستووره بێوه‌ژن بووه؟
بنه‌ماڵه‌ی موده‌ڕیس له كتێبی (دیوانی نالی)دا بۆیان ساغنه‌بووه‌ته‌وه كه‌ی ئه‌م شیعره وتراوه ئایا له‌پێش یان له‌پاش شووكردنی مه‌ستوور بووه؟
مامۆستا محه‌ممه‌د حه‌مه باقی له كتێبی (ئه‌ده‌ب و مێژوو)دا ده‌نووسێ: "له‌به‌رئه‌وه من دڵنیام ئه‌و قه‌سیده‌یه‌ی نالی، هی قۆناغی دوای شووكردنی مه‌ستووره‌یه.. كه به‌گوێره‌ی ئه‌م مێژووه بێ، ده‌بێ كاتی نووسینی قه‌سیده‌كه‌ی نالی له‌نێوان ساڵانی 1828-1834ز بێت".
د. ئیبراهیم ئه‌حمه‌د شوانی له كتێبی (ئه‌ده‌بی كۆنی كوردی)دا ده‌ڵێ: "به‌ڵكو زیاتر بۆئه‌وه ده‌چین كه ئه‌م شیعره‌ی له‌دوای مردنی خه‌سره‌و خانی ناكام گوتبێ و له‌وكاته‌دا ئه‌ستێره‌ی مه‌ستووره به‌ره‌و لێژی چووه".
له‌هه‌ردوو باره‌كه‌دا چ له لاوێتی و چ له‌دواتردا ئایا نالی و مه‌ستووره یه‌كیان بینیوه؟ گه‌ر یه‌كیان بینیوه ئایا نالی چووه‌ته خوازبێنی مه‌ستووره؟ نه نالی و نه مه‌ستووره‌ش له‌شیعره‌كانیاندا ئاماژه به‌وه ناده‌ن نالی چووبێته داخوازی و مه‌ستووره‌ش ره‌تیكردبێته‌وه ته‌نانه‌ت به گێڕانه‌وه‌ش هه‌رهیچی وا باسنه‌كراوه.. شتێكی واش نه‌بیستراوه كه نالی مه‌ستووره‌ی خۆشویستبێ و ئه‌و شیعره‌ی بۆ وتبێ هه‌روه‌كو د. مارف خه‌زنه‌دار له كتێبی (دیوانی نالی)دا ده‌نووسێ: "مه‌ستووره‌ی نازه‌نین و جوانی خۆشویستووه، هونهروهرترین شیعری وه‌سفی له‌شولاری بۆ گوتووه و قه‌سیده‌كه‌ی له جوانترین شیعری عاله‌می كراوه‌ی (ئیرۆتیكی) حسێبدهكرێ".
له‌سه‌ر شوێنی وتنی شیعره‌كه‌ش زانیارییه‌كی ئه‌وتۆ نییه؟ بنه‌ماڵه‌ی موده‌ڕیس له كتێبی (دیوانی نالی)دا باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه‌وا (نالی له سنه له مزگه‌وتی دارولئیحسان خوێندوویه‌تی و ئه‌و رۆژه‌ی ئه‌م قه‌سیده‌یه‌ی ته‌واوكردووه بۆ شه‌و سنه‌ی به‌جێهێشتووه و به‌ره‌و عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه)..
به‌ڵام ناوه‌ڕۆكی شیعره‌كه‌ی نالی كه ئاماژه به‌وه‌ده‌كه‌ن كه ئه‌م شیعره دوای شووكردنی مه‌ستووره و مردنی خوسره‌و خان بووبێ هه‌روه‌كو د. ئیبراهیم ئه‌حمه‌د شوان ده‌ڵێ: "دوورنییه نالی كه بینیویه‌تی مه‌ستووره‌ی بێوه‌ژن هه‌نده به‌قه‌دره لای خه‌ڵكی و ئافره‌تێكی جوانه خوازبێنیكردبێ و ئه‌ویش ره‌زامه‌ندی ده‌رنه‌بڕیبێ و له تۆڵه‌ی ئه‌مه ئه‌م شیعره‌ی پێداههڵگوتبێ).
مه‌ستووره ساڵی 1844- 1845 هاتووه‌ته سلێمانی، ئه‌و ده‌مه نالی له سلێمانی نه‌مابوو، چونكه به‌پێی قسه‌ی مامۆستا مه‌سعود محه‌ممه‌د بێ نالی به‌ر له كۆتاییهاتنی حاكمییه‌تی بابان ده‌رچووبێ.. دواتر ده‌ڵێ: "كه‌واته، به‌پێی لێكدانه‌وه‌ی من كه داخوازی حاڵیش وا راده‌گه‌یه‌نێ، نالی له‌نێوان ساڵی 1254 كه مه‌رگی سلێمان پاشای تێدابووه و ساڵی 1261 كه حوكمی بابان به‌سه‌رچووه، رۆیشتووه بۆ حه‌ج".
دواییش هه‌ر ناتوانرێ قسه‌ی بنبجڕ و یه‌كلاكه‌ره‌وه له‌مباره‌یه‌وه بوترێت و بگره هه‌ر بهگرێكوێرهیی ده‌مێنێته‌وه تا شتی تازه‌تر ده‌دۆزرێته‌وه!
