دیارده‌ی خۆكوژی یه‌كێكه له‌و دیارده كۆمه‌ڵایه‌تی و سایكۆلۆژیانه‌ی , كه هه‌میشه جێگه‌و بایه‌خی زانایانی (كۆمه‌ڵناسان و ده‌رونناسان) بووه , كه به درێژای مێژوو نوسین و لێكۆڵینه‌وه‌یان هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌م دیارده‌یه , دیارده‌ی خۆ كوژی ڕه‌گ و ڕیشه‌ی له نێو قوڵای مێژووی مرۆڤایه‌تیدا هه‌یه , زانایانی ئه‌نسرۆپۆلۆجیا (مرۆڤ ناسی) زۆرێك له نوسین و لێكۆڵینه‌وه‌كانیان ته‌رخان كردووه بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌م دیارده‌یه نمونه‌ی ئه‌م لێكۆڵهرهوانهش ( مالینۆفسكی ,لویس مۆرگان, ویل دۆرانت...هتد). خۆكوژی به یه‌كێك له دیارده به‌ر بڵاوه‌كانی نێو‌و كۆموڵگهكان و ده‌توانین بڵێین هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك به ڕێژه‌یه‌ك پشكی خۆی به‌رده‌كه‌وێت , به‌پێی سه‌رچاوه كۆنه‌كان خۆكوشتن دیارده‌یه‌كی نوێ نیه‌و له دێرزه‌مانه‌وه له هه‌موو سه‌رده‌مێكدا كه‌سانێك هه‌ن له دوای مردن ده‌گه‌ڕێن و به ته‌نها هۆكاری ده‌زانن بۆ خۆ ڕزگار كردن له مه‌ینه‌تییه‌كانی ژیان .
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگه سه‌ره‌تاییه‌كان ده‌بینین دیارده‌ی خۆكوژی وه‌ك سروتێكی لێهاتووه له نێو هه‌ندێك له كۆمه‌ڵگاكاندا,مالینۆ فسكی (1949) ئاماژه به‌بوونی ئه‌م دیارده‌یه له نێو هۆزه‌كانی (ترۆبریاند) ده‌كات ,هه‌روه‌ها خانم بندكت(R.Bendict) ده‌ڵێت خۆكوشتن لای كۆمه‌ڵگه‌ی ئهلدویوی خواروی ئۆقیانوسی باسێكی باوه كه كه‌سانێك هه‌ن خۆیان ده‌كوژن).هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵگه‌ی (ئهلویو) له ئه‌فریقا ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌ست درێژی بكاته سه‌ر شه‌ره‌ف و خزم و كه‌سێكی خۆی كه حه‌ڵاڵ نه‌بێت بۆی ناچار ده‌كرێت كه خۆی بكوژێت(1), هه‌روه‌ها له هندستان و له كۆندا ژنێك مێرده‌كه‌ی بمردایه له‌كاتی ناشتنی مێرده‌كه‌یدا یه‌كسه‌ر خۆی ده‌كوشت , ئه‌مه‌ش وه‌ك دڵسۆزی و وه‌فا دارییهك بۆ مێرده‌كه‌ی نیشان ئه‌دا .
یه‌كێك له‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ی كه ویل دۆرانت ئاماژه‌ی پێده‌كات له‌سه‌ر ڕه‌وشی ژن له یایانداو له نێو كۆمه‌ڵگای سامۆراییهكاندا , داوای پاكیزه‌یی ئافره‌ت ده‌كرا , هه‌ندێك له كچانی چینه به‌رزه‌كان هه‌ركاتێك كچێنی خۆیان له مه‌ترسیدا ده‌بینی خۆیان ده‌كوشت .(2) وه ناوبانگیان به‌وه ده‌ركردبوو به پێی داب و نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تییان له بۆنه‌و كاتی تایبه‌تیدا خۆیان ده‌كوشت .
زانایانی (ده‌رونناسی و كۆمه‌ڵناسی )بۆچوونی جیاوازیان هه‌یه له‌مه‌ڕ شرۆڤه‌كردنی دیارده‌ی خۆكوژی , ئه‌و هۆكارانه‌ی كه زانایانی ده‌رونناسی له‌سه‌ر دیارده‌ی خۆكوژی‌و هۆكاره‌كانی خۆكوژی ده‌یخه‌نه ڕوو جیاوازه له‌وه‌ی كه زانایان و توێژه‌رانی كۆمه‌ڵناسی ئاماژه‌ی پێده‌كه‌ن , زانایانی درونناسی پێیان وایه هۆكاره ده‌رونییه‌كان هۆكاری سه‌ره‌كین بۆخۆ كوژی .
