(1)
له‌م بابه‌ته‌دا ده‌مانه‌وێت روانین و میتۆد و خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێی سه‌ره‌تایی دابمه‌زرێنین, كه هه‌نگاو و قۆناغێكی سه‌ره‌تایی بێت بۆ قۆناغه گرنگ و پێشكه‌وتووه‌كانی تری قسه‌كردن له‌باره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌وه, بۆ چۆنێتی تێگه‌یشتن و روانینێكی نوێ بۆ تێكستی قورئانی, له‌م پێناوه‌شدا هه‌وڵی (ره‌خنه‌كردنی ئه‌و سوننه‌ته‌ی به درێژایی هه‌زار و چوارسهدساڵه كه‌ڵه‌كه‌بووه تێپه‌ڕێنین و ره‌خنه له‌و كلتورهبگرین و پاشان كیتاب و سوننه‌ت له‌سه‌رده‌می په‌یدا بوونی خۆیدا هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجه پهیوهندیدارهكانیدا موتاڵابكهین و ئه‌و په‌یامه جه‌وهه‌رییه‌ی, كه لێوه‌ی وه‌رده‌گیرێت و بگێڕنهسهر زمانێكی هاوچه‌رخ).(1) ئاشكرا‌و رونه, ئه‌م بابه‌ته له هه‌موو قۆناغێك له قۆناغه‌كانی ره‌وت و به‌ره‌و پێشه‌وه‌چونی زه‌مه‌نی فیكری ئیسلامی‌دا, بابه‌تێكی هه‌ستیار بووه و به‌شێوه‌یه‌ك قسه‌كردن له‌سه‌ری واگوزارشتی لێكراوه, كه قسه‌كردنه له‌سه‌ر سنووره حه‌رامكراوه‌كان, لێره‌شه‌وه چه‌ندین ئیشكالیه‌ت و كێشه و قه‌یرانی فیكری و فه‌لسه‌فی و میتۆدی له هه‌گبه‌ی خۆیدا هه‌ڵگرتووه زۆرجار نه‌بوونی فه‌زایه‌كی فیكری بۆ قسه‌كردن له فرهخوێندنهوه و خوێنده‌وه‌ی نوێی هه‌نوكه‌یی, گرنگترین و كاریگرترین فاكته‌ری دۆگمای فیكری ئه‌قڵی موسوڵمانان بووه, له رابردوو ئێستادا ده‌شێت یه‌كێك له‌فاكته‌ره سه‌ره‌كی و بنه‌ره‌تییه‌كانی دواكه‌وتنی موسوڵمانان بوو بێت له‌ره‌وتی پێشكه‌وتنی ژیاریدا له‌لایه‌ك و له ئاستێكی تریشدا, چه‌مكی فره خوێندنه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی نوێ بۆ ئیسلام له هه‌موو قۆناغێكدا كه كۆمه‌ڵگه ئیسلامییه‌كانی پێدا تێپه‌ڕبووه, بوبێته هۆی ده‌ركه‌وتن و سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌كردن و باڵاده‌ست بوونی, چه‌ندین ته‌وژم و ته‌ییاری جیاواز و جۆربه‌جۆر و ناكۆك و دژبه‌یه‌ك, له هه‌ندێ رهههندیشهوه و ئه‌و ته‌وژمانه له تێروانینیان و شێوازی جیهان بینیان بۆ ده‌قی قورئانی دیارده‌كات و هاوبه‌ش بوون, له هه‌ندێ رهههندیشهوه ناكۆك, واباشه ئه‌وه به خوێنه‌ری ئه‌م بابه‌ته رابگه‌یه‌نین, كه نوسه‌ری ئه‌م بابه‌ته به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و زۆر جار رووكاری قۆناغه‌كان ده‌خاته روو ته‌وژمه ناكۆكه‌كان به‌یان ده‌كات, له‌به‌رهه‌مان هۆ هه‌وڵده‌ده‌م زۆر له‌لق و پۆپه لاوه‌كییه‌كانی په‌یوه‌ندی دار به‌م بابه‌ته‌وه بخه‌مه‌لاوه, ئه‌گه‌رچی زۆر پێویست بێت هه‌ڵوێسته‌یان له‌سه‌ر بكرێت, ئه‌م بابه‌ته‌ش توانای به‌یانكردنی هه‌موو ئه‌و رێباز و بیروڕا جیاوازانه‌ی نییه, ده‌شێت پێویستمان به‌چه‌ندین لاپه‌ڕه هه‌بێت, بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و باسه بنووسین, ئاست و توانای مهعریفیشمان فاكته‌رێكی سه‌ره‌كییه بۆ نووسین له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته, بۆیه زیاتر ده‌مه‌وێت له‌سه‌ر ئیشكالییه‌ته گرنگه‌كان و جه‌وهه‌ری بابه‌ته‌كه بدوێم و خۆم به‌دوور بگرم له رێسا‌و یاساكانی ماتماتیك كه هه‌وڵی ڕیزكردنی ساڵ و ناو و شوێن و بڵاوبوونه‌وه‌ی ته‌وژمه‌كان و نوسه‌ره‌كان و ژماره‌ی بهرههمو بۆ چونهكانیان و هه‌روه‌ها له میتۆدی وه‌سفی مێژوویی و به قۆناغكردن و بۆ چوون و ته‌وژمه فیكرییه‌كان به شێوه‌یه‌كی میتۆدی دایكرۆنی (dicchronie) (2) ده‌رهه‌ق بهمبابهته.
له ره‌وتی قۆناغه یه‌ك به‌دوای یه‌كه‌كانی مێژووی ئیسلامدا, چونكه له‌و حهقیقیهته دوورمان ده‌خاته‌وه, كه ده‌شێت ئه‌و ته‌وژمانه له‌یه‌ككاتدا و له قۆناغێكدا كاریگه‌ریان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه هه‌بووبێت, به‌شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی, ده‌شێت یه‌كێكیان لاواز و خامۆش بووبێت, به‌ڵام مانای ئه‌وه‌نییه له‌و قۆناغه‌دا كاریگه‌ری له‌سه‌ر تاك و كۆمه‌ڵگه نه‌بووه, ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت فاكته‌ری سیاسی پاڵنه‌ری خامۆشبوون و پاسیڤبوونی (passive) ته‌وژمێك بووبێت, له‌سه‌ر بناغه‌ی (كل ممنوع مرغوب), كه ئه‌م گوته‌یه حه‌قیقه‌تێكی سۆسیۆلۆژی له‌خۆیدا هه‌ڵگرتووه, ئه‌وا بیر و ڕاو بۆچوونه‌كانی ئه‌و ته‌وژمه له نه‌ستی كۆمه‌ڵگه‌دا خۆی حه‌شارداوه, له هه‌ره‌می خواره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی نادیار و نائاشكرا شوێنه‌واری خۆی به‌جێهێشتووه, هه‌روه‌كو چۆن له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌ویدا, باسكردنی (فچائل) و خاڵه پۆزه‌تیڤه‌كانی كه‌سایه‌تی عه‌لی كوڕی ئه‌و تالیب قه‌ده‌غه‌كرا, به‌ڵام له هیراركی كۆمه‌ڵایه‌تی خواره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌دا, له‌ناو ئه‌و گروپ و پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌دا, كه دواتر به‌زانایانی فه‌رمووده ناسران, له‌باره‌ی باشییه‌كانی ئیمامی عه‌لی (ر.خ) پاشان فاكته‌رێكی بنه‌ڕه‌تی و بناغه‌یی بوو, بۆ هه‌ستان به پرۆسه‌ی كۆكردنه‌وه و نوسینه‌وه‌ی فه‌رمووده (3).
كه‌واته ئه‌گه‌ر ته‌وژمێكی فیكری ئیسلامی له قۆناغێكی دواتردا, له‌به‌رده‌م ته‌وژمێكی تردا لاواز بووبێت, به‌ته‌واوه‌تی نه‌بۆته هۆی سڕینه‌وه‌ی هه‌موو ره‌گه‌ز و شوێنه‌واره‌كانی ته‌وژمه كۆنه‌كه, وه‌كو ماركس ده‌ڵێ : كاتێك سیستمی كۆن ده‌كه‌وێته ژێر فشاری سیستمی نوێوه, ئه‌وا هه‌موو توخم و ره‌گه‌زه‌كانی سیستمه كۆنهكهلهناوناچێ, ئه‌گه‌رچی سیستمی نوێ هه‌ژموونی زیاتریشی هه‌بێت, له‌مه‌وه بۆ مان دهردهكهوێًت, هه‌میشه له بۆته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا تێڕوانین و عه‌قڵ و جیهان بینییه دژ به‌یه‌ك و ناكۆكه‌كان, له‌ململانێ و جه‌نگێكی فیكری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی هه‌میشه‌یدا بوون, هه‌ریه‌كه‌یان هه‌وڵی زاڵبوون, به‌سه‌ر ئه‌وانی تر ده‌دات, كۆشش بۆ پاسیڤ بوونی ئه‌وانی تر ده‌كات.
له‌م بابه‌ته‌دا و له‌بارودۆخێكی ململانێ ئامێزی به‌م شێوه‌یه‌دا جێی خۆیه‌تی رۆڵی عه‌قڵ تادوا ئه‌ندازه به‌رزبنرخێنین و رۆڵی له خوێندنه‌وه و ته‌وزیفكردنی تێكستی قورئانی و واقیعی هه‌نووكه‌یی بهدهرخهین, چ له‌رووی سۆسیۆلۆژییه‌وه یان فه‌لسه‌فه‌ی هێرمۆنۆتیك, مه‌به‌ستیشمان له عه‌قڵ, له‌مبابه‌ته‌دا ئه‌و عه‌قڵه‌یه, كه‌سه‌رده‌می رۆشنگه‌ری, له خۆرئاوادا بناغه‌كه‌ی داڕشت, به‌تایبه‌ت به‌مانا كاتییه‌كه‌ی (بریتییه له‌توانی به‌كارهێنانی سه‌ربه‌خۆی عه‌قڵ به بێگه‌ڕانه‌وه, بۆ ئه‌و چاوساغانه‌ی به‌ناوی حه‌قیقه‌ته‌وه ئه‌دوێن, پاشان بوونی جورئه‌ت و ئازایانه‌یه, بۆ به‌كارهێنانی به سه‌ربه‌خۆیی, چاوقایم به‌و بوێره عه‌قڵی خۆت به سه‌ربه‌خۆیی, به‌كاربهێنه) (4), له‌گه‌ڵ ئه‌و مانایه‌ی فه‌یله‌سوفی پۆست مۆدێرن (ریچارد رۆرتی) گوزارشتی لێده‌كات (وا ده‌كات گوێمان له‌ویدی بێت وبههێمنی له‌سه‌ر ماناكانی واقیع و شته‌كان رێبكه‌وین)(5) پێم وایه ئه‌م جۆره عه‌قڵانیه‌ته‌ی رۆشنگه‌ری بۆسه‌ر له‌نوێ خوێندنه‌وه‌ی كو‌لتور و رابردووی ئیسلامی بێئه‌ندازه گرنگی خۆی ده‌سه‌پێنێت.
