تێڕامانێك له ژیاننامه‌ی نالی حه‌بیب جاف
له مێژووی ئه‌ده‌بی كوردیدا مشتومڕێكی زۆر هه‌یه له‌سه‌ر ژیان و مێژووی له‌دایكبوون و مردنی شاعیره كلاسیكییه‌كان، هه‌میشه له‌لایه‌ن نووسه‌ر و مێژوونووسه‌كانی ئه‌ده‌به‌وه چه‌ند ساڵێكی جیاواز دانراوه بۆ مێژووی له‌دایكبوون و مردنی شاعیره‌كانمان، تائێستاش ئه‌و مێژووانه به‌ته‌واوی یه‌كلانه‌كراوه‌ته‌وه، پێده‌چێ نالی له‌هه‌موویان زیاتر مشتومڕی له‌سه‌ربێت به‌هۆی كۆچكردنی له كوردستان و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی و مردنی له ئه‌سته‌مبوڵا، ئه‌گه‌رچی تائێستا نالی زۆرترین قسه له‌سه‌ر ژیاننامه‌ی كراوه، به‌ڵام نه‌توانراوه مێژووی له‌دایكبوون و مردن و وێستگه‌كانی ژیانی دیاریبكرێت و گۆڕه‌كه‌شی بدۆزرێته‌وه، مامۆستا (عه‌لادین سه‌جادی) پێیوایه نالی له ساڵی (1797) له گوندی (خاكوخۆڵ) له‌دایكبووه و له ساڵی (1850) كۆچیدواییكردووه، به‌ڵام هه‌ریه‌ك له (محه‌ممه‌د ئه‌مین زه‌كی به‌گ و د. كه‌مال فوئاد و د. مارف خه‌زنه‌دار) پێیانوایه (نالی) له ساڵی (1800) له‌دایكبووه و له ساڵی (1856) كۆچیدواییكردووه، به‌پێی ئه‌و مێژووه‌ی مامۆستا (عه‌لادین سه‌جادی) دایناوه نالی (56) په‌نجا و شه‌ش ساڵا ژیاوه و به‌پێی مێژووه‌كه‌ی (محه‌ممه‌د ئه‌مین زه‌كی به‌گ و د. كه‌مال فوئاد و د. مارف خه‌زنه‌دار) نالی (58) په‌نجا و هه‌شت ساڵا ژیاوه.
مامۆستا (مه‌سعود محه‌ممه‌د) پێیوایه دیاریكردنی ئه‌م مێَژووه بۆ له‌دایكبوونی (نالی)و كۆچیدوایی (بایی فلسێك لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا نه‌كراوه)، به‌ڵام (ئه‌حمه‌د محه‌ممه‌د حه‌زراوی) له كتێبی (نزهه الفكر)دا له باسی نالی‌دا ده‌ڵێ: له ساڵی هه‌زار و دووسه‌د و هه‌شتا و( ئه‌وه‌نده - نیف، ده‌كاته ژماره‌یه‌ك له (1-9) هاتووه‌ته مه‌ككه‌وه كه ده‌كاته (1863-1872) هاتووه‌ته مه‌ككه‌وه و ده‌ڵێ: ئه‌م كه‌سه (مه‌به‌ستی نالییه) خاوه‌ن پله و پایه‌یه‌كی زانستی به‌رزبووه، پیرێكی سه‌نگینی كه‌نه‌فت بووه).
هه‌روه‌ها باوكی مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیه‌ش (حاجی مه‌لا عه‌بدوڵڵای جه‌لیزاده) وتوویه‌تی: له ساڵی (1288 (1871 –1872) نالیم له مه‌ككه بینیوه.