بۆنمونه فرۆید له‌و بڕوایه‌دایه كه دووجۆر پاڵنه‌رو ره‌مه‌كی (غه‌ریزه‌ی )سه‌ره‌كی بۆ ڕه‌وشت و هه‌ڵسوكه‌وتی مرۆڤ هه‌یه ئه‌ویش ڕمهكی ژیان (Eros) ڕه‌مه‌كی مردن (Thanatos). ئیرۆس خۆی له چێژ‌و خۆشی و خۆشه‌ویستی و بنیات ناندا ده‌دۆزێته‌وه ,به‌ڵام ره‌مه‌كی ساناتۆس پاڵنه‌ری سه‌ره‌كییه بۆكوشتن و تێكدان و كاولكاری و تێكشكاندن ,فرۆید پێ ی وایه خۆكوشتن به‌ر ئه‌نجامی ره‌مه‌كی (ساناتۆسه)وه‌یه‌و به‌رجه‌سته‌كردنی گروتینێتی له‌ژیاندا,فرۆید پێی وایه هه‌ندیك كه‌س له‌ئه‌نجامی خه‌م و خه‌فه‌ته‌وه توشی خۆكوشتن ده‌بێت ,هه‌ندێك كه‌س به‌هۆی له‌ده‌ستدانی كه‌سێكی خۆشه‌ویستی ,یات هێمایه‌كی به‌نرخی ژیان وه‌ك (سه‌ربه‌ستی, نیشتمان, ئازادی, شه‌ره‌ف, كه‌رامه‌ت) له‌ده‌ست ئه‌دات توشی خه‌م و خه‌فه‌ت ده‌بێت, له‌لای هه‌ندیك ئه‌م خه‌م و خه‌فه‌ته دهرهوێتهوهو ده‌توانێت له كهسێكیتردا بیدوزێتهوه
به‌لام ههندێكهسی دیكه له‌ئه‌نجامی له‌ده‌ستدانی ئهوهێما بهنرخا نه‌وه توشی خه‌م و خه‌فه‌تێكی زیاد له‌پێویست ده‌بێت,ئه‌م جۆرهره مرۆفانه توانای به‌رنگاربونه‌وه‌ی ئه‌م جۆره كێشه‌و گیروگرفتانهیان نیه,له‌ئه‌نجامدا توشی نه‌خۆشی (ماسۆشیه‌ت)ده‌بن, چێژ له‌و ئازار‌و سوكایهتیپكردنهی خۆی ده‌بینێت كه‌ئه‌مه‌یش زۆرجار ده‌گاته حاڵه تی خۆكوشتن.(3)
له‌م نوسینه‌یه‌دا هه‌وڵ ئه‌ده‌ین بۆچونه‌كانی زانای كۆمه‌ڵناس (ئیمێل دۆركهایم)بخه‌ینه روو كهجییای ده‌كاته‌وه له‌زانایانی سایكۆلۆژی له‌سه‌ر دیارده‌ی خۆژی,به‌لام پیش ئه‌وه‌ی بۆ چونی ئه‌م زانایه بخه‌ینه‌روو ئاماژه‌یه‌كی كورت بكه‌ین به‌و ئامار‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ی كه له‌سه‌ر ڕێژه‌ی خۆكوشتن له‌ولاتانی (سوید, نه‌رویج, ئه‌مریكا) كراون, وهكوردوستانی خۆشمان بێبه‌ش نییه له‌بونی ئه‌ودیارده‌یه.
به‌پێی ئامارێكی كۆتای نه‌وه‌ده‌كانی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی (W.H.O.) سالانه نزیكه‌ی (800)هه‌زاركه‌س له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا خۆیان ده‌كوژن,ئه‌م ئاماره‌یه واپێشبینی ده‌كات ئه‌م ڕێژه‌یه به‌رزبێته‌وه بۆ(1000000) یه‌ك ملێۆن كه‌س.(4)
به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كان ئێستا خۆكوشتن له‌زۆربه‌ی وڵاتانی دونیادابریتی یه(10) هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كه‌ده‌بنه هۆی مردن, بۆنمونه ولاتێكی وه‌كو به‌ریتانیا خۆكوشتن بریتی یه له سێ یه‌م هۆكاری له ناوچون له‌دوای نه‌خۆشییه‌كانی (دل و شێرپه‌نجه) لهوڵاتهئهسكهندهنافییهكانیوهك(سوید,نه‌رویج,دانیمارك) له‌سالێكدا له (100) هه‌زاركه‌س (40)هه‌زاركه‌س خۆیان ده‌كوژن, له ئه‌مریكایش سالانه زیاتر (31000) كه‌س خۆیان ده‌كوژن,واته(85)كه‌س له‌ڕۆژێكدا هه‌روه‌ها سالانه (650) هه‌زار كه‌س هه‌وڵی خۆكوشتن ده‌ده‌ن له‌و ولاته‌دا,له سالی 2004 له ئه‌مریكا(195134)هه‌زار كه‌س به هۆكاری هه‌وڵی خۆكوشتن كراون له سه‌دا سیانزه‌یان ته‌مه‌نیا له نیوان 13بۆ 19ساڵیدایه.(5)