(2)
به‌بێ تێگه‌یشتنی عه‌قڵانی, زه‌حمه‌ته بتوانین له ئیسلام و قورئاندا مانایه‌كی نوێ به‌رهه‌مبهێنین, یاخود فه‌رامۆشكردنی سیاقه مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتورییه‌كانی قورئان و ساتی دابه‌زینی و ساتی هه‌نووكه, له ئاستێكی ترا گرنگ و پێویسته ره‌چاوی كێشه و پێداویستییه كۆمه‌ڵایه‌تی و فیكرییه‌كانی دۆخی هه‌نوكه‌یی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بكه‌ین له‌مڕۆدا, لێره‌وه رووبه‌رووی سێ چه‌مكی زۆر سه‌ره‌كی ده‌بینه‌وه, ئه‌ویش ده‌ق و عه‌قڵ و كۆمه‌ڵگه (ستراكتۆری كۆمه‌ڵایه‌تی) یه, له‌هه‌مانكاتدا ده‌بێ ئه‌وه‌بزانین كه عه‌قڵ لهههمووقۆناغێكدا ره‌گه‌زه ناوه‌كییه‌كانی خۆی و په‌یوه‌ندی به‌ده‌ق و دیارده‌كانه‌وه ده‌گڕێت یان نوێیان ده‌كاته‌وه, لێره‌شه‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه ئه‌قڵ جه‌وهه‌رێكی نه‌گۆڕ و هه‌میشه‌ی و بان مێژووی و هه‌تا هه‌تایی نییه, به‌ڵكو له‌ره‌وتی گه‌شه‌كردنی مێژووڵاتی (6) خۆیدا فۆڕم وه‌رده‌گرێت, په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌پێی ئه‌و بارودۆخه‌ی تیایدا رۆڵ ده‌بینێت داده‌مه‌زرێنێت, له ههرقۆناغ و دۆخێكی دیاریكراودا فۆڕم و جه‌وهه‌رێكی جیاواز, له قۆناغه‌كانی پێش و دواتری خۆیدا وه‌رده‌گرێت.
ئێمه له‌دۆخێكی دیاریكراودا پێناسه‌یه‌كی جێگیرمان هه‌یه بۆ عه‌قڵ, مه‌حكوم ده‌بێت به‌و بارودۆخه‌ی تیایدایه‌تی, ئه‌وه دیدی جه‌وهه‌رگه‌راییه, كه جه‌وهه‌رێكی دیاری كراوه و نه‌گۆڕ ده‌به‌خشێته دیارده و ده‌ق و رووداو جیهان و كۆمه‌ڵگه (جهوههرگهرای Essentialism) مه‌به‌ست ئه‌و ته‌رزه تایبه‌ته‌ی بیركردنه‌وه‌یه, كه به‌دیارده كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌رهه‌مه ئینسانیه‌كان جه‌وهه‌رێكی سه‌ربه‌خۆ و گۆڕ و نامێژوی ده‌به‌خشێت و نایان به‌ستێته‌وه به‌و ره‌وت و قۆناغ و پێدراوه مێژووییانه‌وه, كه تایاندا ئاماده‌ن, ئه‌و شێوازه‌یه له بیركردنه‌وه‌ی زانستی, كه جه‌وهه‌رێكی جێگیر به‌شته‌كان ده‌به‌خشێت و وه‌ك نه‌گۆڕێك له‌مێژوودا ته‌ماشایان ده‌كات (7) ئه‌م تێڕوانینه جه‌وهه‌رگه‌راییه له مێژووی ئیسلامی‌دا بۆ دیارده‌كه‌ن و ده‌قی قورئانی به‌رپرسیاره له هه‌موو ئه‌و پاشكهوتویی تووشی موسوڵمان بووه, ته‌نانه‌ت هه‌تا حاڵی حازر ئه‌م تێڕوانینه جه‌وهه‌رێكی هه‌میشه‌یی ده‌به‌خشێته تێكستی قورئانی و ئیسلام, وه‌ك تێكستێكی ئه‌بستراكت (8) سه‌یری ده‌كات, دایده‌بڕێت له‌هه‌موو دیارده و گۆرانه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و كلتووری و فه‌رهه‌نگی و رۆشنبیریه‌كان, كه ده‌قی قورئانی تیایدا دابه‌زیوه, به گوزارشتێكی تر قورئانی له هه‌ل و مهرجهمێژووی و سۆسیۆلۆژییهكانی دوور خستۆته‌وه و دایبڕیوه, ئه‌م ته‌وژمه كاریگه‌ری زاڵ و گه‌وره‌ی هه‌بووه به‌درێژایی چاخه‌كانی مێژووی ئیسلامی به‌سه‌ر باڵی ئه‌قڵانی و نوێ خوازدا.
جگه له‌هه‌ندێك قۆناغ نه‌بێت, پاشان هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌ده‌ست هێناوه‌ته‌وه ( به‌تایبه‌ت ئه‌و كاردانه‌وه سوونییهی له‌سه‌ده‌ی پێنجه‌می زاینییه‌وه رویدا, مه‌به‌ست له‌و په‌رچه‌كرداره‌یه, له دژی موعته‌زیله و فه‌یله‌سوفه‌كان و ته‌وژمه فه‌لسه‌فیه‌كانی سه‌رده‌می موته‌وه‌كیل و قادر روویدا) (9).
هه‌تا ئه‌م له‌حزه‌یه‌ش بهههڵاوێردی هه‌ندێ هه‌وڵی كه‌م و تاك وته‌را, ئه‌م ته‌وژمه ئهقلانییه, هه‌ژموونی خۆی له‌ده‌ست داوه, كاریگه‌ری تائاستێكی نزم لاوازبووه, ته‌نانه‌ت له‌سه‌رده‌می دنیای نوێ‌دا و سه‌رده‌می به‌نێوده‌وڵه‌تی بونی مافه‌كانی مرۆڤ و به‌هێزبوونی ته‌وژمی مرۆڤ گه‌رایی (Humanism) (10), بڵاوبونه‌وه‌ی به‌ها دیموكراتییه‌كان و ئازادییه گشتی و تایبه‌تی و بنه‌ره‌تییه‌كانی ئینسان و سه‌رده‌می سیسته‌می سه‌مایه‌داری و بازاڕی ئازاد و چه‌مك ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی, كهلهسهردار و په‌ردووی فۆڕمه ده‌سه‌ڵاتدارێتییه تۆتاڵیتاری و گشگیرییهكان بونیات نراوه, پاشان هاتنه‌كایه‌ی چه‌مكی نه‌ته‌وه و ناسیۆنالیزم و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئیمپراتۆریه‌ت و خه‌لافه‌ت, كه له‌رابردوودا جۆرێكی حوكم داری بوو, له‌پاش ئه‌م هه‌موو گۆڕانكارییه ریشه‌یی و بناغه‌ییانه, ئه‌م تێڕوانینه جه‌وهه‌ر گه‌راییه باڵاده‌ستی هه‌یه, به‌سه‌ر گوتاری ئیسلامی هاوچه‌رخدا, نایه‌وێت له بورجی عاجی خۆی و تێڕوانینه یۆتۆپی و ئهفلاتونیهكهی خۆی دابه‌زێته خواره‌وه و به‌دیدێكی ئه‌قلانی واقیع لێك بداته‌وه و شیتاڵی بكات, له ژێر رۆشنایی ده‌قی قورئانیدا, ئه‌م ئه‌قڵه جه‌وهه‌ر گه‌راییه ئه‌و گۆڕانه گه‌وره و گرنگ و ریشه‌ییانه نابینێت و ناخوازێت بیبینێت هه‌میشه خه‌ون به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی فۆڕمه گشگیرییهكهی خه‌لافه‌تی ئیسلامی ده‌بینێت, به‌هه‌مان شێوه ئه‌م تێڕوانینه له رابردوودا بۆ پاراستنی خه‌لافه‌تی ئیسلامی , یان له‌كاتی ده‌سه‌ڵاتی خه‌لافه‌تدا له جیهانی ئیسلامی له‌واقیعی سۆسیۆلۆژییای روانیوه, پێم وایه خه‌لافه‌تی ئیسلامی له‌زۆربه‌ی قۆناغه‌كاندا, به‌هۆی بوونی چه‌ندین رۆشنبیری جیاواز و نه‌ته‌وه و كلتوری جیاواز, له‌ژێر سایه‌ی خه‌لافه‌تی ئیسلامی‌دا, كه هه‌ر هه‌رێمێك خه‌سڵه‌ت و سیما وشوناسی دیاری كراوی خۆی هه‌بوو, له‌هه‌ناوی خۆیدا كێشه و قه‌یران و پێداویستی و پرسیاری فیكری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و سیاسی جیاواز و دژبه‌یه‌كیان هه‌بووه كه سۆسیۆلۆژییای نوێ زۆر جه‌خت له‌سه‌ر ئهوجیاكاری و جیاوازییه ده‌كاته‌وه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا نه‌ته‌وه‌كان, فاكته‌ری سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ندین شۆڕش و راپه‌ڕین و دروستبوونی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی و په‌راوێزی و لاچهپهكی دوور له ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی خه‌لافه‌ت, فاكته‌ری لاوازبوونی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند (خه‌لافه‌ت) بووه, به‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌و هه‌رێمانه‌دا, له‌پاڵ ئه‌و جیاوازییه سۆسیۆلۆژیانهش بوونی تاكه ئایدۆلۆژیایه‌كی ره‌سمی كه ده‌سه‌پێنرا به‌سه‌ر ئه‌و هه‌رێمه جیاوازانه‌دا(11), به‌چاو پۆشین له فه‌رهه‌نگ و كلتوریان, به‌تایبه‌تی له‌دوای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌وی و خه‌لافه‌تی عه‌بباسی و عوسمانی‌دا, (خه‌لافه‌ت له ئیسلامدا هه‌میشه ته‌نها پشت ئه‌ستور به‌هێزێكی تۆقێنه‌ر بووه, ئه‌و هێزه به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێت, هێزێكی ماددی و سه‌ربازی بووه) (12) پاشان رێگه گرتن له هه‌وڵ بۆ خوێندنه‌وه‌ی نوێ بۆ قورئان و ته‌وزیفكردنی له چوارچێوه‌ی هه‌ریه‌ك لهوههرێمانهدا, كه هه‌ریه‌كه‌یان پرسیاری جیاوازی فه‌رهه‌نگی و كلتوری و پێداویستی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووریان هه‌بووه, له هه‌موو قۆناغێكی دواتردا و به‌ره و پێشچوونی مێژووی ئیسلامی, ئه‌و باوردۆخه ئاڵۆز تربووه و تا سه‌ره‌تای سه‌ره و لێژبوونه‌وه‌ی عه‌قڵی ئیسلامی له‌دوای سه‌ده‌ی چواره‌می كۆچی ده‌ستی پێكرد و دواتر بارودۆخه‌كه ئاڵۆزتر بوتا به‌رووخانی خهلافهتیشدا, عه‌قڵی ئیسلامی به‌لۆژیكی ئه‌رستۆ (لۆژیكی كۆن) (13) , ئه‌م دیارده‌یه‌یان لێكدایه‌وه, ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت ته‌نها گرنگی به فاكته‌ری بابه‌تی و ده‌ره‌كی ده‌ده‌ن له رووخانی خه‌لافه‌تدا, ئه‌و فاكته‌ره‌ش هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵاتی عه‌سكه‌ری رۆژئاوایه به‌تایبه‌ت به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا له‌وكاته‌دا له رۆژهه‌ڵاتدا, چاوپۆشی له فاكته‌ری خودی و ناوه‌كی ده‌كه‌ن كه له‌رابردوودا باسمان كرد, كه گرنگترین فاكتهریشی رێگه‌گرتن له ته‌وژمی عه‌قڵانی و خاشه‌بڕكردنی له هه‌ستان به‌پرۆسه‌ی ته‌ئویلكردن و ته‌وزیفكردنی ئیسلام, هه‌ڵبه‌ت رۆڵی فاكته‌ره ده‌ره‌كییه‌كان له رووخانی خه‌لافه‌تدا به‌هێزبووه, به‌ڵام ناتوانین فاكته‌ره ناوه‌كی و خودییه‌كان, كهپاڵنهری لاوازبوون و پوكانه‌وه و رووخانی ده‌سه‌ڵاتی خه‌لافه‌ت بووه, كه له‌ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتیدا ململانێی نێو خۆی و قه‌یرانی فیكری قوڵ و نه‌بوونی ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونی عه‌قڵانی باڵاده‌ست به‌سه‌ر ته‌وژمه ره‌سمی و ناعهقڵانییهكهدا و هه‌موو ئه‌و رووداوانه‌ی كه تووشی بوون ههڵاوێردبكهن, هه‌ربه‌هه‌مان لۆژیكی جاران بۆ پاراستنی خه‌لافه‌ت, له‌مڕۆدا عه‌قڵی ئیسلامی نوێ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌لافه‌تی ئیسلامی به‌و فۆڕمه‌ی جارانی, پاشان له‌لایه‌كی تره‌وه تاك خوێندنه‌وه‌یی بۆ قورئان به‌وه پاساو ده‌دات, كه بۆ پاراستنی یه‌كێتی موسوڵمانان پێویست و گرنگه, پاشان پاراستنی ئه‌و ناسنامه ئیسلامییه‌ی