نالی ساكار ئه‌كره‌م حه‌مه ساڵح
حه‌زره‌تی نالی ده‌فه‌رموێت:
نالی نیه‌تی سحری به‌یان، حیكمه‌تی شیعره
ئه‌مما نیه‌تی قووه‌تی دڵ، قودره‌تی ئینشا
واتا نالی نیازی وتنی شیعری پڕ له حیكمه‌ت و به‌یان و وتاری سیحراوی هه‌یه، به‌ڵام هێزی دڵ و توانای داهێنانی نییه ته‌نها خودا ئه‌م هێزه‌ی ده‌داتێ ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌سلمێنێت كه هیچ زانست و زانیاری و به‌هره و عیلمێك له ده‌ستی ئێمه‌دا نییه هه‌مووی نیشانه‌ی به‌خشنده‌یی خودای میهره‌بانه بۆیه منیش به‌ناوی خودای به خشنده ئه‌م خزمه‌ته بچووكه له كانگای زانیارییه بچووكه‌كه‌ی خۆم پیشكه‌ش به رۆحی حه‌زره‌تی نالی ده‌كه‌م، ئه‌و هۆنه‌ره مه‌زنه‌ی كه دنیاییه‌ك واتایی ورد و گه‌وره‌ی له‌نێو كۆمه‌ڵێ وشه‌ی بیگانه به‌یه‌كی دیل و زنجیركرد، تا ئه‌و هه‌ست و نه‌ست و ئه‌وینه په‌نگبه‌ستوه‌ی كه به هه‌زاران زمان نه‌ده‌وێژرا له سارای به‌ربڵاوی بیر و ئه‌ندێشه‌ی چینێكی ئه‌وینونكردووی دوای خۆی ده‌ربازبكات، نالی ئاوێنه‌ی رۆشنبیری ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه كه تیێداژیاوه كه رووداو و بابه‌ت و بارودۆخی رۆشنبیری خه‌لكه‌كه و كلتوری ئه‌و سه‌رده‌مه و كۆنتریشی له هه‌گبه‌ی بیریدا خه‌ست و چڕ پاراستووه و له كاتی شیعروتندا به قه‌ڵه‌می بیر و بابه‌تی جۆراوجۆری له‌و هه‌گبه هه‌ڵگۆستووه و كردونی به هه‌وێنی شیعره‌كانی، سه‌رله‌به‌ری دیوانه‌كه‌ی نیشانه‌یه‌كی به‌ڵگه‌نه‌ویسته بۆ راده‌ی توانا و بلیمه‌تی ئه‌و مرۆڤه له بواره‌كانی زانست و زانیاری‌دا، ئه‌نجا چ زانیاری ئایینی بووبیت، زانسته‌كانی هاوچه‌رخ یا له مه‌یدانی زانسته‌كانی شیعر و ئه‌ده‌بییات بووبێت، یا له‌ڕووی نیشتمانپه‌روه‌ری بوبیت، چونكه ئه‌و مرۆڤێكی داهینه‌ره بووه و ناوه‌ڕۆكی بیر و بارستایی دیوان و هۆنراوه و به‌رهه‌مه‌كانی پێمانده‌ڵێ، وه‌ك پیره‌مێردی هۆنه‌ر ده‌ڵێ: تا (مه‌وله‌وی)م نه‌ناسیبوو (نالی)م له‌لا په‌یامبه‌ری شیعری كوردی بوو، هه‌روه‌ها ده‌فه‌رووێت: (ئه‌ده‌بیات و ئه‌دیبانی كورد كه به دووباڵی سیحری حه‌ڵاڵ له ئاسمانی جه‌لالدا ده‌ورده‌كه‌ن یه‌كه‌میان مه‌وله‌وییه و دووه‌میان نالییه، به رۆح و سه‌نعه‌ت و زه‌وق و شه‌وق ده‌خه‌نه دڵه‌وه).. نالی له عاله‌می سه‌نعه‌ت و جناسدا زۆر باڵایه، ئه‌گه‌ر به‌ر ئه‌م زه‌مانه بكه‌وتایه و بمایه كه ئیستا شیعر هاتووه‌ته‌سه‌ر ئوسلوبی سه‌لیسی و رۆح و مه‌عنا، وێنه‌ی نه‌ده‌بوو.