هه‌ردوو چامه‌كه‌ی نالی و سالم:
نالی چامه‌یه‌كی له شێوه‌ی نامه‌دا نووسیوه كه به چامه‌ی شاره‌زووری ناسراوه، وادیاره ئه‌م چامه‌یه‌ی له‌ئاواره‌ییدا نووسیوه، هێشتا نازانرێ ئایا ئه‌وكاته‌ی ئه‌و ئه‌م چامه‌یه‌ی نووسیوه ئیماره‌تی بابان ماوه یان به‌یه‌كجاری نه‌ماوه؟ له‌شیعره‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێ نالی ئاگاداری بارودۆخی سیاسی ئیماره‌تی بابان و ئه‌و رۆژگاره نوێیه‌ی سلێمانی تێكه‌وتووه، بووه.. ئه‌و بیری كوردستان ده‌كات و پرسیار له داروبه‌ردی ده‌كات، له وه‌ڵامه‌كه‌ی سالمدا ئه‌وه ده‌رده‌كه‌وێ كه ئیماره‌تی بابان له‌ناوچووه.
بۆیه له‌مه‌ڕ ئه‌م چامه‌یه قسه‌ی زۆر كراوه له‌باره‌ی:
- ساڵی ناردنی چامه‌كه: هێشتا به‌وردی نازانرێ چ ساڵێك ئه‌م چامه‌یه له‌لایه‌ن نالییه‌وه نێردراوه و بۆچوونی جیاواز باسكراوه.. مامۆستا عه‌لادین سه‌جادی له كتێبی (مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی)دا ده‌ڵێ له ساڵی 1834دا نالی نامه‌كه‌ی له شامه‌وه نادووه، بنه‌ماڵه‌ی موده‌ڕیسیش ساڵی 1851 به ساڵی ناردنی چامه‌كه داده‌نێن، به‌ڵام مامۆستا مه‌سعود محه‌ممه‌د له كتێبی (چه‌پكێك له گوڵزاری نالی)دا به‌پشتبه‌ستن به‌و وتاره‌ی خۆدزكۆ كه ده‌ڵێ ئه‌حمه‌د خان له پاریس ساڵی 1853 پێیڕاگه‌یاندووه كه نالی له شام ده‌ژێت، پێیوایه نالی له‌م ساڵه‌دا چامه‌كه‌ی بۆ سالم نووسیوه.
- شوێنی ناردنی چامه‌كه: زۆربه‌ی بۆچوونه‌كان بۆئه‌وه ده‌چن كه ئه‌و چامه‌یه له وڵاتی شامه‌وه نێردرابێ.. مامۆستایان عه‌لادین سه‌جادی و مه‌سعود محه‌ممه‌د و د. مارف خه‌زنه‌دار و بنه‌ماڵه‌ی موده‌ڕیس و هیتریش، ته‌ئكید له‌وه ده‌كه‌نه‌وه به ئاماژه‌ی ئه‌و دێڕه‌ی له چامه وه‌ڵامه‌كه‌ی سالمدا هاتووه:
بۆ موڵكی شامه نامه‌یی من، سوویی نالییه
هه‌ر حه‌رفی ئه‌و له وه‌زعی ویلایه‌ت ده‌دا خه‌به‌ر
كهسانێكیتریش رایانوایه كه نالی ئه‌و چامه‌یه‌ی له شامه‌وه نه‌ناردووه..
ئاراسته‌كردنی چامه‌كه:
به وردبوونه‌وه له چامه‌كه وا ده‌رناكه‌وێ نالی چامه‌كه‌ی بۆ كه‌سێكی دیاریكراو نووسیبێ.. ئه‌و نه له سه‌ره‌تای چامه‌كه‌دا سالمی دواندووه و نه له‌كۆتاییه‌كه‌یدا باسیكردووه، به‌ڵام مامۆستایان عه‌لادین سه‌جادی و مه‌سعود محه‌ممه‌د له‌و باوه‌ڕه‌دان كه نالی چامه‌كه‌ی بۆ سالمی شاعیر نووسیبێ و ئه‌ویش وه‌ڵامیداوه‌ته‌وه.
سالمیش خۆی له‌م دێڕه‌دا كه ده‌ڵێ:
پرسیویه زاهیره‌ن له ره‌فیقانی یه‌ك جیهه‌ت
ئه‌حواڵی ئه‌هلی شه‌هر و ره‌فیقانی سه‌ربه‌سه‌ر
ئه‌وه ده‌رده‌خات كه نالی چامه‌كه‌ی بۆ ئه‌و نه‌نووسیوه چونكه ده‌ڵێ (پرسیویه)، ئه‌گه‌ر نالی راسته‌وخۆ بۆ ئه‌وی بنووسیبایه ده‌بوایه سالم بیوتایه (پرسیوته).
به‌چ كه‌سێكدا چامه‌كه نێردراوه؟:
كه‌س نازانێ ئه‌م چامه‌یه به چ كه‌سێكدا له‌لایه‌ن نالییه‌وه نێردراوه بۆ سالم تا سالم وه‌ڵامیبداته‌وه.. دیاره خه‌ڵكانێك هه‌بوون هاتووچۆیان كردووه چ له شامه‌وه یان له ئه‌سته‌مبووڵه‌وه بۆ كوردستان و به تایبه‌تی بۆ سلێمانیش، چونكه خه‌ڵكانی سه‌ر ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی و موریدانی مه‌ولانا خالید هاتووچۆیان كردووه، هه‌روه‌كو چۆن خه‌ڵكی له ئه‌سته‌مبووڵه‌وه بۆ سلێمانی گه‌ڕاونه‌ته‌وه و به‌پێچه‌وانه‌وه. ده‌بێ به یه‌كێك له‌و خه‌ڵكانه‌دا نێردرابێتهوه و ده‌ست سالمی شاعیر كه‌وتبێ و وهڵامیدابێتهوه.
سالم بۆ وه‌ڵامیداوه‌ته‌وه؟:
سالم به كۆمه‌ڵێك هۆكار، به‌هه‌مان ریتمی نالی، وه‌ڵامی چامه‌كه‌ی نالی داوه‌ته‌وه:
+ سالم خزمی نالی بووه.
