كورتەیەك دەربارەی مێژووی راگواستن و تەعریب لە كوردستانی باشووردا نووسینی: رەحیم حەمید عەبدولكەریم
بابەتەكەمان تایبەتە بە ناوچەیەك كە بەپێی شوێنی جوگرافی كەوتووەتە سنوری باشوری كوردستان كە ئێستا بەشێكە لە دەوڵەتی عیراقی، ئاشكرایە كە (وشەی عیراق) بە بەشەكانی خوارووی دۆڵی رافیدەین دەوترا ئەمەش لەبەر تەختیی خاكەكەی و نەبوونی چیا و نشێوییەكان(1)، هەروەها لە نەخشەی ئەم گەریدەانە: (ئەلبەلغی، ئەستەخری، ئیبن حەوقەل، مەقدیسی)دا هاتووە كە ئەو شوێنە جوگرافیەی عیراق دەینوێنێت :لە لای باكورەوە لە(تكریت)ی سەر رووباری دیجلەوە دەست پێدەكات تا دەگاتە بەسرە ودەریای فارسی لە لای باشوورەوە(2)، لەدوای هاتنی ئایینی ئیسلام وردەوردە دەستیانكرد بە بڵاوبوونەوە و بێگومان عەرەب وەكو نەتەوە توانییان ئایینی پیرۆزی ئیسلام بقۆزنەوە بۆ بڵاوبوونەوەی نەتەوەیی خۆیان و دروستبوونی شار و شارۆچكەی جۆراوجۆر لەسەر خاكی عیراق و دواتریش لە سەرەتاكانی هەرێمی شاخ كە دەكاتە خاكی كوردستان(3)، بۆ نموونە بنیاتنانی شارێك بەناوی (واسیت) واتە شاری (كوت)ی ئێستا كە شوێنێكی قامیشەڵان بوو هەربۆیە ناونرا بە (واسیتی قامیشەڵان) ئەویش لە سەردەمی خەلافەتی ئەمەویدا لەلایەن ئەلحەجاج (الحجاج)ەوە سەرپەرشتیدەكرا، (یاقوتی حەمەوی) دەڵێت: (ئەو شارە لە ساڵی 84 كۆچی دەستیپێكرد ولە ساڵی 86 كۆچی تەواوبوو و دانیشتوانەكەی تێكەڵەیەكبوون لە عەرەب و عەجەم)(4)و شاری (كوفە) لە سەردەمی عومەری كوڕی خەتاب و بە سەرپەرشتی (سەعدی كوڕی وەقاس) دروستكراوە و هەروەها شاری موسڵ كە ئەوكات ناونراوە و پێشتر ناوی (خولان) بووە و بۆیە موسڵمانەكان ناویانناوە (موسڵ) چونكە لەوكاتەدا گەیشتوونەتە ئەو شارە و فەتحیانكردووە و هەروەها شوێنێكە كەوتووەتە نێوان عیراق و جەزیرەوە،(5) هێرش و تەوژمی جێنشینبوونی عەرەبی لە سایەی فتوحاتی ئسلامی لە سەدەی حەوتەمی زایینیدا بە مەزنترین كاریگەریی لەسەر پێكهێنانی رەگەزی بۆ دانیشتوانی عیراق پێكدەهێنێت، چونكە بەسرە و بەغدا و موسڵیان جێنشینكرد و چەندین شاری نوێیان دروستكرد و بە درێژایی مێژوو بوونە پێگەگەلێك بۆ هاتنی خەڵكانێكیتر و ئەو تەوژمەی كۆچی عەرەبییە بۆ عیراق بەررزتربووەتەوە تاوەكو لە سەدەی شەشەمی كۆچیدا (سیانزەهەمی زایینی) گەیشتووەتە ترۆپكی گەشەسەندنی.(6) (مێژوونووسەكان جەختدەكەنەوە لەسەرئەوەی كە شتێك نەبووە ئاماژەبكات بە بوونی عەرەب لەعیراقدا تا هەزارەی یەكەمی پێشزایین و زاراوەی (ئەلعەرەب) هاوتابووە بۆ وشەی (بیابان- بادیە) لە زمانە سامییەكاندا، (جورجی زیِدان) وادەبینێت كە عەرەب پێشئیسلام مەبەستلێی دانیشتوانی دوورگەی عەرەبی بووە بەتەنها و تەوژمی بەعەرەبكردن لە سەردەمی عەباسییەكاندا بەتوندی بەردەوامبووە)،(7) دەستپێكردنی هێرشەكانی هێزەكانی ئیسلام بۆ ناوچەكانی كوردستان بێگومان لە ناوچە باشورییەكانی كوردستانەوە دەستیانپێكردووە و گەورەترین شەڕی ئەو ناوچەیە شەڕی (جەلەولا) بووە كە لە سەردەمی خەلافەتی عومەری كوڕی خەتاب