په‌یامی نالی د. سه‌باح به‌رزنجی
باسكردن له نالی و په‌یامی نه‌مری ئه‌و به‌ده‌ر له حه‌وسه‌ڵه‌ی وتارێكی په‌رێشانی وه‌ك ئه‌م وتاره‌یه و گه‌وره‌تره له توانای من و سه‌دانی وه‌ك من، به‌ڵام كه مرۆڤ رووبه‌ڕووی دیارده‌یه‌كی وه‌ك نالی ده‌بێته‌وه ناچاره به ته‌ناسوب له‌گه‌ڵا خۆی ته‌فاعولی له‌گه‌ڵا بكات و به ئه‌ندازه‌ی گونجانیشی خۆیبخوێنێته‌وه. ئه‌و رۆڵه‌ی نالی له چركه‌ساتێكی مێژوویی‌دا بینیویه‌تی بایی ئه‌وه‌یه نووسه‌ران و مێژونووسان وئه‌دیبان هه‌ڵوێستی له‌سه‌ربكه‌ن و به‌جیددی له ره‌هه‌ند و لایه‌نه‌كانی بكۆڵنه‌وه.. نالی وه‌كو شاعیر و نالی وه‌كو مرۆڤ.
شیعری نالی و هه‌ڵوێستی نالی ئه‌و دوو ده‌روازه‌یه‌ن كه لێیانه‌وه ده‌چینه ناو جیهانی نالییه‌وه، جیهانی جه‌نجاڵ و نائارام و پڕله سه‌دای ئه‌و كه بریتییه‌له جیهانی سۆز و ئه‌وین و په‌یوه‌ستبوون به نیشتمان و گه‌ل و زمانه‌كه‌شی زمانی خۆماڵی و كه‌لتووری سه‌رده‌می موكاته‌باتی بابان و ئه‌رده‌ڵان و به‌یه‌كگه‌یشتنی عه‌ره‌بی و كوردی و فارسییه.
به‌بۆچونی كۆمه‌ڵناسه‌كان شیعر به‌رهه‌می كاری ده‌سته‌جه‌معی مرۆڤه‌كانه و له ئه‌نجامی هاوئاهه‌نگی كرده و كرداره‌كانی ئه‌وان و تێكه‌ڵاوبونی ده‌نگ و هه‌وای ئامرازه‌كانی كار و سۆز و گوته‌ی ئه‌وان به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی و خۆبه‌خۆ دروستده‌بێ، به گوزاره‌یه‌كیتر شیعری شاعیر ده‌ربڕی توانستی كه‌لتوری و هزری شاراوه‌ی كۆمه‌ڵگایه، كه له خه‌یاڵدانی شاعیردا گه‌ڵاله و له‌هۆنراوه‌كانیدا به‌رجه‌سته‌ده‌بێ.
هه‌ربۆیه له فه‌رهه‌نگی زۆربه‌ی گه‌لاندا شاعیر پله‌وپایه‌یه‌كی وه‌ك پێغه‌مبه‌ری بۆ دروستده‌بێ و شیعر لایه‌نێكی ئاسمانی و سیمایه‌كی جادوویی په‌یداده‌كات. شاعیر ده‌بێته دڵی نه‌ته‌وه و زمانی نه‌ته‌وه ده‌پارێزێت. بێگومان مه‌به‌ستمان له شاعیر شاعیری راسته‌قینه‌یه، واته ئه‌و شاعیره‌ی كه‌لتووری سه‌رده‌می خۆی وه‌رده‌گرێت و به ئیلهام له ئایدیا و جوانی، خه‌ونه‌كانی خۆی و گه‌ل له‌شیعردا ده‌نوێنێ، بۆئه‌وه‌ی ئه‌زموونی هه‌ست و سروشی خۆی بگه‌یه‌نێت به ئایینده‌كان.
(نالی) له كه‌لتوور و فه‌رهه‌نگی ئێمه‌دا پێگه‌یه‌كی له‌وجۆره‌ی هه‌یه، ئه‌و له واقیعی خۆی و ده‌وروبه‌ری ئاگاداره و هه‌ست به خۆی و گه‌ل و خاك و كۆمه‌ڵگاكه‌ی ده‌كا، خاوه‌نی ره‌نج و موعاناتی راسته‌قینه و ئه‌زموونی پڕ و قووڵَه له‌سه‌ر هه‌وراز و نشێوه‌كانی ژیان، له‌هه‌مانكاتدا وه‌ستای داڕشتن و رێكخستنی وشه و ده‌ربڕِینی مانایه.
په‌یامی نالی له شیعر و هه‌ڵوێستدا، په‌یمامێكی نه‌مر و نه‌بڕاوه‌یه، چونكه ره‌نج و ئه‌زموون و موعاناتی ئه‌و وه‌ك مرۆڤ، وه‌ك كورد، وه‌ك غه‌ریب و دووره‌وڵات، له رووبه‌ری كات و شوێن وقوڵایی دڵی مرۆڤه‌كاندا هه‌ر وه‌ك جاران به‌رده‌وامه و كۆتایینه‌هاتووه.
زمان لای نالی ئامرازی خۆناسینه و بۆ دۆزینه‌وه‌ی خۆی به‌كاریده‌هێنێت، له‌ڕێی زمانه‌وه كار بۆ بووژانه‌وه‌ی كه‌لتوور و باری ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات ئه‌و زمان به موڵك و بوونی دیوان به به‌ڵگه و سه‌نه‌دی ئه‌و موڵكه ده‌زانێت:
فارس و كورد‌و عه‌ره‌ب هه‌رسێم به‌ده‌فته‌ر گرتووه
نالی ئه‌مڕِۆ خاوه‌نی سێ موڵكه دیوانی هه‌یه
گه‌لانی عه‌ره‌ب و فارس و تورك، به دامه‌زراندنی دیوان و زمان بووونه‌ته خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات، كه‌واته به‌بێ زمان ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه بوونی نابێت.
له‌ڕێگای زمانه‌وه دیسان به‌رنامه بۆ به‌ستنی پردێكی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵا خۆی و ژینگه و ئه‌وانیتر داده‌نێ، هه‌ربۆیه مه‌به‌سته شیعرییه‌كانی نالی تاكو ئێستاش مه‌به‌ستی زیندوون و رووته‌ختێكی فراوان له گرنگیدانی مرۆڤی ئه‌مڕۆ داده‌پۆشێت.