+ هاوڕێی نزیكی یه‌كتری بوون.
+ وه‌كو شاعیرێك شایه‌تحاڵێكی ئاگاداری رووخانی ئیماره‌تی بابان بووه.
+ له‌وانه‌یه یه‌كه‌م كه‌سێك بووبێ له شاعیرانی ئه‌و سه‌رده‌مه چامه‌كه‌ی دهستكهوتبیێ و په‌رۆشی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی بووه.
ئایا وه‌ڵامه‌كه‌ی سالم گه‌یشتووه‌ته‌وه نالی؟:
هیچ زانیارییه‌ك نییه و هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كیش باسی ئه‌وه‌ی نه‌كردووه كه وه‌ڵامه‌كه‌ی سالم گه‌یشتبێته نالی، جگه‌له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر سالم وه‌ڵامه‌كه‌ی بۆ نالی ناردبێ، نازانرێ به چ كه‌سێكدا ناردوویه‌تی؟ ئه‌گه‌ریش گه‌یشتبێته ده‌ستی هه‌ڵوێستی نالی له‌مه‌ڕ وه‌ڵامه‌كه نازانرێ چیبووه؟ ئه‌مه جكهلهوهی نازانرێ چكاتێ وه‌ڵامه‌كه نووسراوه‌ته‌وه؟
تێكهڵوپێكهڵكردنی شیعری نالی و شاعیرانیتر:
له ئه‌نجامی پهلهپهلكردن و سه‌رپێی تێگه‌یشتن له شاعیران و شیعره‌كانیان، تێكهڵوپێكهڵكهڵییهك له دانه‌پاڵی شیعرێك بۆ شاعیرێك په‌یدابووه، به تایبه‌تی له نێوان شیعری نالی و كوردی و سالمدا ئه‌مه روویداوه.. له‌وانه‌شه ئه‌مه بۆ نزیكی له داڕشتن و هاوسه‌رده‌می ئه‌و شاعیرانه و سه‌ر به یه‌ك قوتابخانه‌ی شیعری بگه‌ڕێته‌وه كه قوتابخانه‌ی شیعری كلاسیكی كوردی باشووری كوردستان بووه كه ئه‌م سێ شاعیره وه‌كو سێكوچكه‌یه‌ك دامهزرێنهریبوون و له سه‌رده‌می ئیماره‌تی بابان‌دا بووه.
هێشتا رووننه‌بووه‌ته‌وه ئه‌م شیعره هی نالییه یان هی كوردییه:
ره‌فیقان! من ئه‌وا رۆییم له‌لاتان
له مه‌زڵومان بڵا چۆڵبێ وڵاتان
یان ئه‌م شیعره جارێ ده‌درێته‌پاڵ سالم و جاێ ده‌وترێ هی نالییه و له دیوانی نالی بنه‌ماڵه‌ی مودهڕیسیشدا نییه:
به‌دا ئه‌حوالی ئهشخاسێ كه خاسه‌ی مولكی بابانن
له بێدادی فه‌له‌ك هه‌ریه‌ك سه‌راسیمه و هه‌راسانن
نه‌وشیروان مسته‌فا له كتێبی (به‌ده‌م رێگاوه گوڵ‌چنین) له باسی سالمدا ئه‌م شیعره ده‌داته‌پاڵ سالم.. مامۆستا محه‌ممه‌د عه‌لی قه‌ره‌داغی ئه‌م شیعره بۆ ده‌ستنووسێك ده‌گه‌ڕێنێته‌وه كه له كۆتایی شیعره‌كه‌دا نووسراوه (تمت شد از گفتهو نالی در گه‌ران انشا كردهاست).. به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی تائێستا بڵاوبووه‌ته‌وه نالی چووه‌ته سنه و شام و حیجاز و ئه‌سته‌مبووڵ و كه‌س باسی ئه‌وه‌ی نه‌كردووه نالی چووبێته تاران و خۆیشی له شیعره‌كانیدا شتی واینهوتووه، به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌موو سه‌رچاوه‌كان له‌وه دواون كه سالم چووه‌ته تاران و لهشیعرهكانیشیدا ئه‌وه‌ی باسكردووه:
له‌گه‌ڵ دڵ شه‌رته سالم گه‌ر نهجاتمبێ له تارانا
به‌هه‌شت ئهربێته ده‌شتی ره‌ی به ئێرانا گوزه‌ر ناكه‌م
ده‌بێ كه‌ی بێت ئه‌م ئاڵۆزییانه له شیعری شاعیره‌كاندا یه‌كلابكرێته‌وه و له شوێنی خۆیاندا دابنرێنه‌وه؟!
مامۆستا محه‌ممه‌دی مه‌لا كه‌ریم له كۆتایی كتێبی (نالی له كڵاوڕۆژنهی شیعره‌كانیه‌وه)دا ئه‌م شیعره‌ی داوه‌ته‌پاڵ نالی:
فی دڵی شهوقون ئیلا دیداریهی
ئین ئهگوم رۆژه‌ن ئهپید فی داریه‌ی
شهربهتون مین مائی خزرین بیهتهرون
بۆسهتون مین له‌علی شهككهرباریهی
شیتتو ساڵاتین خراپهلئارهزوو
غونچهتهن ما چینتو مین گولزاریهی
كه‌چی مامۆستا محه‌ممه‌د عه‌لی قه‌ره‌داغی ده‌ڵێ ئه‌م شیعره 11 دێڕه و هی قانیع ناوێكه كه زۆر پێش نالی ئه‌و شیعرانه‌ی وتووه.