بووە لە ساڵی 16ی كۆچی،(8) هەواڵەكانی نەتەوەی كورد كە لەسەر زاری مێژوونووس و گەڕیدە موسَڵمانەكان لە كورد و عەرەب و فارس وەكو (ئەلەمدائینی و بلازەری و ئەحمەد ئەلكوفی دینەوری و یەعقوبی و ئیبن فەقیە و تەبەری و ئیبنوئەسیر و ئیبنوكەسیر و ئیبن خەلدون و ئەستەخری و یەعقوبی و مەقدیسی و ئیبن مەسكویە) هەموویان جەخت لەسەرئەوەدەكەنەوە كە كورد لە سەردەمی سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام رووبەرووی فیكری داگیركاریی عەرەبی بوونەتەوە دژی حوكمی كۆلۆنیالیی ئەمەوی و عەباسییەكان، هەموو ئەو نووسەرانە باس لە چەندین بەسەرهاتی شەڕی نێوان كورد و عەرەب دەگێڕنەوە لە وڵاتی شاخ و زەوی جەزیرە و فارس و حەلوان و دیناوەر و هەمەدان و شەهرەزوور و گرنگترینیان شەڕی شازادە (دیسم كوڕی ئیبراهیمی كوردی) بووە وەكو ئەوەی كە (ئیبنوئەسیر و ئیبن خەلدون) باسیانكردووە و ئەمەویەكان دەستی حەجاجی كوڕی یوسفی سەقەفیان واڵاكردبوو بۆ لەناوبردنی خەواریج و ئەو كوردانەی كە لەگەڵیاندا بوون ئەویش هێزی شامیی ناردبوو بۆ شەڕی كوردەكان و هەروەها (محەممەد ئیبن ئەلقەسیمە)ی وەكو حاكمی هەرێمی فارسی دانابوو بۆ هێناوەی هۆزە كوردەكان بۆ ژێر ركێفی خۆیان،(9) هەروەها ئیبنولئەسیر (ابن الاپیر) لەكتێبەكەیدا ئەلكامیل (الكامل/ بەرگی سێیەم/ لاپەڕە :29) باس لە هێڕشی (عومەر عەزرە بن قەیس) بۆسەر شارەزوور دەكات، بەڵام نەیتوانی و دواتر بە كوشتار و شەڕ (عەتبە ئبن فەرقەد) چووە شارەزورەوە، ئەو شەڕ و هێڕش و نەبەردییانەی كە بەدرێژایی مێژوو بەناوی ئایینی ئیسلامەوە دژی میللەتی كورد ئەنجامدراوە ئەوەند زۆرن كە ناكرێت ئێمە لێرەدا باسیبكەین و ئەو نووسەرانەی كە ئاماژەمانپێدان گەواهی ئەو راستییەن و ئەوە بێگومان چەندین كاردانەوەی خۆی هەبووە لەسەر دانیشتوانانی كوردستان و تێكەڵبوونی عەرەب و هاوردەكردنیان بۆنێو خاكی كوردستان بەچەندین هۆكار كە كاریانكردووەتەسەر كەڵەكەبوونی دانیشتوانانی غەیرە كورد لەكوردستاندا، (دەستبەسەراگرتنی رەگەزی عەرەبی بەسەر ناوچەكانی دەرەوەی نیمچە دوورگەی عەرەبیدا، تەنها لەڕووی سەربازییەوە نەبووە، بەڵكو لەڕووی مرۆییشەوە ئەنجامدراوە و تەنانەت زۆر لە هۆز و تیرەی جەنگاوەرەكان لەكاتی جەنگدا خێزانەكانیان لەگەڵ خۆیان دەبرد)(10)و كاریانكردووەتەسەر زمان و ئەدەب و شێوەی نووسین و.. هتد.(11)،
لە سەدەی حەڤدەهەمی زایینیدا چەندین پێشهات روویاندا كە پەیوەندییان هەبوو بە پێگەی هۆزەكان لە دابەشبوونیان و بڵاوبوونەوەیاندا و ئەوەش بووە هۆی گۆڕانكاری لە نەخشەی عەشایری عیراقیدا ولە ناوەڕاستی ئەو سەدەیەدا كۆچی عەشایری گەورە روویدا لە ناوچەی جەزیرەی رۆژئاوای فورات لەوانە هۆزەكانی شەممەر و لە ساڵی 1640 زایینیدا چەندین كۆمەڵە باركردن و كۆچكردنیان دەستیپێكرد لە (نەجد)ەوە بۆ (عیراق) وەكو هۆزەكانی (شەممەر و دلێم و زوبێد) و (شەممەر توقە) بۆ ناوچەكانی (كوت و دیالا)و هەروەها هۆزەكانی (زۆبەع و ئەلبوحامید وحەدیدی و تەی و عوبێد)و.. هتد.(12) لە سەردەمی دەستەڵاتدارێتی عوسمانیدا (مەدحەت پاشا) هەوڵێكی دیاریداوە بۆ جێنشینكردنی هۆزە عەرەبییەكان لەسەر ئەو زەوییانەی كە ســـەربە دەوڵەت بوون و لەوانە هۆزەكانی (شەممەر و عەنزە و دلێم و كەعب).(13)