(نالی) به‌ڵێ وه‌ك شاعیرێكی كلاسیك قسه‌ی له‌سه‌ر بابه‌ته له‌بره‌وه‌كانی سه‌رده‌می خۆی كردووه، وه‌ك دڵداری، وه‌سف، نزا و پاڕانه‌وه و بیری وڵاتكردنه‌وه و لاواندنه‌وه و پیاهه‌ڵدانی پاش مه‌رگ و مه‌دح و پیاهه‌ڵدان، به‌ڵام ئه‌م مه‌به‌سته گشتییانه كه نووسه‌ران و توێژه‌ران ئاماژه‌ی پێده‌كه‌ن، بۆ خۆیان ده‌بنه تیتر و ناونیشان بۆ ئه‌و په‌یامه‌ورد و بنه‌ڕه‌تییانه‌ی ده‌یه‌وێت له ویژدانی مێژوویی گه‌ل و نه‌وه‌كانی دواتردا تۆماریانبكات:
په‌یامی یه‌كه‌می (نالی)، له‌ڕاستیدا دیاریكردنی ئه‌رك و مافه‌كانی شیعره و له‌پاڵا شیعردا بڕِوای به سیحری گوتار (سیحری به‌یان) هه‌یه، به گوزاره‌یه‌كیتر كاتێك شاعیر ده‌یه‌وێت ئه‌زموونی شاعیرانه‌ی خۆی بگه‌یه‌نێت، پێویستی به‌جۆرێك له جادووگه‌ریی هه‌یه، جادووكردنی گوێگر – بیسه‌ر، جادووكردنی خوێنه‌ر – وه‌رگر، له ئه‌نجامی جادووكردندا په‌یوه‌ندییه‌كی نه‌پساوه له‌نێوان شاعیر و خوێنه‌ریدا دروستده‌بێ، به‌یان ره‌نگه تایبه‌ت نه‌بێ، به شیعر، چونكه چه‌مكێكی به‌ربڵاوتری هه‌یه، به‌ڵام ده‌كرێت ئه‌و سیحری به‌یانه له‌گه‌ڵا حیكمه‌تی شیعردا ئاوێزانببێ و بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ش دڵی به‌هێز و داڕشتنی به‌پێز ده‌بنه فاكته‌ری كاریگه‌ر:
نالی نییه‌تی سیحری به‌یان، حیكمه‌تی شیعره
ئه‌مما نییه‌تی قووه‌تی دڵا قودره‌تی ئینشا
له‌م هاوكێَشه‌یه‌دا شیعر به‌زرتره له‌وه‌ی ته‌نهاوته‌نها بۆ ده‌رخستنی حاڵه‌تی ده‌روونی شاعیر به‌كاربهێنرێَت، شیعر ده‌بێته حیكمه‌ت واته په‌ند و فه‌لسه‌فه‌ی ژیان، واته ئه‌و گۆشه‌نیگایه‌ی له‌سه‌ر مرۆڤ و ژیان و جیهان دروستده‌بێ.
ئه‌مه ئه‌و شیعره‌یه كه مه‌رحومی ئیقبال ناوی شیعری باڵای لێده‌نێ كه كۆی ئه‌زموونی مێژووی گه‌لێك و ژیارێكی تێدا پوختده‌بێته‌وه.
یه‌كه‌مین به‌یتی دیوانه‌كه‌ی نالی ئاماژه‌یه بۆ:
1. جوانی – حوسن، كه چه‌مكێكی بابه‌تیانه و راسته‌قینه‌یه.
2. ته‌ماشا، كه چه‌مكێكی خودییانه و ئیعتبارییه.
هه‌ردوو چه‌مكه له حاڵه‌تی عه‌شق و ئه‌ویندا، كاتێَك دڵدار مه‌ستی جوانی دڵبه‌ره‌كه‌ی ده‌بێ به‌رجه‌ستده‌بن. نالی ده‌ركه‌وتنی ئه‌م دوو چه‌مكه‌ی به‌ستووه به خوداوه..
له‌م غه‌زه‌له‌دا خوێنه‌ر هه‌روه‌ك نالی خۆیشی نازانێ.. نالی سه‌رسامی جوانی خوای به‌دیهێنه‌ری جوانییه یان حه‌یرانی جوانی ئه‌و خوشه‌ویسته‌یه كه نالی پێیده‌ڵێت:
فه‌ییازی ریازی گوڵا و میهر و موڵا و له‌علی
ئه‌ی شه‌وقی روخ و زه‌وقی له‌بت زائیقه به‌خشا
جاران به‌رله‌بی بۆسه‌ی له‌بته عاشقی زارت
(فالبائـــس یســــتوهب مـــن فیك معاشــا)
ئه‌م سه‌رسامییه له‌وه‌وه هاتووه (نالی) به ئه‌نقه‌ستبێ یا به‌ئه‌نقه‌ستنه‌بێ خۆی له‌به‌رامبه‌ر دوو سه‌رچاوه‌ی جوانییه‌وه ده‌بینێ و دوو جوانی ته‌ماشاده‌كا له لایه‌كه‌وه خوا كه پێیده‌ڵێت:
ئه‌ی جلیوه‌ده‌ری حوسن و جڵه‌وكێَشی ته‌ماشا
سه‌رڕشته‌یی دین بێمه‌ده‌دی تۆ نییه حـــاشا
زه‌ڕڕاتی عوكوسی كه‌ششی میهری جه‌لالن
وا دێنوده‌چن سه‌رزه‌ده سولتان و شـه‌هه‌نشا
به‌م ره‌حمه‌ته عامه‌ت كه ده‌كا سه‌نگی سیه‌ه زه‌ڕ
له‌م قه‌لبه كه وه‌ك به‌رده‌ڕه‌شه، رش رشاشا
