پێویسته ئێلبهگی جاف وهك پێشبینیناسێكی سهدهكانی پێشوو بناسرێت دانا تۆفیق جاف
نەتەوەکانی ئەمرۆی گۆی زەوی وەک شانازییەک باس لە کەسایەتییەکانی خۆیان هەڵکەوتوو لە بوارە جیاوازەکاندا دەکەن، کە لە سەدان ساڵ پێشەوە بە شێوەیەک لە شێوەکان شاکارێکیان هەبوو، هیندێکیش لەو کەسانەی کە باسیان لێوە دەکرێت دەچێتە قاڵبی ئەفسانەو شکو گمانەوە، بەڵام نەتەوەکانی خۆیان بە شانازییەوە باسی لێوەدەکەن و بە پەیکەرو نازناو خەڵاتی ساڵانەوە. هەروەها بەخستنە نێو پەرتووکی مێژووی وانەی خۆێندن لە خۆێندنگاکان زیاتر یادی دەکەنەوە ولە مێژووی خۆیان زیندوو ڕایدەگرن. لە مێژووی ئێمەی کوردیشدا کەڵە پیاومان زۆر بووە، بەڵام بە داخەوە وەک پێویست گرنگیان پێنەداوە. یا لە ڕوانگە جیاوازەکانەوە لە توانای ئەو کەسایەتیانە کەم کراوەتەوە. یەکێک لەو کەسایەتییانە کە دەبوو لە مێژووی کوردا زۆر ڕەونەقی پێبدرابایە ( ئێلبەگی جافە).
ئێلبەگی جاف کێ بووە.
ئێلبەگی جاف وەک هیندێک سەرچاوە باسی لێوەدەکەن کە لە ساڵی ٨٩٨ زاینی لە دایکبووەو لە ٩٦١ کۆچی دوایی کردوە. لە سەر شۆێنی ژیانی ناوبراو بۆچوونی جیاواز هەیە. هیندێک دەڵێن لە ناوچەکانی سنجاویی لای کرماشانی ڕۆژهەڵات ژیاوەو، و هیدنێکیش دەڵێن لە دەوروبەری شارەزوورو گەرمیان لە باشوری کوردستان ژیاوەو و پاشان لە تەمەنی گەنجێتی چووەتە هەورامان و بە هۆی خۆشی و دڵگیری ناوچەکە لەوێ بە یەکجاری ماوەتەوەو ژنی هێناوە.
شاکارەکانی ئیلبەگی جاف
ئێلبەگی جاف کەسێکی پێشبینیکەری سەدەی نۆیەم بووە، کە گشت پێشبینیەکانی بە زمانەکانی کوردی و فارسی و عەرەبی لە چوارچێوەی هەڵبەستدا وتووەتەوە. ئێلبەگ خاوەنی سەدان پێشبینی گرنگی جیهانی و دەروونانسی بووە، کە بە داخەوە تەنیا بەشێکی کەمی لە پێشبینییەکانی لە چوارچێوەی هەڵبەستێکدا لە ژێر ناوی ( هەروایە و هەروا ئەبێ) ماوەتەوە، تەنیا ئەو کورتە پێشبینییەی کەدەستبەدەست ماوەتەوە، دەرکەوتووە کە هەموو پێشبینییەکانی دروستبوون و لە کاتی خۆیداڕاستییانە دەرچوون. باسیش لەوە دەکرێت کە زۆر لە پێشبینییەکانی بە زمانەکانی فارسی و عەرەبی خراونەتەوە نێو ئەدەبیاتی مێژووی بەغداو تاران و بە شیعری شاعیری نەناسراوی ئەو وڵاتانە ناوزەدکراوە.