جگەلەو چەندینجۆر لە دوورخستنەوە و راگواستن بەدرێژایی مێژوو ئەنجامدراوە دژی هۆزە كوردییەكان لەوانە و لە سەردەمی دەستەڵاتدارێتی عوسمانییەكاندا لە كۆتاییەكانی سەدەی نۆزدەهەم ئەویش راگواستنی عەشیرەتی (هەمەوەند)(14) بوو، بۆ (تەرابلوس)ی لیبیا دوای ئەوەی كە دەستەڵاتدارێتیی عوسمانی چەندینجار بەرانبەر شۆڕشەكانی ئەو عەشیرەتە بوونەتەوە بەناردنی لەشكری گەورە و زۆرجار تووشی شكست بوونەتەوە و بەتایبەتی لە راپەڕینەكەی ساڵی 1890ز، راگواستنی هۆزی هەمەوەند لە سەردەمی ویلایەتی (ئەحمەد راسم پاشا 1882ز - 1896ز) ئەنجامدراوە كە لەو سەردەمەدا والیی تەرابلوس بووە (15)، هەروەها كۆمەڵێكیتریان رەوانەی (بەنغازی) كران.(16)
بەپێی بەڵگە مێژووییەكان بەدرێژایی مێژوو كوردستان لە كیانێك نەبووە كە ناوی عیراق بێت و بەدرێژایی جەنگی یەكەمی جیهانی و هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانی و داگیركردنی بەغدا لە لایەن بریتانیاوە و گەیشتنی سوپای بریتانی بۆ نێو بەغدا لە 1917/3/11 و كۆنترۆڵكردنی لە لایەن بریتانیاوە(17)و بێگومان لەچەندین شوێنیشدا شەر و پێكدادانی قورسیش روویداوە بە رووی سوپای بریتانیدا(18)و بڕیاردانی ئیدارەی بریتانی كە حكومەتێكی عیراقی كاتیی دابمەزرێنرێت بە سەرۆكایەتی (عەبدولڕەحمن ئەلنەقیب)و بەشێوەیەكی رەسمی ئەم حكومەتە لە 1920/11/11 راگەیەنرا(19)و دواتریش دامەزراندنی مەملەكەتی عیراقی و دانانی شا فەیسەلی یەكەم وەكو مەلیكی ئەو مەملەكەتە لە 1921/8/23دا كە هیچ نوێنەرێكی كورد لە پارێزگاكانی سلێمانی و كەركوك لە ئاهەنگی دانانیدا ئامادەنەبوون،(20) پێشنیاركردنی مەلیك فەیسەڵ دوای ئەوە هات كە لە 24ی ئاداری ساڵی 1921دا لە كۆنگرەی قاهیرە ئامادەكاری بۆ كرا(21)و هەروەها لەلایەن ئەنجومەن وەزیرانی عیراقەوە (عەبدولڕەحمان ئەلنەقیب) لە 11تەموزی هەمانساڵ داوایانكردبوو كە (فەیسەڵ) بكرێتە مەلیكی عیراق بەمەرجێك كە حكومەتێ بێت پابەندبێت بە دابی پەرلەمانی و دیموكراتی بەندكرابێت بە یاسا،(22) بێگومان تاوەكو ئەوكاتە كوردستان بەشێكنەبووە لەو كیانە و (ویلایەتی موسڵ) كە زۆربەی خاكی كوردستان باشووری گرتەوە جێگای ململانێ بوو لەنێوان توركیا و عیراقدا و دواتر كێشەكە خرایەبەردەستی كۆمەڵەی گەلان ئەویش لە 1924/9/30بڕیاری بێكهێنانی لێژنەیەكی لێكۆڵینەوەی دا بۆ لێكۆڵینەوە و پێشكەشكردنی پێشنیاری چارەسەركردن بۆ كێشەی موسڵ،(23) (لە چوارچێوەی دەرەنجامەكانی ئەو لێژنەیە زۆر بە روونی ئاماژەدەكات بە بوونی سێ ناوچەی جیاواز لەناوچەكەدا هەن كە ئەوانەش عیراقی عەرەبی، جەزیرە، كوردستان و سنووری عیراقی عەرەبی لە باكوورەوە لە هیت و تكریت یاخود چیای حەمرین تێپەڕناكات هەروەها ئەدەبیاتی جوگرافیا لە فتوحاتی ئیسلامەوە