دیمانە لەگەڵ دوکتۆر بەختیار سەجادی
سازدانی: دوکتور مەسعوود بینەندە

زمانی کوردی، ئایدیۆلۆجی و ناخودئاگا:
چەند بیرۆکەیەکی تیۆریک و چەند نموونەیەکی پراکتیک سەردێڕی باسەکانی ئەم وتووێژە:
1 ـ زمان و جۆرەکانی لێکۆڵینەوە لە زمان
2 ـ فەلسەفەی زمان یان فەلسەفەی زمانناسانە؟
3 ـ لە ناو چوونی سەربەخۆیی وشە لە زمانی کوردیدا: نموونەیەکی پراکتیکی لە زمانناسیی مەعریفی
4 ـ دەربارەی پەرەسەندنی زمانی کوردی
5 ـ دەربارەی زمانی زانستیی کوردی
6 ـ لێکۆڵینەوە لە پێوەندیی نێوان زمان و ئایدیۆلۆجی: کێشە تیۆریکەکان
7 ـ زمانی کوردی و ئایدیۆلۆجی: تیۆرییەکان
8 ـ زمانی کوردی و ئایدیۆلۆجی: نموونەیەکی پراکتیکی
9 ـ قەیرانی شوناس چ پێوەندییەکی بە پێوەندیی نێوان زمان و ئایدیۆلۆجییەوە هەیە؟
10 ـ پێوەندیی زمان و ناخودئاگا: تیۆرییەکان
11 ـ پێوەندیی زمانی کوردی و ناخودئاگا: نموونەکان
مەسعوود بینەندە: تکایە سەرەتا لەسەر زمان و جۆرەکانی لێکۆڵینەوە لە زمان قسە بکەن؟
دوکتۆر بەختیار سەجادى: زۆربەی ئەو کەسانەی چ بە شێوەی زانستی و پسپۆرانە و یان بەهۆی ئارەزووی تاکەکەسیی خۆیانەوە لە زمان دەکۆڵنەوە زمان تەنیا وەک سینتاکس (رێزمان، بنەما، و رستەسازی)، سێمانتیکس (مانا‌ و واتاسازی) و فۆنۆلۆجی (دەنگناسی) رەچاو دەکەن‌، یان لەوانەیە بە کەڵک وەرگرتن لە بیرۆکە بنەماییخوازە‌کان (structuralist) ، زمان وەکوو سیستەمێک لە نیشانەکان تەماشا بکە‌ن بۆ سازبوونی پێوەندی. دیارە ئەنجامدانی ئەم کارانە پێویستە و ئەبێ ئێمە‌ خاوەنی چەندین و چەندان بەرهەم بین لەم بوارانەدا. بەڵام من هەر لە سەرەتاوە تاکوو ئێستاش، سەرەڕای خوێندنی ئەو دەرسانە بە شێوەیەکی ئاکادێمیک، لەو بەستێنانەدا کارم نەکردووە و بەڵکوو گر‌نگیم داوەتە هەندێ لقوپۆپی تری پێوەندیدار بە زمانەوە. دوو هۆی سەرەکیشم بۆ کار نەکردن لەو ئاقارانەی سەرەوە‌دا هەبووە: هۆی یەکەم ئەوە بووە کە کارکردن لەم ئاقارانەدا بە جۆرێک بۆتە پارادایمی زاڵی خوێندنەوە زمانەوانیەکان لای ئێمە. زۆرن ئەو کەسانەی خەریکی کارکردنن لەسەر ئەو بابەتانەی سەرەوە‌ چ لەم دیو و چ لە زۆرێک لە نامەکانی ماستێر و دوکتۆرای بەشی کوردیی زانکۆکانی باشوور و تا رادەیەکیش لێرە بەتایبەت لە تێزەکانی ماستێر و دوکتۆرای بەشی زمانناسیی زانکۆکانی ئێران، واتە، لێکۆڵینەوە لە رێزمان و واتاسازی و دەنگناسی لە زمانی کوردیدا بە مەبەستی تێگەیشتن و پۆلێنکاریی تایبەتمەندییەکانی زاراوە و بنزاراوە و شێوەزارە‌ جیاجیاکانی زمانی کوردی. هۆی دووەم ئەوەیە کە کەمتر لێکۆڵینەوەیەکمان بە زمانی کوردی لە بەردەست دایە کە دەربارەی، بۆ نموونە، فەلسەفەی زمان بێ، یان بە شێوەیەکی تیۆریک و بە پاڵپشتی بۆچوونە رەخنەییەکان (critical approaches ) هەوڵی دابێ لە زمانناسیی کۆمەڵایەتی، یان زمانناسیی دەروونی، یان زمانناسیی مەعریفی کەڵکی وەرگرتبێ. ژمارەی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەم ئاقارانەدا هاتوونەتە بەرهەم و هەوڵی دەستەبەر کردنی روانگەیەکی تیۆریکیان دابێ دەربارەی زمانی کوردی، زۆر کەمن. مەسعوود بینەندە: ئایا فەلسفەی زمان و فەلسەفەی زمانناسانە جیاوازن؟ دوکتۆر بەختیار سەجادى: فەلسەفەی زمان (philosophy of language) لە فەلسەفەی زمانناسانە (linguistic philosophy) بە تەواوی جیاوازە. لێرەدا ماوەی ئەوەمان نیە باس لەم جیاوازییانە بکەین و سەرچاوە لەم بارەیەوە زۆرن بەتایبەت بە زمانی ئینگلیسی. ئێمە ئێستا لە زمانی کوردیدا زیاتر خەریکین بە جۆرێک لە ئاقاری فەلسەفەی زماندا کار دەکەین و لە راستیدا زۆر بەدەگمەن توانراوە لە بەستێنی فەلسەفەی زمانناسانەدا دەقێک بە کوردی بێتە بەرهەم. دەشکرێ لەو لێکۆڵینەوانەی دەربارەی زمانناسیی کۆمەڵایەتی، یان زمانناسیی دەروونی بە کوردی بە ئەنجام گەیشتوون باس لە هاتنە ئارای جۆرێک لە فەلسەفەی زمان بکەین، هەرچەند وەک دەزانرێ بە راستی ژمارەی کارەکان لەم ئاقارەشدا زۆر کەمە. نەبوونی فەلسەفەی زمانناسانە لە ‌دەقە کوردییەکاندا پێوەندیی راستەوخۆی هەیە بەو قسە دووبارەییەی کە بۆچی کورد نەیتوانیوە بە زمانی کوردی فەلسەفە و سیستەمی فەلسەفی بەرهەم بهێنێ. من پێم وایە پێویستە‌ سەرەتا بە لێکۆڵینەوە لە فەلسەفەی زمانەوە دەست بکەین و ئەم رێگایە دەتوانێ لە ئاکامدا بمان گەیێنێتە باسکردن یان بەرهەمهێنانی جۆرێک لە فەلسەفەی زمانناسانە. بە واتایەکی تر، کارکردن لە ئاقاری فەلسەفەی زماندا و لە بەستێنی زمانی کوریدا لە ئەنجامدا دەتوانێ جۆرێک فەلسەفەی زمانناسانەمان بۆ بەرهەم بهێنێ و ئەم فەلسەفەیەش (مەبەست فەلسەفەی زمانناسانەیە) دەتوانێ بۆخۆی دەوری سیستەمێکی فەلسەفیی تایبەت و سەربەخۆ بگێڕێ. کارکردن لە ئاقاری فەلسەفەی زماندا پێویستی بە سەرنجدان هەیە بە لقە پسپۆرانەییەکانی تری زمانناسی وەک زمانناسیی کۆمەڵایەتی (sociolinguistics)، زمانناسیی دەروونی (psycholinguistics)، و بەتایبەت زمانناسیی مەعریفی (epistemolinguistics). زمانناسیی مەعریفی لە تیۆریی ئەدەبی و فەرهەنگی و رەخنەگرانەی هاوچەرخدا یەکێکە لە باسە فرەپاتەکان‌. رەنگە یەکەم کەس کە بە شێوەیەکی پسپۆڕانە لەم پرسەی کۆڵیبێتەوە فیلسووفی فەرەنسی “ئێتیەن بۆنۆ کۆندیاک” بێ. کۆندیاک لە ساڵی 1746دا کتیبێکی بڵاو کردەوە بەناوی وتارێک دەربارەی سەرچاوەکانی زانیاریی مرۆڤ. ئەم بەرهەمە بەپێزە هەر لەو سەدەیەدا خێرا پاش چەند ساڵ کرا بە ئینگلیسی. کۆندیاک هاوشان لەگەڵ “بێرکێلی” یەکەم بیرمەند بوون باس لە پرسی مەعریفی ـ زمانناسانە بکەن (Epistemolinguistic Question)، واتە، پێوەندیی نێوان زمان و پێشکەوتنی دەروونیی تاکەکەس، یان ئەوەی کە نیشانە زمانناسانەکان چ دەورێکیان هەیە لە چەمکاندنی ئیدەکان. دیارە لێرەدا ‘ئیدە’‌ زاراوەیەکە لە سیستەمی فەلسەفی جان لاک-ەوە وەریان گرتبوو و هەر ئەمەش باشترین بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە ئەم باسانە سەرەتا لە فەلسەفەی شیکارانەی ئەنگلۆساکسۆندا بایەخیان دراوەتێ. لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا، هەوڵەکانی چەند مەنتیقزان و فیلسووفێکی ئەڵمانى و بریتانیایی وەک: ” گۆتلۆب فرێگێ و بێرتراند راسێل” دەربارەی زمان و تایبەتمەندییەکانی ئەم بازنەیەی کامڵتر کرد. بەڵام لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە، جۆریک لە گۆڕانکاریی مێتۆدۆلۆژیک دەبینین لەم ئاقارەدا، جۆرێک لە وەرچەرخان، ئەمجارەیان لە فەلسەفەی شیکارانەوە بەرەو نەریتی فەلسەفیی ئیدیالیزمی ئەڵمانى و بەتایبەت گرنگیدانی زیاتر بە هێگێل. لێرەدا درەو‌شاوەترین ناو و کاریگەرترینیان ژاک لاکان-ە. لاکان بە خوێندنەوەی زمانناسیی بنەماییگەرایانەوە توانی گوڕوتینێکی زۆر ببەخشێتە دەروونشیکاری. ئەو بە تیکەڵکردنی رو‌انگەکانی فرۆید بۆ راڤەکاریی خەونەکان و تیۆرییەکانی زمانناسی گەورەی بنەماییخوازی رووسی، رۆمەن یاکوبسن، و پاشان بە پاڵپشتی فەلسەفەی هێگێل و بیرۆکە هێگێلییەکان دەربارەی ئەویدیکەیی (otherness) و خود-هۆشیاری (self-consciousness) توانی تیۆرییەکی گشتگیر و دنیاداگر دەربارەی پێوەندیی نێوان زمان و ناخودئاگا، پێوندیی نێوان زمان و ناسنامە و چۆنیەتی لێکۆڵینەوە لە شوناسی مرۆیی بەپێی زمانەکەی بخاتە‌ روو. گرنگایەتیی ئەو باسانەی سەرەوە کاتێ زیاتر بۆمان دەردەکەوێ کە ئاوڕێک لە پێوندیی نێوان زمانی کوردی و چەند پرسێکی گرنگ بدەینەوە و هەندێ باس وەکوو ئەمانەی خوارەوە بهێنینە ئاراوە: زمانی کوردی و نووسین یان وەرگێڕانی دەقی فەلسەفی و تیۆریک زمانی کوردی و پرسی دەرهەستکاری/بەرهەستکاری لەم زمانەدا زمانی کوردی و بەلاغیبوون زمانی کوردی و سروشتی بوون زمانی کوردی و بیرکاریی ئاسایی زمانی کوردی و ناڕاستەوخۆیەتی زمانی کوردی و شێوازگەلی ئارکەیک، رۆژنامەنووسانە، بازرگانیانە زمانی کوردی لە ئامێرە دیجیتاڵەکاندا وەک تەلەڤیزیۆن و کۆمپیۆتێر و مۆبایل زمانی زانستیی کوردی کێشەی لەحن لە زمانی کوردیدا پرسی زەینیبوون و بابەتێتی لە زمانیی زانستیی کوردیدا دیارە ئەم باسانە دەمانباتە نێو هەندێ باسی تر وەک کێشەی ساکارسازی و گشتیکردنەوە لە زمانی کوردیدا، وەک کێشەی پەراوێزسازی و رابردووخوازی لە زمانی کوردیدا، وەک مەسەلەی ئایدیۆلۆجیک بوونی هەندێ شێواز و وشە و دەستەواژە لە زمانی کوردیدا کە هەرکام لەم باسانە بۆ خۆیان بابەتی یەک سێمیناری جیان. دیارە من لێرەدا تەنیا سەردێڕی باسەکانم درکاند و ‌ بۆ خۆیشم خەریکم هەڵەی زۆر نووسەری کورد و فارس دووبارە دەکەمەوە کە بە تەنیا ناوبردن لە کێشەکان پێیان وایە چارەسەریشیان کردووە. ئەوان بەداخەوە هەر تەنیا سەردێڕی هەواڵەکان دەڵێنەوە و ئیدی ئاگاداری ناوەڕۆکی هەواڵەکە نین و ئەمەش وا خەریکە دەبێتە جۆرێ پارادایمی رۆشنبیریی زاڵ لای ئێمە. بۆ نموونە، لە زۆر نووسینی کوردیدا چاوم بە مەسەلەی پێوەندیی نێوان زمان و ئایدیۆلۆجی کەوتووە کە نووسەرەکە تەنیا و تەنیا بە شێوەیەکی زۆر سادە و رووکەشیانە و بەبێ رەچاوکردنی یەکەم بنەواشەکانی نووسینێکی زانستی و بەبێ لێکۆڵینەوە لە پێناسە جیاجیاکانی ئایدیۆلۆجی و بەبێ سەرنجدان بە لێکۆڵینەوە تیۆریکەکان لەم ئاقارەدا و بەبێ خوێندنەوەی سەرچاوە یەکەم و سەرەکییەکان لەم بوارەدا باسی لەو پێوەندییە کردووە، واتە ئاماژە دان بە کێشەکە بەبێ لێکۆڵینەوە لە کێشەکە، یان دووبارە کردنەوەی هەندێ قسە و وتە وەکوو حوکمێک بەبێ شیکردنەوەیان.‌ لەبەر ئەوەی منیش ئەو هەڵەیە دووبارە نەکەمەوە دەتوانم لێرەدا تەنیا یەک نموونە یەک تۆز بە وردی باس بکەم کە ئەویش سڕینەوەی تاکایەتی و سەربەخۆییە لە وشەکان‌ لە هەندێ شێوازی نڤیساریی زمانی کوردیدا.
مەسعوود بینەندە: جەنابتان لە هەندێ وتاردا باسی لە‌ناو چوونی سەربەخۆیی وشەتان کردووە لە زمانی کوردیدا، تکایە لەو بوارەوە باس بکەن؟
دوکتۆر بەختیار سەجادى: ئەم کارە جۆرێکە لە بەکارهێنانی بۆچوونی زمانناسیی مەعریفی بۆ شیکاریی ناسنامەی ئەو سووژەیەی بەو زمانە قسە ئەکات. ئەمەش ئەو لقە زانستییەیە کە باس لە پێوەندیی نێوان زمان و جۆری مەعریفەی بەرهەمهێنراو لەو زمانە دەکات، یان هەندێ بیرۆکەی مەعریفیی تازە دەربارەی ئەو زمانە بەرهەم دەهێنێ کە پشتیان بە هەمان مۆرک و تایبەتمەندییەکانی زمانەوە بەستووە. لێرەدا هەوڵ دەدەم بە کورتی باس لەم نموونەیە بکەم: لە هەندێ شێوازی نڤیساریی زمانی کوردیدا زۆر جار سەربەخۆیی و مۆرکی تاقانەی وشەکان لە‌ناو دەچێ. ئەگەر بمەوێ نموونەیەکی هەرە سادەتان بۆ باس کەم، دەبێ بە شێوەیەکی وردەکارانە تەماشای چۆنیەتیی نووسینی ‘ئەم و ئەو’ بکەین لە کوردیدا بە بەراورد لەگەڵ زمانەکانی تردا: لە فارسیدا: این و آن لە ئینگلیسیدا : this and that لە فەرەنسیدا: cette et cela لە عەرەبیدا: هذە و تلک بەڵام لە کوردیدا رۆژنامەنووسەکانمان دەنووسن: ‘ئەم‌و ئەو’ یان ‘ئەموئەو’ لە جیاتی ‘ئەم و ئەو’. گەر سەرنجی ورد بدەین، ئەم دەستەواژەیە لە هەموو ئەو زمانانەی سەرەوە لە سێ وشە پێکهاتووە کەچی لە کوردیدا بووە بە دوو وشە، یان تەنانەت هەندێ جار یەک وشە. واتە لێرەدا ئێمە سەربەخۆیی وشەی ‘و’مان زەوتکردووە کە بۆ خۆی ئامرازی پێوەندییە و یەک وشەی سەربەخۆیە. تەنانەت هەندێ جار دەبینین کە بەم شێوەیە دەینووسن: ئەموئەو! هەمان ئەم شێوە نووسینە لە چەند نموونەیەکی تردا دەبینین، وەک نموونە دەنووسرێ ‘ماڵێکیتر’ لە جیاتی ‘ماڵێکی تر’. هەمان ئەم رەوشە لە نووسینی کرداری ‘دا’ دا دەبیندرێ: ‘من کتێبەکەم بە تۆدا’ لە جیاتی ‘من کتێبەکەم بە تۆ دا’. بەڵام کێشەکە بەم ساکارییەی سەرەوە نیە و زۆر قووڵترە لەوەی بیری لێدەکەینەوە: ئایا ئەم لەناو بردنی سەربەخۆییە لە وشەدا‌ ناگەڕێتەوە بۆ لەناو چوونی سەربەخۆیی لە زەینیەت و ناخودئاگامی ئێمەدا؟ لێرەدا با لەوە گەڕێین کامیان هۆکار و کامیان هۆکردن و با تەنیا تۆزێ سەرنج بدەینە پێوەندیی نێوانیان، ئەو پێوەندییەی ئێمە بە هیچ شێوەیەک ئاوڕمان لێ نەداوەتەوە. ئایا ئەمە ناگەڕێتەوە بۆ لەناو چوونی تاکایەتی لە سیستەمی فەرهەنگیی ئێمەدا؟ ئایا ئەو سیستەمە فەرهەنگییەی تاکایەتی بەرهەم نەهێناوە لە رێنووسەکەشیدا بەر بە تاکایەتی ناگرێ؟ ئایا ئەم شێوە نووسینە، بەرهەمهێنانەوەی یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی زەینیەتی سووژەی کوردی نیە کە بریتییە لە نەبوونی تاکایەتی؟ رۆژنامەنووسێکی فەقیر کەلە نووسینگەی رۆژنامەیەک یان کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنیدا دانیشتووە و خەریکی کاری رۆژانەیەتی، ئەم کارە بە بیرکردنەوە و تێڕامانەوە ئەنجام نادات، بەڵکوو ئەم دیاردەیە بە شێوەی ناخودئاگا لە دەقەکە‌دا دەردەکەوێ. بۆ ئێمەمانانیش بندێڕەکان لە دێڕەکان گرنگترن، یان ئەو شتانەی کە دەقە نایەوێ بیڵێ گرنگترە لەو شتانەی بە ئاشکرایی دەریخستوون. واتە، لە رێگەی لێکۆڵینەوە لە خودی زمانەکەوە دەتوانین لە ناسنامە و جۆری سابجێکتیڤیتیی سووژەکە تێبگەین. لە لایەکی ترەوە، کە لە جیاتی ‘ئەم و ئەو’ دەنووسین ‘ئەم‌و ئەو’ یان ‘ئەمو ئەو’ یان ‘ئەموئەو’، ئەمە فەرزکردنی زمانی ئاخافتنە بە سەر زمانی نووسیندا. بە واتایەکی تر، لێرەدا ئەمە گرنگ نیە کە سنووری نێوان ئەم دوو جۆرە زمانە تێکشکاوە، بەڵکوو گرنگ ئەوەیە کە ئەمە زمانی ئاخافتنە کە بە سەر زمانی نووسیندا زاڵ بووە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە شتەکان لای ئێمە رێک پێچەوانە بوونەتەوە: لە جیاتی ئەوەی ئێمە خاوەنی زمانێکی زانستیی نووسراو و یەکگرتوو و پاراو بین و لەم زمانە کەڵک وەربگرین بۆ رێکوپێک کردنی زمانی بەڵگاندنەکانمان و سەر و سامان بەخشین بە جۆری مشتومڕە زارەکییە سیاسی و ئایینی و فەرهەنگییەکانمان و بردنە سەری ئاستی ئەو مشتومڕانە لە باری کەلامی و زانستییەوە، رەوتەکە یەکسەر پێچەوانە بۆتەوە و نەک هەر ئەو کارەمان نەکردووە، بەڵکو زمانی نووسینەکەشمان رێک لەسەر و بەپێی بنەمای زمانی ئاخافتنەکەمان داڕشتووە و تایپ کردووە کە شێوازێکی ناعەقڵانی و نازانستیی زمانە‌. بێجگە لەمانەش، ئەوانەی ئاگاداری بیرۆکەکانی قوتابخانەی پاش بنەماییخوازیی دێریدان، دەزانن کە یەکێک لە دەرئەنجامە هەرە گرنگەکانی ئەو تیۆرییە دنیاداگر و سەردەمسازە ئەوە بوو کە ئەوەی خستە روو کە فەرهەنگی رۆژئاوایی لە رابردوودا بەردەوام گوتە و ئاخافتنی فەرز کردووە بەسەر نووسیندا‌ و ئەمەش یەکێک بووە‌ لە هۆکارەکانی پەرەنەسەندنی ئەو شارستانیەتە بۆ ماوەیەکی زۆری یەک هەزار و پێنجسەد ساڵە. باشترین نموونەی بایەخ دان بە ئاخافتن لەچاو نووسیندا شێوە بۆچوونی سوقرات و مەسیح بوو کە گرنگییان دەدایە ئاخافتن نەک نووسین. ئەمە ئەفلاتوون بوو قسەکانی سوقراتی نووسی‌ و هەمان کار ئەو چوار حەوارییە ناسراوە بۆ مەسیح کردیان. گەر دێریدا دەربارەی فەرهەنگ و شارستانێتی رۆژئاوا وا دەڵێ، کەواتە ئێمەی کورد دەربارەی فەرهەنگ و شارستانێتی خۆمان بڵێین چی کە هاتووین و زمانی نووسینەکەشمان هەر بەپێی شێوەی ئاخافتنەکەمان نووسیوەتەوە؟ هەر بە هەمان شێوە با نموونەیەکی تر بهێنینەوە: تاکوو ئێستا نەمانبینیوە لە رۆژنامە یان کتێبێکی ئینگلیسیدا لەبەر کەمیی مەودا دوو وشە پێکەوە بلکێندرێن ‌و گەر وشەیەک بکەوێتە کۆتایی دێڕەکەوە و مەوداکەش کەم بێ، ئەوا وەکوو یاسایەکی رێنووسیانە لە هێڵێک بەناوی ‘هایفێن’‌ کەڵک وەردەگیردرێ و درێژەی وشە دەکەوێتە دێڕی دواییەوە. لە چاپەمەنیە کوردییەکاندا و بەتایبەت لە رۆژنامەکاندا، گەر حاڵەتی وا رووبدات، یان دوو وشەکە پێکەوە دەلکێندرێن یان مەودایەکی زۆر بە سپەیس لە نێوان وشەکاندا دروست دەکەن بۆ وەی سەرجەمی وشەی دووەم بکەوێتە دیڕی دواییەوە. هەموو ئەم فڕوفێڵانەش لەبەر ئەوەیە کە چوارچێوەی گشتیی ئەو ستوونە یان ئەو چوارگۆشەیەی بابەتەکەی تێدا دانراوە تێک نەچێ. ئایا ئەمە نموونەی قوربانی کردنی تاک نیە لە بەرامبەر کۆدا؟ ئایا ئەمە لەناو بردنی پاژ نیە لە بەرامبەر گشتدا؟ لێرەدا تاکەکە هەمان وشەکەیە و کۆکە کۆی ئەو چوارگۆشەیەیە کە کۆی بابەتەکەی تێدا دانراوە. ئایا ئەمە ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سابجێکتیڤیتییە پێکەێنەرەکانی ناسنامەی ئێمە بەردەوام تاکیان لەبەردەم کۆدا قوربانی کردووە؟ لە ئەلفوبێی لاتینیدا هەر پیتە و سەربەخۆیە و هەربۆیەش گرافیستەکان دەتوانن گەلەک نوێکاری و دیزانی تازە لە وشەکان دروست بکەن، بۆ نموونە،‌ کۆمەڵێ باڕ لە بریتانیا هەن بە ناوی amBer rooms. گەر سەرنج بدەین تێدەگەین کە لەم لۆگۆیەدا‌ پیتی B بە کاپیتال نووسراوە کەچی پیتەکانی تر بە بچوک، ئەم تایبەتمەندییە لە زماندا دەستی نەخشەسازەکان ئاوەڵا دەکات لە پێناو نوێکاریی لۆگی تازە بۆ مارکە بازرگانیەکان و ئەو لۆگەیەی سەرەوە بۆتە مارکی بازارگانیی ئەو باڕانە. گەر بمەوێ لە ئێران‌ نموونەیەک بهێنمەوە، رەنگە یەکەم جار بە شێوەیەکی بەربڵاو ئەم کارە لە لۆگۆی رۆژنامەی همشهری دا کرا. گەر ئێوە لۆگۆی رۆژنامەی هەمشەهری بهێننە بەر چاو، تێدەگەن کە رەنگە بۆ یەکەم جار بووبێ ئێرانیەکان بە زەقی سەرنجیان بۆ لای سەربەخۆیی پیتەکان راکێشرابێ، چونکە لەم لۆگۆیەدا چەند هێڵێکی ئەستوونی پیتەکانی وشەی همشهری لێکدی جیا دەکەنەوە. لەم ساتەوەختە دایە کە نەک هەر وشەکان، بەڵکوو پیتەکانیش دەبنە خاوەنی سەربەخۆیی و تاکایەتی و هەر کامەیان دەبنە خاوەنی شکڵ و سیمایەکی سەربەخۆ. رەنگە بڵێین ئەمانەی سەرەوە هەموویان پێوەندییان بە رێنووس و شێوەی نووسینی پیت و وشەکانەوەیە و خودی زمانەکە وا نیە، یان ئەمە پێوەندی بە هونەری دیزاین و نەخشەسازی و داڕشتنی لاپەڕەکانەوە هەیە نەک بە خودی زمانەکەوە، کەواتە،‌ لێرەدا دەبێ نموونەیەکی تری لەناوچوونی سەربەخۆیی وشە‌ ئەم جارەیان لە زمانی کوردیدا بهێنمەوە: لە زمانی کوردیدا کۆمەڵێک وشە و زاراوە هەن کە بە پەیڕەوی لە یەکێک لە رێساکانی دووپاتەسازی (reduplication) دروست دەکرێن. راستە کە ئەم جۆرە زاراوانە لە زمانێکی وەک فارسیشدا هەن (وەک پنجرە منجرە)، بەڵام ئەم رێسایە لە کوردیدا زیاتر لە رێگەی پێکەوە نووسانی دوو وشەی سەربەخۆوە ساز دەکرێ. ئەم زاراوانە لە کوردیدا زۆرن و من بەشێکی زۆرم لێ کۆ کردوونەتەوە کە زیاتر لە سێسەد دانەن، وەک: کاروبار، شاخ‌وداخ، حاڵ‌وماڵ، جاروبار، ئاو‌‌وتاو، دەموچاو، هاتوهاوار، قین‌وقڕە، تاکوتەرا، پاروپێرار، ماڵ ومناڵ، سەروبەر، گیروگرفت، تەنگ و چەڵەمە، کۆسپ و تەگەرە، کەلوپەل، شتومەک، قاتوقڕ، خاک وخۆڵ، هەراوهوریا، لێرەولەوێ، ئانوسات، کاتوسات، رێکوپێک، خەستوخۆڵ، تارومار، خواروخێچ، گێل‌ووێل، گێل‌وگەوج، پان‌وپۆڕ، لارولوێر، سوروسوێر، سپیاوسووراو، ئاخوداخ، لەنجەولار، فیکوفاک، پلەوپایە، جێگەوپێگە، و هتد. گەر تۆزێک لەم دەستەواژانە بکۆڵینەوە، بەم دەرئەنجامانەی خوارەوە دەگەیین: 1 ـ ئەم زاراوانە هەندێکیان ناوەدەنگن (onomatopoeia)کە ژمارەی یەکجار زۆری ئەم جۆرە وشانە لە زمانی کوردیدا نیشاندەری سروشتیبوون و پێشمودێرن بوونی ئەم زمانەیە (ئەمەش بۆخۆی سەردێڕی باسێکی ترە کە ئێستا ئاماژەی بۆ ناکەم). 2 ـ لەم وشانەوە هەندێ وشەی تریش دروست بوونە کە ئەم خاڵە ئەوە دەگەیەنێ کە ئەم رێسا و تایبەتمەندییە لە برەوپێداندا بووە و ئەگەرچی لە دەوڵەمەندتر کردنی زمانی کوردی لە رووی ژمارەی وشەکانەوە سوودبەخش بووە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا رێگر بووە لەبەردەم بە تایبەت کردنەوە و بەتاک کردنەوە و لە ئەنجامدا بە زانستی کردنەوەی زمانی کوردی، واتە، بۆ نموونە، ماڵ و مناڵ نەک ماڵە و نەک مناڵ بەڵام واتایەکی گشتیتری هەیە، هەر بە هەمان شێوەش، سەروسامان نەک سەرە و نەک سامان و لێرەدا تاکایەتی و تایبەتمەندێتی تاک لە هەر دوو وشەکە سەندراوەتەوە و یەک یەکەی مانایی تازە دروست کراوە کە یەکەیەکی مانایی گشتییە. 3 ـ زۆربەی ئەم وشانە ناون و ئەم خاڵەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە تەنانەت هەندێ ناو لە زمانی کوردیدا گشتین و لە دوو وشەی ترەوە دروستبوونە. باشترین نموونە لێرەدا‌ ‘دەموچاو’-ه کە نەک دەمە و نەک چاو بەڵکوو بە مانای‌ ‘چهرە’ یان ‘روخسار’ بە کار ئەبرێت‌. 4 ـ هەرچەند بەشێکیان ئاوەڵکردارن بەڵام بۆ ورد روانین لە چۆنیەتیی کردارێک دیسانەوە لە کۆمەڵێ وشەی گشتی کەڵک وەر‌گیراوە. 5 ـ ئەمڕۆکە ئەم وشانە پێکەوە دەنووسرێن، وەک ئەوەی لە جیاتی ماڵ و حاڵ دەنووسرێ ماڵوحاڵ. 6 ـ راستە هەندێکیان یان لە بنەڕەتدا فارسین و یان لە فارسیشدا بە کار ئەهێنرێن، بەڵام رێژەی بەکارهێنانیان لە کوردیدا یەکجار زۆرترە لە فارسی. 7 ـ ئەم وشانە دوو دەستەن: یان هەردوو وشەکە مانادارن یان تەنیا یەکێکیان مانای هەیە. دەستەی یەکەم وەک: دەوروپشت، دەستەی دووەم وەک: فڕوفێڵ. 8 ـ لە ئەدەبی کلاسیکی کوردیدا و بە تایبەت لە کلاسیزمی کرمانجیی ناوەڕاستدا رادەی بەکارهێنانی ئەو وشانە کەمترە‌، کەچی لە فۆلکلۆری کوردیدا و لە ئەدەبی کلاسیکی گۆرانیدا زۆرن. 9 ـ کاتێ زیاتر دەوری ئەم وشانەمان بۆ دەردەکەوێ کە بزانین ژمارەیان زیاتر لە 300 دانەیە و هەر هەمووشیان بە گوێی خەڵک ئاشنان و رۆژانە و بە لێشاو‌ لەلایەن هەموو کەسێکەوە و لە هەموو کەناڵە بینراو و بیستراو و ئینتێرنێتییەکانیشدا بەکار دەهێنرێن. پاش ئەو دەرئەنجام گیرییانەی‌ سەرەوە، ئێستا دەبێ باسوخواسیان لەسەر بکەین: ئایا ژمارەی یەکجار زۆری ئەم وشانە لە زمانی کوردیدا و ریژەی زۆری بەکارهێنانیان دیسانەوە جارێکی تر سەلمێنەری ئەو راستییە نین کە زمانی کوردی بەر بە تاکایەتیی وشەکان دەگرێ؟ کە دەڵێین شاخوداخ، ئەوا لە جیاتی دوو وشە یان دوو چەمک یان دوو وێنە تەنیا یەک چەمکمان بۆ سازبووە و ئەم چەمکە تازەیەش‌ نەک شاخە و نەک داخ و تەنیا شاخوداخە. لێرەدا وشەی دووەم واتە داخ بە تەواوەتی ماناکەی خۆی لێرەدا لە دەست داوە. هەر بە هەمان شێوە کە دەڵێین شتومەک ئەمە وشە ‌دوانیەکەیە کە‌ لە جێگەی یەک وشەدا دانیشتووە و گەر لێکیان جودا بکەینەوە، هیچکامیان مانای وشەکەیان نیە. واتە قوربانی کردنی دوو وشەی سەربەخۆ بە مەبەستی سازکردنی یەک وشە، هەرچەندە وشەی دووەم واتە ‘مەک’ خاوەن مانا نیە. مەک پاشگریش نیە کە بتوانین یاسایەکی بۆ بدۆزینەوە. ئایا ئەمە جۆرێک نیە لە گشتی کردنەوەیەکی ناڕێسامەند؟ واتە جۆرێک نیە لە بە ‌یەک یەکەی مانایی دانانی دوو یەکەی مانایی سەربەخۆ؟ ئێمە رۆژانە خەریکی بەکارهێنانی ئەو جۆرە وشانەین بەبێ ئەوەی بزانین کە ئەم وشانە زەینیەتی گشتیسازانەمان بۆ بەرهەم دەهێننەوە، بەبێ ئەوەی بزانین ئەم وشانە بەر بە تایبەتی بوون دەگرن. دیارە تایبەتی بوون و پاژنواڕین یەکەم پێشمەرجی نیگای فەلسەفییە کەچی ئەم وشانە رەهەندێکی تەواو گشتی و بەتاڵ لە تایبەتی بوون دەدەنە دەقە کوردییەکان. لەبە کار هێنانی ئەم جۆرە وشانەدا لە دەقێکی زانستیدا بەبێ ئەوەی بزانین یەکەم مەرجی نووسینی زانستی یان فەلسەفیمان رەچاو نەکردووە کە ئەویش ‘دەقیق’ بوونە. لێرەدا با نموونەیەکی تر لە هەمان بابەت، واتە لە پرسی لەناو چوونی سەربەخۆیی وشەکان، بهێنمەوە: من ناوم بەختیار سەجادی ـ یە نەک بەختیاری سەجادی. واتە، لە کاتێکدا هەموان خاوەنی ناوێکی بچووکی سەربەخۆ و ناوێکی خێزانیی سەربەخۆن، لە نووسینی کوردیدا ‘ی’ دەلکێندرێ بە ناوی بچووکی منەوە و بەختیارەکە دەبێتە بەختیاری! هەڵبەت ئەمە لە ئاخافتنی فارسیشدا هەر وایە، بەڵام لە فارسیدا نانووسرێ و هەر تەنیا دەبێژرێ. لەوانەیە خێرا بپرسین کە لەناو کوردانی باشووردا کە ناوی کەسەکان سولاسین ئەم تایبەتمەندییە نابیندرێ. واتە، بۆ نموونە، ئەوان دەڵێن و دەنووسن ‘ئەحمەد مەحەمەد ئیبراهیم.’ بەڵام، با لە بیرمان نەچێ کە هەر لە باشووردا و بەتایبەت لە کۆمەڵگا بچووکەکاندا و یان لەناو بازاڕدا دیسناەوە هەر ئەم خەسڵەتە دەبینین وەک چۆن دەڵین خولەی بەقاڵ، یان کاک ئەحمەدی شێخ، یان سەعەی چاولار. لێرەدا با هۆکاری ئەم مەسەلەیە تۆزێ روون بکەمەوە: زمانی کوردی گەرچی وەک زۆر زمانی تر بەرهەمی کۆمەڵگایەکی پێش مۆدێڕنە، بەڵام ئێستاش هەر تا رادەیەکی زۆر لەو قۆناغەدا ماوەتەوە. لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا بە حوکمی ئەوەی شارەکان زۆر بچووکن یان زۆربەی خەڵکەکە لە گوندان دەژین هەموومان یەکتر دەناسن. واتە لە گونددا لەوانەیە بە من بڵێم بەختیاری کوڕی سەید ئەمینی کوڕی سەید بەها، واتە ئەو بەختیارەی ناوی مەعریفەیە و کەواتە دەیناسین. ئەم شێوە باوەی ناولێنان ئێستاش لە گوندەکانی کوردستاندا هەر ماوە وەک چۆن ئەڵێن کەماڵی سەرتاس، حەمەی ئاغا، ساڵحی دەورێش کەریم. ئەمە ئەندێشەیەکی زۆر ساکارە گەر وا بزانین ئەم زیادکردنە تەنیا ‘ی’ ئیزافەیە، زیادکردنی ‘ی’ بەو ناوانە بۆ ئاماژە دانە بەو ئاوەڵناوەی کەسەکەی پێدەناسرێتەوە، واتە دانانی دەلالەتی مەعریفە لەسەر ئەو ناوە، واتە هەم بێژەر و هەم بیسەرەکە‌ کەسەکە دەناسن. بەڵام دەزانین کە ئەمڕۆژە لە شارە گەورەکانی کوردستاندا کەسەکان هەموان ناناسن‌. ئەم جۆرە زەینیەتە وا لە سووژەی کوردی دەکات گەر تەنانەت بیست ساڵیش‌‌ لە ئەورووپا بژی لە وێبلاگەکەیدا و لە نووسینەکانیدا لە‌بری ئەوەی، بۆ نموونە، بنووسێ ‘ئەحمەد محەمەدی’ دەنووسێ ‘ئەحمەدی محەمەدی’. ئەمە لەلایەکی ترەوە دیسانەوە زاڵکردنی ئاخافتنە بەسەر نووسیندا کە لە سەرەوە دەرئەنجامە نەرێنیەکانم باس کرد. ئەمەش جگە ‌لەوەی سەربەخۆیی وشەکە لە ناوچووە چونکە پیتێکی خراوەتە سەر کە هیچ پێوەندییەکی بە ناوەکەوە وەکوو وشەیەکی سەربەخۆ نیە، ئەمەش جگە لەوەی هەر لەم رێگەیەوە هەو‌ڵ دەدرێ وشەکانیش بلکێندڕین بە یەکەوە. هەر ئەم بابەتە پێچەوانەکەشی راستە، واتە تەنانەت ئێستاش زۆر نووسەری کورد ‘ی’ زیادە ناخانە سەر ناوەکە، بۆیە کاتێ دەنووسن ‘رۆژنامەنووسی ئازاد’ ئێمە نازانین مەبەستیان پیشەی رۆژنامەنووسیی ئازادە یان ئەو کەسەی کە رۆژنامەنووسێکی ئازادە‌، واتە، یەکەمین کار و مەبەستی نووسین کە تێگەیشتنە لێی، لێمان زەوت دکرێ.‌ ئەو نموونانە تێکەڵی و پێکەڵی رەوتی سەرهەڵدان و گەشەکردنی فیکریی ئێمە دەردەخات کە من ناوی دەنێمە گەشەکردنی ناکامڵی ناهاوسەنگی ئاڵۆز. دیسانەوە هەر دەربارەی بەر بە تاکایەتی گرتن لە نووسینی کوردیدا بڕوانە بۆ شێوەی‌ بەکارهێنانی کاما لە کوردیدا کە وەک دەبینین سەربەخۆیی وشە دەخاتە مەترسییەوە: لە ئینگلیسیدا دەنووسن: My car، house، and family لە کوردیدا: سەیارەکەو، خانووەکەو، خانەوادەکەم لێرەدا وشەی خانوو کە سەربەخۆیە و یەک یەکەیە‌ و ئەبێ لە نێوان دوو کامادا بێ کەچی لای ئێمە ئامرازی پێوەندی ‘و’ دەخەنە سەری و سەربەخۆییەکەی لێ دەسێندرێتەوە. نموونەیەکی تری هەر ئەم پرسە، واتە پرسی لەناوچوو‌نی سە‌ربەخۆیی وشە،‌ بەکارهێنان و ریزکردنی چەندین وشەی هاومانایە لە یەک رستەدا. دیارە ئەمە لە زمانێکی وەک ئینگلیسیدا وەک هەڵەی گرامێری ناوی لێ دەبرێ، کەچی لە کوردیدا ئاساییە وەک ئەوەی چۆن دەڵێن: بە ناوی خوای گەورە و مەزن ئەم تابۆلیە زۆر جوان و قەشەنگە ئەم بەرنامەیە باسی شتی نوێ و مۆدێرن دەکات دیسانەوە لێرەدا لەجیاتی یەک وشە لە چەندین وشە کەڵکمان وەرگرتووە کە هەموویان لەباری ماناییەوە یان هاوواتان یان زۆر لەیەک نزیکن، ئەمەش واتە لە ناوبردنی دیقەت لە زماندا. ئەرێ بە راستی ‘دەقیق’ بوون کە یەکەم مەرجی زمانی زانستی و زمانی فەلسەفییە لە کوردیدا دەبێتە چی؟ ئەگەر هاوواتای ‘ورد’ یان ‘رێکوپێک’ی بۆ دابنێین، دیسانەوە رووبەڕووری گرفت دەبینەوە. ئایا ئەو واژانەی کە‌لە زمانی زانستیدا نەک هەر بە لێشاو بەکاردەبرێن بەڵکوو بۆخۆشیان پێشمەرجی نووسین و لێکۆڵینەوەن، لە زمانی کوردیدا هاوواتاکانیان چییە؟ ئێمە هێشتا نەمان توانیوە هاواتایەکی پڕ بە پێست بۆ زاراوەی فرەپات و هەرە گرنگی argument لە کوردیدا بدۆزینەوە یان دروستی بکەین. نموونەیەکی تری هەر ئەم باسە ئەو ئاڵۆزییەیە لە تایپی کوردیدا کە گەلەک جاران ئەو زاراوانەی یەک وشەی سەربەخۆ و تاک پێکهاتوون جیادەکرێنەوە و کەچی رێک بە پێچەوانەوە ئەو دەستەواژانەی لە چەندین وشە پێکەێنراون دەلکێندرێن بەیەکەوە و وەکوو یەک وشەیان لێدێ: نموونەیەی یەکەم وەک ‘دوو ساڵانە’‌، ‘مێژوو نووسی’، ‘بنەما خوازانە’‌، و نموونەی‌ دووەم وەک ‘لەتاران’، ‘بەهۆی’، ‘کەخۆر هەڵهات’ و زۆر نموونەی تر. رەنگە ئەم نموونانە بۆ خوێنەران ئاسایی و بێبایەخ بێنە بەرچاو، بەڵام کێشەکان کاتێ سەرهەڵدەدەن کە بیر لە دیجیتالیزەبوونی هەموو ئامێرەکانی دنیای ئیمڕۆ بکەینەوە کە بەو پێیە تەنیا کەم یان زیادکردنی یەک خاڵ دەتوانێ هەموو کارەکان تێکبدات، وەک لە فۆرمەکاندا، لە پاسپۆرت، لە زانکۆکاندا، یان لە مۆتۆرە ئینتێرنێتییەکانی گەڕاندا، یان لە تینک تانکە ئانلاینەکاندا، یان لە بارکۆدی سەر کەلوپەلەکانی نێو سوپەرمارکێتێک، یان لە جۆری نووسینی ناوەکەت لە سەر کرێدیت کارتەکەت، یان لە جۆری تایپی ناوی ئیمەیل یان ماڵپەڕەکەت. ئەوەی بەلای منەوە زۆر زۆر سەیرە ئەوەیە کە بەشێکی هەرە زۆری ئەو نووسەرە کوردانەی دانیشتووی رۆژئاوان هیچ شتێکیان دەربارەی ئەم پرسە لە زمانی کوردیدا نەدرکاندووە! زۆر ئاساییە نووسەرێکی کوردی دانیشتووی نیشتمان هەست بەو گرنگایەتیە نەکات، چونکە ژیان لای ئیمە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێ دیجیتالیزە و ئێلێکترۆنیزە نەبۆتەوە. بەڵام ئایا لەناو بردنی تاکایەتی و سەربەخۆیی وشەکان لە زمانی کوردیدا لەم پێناوەدا گەلەک گرفتمان بۆ دروست ناکات؟ لێرەدا دەبێ قامک بخەمە سەر دەوری دوو شەپۆلی گەورەی رۆشنبیریی کوردی لەم ئاڵۆزییەی ئێستای زمانی کوردی و دۆخی لێکۆڵینەوە لە زمانی کوردیدا. دەستەی یەکەم ئەوانە بوون کە لە شەست و هەفتاکانی سەدەی بیستەمدا و بەهۆی پێوەندیی ئەوسای عێراق و سۆڤیەت روویان لە سۆڤیەت کرد بۆ خوێندن و لێکۆڵینەوە. ئەوەی ئاگاداری رەوتی بەرهەمهێنانی فیکر و فەلسەفە و تیۆریی دنیای هاوسەردەم بێ، باش دەزانێ کە پارادایمی زاڵ و رەسمی و حکوومی لە‌ سۆڤیەتی جاران بە تایبەتی لە رووی زانستە مرۆییەکانەوە زۆر پاشکەوتوو بوو، و بە سەرهاتی فۆرماڵیستەکان و کەسانێکی وەک باختین و یاکوبسن باشترین نموونەن بۆ ئەم مەبەستە. ئەو پۆلە نووسەرە کوردەی روویان لە سۆڤیەت کرد لەگەڵ خۆیان ئەو پارادایمە لێکۆڵینە‌وەییەیان بۆ بە دیاری هێناینەوە کە زیاتر گرنگی دەدایە ناوەڕۆک تاکوو فۆرم. زیاتر گرنگی دەدایە ریالیزمی کۆمەڵایەتی تاکوو بنەمای هونەری لە ئەدەب و هونەردا و دیارە لە ئەدەبدا بنەما و فۆرم لە وشە پێکهاتووە. ئەمە هەر پشتگوێ خستنی تاکایەتیی وشەکان و گرنگیدان بە ناوەرۆکی گشتیی بەرهەمەکانی لێ نەکەوتەوە، بەڵکوو‌، وەک دەزانن، زۆربەی هەرە زۆری ئەو کتێبانەی ئەوان لە رووسییەوە کردیان بە کوردی، مەبەستم ئەو بەرهەمانەی باسی زانستە مرۆییەکان دەکەن، ئێستا کەس نایان‌خوێنێتهەوە و ئەمەش رووداوێکی شاز نیە، چونکە لە دنیای ئیمڕۆدا کەس ئەو جۆرە بەرهەمانە ناخوێنێتەوە. ئەو تێزە دوکتۆرایانەی لە سۆڤیەتی جاراندا و لەلایەن کوردانەوە نووسراون، پەیڕەوییان لە پارادایمی جیهانی و زاڵی ئەنجامدانی ڵێکۆڵینەوە نەکردووە و هەر بۆیەش ئەمڕۆکە ژمارە تینک‌ تانکە رووسییەکان لە چاو ئینگلیسییەکان یەکجار زۆر کەمە و پارادایمی زاڵی لێکۆڵینەوە رووسیەکانی ناوەڕاست و چارەکی سێیەمی سەدەی بیستەم بە تەواوی رووی لە داکشان کردووە. دیارە ئەو پێوەرە‌ دنیاداگرانە (universal) کە لە تینک تانکە ئانلاینە ئینگلیسییەکاندا رەچاو دەکرێن، هی کەس نین و بەڵکوو ئەمڕۆکە بوونەتە‌ موڵکی هەموان و هەموانیش ئەبێ لە لێکۆڵینەوەکانیاندا رەچاویان بکەن. شەپۆلی دووەم تاقمێ لەو شاعیر و نووسەرە کوردانە بوون کە لە هەشتاکان و بە تایبەت لە نەوەدەکاندا روویان لە ناوەڕاست و باکووری ئەورووپا کرد. گەر بە وردی سەرنج بدەین، تێدەگین زۆربەی بیرمەندە دیارەکانی خودی ئەو وڵاتانە ئەمرۆکە لە تینک تانکە ئینگلیسییەکاندا بەرهەمەکانیان بڵاو دەکەنەوە. کەچی نووسەر و رۆشنبیرانی ئێمە شێوەی زمانی و پارادایمی لێکۆڵینەوەیی ئەوانیان بۆ بە دیاری هێناین. باشترین نموونە لێرەدا جۆری تایبەتی رێنووسی کوردییە لە بەرهەمەکانی جەماعەتی گۆڤاری رەهەند. بۆ نموونە، وەک چۆن لە زمانی ئەڵمانی دا وشەکان درێژن و بە پێچەوانەی فەرەنسی و ئینگلیسی لە گەلەک پیت پێکهاتوون، ئەوا ئەوانیش ئەو هەوڵەیان بۆ زمانی کوردی دا و لە جیاتی ‘وە پشت گوێ خستن’ یان ‘وە پشتگوێ خستن’ دەیاننووسی ‘وەپشتگوێخستن’. واتە، لێرەدا لە پڕێکدا وشە کوردییەکان تا دەهات درێژتر ئەبوونەوە!‌ دیسانەوە لەوانەیە هەر ئەم پرسە بێبایەخ بێتە بەرچاو، بەڵام ئایا گرنگیدانی زۆربەی نووسەران و توێژەرانی کورد بە فەلسەفەی قاڕەیی هۆی دوورکەوتنەوەی ئێمە نەبوو لە فەلسەفەی شیکارانی ئەنگلۆساکۆن؟ ئایا بیرتان لەوە کردۆتە بۆچی لە ناو کورددا هێندە کتێب و وتار و ستوون و یاداشت لە سەر کەسێکی وەک نیچە نووسراوە کەچی یەک لە سەدی ئەوە لە سەر کەسێکی وەک راسێل نەهاتۆتە بەرهەم. ئەو راسێل-ەی باسی لە بیرکاری ئاسایی بوونی زمان دەکرد. دیسانەوە، ئایا ئەمە هۆکار نیە بۆ پانەگرتنی زانستی مەنتیق لە زمانی کوردیدا و ئایا هەر ئەمە نەبۆتە هۆکاری ئەو ئاڵۆزییە مێتۆدۆلۆژیکییەی گوتاری رۆشنبیریی کوردی؟ ئەو رۆشنبیرییەی ئێستاش هەر ئەوە دەربارەی زمان دەڵێتەوە کە هەیدیگێر وتوویەتی و رەنگە فرەپاتترین رستەیەک بێ کە لە زمانی فیلسوفێکەوە کرابێ بە کوردی. خاڵێکی گرنگ لەم باسەدا کە ‌من چیدی زیاتر لە سەری ناڕۆم ئەوەیە کە هەر ئەم جۆرە بەکارهێنانەی زمان بۆ خۆی پاش ماوەیەک تایبەتمەندییەکی ئایدیۆلۆجیک دەگرێتە خۆی. واتە،‌ نووسەرێکی تازەباو لەبری ئەوەی بنووسێ ‘من و تۆ’ دەنووسێ ‘من‌و تۆ’ یان ‘منوتۆ’. واتە لێرەدا ئەم شێوە بەکارهێنانەوەیە سەرەتا بەهۆی نەبوونی تاکایەتی لە سابجێکتیڤیتیی مەدا بە شێوەیەکی ناخودئاگا هاتە بەرهەمهێنان، ئەمجارەیان و لە قۆناغێکی تردا دەگاتە قۆناغی بەرهەمهێنانەوەی ئایدیۆلۆجیک و ئەمجارەیان دەبێ وەکوو ریسایەک وا بنووسرێ! ئەمەش وەک ئاڵتووسێر دەڵێ هەمان بەرهەمهێنانەوەی بارودۆخی بەرهەمهێنانە کەلە زمانی کوردیدا بە ئاشکرا دەبینرێ‌: The reproduction of the condition of production لە وەها دۆخێکدا و بە مەبەستی گشتگیر بوونەوەی ئەم رێسانە پێویستە چوار توخم ئامادە بن کە بریتین لە ئایدیۆلۆجی، ئەنستیتۆ، گوتار، بەردەنگ. ئەم چوار توخمەش ئێستاکە ئامادەن و بە تایبەت گەر نووسەرەکەش ناودار بێ و هەموان بابەتەکە بخوێننەوە، ئیدی هەموان وەک یاسایەک تەماشای دەکەن. لەم حاڵەتدا بەردەنگ هێندە تەرکیز دەکاتە سەر پەیام و ناوەڕۆکی نووسینەکە کە ئیدی ئاگاداری ئەوەیە نیە سەرجەم لایەن و تایبەتمەندییەکانی تری ئەو نووسینە و تەنانەت ئەو پارادایمەی دەقەکە پەیوەستیەتی بە شێوەیەکی ناخودئاگا کاری تێدەکەن. ئەمەش واتە وەرگرتنەوەی ئایدیۆلۆجی بەبێ‌ هیچ گرفتێک. لەم حاڵەتەدا ئیدی پرسیارەکان رووبەڕووی ئەو پارادایمە نابنەوە، بەڵکو تەنیا روبەڕووی پەیام و ناوەرۆکی دەقەکە دەبنەوە. لێرەدا بەسەرهاتی ئەم دەقە وەکوو بەسەرهاتی رستەکەی هەیدیگێری لێدێ (سەیر لەوە دایە کە کەسەکان بە کوردی قسە دەکەن، بەڵام ئەم قسەیەی هەیدیگەر بە فارسی دەڵێنەوە چما هەیدیگەر فارس بووە یان ئەمەی بە فارسی گووتووە. ئەم نموونەیە رێک وەک کاردانەوەی ئەو بێژەرەیە کەلە کاتی بەرنامەیەکی زیندوودا دەپژمێ و خێرا دەڵێ ‘عفوا’ لە جیاتی ‘ببوورن’. واتە هەر بە هەمان شێوە کە زمانی فارسی لە ناخودئاگای سووژەی کوردی لە ئێراندا جێگیر بووە هەر بە هەمان شێوەش زمانی عەرەبی لە ناخودئاگای سووژەی کوردی لە عێراق). بەشێکی زۆری ئەو تایبەتمەندیانەی سەرەوە کە من وەکوو رەهەند یان لایەنی ئایدیۆلۆجیکی شوناس و ناسنامەی سووژەی کوردی لە قەڵەمی دەدەم لە ناخودئاگای ئێمەدا جێگیر بوونە و هەر جۆرە هەو‌ڵدانێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئایدیۆلۆجییانە‌ واتە خۆ ئامادەکردن بۆ شەڕ لەگەڵ‌ بەشێکی زۆر لەو‌ پانتاییەی ناخودئاگای کوردی داگیر کردووە. ئیمڕۆژە هەموان باسی گرنگایەتیی زمان دەکەنن بەڵام هۆکارەکانی ئەم گرنگایەتییە باس ناکەن، بەڵام باس لەو روانگە تیۆریکانە ناکەن هەر کامیان بە شێوەیەکی جیا لەم پرسەیان‌ کۆڵیوەتەوە. من ماندوو بوومە هێندە ئەو قسەیەی هەیدیگێرم‌ بیستووە دەربارەی زمان. لەم رۆژانەدا تەماشای بەرنامەیەکم دەکرد کە برادەرێک لە کۆنفرانسێکدا بە کوردی قسەی دەکرد و پاشان وتی هەیدیگێر ئەڵێ زبان خانەی هستی است. سەیر لەوە دایە کە بە تەواوەتی دڵنیام لەوەی زۆربەی هەرە زۆری ئەو کەسانەی قسەکەی هەیدیگێر دووبارە دەکەنەوە ئەو قسەیەیان لە نووسینێکی هەیدیگێردا‌ نەدیتووە، یان سەرزارەکی بیستوویانە و یان لە نووسینێکدا خوێندوویانەتەوە کە نووسەرەکەش بۆخۆی وەک خوێنەرەکە ئەو قسەیەی لە نووسینەکەی هەیدیگێردا نەدۆزیوەتەوە. ئەو قسەیەی هەیدیگەر قەت پێوەندی بەو بابەتانەوە نیە کە برایان و خوشکانی ئازیزی رۆشنبیری ئێمە لەم لاو لەو لا دەیدرکێنن. ئەم قسەیەی هەیدیگێر چیرۆکێکی تری لە پشتە و قەت پێوەندی بەم باسانەوە نیە. ئەو نموونانەی سەرەوە تەنیا و تەنیا بەشێکی بچووکن لە کۆسپەکانی بەردەم سازبوونی شێوازێکی زانستیی پاراو و رێکوپێک لە زمانی کوردیدا. دیارە باسکردن لە کۆسپەکانی تر و چارەسەر کردنیان پێویستی بە مەودا و ماوەی زۆرترە.
مەسعوود بینەندە: ئێوە پەرەسەندنی زمانی کوردی چۆن لێک دەدەنەوە؟
دوکتۆر بەختیار سەجادى: سەرجەم ئەو باسانەی سەرەوە دەمانبا بەرەو ئاقارێک کە پێی دەوترێ پەرەسەندی زمان Development of language. من پێشتر لە چەند شوێنێکدا ئەم‌ باسەم هێناوەتە گۆڕی، بەڵام بە شێوەیەکی راستەوخۆ ئەم باسەم لە پێشەکیی وەرگێڕانی کتێبەکەی باختین و لە بەشێکی کتێبی پارادایمی پەرسەندنی کولتووریدا درکاندووە و چیدی لێرەدا پێویست بە دووبارە کردنەوەیان ناکات، بەڵام لێرەدا دەکرێ زیاتر لەسەری باس بکەین: زۆر بە کورتی، دەکرێ زمان بخەینە دوو خانەوە: زمانی قسەکردن و زمانی نووسین. زمانی نووسین بۆ خۆی بە سەر چەندین لقی جیاجیادا دابەش دەکرێ وەک جۆرە جیاوازەکانی زمانی ئەدەبی، یان زمانی رۆژنامەنووسانە، زمانی ئارکەیک، زمانی زانستی، زمانی بەکارهاتوو لە ئامێرە دیجیتاڵە‌کاندا، زمانی رێکلامەکان، و زمانی سەر تابلۆکان. کاتێ زمانێک پەرەی سەندووە کە لەم بەشە جیاوازانەدا نەشونمای کردبێ. زمانی کوردی لەم بەشانەدا بە تەواوی پەرەی نەسەندووە بەتایبەت لە بەشی زمانی زانستیدا. بە بەراوردیکی خێرای زمانی کوردی لەگەڵ زمانی فارسی یان ئینگلیسیدا ئەوەمان بە سانایی بۆ دەردەکەوێ کە کوردی لە رووی ئاستی گەشەسەندنەوە رەوتێکی زۆر لاوازی پێواوە. بەراورد کردنێکی خێرای دەقە فەلسەفی ‌و تیۆریکەکانی سەرەتا و ناوەڕاست‌ و کۆتایی سەدەی بیستەم لە کتێبخانەی فارسیدا ئەو راستییەمان بۆ دەخاتە بەرچاو کە زمانی فارسی لە سەدەی بیستەمدا بە شێوەیەکی دیار و تەنانەت سەیروسەمەرەش‌ گۆڕانکاریی بە سەردا هاتووە. بۆ نموونە، گەر بەراوردێک بکەین لە نێوان زمانی بەکارهێنراو لە وەرگێڕانەکانی محەمەد عەلی فرووغی لە بەرهەمەکانی دێکارت لە سەرەتای سەدەی بیستەم و وەرگێڕانەکانی حەمید عەنایەت لە هێگێل لە ناوەڕاستی هەمان سەدە و وەرگێڕانەکانی حسێن بەشیریە لە توماس هابز و عەبدولکەریم رەشیدیان لە کانت و داریووش ئاشووری لە نیچە و موراد فەرهادپوور لە ئادۆرنۆ لە کۆتایی هەمان سەدە گەلەک خاڵی سەرنجڕاکێشمان دەست دەکەوێ. جۆری وشەکان، بنەمای رستەکان، ژمارەی زاراوە ‌نوێ‌ و لاتینیەکان یان زاراوە کۆن ‌و عەرەبییەکان و هەروەها کورتی‌ و درێژیی لاڕستەکان، شوێنی ئاوەڵکردارەکان، زیادکردن یان لابردنی ئاوەڵناوەکان و تەنانەت رەچاوکردنی خاڵبەندی ‌و پەرەگرافبەندی لەم وەرگێڕانانەدا لێکدی بە تەواوی جیاوازن. ئەو وەرگێڕە ئاماژە بۆ کراوانە توانیویانە تا رادەیەکی زۆر بەرچاو زمانی فارسی بەتایبەت لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەقە فەلسەفی‌ و تیۆریکەکانی رۆژئاوادا بخەمڵێنن و دەوری سەرەکی بگێڕن لە بەرەو پێشبردنی زمانی فارسی و ئامادە کردنی ئەو زمانە بۆ بەکارهێنان و لەخۆگرتن و پەرەپێدان و داهێنانی ئەندێشە و بیر و بیرۆکەی رەخنەیی ‌و تیۆریک. ئەوان لەم رێگەیەدا تا رادەیەکی زۆر باش سەرکەوتوو بوونە و زمانی فارسی لەم رووەوە گەلەک زیاتر و کامڵتر و باشتر لە زمانی تورکی یان عەرەبی گەشەی سەندووە. پرسی گەشەسەندنی زمانdevelopment of language یەکێکە لە بابەتە گرنگەکانی گوتاری ئاکادێمیکی هاوچەرخ. دەوری چارەنووسسازی زمان بەگشتی و کاریگەریی زمانناسیی پاش‌ە سوسووری لە بەش جیاجیاکانی زانستە مرۆییەکان و سەرهەڵدانی ئەو لقوپۆپە زۆرەی زمانناسیی هاوچەرخ لە لایەکەوە ‌و، تایبەتمەندییە جەوهەری ‌و شێوەییەکان و سیمای هەنووکەیی زمانی کوردی لەلایەکی ترەوە ناچارمان دەکەن زیاتر و وردتر لە جاران سەرنج بدەینە پرسی گەشەسەندنی زمانی کوردی. هەروەهاش، ئەو گۆڕانکارییانەی لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە و بەهۆی سەرهەڵدانی رۆژ‌نامەوانیی کوردییەوە ‌‌‌‌بە‌سەر زمانی کوردیدا هاتووە تا دەگاتە زمانی نوێی شیعری گۆران و شاعیرانی دوایی ‌و زمانی چیرۆکنووسیی نیو سەدەی رابردوو و زمانی دەقە نووسراو ‌و وەرگێڕدراوەکانی لێکۆڵینەوە جیاجیاکان و بەم دواییانەش زمانی بەکارهێنراو لە چەتی ئینتێرنێتی یان پەیامۆکی مۆبایل‌‌ و سەر شاشەی تێلێڤزیۆنەکان دەلالەت لە جۆرێ گۆڕانکاری لە زمانی کوردیدا دەکەن. هەندێ لەم زمانانە و زۆرێک شێوازی تری بەکارهێنراو لە بەستێنە جیاجیاکاندا زۆربەی کاتەکان رووبەڕووی جۆرێ سەرسامی، درەنگ تێگەیشتن، چەوت تێگەیشتن یان هەر تێنەگەیشتن، یان هەستکردن بە دیاردەیەکی تازەمان دەکەنە‌وە. جیا لە‌مەش، دابڕانی زمانی نووسەران لە یەکتر و بەدیهاتنی جۆرێ پاشاگەردانی لە شێوەی بەکارهێنانی زاراوەکان لە نووسیندا و، ساکار کردنەوەی بابەتەکان، کورتکردنەوەی رستەکان، لابردنی ئاوەڵکردار‌ و پشتگوێ ‌خستنی ئاوەڵناوەکان و ر‌ەچاو نەکردنی دەوری رێزمانیی پاشگر ‌و پێشگر‌ەکانی زمانی کوردی و هەروەهاش وەفادار نەبوون بە شکڵ ‌‌و ‌شێوەی دەقەکان لە وەرگێڕانەکاندا بۆتە هۆی سڕینەوەی متمانە لە ژمارەیەکی زۆر‌ لە نووسەر ‌و وەرگێڕی کورد. مەسعوود بینەندە: زۆر جار باسی زمانی زانستیی کوردی دەکرێ، بیر و رای ئێوە لەو بوارەدا چیە؟ دوکتۆر بەختیار سەجادى: زمانی کوردی لەبەر چەندین هۆکاری ئاشکرا، کە هەندێکیانم لە سەرەوە بە کورتی باسکرد، لە شێوازە جیاجیاکانی رۆژنامەنووسی و بەتایبەت لە شێوازی فەلسەفی و زانستیدا گەشەی نەکردووە. چارەسەر چییە؟ وەڵامەکە زۆر ئاسانە، بەڵام بە کردەوە ‌دەرهێنانی زۆر سەختە: Development of language واتە ئەبێ زمانی کوردی پەرە بسێنێ. لە پەرەسەندنی زمانی کوردیدا، پاش باسکردن لەسەر کۆسپەکانی بەردەم پەرسەندنی ئەم زمانە، پێویستە سەرەتا تیشک بخەینە سەر ئەو لایەن و تایبەتمەندییانەی زمانی کوردی وەکوو خاڵی لاواز لە ‌بەردەم پەرەسەندنیدا قوت دەبنەوە. کەواتە، کێشەکە هەر تەنیا بەوە چارەسەر ناکرێ کە، وەک چۆن زۆر کەس دەڵێن، دەست بکەینە وەرگێڕانی دەقە زانستییەکان. ئەو خاڵە لاوازانە بەشێکیان دەگەڕێنەوە بۆ ئاستی پەرەسەندنی زمانی کوردی کە زمانێکە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێ لە هەندێ رووەوە بە شێوەیەکی پێشمۆدێرن ماوەتەوە و هێشتا گەشەی نەکردووە، بەشێکیان دەگەڕێنەوە بۆ سروشتیبوونی ئەم زمانە، بەشێکیان پەیوەستن بە زاڵێتیی ئەدەبی بەلاغەتخوازی کلاسیکی کە گرنگی ناداتە پێناسەی وردەکارانەى چەمکەکان و تەنیا بەکاریان ئەهێنێتەوە، بەڵام ئەوەی بە لای منەوە گرنگە لە لایەکەوە سەرنج نەدانی نووسەرانی کوردە بە بابەتی پەرەسەندنی زمان و لەلایەکی تریشەوە هاتنە ئارای ئەو خاڵە لاوازانەیە کە بەم دواییانە لە زمانی کوردیدا هاتوونەتە بەرهەم، ئەو خاڵانەی وەک پێشتر باسم کرد رەهەندێکی ئایدۆلۆجیکیشیان گرتۆتە خۆ. سەیر لەوە دایە کە کاتێ نووسینی زۆر کەس دەخوێنمەوە، ئەو نووسینانەی ‌بانگەشەی زانستی بوون دەکەن، زۆر بە ئاسانی دەبینم کە ئەو تایبەتمەندییانەی لە مۆرکی زانستی بوون دوورن دیسانەوە سەر لە نوێ لە هەمان دەقدا دووبارە بوونەتەوە. ئەم تایبەتمەندییانە زۆرن و لێرەشدا ناچارم ناوی هەندێکیان بهێنم و لەبەر ئەوەی هەڵەی کەسانی تر دووبارە نەکەمەوە لانیکەم یەکێکیان تۆزیک بە وردی شی بکەمەوە، واتە سەردێڕی بەشێکی تر لە هەواڵەکان دەڵێمەوە، بەڵام تەنیا ئەوەی یەکەم شی دەکەمەوە. هەندێ لە سەردێڕەکان ئەمانەن: زمانی کوردی و سروشتیبوون زمانی کوردی و بابەتێتی زمانی کوردی و پاژنواڕین و خۆ دوور خستنەوە لە گشتی کردنەوە زمانی کوردی و ساکارسازی زمانی کوردی و پەراوێزسازی زمانی کوردی و نەزم زمانی کوردی و تاکایەتی زمانی کوردی و موجامەلە زانستی مۆدێڕن لە رۆنێسانس بەم لاوە (زیاتر بە بەیکن و دێکارت و پێش ئەوانیش بە گالیلە و کۆپەرنیک و پاش ئەوان بە نیوتۆن و پاسکاڵەوە)‌ رووی لە گەشە کردن کرد و لە بنەڕەتدا هەوڵێک بوو بۆ دەسەڵات گرتن بەسەر سروشتدا، یان باشتر بڵێین هەوڵێک بوو بۆ دۆزینەوە و تێگەیشتن و لێکۆڵینەوەی یاسا سروشتییەکان. پاش ئەم قۆناغانە و لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم بەم لاشەوە ‌شێوازی نووسین لە زانستە مرۆییەکاندا بە هۆی گرێدانیان بە فەلسەفەی هاوسەردەمەوە بوونە خاوەنی رەهەندێکی پاژنواڕانە، بە چەشنێک کە بەردەوام هەوڵیان داوە خۆیان لە گشتی کردنەوە و ساکارسازی دوور خەنەوە و لە جیاتی ئەمە،‌ پێناسەی وردی رێکوپێک بۆ ئەو چەمکانە ئاراستە بکەن کە پێشتر بە ئاسانی لە دەقەکاندا دووبارە دەبوونەوە. کەواتە، یەکەم هەنگاو لەم رەوتەدا، لە رەوتی پەرەسەندنی زمانی کوردیدا، بریتییە لە خۆ دور خستنەوە لە بنەواشەی سروشتێتی لە زمانی کوردیدا. زمانی ئێمە بە نیسبەت ئیشارەت دان بە سروشت و دیار‌دە سروشتییەکانەوە‌ و جۆرەکانی گوڵ و گیا و گیاندارەکانی تری نێو سروشت و ئامێرە کۆنەکانی جووتیاری و کشتوکاڵ کەم ناهێنێ. لە کوردستاندا و بەتایبەت لەم دوو سێ سەدەی رابردوودا و بەتایبەت لە سەدەگەلی هەژدە و نۆزدە چەندین میرنشین لە ئارادا بوونە. بە حوکمی نەبوونی شاری گەورە لەو میرنشینانەدا و کەواتە نەبوون یان کەمبوونی چینی مامناوەندی و بە حوکمی ئەوەی زۆربەی خەڵکەکە لە گوندەکان یان شارۆچکەکاندا ژیاون، تا رادیەکی زۆر، ئاڵوگۆڕ و هاتوچۆ لە نێوان زۆربەی هەرە زۆرەی ئەندامانی ئەو کۆمەڵگایانەدا لە ئارادا نەبووە. هەر لەبەر ئەم دوو هۆکارە، زمانی کوردی لەژێر دەسەڵاتی هەرکام لەو میرنشینانە یان ناوچە جوگرافیاییە جیاجیایانە بە شێوەیەکی جیا و بە دور لە بەشەکانی تر زۆر بە هێمنی گەشەی کردووە. بە راستی دەوڵەمەند بوونی زمانی کوردی لەم رووەوە جێگەی سەرسووڕمانەوە. راستە هیچ کات دەسەڵاتێکی ناوەندی لە ئارادا نەبووە، ئەمانە بەیەکەوە ببەستێتەوە، بەڵام لەبەر ئەو هۆکارانەی سەرەوە ئەم زمانە لە هەندێ رووەوە وەک لە سەرەوە وتم پەرەی سەندووە و هەر کام لە دیالێکتیکەکان بۆ خۆیان قامووسێکی وشەیی جیاوازیان هەیە. تەنیا مەگەر شاعیرێکی کوردینووس بە هۆی خوێندنەوەی بەرهەمی شاعیرانی ناوچە کوردییەکانی تر یان بەتایبەتی بەهۆی سەفەر و گەڕانەوە توانیبێتی کەڵک لەو فەرهەنگە دەوڵەمەندە وەربگرێ و بازنەی وشەیی خۆی بەرفراوانتر بکاتەوە. دوو نموونەی هەڵکەوتوو لێرەدا کە توانیبێتیان لە قامووسی وشەیی ناوچەکانی تر سوود وەربگرن نالی و مەحوی-ن. ئەم قامووسە زۆرتر بە وشە سروشتییەکانەوە خەمڵێنراوە یان ئەو وشانەی کاروباری رۆژانەی خەڵک بەڕێوە دەبەن. بەگشتی ئەم قامووسە جیاجیایانە زۆر بە دەگمەن هەڵگری وشە و دەستەواژەی زانستی یان هەڵگری بارێکی فەلسەفیی تایبەتن. یەکێک لەو نموونانەی بە باشترین شێوە سروشتیبوونی زمان و زەینیەتی مە پیشان دەدا ناوی گۆڤارە کوردییەکانی ناوەڕاستی سەدەی بیستەمە. لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم بەم لاوە تا ئەم دواییانە ناوی زۆربەی گۆڤارەکان و رۆژنامەکان لە دیاردە یان بەشێکی‌ سروشتەوە وەرگیرابوون وەک گەلاوێژ، شەفەق، گزنگ، ئاویەر، سیروان. ئەم دیاردەیە ئەمڕۆکە لە کۆمپانیای فڕۆکەوانیشدا رەنگی داوەتەوە وەک کۆمپانیای ئەزمەڕ. بەڵام، لە قۆناغێکی تر دا دەبینین ناوی گۆڤار و رۆژنامەکان دەگۆڕدرێ و ئەمجارەیان ناوەکان بە جۆرێک دەلالەت لە کردەوەی رامان و رەخنە دەکەن وەک رامان، هزر، رەهەند، پرسیار، دەق، راڤە. بەڵام دیسانەوە رەهەندی ئایدیالسیتی شوناسی ئێمە لە هەندێ ناوی تردا وەک ئایندە و سبەی رەنگ دەداتەوە. واتە، ئەم ناوە پڕ لە تێرامانانە نەیانتوانیوە بەر بە ئایدیالیزمی ئامادە لە ناسنامەی ئێمەدا بگرن یان لانیکەم لێی ورد ببنەوە. بەڵگەیەکی ئاشکرا بۆ سروشتی بوونی زمانی کوردی ژمارەی یەکجار زۆری ناوە دەنگەکانە لە زمانی کوردیدا. وەک دەزانرێ ناوەد‌نگ ئەو وشەیەیە کە دەنگی دیاردە یان رووداوێکی سروشتی دەنوێنێتەوە،‌ وەک حیلاندان، بۆڵەبۆڵ، گیزەگیز و هتد. لێرەدا دەبێ تۆزێ زیاتر بابەتەکە شی بکەمەوە: ئەم تایبەتمەندییانەی زمانی کوردی‌ بە پێچەوانەوە نەک هەر زمانی کوردییان دەوڵەمەند(!) نەکردوە،‌ وک چۆن بۆتە ویردی سەرزمانی هەژاریستەکانی لای ئێمە، بەڵکوو بۆخۆشیان بونەنەتە کۆسپ لەبەردەم گەشەکردنی زمانی کوردیدا، خودی ئەم بڕوایە کە زمانی کوردی زمانێکی دەوڵەمەندە نەک هەر لە رووی زانستییەوە راست نیە، بەڵکوو بۆتە بڕوایەکی ئایدیۆلۆجیک، زاڵێتیی ئەم گوتارە ئایدیۆلۆجیکەش وای کردووە زۆر بەدەگمەن کەس بوێرێ باس لە خاڵە لاوازەکانی زمانی کوردی بکات. دیسانەوە زاڵێتیی ئەم گوتارە ئایدیۆلۆجیکە جۆرێک لە پارادایمی رۆشنبیریی نەریتەوانی پێکەێناوە، ئەو پارادایمەی کە دەبێتە دژکاری هەر جۆرە هەوڵێک کە بیەوێ ئەنجامگیرییەکی فەلسەفی لە تایبەتمەندییەکانی ئەو پارادایمە بگرێ. بە کورتی، چ لە زمانی خەڵکی ئاساییدا و چ لە بەرهەمی شاعیرانی کورددا و بەتایبەت لەو قوتابخانەیەی بە رۆمانتیسیزم یان ئەردەڵانی ـ گۆرانی و هەروەهاش لە رۆمانتیسیزمی نوێ یان بەرهەمی گۆراندا، سروشتیبوون بۆتە بەشێک لە ناسنامەی سووژەی کوردی. شیعری مەولەوی کورد و گۆران باشترین نموونەن‌ بۆ دەست نیشانکردنی لایەنی سروشتی بوونی زمانی کوردی. ئەمە خاڵی لاواز نیە، بەڵام کێشەکە لەوە دایە کە لایەنەکانی تری زمانی کوردی گەشەی نەسەندووە. هەر بۆیە چەندین جار وتوومە کە زمانی مەسعوود محەمەد بۆ ئێمە لە زمانی هاوڕێکانی وەک هەژار و هێمن و گۆران گەلەک سوودمەندترە. ئەگەر زمانی هەژار و هێمن و گۆران دەتوانن گەلەک سوودمەند بن بۆ رۆماننووس یان شاعیرێک، ئەوا زمانی مەسعود محەممەد دەتوانێ وەکوو دەستپێک یان رێپیشاندەرێک بێ بۆ ئەو کەسانەی ئەیانەوێ پەخشانی زانستی بنووسن، هەرچەندە زۆر زاراوە و چەمک هەن کە مەسعوود محەممەد هەر ئاماژەی بۆ نەکردوون. سروشتی بوون کە بۆتە لایەنێک لە ناسنامەی ئێمەی کورد (بەتایبەت بە هۆی تێپەڕ نەبوون ‌بە ناو هەر دوو پرۆسەی مۆدێڕنیتە و مۆدێرنیزاسیۆندا‌) لە زمانەکەشماندا رەنگی داوەتەوە،‌ بەڵام خاڵی هەرە گرنگ ئەوەیە کە ئەم تایبەتمەندییە لە نووسینی زانستیی کوردیشدا رەنگی داوەتەوە و نووسەران ئەو رەهەند و توخم و تایبەتمەندییە سروشتییانە دیسانەوە لە بەرهەمەکانیاندا‌، بە شێوەیەکی ناخودئاگا، واتە بەبێ ئەوەی بۆخۆیان ئاگایان لێ بێ، دووبارە دەکەنەوە. ئایا سروشتی بوون لە زماندا سەر لە نوێ رەهەندێکی سروشتی لە سابجێکتیڤیتیی ئێمەدا بەرهەم ناهێنێتەوە؟ کە زمانەکەت سروشتی و خۆماڵیانە بوو، واتە ئەوەی کەلە پارادایمی جیهانیی زمانی زانستی دوور دەکەویتەوە. لێرەدا ئەم باسە، واتە، باسی سروشتیبوونی زمانی کوردی، درێژە پێنادەم و خوێنەر دەتوانێ لەم بارەیەوە ئەو وتارەی من بخوێنێتەوە کە لەسەر هۆکارەکان و تایبەتمەندییەکان و دەرئەنجامەکانی سروشتی بوونی زمانی کوردی لە سونەتی ئەدەبیی گۆرانی ئەدەبی کوردیدا نووسیومە و لەوێ کۆمەڵێ باسی ترم درکاندووە وەک پێناسە و دەوری سروشت لە سۆفیگەریدا و بیرۆکەی یەکێتی بوون لە سۆفیگەریدا و پێوەندی بە لایەنی سروشتی بوونی زمانی کوردییەوە (بە سەرنجدان بەو خاڵەی زۆربەی شاعیرە کلاسیکە کوردەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان پێوەندییان بە سۆفێیەتەوە هەبووە. بەڵام، ئەگەر بمەوێ چەند نموونەیەکی ئیمڕۆژی بهێنمەوە، ئەبێ باس لەو نموونانە بکەم کە بە تەواوی دەرخەری شوناسی سروشتی و پێشمۆدێڕن و ‌سونەتیی سووژەی کوردین و هەر ئەمەش بۆتە هۆی بەرهەمهێنانەوەی لایەنی ناعەقڵانی و نابیرکارانە و ئاڵۆزیی زۆرێک لە سابجێکتیڤیتییەکانی ئامادە لە شوناسی سووژەی کوردیدا. لێرەدا هەوڵ دەدەم چەند نموونەیەک لە تایبەتمەندیی زمانی کوردی بەهَنمەوە، یان راستتر وایە بڵێم چەند نموونەیەک لە بە کار هێنانی زمانی کوردی: 1 ـ لە رووبەرگی زۆر کتێبدا رستەگەلێکی هاوشێوەی ئەمەی خوارەوە دەبینین: (حەمەی مەلاکەریم) کۆی کردۆتەوە و پێشەکی بۆ نووسیوە و پەراوێزی بۆ داناوە. 2 ـ لە رێستورانتەکاندا و لە مانگی رەمەزاندا ئەم جۆرە رستانە دەخوێنینەوە: لە مانگی موبارەکی رەمەزاندا ئاشی گەرم بۆ بەربانگی بەڕۆژووە ئازیزەکان هەموو ئێوارەیەک ئامادەیە 3 ـ ئەم جۆرە رستانە لەسەر کەناڵە ئاسمانیەکان دەبینین و دەبیستین: ئەم بەرنامەیە لەسەر شاشە خنجیلانەکەی کوردسات هەموو شەوانی هەینی ببینە. ئەو سێ نموونە جیاوازەی سەرەوە لە یەک زەینیەتەوە سەرچاوەیان گرتووە. گەر دیقەت بدەین تێدەگەین کە رستەکان لە هەر سێ نموو‌نەکەدا زۆر درێژ و خۆماڵیانەن و بە تەواوەتی زاڵێتی ئاخافتنیان بەسەرەوە دیارە. ئەم رستانە مۆرکێکی خۆماڵیانە و پێشمودێڕن و سروشتییان پێوە دیارە و گەر بمانەوێ هاوشێوەکانیان لە زمانگەلی ئینگلیسی یان فەرەنسیدا و تەنانەت بەم دواییانەش لە زمانی فارسیدا بدۆزینەوە،‌ ئەوا رووبەڕووی هەندێ رستە یان دەستەواژەی کورت و بابەتیانە و تەنانەت مێکانیکیش دەبینەوە وەک ئەوەی لە جیاتی نموونەی دووەم تەنیا بنووسین ‘ئاشی گەرم’. خاڵی سەیرتر ئەوەیە کە هەر ئەم جۆرە زمانە لە رێکلامە بازرگانیەکانی ئێستادا دووبارە دەبێتەوە و ئەمەش بە تەواوی دژ بە رێساکانی چۆنیەتیی بەکارهێنانی زمانە لە رێکلامدا، چونکە وەک دەزانرێ زمان لە رێکلامدا خاوەن شێوازێکی تایبەتە کە کورتی یەکەم مەرجیەتی. گەر بمەوێ تیشکی زیاتر بخەمە سەر هەندێکی تر لەو تایبەتمەندییە دەستکرد و ئایدیۆلۆجیکانەی لە زمانی کوردیدا و لەبەر هۆکاری ئاشکرا بوونەتە خاوەنی قورساییەکی یەکجار زۆر و هەمووشیان بە تەواوەتی لەگەڵ رێساکانی زمانێکی زانستیدا ناتەبان، ئەبێ کورتە ئاماژەیەک بۆ ئەم نموونانە بکەین: 1 ـ بە کارهێنانی لە رادەبەدەری دەستەواژەی ‘هەرە هەرە’‌ لە جیاتی ‘یەکێ لە هەرە’، وەک: شاعیرێکی هەرە هەرە گەورەی کورد کارەساتێکی هەرە دڵتەزێن فیلمێکی هەرە هەرە خۆش گەر بە وردی سەیر کەین، تێدەگەین کە ئەو کوردانەی ئینگلیسییەکی کرچوکاڵ دەزانن، لە قسەکردن بە زمانی ئینگلیسی یەکجار زۆر کەڵک لەو جۆرە دەستەواژانە وەردەگرن و لایەنی بەرامبەریش، بەتایبەت گەر رۆژئاوایی بێ، خێرا لەو رەهاگەرییە تێدەگات کەلە قسەکەی ئەم ئاخێوەرە کوردە دایە. ئەم جۆرە دەستەواژانە لەو کوردانەی ئینگلیسیەکی باش نازانن زۆر دەردەکەون: The mos famoust…the most important…the most beautiful…the greatest.. لە زمانی زانستیی ئینگلیسیدا بە دەگمەن لەو‌ دەستەواژانەی سەرەوە کەڵک وەردەگیردرێ، چونکە یەکەم ئەوەی کە ئەم جۆرە رستانە راست نین‌ و لەوانەیە شاعیرێکی تر ‘هەرە هەرە’‌ گەورە بێ نەک ئەوەی بەرباس، دووەم ئەوەی کە ئەم جۆرە نووسینە جۆرێک لە ئەبسولوتیزمی (absolutism) پێوە دیارە، واتە،‌ کە تۆ ئەم دەستەواژەیەت بۆ کەس یان دیاردە یان شتێک بەکار هێنا، ئیدی بەو مانایەیە کە تۆ کەسەکانی تر یان دیاردەکانی تر یان شتەکانی تر بە هەرەهەرە گەورە و دڵتەزێن‌ نازانی. ئەمە یەکێکە لەو نموونانەی پیشاندەری ئەبسولوتیزمە لە زماندا، ئەو ئەبسولوتیزمەی لە سابجێکتیڤیتیی سووژەدا بوونی هەیە. ئەمە زۆر گرنگە کە ئێمە دەبێ بەردەوام ئەوەمان لە یاد بێ کە نەزمی زمان لە راستیدا نەزمی کۆمەڵگا و نەزمی فەرهەنگ دیاری دەکات. واتە ئەم جۆرە ‌ئەبسولوتیزمە لە زماندا هەم ئەبسولوتیزم لە فەرهەنگدا بەرهەم دەهێنێ و هەم دەربڕی ئەبسولتیزمی نێو ئەو فەرهەنگەیە: order of language ► order of culture ► order of society 2 ـ نموونەیەکی تر دووبارە کردنەوەی کردارەکانە لەیەک رستەدا وەک: ”باسکردن لەم دیاردەیە باسکردنە لە…” ”ئاماژەکردن بەم بابەتە ئاماژەکردنە بە…” ”رۆچوونە نێو ئەم باسە رۆچوونە بە نێو…” هەڵەیە گەر بڵێین ئەمە تەنیا دووبارە کردنەوەیەکی ساکارە، بەڵکوو ریشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی وردبینی لە هەڵبژاردنی وشە و واتە وردبینی‌ لە تێفکرین و نواڕیندا. ئەمەش واتە یەکەم رەنگدانەوەی زینیەتی گشتیکردنەوە لە زماندا. گەر هەر یەک لەم رستانە بکەین بە ئینگلیسی، ئەوا لەو زمانەدا وەکوو شتێکی نامۆ دێنە بەر چاو: To discuss this point is to discuss… To describe this is to describe… To focus on this point is to focus on… هەر ئەم دووبارە بوونەوەیە لە سینتاکسیشدا روو دەدات، لە سینتاکسی یەک پەرەگرافدا وەک: ”ئایا ئەم باسکردن نیە لە……؟ ئایا ئەمە پیشاندەری ئەوە نیە کە ……؟ ئایا ئەم ئەوەمان لا دروست ناکات کە…..؟” یان: ”ئێمە ئازادیمان دەوێ، ئێمە نانمان دەوێ. ئیمە ئاومان دەوی. ئیمە ئیمکانیاتمان دەوێ.” ئەومە واتە دەقاو‌دەق نواندنەوەی زمانی قسەکردن لە نووسیندا. ئەو جۆرە نووسەرانە، کە باشترە پێیان بڵێین نووسەری رۆژنامە، ئەم تەکنیکە بۆ کاریگەریی دانانی زیاتر لەسەر خوێنەر بەکار دەهێنن و ئەمە جۆرێکە لە هونەرەکانی زانستی رێتۆریکا. بەڵام دەبێ ئەوەمان بەردەوام لە یاد بێ کە کاریگەریی دەقێکی زانستی بە دەرئەنجامەکانیەتی، نەک بە بزواندنی هەستی خوێنەر. ئەم جۆرە زمانە ناچێتە خانەی نووسینی زانستییەوە، چونکە دیارە مەبەست لە بە کارهێنانی ئەم تەکنیکە رێتۆریکیە بزواندنی هەستە نەک خستنە رووی دەرئەنجامگیرییەک‌ بە شێوەیەکی زانستی. وەک دەزانن، ئەم جۆرە زمانە، ئەمڕۆکە بەداخەوە بۆتە زمانی زاڵی نووسینەکان. 