كه خه‌لافه‌ت هه‌ڵگری بوو, پاشان به‌پێی (قیاس الغائب علی الحاچر –یان- قیاس الحاچر علی الغائب) كهمحمد عابد جابری گوزارشتی لێده‌كات و ئاگادارمان ده‌كات خۆمانی لێ به‌دوور بگرین له توێژینه‌وه‌ی مێژوویدا, كه كۆكردنه‌وه‌ی قورئان له‌سه‌رده‌ستی خه‌لافه‌تیدا و نوسینه‌وه‌ی به‌زمانی قوره‌یش و فه‌رامۆشكردنی زمانه‌كانی تر كه قورئانی پێدهنوسرایهوه, بۆ پاراستنی یه‌كێتی موسوڵمانان بووه, هه‌مان رووداو ده‌گوازێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی بیست و بیست و یه‌ك, یاخود گه‌ڕانه‌وه بۆ تیۆره‌كه‌ی ئیبن خه‌لدون له‌سه‌ر (عصبیه – ده‌مارگیری) و (الدوله- ده‌وڵه‌ت), كه ئیبن خه‌لدون له راڤه‌كردنی فه‌رمووده‌ی (الائمه من قریش) (14) ,كهدهمارگیری به مه‌رجێكی سه‌ره‌كی داناوه بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی بناغه‌ی دامه‌زراندنی له‌سه‌ربناغه‌ی ده‌مارگیری قوڕه‌یشه, چونكه قوڕه‌یش هۆزێك بوون ده‌مارگیرییان له‌ناو هۆزه‌كانی تری حیجاز و دوورگه‌ی عه‌ره‌بی به‌هێزتربووه, كه توانی هه‌موو هۆزه‌كانی تر له‌ده‌وری خۆی كۆبكاته‌وه, پاشان بوو به بنه‌مایه‌ك بۆ دروستبوونی ئیسلام, ههرخوێندنهوهیهكی تر هه‌بێ و بكرێ وادهیبینێ زیانی هه‌یه بۆ یه‌كێتی و ناسنامه‌ی ئیسلامی و موسوڵمانان, ئه‌م بۆ چوونه هێنده‌ی هه‌نگاوێك له هزر و بیر و به‌ره‌و واقیع نزیك نابێته‌وه, به‌ڵكو بیروڕاو بۆ چونێكی تیۆری رووته و واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌مڕۆ ده‌یخاته په‌راوێزه‌وه, ئه‌م بۆ چوونه جگه له به‌خشینی ئاسووده‌ییه‌كی سایكۆلۆژی به خاوه‌نه‌كه‌ی هیچی تری لێ سه‌وزنابێت, یاخود ره‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و بێهیوایی و بێباكییه‌ی باڵی كێشاوه به‌سه‌ریدا و بتوانێت ماوه‌یه‌ك له‌ناو نائارامییه‌ی, كه گیرۆده‌ی بووه ڕزگار بێت, وه‌كو سه‌میر ئه‌مین ده‌ڵێت : (گه‌ڕان به‌دوای ناسنامه‌دا به‌ڵگه و هێمای ته‌نگژه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی شكست خواردووه له به‌رامبه‌ر خۆگرییه دروست گهوههرییهكاندا ، مێژوو به‌رده‌وام ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێ ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی به‌كرده‌وه له پرۆسه‌ی گه‌شه‌دان و سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێناوه ئه‌وانه له‌پرۆسه‌ی خۆگونجاندندا له پێشهوهبوون و ناسنامهكانیشیان گۆڕیوه (15) چونكه به‌رده‌وام دونیا له گۆڕاندایه و دونیای ئه‌مڕۆش دونیایه‌كی زۆر جیاوازتره, فۆڕمی خه‌لافه‌ت له‌گه‌ڵ دونیای ئێستادا وێك نایه‌ته‌وه, فۆڕمی خه‌لافه‌ت مۆدێلێكی سیاسی ده‌سه‌ڵاتدارێتی بووه, له‌كاتی خۆیدا به‌رامبه‌ر فۆڕمی ئیمبراتۆرییه‌ت, له‌ناوچه‌و هه‌رێمه‌كانی تری جیهانی ئه‌وكاته, له‌پێش ئیسلامیشدا ئیبمراتۆرییهت و جودی هه‌بووه, له‌گه‌ڵ هاتنی ئیسلام سود له‌و فۆڕمه‌ی ده‌سه‌ڵات و وه‌رگیراو ناوی خه‌لافه‌تی لێ‌نرا, وه‌كو ئیمبراتۆرییه‌تی فارسی و بێزه‌نتی و چه‌ندینی تر, كه چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ی خاوه‌ن فه‌رهه‌نگ و كولتوری جیاوازی له‌خۆگرتبوو, ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین ئه‌و حاڵه‌ته‌ی كه‌به‌سه‌ر گوتاری ئیسلامی نوێ و هاوچه‌رخدا هاتووه بۆ گێڕانه‌وه‌ی خه‌لافه‌ت (ئه‌گه‌رچی به‌شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی گۆڕان به‌سه‌ر ئه‌م گوتاره‌دا هاتووه, به‌ڵام له‌ڕووی فیكرییه‌وه هه‌ڵگری تیرۆی خه‌لافه‌تن) له تێڕوانینیاندا خه‌لافه‌تی ئیسلامی به‌ده‌ر له‌فاكته‌ره خودییه‌كان هه‌وڵێكی ده‌ره‌كی و پیلانڕێژكراو هه‌وڵی له‌ناوبردنی داوه, له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ده‌بێت سۆسیۆلۆژیای جیهانی ئه‌مڕۆ ره‌چاوبكه‌ین, له‌گه‌ڵ رووخانی خه‌لافه‌تی ئیسلامی (عوسمانی) له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی رابردوودا, هاوكات چه‌ندین ئیمبراتۆرییه‌تی تر, له جیهاندا به‌ره و داڕمان و رووخان چوون, وه‌كو ئیمپراتۆرییه‌تی (نه‌مسا - مه‌جه‌ڕ), كه‌واته بارودۆخی نوێی جیهان ئه‌م جۆره فۆڕمه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی خه‌لافه‌ت و ئیمبراتۆرییه‌ت ناخوازێت, كه‌واته بارودۆخه‌كه ته‌نها خه‌لافه‌تی نه‌گرتۆته‌وه, به‌ڵكو ره‌وشێكی جیهانی بووه گشت ئیمپراتۆرییه‌ته‌كانی تری, وه‌كو خه‌لافه‌تی ئیسلامی رووخان, له‌سه‌ر داره پهردوویان ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی دروستبوو, چه‌ندین نه‌ته‌وه هه‌ولێ سه‌ربه‌خۆییاندا و سه‌ربه‌خۆییان وه‌رگرت, كه‌واته باسكردن له یه‌كێتی موسوڵمانان به‌و مه‌فهومه‌ی جاران یۆتۆپیایه (16) , به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی چه‌مكی ناسیۆنالیزم و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و چه‌ندین چه‌مكی تربۆناو دونیای فیكری سیاسی و سۆسیۆلۆژیا و لقه‌كانی تری زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كان (خه‌لافه‌ت شتێك نییه له نه‌خشه‌ی ئاییندا, به‌ڵكو نه‌خشه‌یه‌كی سیاسی ته‌واوه, نهفهرمانی پێكردووه و نهفهرزی كردووه, به‌ڵكو به‌جێیهێشتووه بۆ ئێمه تابگهڕێیینهوه بۆ یاساكانی عه‌قڵ و ئه‌زموونی نه‌ته‌وه‌كان و قاعیده سیاسییه‌كان) (17) ئه‌گه‌ر له رابردوودا ئیسلام شوناسی كۆمه‌ڵایه‌تی دیاریكردبێت, فۆڕمێكی هاوشێوه و لێكچووی به‌خه‌لافه‌تی ئیسلامی و جیاواز له‌گه‌ڵ شارستانیه‌ته‌كانی تر به‌خشیبێت, به‌ڵام له ئێستادا چه‌مكی نه‌ته‌وه و ئایین به‌یه‌كه‌وه شوناس به‌سنور و هه‌رێمێكی دیاریكراو ده‌به‌خشێت, له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی چه‌مكی نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه به‌تایبه‌ت له‌رۆژهه‌ڵاتدا له‌سه‌رده‌می دوای داگیركاری (post colonialism) له‌ژێر كاریگه‌ری شۆڕشی فه‌ره‌نسیدا, چه‌مكی نه‌ته‌وه ئاماده‌بوونێكی واقیعی و پراكتیكی بۆخۆی پچڕیوه, ئه‌گه‌ر به‌شێوازێكی تیۆری ئه‌بستراكت و ئایدۆلۆژی و عاتیفه‌یه‌كی ئیسلامی سه‌یری نه‌كه‌ین (18) به‌هۆی ده‌ركه‌وتنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی, تیۆری گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌لافه‌ت پاشه‌كشه ده‌كات به‌رامبه‌ر خه‌ونه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان, كه‌واته هه‌رنه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌چوارچێوه‌ی سنوری نه‌ته‌وه‌یی به‌ڕه‌چاوكردنی مێژوو و كلتوری خۆی ئیسلام ته‌وزیف بكات و هه‌وڵی پاراستنی مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خۆی ده‌دات هاوكات پاراستنی ناسنامه‌ی ئایینی خۆی (19) .
سروش باوه‌ڕی وایه ئایین ته‌نها یه‌ك جۆر بیركردنه‌وه نییه،ته‌نانه‌ت له‌یه‌ك زه‌مه‌نیشدا چه‌ندین بیركردنه‌وه هه‌یه, راسته پێغه‌مبه‌ران هاتوون كه كۆمه‌ڵگه‌ی ئایینی پێكبهێنن به‌ڵام نه‌ك یه‌ك كۆمه‌ڵگه, به‌ده‌ربڕینێكی دی ئایین نورێكه له‌سه‌ره‌وه را لهئاسانهوه ده‌دات به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا, نه‌ك له‌سه‌ر زه‌وی ده‌ستكاریان بكات, چرایه‌كه راستی شته‌كان رۆشندهكاتهوه نه‌وه‌ك جێگایان بگۆڕێت(20), ئه‌و گوتاره‌ی بانگه‌واز بۆ پاراستنی ناسنامه و یه‌كێتی موسوڵمانان ده‌كات مه‌به‌ستی گه‌ڕانه‌وه‌ی فۆڕمی رابردووی خه‌لافه‌ته, نه‌ك به‌ره‌و پێشبردنی ژیاری ئیسلامی چه‌ندین نه‌ته‌وه و كو‌لتور و زمان رۆڵ ببینن له بونیادنان و به‌ره و پێشبردنیدا, چونكه دووه‌میان پێویستی به‌عه‌قڵێكی ره‌خنه‌یی و فه‌زایه‌كی ئازاد و زه‌مینه خۆشكردن بۆ بیركردنه‌وه‌ی داهێنه‌رانه و بورهانی و سه‌ربه‌ستی و سه‌ربه‌خۆیی عه‌قڵ و ئیراده هه‌یه گوتاری یه‌كه‌میان له بارودۆخی هه‌نوكه‌یی ئێستادا ئه‌وه‌نده‌ی زیان به‌ئیسلام ده‌گه‌یه‌نێت, سودی پێناگه‌یه‌نێت, لێره‌دا ئه‌م ته‌وژمه باڵاده‌سته هه‌میشه رۆڵی سه‌ره‌كی بینیوه لهخامۆشكردنی رێنیسانسێك, كه دونیای ئیسلام به‌خۆیه‌وه ببینێت, هه‌تاوه‌كو ئه‌م گوتاره ئه‌و جۆره بیروڕاو بۆ چوونانه تێنه‌په‌ڕێنێت, ئه‌وا نه‌ك به‌ره‌وپێش ناچین, به‌ڵكو ناتوانین سود له كولتوری رۆژئاواش ببینین بۆ به‌ره‌وپێشچوون, كه‌واته به‌یه‌كدا چوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئایین و نه‌ته‌وه له‌مڕۆدا،به‌تایبه‌تی له‌رۆژهه‌ڵات, یاخود هه‌ندێك له‌و وڵاتانه‌ی به‌جیهانی سێیه‌م ناوده‌برێن (21) حاڵه‌تێكی حه‌تمی و پێویسته, ته‌نانه‌ت بۆته دیفاكتۆیه‌ك به‌سه‌ر بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م ناوچانه‌دا ئه‌وا فیكری ئایینی له‌م ناوچانه‌دا ده‌كه‌وێته ژێر پرسیاره‌وه, یاخود له ژێر تێگه‌یشتنی باوی خه‌ڵك و مه‌ئلوفی بیركردنه‌وه‌ی زاڵ له‌م كۆمه‌ڵگایانه‌دا, خودی ئایین ده‌كه‌وێته‌ژێر پرسیاره‌وه, كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی دوور و نزیك به‌ئایینه‌وه نییه, به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌ته‌وژمی فیكری ئایینیه‌وه هه‌یه.