كاتێك ده‌یه‌وێت ته‌عبیر له عیشق و ئه‌وین بداته‌وه، كه بێگومان عه‌شقێكی زه‌مینی و مه‌جازییه و دووره له‌و عیشقه حه‌قیقییه‌ی متسه‌وفین، غه‌زه‌له‌كانی ده‌بنه تابلۆی جۆراوجۆ، ده‌عوای فره‌چه‌شن و به‌یتبه‌به‌یتی غه‌زه‌له‌كانی گوزارشت له سروشت و جوانییه‌كان و ئایدیالیزه‌كردنی مه‌عشوق و مه‌حبووبه‌كه‌ی ده‌كات:
هه‌رچه‌نده كه ئینسانه له به‌رچاوی من و تۆ
مومكین نییه ئه‌م لوتفه له ئینسا ن و به‌شه‌ردا
له‌م غه‌زه‌له‌دا(1) نالی قسه له‌سه‌ر تاقانه‌یی و بێوێنه‌بوونی خوشه‌ویسته‌كه‌ی ده‌كات و ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌نده‌ی به‌رزده‌كاته‌وه له لوتف ونازكیی و مه‌عنادا كه باڵای ده‌شوبهێنێت به راسته‌هێڵی حه‌قیقی و ده‌می به جه‌وهه‌ری فه‌رد كه لای فه‌لاسیفه دوو ئه‌مری مه‌حاڵن، پاشان ده‌یكاته سه‌به‌بی چاوڕۆشنیی خۆی:
ئیسباتی خه‌ت و خاڵا به سه‌د شوشتن و گریان
ناچێته‌وه ئـــه‌م نوقته له‌نێو دیــده‌یی ته‌ڕدا
شه‌وقی كه نه‌بێ باسیره مه‌ئیوسه له دیتن
هه‌ر شه‌وقی ئه‌وه قووه‌تی دینی به به‌سـه‌ردا
ئه‌م ئیحساسه نیسبه‌ت به خۆشه‌ویست و ئه‌م بڕِوایه كه جوانییه‌كانی به سه‌رووی ته‌سه‌ور ئه‌زانێ له راستیدا زاده‌ی ئه‌وینێكی پاك و ئه‌فلاتوونییه كه ته‌ركیز ده‌كاته سه‌ر گیان و جوانییه مه‌عنه‌وییه‌كان. له‌م عیشقه پاكه‌دا نالی به‌ته‌واوی بزرده‌بێ و نامێنێت جگه‌له‌و ناڵه‌ناڵا و گریانه نه‌بێت كه له موناجاتی سه‌حه‌ردا ده‌بیسترێت:
نالی خه‌به‌ری بێئه‌سه‌ری غائیبه ئه‌مما
ناڵێكی حه‌زین دێ له موناجاتی سه‌حه‌ردا
ته‌بیعه‌ت ئه‌و ئایدیاڵه‌یه كه نالیی جوانییه‌كانی مه‌عشووقی پێده‌پێوێت.. بۆ نموونه له مه‌تڵه‌عی غه‌زه‌لێكدا كه ده‌ڵێت:
گه‌ر بێیه‌ده‌رێ سه‌وری ره‌وانی له‌ئیره‌مدا
وه‌ر نه‌ییه‌ده‌رێ ئاهویی چینی له‌حه‌ره‌مدا
به‌ڵام له‌هه‌مان غه‌زه‌لدا جارێكی‌تر له به‌راوردی سروشت و جوانیی مه‌عشووقدا ده‌بینین مه‌عشووق ده‌بێته ستانداردی سروشت، كاتێك كه ده‌ڵێت:
لافی ده‌می تۆ غونچه له ده‌میا بوو، به (عه‌مدا)
با خوستی بڕی، خستی، كه مستێكی له ده‌م دا
له‌م جوانی بایسه‌دا غونچه ده‌بێته ئه‌نجامی ئه‌وه‌ی كه ویستوویه‌تی له ده‌می مه‌حبووبه‌كه‌ی نالی بچێت كه ئه‌مه‌ش ناحه‌قییه و سزای سروشتیی خۆی هه‌یه و با جێبه‌جێَیده‌كات، به‌م بڕوا و بۆچوونه بێت سروشت یه‌كه‌یه‌كی پێكه‌وه‌گونجاوی پێكه‌وه‌به‌ستراوه، هه‌ربۆیه لێكچوونێكی ته‌واو هه‌یه له‌نێوان سروشت و مرۆڤدا، له‌سروشتدا هه‌م نموونه‌ی حاڵه‌تاكانی مه‌عشوق ده‌بینین، وه‌ك بڵێَی سروشت بۆخۆی جیهانی ئایدیاڵی عیشقه و پڕه‌له دوانه‌ی عاشق و مه‌عشوق:
دڵا موزمه‌حیلی ده‌رده وه‌كو دیده له‌نه‌مدا
حــه‌یران و په‌رێشانه وه‌كو قه‌تره لــه یه‌مدا
نالی، مه‌سه‌لی حاڵی له ئه‌شكه‌نجه‌یی غه‌مدا
وه‌ك ناڵه له‌نه‌یدا وه‌كو ناله له‌قه‌ڵه‌مدا
ئه‌مه گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی ته‌واوه بۆ ته‌بیعه‌ت، ئه‌و ته‌بیعه‌ته‌ی له دیدی هونه‌رمه‌نده‌وه سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ئه‌فراندن و داهێنانێكه، شاعیری راسته‌قینه ئه‌و كه‌سه‌یه كه جوانتر سه‌یری ته‌بیعه‌ت ده‌كا و جوانتر باسیده‌كات، له‌وه‌وه ده‌ستپێده‌كات و بۆ ئامێزی ئه‌ویش ده‌گه‌ڕێته‌وه، واته ده‌بێته ئه‌و پێوانه‌یه‌ی كه خۆی خۆشه‌ویستی، هه‌موو ره‌نج و مه‌ینه‌تییه‌كانی خۆی و هه‌موو جوانیی و هه‌ڵوێسته‌كانی خۆشه‌ویستی پێده‌خوێنێته‌وه.
