سوپا و سیاسه‌ت د. حسێن به‌شیرییه و. له فارسییه‌وه: حه‌سه‌ن حسێن
پێشوتار
لێكۆڵینه‌وه له په‌یوه‌ندی سوپا له‌گه‌ڵا كۆمه‌ڵگه، گروپ و بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌لایه‌كه‌وه و له‌گه‌ڵا ده‌زگای ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌لاكه‌یدیكه‌وه، له روانگه‌ی كۆمه‌ڵناسی سیاسیییه‌وه جێیبایه‌خه. به‌ده‌ربڕینێكیدیكه ئه‌وه‌ی له روانگه‌ی كۆمه‌ڵناسیی سیاسییه‌وه گرنگه ئه‌و رۆڵه‌یه كه سوپا وه‌ك نێوانكارێك له‌نێوان چین و گروپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه له‌لایه‌ك و حكومه‌ت له‌لایه‌كیدیكه‌وه ده‌یبینێ.
به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی سوپا به‌پێی یاسا، وه‌ك ئامڕازێكی جێبه‌جێكردنی ده‌سه‌ڵات و توند‌وتیژیی ده‌وڵه‌ت، به‌رپرسیارێتی سیاسیی ناكه‌وێته‌سه‌رشان، به‌ڵام له‌كرده‌وه‌دا و به‌گه‌لێك به‌ڵگه ده‌شێت به‌شێوه‌ی جۆرا‌وجۆر و راسته‌وخۆ یا ناڕاسته‌وخۆ به‌رپرسیاربێت له به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا. بێگومان شێوه و سه‌نگی هه‌ژموون یا ده‌ستوه‌ردانی سوپا له رژێمه سیاسییه‌كاندا (زۆردار، توتالیتار و دیموكراسی په‌رله‌مانی) ده‌گۆڕێت. له وڵاتانی كۆمۆنیستی سه‌ده‌ی بیستدا ئه‌فسه‌ره باڵاكانی سوپا له پارتی ده‌سه‌ڵاتدار به‌شداربوون و له‌لایه‌كیدیكه‌شه‌وه رێكخراوه حیزبییه‌كانیش له‌نێو سوپادا چالاكبوون. له ده‌وڵه‌ته دیموكراسییه‌كاندا له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌شدا سوپا ده‌ستوه‌رناداته ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام سوپاكان به‌به‌شێك له گروپه‌كانی فشار ده‌ژمێردرێن. بۆ نموونه له ئه‌مریكا هه‌ندێك پیشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كه سوود له گرێبه‌سته سه‌ربازییه‌كان وه‌رده‌گرن، هه‌میشه په‌یوه‌ندییه‌كی تایبه‌تییان له‌گه‌ڵا سوپادا هه‌یه.
له وڵاتانی گه‌شه‌سێندا ده‌ستوه‌ردانی راسته‌وخۆی سوپا له‌سیاسه‌تدا ئاشكراتره. هۆكارێكی ئه‌م ده‌ستوه‌ردانه ئه‌و رۆڵه دیاره‌یه كه زۆرینه‌ی سوپاكان له خه‌باتی دژی داگیركاری له‌م وڵاتانه‌دا گێڕاویانه.
به‌مپێیه هه‌ر له ده‌ستپێكی سه‌ربه‌خۆییه‌وه، سوپا وه‌ك پاسه‌وانی سه‌ربه‌خۆیی و پارێزه‌ری شوناسی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ركه‌وتووه. به‌هه‌رحاڵا پرسیاری گرنگ له روانگه‌ی كۆمه‌ڵناسی سیاسییه‌وه هه‌رته‌نها ده‌ستێوه‌ردانی سوپا له‌سیاسه‌تدا نییه، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه كه ئه‌و ده‌ستوه‌ردانه له به‌رژه‌وه‌ندی چ گروپێكی كۆمه‌ڵایه‌تیدایه. ده‌ستوه‌ردانی سوپا له‌سیاسه‌تدا به‌تایبه‌ت به‌شێوه‌ی كودێتای سه‌ربازی به‌زۆری به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان په‌یوه‌ندی به به‌رژه‌وه‌ندی گروپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه هه‌یه.
له‌وڵاتێكدا كه له بنه‌ڕه‌ته‌وه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له ده‌ستی خانه‌دانانی خاوه‌نزه‌ویوزاردا بێت، ده‌شێت كودێتا نیشانه‌ی ناكۆكی نێوخۆیی چینی ده‌سه‌ڵاتدار بێـت. له‌لایه‌كیدیكه‌وه ده‌شێت له‌گه‌ڵا گه‌شه‌ی چینی ناوه‌ڕاستدا، ئه‌فسه‌رانی سوپا وه‌ك نوێنه‌ری به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و چینه ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ده‌ست و رووه‌و به‌دیهێنانی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه ده‌ستبده‌نه ئاڵوگۆڕ.
به‌مپێیه پێویسته بووترێت كه چه‌مكی حكومه‌تی سه‌ربازیی به‌ته‌نها چه‌مكێكی كۆمه‌ڵناسی نییه. ده‌شێت حكومه‌ته سه‌ربازییه‌كان له‌ڕووی پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌یله چینایه‌تییه‌كانیانه‌وه زۆر و جۆرا‌وجۆربن. هه‌ر له‌مڕووه‌وه‌یه بابه‌تی سه‌ره‌كی كۆمه‌ڵناسی سیاسیی حكومه‌ته سه‌ربازییه‌كان توێژینه‌وه‌یه له په‌یوه‌ندی تایبه‌ت، گروپی و ئیدۆلۆژی نێوان سوپا و چینه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان. به‌مپێیه باسی ده‌ستوه‌ردانی سوپا له سیاسه‌تدا له روانگه‌ی كۆمه‌ڵناسی سیاسییه‌وه به‌رته‌سكتره له‌كۆی بابه‌تی ده‌ستوه‌ردانی هێزه چه‌كداره‌كان له ژیانی سیاسیی‌دا.
پێشینه‌ی مێژوویی سوپا
یه‌كه‌مین ئیشكالییه‌تی سوپا له كۆمه‌ڵگه كشتوكاڵییه سه‌ره‌تاییه‌كانه‌وه ده‌ركه‌وت كه له‌گه‌ڵا كۆمه‌ڵگاكانی ده‌وروبه‌ری خۆیاندا ده‌كه‌وتنه ململانێیه‌وه. هه‌موو ئیمپراتۆریا كۆنه‌كان دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی تایبه‌تیان هه‌بوو، له‌و قۆناغانه‌دا سوپاكان وابه‌سته‌ی خانه‌دانه خاوه‌نزه‌ویوزاره‌كان بوون. له‌گه‌ڵا فراوانبوونه‌وه‌ی شاره‌كاندا تایبه‌تمه‌ندێتی سوپا بۆ به‌رگریكردن له شاره‌كان له‌به‌رامبه‌ر هێرشی ده‌ره‌كیدا حاشاهه‌ڵنه‌گربوو. سه‌رده‌مانی كۆن له زۆربه‌ی وڵاتاندا بۆ پێكهێنانی سوپای به‌كرێگیراو سوودیان له میلله‌ته ژێرده‌سته‌كان وه‌رده‌گرت. له ئه‌وروپای سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاساتدا ده‌وڵه‌ته بچووكه هه‌رێمییه‌كان سوپای بچووك و په‌رشوبڵاویان پێكهێنا. له‌وسه‌رده‌مانه‌دا پاشا‌كان له‌جیاتی دانی پاره‌وپول پتر زه‌ویان به سه‌ربازان ده‌به‌خشی. ئا له‌مڕووه‌وه خۆیان كۆڵه‌كه‌ی وه‌رچه‌رخانبوون بۆ پێكهاتنی چینی ده‌ره‌به‌گ. خانه‌دانی خاوه‌نزه‌وی له ئه‌وروپا ریشه‌یه‌كی سه‌ربازیشی هه‌بوو. له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا خانه‌دانی چه‌كدار هێزی سه‌ره‌كی به‌رگریكردنبوون له شاره‌كان. په‌رشوبڵاوی سوپا تایبه‌تییه‌كان له چاخی ده‌ره‌به‌گیدا، رێگربوو له‌به‌رده‌م پێكهاتنی رێكخراوێكی یه‌كپارچه و گرد‌وكۆدا. ته‌نانه‌ت له شه‌ڕی كریستیانه‌كاندا ( ئه‌وه‌ی موسڵمانان به شه‌ڕی خاچپه‌رسته‌كان ناویده‌به‌ن. و.ك) رێكخستن و یه‌كێتی پێویستیان نه‌بوو. له كۆتایی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا و له‌گه‌ڵا په‌یدابوونی ده‌وڵه‌ته ره‌هاكان، پاشا‌كان كه‌وتنه‌لاوازكردنی خانه‌دانه چه‌كداره‌كان و سه‌رنجڕاكێشانی چینی بازرگانانی شار. بێگومان دامه‌زراوه سه‌ربازییه‌كانی حكومه‌ته ره‌هاكان چاكتربوون له له‌شكره بچووك و تایبه‌تییه‌كانی خانه‌دانان. له‌گه‌ڵا به‌رهه‌مهێنانی چه‌كی نوێ له‌نێوان ساڵانی 1550 ـ 1650 له‌شكری ده‌وڵه‌تی ره‌های پاشا‌كان شێواز و هێزێكی تازه‌ی هه‌بوو. هه‌ر له‌وقۆناغه‌دا بوو كه جلوبه‌رگ، كه‌لوپه‌ل و دیسپلیینی سه‌ربازیی ستاندارد سه‌ریانهه‌ڵدا. زنجیره‌ی پله‌وپایه‌كان، دامه‌زراندن، پله و نیشانه‌ی تایبه‌تیش له‌سوپادا ده‌ركه‌وتن. سوپای پاشای پروس دیارترین نموونه‌ی سوپای مۆدێرن بوو كه له‌ماوه‌ی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م له‌لایه‌ن فره‌دریكی دووه‌م، به بناغه و مۆدێرنێتییه‌كی ته‌واوه‌وه، دامه‌زرا. سوپا له بروسیا وه‌ك (قوتابخانه‌ی گشت میلله‌ت) ناوده‌برا. سوپای حكومه‌ته ره‌هاكان یه‌كه‌مین سوپای پرۆفیشناڵی مۆدێرن بوون. له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌شدا سوپاكان تاڕاده‌یه‌ك داخراوبوون، چونكه ته‌نها خانه‌دان و كه‌سه نزیكه‌كانی پاشا ده‌یانتوانی بگه‌نه پله‌ی باڵای سه‌ربازیی. ئه‌فسه‌رانی سوپای حكومه‌ته ره‌هاكان له خه‌راج به‌خشرابوون، چونكه ده‌ووترا ئه‌وان خه‌راجی خۆیان به خوێن ده‌ده‌ن. هێشتاش لوتف و تووڕه‌یی پاشا‌كان له به‌رزكردنه‌وه‌ی پله یان داگرتنیان كاریگه‌ریی هه‌بوو. به‌وجۆره سوپای حكومه‌ته ره‌هاكان له‌ڕووی رێكخراوه‌ییه‌وه سوپای سیستمی باوكسالاری یا به‌ره‌بابیی( پاتریمونیال) بوون.
هه‌ر له‌و سه‌رده‌مانه‌دا كڕین و فرۆشتنی پله‌وپایه‌ی سه‌ربازییش بره‌ویهه‌بوو، ئه‌وه‌ش ببووه هۆی زیادبوونی بێبنه‌مای ئه‌فسه‌ر. بۆ نموونه سوپای فه‌ره‌نسا له ساڵی 1787دا 36 هه‌زار ئه‌فسه‌ری هه‌بوو كه ته‌نها 13 هه‌زاریان به‌كرده‌وه له سوپادا خزمه‌تیانده‌كرد. به‌مجۆره ماشینێكی سه‌ربازیی تاڕاده‌یه‌ك گه‌وره له ده‌وڵه‌ته ره‌هاكاندا په‌یدابوو. له سه‌رده‌می لویسی چوارده‌دا، فه‌ره‌نسا خاوه‌نی گه‌وره‌ترین سوپای مۆدیرنی راهێنراوبوو و نزیكه‌ی 400 هه‌زار سه‌ربازی هه‌بوو، ( ژماره‌ی دانیشتوانی فه‌ره‌نسا له‌و سه‌رده‌مه‌دا 23 ملیۆن كه‌س بوو). هه‌ر له‌وسه‌رده‌مانه‌دا به‌ریتانیا توێژێكی بچووكتری سوپای هه‌بوو كه له‌ژێر چاودێری په‌رله‌ماندا بوو. نه‌ریتی كڕین و فرۆشتنی پله‌وپایه‌ی سه‌ربازی له‌و وڵاته‌دا تا ساڵی 1871 به‌رده‌وامبوو. له پروسیا ئه‌فسه‌رانی سوپا به‌گشتی له چینی خانه‌دانی خاوه‌نزه‌وی (یونكه‌ره‌كان) بوون. له ساڵی 1791، سه‌رجه‌م ئه‌فسه‌ره باڵاكانی سوپای ئه‌و وڵاته سه‌ربه 518 خێزانی ئه‌شرافی خاوه‌نزه‌وی بوون. ساڵی 1806 له‌كۆی نزیكه‌ی 8000 ئه‌فسه‌ری پروسی ته‌نها 700 كه‌سیان له خانه‌دانی خاوه‌نزه‌وی بوون. سوپای پیشه‌یی نه‌ته‌وه‌یی به مانای مۆدێرن له‌گه‌ڵا سه‌رهه‌ڵدانی سیستمی كار (وه‌زیفه‌كان) ته‌نها له سه‌ده‌ی 19دا په‌یدابوو. شه‌ڕی ساڵانی 1870 تا 71 له‌نێوان ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسادا به‌هه‌موو پێوانه‌یه‌ك شه‌ڕی سوپا نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بوو.