ناتوانین نكۆڵی له‌و حه‌قیقه‌ته‌ش بكه‌ین ئیسلام به‌هۆی مێژوویی بون و واقیعی بوون, هه‌میشه له‌مێژوودا ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری واقیعه‌وه, له‌م نێوانه‌شدا ئیسلام به‌رگێكی نوێ بهبهرخۆیدا ده‌كات (به‌هۆی په‌یوه‌ندی بارزگانی عه‌ره‌ب و هیند، ئیسلام گه‌یشتنه هیند, ئیسلام كه‌وته‌ژێر كاریگه‌ری بیروباوه‌ڕ دابونهریتهكانی هینده‌وه, به جۆرێك شارستانیه‌تێك به‌ناوی شارستانیه‌تی ئیسلامی هیندی سه‌ریهه‌ڵدا, كه ئاوێته‌یه‌كی هه‌ردوو ئایین و شارستانییه‌تی هیند و ئیسلامییه, دواتر ئیلهام به‌خشی گه‌وره‌بوو بۆ سهرسیخهكان, كه به‌ڕاشكاوی ده‌یانویست ئه‌و ئاوێته‌یی و تێكه‌ڵكردنه به‌رجه‌سته بكه‌ن و ئاینێك به‌ناوی سیخ دروستبكه‌ن). (22)
له‌م ته‌وه‌ره‌یه‌دا رووبه‌رووی چه‌مكێك ده‌بینه‌وه, كه ئه‌ویش عه‌لمانییه‌ته كه چه‌مكێكه له‌دونیای رۆشنبیری و فیكریدا قسه‌وباسی زۆر له‌سه‌ر ده‌كرێت, ئێمه نامانه‌وێت له‌سه‌ر خودی چه‌مكه‌كه ههڵوێستهبكهین و ببێته سه‌نته‌ری بابه‌ته‌كه, به‌ڵكو ئێمه ده‌مانه‌وێت ئه‌م چه‌مكه گرێبده‌ینه‌وه به گوتار و عه‌قڵی ئیسلامی نوێوه, پێموایه تێڕوانینی گوتاری ئیسلامی له‌مڕۆدا به‌رامبه‌ر چه‌مكی عه‌لمانییه‌ت, گرفتی گه‌وره و میتۆدی بۆ ئه‌م گوتاره دروستكردووه, (عه‌لمانییه‌ت له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانیدا بزافێكی فیكری دژبه ته‌فسیره‌كانی كه‌نیسه‌ی داخراوی مه‌سیحی بوو, دژی باڵاده‌ستی و هه‌ژموونی كه‌نیسه به‌سه‌ر كاروباری ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه, په‌یوه‌ندی مێژووی نێوان ئیسلام و ده‌وڵه‌ت مه‌سه‌له‌یه‌كی فیكرییه نه‌ك ئایینی) (23) له‌م گوته‌یه‌ی ئه‌بو زه‌یده‌وه ده‌رده‌كه‌وێت, عه‌لمانییه‌ت, مه‌سه‌له‌یه‌كی ئیعتیقادی نییه, به‌ڵكو مه‌سه‌له‌یه‌كی په‌یوه‌ندیداره به‌جیاوازی فیكرییه‌وه, به‌مه‌رجێك به تێڕوانینێكی ئایدۆلۆژی سه‌یری ئه‌م چه‌مكه نه‌كه‌ین و كورتی نه‌كه‌ینه‌وه له‌جیاكردنه‌وه‌ی ئایین له‌لایه‌ك و سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌ت له‌لایه‌كی تره‌وه, به‌ڵكو به‌تێڕوانینێكی فره ڕه‌هه‌نده‌وه سه‌یری ئه‌م چه‌مكه بكه‌ین و هه‌ڵیسه‌نگێنین, وه‌كو چه‌مكێكی مێژوویی سه‌یری بكه‌ین, كه ماناكانی په‌یوه‌سته به‌سه‌ر هه‌ڵدان و گه‌شه‌كردنی له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌كانی ناوهڕاستیئهوروپا تا ئه‌م ساته‌ی ئێستا(24), چونكه له هه‌موو قۆناغێكدا ئه‌م چه‌مكه مانایه‌كی فراوانتر و گشتگیری تری له خۆگرتووه, ئه‌گه‌ر له‌سه‌ره‌تادا ته‌نها دژی كه‌نیسه و فیكری كه‌نیسه سه‌ریهه‌ڵدابێت, ئه‌وا له قۆناغه‌كانی دواتردا ئه‌م چه‌مكه ماناكانی خۆی تێكه‌ڵ به‌ماناكانی دیموكراتی و مرۆڤگه‌رایی (humanism) و ئازادی راده‌ربڕین و بیركردنه‌وه ده‌كات, بۆمان ڕوونده‌بێته‌وه كه عه‌لمانییه‌ت له مه‌غزای خۆیدا چه‌مكێكی پڕا و پڕ مرۆڤگه‌راییه.. جه‌غت له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی ئینسان ده‌كات, ناتوانین باس له‌و ده‌رئه‌نجامه پۆزه‌تیفانه نه‌كه‌ین, كه له‌دوایی نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی كه‌نیسه‌وه له‌رۆژئاوادا هاتنه‌كایه‌وه, هه‌ر له پێشكه‌وتنی زانسته ئه‌زموونی و مرۆیی و كایه‌ی ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه و فیكردا, كه فاكته‌رێكی گرنگ و كاریگه‌ر بوو, بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی مافی ته‌فسیركردنی دیارده‌كان و ژیان و جیهان و كتێبی پیرۆز, له‌ده‌ست پیاوانی ئایینی مه‌سیحی، له‌و به‌رهه‌مه جۆربهجۆرانهدا ئاده‌میزاد ده‌بێته سه‌نته‌ری گرنگی پێدان و بیركردنه‌وه, كه بنه‌ماكانی چه‌مكی عه‌لمانییه‌ت كتێبی پیرۆز به‌زمانی لاتینی نوسرابوو, زمانێك بوو ده‌ستبژێر و پیاوانی ئایینی كۆمه‌ڵگه ده‌یانزانی, كه‌سانی خواره‌وه‌ی چینه‌كانی كۆمه‌ڵ ئه‌م زمانه‌یان نه‌ده‌زانی, له‌به‌رئه‌وه مافی ته‌فسیركردن ته‌نها بۆ پیاوانی ئایینی بوو, خه‌ڵكانی تر تاكه مافێك, كه‌هه‌یانبوو گوێگرتن و جێبه‌جێكردنی فرمانی پاپاكان بوو, دوای ئه‌م بارودۆخه و زیادبوونی هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی زمانی نه‌ته‌وه‌یی گه‌شه‌یكرد و ئه‌م ده‌سه‌ڵاته مهعریفیهلهدهست پیاوانی ئایینی سه‌ندرایه‌وه بووه فاكته‌ری گه‌شه‌كردنی ئه‌وروپا . له‌و قۆناغه‌وه تا ئێستا گرنگترین ئه‌نجامه‌كانی رێنیسانس بووه یارمه‌تیده‌رێكی گه‌وره‌ی دروستبوونی زمانی نه‌ته‌وه‌یی یه‌كگرتوو له ئه‌وروپادا, قسه‌كردن و مشت و مڕ له‌نێوان رۆشنبیرانی ئه‌و سه‌رده‌مه هه‌ر به‌لاتینی بووه نه‌ك زمانی نه‌ته‌وه‌یی, به‌كورتی لهتوێژێك به‌ولاوه جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك ئاگای له‌و زمانه نه‌بووه, ئه‌م دیارده‌یه‌ش خۆی له‌خۆیدا بووه هێڵێكی جیاكه‌ره‌وه له‌نێوان توێژه جیاجیاكانی كۆمه‌ڵدا و ئاكامیش بووه هۆی په‌یدابوون و سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ند دیالێكتی جیاجیا له كۆمه‌ڵدا (25) ,ئه‌و باوردۆخه زه‌مینه‌یه‌كی هێنایه ئاراوه كه چیدی ئایین له‌سه‌رده‌ستی پاپاكان ناتوانێت ته‌فسیری زانستی بۆ جیهان و دیارده‌كان بكات, به‌ڵكو فه‌یله‌سوف و زاناكان له بواره جۆربه‌جۆره‌كان كه‌وتنه ته‌فسیركردنی دونیا كه‌به میتۆده ئه‌زمونگه‌رییه زانستی و زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كان خرابووه روو, كۆپه‌رنیكۆس هه‌ستا به‌سه‌لماندنی سوڕانه‌وه‌ی زه‌وی به ده‌وری خۆردا نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه, كه‌پیاوانی ئایینی باوه‌ڕیان پێی هه‌بو, چه‌ندین بزافی زانستی تر سه‌ریهه‌ڵدا.