تا مێژووی لێكۆڵینەوەكە 1925 نە باسكراوە ونە دەردەكەوێت كە ویلایەتی موسڵ (باشووری كوردستان) رۆژێ لە رۆژان بەشێ بووبێت لە عیراق)(24)و دەربارەی پێشنیاری ئەو لێژنەیە ئەوا پێشنیاری ئەوەیانكردبوو (كە ئەگەر رەهەندی ئیتنۆگرافی بەهەند بگیرێت، ئەوا پێویستە دەوڵەتێك بۆ كوردەكان دروستبكرێت، بەڵام ئەگەر رەهەندی ئابوری بەهەند بگیرێت ئەوا دەبێت بلكێنرێت بە عیراقەوە)(25)و لەوكاتە كۆمەڵەی گەلان بڕیاریدا بە لكاندنی باشوری كوردستان بە عیراقەوە بە مەرجێك مافی نەتەوەیی و رۆشنبیری و.. هتد، دانیشتوانەكەی بپارێزرێت، بەمشێوەیە كوردستانی باشوور خرایەسەر عیراقی عەرەبی و لە 1925/12/16 توركیا بڕیارەكەی پەسەندكرد و لە 1932/1/28 ئەوكات عیراق وەكو ئەندامێكی سەقامگیری كۆمەڵەی گەلان وەرگیرا.(26) لەدوای ئەم بڕیارەوە كوردستان وەكو بەشێكی نامۆ كەوتەسەر لاشەی عیراقی تازە دروستكراوی نێودەوڵتی پشتئەستور بە بڕیارێك كە بەرژەوەندی ئابووری زلهێزەكان وایكرد كە بلكێندرێت بەو عیراقەوە، هەربۆیە دەستەڵاتدارانی یەك لە دوای یەكی عیراق هیچكات درێغیاننەكردووە لەگرتنەبەری رێوشوێنگەلێكی زۆر بۆ كەمكردنەوەی رێژەی كورد و كەمكردنەوەی پانتایی بڵاوبوونەوەیان لەو خاكەدا بەو ئومێدەی كە بتوانن رەگەزی عەرەب زۆرینە بێت لەناوچەكەدا و خاكی كورد تا بتوانن كورتبكرێتەوە و دیارە ئەم ئامانجە هەروا بەئاسانی نایەتەدی بۆیە لە چەندین رێگاوە هەوڵیانداوە بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە باسە سەرەكییەكەمانەوە هەیە دوو پرۆسەی سەرەكین كە لەڕاستیدا كاریانكردووەتەسەر بوونی كورد لەناوچەكەدا و بەتایبەتی لە ناوچەكانی جێی ململانێ و سنوورییەكاندا لەگەڵ عیراقی عەرەبی،(27) ئەو دوو پرۆسەیە (راگواستن و بەعەرەبكردن)ە كە بە (تەعریب و تەرحیل) ناوزەدكراون و كارێكی زۆر خراپیان كردووەتەسەر بوونی ڕەگەزی كورد لە ناوچەكەدا(28)و لەهەموو روویەكەوە كاركراوە بۆ سڕینەوەی مۆركی كۆنی شار و شوێنەكان (بڕوانە خشتەی ژمارە/1(29)و پرۆسەی راگواستن و تەعریب بەچەندین قۆناغدا تێپەڕیوە هەر لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عیراقەوە تاوەكو ئەمڕۆ ئەو پرۆسەیە بەردەوام بوونی هەیە، بەڵام بەشێوازی جۆراوجۆر هەر لە هێنانی خێزانی عەرەب بۆ ناوچە سنوورییەكان تاوەكو راگواستنی گوندە سنوورییەكانی كوردستان و تەسفیركردنی كوردە فەیلیەكان و راگواستنی ناوچەكانی ململانێ لەدوای هەرەسی شۆڕشی كورد لە ساڵی 1975 بە دوو جۆر ئەوەی كە بەشداری شۆڕشی كردبوو (عائدون) دەنێردران بۆ خواووی عیراق و ئەو گوندانەی دەوروبەری ناوچەكانی جێی ململانێبوون لەگەڵ ئەواندا راگوێزران بۆ خوارووی عیراق و راگواستنی 5000 گوندی ساڵانی 1987-1988و راگواستنی بارزانییەكان و راگواستنی ناوچەكانی جەنگی عیراق- ئێران و.. هتد. د.