3 ـ ئەو ئەبسولو‌تیزمەی سەرەوە (نموونەی ژمارە یەک)‌ کاتێ کامڵ دەبێ کە رادیکاڵیزمیش دێتە یارمەتیی. لێرەدا وەک نموونە چەند وشەیەک ئەهێنمەوە کە پیشاندەری رادیکالیزمن وەک‌: کوشندە، ئیفلیجکەر، وێران، داڕماو. دیسانەوە ئەم رادیکالیزمە کاتێ کامڵتر دەبێ کە هەندی دەستەواژەی گشتیشی دەخرێتە سەر وەک وشە گشتییەکانی ‘دەسەڵات’ و ‘حکوومەت’. کەواتە،‌ رستەکان بەم شێوەیەی خوارەوە دەنووسرێن: ”دەرئەنجامی هەرە هەرە کۆشندە و ئیفلیجکەری ئەم دەسەڵاتە ئەوەیە کە…” ئەگەر ئێمە سەرجەم تینک تانکە ئانلاینەکان بگەڕێین، لەوانەی یەک رستەی بەم چەشنە نەدۆزینەوە و گەر نووسەرێکیش بەم شێوەیە بنووسێ، ئەوا خێرا داوەرکانی ئەو ژورناڵە بابەتەکەی رەت دەکەنەوە. چونکە هەر ئەم رستە بە رواڵەت دروست و سادەیە سێ تایبەتمەندیی ئەبسولوتیزم و رادیکالیزم و گشتی کردنەوەی لەگەڵ دایە کەلە زەینیەتێکەوە‌ هەڵقوڵاوە کە خاوەنی هەر سێ جۆر نەخۆشییەکەیە. هەمووشمان دەزانین کورد تا ئێستاش خاوەنی ژورناڵێکی peer reviewed نیە و کەواتە بابەتی نووسەرەکانمان بەبێ پێداچونەوەی داوەرەکان و تەنیا بە ویستی سەرنووسەر دادەبەزێنرێن. نەبوونی ئەو جۆرە ژورناڵانە لە کوردیدا بۆتە هۆی هاتنە ئارای ئەو ئاڵۆزییەی لە مێتۆدۆلۆژیی نووسینە کوردییەکاندا و کەواتە لە رەوتی بەرهەمهێنانی ئەندێشە لەناو کورددا بەدیدکرێ. 4 ـ دیسانەوە ئەم ئەبسولوتیزم و دووبارە کاری و رادیکالیزمە (واتە، نموونەکانی ژمارە یەک، دوو و سێ لە سەرەوە) کاتێ دەبێتە نووسینێکی کۆمیک کە نووسەر تێیدا لە ‘هتد’ و ‘تاد’ و ‘هەتا دوایی’ و سێ خاڵ (…) کەڵک وەردەگرێ. وەک دهازنین زۆر بەدەگمەن لە نووسینێکی زانستیدا لەمانە کەلک وەردەگرین کەچی لە نووسینی برایان و خوشکانی ئازیزی رۆشنبیرماندا ئەم جۆرە تەکنیکانە زۆر بەکار دەهێنرێن. رۆژانە و لە چاپەمەنیەکاندا بەردەوام چاومان بەم جۆرە رستانە دەکەوێ کە هاوشێوازی ئەم نموونەیەی خوارەوەن: ”دەرئەنجامی هەرە هەرە کوشندە و ئیفلیجکەری ئەم دەسەڵا‌تە ئەوەیە کە بوارەکانی ئابووریی و فەرهەنگی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و … هتدی خستۆتە بەر مەترسییەکی تا سەرئیسقان کوشندەوە و باسکردن لەم مەسەلەیە باسکردنە لە یەک دنیا…” لێرەدا با ئەو رستە نامۆ و کۆمیکەی سەرەوە تۆزێ شیبکەمەوە: ‘هەرە هەرە’‌: پیشاندەری ئەبسولوتیزمە ‘کوشندە و ئیفلیجکەر’: دەربڕی رادیکالیزمە ‘دەسەڵات’: وشەیەکی تەواو گشتییە ‘بوارەکانی ئابووریی، فەرهەنگی و سیاسی و کۆمەڵایەتی’: دیسانەوە گشتی بێژی و نەبوونی وردبینی ‘…هتد’: گشتیبێژێ ‘تا سەر ئێسقان کوشندە’‌: رادیکالیزم و ئەبسولوتیزم ‘باسکردن لەم مەسەلەیە باسکردنە لە’: دووبارەکردنەوە و نەبوونی تایبەتمەندی و وردبینی ‘یەک دنیا’: گشتیبینی و ساکارسازی 5 ـ تێکەڵکردنی سنوورەکانی زمانی قسەکردن و زمانی زانستی. زمانی قسەکردن خاوەنی کۆمەڵێ وشە و زاراوە و شێوازە کە نابێت لە زمانی زانستیدا بەکار ببرێن. واتە، نابێ سەرجەم وشە زارەکییەکان لە نووسیندا بەکار بەهێندرێن. من کەلە بریتانیا خوێندکار بووم سەرەتا لیستێکیان دامێ کە پێکهاتبوو لە زۆر وشەی ئینگلیسی، ئەو وشانە بە زۆری لە ئاخافتندا بەکار دەبرێن، بەڵام ئێمە بۆمان نەبوو لە نووسیندا بەکاریان بەرین. 6 ـ ئەو حاڵەتانەی سەرەوە کاتێ بە تەواوی بێ ئاگابوونی نووسەر لە میتۆدۆلۆژیی نووسینی زانستیمان بۆ دەردەخەن کە دەڵێن: گەلێک وتار لە سەر ئەم بابەتە نووسراوە گەلێک نووسەر ئەم بابەتەیان درکاندووە لای سارتەر لای نیتشە سەرەتا ئەوە بڵێین مەبەستی نووسەر کام وتارە یان کام کتێبە. کام ئارگیومێنتی کام کتێب؟ پاشان، کامەیە ئەو رستەیەی سارتەر یان نیچە یان کانت و لە کام سەرچاوەوە دەرمان هێناوە و تۆ چیت خستۆتە سەر ئەو رستەیە و یان رووبەڕووی چ رەخنەیەکی ‌دەکەیتەوە و ئەم کارە بەپێی کام مێتۆدۆلۆژی ئەنجام ئەدەیت و ئا‌رگیومێنتەکەت کامەیە و ئەو تیۆرییەی پشتی پێ دەبەستی کامەیە و کوانێ پێناسەی زاراوەکانت؟ زمانی زانستیی کوردی گەشە ناکات مەگەر ئەوەی نووسەرەکان ئەم خاڵانە رەچاو بکەن، من دڵنیاشم لەوەی کە زۆربەیان ناتوانن، چونکە ئەم کێشانە‌ لە بنەڕەتدا دەگەڕێنەوە بۆ جیاوازیی نێوان دوو گوتاری رۆشنبیری و گوتاری ئاکادێمیک و زاڵتربووبی گوتاری رۆشنبیری لەناو کورددا لەچاو گوتاری ئاکادێمیک، ئەم قسەیەی من داکۆکی کردن نیە لە گوتاری ئاکادێمیک لەناو کورددا چونکە وەک دەزانین ئەم گوتارەش بۆخۆی چەندین رەخنەی لەسەرە، بەڵکوو خستنە رووی خاڵە لاوازەکانی ئەو گوتارەیە بە گوتاری رۆشنبیریی کوردی ناوی دەرکردوە، ئەم خاڵە لاوازنەش بەهشتی خۆیان لە خانەی مێتۆدۆلۆژیدا دەبیننەوە. من لێرەدا چیدی لەسەر ئەم باسە ناڕۆم و باسکردن لە جیاوازییەکانی ئەم دوو گوتارە دادەنێم بۆ دەرفەتێکی تر. ئەو خاڵانەی سەرەوە تەنیا چەند نموونەیەکی کەمن لەو تایبەتمەندیانەی مۆرکی زانستیبوون لە دەقێک دەستێننەوە. لە راستیدا گرنترین کێشەی نووسینە زانستییەکان لە زمانی کوردیدا کێشەی مێتۆدۆلۆژییە. لە پاڵ ئەمەشدا، لە گەشەکردنی زمانی کوردیدا و پاراو بوونی شێوازی زانستی لە زمانی کوردیدا دەبێ سەرەتا رووبەڕووی جۆرێک لە دابڕانی مەعریفەناسانە ببینەوە، واتە وازهێنان لە زۆربەی ئەو شێوە باوانەی تا ئێستا لە نووسینی بەناو زانستیدا بەکارمان هێناون و ئێستاکانەش بە جۆرێک بوونەتە ئایدیۆلۆجی. لەم رۆژانەدا وێبلاگی نووسەرێکی خەڵکی باشوورم دیت کە وەک لاسایی کردنەوەیەک لە رۆشنبیرە دیارەکان نووسیبووی: ”چوونە ناو ئەم باسە کوشندەیە چوونە ناو دنیایەکی هەرە ئیفلیجکەرە و گەلێک کتێب و وتار و هتد لەسەر ئەم پرسە نووسراوە و دەشێت مرۆڤ ئاوڕێکی هەرە هەرە جیدییان لێ بداتەوە.” وەک وتم، لەوانەیە تۆ لە نووسینە رۆشنبیرییە و زانستییەکانی زمانەکانی تردا هەر رستەیەکی ئاوەهات وەبەرچاو نەکەوێ. خاڵی سەیر ئەوەیە کەلە کۆتاییشدا فەرمانمان دەداتێ کە ئاوڕێکی جیدی لەو مەسەلەیە بدەینەوە! گەر تۆ ئەم رستەیە بکەیتە ئینگلیسی، بیسەر‌ بە سەرسووڕمانەوە تەماشات دەکات بەتایبەت ئەوەی کە ئەم رستەیە بە تووڕەییەوە بدرکێنێ. ئەمەش دیسانەوە کێشەیەکەی تری زمانی زانستیی کوردیم بیر دەخاتەوە، واتە کێشەی لەحن. من پێشتر باسی ئەم کێشەیەم لە چیرۆک و رۆماندا کردووە. بە نیسبەت نووسینی زانستیشەوە، دەبێ بڵێم کە بابەتیبوون کە یەکەم خەسڵەتی زانستە، بەڵام ئێمە ئەم خەسڵەتە لە زمانی کوردیدا بە دەگمەن دەبینین‌. بۆ نموونە، ماڵپەڕێک لەسەر لاپەڕەی سەرەکیی خۆی دەنووسێ ‘رەخنە بە چەکوش’، ماڵپەڕێکی تر کە گوایە دەیەوێ بڵێ من لەوان نیم لە لاپەڕەی یەکەمی نووسیویەتی ‘رەخنە بە زمانی گوڵ’. لەوانەیە ئەمەی دووەممان بە لاوە پەسند بێ، بەڵام لە راستیدا هەردووکیان یەکێکن، واتە رەخنە چ بە زمانی چەکوش بێ و چ بە زمانی گوڵ لە هەر دوو حاڵەتەکەدا زەینیە، کەچی راست بە پێچەوانەوە،‌ یەکەم مەرجی نووسینی رەخنە وەک نوسینێکی زانستی ئەوەیە کە ئەبێ زەینی نەبێ و بەڵکوو بابەتیانە بێ، واتە نە بە چەکوش و نە بە گوڵ. بۆ من کارەساتەکە لەوە دایە کە هیچکام لەو هەموو رستەیەی لە سەرەوە وەک نموونە هێنامەوە هیچ کێشەیەک‌ بۆ خوێنەری کورد ساز ناکەن، واتە، ئێمە زۆر بە ئاسانی و بێ گرفت ئەو رستانە وەردەگرین، لێیان تێدەگەیین، بە در‌وستیشیان دەزانین، و لاساییشیان دەکەینەوە. واتە سووڕ خواردنەوە بە دەوری بازنەیەکی ئایدیۆلۆجیکدا کە ناوی خۆی ناوەتە گوتاری رۆشنبیریی کوردی. چ لە جۆرە تەقلیدیەکەی و چ لە جۆرە تازەکەی ئەم دە پازدە ساڵەی دوایی. گەر بمەو‌ێ تۆزیک زیاتر باسی شێواز و ئوسلووبەکانی تری زمان بکەم و قامک بخەمە سەر پەرە نەسەندنیان لە زمانی کوردیدا، ئەوا دەبێ باسی زمانی رۆژنامەنووسیمان بکەین. زۆربەی خەسڵەتەکانی زمانی رۆژنامەنووسانە لەناو ئێمەدا نین وەک: 1 ـ بە کارنەهێنانی وشە کورتکراوەکان 2 ـ بەکارنەهێنانی وشە تازە دروستبووەکان کە هەر پیتەو سەرەتای وشەیەکە 3 ـ بەکار نەهێنانی مانشێتی زۆر کورت 4 ـ گەمە نەکردن لەگەڵ فۆرم و شێوەی وشە و پیتەکان 5 ـ درێژبوونی ‌ئەو زمانەی رێکلامەکانی پێ دەنووسرێ و درێژدادڕی لە وەسفەکاندا 6 ـ سەرنج نەدان بە جیاوازی و ئاستی کاریگەریی جۆرە جیاجیاکانی رستە لەسەر خوێنەر 7 ـ نامۆدێڕن بوونی شێوەی دیزاینی لاپەڕەکان کە راستەوخۆ کار دەکاتە سەر زمانی بەکارهاتوو لەو لاپەڕەدا 8 ـ سەرنەکەوتن لە سڕینەوەی کاریگەریی رۆژنامەنووسیی عەرەبی بەسەر رۆژنامەنووسیی کوردیدا بەتایبەت لە رووی قەرەباڵغی و ناڕێکوپێکی لاپەڕەی یەکەم و هەڵبژاردنی سەردێڕی دوورودرێژ 9 ـ رەچاو نەکردنی رێساکانی خاڵبەندی تەنانەت لە مانشێتەکانیشدا و پشتگوێ خستنی یاساکانی پەرەگرافبەندی لە ستوونەکاندا 10 ـ نەبوونی شێوازێکی کورت و تایبەت لە زمان لە تەنیشت وێنەکاندا کەواتە، وەک ئەو نموونانەی سەرەوە دەری دەخەن، زمانی کوردی، بەتایبەت لە شێوازگەلی زانستی و تەنانەت رۆژنامەنووسانەی خۆیدا، هێشتا بە تەواوی گەشەی نەکردووە و لەم پێناوەشدا گەلەک کار بۆ کردن لە بەردەممان دایە. 6 ـ دیارە ئێوە لە تێزەکانتاندا لێکۆڵینەوەتان‌ لەسەر پێوەندیی نێوان زمان و ئایدیۆلۆجی کردووە، تکایە ئەو بوارە روون بکەنەوە بۆمان؟ توێژینەوەی جۆری مێکانیزمی پێوەندیی نێوان زمان و ئایدیۆلۆجی کارێکی دوورودرێژ و گرنگ و سەختە. سەختییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەم کارە سەرەتا پێویستی بە دەستەبەر کردنی روانگەیەکی تیۆریک هەیە و تێگەیشتن لەو تیۆریانەش کە باسی پێوەندی ئایدیۆلۆجی و زمان دەکەن پێویستیان بە پێشینەیەکی خوێندنەوەیی پتەو‌ هەیە. زۆر سەختە بتوانین روانگەیەکی تیۆریک دەستەبەر بکەین بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرجەم لایەنەکانی پێوەندیی نێوان زمان و ئایدیۆلۆجی، روانگەیەک کەلە لایەکەوە خاڵە لاوازەکانی روانگە تیۆریکەکانی تری تێدا نەبێ و لەلایەکی تریشەوە توانیبێتی سوود لە روانگە جیاجیاکان وەربگرێ بە شێوەیەک کە رووبەڕووی کێشەی تیۆریک نەبێتەوە. لێرەدا مەبەستم لە کێشەی تیۆریک، بۆ نموونە، کێشەی نێوان بۆچووونە دەروونناسانە و کۆمەڵناسانەکانە بۆ شیکاریی پێوەندیی نێوان زمان و سووژە، یان کێشەی نێوان رەچاوکردنی زمان وەک بابەتێکی تاکەکەسی و موڵکی تاکەکەس و داهێنانی تاکەکەسی و زمان وەک بابەتێکی جیهانی و موڵکی ئەو کۆمەڵگایەی تێدا بەکار ئەبرێ، یان کێشەی نێوان زمان وەک بابەتێکی دەرهەست و ئایدیۆلۆجی (بە مانا ئاڵتووسێرییەکەی) وەک بابەتێکی بەرهەست، کێشەی نێوان ئایدیۆلۆجی و ناخودئاگا، یان تایبەتمەندیی ئەو هاوکێشەیەی ئایدیۆلۆجی بە ناخودئاگاوە دەبەستێتەوە. گرفتە تیۆریکەکان لە تێکەەڵکێشکردنی ئەم تیۆریانە دایە. گەر بمەوێ نموونەیەکی سادەی کلاسیک لەم کێشە تیۆریکانە بهێنمەوە، دەتوانم ئاماژە بکەم بۆ تێکەەڵکێشکردنی دوو سیستەمی فەلسەفی هێگێل و مارکس، کە هەر لە یەکەم پلەکاندا رووبەڕووی کێشەی تیۆریک دەبێتەوە. دیارە بیرمەندانی هاوچەرخ لێرەدا دەبن بە دوو دەستەوە: هەندێکیان وەک کۆمەڵناسە کلاسیکەکان یان دەروونناسە فرۆیدییەکان وەڵامیان نەگەتیڤە و دژی وەها تێکەڵکارییەکی تیۆریکن‌. بەڵام، خوێندنەوەی بەرهەمی چەند بیرمەندێکی هاوسەردەم بەو ئەنجامەمان دەگەیێنێ کە ئەوان لەگەڵ ئەم تێکەەڵکێش کردنە دان‌‌. هەندێ تیۆری داڕێژی وەکوو لاکلائۆ، مووف، باتلێر، ژیژەک، جەیمسۆن، هیس، مەککەیب، و ئاگامبێن هاوکات لە هەر دوو روانگە تیۆریکەکانی راست و چەپ، کۆمەڵناسی و دەروونناسی، مارکسیزم و دەروونشیکاری، و یان هێگێل و مارکس کەڵک وەردەگرن بۆ خەمڵاندنی رو‌انگە تیۆریکەکانی خۆیان. من پێم وایە کە تەنانەت ئەو بیرمەندانەی سەرەوەش بە شێوەیەکی راستەوخۆ تەرکیزیان نەکردۆتە سەر میکانیزمی پێوەندیی نێوان زمان و ئایدیۆلۆجی‌. مەبەستم ئەوەیە باسکردن لە مێکانیزمی پێوەندیی نێوان زمان و ئایدیۆلۆجی و سەرهەڵدانی کێشە تیۆریکەکان لەم پێوەندییەدا هیچکات نەبۆتە پرسێکی ناوەندی بۆ ئەوان. من روانگەکەی خۆم دەربارەی پێوەندیی زمان و ئایدیۆلۆجی بە جۆرێک بە درێژەپێدەری تێزەکانی لاکلائۆ دادەنێم وەک چۆن پێشم وایە- و کەمتر کەسێک ئەوەشی درکاندووە- کە بەشێک لە تێزەکانی لاکلائۆ بە جۆرێ درێژەپێدەر و کامڵکەری رو‌انگەکانی ئاڵتووسێرن بۆ شیکاریی سووژە، بەتایبەت ئەو بەشەی باسی دالی بۆش(empty signifier) دەکات و باسی کاریگەرییەکانی ئەم دالە دەکات لە مێکانیزمی بەرەوپێشچوونی کاری ئایدیۆلۆجی و بەتایبەت لە مانەوەی‌ گوتاری سیاسیدا. من ئەم بابەتانەم بە وردی لە تێزی دوکتۆراکەمدا لە بریتانیا باس کردووە کە بە شێوەی ئانلاین هەیە و هەموان دەتوانن بیبینن و چیدی لێرەدا دووبارەی ناکەمەوە، کەواتە با بێینەوە سەر باسکردن لەسەر زمانی کوردی و پێوەندیی بە ئایدیۆلۆجییەوە و دەرئەنجامی ئەم پێوەندییەش لەسەر ناسنامەی سووژەی کوردی‌. راستە هەموو زمانەکان رەهەند و لایەن و مۆرکی ئایدۆلۆجیکیان تێدایە، بەڵام لەوانەیە زمانی کوردی یەکێک بێ لەو زمانانەی کە زیاتر لە هەر زمانێکی تر رەهەندی ئایدیۆلۆجیکی تێدا بەرجەستە بووبێتەوە. کورد بە حوکمی ئەوەی لە رابردوودا و بەتایبەت لە سەد ساڵی رابردوودا بەسەر چەندین دەوڵەت نەتەوەی جیاجیا‌دا دابەش بووە و بە حوکمی ئەوەی خاوەنی چەندین حیزب و جەریان و رێکخراوی سیاسیی جیاجیا و تەنانەت هەندێ رێبازی ئایینی جیاوازیش بووە، کەواتە ئاساییە زمانی کوردی نەک هەر لایەنی ئایدیۆلۆجیک بوونی زەق بێتەوە بەڵکوو لە رووبەڕوو بوونەوەی بەردەوامیشدا بێ ‌لەگەڵ چەندین گوتاری ئایدۆلۆجیکی جیاجیادا، ئەو گوتارانەی تەنانەت ئەمڕۆکەش هەست پێدەکرێن. زمانی کوردی بەم چەشنە بۆتە مەیدانی رووبەڕوو بوونەی ئایدیۆلۆجییەکان. هەرچەند ئەم دیاردەیە لە زمانەکانی تریشدا دەبینرێ، بەڵام کوردی بە هۆی گەشەنەکردنی لە دەوڵەت ـ نەتەوەدا و بەتایبەت بە هۆی لە ئارادا نەبوونی زمانێکی رەسمی یان ئەو ناوەندە پەرەوەردەیی و زانستییانەی کە پەیڕەوی لە زمانێکی زانستیی یەکدەست بکەن لایەن و تایبەتمەندیی ئایدیۆلۆجیکی بە تەواوی تێدا بەرجەستە بۆتەوە. سەرنج دان بە روانگە تیۆریکەکان دەربارەی دژبەربوونی زانست و ئایدیۆلۆجی لەم باسەدا دەتوانێ گەلێک سوودبەخش بێ. واتە، شیکردنەوەی تیۆریکی هاوکێشەی نێوان زانست و ئایدیۆلۆجی لە لایەکەوە و دەقی ئەدەبی و گوتاری ئایدیۆلۆجیک لەلایەکی ترەوە دەتوانێ یارمەتیدەرمان بێ لە تێگەیشتن لە چەمکی ئایدیۆلۆجی. سووژەی کوردی لەبەر ئەو هۆکارەی سەرەوە خاوەن ناسنامەیەکی ئایدۆلۆجیکە. لە