عه‌شقی نالیی هه‌رچه‌نده عه‌شقێكی پاكه به‌ڵام عه‌شقێكی ماددییه، واته باس له رواڵه‌ته به‌رجه‌سته‌كانی جوانیی ده‌كات، له‌م عه‌شقه‌دا قسه له‌سه‌ر روومه‌تی ره‌نگین، قه‌دی مه‌وزوون و شیرین و زوڵفی چینچینه، ئه‌مه لایه‌نی به‌رجه‌سته‌ی ئه‌وینی نالییه، ئه‌و لایه‌نه‌ی له‌بنه‌ڕه‌تدا ئاگری خۆشه‌ویستی له دڵا به‌رده‌دا خۆشیده‌كات. به به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی (گیانی مرۆڤ بۆ خۆی جوانه و هۆگری هه‌موو شتێكی جوان ده‌بێت)(2) نالیی عاشقێكی گریاو، پشتچه‌ماوه و دڵسووتاوی ئه‌وینی حه‌بیبه‌یه، ئه‌م سووتانه ئه‌نجامی جودایی و توانه‌وه‌ی نالییه له جوانییه‌كانی ئه‌ودا، عه‌شقی نالی عه‌شقی فیراق و جوداییه، عه‌شقی ململانێیه له‌نێوان یارێكی بێ‌باك به‌هه‌موو جوانییه‌كی سرووشتی و خودادادییه‌وه و عاشقێكی بێنه‌وای دوور:
روخم ره‌نگینی ره‌نگی روومه‌تی ره‌نگینته بازا
قــه‌دی سـه‌روم كه مانینی قه‌دی شیرینته بازا
غه‌ریب و بێكه‌س و زار و فه‌قیری خانه‌دانی تۆ
جگــه‌رســووتاو و ماڵــوێرانی زوڵفی چینته بازا
له‌م روانگه‌یه‌وه عیش ئه‌و ره‌نج و موعاناته‌یه كه مرۆڤ ساغ و قاڵده‌كات، چونكه ره‌هه‌ندی ماددیی له‌ناوده‌با:
ئه‌و چاوه غه‌زاله فه‌ته‌راتی سه‌ر و ماڵه
ئه‌و نه‌رگسه كاڵه نه منی هێشت و نه كاڵا
رێگای عیش ئه‌و رێگا پڕ مه‌ترسییه‌یه كه عاشق ناچاره پیایدابڕوات، ئه‌مه ئه‌و مه‌به‌سته‌یه كه نالی به‌ڕاشكاوی باسیكردووه:
بۆ هه‌ركه‌سێ مه‌بزووله ته‌ریقێكی ئه‌مانه‌ت
هه‌ر عاشقی بێچاره له‌ڕێی خه‌وف و خه‌ته‌ر ما
كه‌واته په‌یامی یه‌كه‌می نالی له‌شیعردا په‌یامی عیشق و ئه‌وینه و ده‌روازه‌ی ئیقلیمه‌كه‌ی بریتییه‌له هۆگربوون به‌جوانیی مه‌حبوب و موبته‌لابوون به فیراق و جودایی.
په‌یامێكیدیكه‌ی نالی بێزارییه له ریا و زوهدی درۆینه و وه‌عزی سارد و سڕ، ئه‌و نایه‌وێ سۆفییه‌كی ساده‌له‌وحی ئالووده‌به‌دنیا بێت:
وه‌ك سۆفیی سافیی مه‌به ئالووده‌به‌دنیا
بێهووده موكه‌دده‌ر مه‌كه سه‌رچاوه‌یی مه‌شره‌ب
رواڵه‌تپه‌رستی و خوولانه‌وه له چه‌رخی رواڵه‌تی بۆش و بێناوه‌ڕۆك به‌ته‌واوی ده‌خوسپێنێت:
ریشه‌كه‌ی پان و درێژه بۆ ریا خزمه‌تده‌كا
زاهیره هه‌ركه‌س به تول و عه‌رزی ریشیدا ریا
له غه‌زه‌لێكیتردا زۆر له پله‌وپایه‌ی واعیز دێنێته خواره‌وه، كاتێك ده‌ڵێت:
ئه‌ی واعیز بارید چییه وه‌ك هه‌ره‌سی كێ‌و
به‌و وه‌عزه كه بایه هه‌موو هاتوویی به سه‌رما
ئه‌مه نه‌ریتێكی دێرین و جێگیره كه شاعیرانی راسته‌قینه‌ی كورد و فارس هه‌یانبووه و له ناواخنی غه‌زه‌ل و قه‌سیده‌كانیدا ره‌نگیداوه‌ته‌وه. ئه‌م بێزارییه له زوهدی درۆینه و سۆفیگه‌ری رواڵه‌تیانه، دوو مه‌به‌ستی لێده‌خوێنرێته‌وه، له لایه‌ك بوونی كه‌سانێكی به‌ناوی دینه‌وه خه‌ریكی بازرگانی و دنیاپه‌روه‌ری و خۆپه‌رستین و كۆسپی راسته‌قینه‌ن له‌ڕێی چاكسازی و به‌هره‌وه‌ری دینداراندا، له‌لایه‌كیتره‌وه په‌یامی سه‌ره‌كیی عیرفان ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵك وریابكه‌نه‌وه‌لێیان، وه‌ك ئه‌ركێكی ئایینی و ئینسانی.
پێش نالی له شیعری حافزی شیرازیدا به‌زۆری ئه‌م بێزاری و شۆڕشه ده‌بینین، بۆ نموونه:
حافڤ مكن ملامت رندان كه در ازل
مــــارا خدا ز زهد ریا بی نیاز كرد
ز خانقاه به میخانه می رود حافڤ
مگر ز مستی زهد ریا به هوش امد
می صوفی افكن كجا می فروشند
كه در تابم از دســـــت زهد ریایی(3)
ئه‌م هه‌ڵوێسته ره‌خنه‌گرانه له واقیعی دینداری دوای حافز له‌ناو فارسه‌كاندا و دوای نالیش له‌ناو شاعیرانی كورددا به‌رده‌وامبووه و بووه‌ته مه‌به‌ستێكی شیعری كه ده‌توانین له كۆن و نوێ نموونه‌ی زۆر و زه‌به‌ندی بۆبهێنینه‌وه.