لێره‌وه روونده‌بێته‌وه, كه كایه‌ی ئایین و زانست جودان له‌یه‌كتری ئه‌گه‌رچی ئاین و گوتاره ئاینییه‌كان زۆر جه‌خت له‌سه‌ر زانست و گرنگی زانست ده‌كه‌نه‌وه و به‌تایبه‌تی گوتاری قورئانی, ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئایین دژ به‌زانست نییه, به‌ڵام كایه‌ی كاركردنی جیاوازه له‌گه‌ڵ زانست‌دا, گوتاری قورئانی له زۆربه‌ی ئایه‌ته‌كاندا جه‌خت له‌سه‌ر زانست و خستنه‌كاری عه‌قڵ ده‌كات, بۆ كه‌شفكردن و دۆزینه‌وه‌ی نهێنییه‌كانی گه‌ردوون, ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه‌نییه ئایه‌تێك له ئایه‌ته‌كانی قورئان, وه‌كو تیۆرێك بۆ خوێندنه‌وه‌ی دیارده‌كان و جیهان به‌كاربهێنین, یاخود ته‌فسیری زانستی بۆ ئایه‌ته‌كان بكه‌ین (هه‌وڵدانی فیكری بۆ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی تیۆره‌كان ده‌بێته مایه‌ی گه‌شه‌كردنی زانست.. گه‌شه‌سه‌ندنی زانست ده‌رئه‌نجامی ره‌وتی لابردنی هه‌ڵه‌یه, زانست ده‌رئه‌نجامی ره‌خنه و پوچه‌ڵ كردنه‌وه‌یه (26) ،له‌م گوته‌یه‌ی كارل پۆپه‌ره‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه‌تیۆری زانستی شیاوی پۆچهڵكردنهوهیه, یاخود بهههڵهدابنرێت, لێره‌وه ئه‌و گوته‌یه‌ی (باشلا‌ر)مان بیردێته‌وه كه ده‌ڵێ : مێژووی زانست بریتییه له مێژووی راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كان, كه‌واته ئه‌گه‌ر ئایه‌تێك وه‌كو تیۆرییه‌كی زانستی به‌كاربهێنین, یاخود ته‌فسیری زانستی بۆ قورئان بكه‌ین, به پێی بیروڕای كارل پۆپه‌ر شیاوی پوچهڵكردنهوهیه یاخود به‌هه‌ڵه دابنرێـت كه ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ سروشتی تێكستی قورئانی یهكنایهتهوه, كه سروشتێكی خودایی و ترانسێنتالی هه‌یه, واته له خوداوه دابه‌زیوه‌ته سه‌ر مرۆڤ, له گه‌وره‌یی و پیرۆزی قورئان كه‌مده‌كاته‌وه, به‌ڵام له راستیدا ئه‌م بۆچوونه بۆچونێكی ههڵهیهبۆ سه‌یركردنی قورئان, وه‌كو تیۆریه‌كی زانستی, بۆ نمونه ته‌فسیری زانستی بۆ ئه‌م ئایه‌ته كراوه (( و مایعلم فی الارحام الا الله)) , كه گوایه جگه له خودا كه‌س نازانێت منداڵ له منداڵدانی دایكی‌دا چ ره‌گه‌زێكه, به‌ڵام دواتر ئامێرێك په‌یدابوو ئه‌و نهێنیه‌ی ئاشكراكرد, كه ئامێری (سۆنه‌ر) ه, به‌ڵام ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه ئه‌م ئایه‌ته هه‌ڵه‌یه, به‌ڵكو ته‌فسیری زانستی بۆ ئه‌م ئایه‌ته هه‌ڵه‌یه, چون له‌هه‌موو سه‌رده‌مێكدا چه‌ندین تیۆری زانستی به‌رهه‌م دێت, تیۆر و بیروڕا و ده‌رئه‌نجامه‌كانی رابردووی زانست پوچه‌ڵده‌كاته‌وه, گوتاری قورئانی تیۆریه‌كی زانستی نییه, به‌ڵكو گوتارێكه دابه‌زیوه‌ته سه‌ر تاك و كۆمه‌ڵگه, بۆ گۆڕینی ره‌گه‌زه‌كانی واقیع, كۆمه‌ڵگه‌ش له‌لایه‌نی رۆحی و ماددی پێكهاتووه, گوتاری قورئانی ئاراسته‌ی ئه‌و دوو ره‌هه‌نده كراوه‌به یه‌كه‌وه, قورئان له جه‌وهه‌ری خۆیدا جیهان و ژیانی دونیای فهرامۆشنهكردووه, به‌ڵكو ژیانی دونیا قۆناغێكه بۆ گه‌یشتن به ژیانی قیامه‌ت, گه‌ر له قورئاندا باس له حه‌قیقه‌تی دونیا و ژیان كرابێت, چه‌ند ئایه‌تێك باس له پوچگه‌رایی دونیا و به‌رز راگرتنی قیامه‌ت كرابێت, ئه‌وه مانای ئه‌وه نییه كه‌ژیانی دونیا هیچ ئه‌رزشێكی نه‌بێت له‌دیدی قورئانیدا, ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌ی قورئان پێی له‌سه‌ر داگرتووه, فه‌یله‌سوفه‌كانیش دانیان پیادا ناوه, وه‌كو شوبنهاوه‌ر ده‌ڵێت : خۆشبه‌ختی له دونیادا ئه‌وه‌یه كه‌مترین ئازار بچهژیت, كه‌واته زۆر له فه‌یله‌سوفی تر باسی سروشتی دونیایان كردووه, به‌ڵام ئیسلام له‌گه‌ڵ گرنگیدان به‌لایه‌نی رۆحی و مه‌عنه‌وی, گرنگی به‌لایه‌نی ماددیش داوه, قورئانیش ئاراسته‌ی ئه‌م دوو ره‌هه‌نده‌ی كۆمهڵگهكراوه, هه‌رهه‌وڵێكی تیۆری بده‌ین, بۆ جیاكردنه‌وه و نه‌هێشتنی په‌یوه‌ندی نێوانیان, هه‌وڵێكی نه‌زۆكه و لێره‌وه ناكرێت ئه‌م دوو ره‌هه‌نده ئه‌وه‌نده به‌یه‌كدا چووبن و گوتاری قورئانی ئاراسته‌ی رهههندێكیان كرابێت, ئه‌م تێگه‌یشتنه له گوتاری ئیسلامی به درێژیی مێژووی خۆی باڵاده‌ستبووه, ته‌نها گرنگی به‌لایه‌نی رۆحی و مه‌عنه‌وی داوه لایه‌نی ماددی و جه‌سته‌یی فه‌رامۆشكردووه, چه‌ندین فه‌رمووده و ئایه‌ت باس له گرنگیدان به‌ژیان و جوانكاری و خۆشگوزه‌رانی ده‌كات, وه‌كو ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ی (انتم اعلم بامور دنیاكم) یاخود ئایه‌تی (وشاورهم فی الامر فإژا عزمت فتوكل علی الله) (ال عمران – 109).
چه‌ندین ئایه‌تی تر باس له‌رزق و نیعمه‌ته‌كانی دونیا ده‌كات, كه مرۆڤ به راوێژوو بۆ چوون و خستنه‌كاری عه‌قڵی ژیانی خۆی باشبكات و پێداویستی خۆی دابین بكات, فه‌رامۆشكردنی لایه‌نی جه‌سته‌یی و لایه‌نی ماددی , فاكته‌ری سه‌رهه‌ڵدان و بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌ندین ته‌وژمی هاوشێوه‌ی سۆفییه‌ت بووه له‌مێژووی ئیسلامی‌دا, ته‌وژمی سۆفی تهفسیرێكی تاك ره‌هه‌ندی مه‌عنه‌وی و رۆحی و ئه‌بستراكتی بۆ ئیسلام هه‌یه, په‌یوه‌ندییه‌كانی ئیسلام و هه‌موو گۆڕانه مێژوویی و سۆسیۆلۆژییه‌كان فه‌رامۆشده‌كات باوه‌ڕیان به‌ته‌فسیری قورئانی هه‌یه له‌رێگه‌ی نوری ئیشراقییهوه (27) كه خودا ده‌یخاته دڵی ڕاڤهكهرهوه (مفسر) , ئه‌زموونێكه ده‌چێژرێت و گوزارشتی لێناكرێت و دۆخێكی كاتی و تێپه‌ڕه, ته‌نها كه‌مینه‌یه‌كی خه‌ڵك خاوه‌نی ئه‌و جۆره ئیشراقهن, بۆیه باوه‌ڕیان وایهمانای قورئان له زماندانییه, به‌ڵكو له دڵدایه, مرۆڤ له ئه‌نجامی ژیانی له كۆمه‌ڵگه‌دا خودا نورێك ده‌خاته دڵییه‌وه, ده‌توانێت د‌رك به‌ماناكانی قورئان بكات, (ئه‌بوزه‌ید) له‌سه‌ر ته‌ئویل و ده‌ق قسه ده‌كات, ئه‌و پێیوایه جیاوازییه‌كی گه‌روه له نێوان ئیبن روشد و غه‌زالیدا هه‌یه له‌رووی مه‌عریفه و سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه, له كاتێكدا هه‌ردووكیان باوه‌ڕیان به‌دابه‌شبوونی خه‌ڵكی هه‌یه بۆ تایبه‌تی و گشتی, به‌ڵام خه‌ڵكی تایبه‌تی بریتییه له‌و عاریفانه‌ی ده‌گه‌نه پله‌یه‌كی رۆحانی و نزیكی له‌زاتی خالیق كه به‌هۆی ئه‌م پله سۆفیگه‌راییه‌وه, رووكه‌شی ده‌قه‌كان ده‌به‌زێنن و ده‌چنه ناوه‌ڕۆكی ده‌قه‌وه و مانای راستی ده‌ردێنن!
كه‌واته ده‌بێت بهرۆحانیهت بچینه ئاستی مه‌له‌كوت و پاشتر له‌وێوه بێینه‌وه بۆ ناو مانا شاراوه‌كانی ده‌ق, ئه‌مه‌ش جوڵه‌ی مه‌عریفه‌یه و له‌سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه, تاله ئاستێكی زۆر مه‌عریفه‌یه‌كی ده‌گمه‌ن و ته‌م وموژاویش كه عاریفی سۆفی پێیده‌گات.
له‌كاتێكدا لای ئیبن روشد پرۆسه‌ی ته‌ئویل له تێڕامان له سروشت و واقیعه‌وه به‌رهه‌م دێت و واقیعی مرۆڤه‌كان ته‌ئویلی ده‌قه‌كان دهخوڵیقێنن, لێره‌شه‌وه مه‌عریفه لای ئیبن روشد له خواره‌وه ده‌چێته ناو هه‌ناوی ده‌قه‌وه و ئه‌گه‌ری مانی جیاواز داده‌نێت بۆ هه‌ناوی ده‌ق.. ئیبن روشد پێیوایه جیاوازی شته‌كان فه‌رزی ده‌كات به‌سه‌رماندا دابنێیین به جیاوازیدا ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جیاوازی ئاستی مه‌عریفی تاكه‌كان و مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ ده‌قه‌كاندا (28) .
فه‌رامۆشكردنی لایه‌نی ماددی ئیسلام جۆشده‌ر و هانده‌ری دروستبوونی چه‌ندین ته‌وژمی هاوشێوه‌ی سۆفیزم بووه, كه فاكته‌رێكی گه‌وره‌ی پاشكه‌وتنی موسوڵمانان بووه له ره‌وتی پێشكه‌وتنی ژیاریدا, گه‌ر ئێمه دوو ئه‌زموونی كاسۆلیك و پرۆستانت وه‌ربگرین, دوو ئه‌زموونی زۆر جیاوازن له تێڕوانینیان بۆ ژیان و دونیا, كاسۆلیك ره‌فزی لایه‌نی ماددی ده‌كردوو پرۆستانت جه‌ختی له‌سه‌ر لایه‌نی رۆحی و ماددی ده‌كرده‌وه له‌یه‌ك كاتدا شۆڕشێكیان به‌رپاكرد له دژی فیكری كاسۆلیكی مه‌زهه‌بی پرۆستانتی لێ به‌رهه‌مهات, كه ریفۆرمی له بیروڕاكانی ئایینی مه‌سیحیدا كرد, به‌تایبه‌ت له تێڕوانین بۆ ئاده‌میزاد و ژیان و جیهان.
رابه‌رانی ریفرۆمی ئایینی كالڤن و لۆسه‌ر بوون, كه به‌تێڕوانینی فه‌لسه‌فی و فیكری ته‌فسیریان بۆسه‌ر له‌نوێ بۆ ئایینی مه‌سیحی كردووه, ئه‌م تێڕوانینانه‌ی مه‌زهه‌بی پرۆتستانتی بووه هۆی سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌كردنی سه‌رمایه‌داری له ئه‌وروپادا, وه‌كو كۆس ده‌ڵێت : (پرۆتستانت هۆكاربوو بۆ رۆحی سه‌رمایه‌داری پیاوانی كه‌نیسه, پرۆتسانتی فێری خه‌ڵك ده‌كه‌ن, به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ بۆ به‌رگریكردن له سه‌رمایه‌داری پرۆتستانت هۆكاربوو بۆ به‌ده‌ستهێنانی كه‌ڵه‌كه بوونی سه‌رمایه) (29).
كه‌واته له رۆژئاوادا, له‌چاخی رێنیسانیسدا سه‌رمایه‌داری و ئایینی مه‌سیحی ره‌گ و ریشه‌یه‌كی رۆحی نزیكیان هه‌بووه ( رووكاره جیاوازه‌كانی سه‌رمایه‌داریدا كردووه و گۆڕینی تێگه‌یشتنی كالڤن ده‌رباره‌ی قودسیه‌تی كار بۆ هه‌وێن و بونیادنه‌ری سه‌رمایه‌داری تێزهیهكی سه‌ره‌كی ماكس ڤێبره) (30), له ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌ی ماكس ڤیبه‌ر له‌سه‌ر سه‌رمایه‌داری و ئایینی مه‌سیحی به‌و ده‌رئه‌نجامه ده‌گات (شارستانییه‌تی خۆرئاوا له‌سه‌ر دوو پایه‌ی گرنگ وه‌ستاوه, ئه‌ویش بانك و كهنیسهن). (31), توێژینه‌وه‌ی ماكس ڤێبه‌ر ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت كه عه‌قڵی مه‌سیحی گرنگییه‌كی زۆریداوه به‌لایه‌نی ماددی و دونیایی ئه‌نجامیش ئه‌وروپا گه‌شه‌كردن و به‌ره‌و پێشچوونی به خۆوه بینی, پاشان توانیان جڵه‌وی شارستانییه‌تی جیهانی به‌ده‌سته‌وه بگرن.