مارف عومەرگوڵ لەكتێبەكەیدا جینۆسایدی گەلی كورد دەڵێت: (تاوەكو ساڵی 1979ژمارەی راگوێزراوان لە هەرێمی كوردستان گەیشتە 700 هەزار كەس و ئەو راگواستن و پەلاماردانە 1222 گوندی گرتەوە لە ناوچەكانی دیالا و سلێمانی و هەولێر و كەركوك و دهۆك و موسڵ سەرباری ئەوەی كە گوندە سنوورییەكانی عیراق- ئێران وێرانكران)،(30) هەموو یاساكانی زەویوزاری كشتوكاڵی بەدرێژایی حوكمڕانییە جیاوازەكانی عیراق هەردەم وا داڕێژراوە كە دەرەنجامی جێبەجێكردنی ببێتە فاكتەرێك بۆ راگواستن و تەعریبی كوردستان بۆ نموونە لە ساڵی1932 بڕیاری ژمارە (50)ی تایبەت بە مافی زەویوزاری كشتوكاڵی دەركرا و دواتر لە 1938دا گۆڕدرا بە یاسای ژمــــارە(29)ی تایبەت بە هەمان مەبەست و بەپێی ئەم یاسایە (اللزمە) مافی خاوەندارێتی بەڕەسمی درا بەو هۆز و بنەماڵانەی كە لەسەر ئەو زەوییانە نیشتەجێبوون و بەمشێوەیە چەندین هۆز و عەشیرەتی عەرەب كە هاتبوونە ناوچە كوردنشینیەكان و نیشتەجێكران و هێنرانەسەر زەوی كورد سوودیان لەو یاسایە وەرگرت و هەر بۆ هەمان مەبەست لە ساڵی 1951 یاسای ژمارە(43)ی تایبەت بە ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنانی زەوییەكانی میری داڕێژرا و ساڵی 1952چەند تەعدیلێكی تێداكرا و بەتایبەتی لە خاڵی چوارەم و پێنجەمدا ئاماژەكانی بەعەرەبكردن تیایدا بەئاشكرا نیشاندەدەن،(31) دواتریش لە چوارچێوەی یاساكانی (30) ساڵی 1958و ژمارە (117)ی ساڵی 1970و ژمارە (90)ی ساڵی 1975 هەموویان وا داڕێژراون كە هاوردە عەرەبەكان بتوانن ببنە خاوەن زەویی كشتوكاڵی و بێگومان لەپشتەوەش مرامەكەی تەعریب بووە.(32)
راگواستن و تەعریب بێگومان دوانەیەكی تەواكەری یەكتربوونە بۆئەو مەرامەی كە باسمانكرد و تەعریب بە مانای: (دامەزراندنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ كۆمەڵ و هۆزەكانی عەرەب و گۆڕینی ناوی گوند و شار و ناوچەكانی وڵاتی كورد و رێگەخۆشكردن بۆ پەلهاوێشتنی زمانی عەرەبی و چەسپاندنی وەك نەتەوە و ئایین و دەوڵەت)(33)و بەدرێژایی ساڵانی دەستەڵاتی دەوڵەتی عیراقی كاریانكردووە بۆ كەمكردنەوەی دانیشتوانانی رەگەزی كوردی لەو دەوڵەتەدا بەهەموو شێوازەكان و بۆئەوەش توانیویانە تاڕادەیەك ئامانجەكانیان بپێكن بۆ نموونە لەنێوان ساڵانی 1947 تاوەكو ساڵی 1997كە بەپێی سەرژمێرییەكانی ئەو ساڵانە دەركەوتووە كە ژمارەی كورد زۆر كەمیكردووە لە رێژەی 30.4% لە ساڵی1947ەوە تاوەكو گەیشتۆتە رێژەی 14.6% لە ساڵی 1997دا و ئەمەش بۆ خۆی رێــژەیەكی بــەرچاوە(34)و زۆرترین ئــەم دابەزینە لە ناوچەی دیالا روویداوە (بڕوانە خشتەی ژمارە2 وخشتەی ژمارە 3).(35)
تەعریب و راگواستن دوو هۆی سەرەكی بوون بۆ سنوورداركردنی جوگرافیای هەرێمی كوردستان دەنا (رووبەری هەرێمی فیدرالی دەگاتە 78736كم2، رێژەی 18%ی رووبەری عیراق پێكدەهێنێت، دانیشتوانەكەی 22.4% كۆی گشتیی دانیشتوانانی عیراقە).