عیشق لای نالی بۆخۆی تاموچێژ و ته‌راوه‌تێكی تایبه‌تی هه‌یه كه سۆفی وشك ته‌بیعه‌ت لێی به‌هره‌مه‌ند نابێَت. بۆیه كه باسی وه‌رزی به‌هار و رازانه‌وه‌ی ته‌بیعه‌ت ده‌كات به‌ڕاشكاویی ده‌ڵێَت:
فه‌سڵێ كه هه‌ر له فه‌رقی به‌شه‌ر تا ره‌گی شه‌جه‌ر
وشكێ به غه‌یری سۆفیی و عاسای نه‌مایه‌وه
له م فه‌یزی نووره هه‌رچی كه‌وا ناره مردووه
به‌م نه‌فخی سووره هه‌رچی كه خاكه ژیایه‌وه
له‌هه‌مان پارچه‌دا تانه و توانجێكی مانادار ده‌گرێته سۆفیی كه بێگومان مه‌به‌ستی سۆفیی ریاییه:
سۆفی ریایه خه‌ڵوه‌تی بێنی به‌هاری كرد
هاته‌ده‌رێ له سایه‌یی چایه‌ر، حه‌سایه‌وه
له‌به‌یتێكیتردا رووی گوتاری ده‌گاته زاهید:
زاهید مه‌كه مه‌نعی دڵا، بۆ تۆ نییه سوودی گوڵا
خاكت به‌سه‌ر ئه‌ی غافڵا، كه‌وتوویه چ سه‌ودایه؟!
له‌مه‌وه ده‌رده‌كه‌وێ گه‌وره‌تین سه‌رمایه له‌م بواره‌دا بریتییه‌له راستگۆیی له‌گه‌ڵا خود و له‌گه‌ڵا خه‌ڵك، واته دیوی ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤ گوزارشت له دیوی ناوه‌وه‌ی بدات به‌ته‌واوی، ئه‌مه ئه‌و نه‌خۆشییه ترسناكه‌یه كه تووشی تاك و كۆمه‌ڵا ده‌بێت و كه‌سایه‌تیی دووكه‌رتده‌كات و له‌ئه‌نجامدا درۆ و دووڕوویی و خیانه‌تكردن بڵاوده‌بێته‌وه. هه‌ربۆیه به‌لای نالییه‌وه ریفۆرم له ناخه‌وه ده‌ستپێده‌كات نه‌ك له رواڵه‌ته‌وه، به راستگۆیی و كرداره نه‌ك به سلوك و شیعار:
نالی كه ویقاری نییه، بێباكه له خه‌ڵكی
سۆفی كه سلوكێكی هه‌یه عوجب و ریایه
به‌زمی هه‌زاره، قه‌لفڕی ئه‌غیاره، ده‌وری گوڵا
سۆفی بڕۆ، مه‌به به دڕك تۆ له ئێمه نی!
نالی له‌و قه‌سیده نایاب و گرانمایه‌یدا كه له شامه‌وه بۆ سالمی شاعیر و هاوڕێی نووسیوه، به‌و سۆز و ئه‌وینه بێگرێوگۆڵا و داڕشتنه وه‌ستایانه، توانیویه‌تی تۆوی بیر و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانپه‌روه‌ری له سه‌رده‌می قه‌یران و داگیركراندا له هۆش و هه‌ستی گه‌له‌كه‌یدا بچێنێت. ئه‌م قه‌سیده‌یه ده‌رخه‌ری جیهانبینی و ده‌روونی پڕله غه‌وغای نالییه و ده‌ربڕی ئه‌و ئنتیما قووڵه‌یه كه هه‌ستیپێكردووه بۆ زێد و وڵاته‌كه‌ی، ئه‌و له‌م چامه‌یه‌دا وه‌ستایانه باس له باری ده‌روونی خۆی یاده‌وه‌ری دیمه‌نه جوان و دڵڕفێنه‌كانی وڵاته‌كه‌ی و دواتر ده‌ره‌نجامی رووخانی میرنشینی خۆماڵی بابان به ده‌ستی توركه‌كان و ئه‌و هه‌لومه‌رجه ماته‌مباره‌ی به‌سه‌ر موڵكی بابان‌دا هات، كاریگه‌ری ئه‌و بارودۆخه له‌سه‌ر نالی كه بۆخۆی سه‌رده‌سته‌ی شاعیرانی میرنشینه‌كه و ئاڵاهه‌ڵگری دیالێكته‌كه‌ی بووه، وێڕای كاریگه‌ری ژیانی تاراوگه له‌سه‌ر پێَش نالی و دوای ئه‌ویش شاكاری ئه‌ده‌بی گه‌وره‌ی لێكه‌تۆته‌وه، كه یه‌كێكیان ئه‌م قه‌سیده‌یه‌یه كه پێكهاته‌یه‌كه له سۆز بیره‌وه‌ری و وه‌سف و نیشتمانپه‌روه‌ی و سیاسه‌ت و وێنه و ته‌شبیهات و خوازه و چه‌ندین سنعه‌ت و هونه‌ری ئه‌ده‌بی و جگه ئاماژه بۆ زاراوه‌ی زانستیی فره چه‌شن، ئه‌م چامه‌یه بۆئه‌و سه‌رده‌مه و بۆ ئێستاش ده‌گونجێ مانیفێَستێكی بیری نیشتمانپه‌روه‌ری و خۆماڵی بێت، هه‌رچه‌نده به كێشانه‌ی هه‌ندێك نووسه‌ر و بیرمه‌ند نالی و هه‌موو ئه‌وانه‌ش وه‌ك ئه‌و له تاراوگه‌وه سه‌یری نیشتمان ده‌كه‌ن، ناتوانن هۆشیارانه بیربكه‌نه‌وه و هه‌میشه په‌رده‌یه‌ك له سۆز و خۆشه‌ویستی به‌رچاوی به‌سیره‌تیان داده‌پۆشێت، به‌ڵام پێویسته ئه‌وه‌شمان له‌یادبێت، تاسه‌كردنه‌وه بۆ نیشتمان و بۆ زێدی باوباپیران و ناڵه‌ناڵی نالییه‌كانی كۆن و ئێسته بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ رابردوو هه‌روه‌ها خه‌وبینین به جوانی و لایه‌نه رۆشنه‌كانی وڵاته‌وه گه‌وره‌ترین فاكته‌ره بۆ بنیاتنان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌وه‌ی كه پێویسته شاعیرێكی رۆشنگه‌ری وه‌ك نالی له چركه‌ساتێكی مێژوویی‌دا بۆ گه‌ل و كۆمه‌ڵگاكه‌ی بیكات ئه‌وه‌یه كه ئه‌و هه‌ست به‌و په‌یوه‌ندی و ئینتیمایه قووڵا و