لێره‌وه ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و مێژوویه‌ی له‌لایه‌ن نووسه‌ر و مێژوونووسه‌كانی ئه‌ده‌بی كوردییه‌وه دانراوه بۆ ساڵی وه‌فاتی (نالی) هه‌ڵه‌یه، له‌مه‌شه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت هه‌روه‌ك چۆن مێژووی كۆچیدوایی نالی هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی تیاكراوه، به‌هه‌مانشێوه مێژووی له‌دایكبوونیشی به‌هه‌مانده‌رد برابێت، و نالیش ته‌مه‌نێكی درێژیكردووه كه چه‌ندین ساڵا پێَش ئه‌وه‌ی بڕواته ئه‌سته‌مبوڵا و له‌كاتی رۆشتنی بۆ مه‌دینه كه پیریه‌تی روویتێكردووه هه‌روه‌ك خۆی ده‌ڵێ:
ئه‌ی تازه جه‌وان! پیرم و ئــوفتاده و و كه‌وتووم
تا مـاوه حه‌یاتم
ده‌ستێ بده‌ره ده‌ستی شكسته‌م كه به‌سه‌رچووم
قوربانی وه‌فاتم
- سه‌باره‌ت به ژیاتی خێزانی نالی، هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك له‌به‌رده‌ستدا نییه نالی ژنی هێنابێت، ته‌نها ئه‌وه‌نده له‌شیعره‌كانیدا ده‌رده‌كه‌وێت حه‌زی له كچێك كردبێت له ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ و له‌شیعره‌كانیدا به (حه‌بیبه یان مه‌حبوبه) ناویهێناوه، هه‌ندێك له نووسه‌ران پێیانوایه ئه‌و كچه خه‌ڵكی گوندی (ته‌كیه)ی قه‌ره‌داغ بووه و ناوی (ئایشێ) بووه و كچی (شێخ جامی) بووه و به‌ڵگه‌شیان بۆ ئه‌م قسه‌یه شیعرێكی نالی خۆیه‌تی بۆ (حه‌بیبه – ئایشێ) وتووه له وه‌ڵامی ئه‌و كه‌سانه‌دا كه وتوویانه خێل و قیچه، نالی ده‌ڵێ:
پێم ده‌ڵێن: مه‌حبوبه خێل و قیچه مه‌یلی شه‌ڕده‌كا
خێل و قیچه یـان ته‌رازوی نازی نه‌ختێك سه‌رده‌كا
ده‌ڵێن ئه‌م شیعره‌ی بۆ (ئایشێی شێخ جامی) گوتووه كاتێك نالی فه‌قێ بووه له ته‌كیه، به‌ڵگه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه تائێستاش له نه‌وه‌ی (شێخ جامی) باوكی (ئایشی)دا تیلی و قیچی و خێلی وه‌ك نه‌خۆشییه‌كی ویراسی چاو ماوه‌توه و بگره له‌هه‌ندێكیاندا له‌وه‌ش خه‌ستره.
- ئه‌وه‌ش ده‌گوترێ نالی له ئه‌سته‌مبوڵا ژنێكی توركی هێناوه و دوای وه‌فاتی، ژنه‌كه‌ی هه‌موو كتێب و پاشماوه‌كانی نالی سوتاندووه.
- سه‌باره‌ت به شوێنی گۆڕی نالی له كتێبی (عوسمانلی موئه‌لیفله‌ری)ی (محه‌ممه‌د تاهیر بورسه‌لی) ده‌ڵێ: (له ساڵی 1290 كۆچی له حه‌جی شه‌ریف گه‌ڕایه‌وه، ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه له ئه‌سته‌مبوڵا مایه‌وه، به‌وپه‌ڕی رێز و شكۆدارییه‌وه زانا و شاعیرانی ئه‌سته‌مبوڵا روویانتێده‌كرد، پاش ماوه‌یه‌ك وه‌فاتیكرد و له گۆڕستانی (قاراجا ئه‌حمه‌د Karaka Ahmad) ته‌رمه‌كه‌ی به‌خاكسپێردرا.