هێشتاش له‌وانه‌یه زۆر شیعریتر چ هی نالی تێكه‌ڵ به دیوانی شاعیرانیتر بووه یان شیعری شاعیرانیتر هاتووه‌ته ناو دیوانی نالییه‌وه كه پێویستده‌كات بژاربكرێن و هه‌ر شیعره بدرێته‌وه به خاوه‌نه‌كه‌ی خۆی.
نالی و مه‌ولانا:
نالی و حه‌زره‌تی مه‌ولانا خالید نه‌ك هه‌ردووكیان جاف و له تیره‌ی ئاڵیبه‌گی میكایهڵین، به‌ڵكو له‌وانه‌یه خزمی نزیكی یه‌كتریش بوون، هه‌روه‌ها هاوسه‌رده‌م و هاوته‌مه‌نی یه‌كتریش بوون.
نالی مه‌لا بووه و به هه‌ورازی شیعر و شاعیرێتیدا هه‌ڵزنا و مه‌لایه‌تی نه‌كرده پیشه، مه‌ولاناش سه‌ره‌ڕای مه‌لایه‌تی رێچكه‌ی سۆفیگه‌رێتی گرته‌به‌ر و له جیهانی شیعریشدا جێپه‌نجه‌ی دیاری هه‌یه، به‌ڵام چه‌نده نالی له لووتكه‌ی شیعر و شاعیریدا باڵابڵنده، مه‌ولاناش له سۆفیگه‌ریدا داهێنه‌ر و نوێكه‌ره‌وه‌ی ته‌ریقه‌ت بووه، ئه‌وه‌ی ده‌زانرێ مه‌ولانا له سلێمانی خانه‌قایه‌كی دامه‌زراندووه و نالی له‌و خانهقایهدا خوێندوویه‌تی و تیانیشتهجێبووه.
مه‌ولانا له‌دایكبووی ساڵی 1779و نالیش له‌دایكبووی یه‌كێ له‌م ساڵانه‌یه: 1797، 1800، 1805، مه‌ولانا له ساڵی 1828 كۆچیدواییكردووه و نالیش له یه‌كێ له‌م ساڵانه‌دا: 1855، 1856، 1873 كۆچیدواییكردووه.
كه‌چی له هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی ژیانی نالی و ته‌نانه‌ت له شیعره‌كانیدا هیچ ئاماژه‌یه‌ك نییه بۆ هیچ جۆره په‌یوه‌ندییه‌ك له‌گه‌ڵ حه‌زره‌تی مه‌ولانا خالیددا كه ئه‌و سه‌رده‌مه مه‌ولانا رابه‌رایه‌تی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی كردووه و جێگه و پێگه‌ی به‌هێزی دروستكردووه نه‌ك هه‌ر له‌كوردستاندا به‌ڵكو له شوێنه‌كانیتریش لایه‌نگر و موریدی هه‌بووه یان مه‌ولانا رووبه‌ڕووی كێشمه‌كێشێكی تووند بووه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌كانیدا، به‌ڵام نالی له‌مه‌شدا به‌ته‌نیا دیڕێك به‌لای ئه‌و بابه‌ته‌دا نه‌چووه كه رووداو یان شتێكی راگوزه‌ر و سه‌رپێی نه‌بووه هه‌روا به‌سانایی تێبپه‌ڕێ! هه‌روه‌كو كاكه حه‌مه‌ی مه‌لا كه‌ریم له كتێبی (له كڵاوڕۆژنهی شیعره‌كانیه‌وه)دا ئاماژه به‌وه ده‌كات نالی نه به چاكه و نه خراپه ناوێكی مه‌ولانا ناهێنێ و هه‌ڵوێستی خۆی له‌و كێشه گه‌وره‌یه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه به‌هیچ كڵۆجێ ده‌رنابڕێ.. كه‌چی نالی وه‌كو ده‌رده‌كه‌وێ دوای رۆیشتنی مه‌ولانا، له خانه‌قادا بووه.. نالی له چامه‌ی (قوربانی تۆزی رێگه‌تم..)دا وه‌كو ده‌ڵێن له شام نووسیویه‌تی، 11 به‌یتی بۆ باسكردن و وه‌سفی خانه‌قای مه‌ولانا ته‌رخانكردووه، ئه‌و هه‌ر ناوی خانه‌قا دێنێ:
سه‌یرێكی خۆش له چیمه‌نی ناو (خانه‌قا) بكه
ئایا ره‌بیعی ئاهووه یان چایری ستوور؟!