مه‌زهه‌بی كاسۆلیكی گرنگی دانیان به‌دواڕۆژ بره‌و پێدانبوو به‌رامبه‌ر به‌دونیا (پرۆتستانته‌كان ئاماده‌ییه‌كی تایبه‌ت نیشانده دهن بۆ عه‌قڵانیه‌تێكی ئابوری جائه‌گه‌ر توێژێكی باڵاده‌ستبێت یان ژێر ده‌ست كه‌مایه‌تی یان زۆرایه‌تی, كه ئه‌و سیفه‌ته له‌هیچ حاڵه‌تێكدا لای كاسۆلیكه‌كان نابینرێت) (32) كه‌واته لێره‌دا گرفت له جه‌وهه‌ری ئاییندا نییه كه گرنگی به‌ژیان وجیهان نادات, به‌ڵكو گرفت له‌و تێگه‌یشتنه‌یه كه بۆ ئایین ده‌كرێ, ئێمه له‌سه‌ره‌تاوه وتمان لایه‌نی و رۆحی و ماددی دوو ره‌هه‌ندی به‌یه‌كدا چوون, كه‌واته بیروڕاو عه‌قیده‌ی دینیش ته‌ماسێكی گه‌وره‌ی لهگهڵَ مێژوو و كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه (باوه‌ڕ له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆی نه‌بێت گه‌شه‌ناكات واته له پرۆسه‌ی گۆرانكاری دۆخه ماتریالییه‌كه‌ی خۆیدا) (33) له مرۆدا كه سیستمی سه‌رمایه‌داری فۆڕمی ئابوری جیهانی پێكهێناوه, پێویستیمان به تهفسیرێكی ماددی و ماتریالیزمی نوێ بۆ ئیسلام هه‌یه, له‌ژێر رۆشنایی بارودۆخی هه‌نووكه‌یی و زیادبوونی به‌جۆری به رادده‌یه‌كی زۆر وه‌ك ئه‌ریك فرۆم جه‌ختی لێده‌كاته‌وه, له‌ژێر ئاراسته‌ی ئه‌و هه‌موو گۆڕانه ماددیه‌دا تاكێك دروستبووه, كه تایبه‌تمه‌ندی سه‌رده‌مه‌كه‌ی هه‌ڵگرتووه.
ئیسلام مانایه‌كی نوێ وه‌رده‌گرێت له واقیعدا, چونكه ئیسلام ئه‌گه‌ری خۆنوێكردنه‌وه‌ی له جه‌وهه‌ری خۆیدا هه‌ڵگرتووه وه‌ك سه‌میر ئه‌مین ده‌ڵێت : (هه‌ر ئایینێك به‌شێك له نه‌رمی و خۆگونجاندنی تیادایه له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌لومه‌رجه كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی كه گۆرانیان له هه‌ناودا هه‌ڵگرتووه, سه‌میر ئه‌مین پێی وایه, كه گه‌لێكی دواكه‌وتوو ئایینه‌كه‌شی به‌شێوه‌ی دواكه‌وتووانه راڤه ده‌كات) (34).
له‌ژێر رۆشنایی ئه‌م شیكردنهوانهدا عه‌لمانیه‌ت له ده‌ستپێكی سه‌رهه‌ڵدانیدا بریتی‌بوو له گرنگیدان به‌جیهان و ئاده‌میزاد نصر حامد ابو زید ده‌ڵێ : چه‌مكی عه‌لمانییه‌ت له بناغه‌دا له ( العالم. جیهان) ه‌وه هاتووه, ئه‌گه‌ر ئه‌مه راست بێت مانای ئه‌وه نییه ده‌لاله‌تی وشه كه له‌گه‌شه‌كردنی مێژوویدا جیایه لهدهلالهتی چه‌مكی (علم.زانست), به‌ڵكو واتای گرنگیدان به‌جیهان (العالم) و كاروباره‌كانی, واته مرۆڤ سه‌نته‌ری جیهانبێت, كه ئه‌مه جه‌وهه‌ری بانگه‌وازی عه‌لمانییه‌ته, كه هه‌ڵوێستێكی دژبه كهنیسهبوو, كه گرنگی به‌دواڕۆژ (الاخره) و جیهانێكی تر ئامانجی بوو (35), جه‌وهه‌ری عه‌لمانییه‌ت گرنگیدانه به‌جیهان و كاروباره‌كان, گوتاری قورئانی ناكۆك نییه له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه, یان بۆ چوونی هیومانیستانه‌ی چه‌مكی عه‌لمانییه‌ت هه‌ڵگرییه‌تی چه‌ندین ئایه‌ت و فه‌رمووده له ئیسلامدا ده‌دۆزینه‌وه جه‌خت له‌سه‌ر پاراستنی سه‌روماڵ و سامانی هاووڵاتیان و تاك كراوه‌ته‌وه, مه‌به‌سته‌كانی شه‌ریعه‌ت جگه له هیومانیزم چ مانایه‌ك ده‌گه‌یه‌نێت, هیومانیزم لای هایدگه‌ر به‌و مانایه دێت كه مرۆڤ سه‌نته‌ر بێت و شته‌كانی دی له خولگهیدا بسوڕێن, رۆشنترین ئایه‌ت كه له‌سه‌ر رێزگرتنی مرۆڤ جه‌خت ده‌كاته‌وه (ولقد كرمنا بنی ا‌دم), له قورئاندا سه‌نته‌ری مرۆڤه, چونكه قورئان ئاراسته‌ی ئه‌و كراوه, له پێناو پاراستنی ماف و ژیان و ئازادی مرۆڤ دابه‌زیوه, به‌رامبه‌ر واقیعێك كه هیچ ئه‌رزشێك بۆ مرۆڤ دانانێت, لێره‌دا جیاوازیمان ده‌لاله‌تی تێڕوانینی جیاوازمانه بۆ قورئان(36), له‌لایه‌كی تره‌وه چه‌مكی عه‌لمانییه‌ت, له‌سه‌ره‌تای ئیسلامدا وجودی نه‌بووه, گه‌ر ئێمه بێین بیبه‌ستین به عه‌قیده‌وه و (دژی عه‌قیده‌ش نییه), ئه‌گه‌رچی له پێش سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م چه‌مكه له خۆرئاوادا لای زانایان و فه‌یله‌سوفان پێشتر گوزارشتی لێكرابێت, ئه‌م چه‌مكه و ماناكانی له سه‌رده‌می رێنیسانس هاته ناو ئه‌ده‌بیاتی فیكر و فه‌لسه‌فه و زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كان, كه‌واته ره‌فزكردنی ئه‌م چه‌مكه له‌لایه‌ن ته‌وژمی فیكری ئیسلامییه‌وه به‌وه پاساو ده‌درێت كه خۆرئاواییه جا ئه‌گه‌ر هه‌مان ئه‌و مانایانه‌ی عه‌لمانییه‌ت له كولتوری ئیسلامی‌دا ببیننه‌وه ئه‌وا هه‌ر ره‌فزی ده‌كه‌ن, چونكه ده‌ق گهراییانه (نصوص)ی ده‌رواننه ئه‌م چه‌مكه, كه‌واته له‌مڕۆدا به چ قیاسێك ئه‌م چه‌مكه بهلائیكیهت و ئیلحاد له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن, ئه‌م چه‌مكه شێوازێك و جیهانبینیه‌ك ده‌رهه‌ق به جیهان و دیارده‌كان ده‌خاته به‌رده‌ست ئینسان, ئێمه له‌م دۆخه‌دا ده‌بێت ئه‌م چه‌مكه له‌ده‌ست ئایدۆلۆژیسته‌كان بسه‌نینه‌وه, له چوارچێوه دروسته‌كه‌ی خۆیدا داینێینه‌وه, عه‌لمانییه‌ت چه‌مكێكی لائیكی و ئیلحادی دژ به‌دین نییه, هه‌روه‌كو چۆن ئایدۆلۆژیسته‌كان وه‌كو چه‌كێك به‌رامبه‌ر یه‌كتری به‌كاریده‌هێنن و به‌یه‌ك لۆژیك بۆ ئه‌م چه‌مكه ده‌ڕوانن.
ته‌نهایه‌ك ره‌هه‌ندی ده‌بینن, ره‌هه‌نده‌كانی تری ئه‌م چه‌مكه فه‌رامۆشده‌كه‌ن, ئه‌ویش ئیلحادیبوونی ئه‌م چه‌مكه‌یه, هه‌ردوو ته‌وژمه‌كه كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه عه‌لمانییه‌ت رۆڵی دین له كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌سڕێته‌وه, له‌كاتێكدا عه‌لمانییه‌ت و عه‌قڵی ئیسلامی دووچه‌مكی مێژووڵایهتین, ده‌گه‌ینه ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه ته‌وافوقی ئه‌م دووچه‌مكه له‌بواری تیۆری و پراكتیكیدا و تیۆریزه‌كردنی له كۆمه‌ڵگای ئێستاماندا پێویسته به ئه‌ندازه‌ی پێویستی هه‌ریه‌ك له‌و دووچه‌مكه له‌كۆمه‌ڵگه‌دا, وه‌كو محمد ئه‌ره‌گۆن ده‌ڵێت : (كاركردنی دونیایی و كاركردنی ئایینی, ئه‌م دووانه دوو ره‌هه‌ندن له ره‌هه‌نده‌كانی مرۆڤ, كه له‌یه‌كتر جیاناكرێنه‌وه (37).
هه‌ندێك له ته‌وژمه ئیسلامییه‌كان, هه‌ردوو ئه‌زموونی كه‌مال ئه‌تاتورك و حه‌بیب بۆرقێبه له تونس به به‌ڵگه ده‌هێننه‌وه بۆ سه‌لماندنی ئیلحادی و لادینی و لائیكییهتی عه‌لمانییه‌ت, به‌ڵام ئه‌م دوو ئه‌زموونه دوو ئه‌زموونی توندڕه و سه‌پێنه‌ری سیستمی عه‌لمانییه‌تن له‌م دوو وڵاته‌دا, به گوزارشتی ئه‌بوزه‌ید (ده‌بێت پرۆژه‌یه‌ك بێت له ناوخۆوه هه‌ڵقوڵێت, به‌ڵام ئه‌م دوو ئه‌زموونه ناوخۆیی نه‌بوو, بهڵًكو زه‌مینه‌یه‌كی فراوان و گه‌شه‌كردن و به‌ره و پێشچوونی پێویسته و پرۆسه‌یه‌كی سروشتی و مه‌عقول بێت, عه‌لمانییه‌ت له‌كۆمه‌ڵگه‌دا بچێنێت و له هیراركهی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ببێته پرۆژه‌یه‌ك, به‌ڵام ئه‌م دوو ئه‌زموونه وه‌كو ئه‌ره‌گۆن ده‌ڵێت: (له ده‌ره‌وه هێنراو له‌سه‌ره‌وه سه‌پێنرا) به پێچه‌وانه‌وه ده‌بێت له‌ناوخۆوه هه‌ڵقوڵێت و له هه‌ره‌می خواره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌دا بۆ مه‌شروعیه‌تی خۆی بگه‌ڕێت, ببێته بزافێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و فیكری په‌لبكێشێت بۆ هه‌ره‌می سه‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه و حكومه‌ت و ده‌وڵه‌ت, به‌گوزارشتێكی تر (له كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسی), پێناسه‌ی ئه‌ره‌گۆن بۆ ئه‌م چه‌مكه (بریتییه له هه‌ڵوێستی رۆح له‌به‌رامبه‌ر گرفتی مه‌عریفه‌دا, واته ئایا مرۆڤی ئه‌وه‌ی هه‌یه نهێنییه‌كانی گه‌ردوون و كۆمه‌ڵگه بزانێت یان مافی ئه‌وه‌ی نییه, متمانه به عه‌قڵی مرۆڤ له دۆزینه‌وه‌ی نادیاره‌كان و رێبهریكردنی مێژوو یان نا.