سێمیناریکدا لە زانکۆی لەندەن ئەوەم خستە بەرباس کە ئایدیۆلۆجی هێندە سەراپای شوناسی کوردیی گرتۆتەوە کە تەنانەت ئەو خود یان ئیگۆوە عەقڵانیەش کە بانگەشەی رزگاری لە ئایدیۆلۆجی و یان بانگەشەی ئازادی دەکات بۆ خۆشی بۆتە خاوەن مۆرکێکی ئایدیۆلۆجیک. ئەمەش دەسەڵاتی زۆر و لە رادەبەدەری ناسنامەی ئایدۆلۆجیکی سووژەی کوردی دەردەخات کەلە پێوەندیی راستەوخۆ دایە لەگەڵ ئەو شتەی کە دەکرێ بە ناخودئاگای کوردی ناودێری بکەین. ناسنامە کوردی بۆتە شوێنگەی ململانێی سابجێکتیڤیتییە ئایدیۆلۆجیکەکان و لێکۆڵینەوە لە گوتارە ئایدیۆلۆجیکەکانی دەرەوەی سووژە و رەنگدانەوەیان بە شێوەی سابجێکتیڤیتی لە ناسنامەی سووژەدا لەوانەیە یەکێک بێ لە گرنگترین بابەتەکانی هەرجۆرە پڕۆژەیەکی رۆشنبیریی بەرفراوان. با ئەوەشمان لەبیر نەچێ کە سابجێکتیڤیتیی ئایدیۆلۆجیک لە هەر دوو قۆناغی منداڵی و فێربوونی زمان و قۆناغی گەورەساڵیدا لە رێگەی زمانەوە بۆ سووژە‌ سازدەکرێ. ئەم پرۆسەیە بە لێپیچینەوەی ئایدیۆلۆجیک (ideological interpellation) ناسراوە. هەموو شێوە زمانیەکان و شێوازەکان هەڵگری کۆمەڵە دالێکن کە من ناوم ناونەتە ‘دالی ئایدیۆلۆجیک’ (ideological signifier) . ئەم دالە ئایدیۆلۆجیکانە لە رێگەی پرۆسەیەکەوە کە بە ‘نامۆیی زمانناسانە’ (linguistic alienaton) ناو دەبرێن تاکەکەس دەکەن بە سووژەی ئایدیۆلۆجی، ئەو ئایدیۆلۆجییەی دالەکە سەر بە وییە. واتە سووژە لە رێگەی‌ دالی ئایدیۆلۆجیکەوە رووبەڕووی لێپێچینەوەی ئایدیۆلۆجیک‌ دەبێتەوە و هەموو سووژەیەکیش سەر بۆ ئەم لێپێچینەوەیە دادەنەوێنێ مەگەر ئەوەی کە سەر بە گوتارێکی تری ئایدیۆلۆجیک بێ، واتە سووژە لە راستیدا سووژەی ئایدیۆلۆجییە، گەر زمانەکەش ئایدیۆلۆجیک بێ، سووژە دەبێتە سووژەی زمانی ئایدیۆلۆجیک و کەواتە خاوەنی سابجێکتیڤیتیی ئایدیۆلۆجیک. ئەو مۆدێلە تیۆریکەی کەلە تێزەکەمدا پێشکەشم کردووە‌ بە کورتی ئاوڕ لەم سێ خاڵە دەداتەوە: یەکەم، سووژە بە هۆی دیالێکتیکی نێوان ـ سابجێکتیڤیتی ‌ (inter-subjectivity dialectic)و هەروەهاش بە هۆی بۆشایی ناو ـ سابجێکتیڤیتییەوە (intra-subjectivity lack)و لە رێگەی ئەم دیالێکتیکەوە دەبێتە خاوەنی کارکرد. ناسنامەی سووژە بەهۆی ململانێی بەردەوامی نێوان سابجێکتیڤیتییەکانەوە هەرگیز بەتەواوی کامڵ نیە و هەر بۆیەش بەردەوام ناتەواو دەمێنێتەوە. ئەم ململانێیانەش زۆربەی کات ناخودئاگان. دووەم ئەوەی کە سووژە بە شێوەیەکی ئایدیۆلۆجیک لە رێگەی زمانەوە سازدەکرێ. ئەو میکانیزمەی کە لەم سۆنگەیەوە زمان و ئایدۆلۆجی، سووژە ساز دەکەن هەرگیز رێگە بەوە نادەن کە سووژە بگاتە قۆناغی ئەمئەوێتی تەواو لەگەڵ دالگەلی ئایدۆلۆجیکدا. سێیەم خاڵێش ئەوەیە کە ناسنامەی سووژە لە زماندا دەنوێندرێتەوە و دواتر بەهۆی خودی سووژەوە بەرهەم دێتەوە. مەسعوود بینەندە: تکایە لەم پێوەندیەدا ئاماژە بە نموونەی پراکتیکی بکەن؟ دوکتۆر بەختیار سەجادى: سادەترین رێگە بۆ نیشاندانی پێوەندیی نێوان ئایدیۆلۆجی و زمانی کوردی ئاوڕدانەوەیە لە دالە ئایدیۆلۆجیکەکانی زمانی کوردی و پاشان لێکۆڵینەوە لە لایەنی نیشانەناسانەی ئەو دالانە. بۆ نموونە، گەرچی لە زمانی کوردیدا هەر دوو دەستەواژەی ‘پێشمەرگەی سەر‌ شاخ’ و ‘گەریلای سەری چیا’ خاوەنی یەک مانان، بەڵام وەک دەزانرێ ئەم دوو دەستەواژەیە وەک دو دالی ئایدیۆلۆجیک سەر بە دوو ئەنستیتۆتی ئایدیۆلجیکن کە لێرەدا دوو حیزبی جیاوازن. وەک دەزانرێ دەستە واژەی ‘گەریلای سەری چیا’ لە دامودەزگا راگەیێنەرە رەسمییەکانی باشووردا بەکار نابرێ بەهۆی ناکۆکیی سیاسی، یان ناهاوچەشنیی گوتاری سیاسی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی باشور لەگەڵ ئەو حیزبەی کە ئەم دەستەواژەیە بە کار دەبات. هەر بە هەمان شێوە، هەر ئەم وشەیە، واتە وشەی پێشمەرگە، کە خاوەنی دەلالەتێکی تەواو لێوانلێوە لە کوردایەتی لە ساڵەکانی 78 و 79 دا لە کوردستانی ئێران و لەلایەن حکومەتەوە ئاوەڵناوێکی خرایە سەر و تاقێمکی تازە دروست بوون ئەمجارەیان بە ناوی ‘پێشمەرگەی موسڵمان’، دیارە زیاد کردنی ئاوەڵناوێکی ئایینی لێرەدا باری ئایدیۆلۆجیکی ئەم زاراوەیە دووچەندان دەکاتەوە واتە، گرنگیدان بە کوردایەتی ئۆرتۆدۆکس، بەڵام بەو مەرجەی کە کەسەکان موسڵمان بن و بڕوای تەواویان بە ئیسلام بێ. ئەوەیە کە زۆر جار وتوومە زمانی کوردی شوێنگەی ململانێی گوتارە ئایدیۆلۆجیکەکانە، ئەو گوتارانەی ئەنستیتۆتەکان دەیخەمڵێنن و ئاراستەی دەکەن. یان نموونەیەکی تر ئەمجارەیان لە‌ناو خۆی هەرێمی کوردستان بهێنمەوە. پێش ئیمزا کردنی رێککەوتنی ستراتیژیک (کە بە هەڵە و بەهۆی زاڵیی بنەمای وشەسازیی زمانی عەرەبییەوە لە باشوور بە شێوەی ‘ریککەوتنی ستراتیژی’ بەکار دەبرێ) دالی ئایدیۆلۆجیکی ”کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان” زیاتر موڵکی یەکێتی بوو و یەکێک بوو لە قسە سەر زارەکانی بەڕێز مام جەلال و تا پیش سێ چوار ساڵ پارتی کەمتر ئەم دەستەواژەیەی بەکار دەهێنا. کەچی ئێستا وەک دەبینین ئەم دەستەواژەیە لە دەزگا راگەیێنەرە رەسمییەکانی پارتی و لایەنەکانی تریشدا دێتە بەکار هێنان و هەر بۆیەش چیدی موڵکی یەک حیزب نیە و ئیدی ئەو بارە ئایدیۆلۆجیکەی جارانی لە دەست داوە. ئەمە هەر کاریگەری رێککەوتنی ستراتیژیکی سیاسیی دوو حیزب لە سەر زمانی کوردی پیشان نادات، بەڵکوو ئەوەش دەردەخات کە وەک چۆن دەستەواژەکان دەتوانن ببنە دالی ئایدیۆلۆجیک، هەرواش دەتوانن لە ئایدیۆلۆجی دابماڵدرین. من لە سیمینارێکدا لە بنکەی رۆشنبیریی کاوە لە سێپتامبەری 2003 هەمان ئەم مەسەلەیم وت کە دوایی یەکێک لە رۆژنامەکان لە زاری منەوە کردبووی بە سەردێڕ. لەبەر گرنگیی باسەکە و لەبەر ئەوەی کە پێوەندی بەم بابەتەوە هەیە ئەو سەردێڕە لێرەدا دووبارە دەکەمەوە: ”بۆ سڕینەوەی کاریگەرێتیی سەلبیی ئایدیۆلۆژیا لەسەر جەستەی شوناسی کوردی، ئەم جەستەیە پێویستی بە داتەکاندن و چاکسازی هەیە.” با نموونەیەکی تری سەرنجڕاکێش لەم دالە ئایدیۆلۆجیکانە بهێنینەوە‌: گەر سەرنجی ورد بدەین، تێدەگەیین کە ئەو کوردانەی ئێران و بە تایبەت خەڵکی سەقز و زیاتر دیواندەرە و سنە و کامیاران کە کەمتر کوردییەکی پاراوی یەکگرتوو دەزانن لە کاتی قسەکردنیاندا و ئەوکاتەی دەیانەوێ یەکگرتوو قسە بکەن، کەڵک لە هەندێ وشە و دەستەواژە وەردەگرن کە بە تەواوەتی رەسەن و کوردین بەڵام ئەمڕۆکە هێندە لەلایەن ئەم جۆرە کەسانەوە دووبارە دەبنەوە و هێندەش بە ئاسانی دیارە کە ئاخێوەرەکە ئاگاداری زمانی یەکگرتووی کوردی نیە، بوونەتە دالی ئایدیۆلۆجیک بۆ ئەو کەسەی بە کاریان دەهێنێ. ئەم دالە ئایدیۆلۆجیکانە ئەوە دەردەخەن کە کەسەکە کوردییەکی رەوان و پاراو نازانێ و خاوەنی پێشینەیەکی پتەوی خوێندنەوە بە کوردی نیە و هەر بۆیەش ئاگاداری زۆر باس دەربارەی سووژە و مێژوو و فەرهەنگی کوردی نیە و بەڵکوو بە تەمبەڵییەکی سەیرەوە هەو‌ڵ دەدا کوردیی رەسەن قسە بکات. هەندێ لەم وشانە برێتین لە بوار، هەوار و هەوارگە، تێکۆشان، مەیدانی ئەدەب، باس و لێکۆڵینەوە، کۆبوونەوە، سپاس، زۆر، مامۆستا نالی، وێژە، کۆڕ. نموونەیەکی تری دالە ئایدیۆلۆجیکەکانی زمانی کوردی ئەو وشە سنەییانەن کە راستە کوردین و رەسەنن، بەڵام چەند نووسەر و شاعیرێکی سنەیی‌ تەنیا و تەنیا لەبەر پێداگرییان لەسەر بە ئەردەڵانی نووسین بە کاریان دەبەن (چونکە پێش چەند ساڵ بزاڤێکی لەم جۆرە لە سنە هەبوو و ئێستاش کەم تا کورت هەر ماوەتەوە)، وەک ‘منیچ’ لە جیاتی ‘منیش’ یان ‘پیاگگەر’ کە ‌هەمان ‘پیاوگەل’-ە. ئەمانە هەموویان دەچنە خانەی دالی ئایدیۆلۆجیکەوە ‌بەتایبەت ئەگەر کەسی نووسەر سەر بە گوتاری ئایدیۆلۆجیکی سنەییچێتی بێ. نموونە‌یەکی تری زەقی دالی ئایدیۆلۆجیک، بۆ وێنە، چۆنیەتی نووسینی ناوی ‘محمد’ ە لە دەزگاکانی راگەیاندندا. کوردستان تیڤی و زاگرۆس و کوردسات و گەلی کوردستان دەنووسن ‘محەمەد’ کەچی دوو کەناڵی سپێدە و پەیام دەنووسن ‘موحەممەد’. شێوە نووسینی ‘موحەممەد’ دالێکی ئایدیۆلۆجیکە،‌ ئەو کاناڵانە خاوەنی پەیڕۆ و پرۆگرامێکی ئیسلامین‌ و هەربۆیەش هەوڵ دەدەن رێنووسە کوردییەکە بە تەواوەتی و دەقاودەق وەک دەربڕینی عەرەبیی ئەو ناوە‌ وابێ. هەر بەهەمان شێوەش، هەر دوو کەناڵی سپێدە و پەیام زۆر بە پێداگرییەوە‌ وشە عەرەبییەکانی نێو شعری کلاسیکی کوردی بە هەمان شێوە عەرەبییەکەیان دەنووسنەوە، کەچی لەو کەناڵانەی تردا ئەو وشە عەرەبیانە بە رێنووسی کوردی دەنووسرێنەوە. نموونەیەکی تری ئەم دالە ئایدیۆلۆجیکانە ئەمەیە: دوو وشەی ‘ئێستا’ و ‘نها’ هیچ جیاوازییەکی مانایی و رێزمانییان پێکەوە نیە کەچی دوو کەناڵی کوردسات و گەلی کوردستان بە پێداگرییەوە هەریەکەو یەکێکیان بە کار دەهێنێ. ئەم گۆمە‌ کاتێ قووڵتر ئەبێتەوە کە سەرنج بدەینە‌ ئەو واقیعەی کە کەناڵی کەی ئێن ئێن لە دەستەواژەی ‘بەپەلە’ بۆ هەمان مەبەست سوود وەردەگرێ. واتە لە شارێکدا، واتە سلێمانی، سێ کەناڵی ئاسمانیت هەیە و هەر کامەیان لە یەک وشەی جیاواز بۆ یەک مەبەست کەڵک وەردەگرێ، کەچی هەر بیست و دوو دەوڵەتی عەرەبی لە هەموو راگەیاندنەکانیاندا بۆ ئەو مەبەستە تەنیا لە یەک وشە، واتە ‘عاجل’ کەڵک وەردەگرن. لە زمانی ئینگلیسیدا هەر بە هەمان شێوەیە، واتە سەرجەم کەناڵە ئینگلیسییەکانی سەرجەم وڵاتانی دنیا لە دەستەی واژەی Breaking News بۆ نیشاندانی هەواڵێکی بەپەلە سوود وەردەگرن، کەچی لە کوردستاندا و لە یەک شاردا سێ کەناڵ لە سێ وشەی جیاواز بۆ یەک مەبەست ئەویش لە راگەیێنەریکی گشتیدا کەڵک وەردەگرن. ئەم گەمەیە کاتێ سەرنجراکێشتر ئەنوێنێ کە بزانین کوردستان تیڤی هەر بۆ هەمان مەبەست لە ‘نوێ’ سوود وەردەگرێ. بە واتایەکی تر، سەرجەم ئەم کەناڵانە پشتیان بەستۆتە کۆمەڵێ دالی ئایدیۆلۆجیکەوە. ئەم دالانە، سابجیکتیڤیتیی جیاواز لە شوناسی کوردیدا بەرهەم ئەهێننەوە، واتە، ئەم کەناڵانە کە بانگەوازی یەکگرتوویی و‌ خەباتی نیشتمانی دەکەن بۆ خۆیان گرنگترین دەوریان هەیە لە شپرزەیی و ئاڵۆزی و دابەشکاریی و ئایدیۆلۆجیکبوونی ناسنامەی کوردیدا. لێرەدا گەر بمەوێ نموونەیەکی جیاواز لە زمانی ئایدیۆلۆجیک بەهێنمەوە، ئەبێ ئاماژە بۆ ئەو نموونانە بکەم کە تێیاندا دوو وشەی هاومانا، بەڵام یەکێکیان خاوەنی بارێکی زانستی، لە تەنیشت یەک ریز دەکرێن. ‌ماوەیەک پێش ئێستا لە یەک رۆژدا سێ دیاردەی هاوشێوەم لەم جۆرە زمانە لە سێ کەناڵی تەلەڤیزیۆنی جیاوازدا بینی: سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە قسەکانی پێس دەستپێکی دانیشتنەکەی پەرلەماندا لە دەستە واژەی ”روش و متد” کەڵکی وەرگرت. هەر هەمان رۆژ، د. بەرهەم ساڵح لە لێدوانێکیدا‌ دەستەواژەی ”مێتۆد و رێباز”ی بەکار هێنا. هەر هەمان رۆژ لە بەرنامەیەکی سیاسیی کەناڵێکی تردا دەستەواژەی ”مێتۆد و رەوش” م بیست. گەر بمانەوێ لەم دیار‌دەیە بکۆڵینەوە (مەبەستم لە دیاردە لێرەدا بەکارهێنانی هاوشێوە‌ی زمانە لەلایەن سێ لایەنی سیاسیی جیاوازەوە)‌، ئەوا بەم دەرئەنجامانەی خوارەوە دەگەیین: 1 ـ هەر سێ کەسەکە دەزانن کە مێتۆد و روش یان رێباز تا رادەیەک هەر یەک مانایان هەیە و کەچی بە ئەنقەست و بە وریایی تەواوەوە هەردوو وشەکە کە خاوەنی یەک مانان لە تەنیشت یەک‌ بەکار ئەهێنن. 2 ـ هەر سێ لایەنەکە دەیانەوێ لەم رێگەیەوە مۆرک یان لایەن یان خەسڵەتێکی زانستیانە ببەخشنە قسەکانیان بەتایبەت لە رێگەی کەڵک وەرگرتن لە زاراو‌ەی مێتۆدەوە. 3 ـ لە نێوان هەر سێ لایەنەکە لە لایەکەوە و زۆربەری هەرە زۆری بەردەنگەکانیان لە لایەکی ترەوە جۆرێک لە مەودا یان بۆشایی دروست دەبێ بە هۆی ئەم جۆرە بە کارهێنانەی زمانەوە، یان وردتر بڵێم بە هۆی بەکارهێنانی وشەی مێتۆدەوە لەپاڵ وشەی روش یان رێبازدا بەردەنگ لەوە ئاگادار دەکرێتەوە کە هەم باسەکە رەنگ و بۆنێکی زانستی هەیە و هەم کەسی ئاخێوەریش ئاگاداری ئەو زانستەیە. وشەی مێتۆد، جگە لەوەی کە وشەیەکی لاتینیە، لە باسە زانستییەکاندا دێتە بەکارهێنان و رێک دەمانخاتەوە بیری زاراوەی میتۆدۆلۆژی کە زاراوەیەکی تەواو زانستیە. 4 ـ بۆشایی نێوان ئەو کەسانە و زۆربەی بەردەنگەکانیان بەو هۆیەوەیە کە زۆربەی بەردەنگەکانیان خێرا هەست دەکەن کە ئاخێوەران وشەیەکی گران و زانستیانە و گرنگیان بەکار هێناوە، ئەو وشەیەی ئەمان قەت بە کاری ناهێنن و مستەوای خوێنەواریشیان ئەو مۆڵەتەیان ناداتێ ئەو جۆرە وشانە بەکار بهێنن. کەواتە، بەردەنگەکان لێرەدا هەست بە جیایی یان بۆشاییەک دەکەن لە نێوان خۆیان و ئەو کەسانەدا‌. 5 ـ راست بە پێچەوانەوە‌، ئەم بۆشاییە نەک هەر نابیتە هۆی لێک دوورکەوتنەوەی ئەم دوو لایەنە، بەڵکوو دەشبێتە هۆی پێکەوە بەستنەوەیان. ئەم بۆشاییە وا لە بەردەنگ دەکا ببێتە سووژەی ئاخێوەرەکە و، ئەم بیرۆکەیەی لا گەڵاڵە دەبێ کە هەر ئەوانن باشترین کەس بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی وڵات. ئەم بۆشاییە بەردەوام لە نێوان ئاخێوەرەکە و بەردەنگەکەدا دروست دەکرێ و بەردەوام ئامادەیە و هەر ئەمەشە نابێتە هۆی لێکپچڕانیان. بە واتایەکی تر، ئەم بۆشاییە تا رادەیەکی زۆر لە هەمان بۆشایی دەچێ کە لاکلائۆ پێی وایە دال دروستی دەکات و دەبێتە هۆی بەردەوام بوون و مانەوەی گوتارە ئایدیۆلۆجیکەکان. سازبوونی ئەم بۆشاییە دەرئەنجامی کارابوونی ئایدیۆلۆجییە و سووژەکان جارێکی تر دەکاتەوە بە سووژەی خۆی. ئەوانەی سەرەوە تەنیا چەند نموونەیەکی سادەن لەو ساتەوەختانەی زمان و ئایدیۆلۆجی دەگەینە یەک. بەڵام گەر بمانەوێ زیاتر لەسەر چۆنیەتی و مێکانیزمی ئەم بە ‌یەک گەیشتنە قسە بکەین، ئەوا باسەکانمان دیسانەوە تیۆریک دەبنەوە و جێگەیان ئێرە نیە. بەڵام تەنیا ئەوە بڵێم کەلە ناسنامەی هەر سووژەیەکی کوردیدا جۆرێک لە دیالێکتیکی ناوەکی هەیە لە نێوان سابجێکتیڤیتییە ئایدیۆلۆجیکەکاندا و ئەم دیالێتیکانەش زۆربەی کاتەکان دالە ئایدیۆلۆجیکەکان و زمانی ئایدیۆلۆجیک سازی دەکەن. مەرج نیە ئەم دیالێکتیکانە بەردەوام بگەینە ‌ئەنجام، بەڵکوو، بە پێچەوانەوە، لە زۆربەی کاتەکاندا، ئەم دیالێکتیکانە لەبری بنیاتنەر بوون و گەیشتن بە سەنتێز رووخێنەرن، واتە لەبری ئەوەی سابجێکتیڤیتییەکی تازە لە ناسنامەی سووژەدا دروست بێ و بە هۆشیەوە سووژە لە قەیرانی شوناس دەرباز بێت، سووژە نازانێ و ناتوانێ یەکێک لە سابجێکتیڤیتییە پێکەێنەرەکانی ناسنامەی خۆی بکاتە لایەنی زاڵی ناسنامەی خۆی. ئەمەش لە ئەنجامدا سووژەی کوردی لە باری دەروونناسانەوە تووشی ئەو شتە دەکات کە ئەمڕۆکە زۆرجار دەیبیستین: قەیرانی شوناس.