وهكوردوستانی خۆشمان یه‌كێكه لهوشوینانهی كه به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو رێژه‌ی خۆكوشتنی تێدا به‌رزبووه‌ته‌وه ,له‌رۆژنامه‌ی هاوڵاتی ژماره (324 له 2/5/2007) داهاتووه كه به پێ ی ئاماره‌كانی نه‌خۆشخانه‌ی ئیمرجنسی كه یه‌كێكه لهوشۆێنانهی كه تۆماری حاله‌ته‌كان ده‌كات له سالی 2006 زیاتر (1200)حاڵه‌تی سوتانی ژنان له‌و ناوچه‌یه‌دا تۆمار كراون و(450)یان گیانیان له‌ده‌ست داوه,ژماره‌كه‌یش زیادیكردووه به‌به‌راورد به 2005 له‌وساله‌دا 715 ژن هه‌وڵی خۆسوتاندنیان داوه‌و وه پێنج یه‌كیان مردون به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كانیانه‌وه ,هه‌روه‌ها له‌سالی 2004 دا (180) كه‌س خۆ یان ده‌رمان خوارد كردوه به‌مه‌به‌ستی خۆكوشتن ,به‌لام له‌سالی 2005 دا به‌رزبووه ته‌وه بۆ (260) كه‌س كه (210) كه‌سیان ئافره‌ت بوون له‌نێوان ته‌مه‌نی( 13بۆ30)سالی دا بوون.(6) دیاره ئه‌م رێژانهیش لهولاتێكهوه بۆ ولاتێكی تر‌و له قۆناغێكه‌وه بۆ قۆناغێكیتر گۆڕانییان به‌سه‌ردا دێت,ئه‌مه‌یش به‌هۆی گۆڕانه كۆمه‌لایه‌تی و سیاسی و فهرههنگیا نه‌ی كه دێته ئار
( كورته‌یه‌ك له ژیانی دۆركهایم )
دۆركهایم له‌هه‌موو سۆسێۆلۆگهكانی دیكه شیاوی ئه‌وه‌یه كه‌كاره‌كته‌ری دامه‌زرێنه‌ری كۆمه‌ڵناسی پێ ببه‌خشرێت ئه‌و دامه‌زرێنه‌ر بوو, چونكه ناوه‌ڕۆكی پرۆژه‌كه‌ی بریتی بوو له دامه‌زراندنی سۆسیۆلۆژیا وه‌ك زانستێكی پۆزه‌تیڤ و سه‌ربه‌خۆ له سایكۆلۆژیا و فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو (7)
دۆركهایم له ساڵی (1858)له شاری ئیپیناڵ له ولایه‌تی لۆرین له ڕۆژهه‌ڵاتی فه‌ره‌نسا له‌دایك ده‌بێت پاش كۆچی دوایی باوكی ناچار ده‌بیت ئه‌ركی ژیانی خانه‌واده‌كه‌ی بگرێته ئه‌ستۆ,له قوتابخانه‌ی نۆرماڵی باڵا هه‌ر له‌وێ (ژۆرێس و بێرگ سۆن) ده‌ناسێت,دۆركهایم وه‌ك كه‌سێكی پابه‌ندو زیره‌ك و تاقانه به‌ر هه‌ستی هه‌مو لایه‌ك ده‌كه‌وێت.
دۆركهایم كوڕی حاخامێكی جوله‌كه‌یه پاش گه‌وره‌ره بوونی له‌نێو زانست‌دا,دۆرركهایم ده‌ست له ئاین به‌رده‌دات و له‌و په‌ڕی ئاینه‌وه بۆ ئه‌و په‌ڕی ئیلحاد ده‌روات و پاشان ده‌بێت به‌گه‌وره‌ترین هیومانسی فه‌ڕه‌نسی,به‌شێكی زۆر له‌توێژه‌ران له نێو مێژووی كۆمه‌لایه‌تی خودی دۆركهایم دا ده‌گه‌رێن بۆ سه‌رچاوه‌كانی بایه‌خدانی دۆرركهایم به فاكته‌ره تایبه‌تییه‌كان و ته‌ماشاكردنی وه‌ك فاكتێكی كۆمه‌لایه‌تی.(8) هه‌رچه‌نده دۆركهایم هه‌وڵده‌دات له ڕێگه‌ی په‌یڕه‌و كردنی نه‌ریتی خێزانه‌كه‌یه‌وه له داهاتوودا ببێته (مالومێكی كلیمی ) ,دۆركهایمی لاو له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕ بوونی وانه ئاساییه‌كان له قوتابخانه نادینییهكان فێری زمانی عیبری له‌سه‌رده‌می عه‌تیق و تالمۆت ده‌بێت دۆركهایم پاش وه‌رگرتنی بڕوانامه‌ی نه‌ریتی كلیمی له‌ته‌مه‌نی 13 ساڵیدا ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری ژنه مامۆستایه‌كی كاتۆلیك , ئه‌و ماوه‌یه‌ش توشی چه‌ند حاڵه‌تێكی عیرفانی ده‌بێت و به‌هۆیه‌وه هۆگری كاسۆلیك بووه به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی به‌سه‌ردا نهگوزهراو وازی له‌و جۆره ئایینه هێنا. (9) دۆركهایم له‌ساڵی 1882 ده‌بێت به مامۆستای فه‌لسه‌فه‌و