قووڵتربكاته‌وه و ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ستیپێده‌كات ببێته هه‌ستێكی ده‌سته‌جه‌معی و پاشان نه‌وه‌كانی له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌بكرێت، به گوزاره‌یه‌كیتر كاری شاعیر و قاره‌مانی میللی ئه‌وه نییه كه رووی گوتار ته‌نها له هۆش و ژیریی تاكه‌كان و جه‌ماوه‌ر بكات، ئه‌مه‌یان له‌ڕاستیدا كاری ئه‌و كه‌سانه‌یه كه دواتر دێن ته‌شكیلی هۆشیاری خه‌ڵك ده‌كه‌ن و له زانكۆ و په‌یمانگاكاندا مه‌شخه‌ڵی زانست هه‌ڵده‌كه‌ن، به‌ڵێ خۆشه‌ویستی وڵات وای له شاعیرانمان كردووه دیدێكی شه‌یدایانه و ناواقیعیمان له‌سه‌ر زێد و نیشتمان هه‌بێ و نه‌توانین و نه‌مانه‌وێ لایه‌نه ناشیرین و دزێوه‌كانی ببینین، به‌ڵام ئه‌م گوتاره‌ی كه نالی و هاوچه‌شنی نالی به‌رهه‌میده‌هێنێَت سه‌ر به مه‌مله‌كه‌تی رووحه نه‌ك جه‌سته و له مه‌قووله‌ی ئینفیعاله نه‌ك فیعل، به زمانی عیشقه نه‌ك عه‌قڵا.
نالی له‌دیوانه‌كه‌یدا زۆرجار به لۆجیكی عه‌قڵا شیعری گوتووه و له‌و شیعرانه‌دا له حه‌كیم و فه‌یله‌سوف ده‌چێت تا له شاعیر، هه‌ربۆیه شیعره‌كانی ده‌چنه خانه‌ی حیكمه‌ته‌وه، بۆ نموونه له وه‌ڵامی ئه‌و كه‌سانه‌دا كه ره‌خنه‌یان لێگرتووه، كه بۆچی شیعر به كوردیی ده‌ڵێت:
كه‌س به ئه‌لفازم نه‌ڵێ خۆ كوردییه خۆ كوردییه
هـــه‌ركه‌سێ نادان نه‌بێ خۆی تالیبی مه‌عنا ده‌كا
بێته حوجره‌م پارچه پارچه‌ی مسوه‌دده‌م بكڕێ به رۆح
هه‌ر كه‌سێ كوتاڵا و پارچه‌ی بێبه‌ده‌ل سه‌وداده‌كا
ئه‌مشێوه شیعرانه له زمانی فه‌یله‌سوفه‌وه هه‌ڵقوڵاون نه‌ك له زمانی شاعیره‌وه، فه‌یله‌سوفه كه گرنگی به مانا و كاكڵه‌ی گوتار ده‌دات نه‌ك به وشه و توێكڵه‌كه‌ی، له‌شوێنێكیتردا كه روو له مه‌حبووبه‌كه‌ی ده‌كا و پێیده‌ڵێت:
گێل ئه‌گه‌ر توركی ته‌عال گه‌ر عه‌ره‌بی
بێ ئه‌گه‌ر كوردی ئه‌گه‌ر فورسی بیا
ئه‌مه پێداگرتنه له‌سه‌ر جه‌وهه‌ری ئه‌و په‌یوه‌ندییه رووحانییه‌ی دوو مرۆڤ پێكه‌وه ده‌به‌ستێ كه ره‌نگه زمان تیایدا رۆڵێكی لاوه‌كی ده‌بینێت نه‌ك سه‌ره‌كی.
له‌و پارچه شیعره‌دا كه بۆ تیپی سوپای بابان گوتوویه‌تی و تیایدا وه‌سفی وه‌ستان و ته‌رتیب و نه‌زم و نیشانیان ده‌كات، له‌و تێگه‌شتنه‌وه بۆ بابه‌ته‌كه ده‌ڕوانێت كه ئه‌مه بناغه‌بێت بۆ سوپایه‌كی به‌هێز كه به‌رگری له خاكی پێبكرێت، بۆیه زمانه‌كه‌ی زمانی هاندان و هه‌ڵنانه هه‌م بۆ ئه‌حمه‌د پاشای بابان و هه‌م بۆ سه‌ربازه تایبه‌ته‌كانی:
ئه‌م تاقمه مومتازه كه وا خاسسه‌یی شاهن
ئاشــووبی دڵی مه‌مله‌كه‌ت و قــــه‌لبی سوپاهن
سه‌فسه‌ف كه ده‌وه‌ستن به مه‌سه‌ل خه‌تتی شوعاعن
حـــــه‌لقه كه ده‌به‌ستن وه‌كو خه‌رمانه‌یی ماهن
نه‌رگس نیگه و ساق سه‌مه‌ن، كورته به نه‌فشه‌ن
موو سونبول و روومه‌ت گوڵا و هه‌م لاله كولاهن
دیسان ئه‌و غه‌زه‌له نایابه‌ی كه باسی توانا و ده‌سه‌ڵاتی شیعر و ئه‌ده‌بی خۆی تیاده‌كا، به‌ته‌واوی ئه‌وه‌ی لێده‌خوێنرێته‌وه كه نالی به زمانی عه‌قڵا و بڕوابه‌خۆبوونێكی ته‌واو ده‌دوێ:
هه‌ركه‌سێ ئیزهاری دانایی بكات و مه‌قسه‌دی
خودپه‌سه‌ندی بێ یه‌قین ئیزهــاری نادانی ده‌كا
خه‌رقه پۆشێ كه‌ی ده‌پۆشێ جه‌وهه‌ری زاتی ئه‌من؟
بیته نێو جیلوه‌ی به زشتی خۆی به عوریانی ده‌كا
زابیته‌ی ته‌بعم سواره ئیددیعای شاهیی هه‌یه
موحته‌شــــه‌م دیوانه داوای ته‌ختی خاقانی ده‌كا
شاهیدی فیكرم كه بێته جیلوه‌گاهی دولبه‌ریی
شاهی خوسره‌و رووحی شیرینی به قوربانی ده‌كا
نوكی خامه‌ی من كه بێتمه‌عنی ئارایی كه‌مال
خه‌تبه‌خه‌ت ئیزهاری نه‌قشی سوره‌تی مانی ده‌كا
ئیستیتاعه و قووه‌تی ته‌بعم به كوردی و فارسی
عـــاره‌بی، ئیزهاری چــــالاكییو چه‌سپانی ده‌كا