هه‌ندێ شاعیری ناودار شیعری ناوداریان وتووه، به‌ڵام ئه‌وانه ته‌نها له قه‌ریحه و ته‌بیعه‌ته‌وه پێگه‌ییون، نالی له عیلمه‌وه‌یه ئه‌گه‌ربێتو نموونه‌ی جوان و به ته‌بیعه‌تی بنووسین ده‌بێ هه‌موو دیوانه‌كه‌ی بخه‌ینه ئه‌م لاپه‌ڕه‌وه، نالی له سه‌رجه‌م شیعره‌كانیدا چه‌ندین نموونه‌ی به‌رزی شیعری پیشكه‌شكردووه و ئاواته‌خوازبووه ره‌خنه‌گرانێك هه‌بوایه یا خوێنده‌وارێكی باش هه‌بواییه تا به‌جوانی له شیعره‌كانی ئه‌و گه‌یشتایه بۆیه به دڵێكی پڕ غه‌مبارییه‌وه ده‌ڵێت:
عومرێكه به میزانی ئه‌ده‌ب توحفه‌فرۆشم
زۆرم گوت و كه‌س تێینه‌گه‌یی ئێسته خامۆشم
ئه‌و گوڵاڵه سووره‌ی له‌به‌هاراندا به‌سه‌ر پێده‌شت و هه‌رد و هه‌ڵه‌ت و دۆڵ و ده‌ره‌وه و قه‌دپاڵه‌كاندا نازده‌كات، ئه‌وه‌نده‌ی پێناچێ ده‌ژاكێت وسیسده‌بێت ده‌بێته پووش و په‌ڵاش، به‌ڵام له شیعری شاعیره‌كاندا هه‌ر گوڵاڵه‌یه و نازی خۆی ده‌كات و ده‌شنێته‌وه ئه‌وكاتانه‌ی شیعره‌كانیان ده‌خوێنینه‌وه گوڵاڵه سووره‌كه كتومت وه‌ك سروشتی جوانی خۆی دێته‌به‌رچاوت واده‌زانی هه‌ڕه‌تی به‌هاره و سه‌رنج له خه‌رمانی گوڵاڵه ده‌ده‌یت، ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ی كه ئێمه و باوباپیرانمان تێیداژیاوه و چووه گه‌لێك له پیاوانی گه‌وره و ناودار و زانا و قاره‌مانی په‌روه‌رده‌كردووه كه تاهه‌تایه ناویان وه‌كو ئه‌ستێره‌گه‌شه‌ی به‌ره‌به‌یان له ئاسمانی عیلم و زانست و هونه‌ر و شیعر و ئه‌ده‌بیاتدا ده‌دره‌وشێته‌وه.
شاعیری به‌ناوبانگی كورد نالی یه‌كێكه له‌م شاعیره به‌ناوبانگه‌ی كورد كه شیعره‌كانی وه‌كو ئاواز و بانگی بولبولی به‌ره‌به‌یان له باخچه‌ی شیعر و ئه‌ده‌بیاتدا ده‌نگده‌داته‌وه، خاوه‌ن ئه‌ندێشه‌یه‌كی فراوانبووه وه‌ك مامۆستا (نامی) به‌ڕه‌حمه‌تبێ له سه‌ره‌تای دیوانی مه‌وله‌ویدا فه‌رموویه‌تی: ((له كۆشی ئه‌م كورده‌وارییه‌ی ئیمه‌دا گه‌لێ ئه‌دیبی پایه‌به‌رز په‌روه‌رده‌بوون كه به‌گوێره‌ی سه‌رده‌م و رێوشوێنی خۆیان هیچیان له ئه‌دیبانی به‌ناوبانگی وڵاتانی‌تر كه‌مترنه‌بوو، به‌ڵام كه‌میان بۆیان هه‌ڵكه‌وتووه له‌گه‌ڵ مردنیایانا ناویان كوێرنه‌بیته‌وه و نیشانه‌یه‌كیان له‌پاش به‌جێبمێنی و هه‌والێكی كه‌موكورتیان بزانرێ)).