پێشینه و سه‌ره‌تای پێكهێنانی سوپای نه‌ته‌وه‌یی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شه‌ڕی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌مریكا له ساڵانی 1775 ـــ 1783و شه‌ڕه شۆڕشگێرانه‌كان و جه‌نگه‌كانی ناپلیۆنیش له فه‌ڕه‌نسا. ساڵی 1793 به دانانی یاسای سیستمی كاری گشتی له فه‌ڕه‌نسا levee en masse) )، تۆوی پێكهاتنی دانرا. سوپای نه‌ته‌وه‌ییش به مانا مۆدیرنه‌كه‌ی له شۆڕشی فه‌ڕه‌نسادا و له‌لایه‌ن (لازاركارنۆ)وه داهێنرا. بنه‌مای رژێمی كاری گشتی په‌یوه‌ندی نێوان سوپا و گه‌لی به‌هێزكرد. له ساڵانی سه‌ره‌تای شۆڕشدا سه‌ربازان ئه‌فسه‌رانی خۆیان هه‌ڵده‌بژارد. به‌پێی ده‌ستووری ساڵی 1793 هه‌موو فه‌ڕه‌نساییه‌ك به سه‌ربازی گه‌ل ده‌ژمێردرا. به‌وه‌شه‌وه 70% ئه‌فسه‌رانی سوپای فه‌ڕه‌نسا له چینی خانه‌دانه‌كانی ئه‌و وڵاته‌وه هاتبوون. هه‌رچۆنێك بێت سوپای نوێی گه‌ل پێكهاته‌یه‌ك بوو له سوپای مه‌شقپێكراو و سیستمی وه‌زیفه. گرنگترین ریفۆرمی سه‌ربازیی له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا له پروس روویدا. ساڵی 1810 ئه‌كادیمیای سه‌ربازیی (كریگ) له به‌رلین دامه‌زرا. به‌دیهێنانی ناوه‌ندێكی هاوبه‌شی سوپا له ساڵی 1860 داهێنانێكی ده‌وڵه‌تی پروسی بوو. مۆدیلی سوپای پروسی نموونه‌یه‌كیدیكه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپایی بوو كه دواتر له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا سوودیلێبینرا. ته‌نانه‌ت فه‌ڕه‌نسا له‌دوای شكستی 1871 چاوی له سوپای پرۆسی كرد. دوای ئه‌وساڵه گشت وڵاتانی ئه‌وروپا خزمه‌تی سه‌ربازییان له‌نێو میلله‌تدا كرده ئیلزامی. پێشبڕكێی چه‌ك له ده‌ورانی ئاشتی ساڵانی 1870 ــ 1914 له‌نێوان وڵاتانی ئه‌وروپاییدا، بایه‌خ و پێگه‌ی سوپای نه‌ته‌وه‌یی زیادكرد. له‌دوای ئه‌وه‌وه سوپا به مانایه‌كی نوێوه خۆی گرت. له‌ماوه‌ی سه‌ده‌ی بیست وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وروپاش ده‌ستیاندایه پێكهێنانی سوپای نه‌ته‌وه‌یی و سیستمی ئه‌ركی سه‌ربازی.(1)
له شارستانێتی ئیسلامی‌دا له‌ڕووی مێژووییه‌وه ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی و مه‌ده‌نی هه‌میشه ئامێته‌ی یه‌كتریبوون. داگیركردنی خاكی نه‌ته‌وه‌كانیدیكه رێگای باوی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت بوو له‌م شارستانێتییه‌دا كه ئه‌مه‌ش به‌هۆی سوپاوه ئه‌نجامده‌درا.
پێغه‌مبه‌ری ئیسلام و خه‌لیفه‌كانی به فه‌رمانده‌یی له‌شكر و سوپا حسابده‌كران. هه‌روه‌سا له‌لای ئه‌میره‌كانی وڵاتانی ئیسلامی باجی پاسه‌وانێتی سوپای به‌كرێگیراو له كۆنه‌وه له‌ئارادابووه له‌ڕاستیدا خودی خه‌لیفه‌كانی به‌غداد پشتیان به ده‌سه‌ڵاتی له‌شكری به‌كرێگیراو به‌ستبوو، تا ئه‌وجێیه‌ی به‌لای ئیمام محه‌مه‌د غه‌زالییه‌وه ده‌سه‌ڵاتی خه‌لیفه جگه‌له ئه‌فسانه‌یه‌ك هیچیدیكه نه‌بوو، به‌ڵگه‌شی ده‌هێنایه‌وه كه له سه‌رده‌می خۆیدا ده‌وڵه‌ت ته‌نها به‌ره‌نجامی هه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازییه. خه‌لیفه كه‌سێكه كه خاوه‌ن شكۆكان و ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی دڵسۆزیبن.
له‌لای ئیمپراتۆریای عوسمانیش كه دوا ئیمپراتۆریای ئیسلامی بوو، به‌شی زۆری ده‌سه‌ڵات له ده‌ستی (یه‌نیچرییه‌كان) یا گیانبه‌ختكه‌ره‌كاندا بوو كه ناوكۆكه‌ی سه‌ره‌كی سوپای ئیمپراتۆریاكه‌ی پێكده‌هێنا.
میلیتاریزه بوونی كۆمه‌ڵگه و سیاسه‌ت
چه‌مكی میلیتاریزم له مێژووی ململانێی حیزبی و سیاسی‌دا، به‌تایبه‌ت، له‌لایه‌ن پارت و رێكخراوه سۆسیال دیموكرات و چه‌په‌كانه‌وه، وه‌ك دروشمێكی سیاسی له‌پێناو ناشیرینكردن و ره‌خنه‌گرتن له هه‌ڵوێستی هه‌ندێك حكومه‌تی سه‌ربازیی به‌كارهێنراوه. به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی میلیتاریزم به‌دوو مانا به‌كارده‌برێت، یه‌كێكیان په‌ره‌سه‌ندن و زاڵابوونی كه‌لتووری چه‌كداری و سه‌ربازییه له‌كۆمه‌ڵدا و دووه‌م ده‌ستوه‌ردانی سوپایه له سیاسه‌تدا. مه‌به‌ست له میلیتاریزم له مانای یه‌كه‌مدا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بریتییه‌له زاڵابوونی سوپا و شێوه ژیان و كه‌لتووری سه‌ربازی له ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا. هه‌روه‌ك بینیمان میلیتاریزم، له ره‌وه‌ندی پێكهاتنی ناسیونالیزم و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی مۆدیرندا، به‌مانای تامه‌زرۆیی كۆمه‌ڵگه بۆ ئامانجه سه‌ربازییه‌كان ده‌ركه‌وت. پتر له شێوه ژیان و فه‌رهه‌نگی سه‌ربازیدا سیستم و دیسپلین و زنجیره پله‌وپایه‌كان، په‌یوه‌ندی ده‌سه‌ڵات، ملكه‌چی و روانینی شه‌ڕخوازانه جێیشانازییه و یا ته‌نانه‌ت جه‌نگ له‌ڕووی ئه‌خلاقییه‌وه به جێكه‌وته‌كه‌ر و به‌دێهێنه‌ری وزه‌ی رۆحی و ده‌روونی مرۆڤ ده‌زانرێت. له‌مڕووه‌وه به‌زۆری میلیتاریزم به مانای به‌رژه‌نگ و نه‌خۆشی سیاسی ــ كۆمه‌ڵایه‌تی به‌كارده‌برێت و مه‌به‌ستلێی ئه‌وه‌یه كه سوپا سنووری په‌یوه‌ندییه شیاوه‌كان و كاره ره‌واكانی خۆی تێپه‌ڕاندووه و واوه‌تر رۆیشتووه.
میلتاریزم، به‌م مانایه، ده‌كرێت له ئه‌نجامی زیادبوونی ململانێ سه‌ربازییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان و پێداویستی به زیادكردنی بودجه‌ی چاكسازی و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی سوپا و زیادكردنی ژماره‌ی سه‌رباز له‌لایه‌ن حكومه‌تێكی مه‌ده‌نییه‌وه، بێته‌ئارا، هه‌روه‌ك ده‌شێت هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵاتی سه‌ركرده و كۆمه‌ڵه سه‌ربازییه‌كان له سیاسه‌تی ناوخۆیی و ده‌ره‌وه به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ زیادبكات و سه‌ره‌نجام میلیتاریزم په‌ره‌بسێنێت. به ده‌ربڕینێكیدیكه (میلیتاریزمی) (مه‌ده‌نی یا نا چه‌كدار) له ئه‌نجامی فراوانبوونی گیانی سه‌ربازی و جه‌نگاوه‌ریی له كۆمه‌ڵگا و ده‌وڵه‌ت و نێوان خه‌ڵكیدا په‌یداده‌بێت، له‌كاتێكدا (میلیتاریزمی چه‌كداری) به‌ره‌نجامی زاڵبوونی ده‌سه‌ڵاتی سوپایه له حكومه‌تدا.
میلیتاریزم، له‌باری زه‌مینه‌كانی په‌یدابوونییه‌وه، له‌به‌رده‌وامبوونی تێڕوانینه باوه‌كان یا دیارده باو و نه‌ریتییه‌كانه‌وه سه‌رچاوه‌ینه‌گرتووه تاكو بكرێت به‌هۆی مۆدیرنیزه‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌وه خۆبه‌خۆ له‌ناوبچێت، به‌ڵكو سه‌رچاوه‌گرتووی هه‌لومه‌رجی مۆدیرنی ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵاتییه، به‌تایبه‌ت فاكته‌ره سه‌ره‌كییه‌كه‌ی، زیادبوونی به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆژیا له كایه‌ی چه‌كسازیدا كه هۆیه‌كه بۆ گه‌شه‌پێدانی دامه‌زراوه‌یی و ته‌كنیكیی سوپا.
سوپا مۆدیرنه‌كان هێزی كۆمه‌ڵایه‌تی ـ سیاسی رێكخراو و هاوپه‌یوه‌ندن، راسته‌وخۆ یا ناراسته‌وخۆ به دامه‌زراوه‌ی حكومییه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه. ئامانجی سه‌ربازیی به‌لای سوپاوه گرنگترین ئامانجه، له‌كاتێكدا كۆمه‌ڵگه ئه‌مجۆره ئامانجانه قبوڵبكات ئه‌وا ئاره‌زووی میلیتاریستی هه‌موو ژیانی كۆمه‌ڵگه داده‌گرێت. له‌مڕووه‌وه میلیتاریزم شتێكی زیاتره له فراوانبوونه‌وه‌ی چه‌ندێتی تواناییه‌كانی سوپا و ئاماژه بۆ دۆخێك ده‌كات كه تێیدا لایه‌نه ئاساییه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی "سه‌ربازیی" ده‌بێت (كۆمه‌ڵگه وه‌ك سه‌ربازگه‌یه‌كی لێدێت ـ و.كوردی). میلیتاریزم په‌یوه‌ندییه‌كی وای به‌تایبه‌تمه‌ندێتییه‌كانی سوپاوه نییه و په‌یوه‌ستیش نییه به هه‌لومه‌رجی شه‌ڕ و ئاشتییه‌وه. ئاكامی دروستی تایبه‌تمه‌ندێتی سوپا به‌شێوه‌یه‌كی پیشه‌یی، خۆی كۆسپێكی به‌رده‌م په‌یدابوونی میلیتاریزمه و به‌ربه فراوانبوونی گیانی جه‌نگاوه‌ریی له ژیانی مه‌ده‌نیدا ده‌گرێت. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی فراوانبوونی ته‌كنه‌لۆژیای مۆدێرنی سه‌ربازیی، په‌یدابوونی( كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌ربازی ــ پیشه‌سازی)و (كه‌لتووری چه‌كداریی) به زه‌مینه‌ی فراوانبوونی میلیتاریزمی نوێ ده‌ژمێردرێت. سه‌ره‌نجام "سه‌رباز و جه‌نگاوه‌ر له داڕشتنی سیاسه‌تگه‌لێكدا، به‌شێوه‌یه‌كی زێده ئاوقای سیاسه‌ت ده‌بن كه ده‌سه‌ڵات و ئه‌زموونی پێویستیان له‌باره‌وه‌نییه.(2)
میلیتاریزم له‌باری پێشینه‌ی مێژووییه‌وه پتر بۆ نه‌ریتی سوپای پرۆسیا و حه‌زی سه‌ربازیی ده‌وڵه‌تی ئه‌ڵمان، له سه‌رده‌می فره‌دریكی گه‌وره و دوای ئه‌و، ده‌گه‌ڕێته‌وه. بسمارك به‌شێوه‌ی تایبه‌تی سه‌ربازییانه‌ی خۆی رایگه‌یاندبوو كه پرسه سه‌ره‌كییه‌كانی مێژوو گه‌ی "خوێن و شمشێره‌وه " چاره‌سه‌رده‌كرێن. ئه‌ندێشه‌ی بسمارك سیمای لێكهه‌ڵپێكانی میلیتاریزم، ناسیونالیزم و كۆنزه‌رڤاتیزم بوو. له سه‌رده‌می ئه‌ودا ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی سیمای سه‌ربازیی وه‌رگرت و به‌شی زۆری بۆرژوازی ئه‌ڵمانیا، بوونه هاوده‌می شێوه‌كانی ژیانی سه‌ربازیی. له سه‌رده‌می حكومه‌تی سه‌ربازیی ولیامی دووه‌م سوپا ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر په‌رله‌ماندا هه‌بوو. هه‌ڵایسانی جه‌نگه جیهانییه‌كان به‌هۆی سیاسه‌تی فراوانخوازی و سه‌ربازیی ئه‌ڵمانیاوه، به‌تایبه‌ت له جه‌نگی دووه‌مدا ره‌وته میلیتاریستییه‌كانی به‌هێزكرد، هه‌روه‌ها سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی ژاپۆن له‌ماوه‌ی دوو جه‌نگی جیهانیدا، وه‌ك روخسارێكی گه‌وره‌یدیكه‌ی میلیتاریزم ئه‌ژماركرا. هه‌ژموونی سه‌ركرده سه‌ربازییه‌كان له‌نێو حكومه‌ت و سیاسه‌تی ژاپۆندا له 1930 ـ 1945 له سه‌رده‌می فاشیزمی ژاپۆنیدا هاوكاتبوو له‌گه‌ڵا به‌هێزبوونی نه‌ریتی سامۆرایی له‌وڵاتدا. له‌و سه‌رده‌مه‌دا سوپا ئیراده‌ی خۆی به‌سه‌ر هێز و پارته سیاسییه‌كان و رایگشتیدا سه‌پاند و سیستمی په‌رله‌مانی له‌ناوبرد و به‌كۆنترۆڵكردنی هۆكاره‌كانی په‌یوه‌ندیگرتن كه‌وته په‌یڕه‌ویكردنی سیاسه‌تی "به‌رهه‌ڤكردنی ئه‌ندێشه‌ی گشتی". هه‌ندێك وایانلێكداوه‌ته‌وه كه "مۆدیلی هزری میلیتاریستی" ئه‌ڵمان و ژاپۆنییه‌كان فاكته‌ری گرنگی جه‌نگه‌كه بووه. به‌هه‌موو ئه‌مانه‌وه سه‌ربازیی نه‌بوونی ژیانی سیاسی له ده‌وڵه‌ته هاوچه‌رخه‌كاندا، وه‌ك ئه‌زمونێكی نوێ، بووه‌ته‌هۆی ئه‌وه‌ی كه میلیتاریزم به‌مانای ده‌ستوه‌ردانی راسته‌وخۆی سوپا له‌سیاسه‌تدا به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڵاوێر سا وه‌ربگیرێت و ئه‌گه‌رنا له‌هه‌موو شوێنێك، له ئیمپراتۆریا مه‌زنه‌كان و له سه‌رده‌می ده‌وڵه‌ته ره‌هاكاندا له‌شكر و سوپا هه‌ژموونی به‌رچاویان به‌سه‌ر سه‌ركرده سیاسییه‌كاندا هه‌بووه. له‌لایه‌كیدیكه‌وه به‌جێگیربوونی سوپای مۆدێرن وه‌ك رێكخراوه‌یه‌كی فراوان و رێك‌وپێك، ئه‌گه‌ری میلیتاریزه‌بوونی كۆمه‌ڵگا، كه‌لتوور و به‌تایبه‌ت حكومه‌ت زیاتربووه. بۆ نموونه له فه‌ڕه‌نسا له سه‌رده‌مه‌كانی شۆڕش و شه‌ڕه شۆڕشگێڕییه‌كاندا ئه‌م سوپایه وه‌ك سیمای نه‌ته‌وه و كۆمه‌ڵگه‌ی فه‌ڕه‌نسی سه‌یرده‌كرا و ته‌نها وه‌ك ئامڕازێك له ده‌ستی ده‌وڵه‌تی شۆڕشگێڕ‌دا ئه‌ژمارنه‌كرا.