هه‌ندێك ده‌ڵێن مرۆڤ پێویستی به هێزێكی ده‌ره‌كی هه‌یه تاژیان و كاره‌كانی بۆ به‌رێوه‌به‌رێت ئه‌مه هیومانیزمی ئایینیه, یه‌كه‌میان هیومانیزمی نوێیه, ئه‌ره‌گۆن ده‌ڵێت : من باوه‌ڕم وایه ده‌شێ په‌یوه‌ندییه‌كی نوێ له نێوان ئه‌م دوو حاڵه‌ته‌دا دابمه‌زرێ به‌جۆرێ كه‌متر شپرزه‌ی یان هێرشكاری تێدابێ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌دا, له‌كاتی ده‌سه‌ڵاتی عه‌لمانییه‌تی خه‌باتگێڕی له فه‌ره‌نسه‌دا روویدا ئه‌مڕۆ رێگه‌یه‌كی تر هه‌یه بۆ تێگه‌یشتن له عهلمانییكردن كه فراوانتر و پۆزه‌تیڤ تره(38).
ئه‌گه‌ر ئه‌زموونی ئێمه ئه‌زموونی یه‌كێك له حیزبه ئیسلامییه‌كانی ناوچه‌كه بهێنینه به‌رباس, كه‌له سه‌نته‌ری خه‌لافه‌تی عوسمانی‌دا (ئیسلامی) چالاكی ده‌نوێنن له ههنوكهدا, ئه‌ویش ئه‌زموونی ئیسلامییه له توركیا (هه‌وڵی حیزبی ره‌فاهی ئیسلامی له توركیا به رێبه‌رایه‌تی نه‌جمه‌دین ئه‌ربه‌كان بۆ جێبه‌جێكردنی ریفۆرمی ئیسلامی له‌ناو سیستمی ئه‌تاتوركی عه‌لمانی (39), كه هه‌وڵی ته‌وافوقی گوتاری عه‌لمانی و گوتاری ئیسلامی‌دا ده‌بینین پاش چه‌ندین ساڵ به‌سه‌ر ئه‌زموون و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌ربه‌كان ده‌سه‌ڵاتدارێتی و حكومه‌تی ئه‌مرۆی توركیا حیزبێك به مهرجهعیهتێكی ئیسلامیه‌وه (حیزبی داد و گه‌شه پێدان) هه‌وڵی ته‌وافوقی ئه‌م دوو گوتاره‌ی داوه و گه‌ر گوزارشتهكهمان مه‌نهه‌جی بێت ده‌توانین بڵێین بزافی ئیسلامی له‌توركیا رێڕه‌وێكی (عه‌لمانی – ئیسلامی) گرتۆته به‌ر هه‌رله‌سه‌رده‌می ئه‌ربه‌كان تا ئه‌م قۆناغه‌ی به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنیان پرۆژه‌یه‌كی سیاسی و فیكری بووه له‌لای ئه‌و بزافه له‌توركیا, ته‌وافوقی ئه‌م دوو گوتاره پرۆژه‌یه‌كی فیكری و سیاسی قوڵ و پڕكێشه‌یه پێموایه هه‌وڵدان بۆی پرۆژه‌یه‌كی نه‌شیاو ئه‌سته‌م نییه, ئه‌م بابه‌ته هه‌وڵێكی زۆر سه‌ره‌تاییه بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته و دروستكردنی زه‌مینه‌یه‌ك بۆ گوفتو گۆ و دیالۆك له‌سه‌ری, یه‌كێكه له كێشه گه‌رم و گوڕ و هه‌ستیاره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه, به‌ڵام تیۆریست (منڤر)انی ئیسلامی به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌م بابه‌ته ده‌خه‌نه‌روو كه ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی رهفزكردنییهتی به‌بیانوی تایبه‌ته به ئه‌زموونی خۆرئاوا, ووته‌یه‌كی حه‌قیقیه كه ئه‌زموونی ووڵاتی ئێمه جیاوازتره, به‌ڵام ئه‌مه‌ش واناكات, كه ئێمه هه‌ر له‌بناغه‌وه گۆڕ بۆ ئه‌م چه‌مكه ههڵكهنین و له واقیعه مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دووریبخه‌ینه‌وه, دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی شیاو له نێوان ئه‌م چه‌مكه‌دا, له‌ژێر رۆشنایی ئه‌زموون و عه‌قڵی ئایینی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا پێویستیه‌كی گرنگ و بێئه‌ندازه به سووده, ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێك ده‌بێت بۆ تێپه‌ڕاندنی عه‌قڵی ئیسلامی له قۆناغێك بۆ قۆناغێكی تر و پاشان تێپه‌ڕاندنی ئه‌و تێڕوانینه میسالیه‌ی كه په‌یوه‌ندییه ناوه‌كییه‌كانی ئه‌م عه‌قڵه‌ی رێكخستووه و له ئه‌نجامیشدا نه‌ك زیان به بزافی ئیسلامی و باوه‌ڕی ئیسلامی له‌كوردستان ناگه‌یه‌نێت, به‌ڵكو پاڵنه‌رێكه بۆ گه‌شه‌كردن و به‌ره‌وپێشچوونی, كاتێك ئه‌م دیارده‌یه به پاشه‌كشه‌ی عه‌قیده‌ی ئیسلامی و زیان گه‌یاندن پێی لێكده‌درێته‌وه,( ئه‌وه به‌لۆژیكی وێنه‌یی ـ منگق صوری ـ سه‌یری ئه‌م دیارده‌یه ده‌كرێت به بۆچوونی عه‌لی حه‌رب ده‌بێت لۆژیكی وێنه‌یی تێپه‌ڕێنین له ئێستادا ته‌نها رووكار و رووكه‌شی ئه‌م دیارده‌یه لێكده‌درێته‌وه جه‌وهه‌ر و ماهیه‌تی ئه‌م دیارده‌یه فه‌رامۆشده‌كرێت كه ئه‌مه‌ش بۆ چوونێكی سایكۆلۆژی و عاتیفیه نه‌ك ئیمانی و عه‌قلانی، محمد عبده ده‌ڵێت : (ئایینی ئیسلام له جه‌وهه‌ریدا, شه‌ریعه‌تی "الوفاق. كۆبونه‌وه" یه (40).
په‌راوێزه‌كان
1. یه‌ك خوێندنه‌وه‌یی یان فره خوێندنه‌وه‌یی بۆ ده‌ق, په‌یڤین له‌گه‌ڵ د. محمد موجتهید شبسته‌ری. وه‌رگێڕانی, صهبور سه‌یوانی, بابه‌تێكی بڵاوكراوه‌ی گۆڤاری (هه‌ژان) ژماره 8 ساڵی 2001 لـ113ـ.
2. (diachronie – نێوكاتی) میتۆدێكی مێژووییه و كه بیایهخ به لێتوێژینه‌وه‌ی گۆڕان و ئاڵوگۆڕبهپێی زه‌مه‌ن.
3. بڕوانه و عاڤ السلاگین, دكتۆر علی الوردی.
4. ده‌رباره‌ی فه‌لسه‌فه و ئیسلام و رۆشنگه‌ری, مه‌ریوان ووریا قانع, لـ261ـ.
5. هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو.
6. (مێژووڵایهتی) پێكهاتووه له ووشه‌ی مێژوو له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵایه‌تی.
7. ده‌رباره‌ی فه‌لسه‌فه و ئیسلام و رۆشنگه‌ری, مه‌ریوان ووریا قانع, لـ69ـ.
8. (abstract – مجرد) بریتییه له چه‌مكێك, كه په‌یوه‌ندی به بابه‌تێكی به‌رجه‌سته‌وه نه‌بێت, به‌ڵكو گوزارشت له‌شتێك ده‌كات, كه ته‌نها به‌شێوه‌یه‌كی فیكری مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت, ئه‌م چه‌مكه له‌سه‌ربنه‌مای چه‌ند پرنسپێكی گشتی یان تیۆری مامه‌ڵه‌ی پێده‌كرێت, نه‌ك وه‌كو نمونه‌ی دیاریكراو (فایدۆن, ئه‌فلاتون), لـ444ـ.
9. ئیسلام له‌مێژوودا, محمد ئه‌ره‌گۆن, وه‌رگێڕانی له عه‌ره‌بیه‌وه, ئارام جه‌مال سابیر, بابه‌تێكی بڵاوكراوه‌ی گۆڤاری سه‌رده‌م, نیسانی 2001 ساڵی سێیه‌م, لـ41ـ.
10. سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی زاراوه‌ی هیومانیزم, هیومانیستیك,(manism- hu humanistic) وه‌ك ده‌ربڕینێكی فیكری و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی شازدهئهم زاراوه‌یه له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌ووشه‌ی (humanitas ) ی لاتینیه‌وه وه‌رگیراوه كه مانای مرۆڤایه‌تی ده‌گه‌یه‌نێت, كه ئه‌مه‌ی دوایش ووشه‌ی (homo) وه‌رگیراوه كه مانای ئاده‌میزاد ده‌به‌خشێت, رابه‌رانی ئه‌م ریبَازه نوێیه مه‌به‌ستیان له هه‌ڵبژاردنی ئه‌م زاراوه‌یه ئه‌وه‌بوو پێ له‌سه‌ر سیما دونیاییهكهی زانست و ئه‌ده‌ب دابگرن, بایه‌خ به ئاده‌میزاد بده‌ن دیارترین خاسیه‌تی هیومانیزم ئه‌وه‌بوو پێ له‌سه‌ر خودی تاكه‌كه‌س داده‌گرن (lndividualism)- تاكگه‌رایی) رێنیسانس, نوسینی, د. كه‌مال مه‌زهه‌ر, لـ42ـ.
11. عبدالكریم سروش خه‌سڵه‌ته‌كانی ئایدۆلۆژیایی ئایینی دیاریده‌كات له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌دا.
أ. بیركردنه‌وه‌ی ئایدۆلۆژی مه‌رامێكی له‌پشته‌وه‌یه, یاخود ده‌یه‌وێت به‌شتێك بگات.
ب. روون و ره‌وان نییه.
ت. داتاشینی په‌یكه‌ری ئایینه.
پ. ده‌كرێته چه‌كی ئایدۆلۆژی.
ج. بوونی دوژمن, به‌رامیه‌ر هه‌موو ئایدۆلۆژیایه‌ك دوژمنێكی هه‌یه.
ح. خاڵێك به‌رچاوه و بۆی ده‌بزوێنین.
خ. ئایدۆلۆژیا به‌قۆناغی پێش تهمكینه- ئایدۆلۆژیا ئه‌و راڤانهی قبوڵه له‌گه‌ڵ مه‌رامی خۆیدا ده‌گونجێت وه به پێچه‌وانه‌وه راڤه‌كانی تردهكاته ده‌ره‌وه‌ی خۆی (جۆرێك لهراڤهی قبوڵه).
12. ئیسلام و بنه‌ماكانی فه‌رمانڕه‌وایی, نوسینی عه‌لی عه‌بدولرزاق, وهرگێًڕانی هاوژین مه‌لا ئه‌مین و ئارام ته‌ها, لـ55ـ.