هه‌روه‌ك باسمانكرد ئه‌و بارودۆخه ئه‌ده‌بییه‌ی نالی تێداژیاوه، كاریتێكردووه و زیره‌كی و بلیمه‌تییه‌كه‌شی پالیپێوه‌ناوه هه‌رچی جوانكاری و وشه‌ئارایی هه‌یه به‌كاریبینی، له‌به‌رئه‌وه شیعره‌كانی بێجگه‌له قووڵی مه‌عنا و ناسكیی هێما، پڕیشن له (موحه‌سناتی به‌دیعی) جا له‌به‌رئه‌وه‌یه نالی بۆده‌رخستنی ئه‌و جوانییانه‌ی شیعره‌كانی رێبازی عیلمی ((بدیع))ی گرتووه، شوێنپێی ره‌وانبێژی به‌لاغه‌ی عه‌ره‌بی هه‌ڵگرتووه، نالی له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م ژیاوه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ژیانیكی سه‌ختی گوزه‌راندووه، به‌ڵام مرۆڤێكی به‌هره‌وه‌ر و به‌هره‌مه‌ندبووه، جگه‌له زمانی كوردی هه‌رسێ زمانه رۆژهه‌ڵاتییه ناسراوه‌كانی (عه‌ره‌بی و توركی و فارسی) زانیوه و شاره‌زایی و ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ زانست و زمان و ئه‌ده‌بیاتی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌واندا هه‌بووه، چونكه كوردستان یا سه‌ربه ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی یا ئیرانی بووه و زمانی ره‌سمی یان فارسی یا توركی بووه، بێجگه له‌وه‌ش كه زمانی عه‌ره‌بی زمانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بووه و كوردستانیش تێكڕا یه‌كێك بووه له‌و وڵاته ئیسلامییانه، سه‌ره‌ڕایی ئه‌وه‌ی كه نالی خۆیشی خوێنده‌وارێكی ئایینی و مه‌لایه‌كی موسولمان بووه، جابۆیه نالی ئه‌گه‌رچی شیعری به كوردی هۆنیوه‌ته‌وه له به‌شێكی زۆری شیعره‌كانیدا وشه‌ی عه‌ربی و فارسی به‌كارهێناوه و وشه‌ی زۆری عه‌ره‌بی و زاراوه‌ی زانیارییه ئایینیه‌كانی به‌كارهێناوه ئه‌مه‌ش هه‌مووی ئه‌و كاریگه‌رییه‌ن كه ئایینی ئیسلام له ناخی ده‌روونیدا كردوویه‌تی و له‌غه‌زلێكدا كه به‌بۆنه‌ی سه‌فه‌ری حه‌جی (نووری رووبادی) وتوویه‌تی ده‌رده‌كه‌وێ كه نالی خاوه‌نی رێبازی نه‌قشبه‌ندی و یه‌كێك بووه له موریده ناوداره‌كانی مه‌ولانا خالید وه‌ك چۆن له سه‌ره‌تای دیوانه‌كه‌یدا ده‌فه‌رموێ:
ئه‌ی جیلوه‌ده‌ری حوسن و جڵه‌وكێشی ته‌ماشـــا!