له یه‌كێك له ئاماده‌ییه‌كانی فه‌ره‌نسادا وانه ده‌ڵێته‌وه , ساڵی 1886 ده‌بێت به مامۆستای په‌روه‌رده له زانكۆی بۆردۆ 11 ساڵ له‌م زانكۆیه‌دا ده‌مێنێته‌وه , هه‌ر لێره‌شه‌وه نامه‌ی دكتۆراكه‌ی له‌سه‌ر كاری كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌واو ده‌كات و ساڵی 1893 بڵاوی ده‌كاته‌وه‌و. (10) ئاماژه به چۆنیه‌تی دابه‌ش بوونی كار لهكۆمهڵگاو ئه‌و هۆیانه‌ی كاریگه‌رییان له‌سه‌ری هه‌یه ده‌كات و دوو جۆر هاوبه‌ندی له كۆمه‌ڵگا لێك جیا ده‌كاته‌وه .هاوبه‌ندی میكانیكی كه به‌رهه‌می لێكچونی نێوان تاكه كه‌سه‌كانه‌و پسپۆڕی هه‌مه جۆری تێدا نیه‌و هه‌موو ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگه له‌و ڕووه‌وه لێك ده‌چن_هاوبه‌ندی ئۆرگانی له‌سه‌ر لێكنه‌چوون و نه‌گونجاوی تاكه كه‌سه‌كان دامه‌زراوه . كه لێره‌وه كۆمه‌ڵگه په‌ره‌ده‌سێنێ و پیشه‌ی جۆراو جۆر سه‌ر هه‌ڵده‌دات. (11)له‌ماوه‌ی ئه‌و 11 ساڵه‌ی كه له زانكۆی بۆردۆ ده‌مێنێته‌وه وانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه گوتۆته‌وه –هاری كاری كۆمه‌ڵایه‌تی –خێزان و په‌روه‌رده‌ی خێزانی –خود كوژی –فیسیۆلۆژیای ماف و ئه‌خلاق –فاكتی ئاینی –نامۆ بوون – كار.(12) دۆركهایم سالی 1902 بۆیه‌كه‌م جار ده‌گاته (سۆربۆن) و ده‌بێت به پڕۆفیسۆر له بواری زانستی په‌روه‌رده‌دا ساڵی 1912 كتێبه به ناوبانگه‌كه‌ی به‌ناوی ( فۆڕمه سه‌ره‌كییه‌كانی ژیانی ئاینی ) بڵاو ده‌كاته‌وه, له‌ساڵی 1913ده‌بێت به پڕۆفیسۆر له بواری سۆسیۆ لۆژیادا , ساڵی 1916 له ژێر زه‌بری نه‌خۆشیدا واز له چالاكییه‌كانی ده‌هێنێت , هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا ته‌رمی ئهندرییهی كوڕی له به‌ره‌كانی جه‌نگه‌وه خۆی ده‌كات به ماڵدا‌و دۆركهایمی نه‌خۆش ناچار ده‌كات له‌سه‌ر گۆڕی كوڕه‌كه‌ی بگری , زۆری پێناچێت له 15 ی نۆڤه‌مبه‌ری 1917 دۆركهایمیش كۆچی دوای ده‌كات. (13)
ڕاڤه‌كردنێكی كۆمه‌ڵایه‌تیانه بۆ دیارده‌ی خۆ كوژی
دۆركهایم هه‌ستا به ڕه‌ت دانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و بیردۆزانه‌ی دیراسه‌ی هۆكاره‌كانی خۆكوژی ده‌كه‌ن , دۆركهایم له لێكۆڵینه‌وه‌كانیدا مه‌نهه‌جی (ئهحصائی ته‌تبیقی )به‌كار ده‌هێنا زۆربه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كانی دیكه ته‌ركیزیان ده‌كرده سه‌ر هۆكاری (بایلۆجی و سایكۆلۆجی و هۆكاری ئاو و هه‌واو هه‌ژاری و هتد...)دۆركهایم ئه‌و هۆكارانه‌ی به هۆكاری كه‌سی ناو ده‌برد ده‌یگوت ئه‌وه‌ی كه ده‌بێته هۆكار بۆ دیارده‌ی خۆكۆژی جیاوازییه له بنیادی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌دا. (14)
سه‌رنجدان به تیۆری خۆكوژی دۆركهایم له میتۆدی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یدا گرنگی خۆی وه‌رده‌گرێت كه به فۆڕمێكی شیكارانه هه‌وڵ ئه‌دات شرۆڤه‌ی هۆكاره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئه‌م دیارده كۆمه‌ڵایه‌تیه بكات , ئه‌و هۆكارانه‌ی كه ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ كاریگه‌رییان هه‌یه له‌هه‌مبه‌ر هه‌ڵوێستی خۆكوژیدا , به‌قه‌ناعه‌تی دۆركهایم له كۆنتێكستێكی (سیاق)ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا سه‌ر هه‌ڵده‌دات, دۆركهایم وه‌ك (فۆنكشیۆنالیستێك ) سه‌رنجی خۆی زیاتر ئاڕاسته‌ی هۆكاره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كات , چونكه تاك وه‌ك به‌شێك له گشتێتی كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌بینێت , دۆركهایم له‌م تیۆره‌دا له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا نیه كه شرۆڤه‌ی ئه‌وه بكات كه له به‌ر چی مرۆڤ به ده‌ستی خۆی كۆتای به ژیانی خۆی دێنێت , به‌ڵكو سه‌رنجی سه‌ره‌كی ئه‌و له به‌رامبه‌ر ئه‌و پرسیاره‌دا وورد ده‌بێته‌وه كه بۆچی ڕێژه‌ی خۆ كوشتن به پَی زه‌مان و له كۆمه‌ڵگه‌كاندا هاوسه‌نگییه‌كی پاوه‌جی و نه‌گۆڕیان هه‌یه , له پرۆژه‌ی لێكۆڵین و پشكنینی مه‌یدانی كه له وڵاتانی (سوید,فه‌ره‌نسا, دانیمارك , ئیسپانیا , پروس هتد ...)به ئه‌نجام گه‌یاند ,دۆركهایم به‌و ئهنجامهدهگات كه فره چه‌شنی بوونی شێوازی خۆ كوژی ده‌لاله‌ت ده‌كات له هۆكار گه‌لێكی فره ڕه‌هه‌ند و په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆیان هه‌یه به بار‌و دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌ی ئاینی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه هه‌ڵده‌ستن به‌بڕیاری خۆكوشتن , ئه‌و فاكتانه‌ی كه دۆركهایم له په‌یوه‌ندی به‌م دیارده‌یه‌دا زومیان ده‌كاته سه‌ر بریتیه له :دین ,ئابوری , خوێندن , په‌یوه‌ندی خێزانی , پاشا گه‌ردانی و به‌گشتی ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه به‌لای دۆركهایمه‌وه گرنگی تایبه‌تی پێدراوه بریتیه له ڕاده‌ی (گونجاندنی تاك له كۆمه‌ڵگه‌دا)و (كارتێكه‌ری نۆرمه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان) .(15) به‌گشتی ڕوانگه‌ی كۆمه‌ڵناسی دۆركهایم خۆی له‌په‌یوه‌ندی به‌كۆمه‌ڵگاو كلتوردا ده‌بینێته‌وه ,كه‌متر خۆی به پاڵنه‌ره تاكه كه‌سیه‌كانه‌وه سه‌رقاڵده‌كات .
له‌مه‌ڕ پرسی ئاین و په‌یوه‌ندی ئه‌و به خۆكوژییه‌وه , دۆركهایم ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ئاینه‌كان دیارده‌ی خۆكوژیان قه‌ده‌غه‌و حه‌رام كردووه , به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دیارده‌ی خۆكوژی له نێو ئاینه‌كاندا وجودیان هه‌یه به‌ڵام ڕێژه‌ی خۆكوژییه له نێو ئاینه‌كاندا جیاوازه بۆ نمونه ڕێژه‌ی خۆكوژی به‌لای پرۆستانتهكانهوه زیاتره له كاتۆلیكه‌كان,دۆركهایم له پشكنینه‌كانیدا له‌مه‌ڕ هۆكاری ئاین ده‌گاته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه ئاینی پرۆتستانت ئاینێكه زیاتر ڕێگه‌ی داوه له‌مه‌ڕ پرسی تاكگه‌رایی و مه‌جالی ئه‌ندێشه‌ی ئازادی كه به‌شێكن له پێكهاته‌ی ئاینی پرۆتستانتیزم , به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه ئاینی كاتۆلیك له ڕوانگه‌ی دۆركهایم پتر دۆگماتیكهو داخراوتره كه مه‌جالی ئازادی و تاكگهرای تێدا به‌رته‌سك كراوه‌ته‌وه , ئه‌م ده‌رئه‌نجامه ئاماژه‌یه به‌وه‌ی كه هه‌رچه‌نده سیستمێكی ئاینی ئه‌ده‌بیاتێكی فكری و پراكتیكی فره چه‌شنی هه‌بێت كه خاڵی بێت له پرس و هۆگری ئازادانه ئه‌وا بیركردنه‌وه له‌سه‌ر خودا ,تێر‌و ته‌سه‌لی و فراوانی زیاتری له‌گه‌ڵدایه‌و خواسته‌كانی تاك ده‌گاته ئامانجێكی تاقانه‌و یه‌كسان .