(36) ئەوەی كە گومانی تێدانییە كە سەردەمی دەستەڵاتداریی حیزبی بەعس دڕەندەترین و سەختترین و خوێناویترین قۆناغ بووە كە دژ بە گەلی كورد ئەنجامدراوە لە راگواستن و تەعریبدا و بێگومان ئەویش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە ئایدیای حیزبەكە ئاراستەكەی بەو شێوەیە بووە كە دروشمەكەی (ئومەتێكی عەرەیی یەكپارچە بە پەیامێكی زیندووەوە - امە عربیە واحدە ژات رسالە خالدە- ئەو ئاراستەیە دەگەیەنێت و خودی دامەزرێنەری حیزبەكە كە (میشیل عەفلەق) بووە وتوویەتی:(گەلی كورد بەشێكە لە نەتەوەی عەرەب)و ئەمەش جەختكردنە لەسەر فەوتاندنی گەلی كوردی لەپرۆگرامیدا هەربۆیە لەپراكتیكدا هەموو هەوڵێكیداوە كورد وەكو نەتەوەیەكی سەربەخۆ نەمێنێ و كوردستان لە كورد دابڕێ و بیكاتە نشینگەی عەرەب،(37) (عەبدولسەلام مەحەمەد عارف) یەكەمین سەرۆككۆماری عیراق لەچەندینجاردا بەئاشكرا دژایەتی بوونی كوردی كردووە بۆ نموونە لە زمانی مەهداوییەوە گێڕاویەتییەوە كە عەبدولسەلام بەرانبەر بە كورد وتوویەتی (چیمان داوە لە ئێوە و ئێوەش چیتان داوە لە ئێمە، ئێمە جیاین و ئێوە جیان)، لەشوێنێكیتردا كاتێك كە ئامادەكاریانكردووە بۆ شۆڕشی 1958و لە شەوی 14ی تەمووزدا وتوویەتی دوای ئەگەر شۆڕشەكەمان سەركەوتووبێت سێ كۆمەڵ هەیە پێویستە قڕیانبكەین ئەوانیش كورد و مەسیحی و شیعەن.(38) بەهەمانشێوە و بەهەمان بیركردنەوە لە یەكەمین رۆژی دروستبوونی كیانی عیراقەوە تاوەكو حوكمی سەدام حسەین كە دڕندەترینیان بووە لەسەر هەمان رێچكە كاریانكردووە دژ بە بوونی كورد، لەدوای رووخانی رژێمی سەدام و دروستبوونی دەوڵەتی نوێی عیراق بە دەستورێكی نوێوە و بە سیستەمێكی فیدرالییەوە، بەڵام هێشتا چەندین كێشە ماون بۆ چارەسەركردن و لەسەرووی هەموویانەوە ناوچەكانی جێی ململانێیە و تاوەكو ئەمڕۆ هێڕشی ناسیۆنالیستی عەرەبیش بە شێوازی جۆراوجۆرەوە و بە بەكارهێنانی هەمان شێوازی بەرجەستەكردنی بنەماكانی ئیسلام وەكو داردەست بۆ راگواستن و تەعریبكردن لە ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتی حكومەتی ناوەند بەتایبەتی هەر بەردەوامە و كاری خۆی كردووەتەسەر ئاوارەبوونی هەزارەها خێزانی كورد لە ناوچەكانی ململانێ.
•••
خشتەكان:
خشتەی ژمارە(1)
ناوی ئەو قەزا وناحیانەی كە بەمەبەستی بەعەرەبكردن گۆڕاون
خشتەی ژمارە(2)
رێژەی كورد لە عیراقدا لە ساڵی 1947ەوە تاوەكو 1997ز
خشتەی ژمارە(3)
رێژەی گۆڕانی ساڵانەی دانیشتوانانی هەندێ لە پارێزگاكانی كوردنشینی لە 1947 تا 1977
پەراوێزەكان:
1. د. خەلیل ئیسماعیل محەممەد/ و: لە عەرەبیەوە: عەبدوڵا رەشید حسێن/ كێشەی كورد لە عیراق، كێشەی سنوورە یان بوون/ چاپی یەكەم/ هەولێر 2010/ لا: 17.
2. هەمان سەرچاوەی پێشوو/ ل17.
3. لە سەردەمی سوڵتانی سەلجوقی (سنجر)ەوە كە لە ساڵی 1157 زایینیدا مردووە، هەرێمی شاخەكان (اقلیم الجبال) لەوكاتەوە بە كوردستان نێوەزەدكراوە – سەرچاوە: د.جمال رشید أحمد/ ڤهور الكرد فی التاریخ/ الجزو الاول/ الگبعە الاولی/اربیل 2003:ص: 314
4. د. علی حسن الخربوگلی/ تاریخ العراق فی ڤل الحكم الاموی/ مصر:1959/ص303.
5. هەمان سەرچاوەی پێشوو /لا: 295 ، 299.
6. د. خلیل اسماعیل محمد/ اقلیم كردستان العراق/ دراسات فی التكوین القومی للسكان/ الگبعە الپالپە/ اربیل 1999/ ص82.