ده‌سه‌ڵاتی سوپا به‌سه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه له‌فه‌ڕه‌نسادا له سه‌رده‌می ناپلیۆن پۆناپارتدا گه‌یشته ترۆپك. له حكومه‌تی پۆناپارتیستی ناپلیۆنی سێیه‌مدا، سوپا گرنگترین هۆكاربوو بۆ به‌دیهێنانی سیستمی وڵات و هاوپشتی كۆمه‌ڵایه‌تی. پاشان بایه‌خی سوپا له ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا و میلیتاریزم به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، له ئه‌نجامی روودانی شه‌ڕه‌گه‌وره و جیهانییه‌كانه‌وه زیادبوونێكی به‌رچاوی به‌خۆوه‌دیت. هه‌ندێك بیرمه‌ندی وه‌ك (هارۆڵد لاسۆل) توتالیتاریزمی میلیتاریستی سه‌رده‌می هه‌ردوو جه‌نگه‌كه‌ی به( ده‌وڵه‌تی سه‌ربازگه‌یی) ناوبردووه.(3)
شه‌ڕی سارد له‌دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانه‌وه، ره‌وتی میلیتاریستی رژێمه سیاسییه‌كانی وڵاتانی رۆژئاوا‌و رۆژهه‌ڵاتی، توندتركرد. هه‌رچه‌نده نه‌ریتی عه‌سكه‌رتارییه‌ت زه‌مینه‌یه‌ك بوو بۆ په‌یدابوونی فاشیزم، به‌ڵام له‌لایه‌كیدیكه‌وه فاشیزم خۆیشی نه‌ریتی میلیتاریزمی به‌هێزكرد. بزووتنه‌وه فاشیستییه‌كان سوودیان وڕه‌سمی سه‌ربازی وه‌رگرت و رێپێوان (بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی)و زنجیره پله‌وپایه‌ی نیمچه سه‌ربازییان كرده شتێكی ئاسایی و ستایشی نه‌ریتی سه‌ربازی و جه‌نگیان كرد. گروپه چه‌كداره فاشیسته‌كان و ئه‌و رێكخراوانه‌ی بانگه‌شه‌یان بۆده‌كردن له‌گه‌ڵا سوپادا زۆر لێكده‌چوون. په‌یوه‌ندی نێوان په‌یڕه‌وان و سه‌ركرده له پارته فاشیسته‌كاندا جۆره په‌یوه‌ندییه‌كی نیمچه سه‌ربازیی بوو. بزاوته فاشیسته‌كان له‌گه‌ڵا دامه‌زراوه سه‌ربازییه‌كانیشدا په‌یوه‌ندییان هه‌بوو. به به‌هێزبوونی بزافه فاشیسته‌كان رۆِڵی باوی سوپاكان تاڕداه‌یه‌ك لاوازبوو و ناچاربوون له‌گه‌ڵا ئه‌و بزووتنه‌وانه‌دا په‌یوه‌ندی نزیك دروستبكه‌ن. جگه‌له‌وه‌ش دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان له‌گه‌ڵا كه‌مبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی سه‌ربازانی سوپادا زۆرێك له ئه‌فسه‌رانی پێشوو چووبوونه نێو دامه‌زراوه سه‌ربازی و نیمچه سه‌ربازییه‌كانی گروپه راستڕه‌وه‌كانه‌وه. به‌هه‌رحاڵا هێزه سه‌ربازی و ئه‌فسه‌ره‌كانی كه دوای جه‌نگ دووچاری شكستی جۆرا‌وجۆر ببوونه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كی گه‌رمیان له‌گه‌ڵا بزاوتی فاشیستی‌دا هه‌بوو. جه‌ختكردنه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی فاشیزمیش له‌سه‌ر چاكێتی گروپه سه‌ربازییه‌كان و ئه‌و به‌رگریكردنه‌ش كه له‌نێو ئه‌نجومه‌ن و یانه سه‌ربازییه‌كان له ئه‌ڵمانیا‌و ئیتاڵیا له فاشیزم ده‌كرا، نیشانده‌ری ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌یه. ده‌وڵه‌ته فاشییه‌كان بۆ پته‌وكردنی یه‌كگرتنی كۆمه‌ڵگه له‌به‌رامبه‌ر نه‌یاریی هێزه سیاسییه‌كان سوودیان له په‌یڕه‌وگه‌لێكی ناوه‌ڕۆك سه‌ربازیی وه‌ك ( جه‌نگی هه‌مه‌لایه‌نه)( له‌شكری جه‌ماوه‌ر)، وه‌ك به‌شێك له ئایدۆلۆژیای خۆیان، وه‌رده‌گرت*.
سه‌باره‌ت به ئیسپانیا به‌شێكی سوپا به سه‌ركردایه‌تی فرانكۆ به‌كرده‌وه ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌بوو. ژه‌نراڵا فرانكۆ، به‌پشتبه‌ستن به سوپا، پارتی فاشی ( فالانژ)ی كرده پاشكۆ و گوێله‌مستی خۆی. فاشییه‌كان له‌هه‌ر شوێنێك بن به پشتیوانی شاراوه‌ی هێزه‌كانی سوپا گه‌یشتنه‌ده‌سه‌ڵات. پاشان ده‌وڵه‌ته فاشییه‌كان بۆ سیاسه‌تی فراوانخوازی خۆیان سوودیان له سوپا وه‌رگرت. له‌هه‌رجێیه‌ك ناكۆكییه‌ك كه‌وتبێته نێوان رێكخراوه نیمچه چه‌كدارییه فاشییه‌كان و سوپاوه، ئه‌وا ناكۆكییه‌كه به قازانجی سوپا شكاوه‌ته‌وه. هه‌ڵبه‌ته له‌لایه‌كیدیكه‌وه، پاكتاوكردنی سوپا و ده‌سه‌ڵاتی پۆلیسی نهێنی به‌سه‌ر یه‌كه‌كانی سوپاوه سه‌ربه‌خۆیی كاركردنی ئه‌فسه‌رانی سوپای له‌ناوبرد. له ئه‌ڵمانیا ئه‌فسه‌رانی سوپا له شۆڕشی بێئاكامی 20 حوزه‌یرانی 1944 ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی. هیتله‌ریش له‌كاردانه‌وه‌یدا به‌رامبه‌ر ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییه پڕوپاگه‌نده و رێنوێنی سیاسی له‌نێو سوپادا توندكرده‌وه.
جه‌نگه جیهانییه‌كان، له وڵاتانی دیموكراسیشدا، بووه هۆی به‌هێزكردنی هه‌ژموونی سوپا له‌نێو سیاسه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌دا. رۆزفلیت سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌ستی له سه‌ركردایه‌تی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كان كێشایه‌وه و له‌به‌رامبه‌ردا پێگه‌یه‌كی به‌هێزی بۆ ناوه‌ندی هاوبه‌شی سه‌ركرده سه‌ربازییه‌كان دانا. به‌تایبه‌ت سوپا له سیاسه‌تی ده‌ره‌كیدا هه‌ژموونێكی سه‌رووئاسایی به‌ده‌ستهێنا. به‌پێچه‌وانه‌وه چه‌رچڵا له به‌ریتانیا به‌پێی رابردووی سه‌ربازیی خۆی توانی هه‌ژموونی ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراوه‌ی سیاسی به‌سه‌ر سوپاوه وه‌ك خۆی بپارێزێت. دوای جه‌نگ، له ئه‌مریكا سه‌رۆك ترومان تێكۆشا سوود له ده‌سه‌ڵاتی سوپا كه به‌هۆی شه‌ڕی سارده‌وه رووله‌زیادبوون، وه‌ربگرێت.
له‌ئه‌نجامدا ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی ئه‌فسه‌ران له پله‌ی سیاسی‌دا دامه‌زران. هه‌ڵبه‌ته یاسای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ساڵی 1947رۆڵی ناوه‌ندی هاوبه‌شی سوپای به‌ته‌واوی به‌كار‌وباری سه‌ربازییه‌وه به‌رته‌سككرده‌وه. له سه‌رده‌می ئایزنهاوه‌ردا ده‌سه‌ڵاتی سوپا به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ی سیاسی‌دا كه‌مكرایه‌وه. هێشتاش كۆنگریس، تاڕاده‌یه‌ك به‌كۆ، پشتیوانی له خواساته‌كانی سوپا ده‌كرد. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش دوای جه‌نگ كاركردنی گه‌لێك ئه‌فسه‌ری سوپا له پله‌وپایه‌ی پیشه‌سازیی و بازرگانیدا، په‌یوه‌ندی نێوان گروپه سه‌ربازی و پیشه‌ییه‌كانی به‌هێزكرد. پیشه‌گه‌لی وه‌ك پیشه‌سازی فڕۆكه، گرێبه‌ستی دارایی زۆر و زه‌به‌ندیان له‌گه‌ڵا سوپادا ئه‌نجامدا. هه‌ربه و هۆیانه‌وه له ئه‌مریكا چه‌ندینجار ئه‌فسه‌رانی سوپا دوای خانه‌نشینبوونیان وه‌ك پاداشت چوونه نێو بواری پیشه‌سازیگه‌لێكه‌وه كه‌پێشتر له ئه‌نجامدانی گرێبه‌ستدا، به‌شیان له خزمه‌تگوزارییه‌كانیان هه‌بوو.
سوپا له زۆربه‌ی وڵاتانی گه‌شه‌سێندا، له‌به‌ر لاوازی چینه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و هێزه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و پارته سیاسییه‌كان، رۆڵی به‌رچاوی هه‌بووه. له‌رزۆكی پێكهاته‌ی ده‌وڵه‌ت، ده‌ستوور و ره‌وایی (شه‌رعییه‌ت) له‌و وڵاتانه‌دا پاڵنه‌رێكی گرنگی بۆ ده‌ستوه‌ردانی سوپا له‌سیاسه‌تدا فه‌راهه‌مكردووه، هه‌روه‌ها پێویستی چاكسازیی و په‌ره‌سه‌ندنی ئابووری وكۆمه‌ڵایه‌تی و ئاتاج به گروپی نوێگه‌ر و چالاك له‌م وڵاتانه‌دا وایكردووه سوپا، له نائاماده‌یی گروپه ریفۆرمخوازه‌كانیدیكه‌دا، وه‌ك راییكه‌ری به‌رنامه‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بگرێته‌ده‌ست.
سه‌رباری ئه‌وه‌ش لاوازیی دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، له‌وانه‌ش پارته سیاسییه‌كان، سه‌ندیكا‌و ده‌زگا مه‌ده‌نییه‌كان له‌و وڵاتانه‌دا ده‌رفه‌تیداوه به سوپا تاوه‌ك رێكخراوترین و رێكوپێكترین دامه‌زراوه‌ی سیاسی ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ستبهێنێت. له‌مه بگوزه‌رێت لاوازی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی و په‌یدابوونی هێزگه‌لێك له ده‌ره‌وه‌ی ناوه‌نده‌وه ( لێره‌دا مه‌به‌ست له پایته‌ختی وڵاته. و.ك) هه‌میشه پاڵنه‌رێكی به‌هێزبووه بۆ ده‌ستوه‌ردانی سوپا له‌حكومه‌تدا. به‌زۆری سوودوه‌رگرتن له سوپا بۆ گه‌یشتن به ئامانجی سیاسی، له‌و وڵاتانه‌ی كه‌متر په‌ره‌یانسه‌ندووه ئاسانتر له پێكهێنان و دروستكردنی پارت و رێكخراوه‌ی سیاسی، چه‌سپاوه. له‌وجۆره وڵاتانه‌دا به‌تایبه‌ت له سه‌رده‌مانی دوای جه‌نگی دووه‌م، سوپا نوێبوونه‌وه‌ی زیاتری به‌ده‌ستهێناوه و به‌زۆری له‌گه‌ڵا به‌رژه‌وه‌ندی چینی تازه‌ی مامناوه‌ندیدا هاوبیربووه. هه‌ر له‌مڕووه‌وه سوپا له‌م وڵاتانه‌دا كاریگه‌ربووه به ئایدۆلۆژیاكانی چینی ناوه‌ند به‌تایبه‌ت ئه‌ندێشه‌ی ناسیونالیستی و گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری. به‌گشتی سوپا له وڵاتانی گه‌شه‌سێندا هه‌م وه‌ك هێزێكی كۆنزه‌رڤاتیڤ و هه‌میش وه‌ك فاكته‌ری نوێبوونه‌وه كاریكردووه. له وڵاتانی ئه‌مریكای لاتین، ده‌ستوه‌ردانی سوپا، تایبه‌تمه‌ندییه‌كی كه‌لتووری بووه كه پێشینه‌ی بۆ شه‌ڕه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی ده‌گه‌ڕێته‌وه. له‌و وڵاتانه‌ی كه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام یا ناوبه‌ناو رووبه‌ڕووی ناكۆكی و شه‌ڕبوونه‌ته‌وه (وه‌ك هه‌ندێك وڵاتی عه‌ره‌بی، ئیسرائیل، پاكستان) ئاماده‌یی سوپا له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی‌دا هه‌ستپێكراوتربووه.