کاتێک ئێلبەگی جاف باسی دەسەڵاتدارێتی وزوڵم زۆری نادر شای سەدەی نۆیەمی ئێران کردوە. لەو هەڵبەستەی کە نزیک بە١٠٥٠ ساڵ پێش لە سەر زوڵم و زۆری بۆ خەڵک وە هاوارا هاتووە، کە هیچ کەس لەو کات و سەردەمەدا ئەو پێش بینییەی نەکردوە. خەڵکانێک کە ئیستا لە مێژووی وڵاتانی عەرەبی و ئوروپی وەک پیاوی مێژو باسی لێوەدەکەن هەر لەو جۆرە کەسانە بوون کە وەک ئێلبەگی جاف شاکارێکیان هەبووە، بەڵام ئەوان زیرەکانە خراونەتە نێو مێژووی کەسایەتیەکانی جیهان و بە فەیلهسوف وئەندێشەناس و داهێنەر ناویان هاتووە. ئەوانەی کوردیش هەر باسیان لێوە ناکرێت. با کۆپلەیەک لەو هەڵبەستەی ئێلبەگی جاف بخۆێنینەوە کە ١٠٥٠ساڵ پێشوتراوە: دەڵێ :
ڕوو لە تـووری سینا ئەکەم
ئەوســا نیگای دونیا ئەکەم
ئــیران پر لـــه دەعوا ئهبێ
حوكمی سولگان نادر ئهبێ
مــــوڵکی ئێران باهیر دەبێ
ستهم له خهلق صادر دهبێ
دەوران دەوری نــــادر دهبێ
لە پــــەی نادەر دەعـوا دەبێ
ئێران پــــر لە غــەوغا دەبێ
خاســــان وەبێ کفن ئــــەبێ
شاهان دوور لە وەتەن ئەبێ
هـــــهروا بوه و هـهروا دهبێ
خاســــان وهبێ وهتهن دهبێ
هەروها پێشبینی هاتنە سەر دەسەڵاتی کەریمی زەند و تەیموری لەنگ دەکات و دەڵێ:
مورغان دوور له چەمەن ئەبێ
خێڵی شـــــــاهان قاتی ئەبێ
شــــاهی ئێران وەزەنــد ئەبێ
حوکمی موســــتەمەند ئـــەبێ
حوکمی کــــەریمی زەند ئەبێ
دونیا بێ قســـە و باس ئەبێ
لە دوای کــــەریم بەدتر ئەبێ
ئەوســـا دەورەی قەجەر ئەبێ
تەیمور لە خــەو خەبەر ئەبێ
ســــەری ئیران بێ سەر ئەبێ
هـــــهروا بوه و هـــهروا دهبێ
ئەم پێشبینیانەی کە لە چوارچێوەی ئەو هەڵبەستەدا هاتووە، بەراوردی بکەین لەگەل دونیای ئیستای زۆڵم و زۆر کە بە هۆی بوونی ڕاگەیاندن و تۆری پێشكەتووەوە باسی لێوەدەکرێت. بەڵام ئایا ١٠٠٠ ساڵ پێش ئەم وتنە گرنگ بووە یان نە، ئەوەی کە بە گرنگ دەزانرێت بۆ وەک پێیویست گرنگی پێنادرێت. بۆ لە شەقامەکانی بەغداو تاران پەیکەری ڕەسافی و ئیبن خەلدوون، ئەبوعەلی سیناو فیردەوسی دروستکراوە. ئەی بۆ لە کوردستان پەیکەری ئەم پێشبینیکەرە گرنگەی کورد نە لای کورد و نە لای ئێرانییەکان پەیکەری بۆ دروستنەکراوە، زۆر بە دەگمەن لە گۆشەی پەرتووکە ئەدەبیەکانی کوردی وەک شاعیرێکی دێرین باسی لێوەکراوە.
لە نموونەیەکی دیکەی پێشبینییەکانی کە زۆر گرنگەو بەرچاوە باس لە هاتنی تەکنهلۆژیا، کە وادەردەکەوێت باس لە شەمەنەفهر و کارەبا و پێشکەوتنی کۆمەڵگا و پێڕاگەیشتنی گرنگتر دەکات. لەم کۆپلە هەڵبەستەشی بکۆڵنەوە زیاتر کەسایەتی و پێشبینی ئەم کەڵە پیاوا زاناو پێشبینیکەرەی کوردستان، بەڵام لە بیرکراومان بۆ دەردەکەوێت. کە دەڵێ:
بـــــەرقی یە لە ئــــــەروپـا ئەبێ
کــــوران وکچان قەشـــەنگ ئەبێ
تەیـــرێ وەک ڕەعد و بەرق ئەبێ
گوێچکەی لە دووکەڵ غەرق ئەبێ
دەشــــت و دەری پێ لــــەق ئەبێ
بە ڕووی هـــــەوا مۆڵــــەق ئەبێ
هـــــــەروا بووە و هـــــەروا ئەبێ
لە درێژەی ئەو پێشبینیانەی دا کە لە چوارچێوەی هەڵبەستی هەروا بووەو هەروا ئەبێ، باس لە هاتنی دەسەڵاتی پەهلەوی و قاتی و قرانی لە ئێران دەکات. هەروەها لە چەند دێرێکی دیکەشدا باس لە هاتنی رووس دەکات بۆ ئێران. کە هەمو ئەمانەش بە پێی تێپەربوونی مێژوو دروست دەرچوون، ئەگەر بە وردی لە تەواوی دێرو وشەکانی ئەم فەیلەسوفە لە یادکراوە بکۆڵینەوە، دەبینین یەک وشەی نییە کە نەهاتبێتە دێ یا وا دەرنەچووبێت.