7. د. خەلیل ئیسماعیل محەمەد/و: عەبدوڵا رەشید حسێن/ كێشەی كورد لە عیراق، كێشەی سنوورە یان بوون/ چاپی یەكەم/ هەولێر 2010/ لا:70-71.
8. محمد جمیل بندی الروزبیانی/ مدن كردیە قدیمە / الگبعە الاولی/1999/ ص 257.
9. د. جمال رشید أحمد/ ڤهور الكورد فی التاریخ/ الجزو الاول/ الگبعە الاولی/ اربیل 2003/ ص: 105-106.
10. رەحیم ئەحمەد ئەمین/ بەعەرەبكردن لە هەرێمە كوردنشینیەكاندا 637-847ز/ سلێمانی/ لا:14.
11. (لە سەردەمی شەشەمی پێشزایینیدا جۆرە پیتێك داهاتووە پێیدەوترا (پیتی ئوستانی) تا دەركەوتنی ئایینی ئیسلام، كورد لەنووسیندا بەكاریانهێناوە و پێیاننوسیووە و لەهەمانكاتدا نووسینی ئارامی و لاتینییان بەكارهێناوە، بەڵام لەپاش سەپاندنی ئایینی ئیسلام لەناوچەكەدا وازیان لەم پیتانە هێناوە و بە پیتی كوفی عەرەبی نووسیویانە) سەرچاوە: رەحیم ئەحمەد ئەمین/ بەعەرەبكردن لە هەرێمە كوردنشینیەكاندا637 -847ز/ سلێمانی/ لا:43.
12. د. خلیل اسماعیل محمد/ اقلیم كردستان العراق/ دراسە فی التكوین القومی للسكان/ الگبعە الپالپە/ اربیل1999/ ص: 83.
13. د. خلیل اسماعیل محمد/ اقلیم كردستان العراق/ دراسات فی التكوین القومی للسكان/ الگبعە الپالپە/ اربیل1999/ ص44.
14. هەمەوەند عەشیرەتێكی گەورەی كوردە زۆرتر لە ناوچەكانی چەمچەماڵ و شوان دەژێن و لەچەند تیرەیەك پێكهاتوون لەوانە: (بەگزادە، رەشەوەند، رەمەوەند، سەفەروەند، سیتەبەسار)، دەگێڕنەوە كە ئەم عەشیرەتە لە سەدەی 18هەمی زایینیدا لە ئێرانەوە هاتوونەتە ناوچەكە و رۆڵی گرنگیان بینیوە لە مێژووی كورددا وەكو هاوكاریكردنی بابانییەكان و بەرەنگكاربوونەوەی توركەكان و دەستەڵاتگرتنەدەست لە زەهاو و هاوكاریكردنی شێخی نەمر).
15. د. جرجیس فتح الله/ یقڤە الكرد/ تاریخ سیاسی 1900-1925/ اربیل2002/ دار اراس للگباعە والنشر/ ص61-63.
16. بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی ئەم بابەتە بڕوانە (رحیم حمید عبد الكریم /لاپەڕەیەك لە مێژووی راگواستن لەكوردستاندا/ گۆڤاری بانەڕۆژ/ ژمارە7/ ساڵ2004/ لا:12-13.
17. العراق فی الوپائق البریگانیە1905-1930 / ت.فۆاد قزانجی/ تقدیم عبد الرزاق الحسنی/ ص27.
18. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە: د.كمال مڤهر احمد/ كردستان فی سنوات الحرب العالمیە الاولی/ ترجمە محمد الملا كریم/ بغداد / مگبعە المجمع العلمی الكردی/ ص185
19. د.محمد مڤهر الادهمی/ الملك فیصل الاول/ بغداد/1991/ ص 54-55.
20. د.سروە اسعد صابر/ كوردستان الجنوبیە1926-1939/ دراسە تاریخیە-سیاسیە/ الگبعە الاولی/2006/ السلیمانیە/ ص:24.
21. د. محمد مڤهر الادهمی/ الملك فیصل الاول/ بغداد/1991/ لا 21.
22. د. علی الوردی/ لمحات اجتماعیە من تاریخ العراق الحدیپ/ من عام 1920-1924/ مگبعە المعارف/ بغداد/ ص80.
23. د. فاچل حسین/ مشكلە الموصل، دراسە فی الدبلوماسیە العراقیە والانجلیزیە والتركیە/ بغداد 1977/ ص120.
24. فەرمان عەبدولڕەحمان/ پاكتاوكردنی رەگەزی كورد لە كوردستانی عیراقدا/ دەزگای چاپ و پەخشی حەمدی / 2006/ سلێمانی/ لا 21-22.