له‌ناو خانهقاشدا پرسیاری حوجره‌كه‌ی خۆی ده‌كات:
واسیلبكه عه‌بیری سه‌لامم به حوجره‌كه‌م
چیی ماوه؟ چیی نه‌ماوه؟ له هه‌یوان و تاق و ژوور
له هه‌موو ئه‌و شیعرانه‌دا ناوی مه‌ولانا خالیدی نه‌هێناوه؟ ته‌نانه‌ت له شامیش هیچ نیشانه‌یه‌ك نییه نه له شیعری نالی خۆیدا و نه له گێڕانه‌وه‌ی خهڵكانیتری ده‌وروبه‌ری مه‌ولانا یان ته‌نانه‌ت بنه‌ماڵه‌كه‌ی خۆیشی كه‌وا نالی مه‌ولانای دیبێ یان جۆره په‌یوه‌ندییه‌كیان هه‌بووبێ؟! وه‌كو باسیشدهكرێ نالی له شام بووه و ئه‌و چامه‌یه‌ی له‌وێوه نووسیوه و ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رسووڕمانه نالی هه‌م خزمی مه‌ولانا بووه و هه‌م ماوه‌یه‌ك له خانه‌قاكه‌ی ئه‌ودا ماوه‌ته‌وه و له شامه‌وه پرسیاری خانه‌قا بكات كه‌چی له شام نه‌توانێ یان نه‌یه‌وێ بگاتهلای مه‌ولانا و ده‌رده‌دڵی ئاواره‌یی و خه‌مه‌كانی خۆی بۆ هه‌ڵبڕێژێ! بۆیه ئه‌وه‌ی م. جه‌عفه‌ر ده‌یڵێ: (پێموایه نالی وه‌كو زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی دوای ته‌پوتۆزی كاروانی مه‌ولانا خالید و یارانی، به‌ره‌و شام رۆیشتووه و له‌وێ گیرساوه‌ته‌وه..) هه‌ر له خانه‌ی پێموایهدا ده‌مێنێته‌وه و به‌ڵگه‌ی ئه‌وه به‌ده‌سته‌وه نییه كه نالی موریدی مه‌ولانا بووبێت و شوێنی كه‌وتبێت.. هه‌رهیچ نه‌بێت شیعرێكی له‌سه‌ر هۆكاری رۆیشتن و سه‌رهه‌ڵگرتنی مه‌ولانا و خۆیشی وه‌كو موریدێك یان پشتیوایكهرێك یان خزمێكی ده‌وت! دیسانه‌وه رۆیشتنی نالی بۆ شام زۆر رووننییه كه‌ی بووه؟ به‌ڵام روونبووه‌ته‌وه ئه‌وه‌یه كه نالی ساڵی 1853 به‌پێی قسه‌ی خۆدزكۆ له شام بووه.
تائێستاش ناتوانرێ ئه‌و گرێیه بكرێته‌وه بۆچی نالی نه‌بووه‌ته لایه‌نگری مه‌ولانا؟ بۆ ته‌نیا قسه‌یه‌كی له‌و بگرهوبهردهیهی نێوان مه‌ولانا و نه‌یاره‌كانیدا نه‌كردووه؟ ئه‌گه‌رچی م. جه‌عفه‌ر باس له‌وه ده‌كات كه نالی له كتێبی (مناڤر الانشاو)دا شیعری مه‌ولانای به نموونه هێناوه‌ته‌وه و ناوی به‌گه‌وره‌یی باسدهكات (مولانا خالد نقشبندی سلیمانی در این غزل فرموده‌اند)، به‌ڵام دیسانه‌وه ئه‌مه ئه‌و گرێكوێره‌یه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان نالی و مه‌ولانا ناكاته‌وه؟
نالی و ئاواره‌یی:
- بۆچی نالی ئاواره‌بوو:
- ئایا نالی له ژیانی ناو كوردستان بێزاربووه؟
- ئایا كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بووه و بۆ خۆپاراستن له رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی گرفته‌كان دووركه‌وتووه‌ته‌وه؟
- ئایا ناوه‌ندی رووناكبیری ئه‌وكاته خامۆشبووه و ئه‌و ناچاربووه بۆ خۆدۆزینه‌وه وڵات به‌جێبهێڵێ و بچێته ئه‌و شارانه‌ی كه ناوه‌ندی رووناكبیری پڕ جۆشوخرۆشتری ئه‌و سه‌رده‌مه بوون وه‌كو شام یان ئه‌سته‌مبووڵ؟
- ئایا ناكۆكی و ناته‌بایی له‌گه‌ڵ پیاوانی ئایینی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌بووه كه ئه‌و به زۆری هێرشیكردووه‌ته‌سه‌ر وشكهسۆفییهكان و ئه‌مه‌شه بووه‌ته مایه‌ی ههڕهشهلێكردن و رێگای ئاواره‌یی هه‌ڵبژاردووه.
- ئایا له داخی ناكۆكییه‌كانی ناو ده‌سه‌ڵاتدارێتی بابانییه‌كان رۆیشتووه.
- به‌هۆی نه‌دانی حه‌بیبه یان مردنیه‌وه (گه‌ر حه‌بیبه وه‌كو كه‌سێكی به‌رجه‌سته له‌ژیانیدا هه‌بووبێ) سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێ.
- یان به ململانێ و بگره‌وبه‌رده‌ی نێوان نه‌قشی و قادرییه‌وه تێوه‌گلاوه و نالی كه خزمی مه‌ولانا بووه ناچاربووه كوردستان به‌جێبهێڵێ وه‌كو م. جه‌عفه‌ر له وتاری (مه‌ولانا خالید و نالی)دا ده‌ڵێ: (من پێموایه نالی وه‌كو زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی دوای ته‌پوتۆزی كاروانی مه‌ولانا خالید و یارانی به‌ره‌و شام رۆیشتووه و له‌وێ گیرساوه‌ته‌وه..)؟
تائێستا به‌ته‌واوی هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م ئاواره‌ییه‌ی نالی نازانرێ و هه‌ر له چوارچێوه‌ی تهوهقوعاتدا ده‌مێنێته‌وه چونكه دیكۆمێنت له‌به‌رده‌ستدا نییه ئه‌وه بسه‌لمێنێ!
هه‌روه‌كو هۆكاره‌كانی ئاواره‌بوونی رووننییه، ئه‌وا به‌ته‌واوه‌تی ناشزانرێ كه‌ی و چكاتێ رۆیشتووه؟ سه‌ره‌تا چووه‌ته كوێ؟ له‌مه‌شدا قسه‌ی جیاواز ده‌كرێ:
- هه‌یه ده‌ڵێ هێشتا میرنشینی بابان مابوو كه نالی روویكرده تاراوگه.