- سه‌رده‌می نالی سه‌رده‌می ته‌ریقه‌ت و ته‌سه‌وف بووه له‌سلێمانیدا و هاوزه‌مانی سه‌رهه‌ڵدانی رێباز و ته‌ریقه‌تێكی نوێ بووه كه ته‌ریقه‌تی (نه‌قشبه‌ندی خالیدی)ه، كه بووه مایه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ململانێی تووند له‌نێوان نه‌قشبه‌ندی و قادری له‌سلێمانیدا كه به كۆچی یه‌كجاره‌كی (مه‌ولانا خالید) له سلێمانی ئه‌و كێشمه‌كێشه هێوربوویه‌وه، ئه‌گه‌رچی (نالی) له‌و سه‌رده‌مه‌دا ژیاوه، ته‌نانه‌ت شوێنی تایبه‌تی خۆی له خانه‌قه‌كه‌ی مه‌ولانادا بووه و له‌و تیره‌یه‌ی جافیش بووه كه (میكایلی)یه كه مه‌ولاناش سه‌ر به‌هه‌مان تیره‌یه، به‌ڵام نالی توخنی ته‌ریقه‌ت نه‌كه‌وتووه، ئه‌گه‌رچی كاریگه‌ری عیرفانی له‌سه‌ربووه، ئه‌وه‌ش وایكردووه نالی هه‌ر وه‌ك (حافزی شیرازی) پیری موغان بكات به مورشیدی خۆی وه‌ك ره‌ندێك بژی هه‌روه‌ك خۆی ده‌ڵێ:
به‌زمی ره‌ندانه ئه‌مه، مـــه‌لعه‌به‌یی وه‌عـز نییه
له به‌د و نێكیی و قــه‌للابییی دونیا نییـه باس
ئه‌مه جێی ره‌مز و ئیشاراتی ده‌روونه، له گه‌رووی
ته‌نگی پڕ غه‌رغه‌ره‌یی واعیزی غه‌ڕا نییه باس
نالی زۆر هێرشیكردووه‌ته سه‌ر سۆفی و زاهیده رواڵه‌تپه‌رسته‌كان، هه‌ر وه‌ك ده‌ڵێ:
وه‌ك سۆفیی سافیی مه‌به ئالۆده به دونیا
بێهوده موكه‌ده‌ر مه‌كه سه‌رچاوه‌یی مه‌شره‌ب
یان ده‌ڵێ:
نالی كه ویقاری نییه، بێباكه له خه‌لقیی
سۆفیی كه سلووكێكی هه‌یه عوجب و رییایه
یان ره‌ندانه وه‌ك حافز ده‌ڵێ:
ساقی وه‌ره ره‌نگین كه به په‌نجه له‌بی ئه‌قداح
بـه‌م راحه له‌سه‌ر راحه ده‌ڵێن راحه‌تی ئه‌رواح
به‌م كاسه له‌ســـه‌ر په‌نجه‌ده‌ڵێن نوری علی نور
ره‌خشانه له میشكاتی قه‌ده‌حدا وه‌كو میسباح
نالی داده‌نرێت به دامه‌زرێنه‌ری قوتابخانه‌ی شیعر به زمانی كوردی شێوه‌زاری باشوور، ئه‌گه‌رچی پێش نالیش كه‌سیتر به‌تایه‌بتی مه‌ولانا خالید شیعریان به‌م شێوه‌زاره وتووه وه‌ك له‌عه‌قیده‌كه‌یدا ده‌رده‌كه‌وێ، به‌ڵام هیچ كه‌سێكیتر وه‌ك نالی نه‌بووه به رێبازێك بۆ شیعری كوردی. ئه‌م ئه‌ركه‌ی كه نالی گرتیه‌ئه‌ستۆ كارێكی ئاسایی نه‌بوو به‌ڵكو ئه‌ركێك بووه پێیسپێردراوه و نالیش خۆی ته‌رخانكردووه بۆ لێكۆڵینه‌وه له هه‌موو دیالیكته كوردییه‌كان به‌مه‌به‌ستی دانانی زمانێكی ستاندارد و یه‌كگرتوو بۆ میرنشینی بابان، ئه‌گه‌ر ململانێ و كێشمه‌كێشی نێوان برا و مامۆ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی بابان نه‌بوایه ئومێدده‌كرا ببێت به ناوكی قه‌واره‌یه‌ك له‌ئایینده‌دا بۆ كورد و نالیش ئه‌ركی دانانی زمانی ستانده‌ری كوردی ئه‌و قه‌واره‌یه‌ی پێسپێردرابوو به هاندان و ته‌كلیفی ئه‌حمه‌د پاشای بابان و مه‌ولانا خالید. هه‌روه‌ك