نالی له‌ڕووی پێكهاته‌ی هزری و كه‌لتوورییه‌وه، مه‌لایه‌كی كوردی شاره‌زای زانسته‌كانی سه‌رده‌می خۆی بووه، ئه‌م زانستانه به زاراوه و مه‌به‌سته‌كانیه‌وه له‌شیعره‌كانیدا ره‌نگیانداوه‌ته‌وه، به‌تایبه‌تی هونه‌ر و سنعه‌تی وه‌ستایانه‌ی نالی له‌و ئاماژه و تیلنیگا و وه‌رگرتنانه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه له‌ژێر په‌رده‌ی غه‌زه‌له‌كانیه‌وه مه‌لایه‌تییه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێ، بۆ نموونه له‌غه‌زه‌لێكدا كه گوایا به بۆنه‌ی مردنی باوكی حه‌بیبه‌وه گوتوویه‌تی سوود له دوو زاراوه‌ی عیلمی میرات وه‌رده‌گرێت:
به‌س گریه بكه بۆ پده‌ر و بابی حیجابت
بی بابیی تۆ موریسه بۆ وه‌سل و مولاقات
له‌و قه‌سیده به‌هێز و پێزه‌دا كه باس له پیریی خۆی وبه‌سه‌رچوونی سه‌رده‌می لاویی ده‌كات، مرۆڤ له‌م زمانه، له‌م سنعه‌ت و له‌م وشه ئارایی و داڕشتنه سه‌رسامده‌بێت:
له شه‌رحی هه‌یئه‌تی مه‌تنی مه‌ده‌ن كه هه‌ر جوزئی
ســـه‌قیمه، عـــاجزه ته‌ســحیح و رابیتی ته‌دبیر
تێدا حه‌دیسی حه‌داسه‌ت زه‌عیف و مه‌ترووكه
كه قه‌تعه سیححه‌تی ئیســناد و عه‌نعه‌نی ته‌قریر
له نه‌حو و سه‌رفی ئه‌داتی مه‌پرسه ئه‌ی موعریب
كه ره‌فع و نه‌سب و جه‌ڕ و جه‌زمی ئاله‌تی ته‌قریر
ئه‌لیف نه‌كیره و بێگانه نایه‌ته ته‌عریف
عه‌له‌م موشـــابیهی غه‌یـــــر و مولازیمی ته‌نكیر
ئه‌م زمانه ئاڵۆز و سنعه‌ته هونه‌رییه دیاره نالی بۆ كه‌سانی زانا و ورده‌كاری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی نووسیوه و مه‌به‌ستی ئه‌وه‌بووه ده‌سه‌ڵاتی مه‌عریفی و شاعیرێتی خۆی نیشانبدات، مه‌به‌ستی بنه‌ڕه‌تی له‌مجۆره شیعرانه‌ی نواندنی ئاستی هۆنه‌ریی بووه بۆ هاوچه‌رخه‌كانی، له‌سه‌رده‌مێكدا كه هونه‌ری نووسین و داڕشتن پله‌وپایه‌ی به‌رزی به مه‌لا و فه‌قێ ده‌به‌خشی له ناوه‌نده‌كانی رۆشنبیری و سیاسیی كوردستان و ده‌وروبه‌ری، له‌گه‌ڵا ئه‌مه‌شدا خاڵێكی دره‌وشاوه‌یتری نالی وه‌ك له دیوانه‌كه‌یه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر شیعری بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیش وتبێ، بۆ میره‌كانی بابانی گوتووه، كه ئه‌مه‌ش نابێته ته‌عنێك له هه‌ڵوێستی ئه‌و.
نالی وێرای ئه‌و غه‌زه‌له نازك و به‌سۆزانه‌ی بۆ حه‌بیبه‌ی ماڵیاوا یان هه‌ر حه‌بیبه‌یه‌كیتر وتوونی، له چه‌ند شیعرێكدا قسه‌ی له‌سه‌ر بابه‌تی داغی فه‌لسه‌فه‌ش كردووه، وه‌ك ئه‌و غه‌زه‌له‌ی ده‌ڵێن تیایدا ته‌عریزی به موفتی زه‌هاوی هاوڕێی فه‌قێیه‌تی خۆی كردووه:
ئه‌حوه‌لی ته‌فره‌قه نه‌زه‌ر ته‌قوییه‌یی سه‌به‌ب ده‌كا
عاریفی وه‌حده‌ت ئاشنا له‌م قسه‌یه ئه‌ده‌ب ده‌كا
به‌نده ئه‌زه‌ل به خه‌تتی خۆی قابیلی قیسمه‌تی بووه
ئیسته به ئیقتیزای عه‌مه‌ل جێگه‌یی خۆی ته‌ڵه‌ب ده‌كا
داری ئیراك و داری هیند هه‌ردوو كه عووده ئیسمییان
هه‌مده‌می سوننه‌ته ئـه‌وه‌م مه‌یلی ئه‌بوله‌هه‌ب ده‌كا
سه‌هم و نه‌سیبی ئه‌سلییه باسی گیا و گڵا نییه
تووتنه خه‌رجی ســــووتنه مودنه مــاچی له‌ب ده‌كا
له‌م شیعره‌دا كه تایبه‌ته به بابه‌تی جه‌بر و ئیختیار و سنووری ده‌سه‌ڵاتی مرۆڤ له كار و كرده‌وه‌كانیدا، نالی پشتگیریی له بڕوای ئه‌شاعیره و ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت ده‌كات، كه ده‌ڵێن مرۆڤ كرده‌وه‌كانی خۆی خه‌لقناكات، به‌ڵكو خوا خه‌لقیانده‌كا و مرۆڤ كه‌سبیانده‌كا واته به‌ده‌ستیانده‌هێنێت، به‌پێچه‌وانی بڕوای موعته‌زیله كه مرۆڤ به خالیق و ئه‌فرێنه‌ری كرده‌وه‌كانی ده‌زانن و بۆچوونی ئه‌شاعیره به جه‌برییه‌ت و دژ به دادگه‌ری و مه‌نتیقی عه‌قڵ و ئازادی له‌قه‌ڵه‌مده‌ده‌ن، له‌وه‌ده‌چێت، موفتی زه‌هاوی به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان رای موعته‌زیله‌ی په‌سه‌ندكردبێت و نالیش به‌پێچه‌وانه‌وه پابه‌ندبووبێت به بڕوای ئه‌هلی سوننه‌ته‌وه، هه‌ربۆیه بۆچوونه‌كه‌ی خۆی و ئه‌شاعیره به بۆچوونی عارفی وه‌حده‌تئاشنا ناوزه‌ندده‌كات، واته خواناسی ئاشنا به موقته‌زای ته‌وحید و بڕوای موفتی زه‌هاویش به بڕوای كه‌سێكی خێل ناوبردووه كه یه‌كی لێده‌بێت به دووان كه ره‌نگه موفتی زه‌هاوی بۆ خۆشی خێل بووبێت.