- هه‌شه ده‌ڵێ چووه بۆ حه‌ج و له گه‌ڕانه‌وه‌یدا له شام لایداوه و دواتریش چووه‌ته ئه‌سته‌مبووڵ.
- كه‌چی هه‌ندێك ده‌ڵێن دوای تێكچوونی میرنشینی بابان وه‌كو پرۆتستۆیهك به‌رامبه‌ر تێكچوونی بارودۆخی سیاسی و داگیركردنی كوردستان له‌لایه‌ن توركه‌وه سه‌ری خۆی هه‌ڵگرتووه.. ئه‌گه‌ر نالی له داخی سیاسه‌تی چه‌وتی ده‌وڵه‌تی عوسمانی رۆیشتبێ ئه‌ی بۆچی روویكردووه‌ته پایته‌ختی ئه‌و ده‌وڵه‌ته؟
- قسه‌یه‌ك هه‌یه كه نالی چووبێته تاران، به‌ڵام نازانرێ بۆچی چووه و كه‌ی چووه و چه‌ند ماوه‌ته‌وه و لای كێ بووه و كه‌ی له‌وێ ده‌رچووه و له‌وێوه روویكردووه‌ته كوێ؟
- قسه‌یه‌كیش هه‌یه كه نالی نیازی چوونه وڵاتی میسری هه‌بووبێ، ئه‌ویش نازانرێ له‌كوێوه چووه؟
ئه‌وه‌ی مایه‌ی نیگه‌رانییه ئه‌وه‌یه كه نه‌توانراوه به‌وردی و له‌كاتی خۆیدا به‌دواداچوون بۆئه‌وه بكرێ و ژیانی شاعیرێكی وه‌كو نالی كه كاریگه‌رێتی هه‌بووه و جێپه‌نجه‌ی چ له ناوه‌ندی رووناكبیری و چ له گۆڕه‌پانی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارێتی بابانه‌كانه‌وه و چ له بواری ئایینی‌دا دیاربووه ئاوا به ئاڵۆزی و پڕ له كێشمه‌كێش نه‌مێنێته‌وه؟
نالی و ته‌ریقه‌ت:
یه‌كێك ده‌ڵێ نالی قادری بووه
یه‌كێك ده‌ڵێ نالی نه‌قشی بووه
مامۆستا مه‌سعود محه‌ممه‌د له لاپه‌ڕه (43)ی كتێبی (چه‌پكێك له گوڵزاری نالی)دا ده‌ڵێ كه (مه‌شره‌بی نالی له نهسهوفدا قادری بووه نه‌ك نه‌قشبه‌ندی، له‌ئاست ئه‌م بیروڕایه‌دا ده‌بێ فه‌رامۆشی نه‌كه‌ین نالی له ته‌كیه‌ی مه‌ولانا خالید خوێندوویه‌تی و كه ده‌زانین مه‌ولانا سه‌رۆكی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی بووه له سه‌رده‌می خۆیدا..).
بهمپێیهبێ نالی چۆن توانیویه‌تی مه‌شره‌ب قادری بێت و له خانه‌قای مهولاناشدا نیشته‌جێبێت؟ كه ئه‌و سه‌رده‌مه كه‌فوكوڵی ناكۆكی و ململانێی نێوان قادری و نه‌قشبه‌ندی له‌ئاستێكی توندوتۆڵدا بووه و تازه مه‌ولانا به‌و هۆیه‌وه ناچار نیشتمانی به‌جێهێشت و ئاواره و رهههنهی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر بووه.
له شیعره‌كانیشیدا هیچ شتێك به‌دیناكرێ .. كاتێك ته‌ماشای چامه شارهزوورییهكی ده‌كه‌ین ئه‌وا نه ناوی مه‌ولانا خالید هێنراوه و نه ناوی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی، كه‌چی وه‌كو ده‌زانین ئه‌و له یه‌كێك له حوجره‌كانی خانه‌قادا نیشته‌جێبووه، هه‌رچه‌نده بوونی نالی له خانه‌قای مه‌ولانادا به‌ڵگه‌ی نهقشیبوونی نییه، چونكه له‌وكاته‌دا كه له خانه‌قادا بووه ده‌یان شیعری توندی له‌سه‌ر سۆفی بڵاوكردووه‌ته‌وه و هێرشی كردووهتهسهریان، دیاره دژی هه‌موو سۆفییه‌ك نه‌بووه، چونكه وه‌كو له شیعرێكیدا ده‌رده‌كه‌وێ باسی نووری روودباری كردووه كه سۆفی نه‌قشبه‌ندی بووه، هه‌روه‌ها ناوهێنانی دوو بنه‌ماڵه‌ی قادریش نایكاته ده‌روێشێكی سه‌ر به ته‌ریقه‌تی قادری.. له‌وه‌ش ده‌چێ ئه‌و له مه‌سه‌له‌ی ململانێیه‌كانی ئه‌و دوو ته‌ریقه‌ته خۆی بهدوورگرتبێت و بگره هه‌روه‌كو محه‌ممه‌دی مه‌لا كه‌ریم له كتێبی (نالی له كڵاوڕژنهی شیعره‌كانیه‌وه) ده‌ڵێ: (به یه‌كچاو سه‌یری هه‌موو ته‌ریقه‌ته‌كانی كردووه و هه‌ڵوێستێكی تایبه‌تی به‌رابه‌ر به‌هیچ كامیان نه‌بووه و به‌شایانی ئه‌وه‌ی نه‌زانیوه به‌تایبه‌تی بچێته كۆڕی خه‌باته‌وه له دژی هیچ كامێكیان و له‌وه زیاتری پێڕهوانهبینیون كه به ره‌خنه‌یه‌كی گشتی دووریی خۆی له هه‌موویان ده‌رببڕێ).