به‌پێچه‌وانه‌وه تا چه‌نده گروپێكی دینی زیاتر ڕێگه به حوكمی تاكه كه‌س بدات كه‌متر به‌سه‌ر ژیاندا زاڵه‌و یه‌كگرتن و ژیانێكی له‌ر زۆكی ده‌بێت كه‌واته ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه مه‌یلی زۆری ڕێبازی پرۆستانی به‌ره‌و خۆ كوژی , ده‌رهاویشته‌ی ئه‌وه‌یه كه به یه‌كپارچه‌یی و یه‌كبوونی كڵێسای پرۆستانتی كه‌متره له كاتۆلیكی. (16)
هه‌روه‌ها دیارده‌ی خۆكوژی له نێو یه‌هودییه‌كاندا كه‌متره , وه‌ك له دوو ئاینه‌كه‌ی پێشوو باسمان كرد , وه‌ك دۆركهایم ئاماژه‌ی پێده‌كات كه ئه‌م ئاینه په‌یڕه‌و كه‌رانی ناچار ده‌كات له‌گه‌ڵ یه‌كبوونێكی زیاتردا بژین . به‌هۆی ئه‌و پێكه‌وه گونجانه‌ی كه كۆمه‌ڵگه‌ی ئاینی یه‌هودیه‌كان هه‌یانه په‌یڕه‌و كه‌رانی خاوه‌نی ئه‌م جۆره پارێزراوییهن. (17)
سه‌باره‌ت به پرسی ڕه‌گه‌ز له پشكنینه‌كانی دۆركهایمدا نا هاوسه‌نگیه‌ك به‌دی ده‌كرێت له نێوان هه‌وڵی خۆكوژی به‌لای ڕه‌گه‌زی مێ و ڕه‌گه‌زی نێر.له‌و وڵاتانه‌یی كه دۆركهایم له لێكۆڵینه‌وه مه‌یدانیه‌كانی تێدا به‌ئه‌نجام گه‌یاندووه .ده‌بینێ ڕێژه‌ی خۆ كوژی پیاوان له ڕێژه‌ی خۆكوژی ژنان زیاتر تۆمار كراوه , هۆكاری ئه‌م پارادایمه به قه‌ناعه‌تی دۆركهایم ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئامۆژگارییه ئایینیه‌كان و پرسی پابه‌ند بوونی ژنان به ئاینه‌وه . ئه‌و پێی وایه كه ژنان زیاتر له پیاوان له ژێر كاریگه‌ری ئاین و قه‌ناعه‌ته ئاینییهكاندان و هه‌ر ئه‌م دۆخه وا ده‌كات كه ژنان كه‌متر بیر له كرده‌ی خۆ كوژی بكه‌نه‌وه زیاتر له پیاوان ملكه‌چی ئیراده‌ی كۆگهرایی بن.(18) هه‌روه‌ها دۆركهایم جیاكاری ده‌كات له نێو چینه‌كانی كۆمه‌ڵگه له‌مه‌ڕ پرسی دیارده‌ی خۆكوژیدا , ئاماژه ده‌كات به‌وه‌ی كه خۆكوژی له نێو چینی خوار كۆمه‌ڵگا كه‌متره له چینی مامناوه‌ند وه چینی مامناوه‌ندی كه‌متره له چینی باڵا ده‌ست , هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به پله‌ی گه‌رما دۆركهایم ده‌ڵێت ( ڕێژه‌ی خۆكوشتن له به‌رزبوونه‌وه‌دایه كاتێك به‌ره‌و هاوین ده‌ڕۆین , له‌به‌ر ئه‌وه نیه كه گه‌رما جه‌سته‌ی ئاده‌میزاد ده‌شڵه‌ژێنێت , به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌یی كه ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌و وهرزهیهدا ڕوو له (جه‌نجاڵییه) , بۆیه ژینگه‌ی ده‌وروبه‌ر هانده‌ری ڕاسته‌وخۆی خۆ كوژی نیه , به‌ڵكو جه‌نجاڵی كۆمه‌ڵایه‌تیه ئه‌م دیارده‌یه زیاد ده‌كات .
_ بۆ تێگه‌یشتن له ڕۆڵی یه‌كگرتووی و هارمۆنی كۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر خۆكوشتن دۆركهایم باس له چه‌ند جۆرێك خۆكوشتن ده‌كات له ڕووی سۆسیۆلۆژیاوه دۆركهایم ده‌ڵێت : كلیلی هه‌ریه‌ك له‌مانه فاكته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه كه تێیدا ڕاده‌ی یه‌كگرتووی و هارمۆنی كۆمه‌ڵگه به‌رز یان نزم ده‌بێت. (19)
1- خۆكوژی خۆ په‌رستانه .