سه‌رڕشته‌یی دین بێ مه‌ده‌دی تــۆی نییه حاشا
به‌و ره‌حمه‌ته عامه‌ت كه ده‌كا سه‌نگی سییه‌ه زه‌ڕ
له‌م قولبه كه وه‌ك به‌رده، ره‌شه، (رش رشاشا)
ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی وشه‌كانی (دین، مه‌ده‌د، ره‌حمه‌ت) بكه‌ین له زاراوه‌كانی عیلمی (كه‌لامن)، هه‌روه‌ها ده‌ڵێ:
حه‌ڵاڵی بێ نیكاحی حووری عینم
به جووتێ نازیری شه‌رع و فه‌تاوا
یان ده‌ڵێ:
هه‌رچه‌نده گوناهی ده‌مه‌كه‌ت باره له‌سه‌ر لێو
حه‌ددی چییه (نالی) كه بڵێ ماچه كه‌فاره‌ت؟!
ئه‌گه‌ر سه‌رنجی وشه‌كانی (حه‌ڵاڵ و نیكاح و شه‌رع و فه‌تاوه و حه‌ددو كه فاره‌ت) بده‌ین له زاراوه‌كانی عیلمی فیقهن.
بێگومان نالی زۆر به ناسكیی و وشه‌ئاراییه‌وه وه‌سفی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی خۆی ده‌كا، نالی وه‌ك چه‌ندین نووسه‌ر و ئه‌وانه‌ی ده‌رباره‌ی نالی نووسیویانه باسیان لێوه‌كردووه وه‌ك خوالێخۆشبوو (ئه‌مین زه‌كی به‌گ و عه‌لائه‌ددین سه‌ججادی) كه ده‌ڵێن نالی له ته‌كیه‌ی قه‌ره‌داغ دۆستێكی هه‌بووه به‌ناوی (ئایشه) ئه‌م ئایشه‌یه تا ئاخروئۆخری سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م مابوو مامۆستا (شێخ نووری بابه عه‌لی) دیویه‌تی، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌دیوانه‌كه‌یا كه‌م و زۆر هیچ جۆره هێمایه‌ك بۆ ئه‌م ئایشه‌یه نییه، به‌ڵام نالی له چه‌ند لایه‌كی دیوانه‌كه‌یدا ناوی (حبیبه)ی هێناوه بۆیه بوونی دوو ئافره‌ت یا زیاتر له ژیانی هۆنه‌رێكدا به‌تایبه‌تی له هه‌ڕه‌تی لاوی‌دا شتێكی دوورنییه دڵی لاوێك تاسه‌ر به په‌ته‌وه ده‌كرێ و له‌نێو قه‌فه‌زی پۆڵاییندا یا هێلانه‌ی زێڕیندا توندده‌كرێ و سه‌ر به ده‌یان لاوه ده‌نێ، نالیش یه‌كێك بووه له هه‌موو خه‌ڵكی خودا، هه‌ندێجار نالی (حه‌بیبه)ی یا (مه‌حبووبه)ی به‌كارهێناوه هیچ كامیان ناوی راسته‌قینه‌ی یاره‌كه‌ی نین، چونكه له كۆمه‌ڵگایه‌كی وه‌ك ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی ئه‌و رۆژه‌ی كورده‌واریدا ئاساننه‌بووه بۆ مه‌لایه‌ك دڵی به ئافره‌تێكه‌وه بووبێ، ناوی ئه‌و ئافره‌ته بزڕێنێ بیخاته هۆنراوه‌ی خۆیه‌وه، نه‌خوازه‌ڵا ئه‌گه‌ر به‌ته‌مای خواستنیشی بووبێ بۆیه له‌چه‌ند دیریكدا نالی ده‌فه‌رمووی:
پێمده‌ڵێن (محبووبه ) خێل و قیچه، مه‌یلی شه‌ڕده‌كا
خێل و قیچه، یا ته‌رازووی نازی نه‌ختێ سه‌رده‌كا
هه‌روه‌ها له‌دێڕێكیتردا ده‌ڵێ:
ده‌ستم له گه‌ردنی خۆت هه‌ڵمه‌گره ئه‌ی (حه‌بیبه)
وابزانه خـــوێنی خۆمه، یا میننه‌تی ره‌قیبه
هه‌روه‌ها ه‌ڵی:
خاڵی نییه ره‌شماری دوو زوڵفت له به‌ڵایێ
حه‌ڵقه‌ی شه‌ڕییان به‌ستووه هه‌ریێكه له‌لاێی
عاشق دڵی نـــایێ له دڵارامی جـــودابێ
ئـــه‌ڵبه‌ت كه دڵارامیی لـــه‌وێ، دڵی نایێ
نالی و شیعری له رۆژئاوا:
ئه‌ده‌بی كوردی به‌گشتی، ئه‌ده‌بی تازه و ئه‌ده‌بی كورستانی خواروو به‌تایبه‌تی له‌لای رۆژهه‌ڵاتناسانی ئه‌وروپادا جێگه‌یه‌كی دیاریان نییه، له‌لایه‌ن نالی و شاعیره‌كانی ده‌وروبه‌ری ئه‌وه‌وه وێنه‌یه‌كی تایبه‌تی ده‌بینن، له‌وانه‌یه نالی له‌م لایه‌نه‌شه‌وه به‌خته‌وه‌رترین شاعیر بێت كه هیچ نه‌بێ به پیتی لاتینی له‌پێش هه‌موویاندا ناوینوسراوه، نالی هێشتا له‌ژیانا مابوو كه ناوی گه‌یشتووه‌ته ئه‌وروپا، كه ده‌ڵین ناوی مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه كه له‌ئه‌وروپادا باسی ئه‌ویان كردوه كه شاعیرێك له‌كورستانا بووه و ناوی نالی بووه، ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی كه نالییان ناسیوه لێره‌دا باسیانده‌كه‌ین: نالی په‌یوه‌ندییه‌كی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ سلێمان پاشای بابان و ئه‌حمه‌د پاشای كوڕیدا هه‌بووه، هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌ش بووه ئه‌حمه‌د پاشای بابان له ساڵی 1853دا له پاریس باسی نالی بۆ (خۆدزكۆ) شابه‌نده‌ری رووسیاكردووه واده‌گه‌یه‌نێ نالی له‌م سه‌رده‌مه‌دا له شام ژیاوه، چونكه قه‌سیده درێژه‌كه‌ی كه بۆ سالمی هاوڕێی گیانی به گیانی خۆی ناردووه تێكڕا پرسیاره له وه‌زعی سوله‌یمانی و پاش نه‌مانی ده‌وری بابانه‌كانه، له‌پاش زیاتر له نیوسه‌ده، كوردناسی ئینگلیزی (ئی. بی. سۆن) له ساڵی 1913دا نالی به شاعیری به‌ناوبانگی نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ه‌ی نۆزده‌م له‌قه‌ڵه‌مدا و له باسی كێش و قافیه‌ی شیعری كلاسیكی كوردی، هه‌ندێ به‌ڵگه له شیعری نالی دێنیته‌وه كه ئه‌مانه‌ن:
بۆ هه‌ركه‌سی مه‌بزووله ته‌ریقێكی ئه‌مـانه‌ت
هه‌ر عاشقی بێچاره له‌ڕێی خه‌وف و خه‌ته‌ر ما
دیده‌م هه‌موو شۆراوه به شۆراوی سریشكم
له‌م له‌وحه نیگارینه نه عـه‌ین و نه ئه‌سه‌ر ما
هه‌روه‌ها له ساڵی 1955 (تۆمابووا) به مانی فه‌ره‌نسی له‌وتارێكدا ناوی نالی ده‌بات.
هه‌روه‌ها له ساڵی 1956 (ڤاسیلی نیكیتین) هۆشیارانه له‌باره‌ی نالی ده‌ڵێ به‌به‌هره‌ترین شاعیرانی كوردی سه‌رده‌می تازه له‌ڕێزی پێشه‌وه ده‌بێ ناوی شاعیرانی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م ببه‌ین، ئه‌مانیش نالی و كوردی و سالم و حاجی قادری كۆیه.