جاری وا هه‌یه نالی زۆر به‌زرتر ده‌بێته‌وه له‌وه‌ی كه ئێمه ته‌سه‌وریده‌كه‌ین، كاتێك باس له پله‌یه‌ك ده‌كات كه له‌سه‌رووی پله‌ی عیشقه‌وه‌یه، ئه‌و پله‌یه‌شی به بێ‌ناو هێشتووه‌ته‌وه بۆ دوای خۆی كه ره‌نگه مه‌به‌ستی پله‌ی عیرفانی حه‌قیقی بێت كاتێك ده‌ڵێت:
عاشق هه‌وه‌سی مه‌یكه‌ده و و عیلمی به‌سیته
عاقڵا ته‌ڵه‌بی مه‌دره‌سه و و جه‌هلی موره‌ككه‌ب
به‌م بۆچوونه عاشق خاوه‌نی هه‌وه‌سه و به دوای عیلمی ساده‌دا ده‌گه‌ڕێت، واته به‌ته‌نها ته‌سه‌ورێك كیفایه‌ت ده‌كات، به‌ڵام عاقڵا واته كه‌سی خیره‌تمه‌ند و زانا به سروشت و جیهانی ئه‌سباب خاوه‌نی ته‌ڵه‌به و له‌مه‌دره‌سه‌دا هه‌ندێك شتی ناواقیعی فێرده‌بێت و واش گومانده‌كات كه به ناوه‌ڕۆكی راستی گه‌یشتووه، واته نازانێ كه نازانێ و ئه‌مه‌ش جه‌هلی موره‌ككه‌به و ده‌ربازبوون لێی ئه‌سته‌مه ئه‌گه‌ر مه‌حاڵا نه‌بێت.
له‌م نموونانه‌وه ئه‌و راستیه‌مان لابه‌رجه‌سته ده‌بێت كه په‌یامی نالی زۆربه‌ی زۆری بواره زیندووه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی، هزری و سیاسی و ته‌نانه‌ت ئاكاری گرتووته‌وه، بۆئه‌مه‌ش زمانی كوردی رامكردووه په‌یامه‌كانی و به غه‌زه‌له لیریك و مه‌وزوونه‌كانی خزمه‌تی گه‌وره‌ی به زمانی كوردی كردووه هه‌ربۆیه ده‌توانین له كۆتایی ئه‌م وتاره‌دا پشتئه‌ستوور به دیوانه‌كه‌ی په‌یامی نالی به په‌یامێكی نه‌مر و زمانه‌كه‌ی به زمانی ستانداردی كوردی له‌قه‌ڵه‌مبده‌ین، پێشنیازی ئه‌وه بكه‌ین، زانكۆكانی كوردستان ئاوڕێكی جیددی له نالی و به‌رهه‌مه‌كانی به‌ده‌نه‌وه و به‌شێك یان پسپۆڕیه‌ك به ناوی نالیناسییه‌وه بكرێته‌وه، بۆ خوێندنه‌وه‌ی قووڵا و هه‌مه‌گیری غه‌زه‌ل و به‌یتبه‌یتی دیوانه‌كه‌ی و سۆراخی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌شی كه تائێستا ده‌ستنووسن و له گۆشه‌ی فه‌رامۆشیدان و چاوه‌ڕوانی هیممه‌تی نووسه‌ران و ئه‌دیبانن.
•••
په‌راوێزه‌كان:
1. غه‌زه‌ل له‌زماندا به مانای عیشقبازی و قسه‌كردنه له‌گه‌ڵا ژنان و له‌زاراوه‌دا یه‌كێكه له قاڵبه‌كانی شیعری كلاسیكی كه پێنج – چوارده به‌یت ده‌بێت به‌یه‌ك كێش و یه‌ك سه‌روا، له دواهه‌مین به‌یتدا شاعیر ته‌خه‌للوسی خۆی باسده‌كات و چاترین به‌یتیشی پێیده‌گوترێ.. شابه‌یت یا به‌یتولغه‌زه‌ل. واژه نامه هنر شاعری ل188.
2. ئیبن حه‌زم له كتێبی (گوق الحمامه)دا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌م فاكته‌ره كردووه. گوق الحمامه‌ل53.
3. دیوان حافڤ ل 91، 119، 351.
|
52836
جار خوێندراوه‌ته‌وه |
|
|
|
زیاتر
|
|
رات چییه له‌سه‌ر بابه‌ته بڵاوكراوه‌كانی ئه‌م سایته؟
|
ژماره بەرهەمەکانی ناوەندی کەلتووری کۆچ
|
|
|
govari koch| All rights reserved © 2010