چه‌ند بابه‌تێكی تیۆری
فه‌یله‌سوف و نووسه‌رانی مه‌زنی وه‌ك تۆماس كارلایل و فره‌دریك نیچه گیانی جه‌نگاوه‌ری و ژیانی سه‌ربازییان له‌گه‌ڵا سیفه‌تی بێ‌گیان ودڵی شارستانێتی بۆرژوازی هاوچه‌رخدا به‌راوردكردووه‌و له چاكیی ژیانی جه‌نگاوه‌ر دواون. له‌ڕاستیدا تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی وه‌ك بار‌ودۆخ، دیسپلین و ملكه‌چی و ده‌سه‌ڵات و زنجیره‌ی پله‌وپایه له ئامانجه‌كانی كۆنزه‌رڤاتیڤ داده‌نرێن. ته‌نانه‌ت كه‌سانێكی وه‌ك (ماكس ڤێبه‌ر) وێنایه‌كی ترسناكیان، له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تووشبوو به بازرگانیكردن و بیرۆكراسی و به‌تاڵا له چاكێتی جه‌نگاوه‌ریی و سه‌ربازیی، نیشانداوه. میلیتاریزم به‌زۆری هاوه‌ڵی ره‌وته خۆپارێز و دژه‌لیبراڵه‌كان بووه، هه‌روه‌ها رێزدانان بۆ تێڕوانین و ره‌وته سه‌ربازییه‌كان له‌گه‌ڵا دژایه‌تیكردن سه‌باره‌ت به سۆسیالیزم و پارله‌مانتاریزم پێكه‌وه‌بوونه.
(گایتانۆ مۆسكا) كۆمه‌ڵناسی ئیتاڵی له كتێبی چینی فه‌رمانڕه‌وادا، مه‌ترسییه‌كانی عه‌سكه‌رتارییه‌تی له ژیانی مه‌ده‌نیدا باسكردووه. به بۆچوونی ئه‌و سوپا، له‌نێو هێزه كۆمه‌ڵایه‌تییه جۆرا‌وجۆره‌كاندا، زیاتر توانایی و هێزی پێویستی بۆ گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات و په‌یڕه‌وكردنی یه‌ك لایه‌نه‌ی ده‌سه‌ڵاتی له‌به‌رده‌ستدایه. له ژیانی سیاسی‌دا ئاره‌زوویه‌كی به‌هێز هه‌یه بۆ په‌یدابوونی دیكتاتۆریی سه‌ربازیی. لێ چاكترین رێگا بۆ خۆلادان له‌م ئاره‌زووه زاڵه، به بۆچوونی مۆسكا، دروستكردنی سوپایه‌كی جێگیر و سه‌قامگیره كه ئه‌ندامبوون تێیدا وه‌ك پیشه‌یه‌ك بێت و سه‌ره‌نجام ئاره‌زووی كه‌لله‌ڕه‌قی و شه‌ڕانگێزیی ئه‌فسه‌ران به‌رته‌سكبكرێته‌وه.
ماركس و ئه‌نگلس ساڵی 1854، له په‌یوه‌ند به رۆڵی سوپا له‌سیاسه‌تدا، له‌سه‌ر بنه‌مای مۆدیلی "ده‌وڵه‌تی سه‌ربازی" پروسیا وێنایه‌كی كۆمه‌ڵگه‌ی میلیتاریستییان كێشاوه. به بۆچونی ئه‌وان سوپا له پروسیا چینی فه‌رمانڕه‌وای پێكده‌هێنا. هه‌روا ئه‌وان له سۆنگه‌ی په‌یوه‌ندی سوپا به چینه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه ناوه‌ڕۆكی رژێمی ده‌وڵه‌تی (بسمارك) له ئه‌ڵمانیا و ده‌وڵه‌تی ناپلیۆنی سێیه‌میان له فه‌ره‌نسا خسته‌ڕوو. ئه‌نگلس، پۆناپارتیزمی وه‌ك ( زۆرداریی سه‌ربازیی) باسلێكردووه كه تێیدا وه‌ك چۆن بۆرژوازی نه‌یتوانی به‌ته‌نها فه‌رمانڕه‌واییبكات بۆیه ده‌سه‌ڵاتی سپارد به سوپا تا به‌ربه رێكخستنی هێزی شۆڕشگێری چینی كرێكار بگرێت. به بڕوای ئه‌و رژێمی پۆناپارتیستی رێگربوو له‌به‌رده‌م چاره‌سه‌ری ململانێ چینایه‌تییه‌كان. دوای شكستی پۆناپارتیزم له فه‌ره‌نسا ئه‌نگلس ئیمپراتۆریای ئاڵمانی به (نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی میلیتاریزم) ده‌زانی.
ماركس و ئه‌نگلس چه‌مكی پۆناپارتیزم و" زۆرداریی سه‌ربازی" یان بۆ باسكردن له هه‌لومه‌رجی هاوسه‌نگی نێوان بۆرژوازی و پرۆلیتاریا به‌كارده‌هێنا. به گوته‌ی ئه‌نگلس ده‌سه‌ڵاتی راسته‌قینه له ئه‌ڵمانیا له ده‌ست ( تاقمی خانه‌دانی ئه‌فسه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌وڵه‌تیدا) بوو نه‌ك له ده‌ستی بۆرژوازی. ماركس "بسماركیزمی" به لێكهه‌ڵپێكانی هه‌ریه‌كه له دیسپۆتیزمی سه‌ربازیی، په‌رله‌مانتاریزمی رووكه‌شی، فیود‌اڵیزم و ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی داده‌نا.(4)
كۆمه‌ڵناسی سیاسیی ده‌ستوه‌ردانی سوپا له‌سیاسه‌تدا
توانا سیاسییه‌كانی دامه‌زراوه سه‌ربازییه‌كان
به‌به‌راورد به دامه‌زراوه سیاسییه بێچه‌كه‌كانی وه‌ك پارته‌كان، سوپا له سێ رووه‌وه له‌وان له‌سه‌رتره: یه‌كه‌م له‌ڕووی رێكخراوه‌ییه‌وه، دووه‌م له‌ڕووی توانای سازدان و ته‌یاركردنیان، سێیه‌م له‌ڕووی ئه‌و ئامڕازانه‌ی له‌به‌رده‌ستیاندایه و سوودیلێده‌بینن. له‌ڕووی رێكخراوه‌ییه‌وه، سوپا مۆدیرنه‌كان رێكخراوه‌ی خاوه‌ن ناوه‌ندێتی، دیسپلینی توند و زنجیره پله‌وپایه‌یی رێكوپێكن. سوپا رێكخستنێكی ناوه‌كیی یه‌كپارچه و هاوئاهه‌نگی هه‌یه. توانایی جه‌نگاوه‌ریی له نیشانه (رتبه)و پله‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، تایبه‌تی و كه‌سیی نییه.
سوپای مۆدرین، له‌ڕووی توانایی ته‌یاركردنیشیانه‌وه، به‌پێی ئامانجه تایبه‌تییه‌كانیان ناوه‌ڕۆكێكی سیمبۆلی و ئایدۆلۆژییان هه‌یه و پتر له‌سه‌ر بنه‌مای كۆمه‌ڵێك به‌های دۆزدار (خاوه‌ن رێباز) دامه‌زراون. ناسیونالیزم گرنگترین رێبازی سوپای نوێ بووه. هه‌روه‌سا سوپا زیاتر ئه‌ندێشه‌یه‌كی به‌كۆمه‌ڵ دێنێته‌ئارا كه تاك تێیداده‌توێته‌وه، له‌وێشه‌وه كه بیركردنه‌وه‌ی به‌كۆمه‌ڵا به‌گشتی سه‌رچاوه‌ی بزافه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه، هه‌ر به‌وهۆیه‌وه ده‌شێت سوپا بزافی سیاسی دروستبكات. له‌نێوان رێكخراوه سیاسییه مه‌ده‌نییه‌كانی سه‌ده‌ی بیستدا ته‌نها پارته كۆمۆنیسته‌كان ئاستێكی باڵای ئه‌ندێشه‌ی به‌كۆمه‌ڵیان هه‌بووه. وه‌كو بنه‌مای كاریش، بێگومان له‌وێوه كه سوپا رێكخراوێكی كه‌م تا زۆر پاوانه بۆ چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵات، له‌چاو رێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كاندا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له‌سه‌رتره. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و خاڵه به‌هێزانه‌دا سوپا، به‌به‌راورد به پارت و رێكخراوه سیاسییه‌كان خاڵی لاوازیشیان هه‌یه. له‌و خاڵانه‌ش، سوپا بۆ كار‌وباری سیاسی دروستنه‌بووه. هه‌ر له‌وڕووه‌وه‌یه ته‌نانه‌ت له رژێمه سه‌ربازییه دیكتاتۆرییه‌كانیشدا به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ندێك له كاره‌كان ده‌سپێردرێن به مه‌ده‌نییه‌كان. بێگومان تا سیستمی ئابووری، كۆمـه‌ڵایه‌تی و كه‌لتووری، ئاڵۆزتربێت، توانای سوپا بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كار‌وباره‌كان كه‌مترده‌بێته‌وه.(5)
پاڵنه‌ره‌كانی ده‌ستوه‌ردانی سوپا له سیاسه‌تدا
پاڵنه‌ره‌كانی ده‌ستوه‌ردانی سوپا له‌سیاسه‌تدا پێچه‌ڵپێچتره له پاڵنه‌ری گروپه‌كانیدیكه‌ی وه‌ك یه‌كێتییه كرێكارییه‌كان یا خاوه‌نكاره‌كان بۆ به‌شداری له ژیانی سیاسی‌دا، بێگومان پێویسته له پێكهاته‌ی سوپادا بۆ به‌ڵگه‌ی ئه‌م پێچه‌ڵپێچییه‌ش بگه‌ڕێین. هه‌ڵبه‌ته سوپا چین، توێژ یاخود گروپێكی كۆمه‌ڵایه‌تی یا گروپێكی پیشه‌یی خۆبه‌خشانه نییه. به‌ڵكو به‌شێكه له بیرۆكراسیزمی ده‌وڵه‌ت به مانای فراوان، له‌هه‌مانكاتدا له‌ناوخۆیدا كاریگه‌ری په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه جۆرا‌وجۆره‌كانی له‌سه‌ره.
بۆ تێگه‌یشتن له پاڵنه‌ره‌كانی سوپا له ده‌ستوه‌ردان له ژیانی سیاسی پێویسته سه‌ره‌تا ئه‌و جیاكارییه په‌سه‌ندبكه‌ین كه له‌نێوان ئایدۆلۆژیای سوپا و پاڵنه‌ره واقیعی و شاراوه‌كان هه‌یه. به‌زۆری له‌هه‌موو شوێنێك سوپاكان ده‌ستوه‌ردانی خۆیان له ژیانی سیاسی‌دا به پاراستن و به‌رگریكردن له به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و میللی پاساوده‌ده‌نه‌وه. (خوان پیرۆن) له ئه‌رژه‌نتین سوپای به( كرۆكی نه‌ته‌وه)و باڵاتر له‌هه‌موو پارت و گروپه خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی و گروپه‌كانی فشار ده‌زانی. سوپا به‌زۆری وایڕاده‌گه‌یه‌نن كه له هه‌لومه‌رجێكدا ئه‌گه‌ر مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه هه‌بێت بۆسه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی میللی، ئه‌وا بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و مه‌ترسییانه دێنه‌ناوه‌وه، به‌ڵام ئه‌و ده‌ستوه‌ردانه كاتییه و دوای نه‌مانی هه‌ڕه‌شه‌كه، دووباره دسه‌ڵات ده‌سپێرنه‌وه به مه‌ده‌نییه‌كان.