مەسعوود بینەندە: قەیرانی شوناس چ پێوەندییەکی بە پێوەندیی نێوان زمان و ئایدیۆلۆجییەوە هەیە؟
دوکتۆر بەختیار سەجادى: گەرچی ئەم زاراوەیە ئیمڕۆژە لە لایەن زۆر کەسەوە و بەتایبەت لە راگەیینەرەکاندا بەکار دەبرێ، بەڵام بۆ من قەیرانی ناسنامە هیچ نیە جگە لە ململانێ و دیالێکتیکی هەردەم ئامادەی نێوان ئایدیۆلۆجییە جیاوازەکان زمانی سووژەدا. روونتر بڵێم، ناسنامە دەکرێ بە دوو شێوەی تەواو جیاواز سەیر بکرێ. زۆربەی هەرە زۆری میدیاکان و تەنانەت خەڵکی شارەزا و پسپۆڕیش و بەتایبەت کوردناس و رۆژهەڵاتناسە رۆژئاواییەکان شوناس بە ‘خودێتی’ دادەنێن کەچی لە روانگەی منەوە شوناس وەک ‘هاوشێوەیی’ سەیر دەکرێ. ئەمەش ئەو جیاوازییەیە کە باشتر لە هەر کەسێک پۆل ریکۆر باسی لێوە کردووە. ریکۆر دەڵێ: واژەی ‘ئایدێنتیتی’ لە هەناوی خۆیدا هەڵگری دوو واتای جیایە : selfhood and samenessباسکردنی جیاوازیی نێوان ئەم دوو بۆچوونە گەلەک سەختە، بەڵام بە نموونەیەکی ساکار کێشەکە چارەسەر دەبێ: ئێمە دەتوانین بە دوو شێوەی جیاواز‌ رووبەڕووی رستەی‌ ‘من کوردم’ ببینەوە: یەکەم، ‘من’ واتە ‘کورد’، یان باشتر بڵێم: من ـ کورد. کەواتە، بۆ ناسینی ‘من’ پێویستە سەرەتا بزانین کوردان کێن، لە کوێ دەژین، سەر بە کام ئایین و رەچەڵەکن، فۆلکلۆر و مێژو و ئەدەب و زمانەکەیان کامەیە، پاشان دەتوانین بزانین ‘من’ کێیە. ئەمە ئەو بۆچوونە باو و زاڵەی نێو نووسینەکانە،‌ تەنانەت‌ بەرهەمی هەندێ پرۆفێسۆر و مامۆستای زانکۆ و تەنانەت ژمارەیەکی زۆر لە ئاکادێمیسیەنە رۆژئاواییەکانیش کە لەسەر مێژوو و ئەدەب و سیاسەتی کوردان کار دەکەن. من ئەم بۆچوونە بە سادە و رووکەشیانە دەزانم چونکە ئەوان پێش ئەنجام دانی لێکۆڵینەوە زاراوەی ‘ئایدێنتیتی’یان پێشوەخت بۆخۆیان پێناسە کردووە و بەم پێش زەمینەیەوە کە دەزانن ‘ئایدێنتیتی’ چییە خەریکی کاری رۆژهەڵاتناسین. ئەوان تەنیا لایەنی selfhood ی ئایدێنتیتی ـ یان بە لاوە مەبەست و گرنگە. رێگەی دووەم بۆ تێگەیشتن لەو رستەیە ئەوەیە کە لە جیاتی ئەوەی بۆ تێگەیشتن لە ‘من’ لە زاراوەی ئاشنای ‘کورد’ کەڵک وەربگرین، سەرەتا بزانین ئەم ‘من’ە لەگەڵ چیدا ئەمئەوە. بە واتایەکی تر، بۆ پێناسە و تێگەیشتن و لێکۆڵینەوەی ‘من’ پێویستە سەرەتا بزانین ئەو سابجێکتیڤیتییانە کامانەن کە ئەو ‘من’ەیان پێکەێناوە. واتە، بە مەبەستی تێگەیشتن لە ناسنامەی ‘من’، ئیدی خێرا ناچینەوە سەر پێناسەیەکی سادە و ئامادە کە هەمان کورد بوونیەتی. لێرەدا هەوڵ دەدە‌ین لەوە تێبگەین کە ‘من’،‌ واتە شوناسی ‘من’ لەگەڵ چیدا ئەمئەوە. ئەمەش ئەوەمان بیر دەخاتەوە کەلە نەریتی ئیدیالیزمی ئەڵمانى دا ئایدێنتیتی پێش ئەوەی بە مانای ‘ناسنامە’‌ بە کار ببرێ بە مانای ‘ئەمئەوێتی’ دێتە نووسین. واتە، هەر وەک چۆن لە هێگێل-دا بۆ پێناسەی ئاغا پێویستمان بە کۆیلەیە و تا کۆیلەیەک نەبێ ئاغا و ئەربابێکیش لە ئارادا نیە، یان وەک چۆن بۆ پێناسەی خودی مرۆیی پێویستە سەرەتا لەو سروشتە تێبگەین کە ئەو خودەی پێکەێناوە، لێرەشدا بۆ تێگەیشتن لە ناسنامەی ‘من’ پێویستە سەرەتا ئەو سوبژێکتیڤیتانە دەست نیشان بکەین کە شوناسی ئەو ‘من’ەیان پێکەێناوە. بە سەرنجدان بەو خاڵەی کە زۆربەی سوبژێکتیڤیتییەکان ئایدیۆلۆجیکن و لە زمانی سووژەدا بەرهەم دەهێنرێنەوە،‌ دەتوانین لە رێگەی لێکۆڵینەوە لە زمانەوە شوناسی ئەو سووژەیە شی بکەینەوە. دیارە سەرجەم ئەم سوبژێکتیڤیتیانە لە زمانی سووژەدا دەنوێندرێنەوە و لێرە دایە کە سەرنجدان بە زمان دەبێتە یەکەم و گر‌نگترین کاری ئێمە لە شیکردنەوە و ناسینی ناسنامە و کەواتە قەیرانی ناسنامەشدا. هەڵبەت وەکوو دوا خاڵ لەم باسەدا ئەوەش بڵێم کە لێرەدا مەبەست لە ‘من’ تەنیا سووژەیە و ئیدی مەبەست هەندێ زاراوەی هاوشێوەی ‌تر نیە وەک ئیگۆ، من، زەین، و خود. لە نێوان سابجێکتیڤیتییە پێکەێنەرەکانی شوناسی سووژەدا بەردەوام پێوەندییەکی دیالێکتیکی لە ئارادایە. ئەم پێوەندییە دەکرێ بە دوو جۆری دیالێکتیکی نێوان ـ زەینیی بنیاتنەر و دیالێکتیکی نێوان ـ زەینی رووخێنەر دیاری بکەین. لە حاڵەتی یەکەمدا سابجێکتیڤیتییەکی تازە دروست دەبێ یان یەکێک لە سابجێکتیڤیتییەکان دەبێتە لایەنی زاڵی ئەو شوناسە. لە حاڵەتی دووەمدا سووژە لە نێوان ئەم سابجیکتیڤیتیانەدا سەرگردانە و پێوەندییە دیالێکتیکییە نێوان ـ زەینیەکانی شوناسی ئەو سووژەیە ناتوانن بگەنە دەرئەنجامێک کە بەو پێیە بیچم بدەنە جیهانبینیی و روانینەکانی سووژە. لەم حاڵەتە دایە کە قەیرانی شوناس سەردەگرێ. هەڵبەت ئەوەش بڵێین کە هەر ئەم زاراوەیە ئەمڕۆژە بۆتە خاوەنی واتایەکی تەواو سیاسی، واتە، هەر لایەنی سیاسییە و لە هەوڵی زاڵکردنی سابجێکتیڤیتیی دڵخوازی خۆیەتی لەناو ناسنامەی سووژەکان دایە. ئەم زاراوەیە لە کۆمەڵناسیشدا بە لێشاو بەکار دەبرێ، بەڵام من بە مێتۆدێکی دەروونشیکارانەوە لەم دیاردەیە دەکۆڵمەوە و یەکسەر دەیبەستمەوە بە پێوەندییە دیالێکتیکەکانی نێو زمان و سابجێکتیڤیتییەوە. خاڵی هەرە گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە سەرجەم ئەم کارانە لە مەیدانی زماندا سەردەگرێ. واتە، قەیرانی شوناس هەم لە رێگە و بە هۆی زمانی سابجێکتیڤیتییە جیاجیاکانەوە دێتە ئاراوە و هەم لەناو زماندا رەنگ دەداتەوە. شوناسی سووژە بەردەوام لە گۆڕان دایە و لەوانەیە لە یەکێک لە وێستگەکانی ئەم گۆڕانکارییانەدا سووژە رووبەڕوی قەیرانی شوناس ببێتەوە. شوناسی سووژە هیج کاتێک رواڵەتێکی کامڵ و داخراو ناگرێتە خۆی و بەردەوام بەهۆی دیالێکتیکە هەمیشە ئامادەکانی نێوان سابجێکتیڤیتییەکانەوە دەگۆڕدرێ. سەرجەمی ئەو پرۆسەیەش هەم لە زماندا روو دەدات و هەم لە شیکردنەوەیدا دەبێ سەرنج بدەینە نواندنەوەی ئەو دیالیکتیکانە لە زمانی سووژەدا. لە شیکاریی قەیرانی ناسنامەی سووژەدا من سەرنج دەدەمە‌ کاریگەریی لێپیچینەوە ئایدیۆلۆجیکی دەرەوەی کیانی سووژە لەسەر نامۆیی زمانناسانەی سووژە. لێرەدا دەتوانین باس لە لێپێچینەوە ناوەکییەکانی سووژە بکەین و بە پەیڕەوی لە میتۆدی باتلێرەوە دەتوانین بە شێوەیەک باس لە لێپیچینەوەی هێگێلی (Hegelian Interpelation) بکەین. واتە، لە بۆچوونی مندا لێکۆڵینەوە لە دەرئەنجامەکانی لێپێچینەوە ئایدیۆلۆجیکە ناوخۆییەکانی سووژە و چۆنیەتی دەرکەوتنیان لە زماندا هەمان شیکردنەوەی قەیرانی ناسنامەی سووژەیە. مەسعوود بینەندە: پێوەندیی نیوان زمان و ناخودئاگا بە چ شێوەیەکە و تا چ ئاستێک گرنگ و چارەنووس سازە؟ دوکتۆر بەختیار سەجادى: مێکانیزمی نێوان سێکوچکەی زمان، ناخودئاگا، و ئایدیۆلۆجی دەبێتە هۆی سازبوونی ناسنامەی سوژە. لەناو کورددا چەند پێویستمان بە شیکردنەوەی چەمکی ئایدیۆلۆجی هەیە دوو ئەوەندە پێویستمان بە پێناسە و راڤە و شیکاریی چەمکی ناخودئاگا هەیە. هەوڵ دان بۆ تێگەیشتن لە مێکانیزمی نێوان زمان و ناخودئاگا بۆتە باسێکی ناوەندی لە زۆربەی لێکۆڵینەوە دەروونشیکارانەکاندا. بەڵام، پێش ئەم لێکۆڵینەوەیە پێویستە ئێمە زیاتر ئاوڕ لە چەمکی ناخودئاگا بدەینەوە. ناخودئاگا زۆرتر لەوەی بیری لێ دەکەینەوە لە کردار و بەرهەم و کەسایەتیماندا‌ کاریگەر و ئامادەیە. با بەم پرسیارانەوە دەست پێبکەین: ئایا تا ئێستا ئەو پرسیارەمان لە خۆمان کردووە کە لەبەر چی لە تورکیا سەرەڕای ئەوەی زۆربەی هەرە زۆری کەناڵەکانی راگەیاندن خاوەن دید و بۆچوونێکی سێکولارن، کەچی خەڵکی ئەو وڵاتە هێشتا زۆربەی هەرە زۆریان ئایینین؟ وەڵامەکە بۆ کەسێک ئاگاداری باسە تیۆریکەکان بێ دەربارەی ناخودئاگای مرۆیی و تواناکانی و کاریگەرییە درێژخایەنەکانی، زۆر سادەیە. تورکیا بۆ ماوەی چەندین سەدە یەکێک لە ناوەندە گەورەکانی دنیای ئیسلامی بوو. سابجێکتیڤییی ئایینی Religious subjectivity تەنانەت ئێستاکەش لایەنی زاڵی شوناسی سووژەی تورکیایی پێک ئەهێنێ. دزەکردنی بیری ئایینی و وشە و دەستەواژە ئایینیەکان بە تەواوەتی لە زمانی تورکیی ئەستەمبۆڵیدا هەست پێدەکرێ و گەر بە وردی سەرنج بدەین، تێدەگەین کە تەنانەت لە زمانی ئەو کەناڵە سێکولارانەشدا هەست بە گەلێک دالی ئایدیۆلۆجیک دەکەین، واتە، زمانەکە لێوانلێوە لە وشە و دەستەواژە ئیسلامییەکان کە وەک میرات لە عوسمانیەکانەوە ماونەتەوە. دەسەڵاتی ئەم دالانە هێندە زۆرن کە توانیویانە تا رادەیەک بەر بە رەوتی ئولگووسازیی سێکولار لەو وڵاتەدا بگرن. لەم چەند ساڵەی دواییشدا کە لایەنی سیاسیی دەسەڵاتداری هەنووکەیی هاتە سەر کار هێندەی تر ئەم رەوتە پەکی کەوت و ئێستا وا خەریکە تورکیا ببێتەوە بە وڵاتێکی بەهێزی ئولگووسازیی ئیسلامی. ئامادەبوونی ئوردوغان لە کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبیدا‌ لە میسر و هاوشێوەییەکانی سیاسەتەکانی تورکیا لەگەڵ کۆمکاریی عەرەبی لە چەند پرسی هەستیاری هەنووکەییدا ئەوەی خستە روو کە تورکیا و شوناسی تورکی زۆر زیاتر لەوەی هەستی پێدەکەین خۆی بە خانەخوێ و ئولگووی دنیای ئیسلامی دەزانێ. یەکێک لە دەرکەو‌تەکانی سابجێکتیڤیتیی ئایینی لە ناسنامەی سووژەی تورکیدا، ئەو سووژەیەی ئەیەوێ ببێتە بەشێک لە ئەورووپا، ئامادەبوونی گەلەک دالی ئایدیۆلۆجیکە کە‌ بوونەتە لایەنی زاڵ لە ناخودئاگای ئەو سووژەیەدا‌. یەکێک لە رێگەکانی پەرەسەندنی گوتارە سێکۆلارەکان‌ لە گۆڕانکاریی زمانناسانەیە و ئەم کارەش لە رووی تیۆریکەوە مەحاڵە و گەریش سەر بگرێ، ئەوا درێژخایەنە. نموونەیەکی تر لە دەسەڵاتی ناخودئاگا ئەمجارەیان لە ئێران شکستهێنانی ئەو هەموو هەوڵە بوو بۆ خاوێن کردنەوەی زمانی فارسی لە وشە و دەستەواژەی عەرەبی. بە واتایەکی تر، لە ئاقاری ئایدیۆلۆجی و ناخودئاگادا گەمەکان پێچەوانە دەبنەوە: واتە، لە جیاتی ئەوەی وشە فارسییەکان خۆماڵی بنوێنن بۆ فارسەکان و وشە عەرەبییەکان بیانی، رێک بە پێچەوانەوە، هەندێ وشەی فارسی بوونەتە خاوەنی بارێکی ئایدیۆلۆجیکی هێندە بەهێز کە ئیدی وشە عەرەبییەکان بە شێوەی ئایدیۆلۆجیک دەرناکەون. هۆکاری نائایدیۆلۆجیک بوونی وشە عەرەبییەکانی زمانی فارسی دەگەڕێتەوە بۆ جێگیربوونیان لە ناخودئاگای ئێرانیەکاندا بۆ ماوەی چەندین سەدە و بەکارهێنانیان لەو هەموو دەقە فارسییە کۆن و تازەیەدا‌ و بوونیان بە ئولگوو لە کۆنەستی ئێرانیدا. ئایدیۆلۆجی تا لە ناخودئاگادا جێگیرتر و مسۆگەرتر بێ، کاریگەرترە و لەم حاڵەتە دایە کە ئیدی ئایدیۆلۆجیک بوونی فەرامۆش دەکرێ و دەبێتە بەشێک لە کیانی ئەو ناسنامەیە. ئەمە راڤەی زانستیانەی ئەو قسە باوەیە کە دەڵێن وشە عەرەبییەکان بوونەتە موڵکی زمانی فارسی. ئەو پرۆسەیەی کە تێیدا زمان تاکەکەس دەکاتە سووژە و یان باشتر بڵێین تاکەکەس دەکاتە سووژەی خۆی، بە ‘نامۆیی زمانناسانە’‌ ناسراوە کە دەستەواژەیەکی لاکانیەLinguistic alienation) ). واتە ناسنامەی سووژە بە هۆ و لە رێگەی زمانەوە شکڵ دەگرێ. بە واتایەکی روونتر، زمان نەک هەر شوناسی سووژە دابین دەکات، بەڵکوو گرنگتر لەمە، زمان لە ناخودئاگای سووژەدا جێگیر دەبێ و دەست دەکاتە دروست کردنی سابجێکتیڤیتی‌. ناسنامەی مرۆڤ لە راستیدا برێتییە لە کۆی سابجێکتیڤیتییە‌کانی ئامادە لە ناخودئاگای ئەو سووژەیەدا، ئەو سابجێکتیڤیتیانەی زۆربەیان ئایدیۆلۆجیکن و بە هۆی زمانەوە سازکراون. بۆ ئەوەی ئەم تیۆریانە زۆر یونیڤێرسال نەبنەوە، ئەو رەخنەیەی بەردەوام لە لاکان گیراوە، دەکرێ باس لەوە بکەین کە پرۆسەی نامۆیی زمانناسانە هاوکات لە هەناوی خۆیدا هەڵگری لێپیچینەوەی ئایدیئۆلۆجیکیشە‌. کەواتە، بە مەبەستی دیاریکردنی ناسنامەی سووژە، دەکرێ ئەو دالە ئایدیۆلۆجیکانە دەستنیشان بکەین کەلە پرۆسەی نامۆیی زمانناسانەدا دەبنە هۆی سازبوونی سابجێکتیڤیتی‌ لە شوناسی سووژەدا. دالی ئایدیۆلۆجیک لە ناخودئاگای سووژەدا جێگیرە و لێرەدا پێوە‌ندیی نێوان ئایدیۆلۆجی و ناخودئاگا دەبێتەوە بە کێشیەکی تیۆریک کە دەبێ چارەسەری بکەین و ئیدی لێرەدا باس لەو چارەسەر کردنە ناکەم. باسکردن دەربارەی زمانی کوردی و ناخودئاگای ئێمە سەرەتا پێویستی بە پێناسە و راڤەکاریی چەمکی ناخودئاگا هەیە لە ئاقاری لێکۆڵینەوە کوردییەکاندا. راستە ئەمە کارێکی تا بڵێی سەخت و درێژخایەن و بەرفراوانە، بەڵام دەست نیشان کردنی سابجێکتیڤیتییەکانی ئامادە لە زمانی کوردیدا ئەو رێگا سەختەمان بۆ هەموار دەکەن. واتە، بۆ تێگەیشتن لە ناخودئاگای کوردی دەبێ سەرەتا لەو سابجێکتیڤیتیانە تێبگەین کە ئەو ناخودئاگایەیان پێکەێناوە. ئەمەش دیسانەوە دەمان باتەوە‌ سەر کار کردن لە سەر زمانی کوردی یان ئەو زمانانەی پێشتر لە پەروەردە کردنی سووژەی کوردیدا کاریگەر بوونە، وەک فارسی و عەرەبی و تورکی. کەواتە، هەموو رێگایەک دەچێتەوە بۆ ‘زمان.’ ناخودئاگا نەک هەر بنەمایەکی وەک ئەوەی زمانی هەیە بەڵکوو لە رێگەی فێربوونی زمانەوەیە‌ کە سووژە دەبێتە خاوەنی ناخودئاگایەکی تۆزێک تەکوزتر لەوەی پێشتر هەڵگری بووە (مەبەست ئەو ناخودئاگایەی سووژە پێش فێربوونی زمان هەیبوو). لێرەدا ئێمە بە تەواوەتی لاکانین کاتێ دەڵێین بنەمای ناخودئاگا وەک بنەمای زمان داڕێژراوە. واتە، ئەو زمانەی کەسێک دەکاتە سووژە، هاوکات بیچمیش دەداتە ناخودئاگای هەمان کەس. ئەمەش واتە پێوەندیی راستەوخۆی نێوان زمان و ناسنامە؛ هەڵبەت بە هەڵەدا نەچین، لیرەدا مەبەست لە زمان زمانی سووژەیە و مەبەست لە ناسنامە ناسنامەی سووژەیە‌. پێوەندییەکی دوولایەنە ‌و دیالێکتیکی لە ئارادیە لە نێوان زمانی کوردی و ناخودئاگای سووژەی کوردی بە شێوەیەک کە هەر یەکە ئەویدی بەرهەم ئەهێنێتەوە. هەربۆیەش من هاوشێوەییەک دەبینم لە نێوانیاندا. باسکردن لەم هاوشێوەییە کاتی زۆرتری ئەوێ و لێرەدا باسی ناکەم. مەسعوود بینەندە: ئایا دەکرێ چەند نموونەیەکی پراکتیکی لە پێوەندیی نێوان زمانی کوردی و ناخودئاگا بهێننەوە؟ دوکتۆر بەختیار سەجادى: باشترین شوێن بۆ نیشاندانی پێوەندیی ناخودئاگا و زمانی کوردی ئەو دەقە ئەدەبیانەن بە شێوەیەکی دەروونناسانە هەناوی کەسایەتییەکانیان خستۆتە روو. من ئەم کارەم پێشتر لە خوێندنەوەی دوو رۆمانی حەسار و سەگەکانی باوکم بەرهەمی شێرزاد حەسەن‌ و گرەوی بەختی هەڵالە بەرهەمی عەتا نەهایی بە ئەنجام گەیاندووە. گەر بمەوێ لێرەدا ئاماژە بۆ چەند نموونەیەکی تیۆریک بکەم دەربارەی پێوەندیی زمان و ناخودئاگا، دەتوانم ئاماژە بۆ نەبوونی شێوەی داهاتووی فرمان لە رێزمانی کوردیدا بکەم و پاشان باسی و دەرئەنجامەکانی ئەم مەسەلەیە بکەم لە ناخودئاگای کوردیدا. وەک دەزانین لە زمانێکی وەکوو ئینگلیسیدا ئێمە خاوەنی چەندین شێوەی جیاجیاین بۆ دەست نیشانکردنی ئەو کردارانەی لە داهاتوودا سەردەگرن وەک: I will call you I shall call you I am going to call you I will be calling you لە زمانی فارسیشدا گەرچی بە مەبەستی دیاری کردنی کرداری داهاتوو لە ‘خواە’ کەڵک وەردەگیردرێ، بەڵام ئەم جۆرە بەکارهێنانە ئەمڕۆکە بۆتە هەڵگری شێوازێکی رەسمی. واتە لەبری ‘خواهم رفت’ دەوترێ ‘می روم’. لە عەرەبیشدا ‘س’ و ‘سوف’ هەمان دەور دەگێڕن. لە کوردیدا، بەڵام، ئێمە خاوەنی شێوەیەکی تایبەت لە کردار نین ئاماژە بێ بۆ داهاتوو. نەبوونی شێوەی داهاتوو لە کرداردا لە رێزمانی کوردیدا و بە تایبەت لە سۆرانیدا هەم هۆکار و هەم دەرئەنجامی جۆریکە لە ‘رابردووخوازی’ لە ناخودئاگای سووژەی کوردیدا (هەڵبەت لە کرمانجیدا یەک شێوەی کرداری داهاتووی نزیکمان هەیە). بۆیە دەڵێم هۆکار و دەرئەنجام، چونکە نازانین ئایا ئەمە نەبوونی ئەو کردارەیە کە زەینیەتەکەی بەرهەم هێناوە یان خودی زەینیەتەکەیە کە ئەو کردارەی بەرهەم نەهێناوە، هەڵبەت لێکۆڵینەوەکانی من بەو دەرئەنجامە گەیشتوون کە ئەمە نەبووونی ئەو کردارە لە زمانی کوردی دایە کە ئەو زەینیەتەی بۆ خولقاندووین. لێرەدا زۆر لەسەر ئەم پرسە ناڕۆم. هەڵبەت ئەوەش بڵێم کە خودی ئاگاداربوون لەم بیرۆکەیە دەتوانێ دەورێکی سوودبەخش ببینێ لە نەمانی ئەو زەینیەتەدا. ئەم دیاردەیە، واتە ئاگادار بوونەوەی سووژە لە کەمایەسییە جەوهەرییەکانی خۆی‌‌ لەلایەن خودی سووژەکەوە بە meta-awareness ناودەبرێ. نموونەیەکی تر لە پێوەندیی نێوان زمان و ناخودئاگای کوردی نەمانی سەربەخۆیی و تاکایەتی وشەکان لە زمانی کوری دایە کەلە سەرەوە باسم لێکرد و چەندین نموونەم بۆ هێنایەوە. ئەم تایبەتمەندییە بۆتە هۆکار و دەرئەنجامی پشتگوێ خستنی تاکایەتی چ لە ناسنامە و چ لە سیستەمی فەرهەنگیی ئێمەدا. بۆ نموونە، لە هەڵپەڕکێدا جگە لە سەرچۆپی هیچ جێگایەک بۆ تاکایەتی یەک تاکەکەسی ناو کۆڕی هەڵپەڕکێ نامێنێتەوە و دەبێ سەرجەم ئەوانەی پێکەوە هەڵدەپەڕن لە یەک ریتم و یەک جووڵەی ریتمیک پەیڕەوی بکەن و گەر کەسێک ئەم کارە نەکات نەزمی هەڵپەڕکێکە تێکدەچێ. واتە، ئەوانەی هەڵدەپەڕن سەربەخۆ نین لە جووڵەکانیاندا، بەڵکوو سەر بەو ریتم و جووڵانەن کە هەموان ئەبێ رەچاوی بکەن. بە واتایەکی تر، نەبوونی سەربەخۆیی لە وشەدا چ لە دەربڕینیاندا و ج لە نووسینیاندا ئەمجارەیان لە نەبوونی سەربەخۆیی و تاکایەتی لە کایە فەرهەنگییەکانی ترماندا رەنگی داوەتەوە. ئەم نموونانە یەکجار زۆرن و دەتوانین دەرکەوتەکانیان لە شێوەکاری و موزیک و ئەدەبدا بدۆزینەوە. یەکێکی تر لەو تایبەتمەندیانە کەلە سەرەوە باسم کرد و دەکرێ دەرئەنجامەکانی لە ناخودئاگادا ببینرێتەوە سروشتی بوونی زمانی کوردییە، ئەم تایبەتمەندییە لە زەینیەتێکی پێشمۆدێڕنەوە هەڵدەقوڵێ‌، سروشتیبوونی زمان و سابجێکتیڤیتیی پێشمۆدێڕن یەکدی بەرهەم ئەهێننەوە. ئەمە زەینیەتێکی مۆدێڕنە کە دەتوانێ بە خودئاگاییەوە بەر بە مۆرک و لایەنە سروشتییەکانی زمانی کوردی لە نووسینێکدا بگرێ و بەردەوام هەوڵی رەچاوکردنی توخم و رەهەندە زانستییەکان بدات، واتە، زمان لە سروشتی بوونەوە بەرەو زانستیبوون ببات، هەرچەند پێوانی ئەم رەوتە یەکجار سەختە و لە ئێستاشدا ناتوانرێ بە تەواوی سەر بگرێ. هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لە زماندا پێویستی بە ماوەیەکی درێژخایەن هەیە و با لە بیرمان نەچێتەوە کە گۆڕانکاری لە زماندا واتە گۆڕانکاری لە ناخودئاگادا.‌ ئەم رەوتە هێندە ئەستەم و پڕ تەنگوچەڵەمە و درێژخایەنە کە زۆرێک لە بیرمەندان پێیان وایە ناتوانرێ سەر بگرێ. بەڵام چەند بیرمەندێکی پاش بنەماییخواز، بۆ نموونە باتلێر، ئەوەیان بۆ شی کردووینەتەوە کە ئەم کارە دەکرێ ئەنجام بدرێ هەڵبەت لە ئاستێکی زۆر بچووکدا و بە رادەیەکی کەم. هەربۆیەش، ئێمە زۆر بە ئاسانی دەتوانین قامک بخەینە سەر ئەو خەسڵەتە نازانستیانەی دەقێکی کوردی کە خاوەنەکەی بانگەشەی زانستی بوونی بەرهەمەکەی دەکات. یان، گەر سەرجەمی بەرهەمەکانی بیرمەندێکی کورد بخەینە بەر لێکۆڵینەوە، زۆر ئاسانە قامک لەسەر ئەو دژایەتییانە دابنێین کە لەناو ئەو سیستەمە فیکرییەی دایە کە بیرمەندەکە هەوڵی بەرهەمهێنانی داوە.
پێناسەی دوکتور بەختیار سەججادی:
√ خاوەنی دوو بڕوانامەی دوکتۆرایە:‌ ساڵی 2007 لە زانکۆی پونا لە هیند دوکتۆرای فەلسەفەی وەرگرتووە، تێزەکەی لەسەر پێوەندیی نێوان فەلسەفەی رەخنەگرانە و تیۆریی ئەدەبی بووە. لە کۆتایی ساڵی 2010 لە زانکۆی ئێکسێتێر لە بریتانیا دوکتۆرای زمان و ئەدەبی ئینگلیسی تەواو کردووە و تێزەکەی لەسەر شیکردنەوەی ناسنامەی سووژە بووە لە رۆمانی هاوچەرخی ئینگلیسیدا.
√ لە ساڵی 1997دا لە سەرتاسەری ئێراندا و لە تاقیکردنەوەکانی قۆناغی ماستێری سەرجەم زانکۆکاندا پلەی دووەمی بە دەست هێنا، تاکوو ئێستاش دوو جار وەک مامۆستای نموونەیی و جارێک وەک توێژەری نموونەیی لە زانکۆی کوردستان لە سنە هەڵبژێردراوە.
√ خاوەنی چەندین کتێبە وەک فەرهەنگی شیکارانەی زاراوەی ئەدەبی و چەندین کتێبی فەلسەفی و تیۆریشی لە فارسی و ئینگلیسییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و فارسی، جگەلە نووسینی چەندین وتار، زیاتر لە بیست وتاری زانستیشی لە ئینگلیسییەوە کردووە بە کوردی.
√ لە ساڵەکانی 2000 بۆ 2003 لە زیاتر لە دوازدە کۆنفرانسدا وتاری بە زمانی کوردی پێشکەش کرد و لە 2005 بەم لاوە چەندین سێمیناری تاکەکەسیشی بە زمانی ئینگلیسی لە زانکۆکانی ئێران و هەرێمی کوردستان و هیند و بریتانیادا ئاراستە کردووە.
√ توێژەرێکی کارایە لە ناردنی وتاری ‘علمی ـ پژوهشی’ بۆ گۆڤارە ئاکادێمیکەکانی زانکۆکانی ئێران و رۆژئاوا و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان.
√ لە بەشی زمان و ئەدەبی ئەدەبی ئینگلیسی و زمانناسی لە کۆلێژی ئەدەبیات و زانستە مرۆییەکانی زانکۆی کوردستان لە سنە مامۆستای زمان و ئەدەبی ئینگلیسییە و بواری پسپۆڕیشی رەخنە و تیۆریی ئەدەبی و فەرهەنگییە.

√ مافی بڵاوکردنەوەی ئەم وتووێژە پارێزراوە و ناوەرۆکەکەشی تەنیا بە ئاماژەدان بە سەرچاوەوە دەتوانرێ بەکار بهێنرێ‌.
8847 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌       |     Thursday, January 1, 2015
زیاتر
نالی، لە نیشتمانی مەعریفەوە تا غوربەتی زمان
هەڤپەیڤینێک لەگەڵ رەخنەکار و مامۆستای زانکۆ، عەبدولخالق یەعقووبی
سازدانی: هەرێم عوسمان
چه‌مكی خه‌لافه‌ت و تێگه‌یشتنێكیتر
گفتوگۆ له‌گه‌ڵ (عه‌بدولكه‌ریم فه‌تاح)
ئاماده‌كردنی ئه‌رسه‌لان تۆفیق
به‌شی دووم
دیدار له‌گه‌ڵ دكتۆر حه‌مه‌ نوری عومه‌ر كاكی
مامۆستا له‌ زانكۆی سلێمانی
سازدانی هه‌رێم عوسمان
چه‌مكی خه‌لافه‌ت و تێگه‌یشتنێكی تر
گفتوگۆ له‌گه‌ڵ (عه‌بدولكه‌ریم فه‌تاح)
ئاماده‌كردنی ئه‌رسه‌لان تۆفیق
به‌شی یه‌كه‌م
دەوڵەتی كوردی.. خەونە وازلێنەهێنراوەكەی كورد
خوێندنەوەیەكی ئابوری‌و سیاسی
وتووێژ لەگەڵ د.سەردار عەزیز
سازدانی وتوێژ: سەلام عەبدلكەریم
خه‌ونی په‌رێشان...گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سونه‌ت
و:موصعه‌ب ئه‌دهه‌م زه‌ڵمی
بزاڤی ناسیۆناڵیزم و دەوڵەت- نەتەوە
پێكهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان لەنێوان خەون و راستیدا
گفتوگۆ لەگەڵ دكتۆر سەعید شەمس
ئا: هادی محەممەدی
گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سروش
نیوه‌شاراوه‌ی فه‌یله‌سووف
و: سه‌میر حسين
عیشق و فه‌لسه‌فه‌
گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سروش ده‌باغ
دكتۆر هه‌ڵكه‌وت حه‌كیم مامۆستای زانكۆی سۆربۆن له‌ پاریس.
ده‌سه‌ڵاتی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی
سنووری ئه‌ماره‌ته‌ كوردیه‌كانی تێپه‌ڕاندبوو
ئارام علی سعید
كاردانه‌وه‌ی فه‌رمانڕوایان له‌ ته‌رازووی ئه‌خلاقدا
گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سروش ده‌باغ
و. موسعه‌ب ئه‌دهه‌م
عه‌بدولره‌حمان صدیق:
لای ئێمه‌كاری ئیسلامیی له‌ژێرهه‌ژموونی ته‌فسیری عه‌ره‌بی ده‌ربازنه‌بووه‌
ئاماده‌كردنی: ئه‌رسه‌لان تۆفیق
ئه‌خلاق و مه‌عنه‌وییه‌ت
گفتوگۆی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ دكتۆر سروش ده‌باغ
سازادنی گفتوگۆ: موسعه‌ب ئه‌دهه‌م
دیموكراسی ، عه‌داله‌ت، فه‌نده‌میتاڵیزم و رۆشنبیریی ئاینی
له‌ گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ عه‌بدولكه‌ریم سروش
وه‌رگێران: هه‌ردی مه‌هدی
كه‌نعان مه‌كییه‌:
سیاسه‌ت مانای یاریكردن به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكی ‌و فریودانیان له‌پێناوی پۆستدا نییه‌، به‌ڵكو له‌پێناوی گۆڕان ‌و باشكردنی باروودۆخی گه‌لدایه‌
ئا: مه‌عد فه‌یاز
و: بارام سوبحی
مامۆستا شێرزاد حه‌سه‌ن:
مندالانى ئێمه‌ ته‌نه‌كه‌ی زبڵن، گه‌ندوگوویان تێده‌كرى
دیدار: ئه‌رسه‌لان تۆفیق ...
مرۆڤی سوننه‌تی، مرۆڤی مۆدێرن و قه‌یرانی ژینگه‌
گفتوگۆ له‌گه‌ڵ فه‌یله‌سوفی ناوداری ئێران و جیهان سه‌ید حسین نه‌سر
له‌ فارسییه‌وه‌: موسعه‌ب ئه‌دهه‌م
ته‌حسین حمه‌ غریب سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری هه‌ژان:
پێویستمان به‌عه‌داله‌ت خانه‌یه‌ نه‌ك په‌رله‌مان
ئاماده‌كردنی: فه‌یسه‌ڵ ئيبراهيم
رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، داعش..
خوێندنەوەییەكی سۆسیۆمێژوویی
ئیبراهیم حاجی زەڵمی
لە سەلەفییەتی دەقەوە بۆ سەلەفییەتی جیهادی
حەبیب محەممەد دەروێش
لە بارەی داعش و بونیادگەرایییەوە
ئایندەی سەلەفیگەری پەڕگیر
ن. سەید سادق حەقیقەت
و. هەڵكەوت هەورامی
رات چییه‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌كانی ئه‌م سایته‌؟



ژماره   بەرهەمەکانی ناوەندی کەلتووری کۆچ
govari koch| All rights reserved © 2010