دروستبوونی سەنتەری ئێلبەگی جاف
بەو ناوە زۆر لە جێی خۆیدابوو.
لە ساڵی ٢٠٠٦، سەنتەرێکی ڕووناکبیری و ڕۆشنبیری بەناوی سەنتەری ئێلبەگی جاف دروستبوو، کە لە سەرەتای دروستبوونی ئەم سەنتەرەوە، وێرای ئەوەی کە زۆرکەسی شارەزا دەستخۆشی و پێشوازی لێکردن، بە لای دیکەشەوە هیندێک کەس خۆێندنەوەی بە پەلەیان لە سەر ئەم سەنتەرە دەکرد، تاوانی ئەوەیان دەخستە پاڵیان کە گوایا وەک سەنتەرێکی ناوچەگەرایی دامەزراوە. ئەو کەسانەی کە وایان بیرکردوەتەوە بە داخەوە وەک پێویست زانیارییان لەسەر ئێلبەگی جاف نەبووە، کە ئەوە فەیلهسوفێکی کوردستانییە و لە هۆزی جافە. هەروەها هۆزی جافیش بەشێکی زۆرە لە مێژووی سیاسی و ڕوناکبیری کوردستان و گەورەترین هۆزی کوردە. لە هەموو شۆێنێکی جیهان بوونی هۆزێک یا گروپێکی بەو شێوە کە خاوەنی مێژوو خەڵکی زۆر لە مێژوودا دەدرەوشێتەوەو ڕێکخراوە ناوەندی بە ناو دروستدەکرێت، یا فیلمی سینەمایی ومێژووی لە سەر دروسکراوە. هەروەها بوونی کەسایەتی بە ناوبانگی ئێلبەگی جاف شایانی ئەوەیە کە دەیان ڕێکخراو ناوەندی بە ناو بکرێت.
جێی خۆیەتی کە دەستخۆشانە ئاراستەی ئەو چەند کەسایەتییە ڕۆناکبیرەی کوردستان بکرێت، کە ئەو سەنتەرەیان بە ناوی سەنتەری ئێلبەگی جاف داناوە یا بیریان لەو ناوە کردوەتەوە. هەروەها جێی خۆشحاڵییە کە لە ماوەی تەمەنی کەمی ئەم سەنتەرەوە ساڵانە چەندین چالاکی گرنگی پر جەماوەرییان بە ڕێخستووە. چەندین گۆڤارو نامیلەکشیان بڵاوکردوەتەوە، چاوەروانی زۆر کاری گرنگتریان لێدەکرێت.
خەڵاتی ساڵانەی ئێلبەگی جاف و بەجیهانیکردنی ئەم کەسایەتییە
من وەک نووسەری ئەم بابەتە! پێشنیارێک ئاراستەی سەنتەری ئێلبەگی جاف دەکەم، کە ئەگەر بۆیان بکرێت لە لایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری، یا بە هاوکاری خواپێداوانی کوردستان سپۆنسەر بکرێن، خەڵاتی ساڵانەی ئێلبەگی جاف دروستبکەن و بیدەن بە کەسایەتییەکی ئەدەبی و ڕووناکبیری. واتە ئەو جۆرە کەسایەتییانە کە داهێنەرێکن لەو بوارەدا. واتە کەسێک بێت کە خۆی توانیبێتی خۆی بگەیەنێتە ئەو ئاستەوە. ئەو خەڵاتە وێرای ئەوەی کە سیمبولێکی مێژوویی بێت، هاوکات بریتیش بێت لە مەبلەغێکی دارایی بۆ ئەو کەسەی کە بتوانێت بەرهەمی کارێکی خۆی پێ جێبەجێ بکات.
•••
سەرچاوەکان:
١. گۆڤاری کۆچ / سەنتەری ئێلبەگی جاف
٢. مێژووی هۆزی جاف خەسرەو جاف
٣. هیندێک سەرچاوەی زارەکی لە کەسانی بە تەمەن و شارەزا بیسراوەتەوە
|
34866
جار خوێندراوهتهوه |
|
|
|