ئه‌لیكسانده‌ر خۆدزكۆ كه زمان‌زان و دیپلۆمات و رۆژهه‌ڵاتناسێكی ئه‌وروپییه له ساڵی (1853 – 1854) له پاریس به هاوكاری ئه‌حمه‌د پاشای بابان نووسینێك سه‌باره‌ت به فیلۆلۆژی زمانی كوردی (شێوه‌زاری سلێمانی) ده‌نووسێت.. پاشان له 1857دا بڵاویده‌كاته‌وه، كه خۆدزكۆ خۆی ده‌ڵی به‌شی زۆری رووداو و رێزمانی كتێبه‌كه له‌لایه‌ن ئه‌حمه‌د پاشاوه نووسراوه، پاشان خۆدزكۆ عه‌وداڵی كه‌سێكی زمانزانی كوردی ده‌بێت ئه‌حمه‌د پاشاش باسی نالی بۆده‌كات كه زمانزانێكی گه‌وره‌ی میلله‌تكه‌یه‌تی و پێیده‌ڵی ئێستا ئه‌و له شامه و خۆی ته‌رخانكردووه بۆ لێكۆڵینه‌وه له دیالیكته كوردییه‌كان.
لێره‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه نالی كه‌سێكی راسپێردراو بووه بۆ دانانی زمانێكی یه‌كگرتوو و ستاندار بۆ كورد، چونكه دوای ئاوابوونی میرنشینی بابانیش هه‌ر به‌رده‌وامبووه له راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كه‌ی، به‌ڵام به‌داخه‌وه هیچ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی نالیمان له‌سه‌ر زمانی كوردیمان تائێستا نه‌دۆزیوه‌ته‌وه، بۆیه پێویست به گه‌ڕان و پشكنینێكی زۆر ده‌كات له شام و ئه‌سته‌مبوڵا بۆ دۆزینه‌وه‌یان.
•••
سه‌رچاوه‌كان:
1. دیوانی نالی: لێكۆڵینه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس و فاتیح عه‌بدولكه‌ریم، ئینتیشارات كوردستان، چاپی سێهه‌م، سنه 1383.
2. چه‌ند لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی فیلۆلۆچی ده‌رباره‌ی زمانی كوردی (دیالیكتیكی سلێمانی) ئه‌لیكسه‌نده‌ر خۆدزكۆ، نه‌جاتی عه‌بدوڵڵا له فرانسییه‌وه كردوویه‌تی به كوردی، بنكه‌ی ژین، سلێمانی 2005.
3. نالی هه‌ر له لوتكه‌دایه، ئاماده‌كردنی م. عه‌لی، ده‌زگای چاپ و په‌خشی حه‌مدی، چاپی یه‌كه‌م سلێمانی 2009.
4. دیداری نالی، به‌رهه‌مه‌كانی دیداری نالی ساڵی 2011، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی رۆشنبیری و هونه‌ر له سلێمانی، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی 2011.
5. چه‌پكێك له گوڵزاری نالی، مه‌سعود محه‌ممه‌د، چاپخانه‌ی كۆڕی زانیاری كورد، چاپی یه‌كه‌م به‌غدا 1976.
6. مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی، عه‌لادین سه‌جادی، چاپی دووه‌م، به‌غدا 1971.
7. مناڤر اڵانشا‌و، تألیف محمود بن محمد الگیلانی، تقدیم و شرح اڵابیات العربیه بالفارسیه الملا خچر النالی الشهرزوری، چاپی یه‌كه‌م، بنكه‌ی ژین 2011.
8. نزهه الفكر، تألیف: احمد محمد الحچراوی الملكی الهاشمی، حققه محمد المصری، دمشق 1996.
|
34254
جار خوێندراوه‌ته‌وه |
Thursday, November 6, 2014
|
|
|