به‌زۆری سوپا، دوای به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵات، به‌لای ئه‌وه‌دا ده‌چێت كه له‌ده‌سه‌ڵاتدا بمێنێته‌وه. هه‌ڵبه‌ته بۆچوونی سوپا سه‌باره‌تبه (به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی میلله‌ت) زۆر جیایه. بۆ نموونه له وڵاتی ئیسپانیا و پورتوگال سوپا به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانیی یه‌كسانكردبوو به به‌رژه‌وه‌ندی ئۆلیگارشی خاوه‌نزه‌وی، له‌كاتێكدا به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی به‌گوێره‌ی سوپاكانی وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زیاتر له‌نێو به‌رژه‌وه‌ندی چینی ناوه‌ڕاستدا بووه. به‌مپێیه هه‌میشه له‌پشت ئایدۆلۆژیای پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانییه‌وه به‌رگریكردن له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ندێك هێز و گروپ یا چینی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی مه‌ڵاسداوه و كۆمه‌ڵناسی سیاسیی ده‌ستوه‌ردانی سوپا پێویسته بچێته‌سه‌ر ناساندنی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه.(6)
بزوێنه‌ره راسته‌قینه‌كانی ده‌ستوه‌ردانی سوپا له كار‌وباری سیاسی ده‌شێت به‌رگریكردنبن له به‌رژه‌وه‌ندی چینایه‌تی، ناوچه‌یی، ئایینزایی یا فه‌ردی. بێگومان ده‌شێت تێكه‌ڵه‌یه‌ك له پاڵنه‌ری جۆرا‌وجۆریش له‌كاردابن. په‌یوه‌ستبوونی چینایه‌تی له‌هه‌ندێك حاڵه‌تدا ده‌ستوه‌ردانی سوپا له‌سیاسه‌تدا نیشانده‌دات، بۆ نموونه دوای 1918 له ئه‌ڵمانیا په‌یوه‌ندییه چینایه‌تییه‌كان كاری زۆریكرده سه‌ر ره‌فتاری سوپا. سوپای ئه‌ڵمانیا له‌وكاته‌دا زیاتر له چینی خانه‌دانه‌كان پێكهاتبوو. له 1930دا 95% ی ئه‌فسه‌رانی سوپا له چینی باڵای خاوه‌نزه‌وی بوون. سوپای پێكهاتوو له خانه‌دانانی ئه‌ڵمانیا بێگومان روانینێكی دژه‌دیموكراسی و دژه‌سۆسیالیستی هه‌بوو و ناكۆكییه‌كی توندیشی له‌گه‌ڵا بزاوتی سۆسیال دیموكراسی ئه‌ڵمانیادا هه‌بوو، هه‌ر به بۆنه‌ی ئه‌وتێڕوانینه سیاسییانه‌یه‌وه بوو كه سه‌ره‌نجام سازشی له‌گه‌ڵا حكومه‌تی هیتله‌ردا كرد. هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به چالاكی سیاسیی سوپای ژاپۆن له‌ماوه‌ی نێوان دوو جه‌نگی جیهانیدا په‌یوه‌ندی چینایه‌تی فاكته‌ری چاره‌نووسساز بوو. له بیسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا ژماره‌ی ئه‌فسه‌رانی چینی ناوه‌ڕاست و خواره‌وه و گوندنشینه‌كان به‌تایبه‌ت سامۆراییه‌كان كه خه‌ریكبوو ده‌پووكانه‌وه، روویان له‌زیادبوونكرد، له‌كاتێكدا كه ئه‌فسه‌ره پایه‌به‌رزه‌كانی سوپا له خانه‌دانه نه‌جیبزاده‌كان و رژێمی كۆن بوون. له ساڵی 1937 نزیكه‌ی یه‌ك له‌سه‌ر سێی ئه‌فسه‌رانی سوپای ژاپۆن له‌نێو ورده‌بۆرژوازی و خاوه‌نداره بچووكه‌كانه‌وه راستببوونه‌وه. له‌به‌رامبه‌ردا پارته سیاسییه‌كان زیاتر له‌لایه‌ن چینی زایباتسو( خاوه‌ن پیشه‌كان)ه‌وه پشتیوانی دارایی ده‌كران. دژایه‌تیكردنی چینه‌باڵاكان به‌تایبه‌ت زایباتسۆ و پارت و دامه‌زراوه سیاسییه نوێیه‌كان له‌لایه‌ن سوپاوه و به‌شێوه‌یه‌كی گشتیش دژایه‌تیكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێرن كه له ئه‌نجامی چاكسازیی سه‌رده‌می (میجی)ه‌وه دروستببوو، نموونه‌یه‌ك بوو له دوژمنایه‌تیكردنی چینه ته‌قلیدییه‌كان كه به‌ره‌ونه‌مان ده‌چوون و له‌كاردانه‌وه‌یان به‌رامبه‌ربه نوێبوونه‌وه و مۆدێرنیزمی ژاپۆن، دواجار به‌رگرییان له روانگه‌ی دژه‌سه‌رمایه‌داری، دژه‌سۆسیالیزم و دژه‌پارله‌مانتاریزمی (ئیكی كیتا)، سه‌ركرده‌ی ناسیونال سۆسیالیزم یا فاشیزمی ژاپۆن، ده‌كرد.
له میسریش تێڕوانین و ره‌فتاری سیاسی سوپا له‌ژێر كاریگه‌ریی په‌یوه‌ندییه چیناییه‌تییه‌كانی ئه‌فسه‌راندا بوو. دوای كردنه‌وه‌ی خوێندنگه‌ی سه‌ربازیی له ساڵی 1936دا گروپێكی تازه‌ی ئه‌فسه‌رانی لاو له‌و وڵاته په‌روه‌رده‌بوون كه زیاتر له‌نێو چینی خاوه‌نداره بچووكه‌كان و جووتیارانه‌وه راستببوونه‌وه. ئه‌وان به‌پێی په‌یوه‌ندییه چینایه‌تییه‌كانیان هه‌ستێكی دوژمنكارانه‌یان ده‌رهه‌ق به چینی ئه‌فه‌ندی ( خاوه‌ن زه‌وییه‌كان) هه‌بوو. عه‌بدولناسر و لایه‌نگرانی نوێنه‌ری ئه‌وجۆره هێزه بوون كه ئۆباڵی شكستی ساڵی 1948ی فه‌له‌ستینیان ده‌خسته‌ملی توێژی ئه‌فه‌ندی. ئه‌وان له ساڵی 1952دوای ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌گرت هێرشیانكرده‌سه‌ر چینی باڵا و پارته سیاسییه‌كانی سه‌ربه‌و چینه. پاشان ریفۆرمی زه‌ویوزاریان به قازانجی جووتیاران ده‌ستپێكرد. به راگه‌یاندنی ره‌وتی ( سۆسیالیزمی عه‌ره‌بی) له‌ساڵی 1961دا پیشه‌سازیی تایبه‌تیشیان خۆماڵیكرد. له هه‌ندێك وڵاتی ئه‌مریكای لاتین، وه‌ك به‌رازیل و ئه‌رژه‌نتین، په‌یوه‌ندییه چینایه‌تییه‌كانی ئه‌فسه‌رانی لاو كاریكردووه‌ته سه‌ر ره‌وت و ره‌فتاری سیاسی‌یان. به‌رله جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان ئه‌فسه‌ره‌كانی سوپای ئه‌و وڵاتانه زیاتر له چینی ئۆلیگارشی خاوه‌نزه‌وییه‌وه هاتبوون. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه له‌دوای جه‌نگی دووه‌مه‌وه پێگه‌ی چینایه‌تی ئه‌فسه‌ره گه‌نجه‌كان زیاتر چینی ناوه‌ڕاستی شار بوو. ده‌بێت ره‌وته ناسیونال و رادیكال و دژه ئۆلیگارشییه‌كانی ئه‌فسه‌ره لاوه‌كان تائه‌ندازه‌یه‌كی زۆر به به‌ره‌نجامی ئاڵوگۆڕی پێگه‌ی چینایه‌تییان بزانرێت. راپه‌ڕینی ئه‌فسه‌ره لاوه‌كانی به‌رازیل كه بۆ به‌رگریكردن له گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ (وارگاس) ئۆلیگارشی خاوه‌نزه‌وی ئه‌و وڵاته له‌ساڵانی 1920، نموونه‌یه‌كی دیاری ئه‌وحاڵه‌ته‌یه. له ئه‌رژه‌نتین ئه‌فسه‌ره گه‌نجه‌كان كه سه‌ر به‌چینی ناوه‌ڕاست بوون، (خوان پیرۆن)یان گه‌یانده ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام كاتێك پیرۆن هه‌وڵیدا گه‌ی هه‌ڵخراندنی كرێكارییه‌وه ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی له سوپا جیابكاته‌وه، هه‌ندێك هه‌ر له‌و ئه‌فسه‌رانه ساڵی 1955 لایان برد.(7)
په‌یوه‌ندی ناوچه‌یی (هه‌رێمایه‌تی)
ده‌شێت سوپا له‌پێناو به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه ناوچه‌یه‌كانی ده‌ستوه‌ربداته سیاسه‌ته‌وه. بۆ نموونه له ئیسپانیا دوژمنایه‌تی سوپا به‌رامبه‌ركاتالۆنیا و بزاڤه جیاخوازه‌كه‌ی له‌وێوه سه‌رچاوه‌یده‌گرت كه ئه‌فسه‌رانی سوپا زۆربه‌یان خه‌ڵكی كاستیل و ئه‌نده‌لوس بوون. له پاكستان زۆربه‌ی ئه‌فسه‌رانی سوپا خه‌ڵكی رۆژئاوای پاكستانن كه سه‌ربه خاوه‌ن موڵكه‌كانی ناوچه‌ی پنجاب بوون و به چاوێكی سووك سه‌یری خه‌ڵكی رۆژئاوای پاكستانیان ده‌كرد. له یۆغۆسلافیا به‌رله جه‌نگی دووه‌می جیهان كه پێكهاتبوو له ویلایه‌ته‌كانی بۆسنیا، كرواتیا، مه‌سه‌دۆنیا، مۆنتینگرۆ، سربستان و سلۆڤینیا، ئه‌لیكسانه‌ده‌ری یه‌كه‌م له ساڵی 1929دا حكومه‌تێكی دیكتاتۆریی به‌ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراند. ئه‌لیكسانده‌ر سیاسه‌تێكی دوژمنكارانه‌ی به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌كانیدیكه‌ی جگه‌له سربه‌كان، پیاده‌كرد به‌تایبه‌ت ده‌رهه‌ق به‌كرواته‌كان.زۆربه‌ی ئه‌فسه‌رانی سوپاكه‌ی خه‌ڵكی سربیابوون كه هه‌ستێكی قیناویان به‌رامبه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌كانیدیكه هه‌بوو.(8)
هه‌روه‌ها ده‌شێت سوپا بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی و په‌یوه‌ندیی رشته‌ییه‌كان وه‌ك مه‌سه‌له‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی به‌ره‌نگاری حكومه‌ت ببێته‌وه یان ده‌ستیتێوه‌ردات. بۆ نموونه له ئه‌ڵمانیای سه‌رده‌می ئیمپراتۆری 1871 تا 1918و له سه‌رده‌مه‌كانی كۆماری ڤایمار و نازیزمیشدا، سوپا له‌به‌رامبه‌ر حكومه‌تدا، به‌رگری له په‌یوه‌ندییه رشته‌ییه‌كانی خۆی ده‌كرد. وه‌زیری جه‌نگ له‌به‌رامبه‌ر رایشتاگدا به‌رپرس نه‌بوو‌و نه‌یده‌هێشت رایشتاگ ده‌ستوه‌ربداته ناو سوپاوه. ته‌نانه‌ت رایشتاگ هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی به‌سه‌ر بودجه‌ی سوپادا نه‌بوو. له‌ڕاستیدا ناوه‌ندی سوپای ئه‌ڵمانیا سه‌ربه‌خۆییه‌كی به‌رچاوی هه‌بوو. سوپا دوای جه‌نگی یه‌كه‌م، له سه‌رده‌می كۆماری ڤایماردا، به شوێن پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی و سه‌ربه‌شییه‌كان( امتیازات)ی خۆیه‌وه، له‌به‌رامبه‌ر حكومه‌تدا، بوو، چه‌ند هه‌نگاوێكیشی به‌مه‌به‌ستی لاوازكردنی حكومه‌ت نا كه رێخۆشكه‌ربوون بۆ هێنانی هیتله‌ر بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵات. له سه‌رده‌می هیتله‌ریشدا سوپای ئه‌ڵمانیا له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستوه‌ردانی پارتی نازی و گۆستابۆدا راوه‌ستایه‌وه، تائه‌وكاته‌ی خودی هیتله‌ر له ساڵی 1938 سه‌ركردایه‌تی سوپای گرتبه‌ده‌سته‌وه.
به‌مپێیه پاڵنه‌ره‌كانی ده‌ستوه‌ردانی سوپا به‌گشتی له سیاسه‌ت و حكومه‌تدا ئاڵۆزه و پێكهاتووه له پاڵنه‌ره رشته‌یی، چینایه‌تی، ناوچه‌یی و شه‌خسییه‌كان. بۆ ناسینی ئه‌و پاڵنه‌رانه له‌هه‌ر وڵاتێكدا پێویسته سه‌یری پێكهاته‌ی كه‌لێنه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بكرێت. به‌گشتی ئه‌و كه‌لێنانه له ئاستی دامه‌زراوه و رێكخراوه سیاسییه‌كان و له‌وانه‌ش سوپا ره‌نگده‌ده‌نه‌وه و ده‌بێته هۆی په‌یدابوونی لایه‌نگریی نه‌یار له‌نێویدا (واته له‌ناو سوپادا).
ئاسته جۆرا‌وجۆره‌كانی ده‌ستوه‌ردانی سوپا له سیاسه‌تدا.
ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازیی له‌سیاسه‌تدا ئاستی جۆرا‌وجۆری هه‌یه. ده‌توانرێت چوار ئاست یا پله له‌م زه‌مینه‌یه‌دا له‌به‌رچاوبگیرێت:
یه‌كه‌م: هه‌ژموونی سوپا له ده‌زگای حكومه‌تدا به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له ده‌ستی مه‌ده‌نییه‌كان ده‌ربچێت. لێره‌دا سوپا وه‌ك گروپێكی فشار ده‌رده‌كه‌وێت.
دووه‌م: پیاده‌كردنی هه‌ڕه‌شه و فشار له‌لایه‌ن سوپاوه به‌سه‌ر حكومه‌تدا، به‌تایبه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ی كودێتا به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی خواست و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی سوپا له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه، له‌مه‌دا بێگومان ده‌سه‌ڵاتی سوپا سنووری هه‌ژموونی ته‌واو تێده‌په‌ڕێنێت و له ده‌سه‌ڵات نزیكترده‌بێته‌وه.
سێیه‌م: ده‌ستوه‌ردانی راسته‌وخۆ له سیاسه‌ت و گۆڕانكاریی حكومه‌ت به‌هۆی توند‌وتیژییه‌وه و دانانی حكومه‌تێكی سه‌ربازییدیكه له جێگه‌ی حكومه‌تی له‌سه‌ركارلابراو.
چواره‌م: زه‌وتكردنی پله‌وپایه حكومییه‌كان به‌هۆی ئه‌فسه‌ر و پله‌داره‌كانی سوپاوه یا دانانی حكومه‌تی سه‌ربازیی.
به‌پێی راڤه‌ی كلاسیكیی ئێس، ئه‌ی، فاینه‌ر، كۆمه‌ڵناسی سیاسیی ئینگلیزیی ئه‌وه‌ی كه ده‌ستوه‌ردانی سوپا له‌كام یه‌ك له‌و ئاستانه‌دا بێت به‌ستراوه‌ته‌وه به ئاستی به‌ده‌زگاییبوونی ژیانی سیاسیی، گه‌شه‌سه‌ندنی (فه‌رهه‌نگی سیاسی)و فراوانبوونه‌وه‌ی دامه‌زراوه و دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نییه‌وه.