هه‌روه‌ها هیچ ئاماژه‌یه‌ك به‌دیناكرێ كه نالی به ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندییه‌وه پابه‌ندبووبێت، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك وایبۆده‌چن كه نالی یه‌كێك بووبێ له پشتیوانه‌كانی مه‌ولانا نه‌ك وه‌ك وشكه سۆفییه‌ك، به‌ڵام به‌ڵگه به‌ده‌سته‌وه نییه، هه‌رچه‌نده باسی ئه‌وه‌ش ده‌كرێ كه نالی به گه‌وره‌یی ناوی مه‌ولانای هێنابێ له كتێبی (مناڤر الانشاو)دا.
نالی و به‌رهه‌م:
نالی به‌و شیعرانه‌ی لهدیوانهكهیدا بڵاوكراهتهوه ناسراوه و له‌وانه‌یه به‌رهه‌می زۆرتری هه‌بووبێ نه‌گه‌یشتبێته ده‌ستمان یان له‌ناوچووبن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ شاعیرێك ئه‌وه‌نده‌ی نالی به‌خته‌وه‌ر نه‌بووه له‌ڕووی بڵاوكردنه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه و كتێب و بابه‌ت له‌سه‌رنووسین له‌باره‌یه‌وه، ته‌نانه‌ت دیوانه‌كه‌ی چه‌ندینجار به چاپی جیاواز بڵاوكراوه‌ته‌وه.. تائێستاش ناوه‌ناوه له‌ئه‌نجامی گه‌ڕان و پشكنین به‌ناو ئه‌رشیفی كتێبخانه‌ی وڵاتاندا یان لای كه‌سایه‌تییه‌كان له ده‌ستنووس و بهیازهكاندا شیعری نالی ده‌دۆزرێته‌وه و بڵاوده‌كرێته‌وه.
ئه‌وه‌ی جێی داخه ئه‌و شیعرانه‌ی ده‌دۆزرێنه‌وه ناخرێنهناو دیوانه‌كه‌یه‌وه، بگره دیوانی نالییهكهی بنه‌ماڵه‌ی موده‌ڕیس دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ی كه به‌سه‌ر چاپی یه‌كه‌میدا تێپه‌ڕیوه و چهندیجارینریش بڵاوكراوه‌ته‌وه وه‌كو هه‌ندێك نووسه‌ر ئاماژه‌یان بۆ كردووه، هیچ پارچه شیعرێكی ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شی كاكه حه‌مه‌ی مه‌لا كه‌ریم خۆی پهیدایكردوون نه‌خراوه‌ته ئه‌و دیوانه‌وه.
جگه‌له‌مه ئه‌وه‌ی تائێستا وه‌كو به‌رهه‌می شیعری نالی لهدیواندا یان لهبڵاوكراوهكاندا بڵاوبووه‌ته‌وه له‌وه كه‌متره كه شاعیرێكی گه‌وره‌ی وه‌كو نالی وڵاتان گه‌ڕاوه و ناوه‌ند و كۆڕه ئه‌ده‌بییه‌كانی دیتووه و له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه دیاره‌كانی بواری رووناكبیریدا په‌یوه‌ندی هه‌بووه هه‌ر ئه‌وه‌نده شتی لێبهجێمابێت، بۆیه بۆچوونه‌كان بۆئه‌وه ده‌چێت كه نالی به‌رهه‌می شیعری زۆری له‌ناوچووبێ چ ئه‌و كاتانه‌ی له كوردستان بووه یان كه چووه‌ته حیجاز و شام و ئه‌سته‌مبووڵ. مامۆستا عه‌لادین سه‌جادی گومانی ئه‌وه ده‌كات نالی له‌و ئاواره‌ییه‌ی ئهستهمبووڵیدا دیوانێكی گه‌لێ به‌رزتری لێبهجێمابێت و كه‌وتبێته لای به‌ره‌ی ئه‌حمه‌د پاشا.
ته‌نانه‌ت لهدیوانهكهیدا شیعری شاعیرانیتری تێكه‌ڵبووه یان شیعری نالی چووه‌ته دیوانی شاعیرانیترهوه، ئه‌مانه هێشتا ساغنه‌بوونه‌ته‌وه و نووسه‌ران ته‌نیا به (قه‌رینه) ئه‌وه ساغده‌كه‌نه‌وه كه ئه‌مه بهسنییه بۆ ناسینه‌وه‌ی شیعری شاعیرێك به‌تایبه‌تی نالی.
ئه‌وه‌یشی زانراوه پێش ئێستا نالی هه‌روه‌كو شاعیرێك ناسراوه و گه‌ر باسی نووسینیتری نالی كرابێ وه‌كو ئه‌وه‌ی خۆدزكۆ له زمانی ئه‌حمه‌د پاشای بابانه‌وه له‌باره‌ی نالییه‌وه ده‌ڵێ كه نالی ئه‌فه‌ندی به‌هره و توانای خۆی وه‌كو پسپۆڕێكی شاره‌زا بۆ دیراسه‌كردنی دیالیكته‌كانی كوردستانی نیشتمانه‌كه‌ی ته‌رخانكردووه، هه‌روا له‌مه‌وبه‌ر كتێبێكی قه‌واعیدی زمانی عه‌ره‌بی بۆ كوردی ته‌رجه‌مه‌كردووه، ئه‌وا تائێستا ئه‌و شتانه‌ی به‌رده‌ستنه‌بوون، به‌ڵام له‌م دواییانه‌دا له كتێبخانه‌كانی توركیادا كتێبی (مناڤر الانشاو)ی دۆزرایه‌وه كه بایه‌خی مێژوویی خۆی هه‌یه و زۆر شت له‌باره‌ی نالی و ژیانیه‌وه روونده‌بێته‌وه.