ئه‌م خۆكوژییه كاتێك ڕووده‌دات كه ڕاده‌ی یه‌كگرتووی كۆمه‌ڵگه لاواز بێت , كه به‌هۆی نه‌بوونی هۆشیار بوون و كامڵ بوونی تاكه له نێو كۆمه‌ڵدا , كاتێكیش ئه‌زانێت ناتونێ جێگه‌ی خۆی له نێو كۆمه‌ڵه‌كه‌یدا دیاری بكات و ملكه‌چی ده‌سه‌ڵاتی كۆمه‌ڵایه‌تی بێت ناچاره په‌نا به‌رێته به‌ر دابڕان و دووركه‌وێته‌وه له كۆمه‌ڵه‌كه‌ی ,(20) له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تاك هه‌ست ده‌كات زۆر دووره له حه‌زوو خواست و ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یه‌وه , لێره‌شه‌وه به شێوه‌یه‌كی پله پله هیواو خواسته‌كانی له‌ده‌ست ده‌دات و ژیان لای ئه‌و هیچ مانایه‌كی نامێنێت هه‌ست به‌وه ده‌كات كه ڕه‌خنه‌كانی له كۆمه‌ڵگه هیچ سودێكی ئه‌وتۆیان نابێت , كه ئه‌مه هاندهریچكی سه‌ره‌كیه بۆ ڕزگار بوونی له‌و جۆره ژیانه .
دۆركهایم پێی وایه ئه‌و هۆكارانه‌ی كه ده‌بنه خۆكوشتنی خۆپه‌رستانه بریتیه له خه‌مۆكی و ڕه‌ش بینی و بێئومێدی , به‌لای دۆركهایم ئه‌مانه چه‌ند فاكتێكی كۆمه‌ڵایه‌تین , ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كه‌سانێكی خه‌مۆك بن كه به ویستی خۆیان ژیانی خۆیان له نێو ده‌به‌ن, تاكهكا هه‌رگیز سه‌ربه‌ست نین له‌به‌رامبه‌ر هێزه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا , ته‌نانه‌ت پیاوی ته‌نهاو گۆشه گیریش كاریگه‌ری كۆمه‌ڵیان له‌سه‌ره دۆركهایم ده‌ڵێت ئه‌م خه‌مۆكی و بێئومێدیه هۆكاری تایبه‌تی و تاكه كه‌سی نیه , به‌ڵكو ده‌ربڕینی حاڵه‌تی بێ ئومێدی كۆمه‌ڵگه‌یه . (21)
2_ خۆكوژی له‌پێناو كه‌سانی دیكه‌دا (خۆبه‌خشانه)
ئه‌مجۆره خۆكوشتنه هۆكارو پاڵنه‌ره‌كانی ته‌واو پیًچهوانهی جۆری یه‌كه‌من , واته هۆیه‌كی گونجاو هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندی توند‌و تۆڵی تاكه له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه‌ی له ناویدا ده‌ژی و ئاماده‌یشه له پێناو گروپ و كۆمه‌ڵگه‌كه‌یدا قوربانی به خۆی بدات , ئه‌مه‌ش كاتێك ڕووده‌دات كه تاكی خۆ به‌خش نشوستی هێنابێت یاخود نه‌یتوانیبێت كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی له مه‌ترسی هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌كی یاخود ناوه‌كی ڕزگار بكات له پێناو خودی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی كه ئه‌زانێت ناتوانێت بێ ئه‌و بژی خۆی ده‌كوژێت .(22) ده‌كرێت ئه‌م خۆكوژییه له پێناو ئامانج یان ئایدۆلۆژی و دینی و نه‌ته‌وه په‌رستیدا بێت , بێگومان دین و ئایدۆلۆژیا هۆكارن بۆ هاندانی تاك بۆ كرده‌وه‌ی خۆكوژی
3_ خۆكوژی ئاڵۆزی (anomic)
ئه‌م حاڵه‌ته به‌هۆی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ڕووده‌ات له‌و جێگایه‌ی كه تاك له ڕووبه‌ڕوو بونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌ست ده‌كات كه پێكهاته‌ی خانه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان توشی هه‌ره‌س هاتوون له‌ڕاستیدا ئانۆمی دیارده‌یه‌كی مۆدێرنه‌و تایبه‌ته بهكۆمهڵگه مۆدێرنه‌كان ئه‌م بابه‌ته په‌یوه‌ندی هه‌یه به پرسی گۆڕانكاری له ستراكتۆری كۆمه‌ڵگه‌دا ,ئه‌م حاڵه‌ته له خۆكوژی له دۆخێك‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێت كه تاك هه‌ست ده‌كات ئه‌و نۆرم و ڕێسا كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی كه له گه‌ڵیدا گۆش كراوه , توشی هه‌ره‌س هێنان هاتوون ئه‌مه‌ش له حاڵه‌تێكدا سه‌ر هه‌ڵئه‌دات كه پنته سروشتیه‌كانی كۆمه‌ڵگاكه بریتین له نۆرم و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان , گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت و ده‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ری مۆدێلێكی نوێ ,به بۆچونی دۆركهایم ئانۆمی له حاڵه‌تێكی ئه‌وتۆدا سه‌ر ههڵوئهدات كه گۆڕانكارییه‌كی خێرا له پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگاكه‌دا بێت.(23) ئه‌م حاڵه‌ته‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه توانای به‌سه‌ر تاكدا نه‌مێنێت , دروست بوونی ئه‌م دۆخه نوێیه ده‌بێته هۆی له‌ناو چوونی به‌ها مرۆییه‌كان و لاواز بوونی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگه , دروست بوونی دۆخی و ناعه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌م باره‌یه‌دا سه‌رهه‌ڵده‌دات و تاك هه‌ست ده‌كات مافه‌كانی زه‌وت كراوه‌و په‌یوه‌ندی مرۆڤانه به ئاوه ژویی به‌رجه‌سته ئه‌كرێ و داڕووخانی ویژدانی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌های پێ‌نادرێت , مانای ژیانی لێ‌ون ده‌بێت و ڕوو له خۆكوشتن ده‌كات .