بنه‌ماكانی پشتبه‌ستنی ده‌سه‌ڵاتداران له كار‌وباری حكومه‌تدا، واته بنه‌ماكانی ره‌وایی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، له هه‌لومه‌رجی به‌دامه‌زراوه‌ییبوون و په‌ره‌سه‌ندنی كه‌لتووری سیاسی‌دا ره‌زامه‌ندی گشتی و پشتیوانی ئه‌خلاقیی هه‌یه. رێساكانی ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌دروستی ده‌ڕوات به‌ڕێوه و دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی وه‌ك پارته‌كان، سه‌ندیكا و كۆمه‌ڵه‌كان و رێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كان به‌هێزن.
فاینه‌ر وڵاتانی جیهانی، به‌پێی ئه‌و ده‌ركه‌وتانه له زه‌مینه‌ی گه‌شه‌ی سیاسیی‌دا، كردووه به چوار پۆله‌وه:
یه‌كه‌مین ئه‌و وڵاتانه‌ی كه له‌سه‌ر ئه‌و ده‌ركه‌وتانه‌ی باسكران ( وه‌ك به‌ریتانیا، ئه‌مریكا، وڵاتانی ئه‌سكه‌ندنافییه و.. هتد) له‌م وڵاتانه‌دا ده‌ستوه‌ردانی راسته‌وخۆ و ئاشكرای سوپا له‌سیاسه‌تدا به‌ناڕه‌وا (نامه‌شروع) ده‌زانرێت. هه‌رچه‌نده ده‌شێت هه‌ژموونی سوپا له ئاستی یه‌كه‌مدا بێت.
دووه‌م ئه‌و وڵاتانه‌ی كه تیایاندا چه‌ند دیارده‌یه‌كی په‌ره‌سه‌ندنی سیاسی وه‌ك فراوانبوونی رێكخراو و دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، به‌ره‌وپێشچوون، به‌ڵام هه‌ندێك پێناسه‌یدیكه به‌تایبه‌تی ره‌وایی و رێگاكانی ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هێشتا نه‌چوونه‌ته ئاستی پێویسته‌وه. ئه‌ڵمانیا له‌ماوه‌ی ساڵانی 1918 تا 1933 ، ژاپۆن له‌ماوه‌ی نێوان دوو جه‌نگی جیهانی و فه‌ڕه‌نسا له سه‌رده‌می كۆماری سێییه‌مه‌وه به‌ره‌ودوا له‌وجۆره وڵاتانه بوون. له‌م وڵاتانه‌دا هه‌وڵی سوپا بۆ ده‌ستوه‌ردان له‌سیاسه‌تدا رووبه‌ڕووی به‌ره‌نگاری كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی ده‌بوونه‌وه. پۆلی سێیه‌م ئه‌و وڵاتانه‌ن كه دیارده‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی سیاسی تیایاندا زۆر پێشكه‌وتوونییه، رایگشتی و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی گه‌شه‌یاننه‌كردووه و رێكخراونین، شێوه یاساییه‌كانی ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیش مه‌شروعییه‌تێكی واینییه.
له‌مجۆره هه‌لومه‌رجه‌دا ده‌ستوه‌ردانی سوپا به‌ره‌نگارییه‌كی واینییه. وڵاتانی وه‌ك توركیا، ئه‌رژه‌نتین، میسر، سوریا، پاكستان و عیراق له ده‌یه‌ی شه‌سته‌كاندا له‌وه‌ها هه‌لومه‌رجێكدا بوون. دواجار گروپی چواره‌م ئه‌وجۆره وڵاتانه ده‌گرێته‌وه كه له‌ڕووی پێناسه‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی سیاسییه‌وه هیچجۆره پێشكه‌وتنێكیان به‌ده‌ستنه‌هێناوه، ده‌شێت سوپا رێكخراوترین دامه‌زراوه‌ی سیاسی ـ كۆمه‌ڵایه‌تی بێت. له‌مجۆره وڵاتانه‌دا به‌ده‌سه‌ڵاتگه‌یشتنی سوپا به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی وه‌رده‌گیرێت.
بابه‌تی ده‌ستوه‌ردانی سوپا له‌سیاسه‌تدا به‌تایبه‌ت له په‌یوه‌ند به وڵاتانی گروپی دووه‌م و سێیه‌م چه‌ند خاڵێكی پێچه‌ڵپێچی كۆمه‌ڵناسی ده‌گرێته‌خۆی. له وڵاتانی گروپی دووه‌م ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازیی به‌زۆری ده‌گمه‌ن، كورتماوه سه‌رنه‌كه‌وتووبووه و به‌ره‌وڕووی دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی بووه‌ته‌وه. بۆ نموونه سوپا له ژاپۆن له‌ماوه‌ی دوو جه‌نگی جیهانی و له‌ماوه‌ی جه‌نگی دووه‌میشدا له‌وپه‌ڕی به‌هێزی خۆیدا ناچاربوو ( له‌گه‌ڵا دامه‌زراوه‌گه‌لێكی به‌هێزی وه‌ك پارله‌مان، ده‌رباری ئیمپراتۆر، ئه‌نجومه‌نی هۆزه‌كان (Genro ) خێڵه گه‌وره‌كان، پارته سیاسییه‌كان، زایباتسۆ، یه‌كێتییه كرێكارییه‌كان و.. هتد، بچێته كه‌ناره‌وه. سوپا له ساڵی 1930 به‌دواوه په‌نایبرده به‌كارهێنانی فشار و هه‌ڕه‌شه له‌به‌رامبه‌ر حكومه‌تدا. راپه‌ڕینه سه‌ربازییه به‌ناوبانگه‌كه‌ی شوباتی 1936 بۆ گرتنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌ره‌وڕووی به‌ره‌نگارییه‌كی زۆربووه و سه‌ره‌نجام شكستیخوارد. هه‌ڵبه‌ته باڵی میانڕه‌وتری سوپا هه‌ژموونی فراوانی خۆیان له ده‌زگای سیاسی وڵات‌دا پاراست و له جه‌نگی دووه‌مدا به‌گشتی له لووتكه‌ی ناوه‌ندی بڕیاردا بوون.
كودیتای ناسراوی كاپ (Kapp) له ساڵی 1920 له ئه‌ڵمانیا زۆر له كودیتا سه‌رنه‌كه‌وتووه‌كه‌ی 1936ی ژاپۆن ده‌چوو. له‌ماوه‌ی ساڵانی 1918 تا 1933 سوپای ئه‌ڵمان به‌رده‌وام به‌شوێن بیانوویه‌كی سیاسییه‌وه بوو بۆ ده‌ستوه‌ردان له سیاسه‌ت و حكومه‌تدا. به‌وحاڵه‌شه‌وه هه‌وڵی سوپا له ساڵی 1920 به‌ره‌وڕووی به‌ره‌نگاری دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه‌كان، رایگشتی، یه‌كێتییه كرێكارییه‌كان، كڵێسا و پارته سیاسییه‌كان بووه‌وه. له شوباتی 1920دا ده‌وڵه‌ته سه‌ركه‌وتووه‌كانی جه‌نگی یه‌كه‌م لیستی ناوی تاوانبارانی جه‌نگیان دا به حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا. له‌كاردانه‌وه‌یدا سوپا به سه‌ركردایه‌تی ژه‌نراڵا (لوت ویتز Luttwitz) به‌هاوكاری گروپێكی راستڕه‌و به سه‌ركردایه‌تی (ۆڵفگانگ كاپ) كۆدیتای كرد و( كاپ) بووه راوێژكاری ئه‌ڵمانیا. له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌ندامانی حكومه‌ته شه‌رعییه‌كه به‌ره‌و شاری درسدن هه‌ڵهاتن و له‌وێوه به جووڵاندنی رایگشتی و هاندان بۆ مانگرتنی گشتی به‌ره‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆنی به‌رچاویان له دژی حكومه‌ت پێكهێنا.
سه‌ره‌نجام دوای 5 رۆژ حكومه‌تی كاپ روخا. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له وڵاتانی ژاپۆن و ئه‌ڵمانیا نه‌یاریی هێزه مه‌ده‌نییه‌كان له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستوه‌ردانی راسته‌وخۆی سوپا له سیاسه‌تدا شتێكی به‌رچاوبووه و سوپا ته‌نها ده‌یتوانی له چوارچێوه‌ی یاسا و وه‌ك گروپێكی فشار له‌پشت په‌رده‌وه هه‌نگاوبنێ.
له یه‌كێتی سۆڤییه‌تیش ده‌سه‌ڵاتی گشتگیری پارتی كۆمۆنیست بوارێكی بۆ ده‌ستوه‌ردانی راسته‌وخۆی سوپا نه‌هێشتبووه‌وه. سوپای سۆڤییه‌تی سوپایه‌كی به‌دیسپلین و به‌هێز‌و خاوه‌ن ئیمتیازاتی كۆمه‌ڵایه‌تی جۆرا‌وجۆربوو. هه‌ڵبه‌ته حكومه‌تی كۆمۆنیستی له‌كاتی دامه‌زراندنی سوپای سووره‌وه نیگه‌ران بوو له‌ئه‌گه‌ری هه‌ر سه‌رپێچییه‌كی سه‌ربازیی. به‌تایبه‌ت راپه‌ڕینی چه‌كداریی كرۆنشتاد له ساڵی 1922دا ئه‌و نیگه‌رانییه‌ی به‌هێزتركرد. هه‌ر له‌وڕووه‌وه حیزبی كۆمۆنیست كۆمسیۆنی سه‌ربازیی بۆ چاودێریكردنی سوپا دانا. به‌هه‌رحاڵا له‌گه‌ڵا فراوانبوونه‌وه‌ی یه‌كێتییه كرێكارییه‌كان كه هه‌موویان گه‌ی ئه‌ندامه‌تی حیزبه‌وه په‌یوه‌ندییان پێكه‌وه‌هه‌بوو، بواری كاری سوپا ورده‌ورده هاته‌خواره‌وه. به‌محاڵه‌وه ناڕۆشنی رێسای ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌رده‌وام ده‌ستوه‌ردانی سوپای وه‌ك ئه‌گه‌رێك هێشتبووه‌وه. هه‌ڵبه‌ته له‌هه‌مانكاتدا هه‌ژموونی حیزب به‌سه‌ر سوپاوه رووله‌زیادبوون بوو. بۆ نموونه له ساڵی 1924دا ته‌نها 38% ئه‌فسه‌ره‌كانی سوپا كۆمۆنیست بوون، ئه‌م ژماره‌یه له 1927 بووه 56%و له 1930 گه‌یشته 90% . 32% ئه‌فسه‌ران به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی وه‌ك ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیسابده‌كران. كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزب به‌رده‌وام چاودێربوو به‌سه‌ر كاری سوپاوه و پۆلیسی نهێنی حیزبیش له‌نێو هێزه چه‌كداره‌كاندا چالاكی ئه‌نجامده‌دا. له ساڵی 1937 ستالین 40%ی ئه‌فسه‌ره پایه‌به‌رزه‌كان و نیوه‌ی ئه‌فسه‌رانی پاكتاوكرد. ستالین هه‌وڵیده‌دا سوپا، له وڵاتێكی سه‌راپا میلیتاریستیدا، له‌ڕووی سیاسییه‌وه بێكاریگه‌ربكات. ئه‌و له‌لایه‌كه‌وه حیزبی كرده رێكخراوێكی سه‌ربازیی و له‌لایه‌كیدیكه‌وه سوپای نایه‌ژێر رێنمایی و ئاراسته‌كردنی سیاسییه‌وه. له جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا به‌به‌هێزبوونی ناسیونالیزمی روسی جارێكیدیكه رۆڵی سوپا وه‌ك رزگاركه‌ری روسیا و سۆسیالیزم جه‌ختی لێده‌كرایه‌وه.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌وڵه‌تی روسیا هه‌وڵیده‌دا گه‌ی بانگه‌شه‌ی سیاسی و حیزبی فراوانبوونی چالاكی پۆلیسی نهێنی و هه‌روه‌ها گه‌ی به‌خشینی ئیمتیازاتی ئابووری و فه‌رمانده‌یی دوو لایه‌نه (حیزبی ــ سه‌ربازی)ه‌وه به‌ر به سیاسییبوونی سوپا بگرێت. (سه‌ركردایه‌تی دوو لایه‌نه‌ی سوپا له ساڵی1918 دامه‌زرا‌و 1937 له سه‌رده‌می پاكتا‌وی گه‌وره‌دا توندبووه‌وه. له ساڵانی جه‌نگی دووه‌م به‌بیانووی سه‌ركه‌وتنی سوپاوه سه‌ركردایه‌تی سیاسی نه‌ما و له ده‌یه‌ی 1960 به‌رپرسیارێتی په‌روه‌رده‌كردنی ئایدۆلۆژیی سپێردرا به سه‌ركردایه‌تی سوپا). به‌هه‌موو ئه‌وانه‌شه‌وه سوپای سۆڤییه‌ت له چه‌ند حاڵه‌تێكدا راسته‌وخۆ هاته‌نێو ژیانی سیاسییه‌وه. یه‌كێك له‌و حاڵه‌تانه له‌ناوبردنی (بریا) سه‌رۆكی پۆلیسی ستالین له ساڵی 1953، بوو (بریا) له پله‌ی سه‌رۆكایه‌تی (كه‌ی جی بی دا) به دوژمنی ئاسایی سوپا ده‌زانرا. له‌و ساڵه‌دا یه‌كه‌كانی سوپا به فه‌رمانده‌یی مارشاڵا ژۆكۆف و مارشاڵا كانییف (بریا)یان ده‌ستگیركرد. دووه‌م حاڵه‌ت له‌كاتی لابردنی (مالینكۆف) له ساڵی 1955دا بوو.