25. هەمان سەرچاوەی پێشوو / لا20.
26. بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی كاری لێژنەكەی كۆمەڵی گەلان بۆ چارەسەركردنی كێشەی موسڵ كە ئەوكات هەموو ناوچەكانی هەولیر و سلێمانی و كەركوك و موسڵی لەخۆگرتبوو و زانینی وردەكاری ئەو لێژنەیە و دەركەوتنی زۆرینەیی كورد لەباشوردا بڕوانە: د.جرجیس فتح الله/ یقڤە الكرد، تاریخ سیاسی1900-1925م/ اربیل 2002/ ص:535.
27. عیراقی عەرەبی هەر لە كۆنەوە بە (ارچ السواد) ناوبراوە و مارودی بەمشێوەیە باسی (ارچ السواد) دەكات: بەدرێژایی حەدیپە وموسلەوە تا دەگاتە عەبادان و پانییەكەی لە قادسیەوە تاوەكو حەلوانە، بەمجۆرە درێژییەكەی 160 فەرسەخە رووی بەری سەواد رووی بەری عیراقە، بەڵام درێژییەكەی هەندێك كەمترە) سەرچاوە: د. علی حسن الخربوگلی/ العراق فی ڤل الحكم الاموی/ 1959 مصر/ ص: 348.
28. پێوانەی خاكی كوردستانی بندەستی عیراق دەگاتە 86 هەزار كم2 واتە 19.62% خاكی عیراق پێكدێنێت و زیاتر لە 36684 كم2 بەر شاڵاوی راگواستن كەوتووە كە دەكاتە 42.66% خاكی كوردستانی عیراق، لەلایەكیترەوە ئەو ناوچانەی كە بەپێی یاسای ئۆتۆنۆمی لە 11/3/1970دا دیاریكراوە رووبەرەكەی دەگاتە 36347 كم2و بەوپێیە 42.26% خاكی كوردستانی عیراق پێكدەهێنێت و 53.74%ی لێدابڕاوە بۆ دەستەڵاتی مەركەزی (سەرچاوە: ئەمین قادر مینە/ ئەمنی ستراتیجی عیراق و سێكوچكەی بەعسیان تەرحیل، تەعریب، تەبعیس/ سلێمانی/ 1999/ لا: 149).
29. فەرمان عەبدولڕەحمان/ پاكتاوكردنی رەگەزی كورد لە كوردستانی عیراقدا/ دەزگای چاپ و بەخشی حەمدی/ سلێمانی 2006/ لا:109.
30. د.مارف عومەرگوڵ / جینۆسایدی گەلی كورد لەبەر رۆشنایی یاسای نێودەوڵەتیدا/ چاپی چوارەم/ هەولێر 2007/ لا:35.
31. فەرمان عەبدولڕەحمان/ پاكتاوكردنی ڕەگەزی كورد لە كوردستانی عیراقدا/ دەزگای چاپ و پەخشی حەمدی/ 2006/ سلێمانی/ لا :60-61.
32. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە: بەختیار مستەفا محەمەد/ خاوەندارێتی زەویوزاری كشتوكاڵی/ گۆڤاری بژوێن/ ژمارە6و7/ ساڵی 2000/ سلێمانی/ لا118-131.
33. د. خلیل اسماعیل محمد/ مۆشرات سیاسە التعریب والتهجیر فی اقلیم كردستان العراق/مكتب الفكر والتوعیە للاتحاد الوگنی الكردستانی/ السلیمانیە2003/ ص:9.
34. د. خلیل اسماعیل محمد/ اقلیم كردستان العراق،دراسات فی تكوین القوی للسكان/اربیل/1998/ص46.
35. د. خەلیل ئیسماعیا محمەد/ كورد لە سەرژمێریە رەسمییەكانی عیراقدا/ گۆڤاری سەنتەری لێكۆڵینەوەی ستراتیجی/ ژمارە 22ساڵی شەشەم/ مانگی5/1998/ لا:12.
36. د. خەلیل ئیسماعیا محەمەد/ و: عەبدوڵڵا رەشید حسێن/ كێشەی كورد لە عیراق، كێشەی سنوورە یان بوون/ چاپی یەكەم/ هەولێر 2010/ لا:58.
37. د. مارف عومەر گوڵ / جینۆسایدی گەلی كورد لەبەر رۆشنایی یاسای نێودەوڵەتیدا/ چاپی چوارەم / هەولێر2007/ لا:33.
38. احمد فوزی/ عبد السلام محمد عارف، سیرته، محاكمته، مصرعه/ الگبعە الاولی/ بغداد 1989/ ص: 63 و 139.
|
41274
جار خوێندراوهتهوه |
Thursday, June 18, 2015
|
|
|