په‌راوێزه‌كان :
1_هه‌ندێك نه‌خۆشی و گرفتی ده‌رونی و كۆمه‌ڵایه‌تی , د. كه‌ریم شه‌ریف قه‌ره‌چه‌تانی ,چاپخانه‌ی زانكۆی سلاح ا‌لدین, هه‌ولێر 1999
2_ ژن ,پیاو و ئاكاری سێكسی له لانكه‌ی شارستانێتیهكاندا , ن.ویل دۆرانت .و/دڵشاد خۆش ناو ,له بڵاوكراوه‌كانی یه‌كێتی ژنانی كوردستان , سلێمانی 2009
3_هه‌ندێك نه‌خۆشی و گرفتی ده‌رونی و كۆمه‌ڵایه‌تی , سه‌رچاوه‌ی پێشوو
4_خود كوژی , محه‌مه‌د عزیز ڕه‌حیم , زانستی سه‌رده‌م ,ده‌زگاو چاپی په‌خشی سه‌رده‌م ,سلێمانی , 2005
5_تێگه‌یشتن و ڕێ گرتن له خۆكوشتن , ئاماده كردنی هارتلاند تهلابهنس,بۆ پێداویستی مافی مرۆیی , به هاوكاری كۆمه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵناسان و ده‌رونناسانی كوردستان ,سلێمانی ,2009
6_هه‌مان سه‌رچاوه
7_ئاین چییه؟ ن/عادل باخه‌وان , ده‌زگاو چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م ,سلێمانی ,2008
8_ هه‌مان سه‌رچاوه
9_دۆركهایم ,ن/لویس كۆزهر ,و/محه‌مه‌د قادر , بڵاوكراوه‌ی چوارچرا,2008
10_ ئاین چییه ؟ سه‌رچاوه‌ی پێشوو
11_ كۆمه‌ڵناسی گشتی, ن/مه‌نوچێهری موحسینی و/موصلیح ئیروانی , بڵاوكراوه‌ی موكریان , هه‌ولێر 2005
12_ ئاین چییه؟ سه‌رچاوه‌ی پێشوو
13_ئاین چییه ؟سه‌رچاوه‌ی پێشوو
14_وانه‌كانی د.عالیه فه‌ره‌ج ,زانكۆی سلێمانی , به‌شی كۆمه‌ڵناسی ,2007-2008
15_خود كوژی و تابلۆیه‌ك بۆ نیادنانی ئازار ,و/سامان كۆنه پۆشی ,گۆڤاری سه‌رده‌م ژماره 58 ,سلێمانی 2009
16_ دۆركهایم , لویس كۆزهر , سه‌رچاوه‌ی پێشوو
17_دۆركهایم ,لویس كۆزهر ,سه‌رچاوه‌ی پێشوو
18_خودكوژی و تابلۆیه‌ك بۆ بنیادنانی ئازار ,سه‌رچاوه‌ی پێشوو
19_بۆچوونی دۆركهایم له‌مه‌ڕ خۆ كوشتن ,گۆڤاری سایك ژماره 3 , 2006
20_نامۆیی نه‌ته‌وه‌یی ,ن/ هه‌ڵگورد به‌رزنجی, ساڵی 1998
21_بۆچوونی دۆركهایم له‌مه‌ڕ خۆكوشتن ,سه‌رچاوه‌ی پێشوو
22_ خۆكوشتن و تێرامانێكی سۆسیۆسایكۆلۆژی .ن/دانا مه‌لاحه‌سه‌ن ,گۆڤاری سۆسیۆلۆژیا, ژ/1 سلێمانی 2005
23_ خۆكوژی و تابلۆیه‌ك بۆ بنیادنانی ئازار , سه‌رچاوه‌ی پێشوو.