رابه‌رانی سه‌ربازیی له كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزب‌دا، راسته‌وخۆ و كاریگه‌ر ده‌ستیانتێوه‌ردا. دوای رووخانی مالنیكۆف، خرۆچۆف داواكاری سوپای سه‌باره‌ت به‌زیادكردنی بودجه دابینكرد و مارشاڵا ژۆكۆف گه‌یشته وه‌زاره‌تی به‌رگری، هه‌روه‌ها سوپا به سه‌ركردایه‌تی مارشاڵا ژۆكۆف به‌رگریی له هه‌وڵه‌كانی خرۆچۆف له دژی نه‌یاره‌كانی له بیرۆكراسییه‌تی ده‌وڵه‌تی ( مۆلۆتۆف، بۆلگانین و مالنكۆف) كرد. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له یه‌كێتی سۆڤییه‌ت سوپا نه‌یتوانی له‌به‌رامبه‌ر حیزب‌دا سه‌ری به‌رزبكاته‌وه‌و به‌هۆی ده‌سه‌ڵاتی فراوانی حیزبه‌وه ناچاربوو له‌كه‌وتنه‌شوێن به‌رژه‌وه‌ندییه رشته‌ییه‌كانیدا به‌ناوی حیزبه‌وه كاربكات. به‌مجۆره رۆڵی سوپای یه‌كێتی سۆڤییه‌ت له‌سیاسه‌تدا له په‌یڕه‌ویكردنی هه‌ژمووندا قه‌تیسمابوو.
له وڵاتانی گه‌شه‌سێندا به‌بیانووی لاوازیی مه‌شروعییه‌تی سیاسی و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و ته‌شه‌نه‌نه‌كردنی پارته سیاسییه‌كانه‌وه ده‌ستوه‌ردانی راسته‌وخۆی سوپا له‌سیاسه‌تدا فراوانتربووه. له‌و وڵاتانه‌دا سوپا وه‌ك رێكخراوترین هێزی سیاسی له‌جیاتی پارت و دامه‌زراوه سیاسییه‌كانیدیكه كاریكردووه. بۆ نموونه له توركیا دوای دامه‌زراندنی رژێمی كۆماریی، دوو پارتی كۆماریخوازی گه‌ل و دیموكرات ده‌ركه‌وتن. به‌كرده‌وه تا ساڵی 1945 ته‌نها پارتی كۆماریخوازی گه‌ل ده‌سه‌ڵاتی له‌ده‌ستدابوو، له‌و ساڵه‌دا مۆڵه‌تدرا به‌هه‌ندێك كه‌سی نه‌یار له‌نێو پارتی ده‌سه‌ڵاتدا تا پارتی ئۆپۆزسیۆن پێكبهێنن. له‌ئه‌نجامدا پارتی دیموكرات پێكهات و له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 1950دا ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه‌گرت. پارتی دیموكرات نوێنه‌ری ترادیسیۆنالیزم، دژی نوێبوونه‌وه‌ی رۆژئاوایی به‌شێوه كه‌مالییه‌كه‌ی و مه‌زهه‌بی و لادینی بوو. له‌م نێوه‌دا سوپای توركیا كه ره‌وتێكی به‌هێزیی نه‌ریتی كه‌مالیزم بوو به‌رگری له رۆشنبیرانی لایه‌نگری رۆژئاوا و پارتی كۆماری ده‌كرد.
كودیتای ساڵی 1960ی توركیا به سه‌ركردایه‌تی (جه‌مال گورسه‌ل) له‌لایه‌ن چینه‌كانی ناوه‌ڕاسته‌وه پشتیوانییلێده‌كرا. به‌هه‌رحاڵا به‌پێی هێزی دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، ژه‌نراڵا جه‌مال گورسه‌ل به‌ڵینیدا كه پاش نووسینی ده‌ستووری نوێ و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن ده‌سه‌ڵات راده‌ستی مه‌ده‌نییه‌كان بكات، به‌ڵام هه‌تا ئه‌وكاته به‌هۆی پشتیوانی تاڕاده‌یه‌ك فراوانی كۆمه‌ڵایه‌تی له پارتی دیموكرات، حكومه‌تی گورسه‌ل په‌یڕه‌وی له سیاسه‌تێكی سه‌ركوتگه‌ریی فراوان كرد. هه‌رجۆره هاوكارییه‌كی پارته سیاییه‌كانیدیكه له‌گه‌ڵا پارتی دیموكراتدا یاساغكرا. له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا كه سه‌ره‌نجام له‌ژێر فشاری پارت و دامه‌زراوه سیاسییه‌كاندا و به چاودێری سوپا ئه‌نجامدرا پارتی كۆماریخواز گه‌یشته‌ده‌سه‌ڵات. به‌مشێوه‌یه سوپای توركیا نوێنه‌ری په‌یوه‌ندی و به‌رژه‌وه‌ندی چینه تازه و مۆدیرنیسته‌كان بووه و هه‌میشه به‌ده‌رخستن و زه‌قكردنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر میراتی ئه‌تاتورك بۆ به‌رگریكردنلێی و له ناسیونالیزمی توركی هاتووه‌ته‌ناوه‌وه. كودێتای ژه‌نراڵا كه‌نعان ئیڤرینیش له ساڵی 1980 هه‌مان ناوه‌ڕۆكی هه‌بوو.(10)
به‌گشتی به فراوانبوونه‌وه‌ی پارته به‌هێزه‌كان، په‌ره‌سه‌ندنی دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، فراوانبوونه‌وه‌ی به‌شداریی خه‌ڵك، پێگه‌یشتنی رایگشتی، به‌هێزبوونی نه‌ریتی په‌رله‌مانتاریزم و.. هتد، ورده‌ورده، بۆشاییه‌ك كه سوپاكان بۆ ده‌ستوه‌ردانیان له ژیانی سیاسی وڵاتانی په‌ره‌سێندا سوودیانلێبینیوه، پڕده‌بێته‌وه و له‌ئه‌نجامدا به‌ڕێكخراوبوون و هوشیاریی هێز و گروپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، چیدی سوپا ناتوانێت به‌ناوی په‌یوه‌ندی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیانه‌وه مه‌یدانی سیاسی داگیربكات.
سوپا و سیاسه‌ت له ئێران‌دا
سوپای مۆدێرنی ئێران به‌ره‌نجامی نوێبوونه‌وه‌یه‌ك بوو، به‌دوای شۆڕشی مه‌شروته، له هه‌ناوی حكومه‌تی ره‌زا شادا. تۆوی سه‌ره‌تای سوپا له پێكهاته‌ی هێزه‌كانه‌وه، به‌تایبه‌ت بریگادی قۆزاق و بریگادی ناوه‌ندیی، دامه‌زرا. پۆشاكی سوپا هه‌مووی بووبه‌یه‌ك. ئه‌فسه‌ره‌كانی ده‌ره‌وه په‌راوێزخران و له ساڵی 1300 كۆلیژێكی ئه‌فسه‌ری دروستكرا. یه‌كه‌مین رێكخستنه‌كانی سوپای ره‌زا شا به‌شێوه‌ی دابه‌شكردنی سوپا بۆ شه‌ش له‌شكری ناوچه‌یی هاته‌ئارا. له سه‌رده‌می ره‌زا شادا تێكڕای بودجه‌ی هێزه چه‌كداره‌كان یه‌ك له‌سه‌ر سێی هه‌موو بودجه‌ی وڵات بوو. ژماره‌ی سه‌ربازان له‌و ساڵانه‌دا له 40 هه‌زاره‌وه بۆ 150 هه‌زار زیادیكرد. له حكومه‌تی ره‌زا شادا سوپا ناڕاسته‌وخۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌ده‌سته‌وه‌بوو. سوپا له به‌ڕێوه‌بردنی كار‌وباره‌كاندا ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر پله و پۆسته مه‌ده‌نییه‌كانه‌وه هه‌بوو. سوپا نوێنه‌ری ره‌وتی مۆدیرنیزاسیۆن و دارده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی ده‌ربار ره‌هابوو. ده‌سته‌بژێر "ئیلیت"ی سوپای ئێران له گروپی تازه پێگه‌یو و سه‌ربه‌خۆ له ئاغازاده‌ی خێڵه‌كی و خاوه‌نزه‌وی سه‌رده‌می قاجار پێكهاتبوون. لێ به‌نۆبه‌ی خۆیان به‌ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی موڵك و زه‌وی به‌رفراوان بوونه به‌شێك له چینی خاوه‌نزه‌وی. له‌گه‌ڵا هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌تی ره‌زا شا رێگربوو له سه‌ربه‌خۆی كاری سوپا. به‌مپێیه دامه‌زراندنی سوپای نوێی ئێران پێكهاته‌یه‌كی به‌ربایی بوو. له ساڵانی 1320و 1332 دوای رووخانی ره‌زا شا به‌هۆی چالاكی گروپ و پارته جۆرا‌وجۆره‌كان و به‌شداری پیاوانی ئایینی، ئاغا‌كان، شه‌قام، رۆشنبیران و یه‌كێتییه كرێكارییه‌كانه‌وه له‌سیاسه‌تدا و ناوه‌ندێتی ئه‌نجومه‌نی شورای میللی و لاوازیی ده‌ربار، سوپا نه‌یتوانی وه‌ك گه‌مه‌كه‌رێكی سیاسی كاربكات. له‌و ساڵانه‌دا ده‌ربار هه‌وڵیدا تا سوپا وه‌ك ئامڕازی ده‌سه‌ڵاتی خۆی گه‌ی زیادكردنی بوودجه و وه‌رگرتنی كۆمه‌كی دارایی له‌ده‌ره‌وه به‌هێزبكه‌ن.
كودێتای ساڵی 1332 به‌ره‌نجامی هاوكاریی ده‌ربار و سوپا بوو. دوای ئه‌وه تاماوه‌یه‌ك رۆڵی سیاسی سوپا له‌ئێراندا زه‌قبوویه‌وه. دوای كودیتا سوپابورد ( پله‌یه‌كی باڵاتره له سه‌رله‌شكر) (زاهیدی) جڵه‌وی سوپای به‌ده‌سته‌وه‌گرت و چاودێریی خولی هه‌ژده‌یه‌می هه‌ڵبژاردنیشی كرد. ده‌رباریش فراوانبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونی سیاسیی سوپای به‌دڵانه‌بوو. به‌تایبه‌ت له‌وێدا كه (زاهیدی) پێداگریده‌كرد كه سه‌ركردایه‌تی گشتی هێزه‌كانی پێبدرێت، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تی هێزه چه‌كداره‌كان له ده‌ستی "شا" دا مایه‌وه. له ره‌وه‌ندی پته‌وبوونی ده‌سه‌ڵاتی شا له ساڵی 1339 به‌دواوه چه‌ندین ئه‌فسه‌ری سوپا كه له‌ڕووی سیاسییه‌وه گرنگ یا مه‌ترسیداربوون، ده‌ستگیركران هه‌روه‌ك ژماره‌یه‌ك سه‌رله‌شكر و سه‌رهه‌نگ پێشوه‌خت خانه‌نشینكران.
ئه‌گه‌رچی له ساڵه‌كانی 1332 ــ 1357 سوپا ئامڕازێكی ئاسایی ده‌سه‌ڵاتی ده‌ربار بوو، به‌ڵام هیچكاتێك سه‌ربه‌خۆ كارینه‌كردووه. شا له‌و ساڵانه‌دا هه‌وڵیدا ناوه‌ندێكی دڵسۆز ده‌سته‌به‌ربكات و گه‌ی زیادكردنی بودجه‌ی سه‌ربازیی و زیادكردنی ژماره‌ی سه‌ربازانی سوپاوه به‌هێزیبكات. ژماره‌ی هێزه چه‌كداره‌كان له 120 هه‌زار كه‌سه‌وه له‌ساڵی 1320 بۆ 400 هه‌زار كه‌س له ساڵی 1356 زیادیكرد. به‌زیادبوونی داهاتی نه‌وت، كڕینی چه‌كوچۆلیش له ساڵانی 1356 ــ 1358دا شه‌ش ملیار دۆلاری تێپه‌ڕاند. بودجه‌ی سه‌ربازیی ساڵانه له 70 ملیۆن دۆلاره‌وه له ساڵی 1339 بۆ 9 ملیار دۆلار له ساڵی 1356 به‌رزبوویه‌وه. شا به مه‌به‌ستی مسۆگه‌ركردنی دڵسۆزیی سوپا سه‌رپه‌رشتی دامه‌زراندن و پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی هێزه چه‌كداره‌كانی ده‌كرد. دڵسۆزیی سوپا به‌چه‌ند فاكته‌رێكه‌وه به‌سترابووه‌وه له‌وانه: چاودێریی هێزه‌كانی ئاسایش و هه‌واڵگریی به‌سه‌ریانه‌وه، به‌هره‌مه‌ندبوونی هێزی چه‌كدار له ئیمتیازاتی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی به‌رچاو و پێدانی پله‌ی مه‌ده‌نی پێیان و.. هتد. هه‌رچۆنێكبێت سوپای ئێران له‌و ساڵانه‌دا له‌سه‌ر بناغه‌ی دڵسۆزیی ته‌واو بۆ ده‌ربار خۆیگرتبوو و سه‌ربه‌خۆ نه‌بوو له را و كاره‌كانیدا.