13. لۆژیكی ئه‌رستۆ, لۆژیكی كۆن به‌لۆژیكی وێنه‌ش ناوده‌برێت به‌پێی ئه‌م لۆژیكه رێژه‌ی حه‌قیقه‌ت وجودی نییه, به‌ڵكو حه‌قیقه‌ت ره‌هایه به پێی ئه‌م لۆژیكه, سه‌یری دیارده و رووداو شته‌كان و مێژوو ده‌كات له رووكاردا حوكمیان به‌سه‌ردا ده‌دات, ماهیه‌ت و جه‌وهه‌ری شته‌كان فه‌رامۆش ده‌كات, یاخود له‌یه‌ك ره‌هه‌نده‌وه شته‌كان هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت به‌پێی ئه‌م لۆژیكه سه‌یری چه‌مكی عه‌داله‌ت بكه‌ین, ئه‌وا وه‌كو مادده‌یه‌ك گرنگی ته‌نها به رووكاری ده‌ره‌وه ده‌ده‌ین, له بارودۆخه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و فه‌رهه‌نگی و مێژووییه‌كه‌ی دووریده‌خه‌ینه‌وه, ره‌هایه‌تی ده‌به‌خشینه چه‌مكه‌كه. (منگق ابن خلدون فی چوو حچارته و شخصیته) لـ201ـ.
14. ئیبن خه‌لدون له‌شیكردنه‌وه‌ی و راڤه‌ی ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌دا ده‌ڵێ ئه‌مه په‌یوه‌سته به بارودۆخێكی تایبه‌ته‌وه, تایبه‌ته به بارودۆخی مێژووڵایهتی دوورگه‌ی عه‌ره‌بی و حیجاز, به‌پێی تێگه‌یشتنی (ابن خلدون) پێشه‌وا ده‌توانێ له جگه لهقورهیشیشدا ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست, ئێمه مه‌به‌ستمان له‌م بۆچوونه‌ی ئیبن خه‌لدون (دهمارگیریهكهیهتی) كه عه‌قڵی ئیسلامی له‌مڕۆدا وایده‌بینێت نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌مارگیری بههێزبێـت و نه‌ته‌وه‌كانی تر له خۆی كۆبكاته‌وه و (ده‌وڵه‌تی) خه‌لافه‌تی ئیسلامی به‌و فۆرمه‌ی جارانی بونیادبنێته‌وه (منگق ابن خلدون), لـ93ـ.
15. دیالۆكی ده‌وڵه‌ت و ئایین, سه‌میر ئه‌مین و بورهان غلیون, وه‌رگێڕانی هێمن مه‌جید ساڵی 2000,لـ21.
16. یۆتۆپیا- utopuia ئاماژه به شوینگهیهكی راسته‌قینه ناكات, بونێكی واقیعیشی نییه له‌سه‌رزه‌وی, وێنه‌یه‌كه پێچه‌وانه‌ی وێنه‌ی كۆمه‌ڵگه, یان ته‌واوكردنی ئه‌و وێنه‌یه‌ی كۆمه‌ڵگایه, كه هه‌یه و بڵند كردنهوهیتی بۆ ئاستی كه‌ماڵ (گۆڤاری ره‌هه‌ند ژماره14 و 15, لـ61.
17. گوتاری ده‌سه‌ڵات و ئایین, ئومێد قه‌ره‌داغی, بابه‌تێكی بڵاوكراوه‌ی گۆڤاری (ژیار) ژماره 1.
18. جیابوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی به‌لقان له‌سه‌ربناغه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بوو لێره‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی جیاوازی زمان و رۆشنبیری بۆ جێبوونه‌وه گرنگه به‌قه‌ده‌ر ئایین, هه‌ڵبه‌ت رێژه‌ییه بروانه (الفكر العربی و صراع الاچداد, د. محمد جابر الانصاری, لـ64.
19. په‌یوه‌ندی نێوان چه‌مكی ئایین و نه‌ته‌وه, په‌یوه‌ندییه‌كی ئاڵۆزه, قسه‌كردن له‌سه‌ری ده‌چێته بواری سۆسیۆ پۆلۆتیك, چه‌ندین تیۆر و تێزی جیاواز له‌سه‌ری پێشنیاركراوه, كه ئێمه لێره‌دا ههربهكورتی ئاماژه‌مان پێكردووه.
20. گوتار (discourse) ئه‌م زاراوه‌یه ئاماژه ده‌كات بۆ سیستمێكی فیكری, كه چه‌ندان چه‌مك و وته‌ی تیۆری ده‌گرێته خۆی له‌پاڵ چه‌ند رهههندێكیشدا بۆ پراكتیك هه‌مووی له‌ده‌وری یه‌كێك له پانتاییه‌كانی واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی و بگره ناكۆمهڵایهتیش به‌مه‌به‌ستی نزیكبوونه‌وه و تێگه‌یشتن و كارلێكردن له‌گه‌ڵیدا.
21. زاراوه‌ی ووڵاتی جیهانی سێیه‌م, بۆیهكهمجارلهلایهن فرازفانونی ماركسیتهوه به‌كارهاتووه, كه دوو له‌سه‌رسێی ووڵاتانی جیهان پێكده‌هێنن.
22. ده‌روازه‌كانی ئایین له نێوان ئاسمان و زه‌میندا, به‌رگی یه‌كه‌م, ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌بجه‌یی.
23. التفكیر فی الزمن التفكیر چد الجهل و الزیف و الخرافه د. نصر حامد ابو زید, چاپی یه‌كه‌م, 1995 سینا للنشر, صــ35ـ.
24. زاراوه‌ی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست بۆیه‌كه‌مجار, له‌لایه‌ن هیومانستهكانهوه به‌كار هێنراوه, مه‌به‌ستیشیان له‌سه‌ده‌ی به‌رله رێنیسانس و سه‌ده‌كانی دوای گریك و رۆمان , بڕوانه رێنیسانس, د. كه‌مال مه‌زهه‌ر,لـ51.
25. رێنیسانس. د. كه‌مال مه‌زهه‌ر, وه‌رگێڕانی فوئاد مه‌جید مصری, چاپی دووه‌م,2004, سلێمانی, لــ55.
26. ماركۆزه و پۆپه‌ر, لێكۆڵینه‌وه و گفتوگۆ, وه‌رگێڕانی ئازاد به‌رزنجی, لـ38ـ.
27. حیكمه‌ت ئیشراقی: فه‌لسه‌فه‌یه‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای گه‌یشتن به راستیه‌كان, له رێگه‌ی (كشف) و (شهود) ه‌وه, كه دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی له ئێران و ئیسلامدا شێخ شه‌هابه‌دین سوهره‌وه‌ردی (سوره‌به‌ردی) كه‌ڵكی له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌فلاتون و حیكمه‌تی نوێی ئه‌فلاتون و حیكمه‌تی باوی ئێران وه‌رگرتووه, له پێكهاته و راڤه‌ی ده‌ق, بابه‌ك ئه‌حمه‌دی, لـ147ـ.
28. خوێندنه‌وه‌ی كتێبی (الخگاب و التاویل) د. نصر حامد ابوزید, گۆڤاری هه‌ژان, ژماره,5 ساڵی دووه‌م2000.
29. الراسمالیه نڤاما, اولفر,س.كوكس, ترجمه, ابراهیم كوبه, مگبعه العانی, بغداد,1974.
30. ئیمان و جه‌نگاوه‌رانی, به‌ختیار عه‌لی, ساڵی 2004ز, بڵاوكراوه‌ی نێوه‌ندی ره‌هه‌ند, لــ68ـ.
31. هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو, لـ69ـ.
32. ماكس ڤێبه‌ر و دۆزینه‌وه‌ی به‌هه‌شتی وون, به‌ختیار عه‌لی, بابه‌تێكی بڵاوكراوه‌ی گۆڤاری ره‌هه‌ند,ژماره2 ساڵی 1997, لـ180ـ.
33. دیالۆكی ده‌وڵه‌ت و ئایین, سه‌میر ئه‌مین و بورهان غلیون, وه‌رگێڕانی, هێمن مه‌جید, ساڵی 2000.
34. مرۆڤ خواوه‌ندی ئاماژه‌ی ده‌قی ئایینی و مێژووی كۆمه‌ڵگا, بابه‌تێكی بڵاوكراوه‌ی گۆڤاری ژیار, ژماره/8 هاوینی 2001, لـ68ـ.
35. التفكیر فی الزمن التفكیر چد الجهل و الزیف و الخرافه د. نصر حامد ابو زید, الگبعه الاولی السنه, 1995 سینا للنشر, صــ87ـ.
36. وشه‌ی عه‌لمانییه‌ت یان به (عه‌لمانیبوون) كه به‌رامبه‌ر به ووشه‌ی سیكۆلاریزهیشن ه (seculatrization) وشه‌یه‌كی لاتینیه و ماناكانی له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كات و قۆناغ و سه‌رده‌مدا گۆڕانی گه‌وره گه‌وره‌یان به‌سه‌ردا هاتووه, له‌سه‌ره‌تاوه ئه‌م ووشه‌یه به‌مانای (رۆژگار) یان ( سه‌رده‌م) به‌كار هاتووه, دواتر له‌سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا ماناكه‌ی گۆڕاوه بۆ (جیهان) (دونیا, زه‌می) پرۆسه‌ی بهدنیاكردنی دیارده‌كانی (عه‌لمانییه‌ت و ئایین, گۆڤاری ره‌هه‌ند, ژماره, لـ114ـ.
37. ئایین و عه‌لمانییه‌ت و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی (گفتوگۆ له‌گه‌ڵ محمد ئه‌ره‌گۆن), وه‌رگێڕانی نه‌وزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د, بابه‌تێكی بڵاوكراوه‌ی گۆڤاری ره‌هه‌ند, ژماره/ 14-15, لــ263ـ.
38. هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو, لـ362ـ.
39. الفكر العربی و صراع الاچداد, د. محمد جابر الانصاری, الگبعه العربیه الاولی, 1996, لـ263ـ.
40. هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو, لــ22ــ.
سه‌رچاوه‌كان
1. الراسمالیه نڤاما, اولیفر.س.كوكس ترجمه ابراهیم كبه, مگبعه العانی بغداد, 1974ز
2. التفكیر فی الزمن التفكیر چد الجهل و الزیف و الخرافه د. نصر حامد ابو زید.
3. الفكر العربی و صراع الاچداد محمد جابر الانصاری, الگبعه العربیه الاولی 1996.ز
4. منگق ابن خلدون فی چوو حچارته و شخصیته, دكتور علی الوردی,1997.ز
5. ئیمان و جه‌نگاوه‌رانی, به‌ختیار عه‌لی,ساڵی 2004.ز
6. ده‌رباره‌ی فه‌لسه‌فه‌و ئیسلام و رۆشنگه‌ری, مه‌ریوان وریا قانع.
7. ئیسلام و بنه‌ماكانی فه‌رمانڕه‌وایی, عه‌لی عبدالرزاق, وه‌رگێڕانی/ هاوژین مه‌لا ئه‌مین و ئارام ته‌ها.
8. ماركۆزه و پۆپه‌ر, لێكۆڵینه‌وه و گفتوگۆ, وه‌رگێڕانی ئازاد به‌رزنجی.
9. پێكهاته و راڤه‌ی ده‌ق, بابه‌ك ئه‌حمه‌دی, وه‌رگێڕانی مه‌سعود بابایی.
10. ده‌روازه‌كانی ئایین له نێوان ئاسمان و زه‌ویدا, ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌بجه‌یی, به‌رگی یه‌كه‌م.
11. رێنیسانس, د. كه‌مال مه‌زهه‌ر, وه‌رگێڕانی : فوئاد مه‌جید مصری.
12. دیالۆگی ده‌وڵه‌ت و ئایین, سه‌میر ئه‌مین و بورهان غلیون, وه‌رگێڕانی هێمن مه‌جید, ساڵی 2000.ز
13. فایدۆن,ئه‌فلاتون, وه‌رگێڕانی ئاوات ئه‌حمه‌د, ساڵی 2003.ز
14. ئایین و عه‌لمانییه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی, گفتوگۆ له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د ئه‌ره‌گۆن, گۆڤاری ره‌هه‌ند, ژماره14-15 ساڵی 2003.ز
15. ماكس ڤێبه‌ر و دۆزینه‌وه‌ی به‌هه‌شتی روون, به‌ختیار عه‌لی, گۆڤاری ره‌هه‌ند, ژمالاره2.
ئیسلام له مێژوودا, محمد ئه‌ره‌گۆن, وه‌رگێڕانی: ئارام جه‌مال سابیر, گۆڤاری سه‌رده‌م, ژماره,14.