ده‌بێ كه‌ی بێت هه‌وڵه‌كان بگاته ئه‌و ئاكامه‌ی كه پسپۆڕان ته‌رخانبكرێن بۆ گه‌ڕان و كنه و پشكنین له‌هه‌موو كون و قوژبنێكی كوردستان و هه‌موو كتێبخانه‌كانی وڵاتانی عێراق و توركیا و ئێران و سوریا و سعودییه و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ وڵاتی ئه‌وروپی وه‌كو روسیا و ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا و بریتانیا و هیتریش كه كاتی خۆی گه‌ڕیده و رۆژهه‌ڵاتناسان زۆر شتیان كۆكردووه‌ته‌وه و له‌گه‌ڵ خۆیاندا بردوویانه‌ته‌وه بۆ وڵاته‌كانیان.. تا گرێكوێرهكانمان له‌باره‌ی به‌رهه‌مه‌كانیی نالی و شاعیرانیتریشهوه بۆ بكرێته‌وه؟!
گۆڕی نالی:
هه‌روه‌كو چۆن ژیانی نالی ناڕوونی زۆری تیایه، ئاواش مردنه‌كه‌ی و ته‌نانه‌ت گۆڕه‌كه‌شی قسه و باسی زۆری له‌سه‌ر كراوه و هه‌ریه‌كه جۆرێك زانیاریدهدات: -- بنه‌ماڵه‌ی موده‌ڕیس له كتێبی (دیوانی نالی)دا هیچ ئاماژه‌یه‌ك به شوێنی ناشتن و گۆڕی نالی ناكه‌ن.
- د. مارف خه‌زنه‌داریش له كتێبی (دیوانی نالی)دا ده‌ڵێ: "شوێنی گۆڕی دیارنییه".
- ئه‌مین فه‌یزی به‌گ له كتێبی (ئه‌نجومه‌نی ئه‌دیبان)دا ده‌ڵێ: "مه‌دفه‌نی موباره‌كی ئه‌وه‌تا له ئهسكوداره".
- مامۆستا عه‌لادین سه‌جادی له كتێبی (مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی)دا ده‌ڵێ: "له گۆڕستانی ئه‌بوئه‌یوبی ئه‌نساری ده‌نێژرێ".
- وه‌كو له هه‌ندێ سه‌رچاوه‌دا هاتووه، محه‌ممه‌د تاهیر بورسه‌لی له كتێبی (عپمانلی مۆلفلری) باسی ئه‌وه ده‌كات كه ته‌رمی نالی له گۆڕستانی (قاراجا ئه‌حمه‌د) بهخاكسێردراوه.
تائێستا كه‌س نازانێ و هیچ زانیارییه‌ك له‌به‌رده‌ستدا نییه و هیچ شوێنه‌وارێك نابینرێته‌وه وه‌كو به‌ڵگه بیسه‌لمێنێ له‌كام یه‌كێك له‌م شوێنانه نالی گه‌وره شاعیری ئاواره به‌خاكسپێردراوه؟ ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه ته‌نیا قسه‌ی راگوزه‌رن.. ئه‌گینا ناكرێ یه‌ك كه‌س له چه‌ندین شوێنی جیاجیا بنێژرێ؟
ده‌بێ كه‌ی ئه‌م گرێكوێره‌یه بكرێته‌وه و گۆڕی نالی بدۆزرێته‌وه و هه‌رهیچ نه‌بێ بهێنرێته‌وه زید و نیشتمانی خۆی گڵكۆیه‌كی به‌شكۆی بۆ دروستبكرێ؟!
•••
سه‌رچاوه‌كان
- دیوانی نالی/ لێكۆڵینه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس و فاتیح عه‌بدولكه‌ریم
- دیوانی نالی/ د. مارف خه‌زنه‌دار
- مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی/ عه‌لادین سه‌جادی
- مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی/ د. مارف خه‌زنه‌دار/ به‌رگی سێیه‌م
- نالی له كڵاوڕژنهی شیعره‌كانیه‌وه/ محه‌ممه‌دی مه‌لا كه‌ریم
- چه‌پكێك له گوڵزاری نالی/ مه‌سعود محه‌ممه‌د
- دیداری نالی/ ب.گ. رۆشنبیری و هونه‌ر له سلێمانی
- نالی له ده‌ره‌وه‌ی كوردستاندا/ د. عه‌بدوڵڵا حه‌داد
- ئه‌ده‌ب و مێژوو/ محه‌ممه‌د حه‌مه باقی
- ئه‌ده‌بی كۆنی كوردی/ د. ئیبراهیم ئه‌حمه‌د شوان
- خه‌یال و رۆح/ كۆمه‌ڵێ نووسه‌ر
- مێژووی وێژه‌ی كوردی/ سدیق بۆره‌كه‌یی/ ب2
- دیوانی مه‌ستووره‌ی كوردستانی/ سدیق بۆره‌كه‌یی
- به‌ده‌م رێگاوه گوڵ‌چنین/ نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین/ كتێبی یه‌كه‌م
- بیرئانینی مهستتورهی ئه‌رده‌ڵانی/ وتاره‌كانی فیستیڤاڵی مه‌ستووره.
|
77843
جار خوێندراوه‌ته‌وه |
Thursday, November 6, 2014
|
|
|
زیاتر
|
|
رات چییه له‌سه‌ر بابه‌ته بڵاوكراوه‌كانی ئه‌م سایته؟
|
ژماره بەرهەمەکانی ناوەندی کەلتووری کۆچ
|
|
|
govari koch| All rights reserved © 2010