له ساڵی 1963دا (جۆیس بلوو) له‌باره‌ی نالییه‌وه ده‌دوێ و ده‌ڵێ نالی ده‌رگای تازه‌ی له رووی ئه‌ده‌بی كوردیدا كرده‌وه .
نالی و مه‌به‌ستی شیعری:
ئه‌و مه‌به‌ستانه‌ی له شیعری نالی‌دا ره‌چاوكراون ئه‌مانه‌ن:
1. دڵداری كه به‌شی هه‌ره زۆری شیعره‌كانی له‌م جۆره‌یه
2. وه‌سف، به‌تایبه‌تی وه‌سفی به‌هار و دیمه‌نی سروشت و وه‌سفی حوجره شه‌قوشڕه‌كه‌ی و لێهاتوویی و بورده‌باری (كه‌ر)ه‌كه‌ی
3. نزا و پاڕانه‌وه له خوا
4. بیری وڵاتكردن: له‌قسیده‌كه‌یدا كه بۆ سالمی ناردووه
5. لاواندنه‌وه و پیاهه‌ڵدانی پاش مردن
6. مدح و پیاهه‌ڵدان
له‌كۆتاییدا ده‌ڵێین به بیبلۆگرافیای ئه‌و ئوتروحه و لێكۆڵینه‌وانه‌ی كه ده‌رباره‌ی هاملێت نوسراون بچۆره‌وه ده‌بینی دوو ئه‌وه‌نده‌ی قه‌باره‌ی رابه‌ری ته‌له‌فونی هه‌ر پایته‌ختێكی گه‌وره‌یه، هیچ دانیماركییه‌كی له خوێن و گۆشت نییه كه ئه‌وه‌نده‌ی هاملێتی له‌سه‌ر نووسرابی، له‌سه‌ر ئه‌م وته‌یه هه‌ر تاكێكی رۆشنبیر و خوێنده‌واری كورد قه‌رزارباری نالین به‌م هه‌موو جوانیئارایی و داهێنانه‌ی له ئه‌ده‌بیاتی كوردا شه‌وقیداوه‌ته‌وه تیشكی چاوه‌كانمان رۆشنده‌كاته كه‌چی ده‌ست و قه‌ڵه‌مه‌كانمان ئه‌وه‌نده سست و بیر و هزرمان دۆشداماوه.
•••
سه‌رچاوه‌كان
1. دیوانی نالی، لێكۆڵینه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی، مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس و فاتیح عه‌بدولكه‌ریم، چاپی دووه‌م، چاپخانه‌ی میللی ئێران، 1980.
2. به‌ركوتیك له خه‌رمانی شیعری سالم چه‌پكێك شیعری بڵاونه‌كراوه‌ی سالم پاشكۆیه‌كی دیوانی نالی، محه‌ممه‌د عه‌لی قه‌ره‌داغی، بڵاوكراوه‌ی ئاراز، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كتێبخانه‌ی گشتییه‌كان له هه‌ولێر ژماره 32ی ساڵی 2010ی دراوه‌تێ.
3. ده‌سته‌ودامانی نالی، مه‌سعود محه‌ممه‌د، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراز، هه‌ولێر، چاپی سێیه‌م،2010
4. پیره‌مێرد و پێداچوونه‌وه‌یه‌كی نوێی ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی، كۆكردنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌ی: ئومێدئاشنا، به‌رگی یه‌كه‌م، بڵاوكردنه‌وه‌كانی ئاراز، چاپی دووه‌م، 2009
5. له محازه‌ره‌كانی د. عادل گه‌رمیانی، زانكۆی كۆیه، 16/12/2008 كات 10:30 هۆلی (7)
6. دیوانی نالی و فه‌رهه‌نگی نالی لێكۆڵینه‌وه و ساغكردنه‌وه، د. مارف خه‌زنه‌ار، به غدا، دار الحریه، 1977، ل15
|
74525
جار خوێندراوه‌ته‌وه |
Wednesday, November 5, 2014
|
|
|