له ساڵانی كۆتایی ده‌وڵه‌تی په‌هله‌ویشدا كاتێك شا تووشی بێتوانایی ببوو، ده‌یبینی پشتیوانی ده‌ره‌كیشی له‌ده‌ستچووه. ورده‌ورده هه‌مان هه‌ستكردن به لاوازی دزه‌یكرده نێو ریزه‌كانی سوپایشه‌وه. دوودڵی و راڕایی شا له‌په‌نابردنه‌به‌ر سه‌ركوت، توانای سوپای لاوازكرد. سپابورد مقدم سه‌رۆكی ساواك له گه‌رمه‌ی قه‌یرانی شۆڕشگێرانه‌دا گوتی: (شاهه‌نشا كه بڕوای ته‌واویان به فه‌زای سیاسی كراوه و دیموكراسی و جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور هه‌یه، رێگه به‌كاردانه‌وه‌ی توندی هێزی چه‌كدار و سوپا ناده‌ن.. من لێره‌دا به‌ئاشكرا رایده‌گه‌یه‌نم كه شاهه‌نشا ده‌ستی ئێمه و هێزه چه‌كداره‌كانی به‌ستووه و راییكردنی كار‌وباره‌كانی به سه‌رۆكوه‌زیرانی وڵات سپاردووه. هه‌ڵبه‌ته ئێمه سه‌رمانسووڕده‌مێنێ كه بۆچی شاهه‌نشا په‌یڕه‌وی له‌م سیاسه‌تانه ده‌كات (11)).. به‌پێی شایه‌تییه‌كیدیكه"به‌رنامه و رێوشوێنه‌كانی حكومه‌تی (شه‌ریف ئیمامی) به‌ته‌واوی جیاوازبوو له‌گه‌ڵا بڕیاره‌كانی حكومه‌تی سه‌ربازیی كه له سه‌رده‌می خودی خۆیدا راگه‌یه‌ندرا بوو.. ژه‌نراڵا (ئۆیسی) فه‌رمانده‌ی تاران تیامابوو كه چۆن بڕیاره‌كانی حكومه‌تی سه‌ربازیی له‌گه‌ڵا سیاسه‌تی ته‌بایی و ئاشتییانه‌ی ده‌وڵه‌تدا ده‌گونجێت.(12)
سه‌ره‌نجام به گوته‌ی ئارتشبه‌دی ( پله‌یه‌كی سه‌ربازییه) قه‌ره‌باغی حكومه‌تی سه‌ربازیی به وێنه‌ی شێرێكی بێیاڵا و كلكی لێهاتووه.(13) حكومه‌تی سه‌ربازیی ئه‌زهاریش كه له 15 مانگی ئابانی 1357 دامه‌زرابوو، به‌هۆی دوودڵی و راڕاییه‌كانی ده‌رباره‌وه هیچیپێنه‌كرا. هه‌رئه‌و دوودڵیانه گرنگترین كاریگه‌رییان له‌سه‌ر پێشڤه‌چوونی بزاڤه شۆڕشگێڕانه‌كه دانا." ئه‌زهاری.. گوتی به‌هۆی دووپاتكردنه‌وه و فه‌رمانی به‌رده‌وامی شا سه‌باره‌ت به خۆپاراستن له كاری توند‌وتیژیی، حكومه‌تی سه‌ربازیی بووه ناوێكی بێناوه‌ڕۆك و توانای راگرتنی بار‌ودۆخی لێزه‌وتكرا.(14) سه‌باره‌ت به ئه‌زموون و سه‌ربه‌خۆیی كاری سوپا، ئارته‌شبه‌د تۆفانیان له دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی سوپا رایگه‌یاند: "ئێمه ته‌مه‌نێك خه‌باتی سیاسیمان نه‌بوو. هه‌نووكه من شاره‌زانیم(15)" له 26ی مانگی دی 1357 دوای رۆیشتنی شا له ئێران، ئیدی پشتوپه‌نای سوپا رووخا. ژه‌نراڵی ئه‌مریكی( هایزه‌ر) به‌مه‌به‌ستی به‌رگرتن به پاشه‌كشه‌ی سوپا، ره‌نگیشه بۆ رێكخستنی كودێتایه‌كی سه‌ربازیی، سه‌ردانی ئێرانی كرد. دوای ئه‌وه‌ی شا ئێرانی به‌جێهێشت ده‌نگۆی ئه‌وه بڵاوبوویه‌وه كه ئه‌گه‌ری ده‌ستوه‌ردانی راسته‌وخۆی سوپا له دژی كابینه‌كه‌ی (شاپوور به‌ختیار) هه‌یه. هه‌رچه‌ندی شا به‌رله‌وه‌ی بڕوات چه‌ند راسپارده‌یه‌كی به مه‌به‌ستی جڵه‌وگرتن له كودێتا به‌جیهێشتبوو.(16)
هایزه‌ر له‌یاداشته‌كانیدا ده‌ڵێت ئه‌گه‌رچی سه‌ركرده‌كانی سوپا هه‌میشه باسیان له كودێتا ده‌كرد، به‌ڵام له‌باره‌ی چۆنێتی ئه‌نجامدانیه‌وه هیچیاننه‌ده‌زانی. سه‌ركرده‌كانی سوپای ئێران به‌ته‌واوی داما‌و و بێ‌توانا بوون)،(17) دوای رۆیشتنی هایزه‌ر له ئێران له 15ی به‌همه‌نی 1357 هه‌ستی بێتوانایی له‌نێو سوپادا گه‌یشته ترۆپك. له‌لایه‌كیدیكه‌وه ئه‌نجومه‌نی شۆڕش بۆ كێشكردنی یارمه‌تی یا له‌ناوبردنی سوپا ده‌ركه‌وت. هه‌ندێك له سه‌ركرده‌كانی سوپا كه پشتوپه‌نایان نه‌بوو، ده‌یانویست بێلایه‌ن بن. به گوته‌ی قه‌ره‌باغی سوپاپورد موقه‌ده‌م سه‌رۆكیساواك، سپابورد (روبه‌یعی) سه‌ركرده‌ی هێزی ئاسمانی، سه‌رله‌شكری چالاكیی فه‌رمانده‌ی گاردی شاهنشهایی و سه‌رله‌شكر مه‌وله‌وی به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی تاران پشتیوانی خۆیان بۆ شۆڕش رایگه‌یاند.(18) دواجار له ئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵوێست و هه‌نگاوانه‌دا شورای فه‌رمانده‌كانی سوپا له 22ی به‌همه‌ن و 1357 بڕیاریدا كه ئاڵای سپی له‌به‌رامبه‌ر شۆڕشدا هه‌ڵبكات و له‌ئاكامدا سوپا بێلایه‌نی خۆی راگه‌یاند.
هه‌ندێك ناو كه له‌وتاره‌كه‌دا هاتووه، وه‌رگێڕی كوردی ئاماده‌یكردوه:
- ئیفرین، ئه‌حمه‌د كه‌نعان (1917 ـ) حه‌وته‌م سه‌رۆكی توركیا. ساڵی 1980 دوای كودیتایه‌ك هاته‌سه‌ر حوكم. ساڵی 1982 به هه‌ڵبژاردن بووه سه‌رۆكی توركیا
- ئه‌لیكسه‌نده‌ری 1)1921 ـ 1934) پاشای یۆگۆسڵاڤیا له شاری مارسیلیای فه‌ره‌نسی كوژرا.
- ئه‌فه‌ندی: نازناوێكی توركییه و له وشه‌ی (ئه‌فناس)ی یۆنانییبه‌وه وه‌رگیراوه كه مانای (كاك)ی كوردی و ( Monsieur) فه‌ره‌نسی و ( Mister)ی ئینگلیزی ده‌گه‌یه‌نێت. دواتر له جیهانی عه‌ره‌بیدا به فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌ت ده‌وترا. له سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی عه‌له‌وییه‌كاندا له میسر ئاماژه‌بوو به (والی)، چونكه خدێوی به (ئه‌فه‌ندییه‌كه‌مان) بانگده‌كرا.
- بسمارك (ئۆتۆ ڤۆن) 1815 ـ 1898 سیاسییه‌كی ئه‌ڵمانی بوو، هه‌وڵی یه‌كگرتنی ئڵمانیای ده‌دا. دوای سه‌ركه‌وتنی ئه‌ڵمانیا به‌سه‌ر فه‌ره‌نسا له ساڵی 1870دا بووه راوێژكاری ئه‌ڵمانیا. له سه‌رده‌می ئه‌ودا وڵاته‌كه‌ی بووه هێزێكی گه‌وره‌ی ئه‌وروپا ده‌وڵه‌تێكی ئیستیعماری.
- بریگاد: گروپێكی چه‌كدار كه له چه‌ند مه‌فره‌زه‌یه‌ك پێكهاتووه.
- پیرۆن، خوان(1895 ـ 1974) سه‌رۆككۆماری ئه‌رژه‌نتین له ساڵی 1946 بۆ 1955. ئیڤا دوارته‌ی هاوسه‌ری كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر سیاسه‌تكانی هه‌بوو. دوای له‌سه‌ركارلابردنی چووه ئیسپانیا. ساڵی 1973 گه‌ڕایه‌وه بۆ سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات. دوای خۆی (ئیزابێل) هاوسه‌ری سێیه‌می جێیگرته‌وه كه له ساڵی 1976 دا سوپا ئه‌ویشیان له‌سه‌ركارلابرد.
- سامۆرا: چینێك له ئاغاواتی شه‌ڕكه‌ری ژاپۆنی بوون له سه‌رده‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تیدا.
- رایشتاگ: په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا له سه‌رده‌می ئیمپراتۆرییه‌تدا، بیناكه‌ی له به‌رلین بوو، ساڵی 1933 سووتێنرا.
- فالانژ: ناوی رێكخراوێكی فاشیستی و نیمچه سه‌ربازییه كه له 29ی تشرینی یه‌كه‌می 1933 له‌مه‌دریددا دامه‌زرا. فالانژی ئیسپانیا له شه‌ڕی ناوخۆی ئیسپانیادا (1936 ـ 1938) له شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵا هێزه چه‌پ و راستڕه‌وه‌كانیدیكه‌ی ئیسپانیادا ( كۆمۆنیسته‌كان، ئانارشیسته‌كان و كۆنه‌پارێزان) رۆڵێكی گرنگییان هه‌بوو. سه‌رچاوه فه‌رهه‌نگی سیاسی، ئاماده‌كردنی زاهیر محه‌مه‌دی و یاسین حاجی زاده. چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات 2006 ل،636و 637.
- ڤایمار: كۆماری ئه‌ڵمانیا ساڵی 1919 تا ساڵی 1933 ، دوای شكستهێنانی سپارتاكییه‌كان( سۆسیالیسته چه‌په‌كان) له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی دامه‌زرێنه‌ری نیشتمانیی ئه‌ڵمانییه‌وه له شاری ڤایمار، دامه‌زرا.
- فره‌دریكی گه‌وره دووه‌م: 1712 ـ 1786 پاشای بروسیا ساڵی 1740، پیاوێكی سه‌ربازیی و ئیداری بوو. له شه‌ڕی حه‌وت ساڵه‌دا به‌ڕووی هاوپه‌یمانێتی فه‌ڕه‌نسا، ره‌سیا و نه‌مسا وه‌ستایه‌وه. به‌هۆی فراوانی رۆشنبیریی و كرانه‌وه‌ی به‌ڕووی فه‌لسه‌فه و ئه‌ده‌بدا نموونه‌ی زۆرداری رۆشنگه‌ربوو.
قۆزاق: هێزێكی چه‌كداری تایبه‌تبوو له ئێران له‌نیوه دووه‌می سه‌ده‌ی پێشوودا.
- میجی تینۆ یا مۆتسۆهیتۆ (1852 ـ 1912) ئیمپراتۆری یابان له 1867. رژێمی ده‌ره‌به‌گی هه‌ڵوه‌شانده‌وه و ده‌ستوری دانا. شارستانێتی خۆرئاوایی برده ژاپۆن. ساڵی 1895 به‌سه‌ر چین و 1905 به‌سه‌ر روسیادا سه‌ركه‌وت.
- ناپلیۆن پۆناپارت 1769 ـ 1821 ئیمپراتۆری فه‌ره‌نسا له 1804 تا 1815 له شاری ئه‌جاكسیۆ له‌دایكبووه. له جه‌نگه‌كانی ئیتاڵیادا ناوبانگیده‌ركرد.ساڵی 1814 له‌سه‌ركارلابرا و دوورخرایه‌وه بۆ دوورگه‌ی ( ئیڵبا). پاش چه‌ند مانگێك گه‌ڕایه‌وه پاریس. وڵاتانی ئه‌وروپا له دژی ئه‌و یه‌كیانگرت و ساڵی 1815 له شه‌ڕی واترلۆدا دۆڕاندی، پاشان دوورخرایه‌وه بۆ دورگه‌ی ( هیلانه).
- ناپلیۆنی سێیه‌م 1808 ـ 1873 ئیمپراتۆری فه‌ڕه‌نسا له 1852 بۆ 1870، دوای ئه‌وه‌ی له‌جه‌نگدا به‌رامبه‌ر ئه‌ڵمانیا دۆڕانی له‌سه‌ركارلابرا.
*) ده‌سه‌ڵاتی به‌عسیش وه‌ك نه‌ریتێكی فاشیستیانه له كاتی فه‌رمانڕوایی خۆیدا سوپای میللی ( الجیش الشعبی) دروستكرد كه سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگای چ له فۆرمه مه‌ده‌نییه‌كه‌یدا و چ له فۆرمه چه‌كدارییه‌كه‌یدا میلیتاریزه‌كردبوو. و. ك.
•••
سه‌رچاوه‌كانی نووسه‌ر:
1.A Vagts, AHistory of Militarism
2. R.Goodwin ,"The National Security Establishment", in American Militarism, edited by E. Knoll and J.McFadden,(New York,1969),p.17.
3.H.Laswell,"The Garrison - State Hypothesis Today", in Changing Patterns of Military Politics, edited by S.Huntigton(New York,1962),pp.51 – 70.
4.Marx and Engels, Selected Works.vol.1.p605, vol.2 .p. 33.
5.S.E.Finer,The Man on Horseback:The Role of the Military in Politics.(London, Pall Mall Press,1962) ,pp. 6- 22.
6. Lbid.pp 35 - 39
7.Lbid.pp.40- 43.
8. Lbid.pp.43- 47.
9. Lbid.pp.47- 56.
10. Lbid.chaps,7,8,9.
11. ئیبراهیم یزدی، اخرین تلاشها در اخرین روزها، تهران، قلم 1363، ص 210 ـ 208
12. ویلیا‌م سولیڤان، ماموریت در ایران، ترجمه محمود مشرقی، تهران، انتشارات هفته، 1361، ص 119.
13. عباس قرباغی، اعترافات ژنرال، تهران نشر نی 1365،ص 36.
14. سولیڤان، سه‌رچاوه‌ی پێشوو،ل 50 ـ150.
15. مپل برف اب خواهیم شد. تهران، نشر نی 1365،ص244.
16. قه‌ره‌باغی، سه‌رچاوه‌ی پێشوو،ص 153.
17. رۆبرت هایزر، ماموریت در تهران، ترجمه عبدالرشیدی، انتشارات اگلاعات، 1365،ص68.
18. قه‌ره‌باغی، ل 356.
سه‌رچاوه: جامعه شناسی سیاسی، نقش نیروهای اجتماعی در زندگی سیاسی. دكتر حسین بشیریه.
|
34846
جار خوێندراوه‌ته‌وه |
|
|
|